(دره‌و): بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی ده‌چێته ئه‌مریكا، نێچیرڤان بارزانیش به‌نیازی سه‌ردانی ئێرانه، هه‌ڵبژاردن ئاڕاسته‌ی پارتی و یه‌كێتیی له‌نێوان تاران و واشنتۆندا ده‌گۆڕێت. نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، بافڵ تاڵه‌بانی بە سەردانێکی رەسمی دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، له‌م سه‌ردانه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو لەناویاندا وەزارەتی دەرەوەو کۆنگرێسی ئەمریکاو ناوەندەکانی توێژینەوە ئەنجام دەدات. به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ واشنتۆن، بافڵ تاڵه‌بانی له به‌غداد له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی حزبی ته‌قه‌دومی سوننه‌كان كۆبووه، سودانی له راگه‌یه‌ندراوی دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ پرسی سازدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان نه‌كرد، به‌ڵام حه‌لبوسی رایگه‌یاند یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی یه‌كێتیی پرسی هه‌ڵبژاردن بووه. نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه، به‌مدواییه سه‌رۆك وه‌زیران و لایه‌نه شیعه‌كانی عێراقی قایل كردووه به دواخستنی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه بریاری 10ی حوزه‌یران به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێشوه‌خته پارتی له‌گه‌ڵ ئێران گفتوگۆی كردووه‌و بڕیاره بهمزوانهو هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ واشنتۆن، نێچیرڤان بارزانیش بگاته تاران. ئه‌گه‌ر سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ واشنتۆن بێئومێدبوون بێت له ئێران، سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی دوای چه‌ندین ساڵ بۆ تاران، كرانه‌وه‌یه‌كی نوێیه له په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و ئێران‌دا، واتا پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئاڕاسته‌ی پارتی و یه‌كێتیی له‌نێوان تاران و واشنتۆندا ده‌گۆڕێت. هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بوو له رۆژی 1ی ئۆكتۆبه‌ری 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن، خاڵی سه‌ره‌كی ناكۆكییه‌كانیش (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان بوو، ئه‌مه سه‌رۆكی هه‌رێمی ناچار كرد دواتر سێ مه‌رسومی تر بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ربكات، مه‌رسومی چواره‌می سه‌رۆكی هه‌رێم كه سازدانی هه‌ڵبژاردنه له 10ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ هێشتا به‌ركاره، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی ده‌یه‌وێت به مه‌رسومێكی نوێ هه‌ڵبژاردن دوابخات، به‌تایبه‌تیش كه پارتی له به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن كشاوه‌ته‌وه. یه‌كێتیی دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان نه‌گه‌یشته رێككه‌وتن، پرسی هه‌ڵبژاردنی برده به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دادگا له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای یه‌كێتیی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستانی گۆڕی، سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی له (یه‌ك بازنه)ییه‌وه كرد به (فره بازنه)و كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانیشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستانیشی دایه ده‌ست كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئه‌م بڕیاره پارتی نیگه‌ران كرد، ئاماده نییه به‌م هاوكێشه نوێیه بچێته هه‌ڵبژاردنه‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی كه بۆ جاری یه‌كه‌م له ساڵی 1992وه تائێستا یاسای هه‌ڵبژاردنی به‌وشێوه‌یه گۆڕیوه كه خۆی ده‌یه‌وێت، ئاماده نییه بچێته دانوستان له‌گه‌ڵ پارتی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی بڕیاریداوه هه‌ڵمه‌تێكی یاسایی و دیپلۆماسی رێكبخات بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن پارتییه‌وه، سه‌ردانی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ واشنتۆن، له‌چواچێوه‌ی هه‌وڵه دیپلۆماسییهكهدایه، بۆ هه‌وڵه یاساییهكهش هێشتا دیار نییه ئایا ئه‌مجاره‌ش یه‌كێتیی سكاڵای خۆی ده‌باته‌وه به‌رده‌م دادگای فیدراڵ یاخود نا. پارتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پێی وابوو ئێران له پشت بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌وه‌یه بۆ گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن به‌وشێوه‌ی كه یه‌كێتیی ده‌یه‌وێت، بۆیه له‌بری یه‌كێتیی، دانوستانی له‌گه‌ڵ تاران ده‌ستپێكرد، یه‌كێتیش كه گێمی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلاكرده‌وه، بۆ گێمی دووه‌م ده‌یه‌وێت رێگای واشنتۆن تاقی بكاته‌وه‌و په‌یامێكی ناڕه‌زایه‌تیش به تاران بدات. به‌گوێره‌ی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ده‌بێت رۆژی 10ی ئه‌م مانگه هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستپێبكات، به‌ر له‌م واده‌یه ده‌بێت نێچیرڤان بارزانی وه‌كو ئه‌وه‌ی پلانی بۆ داناوه، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دوابخات، چونكه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن تائێستا نه‌چووه‌ته ژێر باری دواخستنی هه‌ڵبژاردن و ئاماده‌كارییه‌كانی خۆی رانه‌گرتووه. سه‌رۆكی هه‌رێم به‌نیازه له‌م هه‌فته‌یه‌دا لایه‌نه سیاسییه‌كان بانگهێشتی كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكات بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نوسی هه‌ڵبژاردن، یه‌كێتیی و به‌شێك له‌لایه‌نه سیاسییه‌كانی تر ئاماده نین به‌شداری له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا بكه‌ن و پشتیوانی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌رببڕن. دواخستنی هه‌ڵبژاردن بۆ مانگی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ یاخود ساڵی داهاتوو، ئه‌و سوده‌ی بۆ پارتی ده‌بێت لانی كه‌م كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سه‌رپه‌ره‌شتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان نه‌كات، چونكه ئه‌م كۆمسیۆن له رۆژی 7ی ته‌موزی ئه‌مساڵدا واده‌ی یاسایی كۆتایی دێت و پێشبینی ناكرێت په‌رله‌مانی عێراق جارێكی تر بۆی درێژبكاته‌وه، به‌وپێیه‌ی عێراقیش ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌مدایه‌و لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی كه كوتله‌ی زۆرینه‌ی ناو په‌رله‌مانن، دیانه‌وێت له‌به‌ر رۆشنایی بڕیارێكی دادگای فیدراڵیدا سه‌رله‌نوێ و له‌سه‌ر شێوازه كۆنه‌كه‌ی پشك پشكینهی حزبی، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دروستبكه‌نه‌وه‌و له‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستا رازی نین كه دادوه‌ره‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، له‌سه‌رده‌می ئه‌م كۆمسیۆنه‌دا لایه‌نه‌كانی نزیك له ئێران له هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ری 2021دا روبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره بوونه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ره‌وته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌دردا. كۆمسیۆنی ئێستای عێراق دادوه‌رێكی سنوری پارێزگای سلێمانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، پارتی له رێكاره‌كانی ئه‌م كۆمسیۆنه بۆ هه‌ڵبژاردنی كوردستان رازی نییه، بۆیه پارتی ئه‌گه‌ر به دواخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌توانێت بڕیاره‌كانی دادگا سه‌باره‌ت به یاسای هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، لانی كه‌م ده‌توانێت كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، هه‌رچه‌نده تێبینییهكانی پارتی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان زیاتر له‌پرسی كۆمسیۆن و داوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كورسی "كۆتا" پێكهاته‌كانیش ده‌كات.
درەو: سەرچاوە: پێگەی الطاقة عێراق بەنیازە كێڵگەی غازی مەنسوریە لەپارێزگای دیالە پێشبخات, كە بەدووەم گەورترین كێڵگە غازییەكان دادەنرێت, لە دوای كێڵگەی عوكاز لە پارێزگای ئەنبار, یەدەگی كێڵگەی غازیی مەنسوریە بە نزیكەی (4.5) تریلیۆن پێی سێجای پێوانەیی مەزەندە دەكرێت, پێشبینی دەكرێت پێشخستنی ئەو كێڵگەیە, نزیكەی (1000) میگاوات كارەبا بەگەڕبخات. درەو: هەوڵەكانی پێشخستنی كێڵگەی غازی مەنسوریەی عێراقی بەردەوامە, بەهۆی بایەخی گەورەی و ئەو یەدەگە زەبەلاحەی هەیەتی, ئەوەش وایكردووە, بەغداد هیوای زۆری لەسەر هەڵچنێت, بۆ دابینكردنی وزەی پێویست بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا. هەنگاوەكانی پێشخستنی ئەو كێڵگە غازیە, روبەڕوی ئاستەنگی زۆر بووەوە, كە خۆی لە راگرتنی رێككەوتنی پێشخستنیدا بینیەوە لەگەڵ كۆمپانیای (سینوبك)ی چینی لە ساڵی (2023)دا, پێشتریش لەگەڵ هاوپەیمانی (3) كۆمپانیا بە سەرۆكایەتی كۆمپانیای (تەباو)ی توركی لەساڵی (2020)دا. وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئێستادا تاوتوێی پلانێك دەكات بۆ خستنەڕووی پێشخستنی كێڵگەی مەنسوریەی عێراقی زەبەلاح, لە گەڕی گرێبەستی رێپێدانێكی نوێ‌دا. هاتف سەهر میشعەل, ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: چاوەڕواندەكرێت گەڕی حەوتەمی رێپێدان دەستپێبكات, كە تایبەت دەبێت بە هەردوو كێڵگەی مەنسوریەو عوكاز, بەتایبەت بەهۆی بوونی چەندین كۆمپانیای نێودەوڵەتی لەهەردوو پارێزگای دیالەو ئەنبار. داتاكانی كێڵگەكە كێڵگەی مەنسوریەی غازی, دەكەوێتە پارێزگای دیالە, لەسەر روبەڕی زیاتر لە (140) كیلۆمەتر چوارگۆشە, درێژەكەی (20) كیلۆمەتر زیاترە, پانیەكەشی (4) كیلۆمەترە. یەدەگی كێڵگەی غازی مەنسوریەی عێراقی بە نزیكەی (4.5) تریلیۆن پێی سێجای پێوانەیی مەزەندە دەكرێت, بەدووەم گەورە كێڵگەی غازی دادەنرێت, لەدوای كێڵگەی عوكاز لە پارێزگای ئەنبارو, پێشبینی دەكرێت پێشخستنی غازی ئەو كێڵگەیە, نزیكەی (1000) میگاوات كارەبا بەگەڕبخات. كێڵگەكانی غازی مەنسوریە لەمانگی ئازاری (2023)دا, سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست ئاشكرایكرد, دەستكراوە بە ئامادەكردنی ژێرخان و رێوشوێنە ئەمنیەكان بۆ گەورەترین دووبیری كێڵگەی غازی مەنسوریە, كە دەگاتە قەزای عوزێم, لەباكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە, نزیك سنوری عێراق ئێران. كۆمپانیاكە فەرمانیكردووە بە تەواوكردنی پرۆژەكانی ژێرخان بۆ هەردوو بیری (خەشم ئەلئەحەمەرو ئەلجەمر), كە سەربە كێڵگەی غازی مەنسوریەن. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە: روپێوی مەیدانی بۆ هەردوو بیرەكە ئەنجامدراوە, لەڕێگەی لیژنەیەكی هاوبەش لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی دیالەو كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست, بۆ دانانی پلانی ئەمنیی و هونەری, وەك ئامادەكاریەك بۆ دەستكردن بەكاركردن تیایدا, لەلایەن كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانەوە. بیری (خەشم ئەلئەحمەر) یەدەگێكی بێشوماری غازی سروشتی كوالیتی بەرزی تیادایە, كە بە ناودارترین و دیارترین بیری غازی دادەنرێت, توانای كارپێكردنی وێستگەی مەنسوریەی غازی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی (700) مێگاوات كارەبا بۆ ماوەی زیاتر لە (100) ساڵ. پێشخستنی كێڵگەی غازیی مەنسوریە وەزارەتی نەوت لەبەیاننامەیەكی پێشویدا رایگەیاند: ئامانج لە پرۆژەی پێشخستنی كێڵگەی مەنسوریەی عێراقی, دابینركردنی پێداویستیە ناوخۆییەكانە لە غاز, بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ ئەو وێستگا كارەباییانەی بە غاز كاردەكەن و, كەمكردنەوەی هاوردەكردن و بەهێزكردنی داهاتە داراییەكان و چالاككردنی جوڵەی ئابوری لە پارێزگای دیالە. وەزارەتی نەوت راشیگەیاند: كێڵگەكە لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی رێپێدان لە ساڵی (2010) خراوەتەڕوو, كە هاوپەیمانی كۆمپانیاكانی (تەباوی توركی, كوەیت ئینەرجی, كۆكازی كۆری) گرێبەستەكەیان بەدەستهێنا, بەڵام پاشگەزبونەوە لە دەستكردن بە پرۆژەی پێشخستن, بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی كە پارێزگاكە بەخۆیەوە بینی لە ساڵی (2014)دا. وەزارەتی نەوتی عێراق, كێڵگەی غازی مەنسوریەی خستووەتە كێبڕكێوە, پاڵپشت بە بڕیاڕی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(270) بۆ ساڵی (2019) بۆ پێشختنی كێڵگەكە بە توانای نیشتمانی و بەشداری یەكێكە لە كۆمپانیا جیهانیەكان(51% بۆ كۆمپانیای نەوت ناوەڕاست و 49% بۆ كۆمپانیا بیانیەكە). لەسەر ئەو بنەمایە, وەزارەتی نەوت دەستیكردووە بە رێكخستنی گەڕی كێبڕكێ, بۆ پێشخستنی كێڵگەی غازی مەنسوریەو رێوشوێنە پێویستیەكان لەوباریەوە گیراوەتەبەر, هەنگاوەكانی دیاركردنی ژمارەیەك لەو كۆمپانیا جیهانیانە لەخۆ دەگرێت كە مەرجەكانیان تیادایە, لەگەڵ بانگهێشتكردنیان بۆ بەشداریكردن لە پێشسختنی كێڵگەكە, كە ژمارەیان (16) كۆمپانیا بووە, (9) كۆمپانیا خواستیان دەربڕیوە بۆ پێشخستنی كێڵگەكە, دیارترینیان (پترۆفاك, سینوبك, غازبرۆم, تۆتاڵ, بی بی ئێل ئاسیا, جیرا ئینەرجی گروپ). لە (20)نیسانی ساڵی (2020)دا, پرۆژەی پێشخستنی كێڵگەی غازی مەنسیوریە درا بە كۆمپانیای (سینوبك)ی چینی, كە كۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست خاوەنی رێژەی (51%)و (سینوبك) خاوەنی (49%)ی پرۆژەكە دەبێت, بە وەبەرهێنانی سەرەتایی (300) ملیۆن پێ سێجای رۆژانە وەك ئەوەی بڕیاری لێدراوە. عێراق لەمانگی تشرینی یەكەمی (2020) ئەو گرێبسەتەی هەڵوەشاندەوە كە لەگەڵ هاوپەیمانی (3) كۆمپانیاكە واژوی كردبوو, كە لەلایەن كۆمپانیای تەباوی توركیە سەرۆكایەتی دەكرا, بۆ پێشخستنی كێڵگەی غازی كۆمپانیاكەو, بڕیاریدا كۆمپانیا جیهانیەكان بانگهێشت بكات بۆ تەواوكردنی پرۆسەی پێشخستنی.
درەو: ڕاپۆرتی دەرەج میدیا نوسینی؛ سەڵاح حەسەن بابان لەسەر زەوی کەوتووەو بەهۆی ئازارە توند‌و قوڵەکانییەوە دەتلێتەوە، بە دەستێکی توند گەرووی خۆی دەگرێت و پێش ئەوەی دەستەکەی دیکەی بە توندی بکێشێت بە زەوییەکەدا، بە پەنجەکانی ئاماژە بۆ پەرداخە ئاوەکەی سەر مێزەکەی نزیکی دەکات و براکەشی بە خێرایی پێی دەدات. دوای خواردنەوەی چەند قومێک لە ئاوی پەرداخەکە، عوسمان محەمەدی تەمەن (42 ساڵ) بە زمانێکی تێکشکاو کە بە زەحمەت دەتوانی تێی بگەی وتی "وەک تێزاب بە قوڕگمدا چووە خوارەوە" ئەو پیشەی میکانیکی ئۆتۆمبێلەو تووشبووی شێرپەنجەیە، لە قەزای کەلار دەژی و ناوچەکەی پاڵاوگەی نەوتی سەرەتایی زۆری تێدایە. دوای ئەوەی هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت، دووبارەی دەکاتەوە، هەوڵدەدات ئەو وشانە بدرکێنێت؛ "چیتر هێزم نییە بەرەنگاری ببمەوە...تا نەمکوژێت جێم ناهێڵێت...هیچ دەربازبوونێکی نییە". لە نیوەی دووەمی ساڵی (2018)، بە شێوەیەکی لە ناکاو، گەرووی عوسمان توشی ئازارێکی نائاسایی دەبێت، دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، پزیشکەکان ناچاربوون ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببنەوە کە تووشی "شێرپەنجەی غودە"ی پلە دوو بووە. بەم شێوەیە ژیانی ئاسایی "وەستا عوسمان" کە وەستایەکی ناسراوی چاککەرەوەی ئۆتۆمبێلە لە کەلار، لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا هەڵگەڕایەوە، بە تەواوی توانای کارکردن لەدەست دەدات، بەردەوامی زنجیرە بێکۆتاکانی چارەسەریش، نەخۆشخانە جێگەی نیشتەجێبوونی ئەوە دەگرێتەوەو بە ئاستەم نەبێت ناتوانێ جێی بهێڵێت. پشکنینە وردەکان ئەوەیان دەرخستبوو کە (21) گرێی شێرپەنجەیی لە ملیدا دەرکەوتووە، ئەو سەرکەوتوو بووە لە لابردنی (19) گرێیان بە نەشتەرگەری ئاڵۆز و مانەوەی (2) گرێی شێرپەنجەیی بە قەبارەی (4-5 ملم) کە هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی جێهێشبوو، وەک پزیشکەکان پێیان وتووە. عوسمان لەدوای دەرکەوتنی نەخۆشییەکەیەوە "بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە" بەردەوام بووە لەو گەشتە دوور و درێژ و گرانبەهایەی چارەسەر لە سێ وڵاتی تورکیا، ئێران و هیندستان وەریگرتووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، هەست بە بێزاری و بێهیواییەکی گەورە دەکات، کاتێک لە هەر گەشتێکی چارەسەری دەگەڕێتەوە، دەبینێت هەوری دوکەڵ لە پاڵاوگەکانی نەوتەوە بەرز دەبێتەوە، کە هەندێک جار هەورەکان بە ژەهرەکانیان ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دادەپۆشن. دلێر دەرچووی زانکۆ و شۆفێری تەکسییە یاوەری کردین لە گەشتێکدا بۆ پاڵاوگەکانی نەوت لە ئیدارەی گەرمیان "شارچکەی کەلار" پێی وتین، لەم ناوچە هەشت کێڵگەی نەوت هەیە کە ژەهرەکانیان بەم ناوچەیەدا بڵاودەکەنەوە. بە دەنگێکی کەمێک بەرزترەوە، لەکاتێکدا پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەی دادەخست و ئاماژەی بە تارێکی دوکەڵی ڕەش کرد کە بە ئاسۆیی درێژ بووبوویەوە، "ئەمانە بە دوکەڵەکەیانەوە کە ئاسمان دادەپۆشێت، ئەوانەن کە دەمانکوژن، نەخۆشەکان چۆن شفایان بۆ دێت کە هەوری ژەهراوی دەوری دوان؟" کاتێک ئارەقەی نێوچەوانی دەسڕییەوە؛ وتی "ئێمە جگە لە زیان سودێکمان لێوەرنەگرتوون، تەنانەت زەوییە کشتوکاڵییەکانیشمان زیانیان پێگەیشتووە". عوسمان تاکە توشبووی خێزانەیان نیە، بەڵکو هەشتەمیانە! دوو لە براکانی بە هەمان شێوە توشبووی نەخۆشییەکەن یەکێکیان تەمەنی 43 ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 42 ساڵە، ئەمە جگە لە (7) کەسی دیکەی خێزانەکەیان کە پێکهاتوون لە منداڵی براو خوشک و کەسە نزیکەکانیان، کە هەموویان لە هەمان ژینگەی کوشندەدا دەژین، وەک خۆی باسی دەکات: "ئەگەر پشکنینی ورد ئەنجام بدرایە لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە، ڕادەی ئەو کارەساتەمان بۆ دەردەکەوت کە لەژێریدا تووشی دەبین، پاڵاوگە سەرەتاییەکانیش شەو و ڕۆژ ژەهرەکانیان بەبێ چارەسەرەێک دەخەنە نێو ژینگەوە". بەرزبوونەوەی خێرای تووشبوونی شێرپەنجە لە ساڵی 2019، کۆی گشتی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (7 هەزار و 831) حاڵەت، هەروەها لە ساڵی (2020) و کاتی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا ژمارەی توشبووان کەمکردووە بۆ (6 هەزار و 293) کەیسی تۆمارکراو، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی کوردستان، هاوکات دابەزینی ئاستی سەردانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانە و دامەزراوە پزیشکییەکان و کەمبوونەوەی جوڵەی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام. بەڵام تووشبووانی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتووانی بە (6 ملیۆن) کەس دەخەمڵێندرێت، لە ساڵی 2021 دا جارێکی تر بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە (8 هەزار) کەیس، لە ساڵی (2022)دا (9 هەزار و 61) حاڵەت و لە ساڵی (2023)دا جارێکی تر بەرزتربووتەوە بۆ (9 هەزار و 911) حاڵەتی نوێی تووشبووی دەستنیشانکراو. بەپێی و ئەو ئامارانە بێت، بەگوێرەی ستانداردەو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە هەر (100 هەزار) کەسێک (191) حاڵەتی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێن و بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر (100 هەزار) کەس (151) حاڵەتی شێرپەنجە دەستنیشان دەکراوە، بەڵام ساڵانە نزیکەی (10 هەزار) حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت و ڕێژەی زیادبوونی ساڵانەش لەگەڵ ڕێژەی دانیشتوان ناگونجێت ڕوو لە زیادبوونن، شارەزایان پێیان وایە، لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی نەخۆشخانەی تایبەتمەند و سەختی بەدەستهێنانی هەندێک چارەسەری پێویست، هەرێمەکە دەخاتە دۆخێکی سەختەوە. ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن لە ماوەی ساڵی (2012 تا 2023) (81 هەزار و 62) حاڵەتی تووشبوون دەستنیشانکراون. بەرپرسێکی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی کوردستان، دکتۆر چنار عەلی دەڵێت، تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لە پلەی یەکەمی تووشبووانی شێرپەنجە دێن لە هەرێم، دواتر شێرپەنجەی قۆڵۆن، پاشان سییەکان، پێست، گرێ لیمفاوی، پرۆستات، شێرپەنجەی خوێن، شێرپەنجەی مێشک، دەمار، غودەی دەرەقی و شێرپەنجەی دەم و پووک. ئەو ناوچانەی توشبوونی بە شێرپەنجەی تێدا چڕبووتەوە پزیشکان دووپاتی دەکەنەوە کە ئامارێکی سادەی ناوچەیی بۆ تووشبووان، نەخشەیەکی دابەشبوونی تووشبوونەکان لە کوردستان ئاشکرا دەکات، ئاماژەش دەبێت بۆ چڕبوونەوەیان لەو ناوچانەی کە بەدەست ڕێژەی بەرزی پیسبوونی ژینگەوە دەناڵێنن سەرچاوەکەشی بونی کێڵگە و پاڵاوگە نەوتییەکانن. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ڕاستییە، سەرەڕای سەختی دەستکەوتنی زانیاری ورد لەسەر کەسانی تووشبوو و لەسەر ئاستی ناوچەکان، نەبوون و دەستنکەوتنی بەڵگەنامەی پێویست لە دامەزراوە تەندروستییەکان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، نمونە (عەینە)یەکی هەڕەمەکیمان لەو کەسە تووشبووانە وەرگرت کە لە "نەخۆشخانەی هیوا" لە سلێمانی تۆمارکراون، کە گەورەترین سەنتەری تایبەتمەندە بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان. نمونەکە (50) کەسی تووشبوو بە نەخۆشییەکە، لە هەردوو ڕەگەز و لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە، کە (30) کەسیان لە ڕەگەزی نێرن، لەو ژمارەیەش (20) یان تەمەنیان لە خوار (45) ساڵەوە بووە و (10) کەسیان تەمەنیان لە سەرووی (45) ساڵەوە بووە، لەگەڵ (20) کەس لە ڕەگەزی مێ کە (10) کەسیان تەمەنیان لە خوار (40) ساڵەوە بووە و ئەوی دیکەیان تەمەنیان لە سەرووی (40) ساڵەوەیە. نمونەکە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک)ی لەخۆگرتبوو، ئەنجامەکانیش دەریانخستووە کە لەسەدا (96%)ی ئەو تووشبووانە بە شێرپەنجە، کێڵگە و پاڵاوگەی نەوت لەنزیک ناوچەو شوێنی نیشتەجێبوونیان هەیە، بە مەودای جیاوازدا. دۆخی تەندروستی ئەوان وەکو دۆخی وەستا عوسمانە، بەو پێیەی ئەویش ماڵەکەی لە ناوچەی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار نزیکی یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) بەپێی ئەم نمونەیەی وەرگیراوە، پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەکەمی پارێزگاکانی هەرێمدایە لە ژمارەی تووشبوون بەشێرپەنجە، دواتر هەولێر و پاشان دهۆک دێت. سەرچاوەیەکی دیکەی مەترسی جگە لە دەردانی گازی پاڵاوگەکانی نەوت کە لە دەرەوەی ستاندارد و ڕێنماییەکان کاردەکەن، پزیشکان و پسپۆڕانی ژینگە هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی دوکەڵ و دەردراوەکانی مۆلیدەی کارەبایی کە لەناو گەڕەکەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، کە سووتەمەنی گازوایلی (گاز) بەرهەمی ناوخۆیی بە تایبەتمەندی زۆر خراپ بەکاردەهێنن. یەکێک لە کرێکارانی بەرهەمهێنانی ئەم مادەیە، باس لەوە دەکات کە لە هەندێک پاڵاوگەی سەرەتاییدا بەرهەم دەهێنرێت، بە تێکەڵکردنی نەوتی ڕەش و رۆنی ئۆتۆمبێلی بەسەرچوو لەگەڵ تێزاب و پێکهاتەی تر، لە پێناو بەرهەمهێنانی بە نرخێکی کەم و خواست و لەسەری بەهۆی هەرزانی نرخەکەیەوە. ئەمەش کە ڕوودەدات جگە لەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکردنی مەرجەکانی پاراستنی ژینگەیی نیشان دەدات، لە کاتی بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئەو پاڵاوگانە و دەردانی دوکەڵی مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبای ناو گەڕەکەکان، سەرەڕای بێتوانایی دامودەزگاکانی حکومەت لە دابینکردنی کارەبای پێویست بۆهاوڵاتیان. سەرچاوەیەکی تری پیسبوون، ئەو جۆری بەنزینەیە کە ئەو پاڵاوگانە بەرهەمی دەهێنن، چونکە لە هەرێمی کورستان زیاتر لە (2 ملیۆن) ئۆتۆمبێل هەیە، زۆرینەیان سووتەمەنی کوالیتی خراپ بەکاردەهێنن کە مەترسی زۆری لەسەر تەندروستی هەیە. دکتۆر کاروان حەمە ساڵح شارەزای ئابوری، هەروو ماددەی بەنزین و گازوایل، کە بەکاردەبرێن بۆ کارپێکردنی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەی کارەبایی ، بێ کوالێتی و تایبەتمەندی خراپیان هەیە و بەبێ چاودێری بەرهەم دەهێنرێن، بێ گومان زیانێکی گەورە بە ژینگە و تەندروستی دەگەیەنن. ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، زیاتر لە 90%ی ئەو گازوایلەی کە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان بەکاردێت، لە پاڵاوگەکاندا بەرهەمدەهێنرێت بە تێکەڵکردنی نەوتی خاو لەگەڵ رۆنی ئۆتۆمبێل، هەروەها ئەو مادەیەی کە لە ناوخۆدا پێی دەوترێت "نەفتا"، پاشان تێزابی بۆ زیاد دەکرێت بۆ گۆڕینی ڕەنگەکەی لە قاوەیی بۆ زەرد، پاشان بەبازاڕکردنی. کارکردن بە پێچەوانەی یاساوە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا سەدان پاڵاوگەی نەوتی مامناوەند و بچووک لە هەرێمی کوردستان دامەزرێندراوە، ئەمە جگە لە پاڵاوگە گەورەکان، کە خاوەندارێتییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ حزب و کەسە دەسەڵاتدارەکانی ناو حیزب. لەگەڵ ئەوەی لە دە ساڵی ڕابردوودا پاڵاوگە بچوک و کەم بەرهەمەکان رویان لە پاشەکشەکردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە ژمارەیان زیاتر لە (200) پاڵاوگەیە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەرهەمیان هەیە، وەک ئەوەی پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەم ئاماژەی پێداوە. زۆربەی ئەو پاڵاوگانە بەبێ مۆڵەتی یاسایی کاردەکەن، بەڵام نەوت لە حکومەت دەکڕن و بەشێوەیەکی سەرەتایی پاڵاوتەی دەکەن، تەنانەت بەلایەنی کەمیشەوە پابەندنین بە کوالێتی و تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنان، مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی گشتی جێبەجێ ناکەن، نە لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە شوێنیان گونجاوە، نە لە ڕووی شێوازی کارکردنەوە. لە پارێزگای هەولێر ئەم پاڵاوگانە کەوتوونەتە ناوچەکانی قوشتەبە، گوێر، شەمامک. لە سلێمانی لە ناوچەی "تانجەڕۆ"ی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە بڵاوبووەتەوە. لە دهۆکیش لە ناوچەی "کاشێ" لە ڕۆژئاوای پارێزگاکەدا چڕبوونەتەوە. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم پاڵاوگانە و زیادبوونی ئەو پیسکەرانەی کە دەیخەنە ناو هەوا و ئەو لێگیراوە نەوتییە خراپانەی کە بەرهەمیدەهێنن، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە بۆ دوو هێندە زیادی کردووە، بەپێی زانیاری و ئاماری دامەزراوە پزیشکییەکان و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژینگە. مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی "ئایندە" بۆ پاراستنی ژینگە، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لەو پاڵاوگانە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی کاردەکەن، لە نێویشیدا یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 سەبارەت بە پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە کوردستان، کە بە پێی یاساکە هەر کۆمپانیایەک یان پرۆژەیەک کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، دەبێت قەرەبووی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکاتەوە، نیگەرانی خۆی بۆ ئەوە دەربڕی کە ئەمە نزیک لە ڕادەی تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە. سەرۆکی ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات لە یەکێک لەو گرفتانەی ئەم پیشەسازییە بەجێی هێشتووە بێ خەمییەتی لە ژینگە و تەندروستی گشتی، نمونەی شێوازی گواستنەوەی نەوتی بە تانکەر و بەشێوەیەکی تەقلیدی لەنێوان پارێزگا‌و شارە جیاوازەکان بەتایبەت لە چەمچەماڵ و دەربەندیخان هێنایەوە، هاوکات ئاماژەی ڕوداوێکی بە پێکدادان کرد کە لە سەرەتای مانگی نیساندا کە لە قەزای دوکان ڕوویدا، بووە هۆی تێکەڵبوونی نەوت بۆ نێو ئاوی دوکان کە سەرچاوەیەکی گەورەی ئاوی خواردنەوەیە، بەو هۆیەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لە زۆرێک لە ناوچەکانی پارێزگاکە ڕاگیرا. پیسکەرەکانی ئاو و هەوا لە کوردستان ماددەی پیسکەری زۆر لە ئاو، خاک یان هەوادا هەیە، ئەوەی دواییان بە تایبەتی بەڕادەیەکی زۆر ئۆکسیدی گۆگرد، نایترۆجین، کاربۆن و هایدرۆکاربۆنەکانی تێدا بڵاوبووتەوە، لە ئەنجامی ئەو پرۆسانەی پەیوەستن بە سووتانی سووتەمەنی لە پاڵاوگەکان، کێڵگە نەوتییەکان، یەکەکانی بەرهەمهێنانی وزە و کارگەکان کە پشت بە سووتاندنی سووتەمەنی دەبەستن، ئەمە بە وتەی پسپۆڕێکی زانستی ژینگە مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، دکتۆر عەبدولموتەلیب رەفعەت سەرحەد. جگە لە پیسکەرەکانی تر، وەک دوکەڵی سووتاندنی پاشماوەی ڕەق بە شێوازی سەرەتایی و دەردانی ئەو دوکەڵ و گازە ڕەهراویانەی بە هۆی بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل دەردەدرێنە هەوای ناوچەکەوە لە هەرێمی کوردستان. ئەو شارەزایە دەڵێت، "ئەم پیسکەرانە بەشدارن لە زیادکردنی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و هەندێک نەخۆشی دیکە". سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمە ساڵح، هەمان بابەتی پشتڕاستکردەوە دەڵیت، "پاڵاوگەکان و ئەو مادەیەی کە بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان لە ناو گەڕەکەکاندا بەکاردەهێنرێت "بە ڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە کاریگەری زۆریان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە، کە ڕێژەی شێرپەنجەی لەم ساڵانەی دواییدا دوو هێندە کردووە". عەلی حەمە ساڵح ڕوونی دەکاتەوە، بە پشتبەستن بە ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان کە بەدواداچونی بۆ کردووە: "لە ساڵی 2016دا ڕۆژانە 12 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە نەخۆشییەکە تۆمارکراوە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2022دا رۆژانە بۆ 41 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکە بەرزبووەتەوە"، پێشبینیش دەکات "بگاتە 100 حاڵەتی ڕۆژانە لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر سەرچاوەکانی پیسبوون بە چارەسەرنەکراوی بمێنەوە". ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێنجەم کاری پاڵاوگە نافەرمیەکانی نەوت بە "گەندەڵی گەورە" وەسف دەکات، کە لە ڕێگەی کارەکانیانەوە گازوایل بە کوالێتی و تایبەتمەندی خراپ بۆ مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا ئەو بەرهەمەی لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت و لە پاڵاوگە فەرمییەکانی "لاناز، بازیان و کەڵەک" بەرهەمدەهێنرێت بە قاچاخ ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم دەکرێت. عەلی حەمە ساڵح هۆشداری دەدات لە مەترسییە تەندروستییە گەورەکانی ئەو شێوازەی لە بەرهەمهێناندا پشتی پێدەبەسترێت "هەموو ڕۆژێک نزیکەی (5 ملیۆن) لیتر نەوتی سپی تێکەڵ بە پاشماوەی ڕۆنی ئۆتۆمبێل وهەندێک ماددەی دیکەی پترۆکیمیایی دەکرێت". لە ساڵی 2022 لەگەڵ زیادبوونی گازندەو گەیشتنی گلەیی هاوڵاتیان بە نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە، عەلی حەمە ساڵح کۆمەڵێک پسپۆڕی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تاقیگەیی لەسەر نمونەی ئەو بەرهەمانە و لە تاقیگە پێشکەوتووەکانی تورکیا. هەوڵەکەیان ئەنجامێکی "شۆکهێنەر"ی دەرخستووە ساڵح دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک شیاوی بەکارهێنان نەبوو"، بەکارهێنانیانی بەرهەمەکانی بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان هاوشێوەی "ژەهر خستنە ناو کۆئەندامی هەناسەدانی هاوڵاتیانی ناوچەکە"وە وەسف کرد. ڕشتنی پاشماوەکان بۆ نێو خاک دکتۆر عەبدولموتەلیب سەرحەت جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو کەرەستەو مادانەی دەخرێنە نێو خاکی کوردستانەوە ناوەندو سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەکان. ڕوونیشی دەکاتەوە:"ئەوە ڕوودەدات لەڕێگەی هەڵمژینی گازەکانی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، میسان، هایدرۆجین، کبریتەکان، ئۆکسیدی نایترۆجین، جگە لەو پێکهاتانەی لە نێو دوکەڵەکان بڵاودەبنەوە ڕوودەدات، کاتێک هاووڵاتیان هەڵیدەمژن". زیاتر لەوەش ئەو پسپۆڕە زانستییەی بواری ژینگە، دەڵێت؛ "بەشەکەی تر پەیوەندی بە بەروبووم و خاکی چێنراوەوە هەیە، بە تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوی سەرزەوی و ڕژانیان بۆ ناو ئاوی ژێر زەوی، بەمەش دەچنە ناو زنجیرە خۆراکیەکانەوە، کە هۆکاری هەڵکشانی زیاترە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکان". ئاماژە بەوەش دەکات، بەپێی یاسای عێراقی سووتاندنی غاز نزیکتر لە (6 میل) لە ناوچەی نیشتەجێبوون قەدەغە دەکات، "بەڵام زۆرینەی کێڵگەکان و پاڵاوگەکان پابەند نین بەو مەودایەوە، هەروەها شێواز و شێوازی زانستی لە فڕێدانی پاشماوەکانیاندا ناگرنەبەر، وەک ئەوەی هەیە دەڕژێتە ناو خاکەوە، لەنێویاندا کانزا قورسە ناسراوەکان هەیە کە دەبێنە هۆی شێرپەنجە، وەک جیوە و رەساس و زرنیخ کە لە پاشماوەی نەوتدا بە ڕێژەیەکی زۆر بوونیان هەیە". سەرحەت جەخت لەسەر مەترسییەکانی پێشێلکردنی مەرجە سەرەتاییەکانی دروستکردن و بونیادنانی پاڵاوگەکان دەکاتەوە، کە گرنگترینیان دوورکەوتنەوەیە لە ناوچەی دانیشتوان و دانەمەزراندنیانە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەمە جگە لە پابەندکردنیان بە کوالێتی و تایبەتمەندییە بەرزەکانی بەرهەمهێنانەوە. سەرحەت دەڵێت، ساڵانی ڕابردوو شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی گەردیلە ڕەق و زۆر وردەکانە PM2.5))، کاتێکیش ئەم گەردیلانە ئاستیان لە بەرگەهەوادا زیاد دەکات، مەترسییەکانیان زیاد دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پاڵاوگەکانی نەوت یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانیان: "ئەم تەنۆچکانەی لە بەرگەهەوادا دەردەکەون، دەچێنە ناو کۆئەندامی هەناسەدانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی هەستیاری و زۆرجار لە ڕێگەی کۆئەندامی هەناسەدانەوە دەچێنە ناو خوێنەوە، پاشان مەترسییەکانی زیاد دەکات و دەبنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن و کۆئەندامی هەناسەدان". قازانجی ملیار دۆلاری لە کوردستان چوار پاڵاوگەی فەرمی ھەیە، کە دوو پاڵاوگەی (کەڵەک و لاناز) لە نزیک شاری ھەولێرن، پاڵاوگەی (بازیان) یش دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە، پاڵاوگەی (تاوکێ)ش لە پارێزگای دھۆکە. سێ پاڵاوگەی یەکەم لەلایەن کۆمپانیاکانی حیزبەوە بەڕێوەدەبرێن و چوارەمیان لەلایەن کۆمپانیا (DNO)ی نەرویجی بەڕێوەی دەبات. سەرۆکی پێشوی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (2014 - 2018) و ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2018 - 2021)، دکتۆرغالب محەمەد، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پاڵاوگە فەرمییەکان بەنزین و گازوایل بە تایبەتمەندی و کوالێتی بەرز بەرهەم دەهێنن، بەڵام بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەکرێت. لە کاتێکدا بەرهەمی کوالیتی باش هەناردە دەکرێت، کوالیتی خراپی لە کوردستان دەفرۆشرێت بۆ ئەوەی خاوەن پاڵاوگەکان "قازانجی گەورە" بەدەستبهنن، بە گوتەی دکتۆر غالب قازانجی ساڵانەی پاڵاوگە نافەرمیەکان بە زیاتر لە ملیارێک دۆلار دەخەمڵێنرێت و داهاتەکەی "دەچێتە گیرفانی بەرپرسان و بڕیار بەدەستانەوە". ناوبراو دووبارە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە پسپۆڕان ئاماژەی پێدەدەن، کە ئەم پاڵاوگانە "ماددەی شێرپەنجەیی و قەدەغەکراو بەرهەم دەهێنن، و ئەوان بەرپرسن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان". غالب محەمەد پرۆسەکە بە گەورەترین "مەترسی و زیان" بۆ ژیانی هاووڵاتییان وەسف دەکات، کە ئەویش فڕێدانی پاشماوەی پاڵاوگەکانە بۆ ناو خاک یان ڕووبارەکان، وەک ڕووباری سیروان کە یەکێکە لە لقەکانی ڕووباری دیجلە، کە ئاوەکەی دەڕژێتە نێو بەنداوی دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، و (75%)ی یەدەگی ئاوی بەنداوەکە مسۆگەر دەکات، هەروەها سەرچاوەی ئاودانی ڕووبەری زیاتر لە (200 هەزار) کم2 زەوی کشتوکاڵییە. هەروەها ئاوی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کە بەدەست ماددە پیسکەرانەوە دەناڵێنن، سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەن بۆ هاووڵاتیان لە دەڤەرەکانی سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگاکە. بە پێچەوانەی یاساوە روو لە زیادبوون دەکەن حەسەن کۆبانی تەمەن (40 ساڵ) کە لە ناوچەی ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێیە و یەکێکە لەو نەخۆشانەی کە تووشی شێرپەنجەی ڕژێنەکان (غودە) بوو، ئەو پیسکەرانەی کە پاڵاوگەکانی نەوت لە ناوچەکەی ئەوان بەجێیان هێشتووە، هۆکاری تووشبوونی خۆی و هەندێک لە خزمەکانییەتی بە نەخۆشییەکە. ئامارەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان ئاماژەن بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبوون لەو شوێنە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە. کۆبانی لە نێو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە، پێش ئەوەی خانەنشین ببێت بەهۆی ئەوەی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2014 لەگەڵ چەکدارانی داعش لە "کۆبانی" لە باکوری سوریا بەهۆی موشەکێکەوە بە سەختی بریندار بوو، بەوەش یەکەم یەکەی سەربازی پێشمەرگە بوو کە چووبوونە ناوچەکە بۆ یارمەتیدانی دانیشتووانەکەی دژی ئەو ڕێکخراوە شەڕیان کرد، هەر لەوێشەوە حەسەن نازناوی "کۆبانی" وەردەگرێت. ئەم برینە کۆبانی ئیفلیج کرد لەئەنجامی بەرکەوتنی (12) پارچە بە ئەندامە جیاوازەکانی لەشیدا، بەڵام ئازارەکانی قوڵتر بوونەوە کاتێک لە ساڵی 2021 تووشبوون بە شێرپەنجەشی هاتەسەر، بە هەمان ئەو نەخۆشییەی کە پێشتر یەکێک لە براکانیشی تووشی بوو بوو. لە کۆی زیاتر لە (200) پاڵاوگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کە بە شێوەیەکی نافەرمی کاردەکەن، وەک عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای دەکات "نزیکەی 100 پاڵاوگەی نەوتیان لە هەولێرە، ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە لە کۆی (30) پاڵاوگەی نەوت، تەنها (3) لەوانە ڕەزامەندی وەزارەتی ژینگەیان هەیە، ئەوانی دیکە تایبەتمەندی و مەرجە پێویستەکانیان تێدا نییە". بەڵام ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاری هەولێر، کە نەیویست ناوی بهێنرێت، دەڵێت؛ لە ساڵی 2015دا ژمارەی پاڵاوگەی نافەرمی لە هەولێر نزیکەی (106) پاڵاوگە بووە، هەروەها لە ماوەی (6) ساڵی ڕابردوودا بۆ نزیکەی (140) پاڵاوگە زیادی کردووە، زۆرینەی ئەو پاڵاوگەنەی زیادیان کردووە دەکەونە دەرەوەی شارەکان، لەسەر ئەو ڕێگایانەی هەولێر بە قەزای گوێرو هەولێر بە پارێزگای دهۆکەوە دەبەستێتەوە. ئەم پاڵاوگانە پێداویستی سوتەمەنی (2 هەزار و 200) مۆلیدەی کارەبایی دابین دەکەن لە سەرانسەری گەڕەکە نیشتەجێبووەکانی پارێزگای هەولێر. بەپێی ئەو ئامارەی کە نووسەری لێکۆڵینەوەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلیەکانی هەولێر، قارمان مەولود دەستی کەوتووە لە سلێمانی ژمارەی مۆلیدەی کارەبایی (2 هەزار) مۆلیدە تێدەپەڕێنێت و بەکاربەری سەرەکی بەرهەمەکانی پاڵاوگە ناوخۆییەکان. پارێزگاکە ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی (3 ملیۆن و 300 هەزار) لیتر گازویلە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی لە کارگە و کارخانەو دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی تر، سەرەڕای پێویستی (2 ملیۆن و 200 هەزار) لیتر بەنزین. سەبارەت بە پارێزگای دهۆک، (44) پاڵاوگە و کۆگای نەوت و سووتەمەنی هەیە، کە بەپێی وتەی عومەر گوڵپی (36) یان مۆڵەتیان نییە و لە ناوچەی (کاشی) هەڵکەوتوون و زۆرینەیان لە دەرەوەی ئەو ڕێنماییانە کاردەکەن کە بۆ پارێزگاری لە سەلامەتی دانیشتوان و پاراستنی ژینگە دانراوە. سەرچاوەیەکی حکومی له دهۆک دووپاتی دەکاتەوە، بەشێک لەو پاڵاوگە سەرەتاییانە، دوای سکاڵای دووبارەی دانیشتوان، له کۆتایی ساڵی 2022 کاریان ڕاگرت و نەوتی خاویان لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە لە پێ نادرێت. بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی ئەم پاڵاوگانە دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە و دوای هەر وەستانێکیش دووبارە دەست بە کارکردن دەکەنەوە. کۆی گشتی مۆلیدەکانی کارەبا لە پارێزگای دهۆک نزیکەی (5 هەزار) مۆلیدەیە، بە سەرجەم مۆلیدەی دامەزراوە مەدەنی و حکومییەکانیشەوە، لەنێویاندا (2 هەزار و 100) مۆلیدەی لە ناو گەڕەکی شاردا کاردەکەن، بە گوتەی هەرکار هروری - نوێنەری کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای دهۆک. پارێزگاری دهۆک ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی (2 ملیۆن و 200 هەزار) لیتر گازوایلە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی کارپێکردنی کارگە و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی دیکە، هەروەها (ملیۆنێک و 800 هەزار) لیتر بەنزین بۆ دابینکردنی پێداویستی ئۆتۆمبێل و پێداویستییە جۆربەجۆرەکانی دیکە. سەرەڕای سکاڵای بەردەوام لەسەر خراپی کوالێتی سووتەمەنی بەکارهێنراو لە هەرێمی کوردستان و مەترسییە تەندروستییەکانی، بە گوتەی پسپۆڕان، پاڵاوگەکان لە بەرهەمهێنان کوالێتی خرپی گاز و بەنزین بەردەوامن، دوور لە هەر لێپرسینەوەیەک، لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە پەرلەمانتاری پێشوو عەلی حەمە ساڵح ناوی دەبات بە "گەندەڵی بەربڵاو"، کە ڕێکارەکانی پشکنینی مادە بەرهەمهاتووەکان لە تاقیگە پەیوەندیدارەکاندا ئەوە دەیسەلمێنن "کە لەگەڵ مەرجەکانی سەلامەتیدا ناگونجێن". بە حیسابکردنی بڕی گازویلی بەکارهێنراو بۆ کارپێکردنی ئەو مۆلیدانەی تەنها لەناو گەڕەکەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیاندا دانراون، دەکاتە نزیکەی (6 هەزار و 300) مۆلیدە، کە لە وەرزی زستان و هاویندا زیاتر لە (12) کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کاردەکەن، واتە بڕی پێوست لە بەرهەمی ئەم پاڵاوگانە لە سووتەمەنی خراپ کە دەبنە سەرچاوەی پیسبوونی هەوا و خاک رۆژانە (11 ملیۆن) لیتر تێدەپەڕێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ئەو مۆلیدانە، جگە لە پێداویستی کارگە و هەندێک دامەزراوەی تر، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی (5 ملیۆن) لیتر بەنزین بەکاردەهێنرێت، کە زۆربەیان لەلایەن پاڵاوگە سەرەتاییەکانەوە بەرهەمدەهێنرێن و بەرهەمەکەیان بەپێی تایبەتمەندییە پێویستەکان کۆنتڕۆڵ نەکراوە. شارەزای کاروباری نەوت و وزە، بەهجەت ئەحمەد، هۆکاری خراپی کوالێتی بەنزینی بەرهەم هێنراو و بەکارهێنراو لە هەرێمدا دیاری دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە تەنها چوار پاڵاوگە لە کوردستان خاوەنی ئامێر و یەکەی پێویستن بۆ گۆڕینی "نەفتا" کە بەرهەمی سەرەکییە لە دوای فلتەرکردنی نەوتی خاو، بۆ بەنزین بە جۆری کوالیتی جیاواز، لە نۆرماڵەوە بۆ موحەسەن یان سوپەر. ئەو دەڵێت، "تەواوی پاڵاوگەکانی هەرێم یەکەو ئامێری پێویستیان نییە، بۆیە بازرگانان "نەفتا" لە پاڵاوگە بچووکەکان دەکڕن و لەگەڵ ئەو کەرەستانەی دیکە کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن و تێکەڵی دەکەن، کوالیتی ئەو سووتەمەنیەی کە بەرهەم دەهێنرێت، بەندە بە بەکاربدردنی ڕێژەی سەدی کەرەستەی باشتر، بۆیە تێکەڵکردنی (25%)ی "باشترکەرەکان" لەگەڵ "نەفتا"، بەنزینی نۆرماڵ بەرهەمدەهێنرێت، و کوالیتی زیاد دەکات لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەکە، بەڵام ئەوە بە واتای بەرزکردنەوەی تێچووی نرخی یەک لیترە، بۆیە بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی بەرهەمەکە کوالیتی خراپە". (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) کە ژمارەی ئۆتۆمبێل و بڕی پێویستی سوتەمەنی رۆژانەیان لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان ڕووندەکاتەوە. خشتەی ژمارە (2) بڕیارەکانی داخستن و جێبەجێنەکردنیان لەگەڵ ئەو کارەساتە ژینگەییانەی کە دروستی دەکات، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرێک لە بڕیارەکانی حکومەت بۆ داخستنی پاڵاوگە نافەرمیەکانی کوردستان دەرکراون، بەڵام بە کردەوە تەنها تا ڕادەیەکی سنووردار جێبەجێکراون، بە وتەی بەرپرسانی حکومەت، بەرپرسە حزبییەکان لە پشت ئەو پاڵاوگانەوەن داهاتی مانگانەی بەرهەمی هەندێکیان دەگاتە ملیۆنان دۆلار. ڕۆژی 15ی ئەیلولی 2015، وەزیری سامانە سروشتییەکان لەکابینەی هەشتەمی حکومەتی کوردستان (2014 - 2019)، ئاشتی هەورامی، بڕیاری داخستنی زیاتر لە (160) پاڵاوگەی بێ مۆڵەتی دەرکرد کە دوور لە مەرج و مەرجی سەلامەتی پێویست کاریان دەکرد. (بڕوانە بەڵگەنامەی یەکەم) ڕۆژی 16/10/2018، کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ لە کابینەی پشووی حکومەتی هەرێم، ئاگادارکردنەوەیەکی ئاراستەی یەکێک لە پاڵاوگە نەوتییەکان شاری دهۆک کرد، بۆ ئەوەی پاڵاوگەکە دابخەن و پاشماوەکانی لە ماوەی (60) ڕۆژدا لاببەن. بەپێچەوانەوە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەبەرمبەری دەگیرێتە بەر. بەڵام ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاری دهۆک کەێی باش بوو ناوی نەهێنرێت، دووپاتی کردەوە کە زۆرینەی پاڵاوگە نافەرمییەکان تەنانەت دوای ئەو ئاگادارکردنەوەکانیش بەردەوام بوونە. (بڕوانە بەڵگەنامەی دووەم) لە ساڵی 2018 ئەنجومەنی نەوت و غازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نافەرمی و بێ مۆڵەتەکانی دەرکرد، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا. ڕۆژی 24ی ئازاری 2019، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم دووبارە هەوڵیدا، لە نوسراوی ژمارە (5436)دا، بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نافەرمیەکان جێبەجێبکات، بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکرێت بە پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی هاوبەش لە چەند لایەنێکەوە ، کە پێکهاتووە لە نزیکەی 50 ئەفسەر و کارمەند لە هەر پارێزگایەکی هەرێم. بەڵام بەم هەوڵەش نەیتوانی پاڵاوگەکان دابخەت، وەک ئەندامانی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەیان پێداوە. جگە لە نوسراوی پێشوو، بەڵگەنامەیەک بە بەرواری 18/6/2019 و واژۆی کەریم سنجاری وەزیری پێشووی ناوخۆی لەسەرە، بڕیاری تەرخانکردنی بڕی (200 ملیۆن) دیناری عێراقی دراوە بۆ بەدواداچوون بۆ پرۆسەی لابردنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان، هەروەها بە پێکهێنانی لیژنەی باڵا و لیژنەی لاوەکی لە هەر پارێزگایەکدا. (بڕوانە بەڵگەنامەی سێیەم) بەڵام بەرپرسێکی پلە باڵای وەزارەتی ناوخۆ، کە بەهۆی هەستیاری کارەکەیەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەکرد، کارەکانی ئەو لیژنەیەی کە پێشتر ئاماژەی پێکراوە "بەهۆی دەستوەردانی حزبییەوە، ڕۆشنایی نەبینیوە، و شکستی هێنا، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لابردنی پاڵاوگە نافەرمیەکان". نوسراوێکی فەرمی جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ پشتڕاست دەکاتەوە. کاتێک نوسراوێکی لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکەیان بەرز کردووەتەوە، لە 18/6/2019، داوای ناردنی نوسراوێک بۆ پارێزگاری سلێمانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دەکەن کە لە 21/11/2018 دەرچووە. بۆ لابردنی پاڵاوگە نافەرمیەکان کە دەکەونە ناوچەی "تانجەرۆ" بەهۆی ئەو زیانانەی کە دەیکەنە سەر ژینگە، لەسەر بنەمای ئەوەش سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایەکی ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بەڵام پارێزگار لە 3/7/2019 وەڵام دەداتەوە کە نەتوانراوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت چونکە ئەو بودجەیەی بۆی تەرخانکراوە بە بڕی (200 ملیۆن) دینار نەگەیشتووە بە پارێزگای سلێمانی. (بڕوانە بەڵگەنامەی چوارەم) دوای ئەوەی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی نەیتوانی سەرکەتووبێت لە لابردنی پاڵاوگە نافەرمیەکان، لیژنەی وزەی ئەنجومەنی پارێزگا داوایەکی تری ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەن دەکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بکات، بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بودجەیەی تەرخانکراوە بۆ لابردنی پاڵاوگەکان، بەهۆی ئەو زیانانەی کە دەیگەیەننە ژینگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان". (بڕوانە بەڵگەنامەی پێنجەم) دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نوسراوێکدا کە لە 19/2/2020 دەرچووە، ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کردووە، تا ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەی وەزارەتەکە بۆ لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان. بەڵام بە وتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێگای سلێمانی، هیچ ڕێوشوێنێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە هەموو ئەو داواکاریانە نەگیراوەتەبەر. (بڕوانە بەڵگەنامەی شەشەم) بەهێزتر لە حکومەت سەرەڕای بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەت بۆ لابردنی پاڵاوگە نایاساییەکان چونکە بەرهەمەکانیان هەڕەشەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ و زیان بە ژینگە دەگەیەنێت و چارەسەرکردنیش ئەستەمە، ئەو دەسەڵاتدارانەی کە ئەم پاڵاوگانە بەڕێوەدەبەن سەرکەوتوو بوون لە پەکخستنی هەموو بڕیارەکانی حکومەت، و سەلماندوویانە کە ئەوان بەهێزترن لە بڕیارەکان لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان. هەر لەم بارەیەوە، کەریم عەلی ئەندامی پێشووی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت؛ مانگێک بەسە بۆ لابردنی هەموو ئەو پاڵاوگانە، "بەڵام لایەنە دەسەڵاتدارەکان بە ئەنقەست ئەو بابەتە پشتگوێ دەخەن"، حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێییەکان بەرپرسیارن لەو زیانانەی کە بە ژینگە و ژیانی گشتی دەگات. لەسەرەتای ساڵی 2021 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (3)ی سەبارەت بە هەناردەکردن و عەمبارکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی دەرکرد. بەپێی یاساکە بڕیار بوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی کوردستان ڕێنمایی تایبەت دەربکات بۆ جێبەجێکردنی، بەمەش کۆتایی بە دیاردەی کارکردنی پاڵاوگە نافەرمیەکان دەهات. بەڵام وەزارەت هیچ ڕێوشوێنێکی ڕاستەقینەی سەبارەت بەم بابەتە نەگرتەبەر. عومەر گوڵپی، لەم باریەوە دەڵێت؛ "زۆربەی پاڵاوگەکان بە پرسانی سیاسی لە پشتیانەوەن، هەر ئەمەشە ڕێگری دەکات لەوەی دابخرێن، لەکاتێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێدەنگە لە بەرامبەر پێشێلکارییە یاساییەکانیان". هەندێک لە خاوەن پاڵاوگەکان توێژەی پەیوەندی پێوەکردوون، پێیان وایە لە کاتێکدا هەرێم بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، ئەوان بە دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ هەزاران کەس پاساو بۆ بەردەوامیی کارەکانیان دەهێننەوە، هەروەها، "بەرهەمەکانیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێن بەراورد بە نرخە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش قەرەبووی هاوردەکردن و زیانی دەیان ملیۆن دۆلار دەگێڕنەوە". شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پێشووی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دان بەوەدا دەنێت کە دانەخستنی ئەو پاڵاوگانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە "سەر بە لایەنە سیاسییەکانن، و ئەمەش پاڵپشتی بەردەوامی کارەکانیان دەکات، سەرەڕای ئەو پێشێلکاریانەی کە تۆمارکراون دژی ئەوان". زیاتر لەوەش شێرکۆ جەودەت دەڵێت:"دامەزراوە فەرمییەکان ئاماژە بوونی (214) پاڵاوگەی بێ مۆڵەت دەکەن کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سکاڵای زۆرمان لەسەر کارەکانیان پێگەیشتووە کە لێکۆڵینەوەکان مەترسییە تەندروستییەکانیان پشتڕاست دەکەنوە، ئەمەمان گەیاندووە باڵاترین دەسەڵاتی هەرێم، بەڵام بێ ئەنجام بووە". فشارەکانی زیادبوونی توشبووان شێرپەنجە کەڵەکەبوونی زیادبوونی پیسبوونی ژینگە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان، کە کێشە ژینگەییەکانی گەورەتر کردووە لە ئەنجامی دابەزینی ڕێژەی بارانبارین لە ماوەی ساڵانی 2020 - 2023، ئەمە جگە لە دۆخی "کورتهێنانی دارایی" کە لە ساڵی 2014ەوە بەرۆکی هەرێمی گرتووە، کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی کەرتی تەندروستی هەبووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دەرمان و دابینکردنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانە گشتی و حکومییەکان، لەنێویشیاندا چارەسەرەکانی شێرپەنجە. نوێنەرانی پێشووی لیژنە جیاوازەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، پسپۆڕانی تەندروستی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، دکتۆر یاد نەقشبەندی، هۆشداری دەدەن کە پاڵاوگەکان بەم دۆخەی ئێستایان "مەترسییەکی جددی" بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دروست دەکەن، هەروەها "لە ساڵانی داهاتوودا مەترسییەکە لەگەڵ کەڵەکەبوونی پیسکەرەکانی ژینگە زیاتر دەبێت". نەخۆشخانەی هیوا بۆ نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان لە ساڵی (2022)دا زیاتر لە (3 هەزار) حاڵەتی شێرپەنجەی تۆمارکردووە، لە ساڵی (2023) شدا ڕۆژانە زیاتر لە (10) حاڵەتی نوێی تۆمارکردووە. وەک بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە (دکتۆر یاد نەقشبەندی) ڕێژەی تووشبووان لەنێو خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دەگاتە 80% و ئەو ڕێژەیەی کە دەمێنێتەوە بۆ هاوڵاتیانی باقی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە بە گشتییە، بەو پێیەی ڕۆژانە نزیکەی (800) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن. ئەو دەڵێت؛"بۆ هەندێک نەخۆشی، تێچووی چارەسەرکردن دەگاتە نزیکەی (6 هەزار) دۆلار لە مانگێکدا، کە بەخۆڕایی دابین دەکرێت و ئەمەش هۆکارێکی گەورەی فشار پێکدەهێنێت بۆ دابینکردنی زیادبوونی پێداویستییە داراییەکان لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی ژمارەی تووشبوونەکان". بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی "هیوا" ڕەخنە لە دروستنەکردنی سەنتەرێک بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە لە کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "ئەگەر بارودۆخەکان وەک ئێستا بەردەوام بن و ڕێژەی تووشبوون بەرزببێتەوە، پێشبینی دەکەین دوای 10 ساڵ ڕێژەی تووشبوون بگاتە قۆناغێک کە هەموو بودجەی ساڵانەی کوردستان نەتوانێت پێداویستییەکانی نەخۆشەکان دابین بکات". لە پاڵ نەخۆشخانەی هیوا، سەنتەری “ئاوات” بۆ چارەسەری تیشکی تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری هەولێر دامەزرا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خێرای بەرزبوونەوەی تووشبوون لەو شارەدا، لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوان، ژمارەی ئەو کەسانەی تۆماردەکرێن لە سەنتەرەکەدا گەیشتە نزیکەی (هەزار و 500) نەخۆش لە ساڵی 2022. بەپێی تۆماری نەخۆشخانەکە نزیکەی (170) نەخۆش ڕۆژانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە ساڵی 2023 سەردانیان کردووە. بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، دکتۆر بێستۆن سەفێ ئەلدین ئاشکرای دەکات، لە ساڵی 2015دا، لە سەرتاسەری پارێزگای هەولێر تەنها (هەزار و 300) تووشبووی شێرپەنجەیان تۆمارکردووە، بەڵام ژمارەکە لە ساڵی 2021دا گەیشتووەتە (2 هەزار و 800) تووشبووی نوێ. ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2022 زیاتر لە (23 هەزار) حاڵەتی شێرپەنجە لە شارەکەدا تۆمارکراوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پیسبوونی ژینگە کە لە ئەنجامی کارەکانی پاڵاوگەکانی نەوتەوە دێتە ئاراوە، یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون. بێ بیمە و هیچ مەرجێکی سەلامەتی نووسەری لێکۆڵینەوەکە سەردانی سێ پاڵاوگەی سلێمانی و سێ پاڵاوگەی هەولێر و یەکێکی لە دهۆک کردووە، بۆ ئەوەی بزانێت چۆن کاردەکەن و تا چەند لەگەڵ ستاندارددا دەگونجێن، بەڵام سەرجەم کارگێڕ و کرێکارەکانیان ئامادە نەبوون قسە بکەن. کرێکاران پاساویان بۆ ڕەتکردنەوەی قسەکردن دەهێنایەوە بە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هۆشداریی دەرکردنیان پێدراوە، ئەگەر زانیاری‌یان سەبارەت بە سروشتی کارەکانیان، داهاتەکانیان، تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکانیان و ئەو لایەنانەی کە بەرهەمەکەیان بۆ دەخرێتە بازاڕەوە، پێشکەش بکەن. فەرمانبەرێکی ئیداری کە لە یەکێک لەو پاڵاوگانە کاردەکات - بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت لە ترسی لەدەستدانی کارەکەی – دەڵێت کە مافی ئەوەیان نییە هیچ بڵێن، چونکە خۆیان و پسپۆڕانی تەندروستی و ژینگە دەزانن کە کارەکانیان لە دەرەوەی یاسا و بەبێ پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی لەگەڵ ئاوابوونی خۆر و هاتنی شەو، کە بە باشترین کات دادەنرێت بۆ دەردانی "ژەهر"ی بەرهەمەکانیان بۆ نێو هەوا و خاک. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دوای چەندین پەیوەندی ئەوەی درکاند، ئەو پاڵاوگانە سەرەڕای مەترسییە تەندروستییەکان لە بەرهەمەکانیان، هەروەها سەرەتاییترین مەرجی سەلامەتییان لە شوێنی کارەکانیان نییە، کرێکارەکانیان بیمەی تەندروستیان ییە سەرەڕای ئەوەی بە ئەگەری زۆرەوە لە شوێنی کارەکانیان بریندار دەبن. خاوەن ئەم پاڵاوگانە هەندێک جار گرێبەستی دامەزراندن لەگەڵ کرێکاران واژۆ دەکەن کە بەڵێننامەیەک لەخۆدەگرێت ئەگەر لە کاتی کارکردنیاندا تووشی هەر زیانێک یان نەخۆشییەک ببن بەرپرسیار نابن و ئەمەش بووەتە هۆی زەوتکردنی مافی ڕەوای دەیان کرێکار، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا 10 کرێکار لە ناوچەی "کاشی" لە باکوری دهۆک گیانیان لەدەستدا. سەرچاوەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە بەهۆی هەستیاری پێگەکەیەوە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەو پرسە قسە بکات، ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی کرێکارانی هەر پاڵاوگەیەک لەنێوان (6 – 20) کرێکاردایە، هەروەها کۆی ژمارەی کرێکارانی سەرجەم پاڵاوگەکان نزیکەی (2 هەزار و 550) کەسە، و مووچەی کرێکارانی ناوخۆیی دەگاتە (600 – 700) دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا مووچەی ئەندازیارانی تایبەتمەند لە پاڵاوگەکان و بەرهەمهێنانی وەرگیراوەکانی نەوت کە زۆربەیان تورکی و ئێرانین، لە نێوان (5 هەزار) بۆ (20 هەزار) دۆلاری ئەمریکیدایە. # لێکۆڵینەوەکە بە سەرپەرشتی تۆڕی NIRIJ لە چوارچێوەی پڕۆژەی (قریب) کە لەلایەن CFI پاڵپشتی دەکرێت ئەنجامدراوە
(دره‌و): مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌ستكردنی داهاته نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ستوه‌ته‌وه به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ مانگانه به‌ته‌واوه‌تی موچه‌ی هه‌رێم بنێریت. مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی 24ی مانگی رابردوو ئیمزای له‌سه‌ر بڕیارێك كردووه كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ راده‌ستكردنی داهاته نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم به حكومه‌تی فیدراڵ ده‌ریكردووه. ئه‌م نوسراوه كه ژماره (250)ی لێدراوه، تێیدا پاڵپشت به حوكمه‌كانی مادده‌ی (هه‌شته‌م) له یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ژماره (3)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو هه‌روه‌ها له‌به‌ر رۆشنایی حوكمی مادده‌كانی (12/دووه‌م/د)و (21/ دووه‌م) له یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025)و حوكمه‌كانی مادده‌ی (29)ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ ژماره (6)ی 2019ی هه‌مواركراو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 24ی نیسانی 2024دا به‌كۆی ده‌نگ بڕیاریداوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی: • پشكی گه‌نجینه‌ی فیدراڵ له‌و داهاته نانه‌وتییه فیدراڵییانه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستهاتوون، له ژماره حسابی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ژماره (70018) له لقی بانكی فیدراڵی دابنرێت، له تێكڕای ئه‌و داهاته نانه‌وتییانه‌ی كه به‌گوێره‌ی یاسا‌و رێنماییه داراییه‌كان و سیسته‌می ژمێریاری به‌ركار، وه‌كو داهاتی كۆتایی بۆ گه‌نجینه تۆماركراون. • راسپاردنی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان به گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست بۆ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ خه‌رجكردنی ته‌رخانكراوی هه‌رێم له بودجه‌ی به‌كارخستن و سه‌رمایه‌گوزاری ئه‌مه له‌پاڵ ته‌رخانكراوی موچه وه‌كو ئه‌وه‌ی له خشته هاوپێچه‌كانی یاسای بودجه‌دا هاتووه. • له رێكه‌وتی ده‌ستپیكردنی خه‌رجكردنی ته‌واوه‌تی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵه‌وه، ده‌بێت سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ بكه‌ن.
درەو: لە راگەیەندراوێكدا كۆمپانیای دانەغاز دەڵێت: ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە، ئاستی بەرهەمێنان لە كێڵگەی كۆرمۆر گەیشتووەتەوە سەرو ئاستی 500 ملیۆن پێ سێجا. رۆژی هەینی رابردوو 27ی نیسان، بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز راگیرا‌و بە هۆی هێرشەكەوە چوار كەس گیانیان لەدەستدا و دووانی دیكەش بریندار بوون كە هاووڵاتی یەمەنی بوون. لە راگەیەندراوەكەی دانەغازدا ئاماژە بەوەكراوە دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی كۆرمۆر هاوكاتە لەگەڵ پابەندییەكانی هەردوو حكومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ئاساییش و سەلامەتی كێڵگەكە، دانەغاز جەختی كردووەتەوە، پابەندە بە پاراستنی ئەوپەڕی سەلامەتیی كرێكارانی كە لە كڵگەكەدا كار دەكەن.
درەو: 🔻 بەپێی ئامارەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛ 🔹 زۆرتر لە (309 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 398 هەزار) بەرمیل. 🔹 کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا نزیکەی (24 ملیار و 870 ملیۆن) دۆلار بووە. 🔹 بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە سەروو (80) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (83) دۆلار بووە. 🔹 لەو بڕە نەوتەی عێراق هەناردەی کردووە نزیکەی (99%)ی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، (1%)ی لە هەناردەی کێڵگەی گەیارە بووەو بەشێکیشی لە کەرکوکەوە بە تانکەر هەناردەی ئوردن کراوە. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتە و چارتەکانی (1 و 2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕی (309 ملیۆن و 212 هەزار و 787) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیاکەوە فرۆشتووە، ئەو بڕەش (304 ملیۆن و 888 هەزار و 647) بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بووەو بڕی (ملیۆنێک و 361 هەزار و 885) بەرمیلی هی کێڵگەکانی باکور بووەو بە تانکەر هەناردەی ئوردن (2 ملیۆن و 962 هەزار و 255) بەرمیلی هەناردەی کێڵگەی گەیارە بووە. بە گشتی و بە تێکڕای ڕۆژانە (3 ملیۆن و 398 هەزار و 723) بەرمیل نەوت فرۆشراوە، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (82.4) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. بەم پێیەش بەپێی لێکدانەوەکان، کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵ بریتی بووە لە بڕی (24 ملیار و 869 ملیۆن و 902 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2024 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2024) بڕی (103 ملیۆن و 508 هەزار و 439) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 338 هەزار و 982) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (77.54) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (80.12) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.58) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 25 ملیۆن و 616 هەزار) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2024 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2024)دا، بڕی (99 ملیۆن و 592 هەزار و 311) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 434 هەزار و 218) بەرمیل. ئەگەر چی وەزارەتی نەوتی عێراق وردەکاری زۆرتری بڵاو نەکردووەتەوە بۆ مانگی شوبات، بەڵام لەسەر ئەوە بنەمایەی لە مانگی (کانونی دووەم)دا، بەرمیلێک نەوتی بە کەمتر لە (2.58) دۆلار لە نرخی برێنت فرۆشتووە، کەواتە بەپێی ئەم گریمانەیە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە مانگی شوباتدا (83.48) دۆلار بووە و عێراقیش بەرمیلێک نەوتی بە (80.88) فرۆشتبێت، ئەوا کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق مانگی شوباتدا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 55 ملیۆن و 26 هەزار) دۆلار. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2024 پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2024)دا، بڕی (106 ملیۆن و 112 هەزار و 38) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 422 هەزار و 969) بەرمیل. هاوشێوەی مانگی شوبات، لە مانگی ئازاریشدا وەزارەتی نەوتی عێراق وردەکاری زۆرتری بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام هەر لەسەر ئەوە بنەمایەی لە مانگی (کانونی دووەم)دا، بەرمیلێک نەوتی بە کەمتر لە (2.58) دۆلار لە نرخی برێنت فرۆشتووە، کەواتە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە مانگی ئازاردا (85.41) دۆلار بووە و عێراقیش بەرمیلێک نەوتی بە (82.83) فرۆشتبێت، ئەوا کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق مانگی ئازاردا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 789 ملیۆن و 260 هەزار) دۆلار. سەرچاوەکان ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2024، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - جمهورية العراق - وزارة النفط، اعلنت وزارة النفط عن مجموع الصادرات والايرادات المتحققة لشهر كانون الثاني الماضي، 2/2/2024؛ https://oil.gov.iq/?article=1926 - جمهورية العراق - وزارة النفط، اعلنت وزارة النفط عن مجموع الصادرات النفطية المتحققة لشهر شباط الماضي، 28/3/2024؛ https://oil.gov.iq/?article=2010 - جمهورية العراق - وزارة النفط، اعلنت وزارة النفط عن مجموع الصادرات النفطية المتحققة لشهر آذار الماضي، 29/4/2024؛ https://oil.gov.iq/?article=2055 - Europe Brent Spot Price FOB 2024, at; https://shorturl.at/klBHR
درەو: هەفتەی داهاتوو بەر لە وادەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتی دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەیە. دوای سەردانەكەی بۆ بەغداد و وەرگرتنی رای لایەنە سیاسی و حكومییەكانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانیدەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی هەیە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام رێواز فایەق سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنی نیە، بەڵكو دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی ئەودایە. واتا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت بیانوویەكی هەبێت بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن: • حكومەتی عێراق داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكات كارەكانی كۆمسیۆن رابگرێت تا هەموو لایەنەكانی هەرێم بەشدار دەبن، هەروەك دوێنی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كۆبووەوەو رایگەیاند: "هەڵبژاردنی كوردستان دەبێت تەوافوقی سیاسی لەسەر بێت و هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە تێیدا بەشدار بن"، كۆمسیۆنیش داوا لە سەرۆكایەتی هەرێم بكات وادەیەكی نوێ دیاری بكات. • سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بیانووی پاراستنی ئاساییشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان سازانی لایەنەكان، وادەیەكی نوێ دیاری بكات بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. • بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنی نیە، تەنیا دەسەڵاتی دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی هەیە، بۆیە دەبێت بیانوویەكی یاسایی هەبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. بە پێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنەكان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی هەیە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە بڕگەی (دووەم) لە مادەی (دەیەم) رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەكات و لەو بڕگەیەدا هاتووە: "لە حاڵێكدا پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكە كۆتایی هاتبێ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەماوەی (15) رۆژدا فەرمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەردەچوێنێ". تا ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار مەرسومی تری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەركردووە، بەبێ ئەوەی پرۆسەكە دوابخات، واتا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم تەنیا دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنە: • مەرسوومی یەكەم لە 24/2/2022 دەركراوەو رۆژی 1/10/2022 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان . • مەرسوومی دووەم لە 26/3/2023 دەركراوەو رۆژی 18/11/2023 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان. • مەرسوومی سێیەم لە 3/8/2023 دەركراوەو رۆژی 25/2/2024 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان • مەرسوومی چوارەم لە 3/3/2024 دەركراوەو رۆژی 10/6/2024 دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان • مەرسومی پێنجەم ؟ بەپێی ئەو مەرسومانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەریكردوون، تەنیا رۆژی هەڵبژاردنی دیاریكردووەو ئاماژەی بە دواخستن نەركردووە. دواین مەرسومی نێچیرڤان بارزانی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە كە لە رۆژی 3/3/2024 بووە: "پاڵپشت بە بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (دەیەم) لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەمواركراو، رۆژی 10-6-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرا، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی كاری پێویست بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە، كە هەر ئەمڕۆ لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت".
درەو: 🔹 پلە باڵاکان، سەرەڕای دەسەڵاتی فراوان، خاوەنی ئیمتیازاتی تایبەتن بەراورد بە کارمەندانی دیکەی دەوڵەت لەڕووی؛ مووچە، نەسریە، شوێنی نیشتەجێبوون، پاراستن و پاسەوان، ئۆتۆمبێل، گەشت، هاندان و پاداشت و گەلێک ئیمتیازاتی تر. 🔹 ژمارەی پلە باڵاکان لە فەرمانگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (6 هەزار و 309) کەسن، بەجۆرێک (786) بە پلەی (ا) و (5 هەزار و 523) کەسیشیان پلەی (ب)یان هەیە. موچەی هەریەکەیان (4 – 12 ملیۆن) دیناری مانگانەیە. 🔹 (24%) پلە باڵاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن کە (329)یان پلەی (ا) و (هەزار و 161) یان پلەی (ب)یان هەیە. دەروازە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، بۆشایییەکی گەورە لە پێگەو پایەی "پلە باڵاکان"ی سیستمی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا دروست بوو، ئەمەش دەرگای بۆ حکومەت کردەوە بە تەزکیەی حزبە دەسەڵاتدارەکان لەسەر بنەمای مەحسوبیەت و مەیلداری بۆ حیزبەکان، کادرێکی زۆری خۆیان بە پلەی باڵا بخزێننە نێو دامەزراوە گشتییەکانی دەوڵەت، لە ساڵی 2003 وە دامەزراندنی کەسانی "پلە باڵا" لە دامەزراوە حکومی و گشتییەکانی عێراق پەیوەستە بە لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە، هەمیشە کەیس و فایلی پلە باڵاکان یەکێک بووە لە پرسە مشتومڕاوییەکانی سەردەمی پێکهێنانی هەریەک لە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان، بە تایبەت لە عێراق، بەردەوام یەکێک بووە لە خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنە سیاسییەکان و جێگەی گفتوگۆ بووە. ئەوانەی پلەی باڵایان هەیە، دەسەڵاتی بەرفراوانیان هەیە بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەسەڵاتی گەورەیان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوانەی کە بۆ بەڕێوەبردنیان دیاریکراون، هەروەها ئیمتیازاتی تایبەتیان هەیە بەراورد بە کارمەندانی دیکەی دەوڵەت لەڕووی؛ مووچە، نەسریە، شوێنی نیشتەجێبوون، پاراستن و پاسەوان، ئۆتۆمبێل، گەشت، هاندان و پاداشت و هەندێک ئیمتیازاتی تر. زۆربەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەڵێنیانداوە کە کۆتایی بە پرسی پلە باڵاکان بهێنن بە هەڵوەشاندنەوەی پشکی سیاسی و تائیفی بۆ ئەو پۆستانە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە چارەسەرکردن و هەڵبژاردنی پلە باڵاکان لەسەر بنەمای تەکنۆکراتی و هەندێجار پسۆڕی و سیفەتەکانی دەستپاکی و لێهاتوویی، کە بوون بە بارێکی گەورەوە بەسەر بودجەی گشتی دەوڵەتەوە، چارەسەرکردنیشی هەنگاوێکی گرنگە لە نەهێشتنی گەندەڵی و بیرۆکراسی و پەرەپێدانی دامودەزگا کارگێڕییەکانی دەوڵەت. پلە باڵاکان لە عێراق بۆ دوو پۆل دابەشدەبن، پۆلی یەکەمیان بریتین لە پلە باڵاکانی (ا)، کە هەڵگری پلە باڵای تایبەتن ئەوانیش پێکدێن لە (بریکاری وەزیر و هاوشێوەکانیان، باڵیۆزەکان، ڕاوێژکار، پارێزگار، هەندێک لە سەرکردە باڵا ئەمنییەکان، سەرۆکی زانکۆکان، هەندێک سەرۆکی دەزگاو دەستەکانی نەبەستراو بە وەزارەت. پۆلی دووەم بریتین لە پلە باڵاکان (ب)، کە ئەوانیش (بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ئەوانەی لەو پایەیەدان، ڕاگری کۆلێژەکان، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان...). ژمارەی پلە باڵاکان و شێوازی دابەشبوونیان موچەی پلە باڵاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پرسێکی ئاڵۆزەو ناداپەروەرییەکی قوڵی لە نێو توێژی موچەخۆراندا خوڵقاندووە، بەجۆرێک کەمترین موچەی پلە باڵایەک لە (4 ملیۆن) دینارەوە دەستپێدەکات و بەرزدەبێتەوە بۆ (8 ملیۆن) دینار و بۆ هەندێکیشیان دەگاتە (12 ملیۆن) دیناری مانگانە. ژمارەی پلە باڵاکان لە فەرمانگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان (6 هەزار و 309) کەسن، بەجۆرێک (786) بە پلەی (ا) و (5 هەزار و 523) کەسیشیان پلەی (ب)یان هەیە، وەک لە خشتەی (1)دا هاتووە؛ خشتەی (1) ( 2 هەزار و 294) پلە باڵا بە ڕێژەی (36.4%)ی پلە باڵاکان لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا کاردەکەن لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) وەک لە خشتەی ژمارە (2) رونکراوەتەوە. خشتەی ژمارە (2) وەک لە خشتەی (2)دا رونکراوەتەوە کە دەسەڵاتی دادوەری زۆرترین ژمارەی پلە باڵا (ا)ی لەخۆ گرتووە، کە ژمارەیان گەیشتووە بە (37) کەس. لە کاتێکدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە بوونی (28) پلە باڵا (ا) بە پلەی دووەم دێت، دەسەڵاتی یاسادانانیش تەنها (19) کەسی تێدایە بە پلە باڵای (ا). لەسەر ئاستی پلە باڵای (ب) دەسەڵاتی داوەری بێ ئەندازە پلە باڵای تێدایەو ژمارەیان گەیشتووە بە (2 هەزار و 137) کەس، ئەمەش جیاوازییەکەی گەورەی دەسەڵاتی دادوەری نیشان دەدات بەراورد بە دەسەڵاتەکانی دیکە لە ڕووی بوونی پلە پاڵاکان. چارتی ژمارە (1 و 2) شێواز و ڕێژەی دابەشبونی پلە باڵاکانی (ا و ب) ڕوندەکاتەوە. لە کاتێکدا پلە باڵاکان لەسەر ئاستی ناوەند (حکومەتی ئیتحادی)، هەرێمی کوردستان و پارێزگا ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێمێک، بەم شێوەیە دابەشبوون، (74%)ی لە نێو دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی ئیتحادی و (3%)یان لە پارێزگا ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێم و (24%) لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن. وەک لە خشتەی ژمارە (3)دا هاتووە. بە زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لە (18/12/2023) لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام درا کۆی ژمارەکەیان (275) ئەندام و سەرجەمیان بە پلە باڵای (ب) دێنە هەژمار و پلەی بەڕێوەبەری گشتیان دەبێت، بەم پێیەش ژمارە پلە باڵاکان لەسەر ئاستی گشتی عێراق دەگاتە (6 هەزار و 584) کەس. (چارتەکانی (3 و 4)) رێژەی ئەو ژمارە زۆرەی پلە باڵاکان روندەکاتەوە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەراورد بە دامەزراوە ئیتحادی و (15) پارێزگاکەی عێراق. لەکاتی بەراوردکردنی ژمارەی پلە باڵاکان لە وەزارەت و دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان، ئەوە دەردەکەوێت کە ناهاوسەنگی گەورە هەیە لە نێوانیان لە رووی دابەشبوونی پلە باڵاکان (ا و ب)، بە جۆرێک ژمارەی پلە باڵاکان لە نێو وەزارەتەکان (7) جار زیاترە لەوەی لە نێو دامەزراوە نەبەستراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان، وەک ئەوەی لە خشتەی ژمارە (4) و چارتەکانی (5 و 6) رونکراوەتەوە. وەک لە چارتەکانی ژمارە (5 و 6)دا دەردەکەوێت لەسەر ئاستی وەزارەتەکان هەریەک لە وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا، بەرگری، ناوخۆ و دەرەوە) زۆرترین فەرمانبەری پلە باڵایان تێدایەوە، لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان هەریەک لە (ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەمیندارێتی بەغداد، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەزگای دژە تیرۆر، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمان و دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی) پشکی شێریان لە فەرمانبەری پلە باڵا بەردەکەوێت. بەکورتی پلە باڵاکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دابەشبوونەکەیان بەو جۆرەیە کە لە خشتەی ژمارە (5) رونکراوەتەوە.
(دره‌و): هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غداد، سودانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆبووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێ" هه‌ڵبژاردنی كوردستان ده‌بێت ته‌وافوقی سیاسی له‌سه‌ر بێت و هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه تێیدا به‌شدار بن". محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ دادوه‌ر عومه‌ر ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆبووه‌وه. سه‌رۆكی كۆمسیۆن له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا باسی له هه‌نگاوه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كردووه بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان. بینینی سه‌رۆكی كۆمسیۆن له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ به‌غداد، كه یه‌كێك له ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه له كوردستان. به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق گڵۆپی سه‌وزیان بۆ نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵكردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان دوابخات، تا ئه‌وكاته‌ی نیگه‌رانییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌باره‌ت به پرۆسه‌كه ده‌ڕه‌وێنه‌وه. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سودانی وتویه‌تی: گرنگه هه‌ڵبژاردنی كوردستان به ته‌وافوقی سیاسی بێت و هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌شداری تێدا بكه‌ن و گره‌نتی به‌دیهێنانی بنه‌مای دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بكرێت. ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانیكردنه له دواخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له كوردستان.
درەو: لایەنە عێراقییەكان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان دایە دەست سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنەكانی هەرێم كۆدەبێتەوەو بەرلە دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات. ماوەی دوو رۆژە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدادیە، لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت و بەشێك لە سەركردەی لایەنە عێراقییەكان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكاندا سەركردەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەتایبەت نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رایانگەیاند، ئەنجامدان و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندایەو ئەوان سەرپشكن لە ئەنجامدان یان دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. سەرچاوەیەكی باڵا لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند لایەنە عێراقییەكان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان داوەتە دەست نێچیرڤان بارزانی و گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكردووە هەڵبژاردن دوابخات بۆ كاتێكی تر. لەگەڵ دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەر وادەیەكی تر تەمەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە 7/7 بەسەر دەچێت و دەبێت لە پەرلەمانی عێراق ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە., بە پێی زانیارییەكانی (درەو) دوای گەڕاندنەوەی لە بەغداد نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمیك وردستان كۆدەبێـتەوەو وادەیەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات: زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بە چەند سیناریۆ دەكەن: • دواخستن یان دیاریكردنی وادەیەكی تر بۆ هەڵبژاردنی پەرەلەمانی كوردستان لە مانگی (10 یان 11)ی ئەمساڵ 2024. • دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی (10)ی ساڵی داهاتوو 2025 و ئەنجامدانی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. • دواخستنی تا چارەسەركردنی كێشەكان و هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن. تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوارجار وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووەو ئەنجامنەدراوە، بۆیە چاوەڕوان دەركێت بە هەمان شێوە جارێكی تر وادەیەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات. (درەو) پێشتر لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان قسەی كرد ئەوان باسیان لەوەكرد، كۆمسیۆنی ئێستا پێكهاتەكەی و هەنگاوەكانی پلانێكی دیزایینكراوە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی نایەوێت بەم ستافەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەگەر تەواوی داواكارییەكانی پارتی جێبەجێبكرێت هێشتا هەڵبژاردن ئاستەمە بكرێت، پارتی پێی وایە ئەو پێكهاتەو ستافەی كۆمسیۆن موعەدەلەیەكی عێراقی نیە، پارتی پشك و بڕیارێكی لەم كۆمسیۆنەدا نیە، بۆیە پارتی گومانی لەم كۆمسیۆنە هەیەو نایەوێت بەم كۆمسیۆنە هەڵبژاردن بكرێت.
(دره‌و): وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به وه‌كاله‌ت دوا له ئه‌مریكا ده‌كات ژێرخانی وزه‌ی هه‌رێم بپارێزێت و ده‌ڵێ (9) جار هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر. كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەکالەت لەگه‌ڵ (مارك سترۆ) كۆنسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كۆبووه‌وه. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی سامانه شروشتییهكان، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا كونسوڵی ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ و گیان لەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە دەربڕیوه‌و، هێرشەکەی بە "تیرۆرستی" ناساندووه كه ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق. كوسنوڵی ئه‌مریكا وتیویه‌تی: وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی بۆ پشتگیریی لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق و هێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت. كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت داوای له ئه‌مریكا كردووه هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزەو ئابوریی هەرێم چڕ بكەنەوەو رایگه‌یاندووه" ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر کێڵگەی كۆرمۆرو زیانی بە ئابوریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵی گەیاندووە". كێڵگه‌ی كۆرمۆر سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی غازی ماڵان و وێستگه‌كانی كاره‌بایه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م كێڵگه‌یه ده‌كه‌وێته نزیك قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، هێرشی ئه‌مدواییه بۆسه‌ر كێڵگه‌كه دوای سه‌ردانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا هات بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی هه‌نارده‌كردنی غازی كوردستان بوو بۆ توركیا. تائێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتیی هێرشه‌كه‌ی كێڵگه‌ی كۆرمۆری له‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه، به‌ڵام په‌نجه‌ی تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌ی شیعه ده‌كرێت كه سه‌ربه ئێرانن. ئێران سه‌رباری ئه‌و سزایانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئهمریكاو وڵاتانی خۆرئاواوه به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه، به‌ڵام هێشتا غاز هه‌نارده‌ی عێراق و توركیا ده‌كات، هه‌رجۆره وه‌به‌رهێنانێك له كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆرو هه‌نارده‌كردنی بۆ ناوچه‌كانی تری عێراق و ده‌ره‌وه، به‌زیان بۆ ئابوری ئێران ده‌شكێته‌وه.
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە کاریگەرییەکی گەورە و ھەمەلایەن لەسەر ژیانی مرۆڤەکان بەجێدەھێڵێت، مەسەلەی بەھاکانە. ئەو بەھایانەی لە کۆمەڵگادا ئامادەن و کاریانپێدەکرێن، خەڵکی لە ھەڵسوکەوتی رۆژانە و لە دەستنیشانکردنی شێواز و ناوەرۆکی ئەو پەیوەندیانەدا کە بەیەکترییەوە گرێیانئەدات، بۆیان دەگەڕێنەوە. لە مێژووشدا ھەم فەیلەسوف و حەکیم و پێغەمبەرەکان و ھەم نووسەران و ڕۆشنبیران و پیاوانی دین و ھەم سەرکردە سیاسییەکان و کەسە ریفۆرمخواز و چاکەکارەکانیش. پێشنیاری چەندەھا بەھای جیاوازیان کردوە و داوای پەیڕەویکردنی ئەو بەھایانەیان لە مرۆڤەکان کردوە. بە دەگمەن ساتەوەختێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەدۆزینەوە بەھا بەشێک نەبووبێت لەو سیستمە رەمزییەی کە پەیوەندیی مرۆڤەکانی لەگەڵیەکتریدا رێکخستبێت و بەڕێوەبردبێت. لە دونیای مۆدێرنیشدا ئایدیۆلۆژیا گەورەکان و بەیاننامەکانی مافی مرۆڤ و پرنسیپە جیاوازەکانی مافی میلەتان و مافی ژنان و منداڵان و پیران و ..ھتدی ھاتۆتەسەر و مرۆڤایەتی لەمڕووەوە چەندان ھەنگاوی گەورە بەرەوپێشەوە چووە. راستە جیھانی ئەمڕۆکە تا ئەم ساتەش پڕیەتی لە بێدادیی و نادادپەروەریی و خراپەکاریی ھەمەجۆر، بەھێز لاواز زەلیلدەکات وەک لە دۆخی ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا دەیبینن، بەڵام ھاوکات جیھانی ئەمرۆکە جیھانێکە لە ئاستی بەھادا، بۆ نموونە، بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و ھەڵاوێردەکردن لەنێوان رەگەزەکاندا بە تاوان ناودەبات. لەکاتێکدا ھەم فیکری فەلسەفی کۆن و ھەم سەرجەمی دینەکان، بە راستەوخۆیی دژ بە مەسەلەی بەکۆیلەکرنی مرۆڤ نەبوون. ھیچ سیستمێکی بەھایی لە بۆشایدا کارینەکردوە، بەردەوام کەسانێک ھەبوون بەرگریان لە سیستمە بەھاییە بڵادەستەکان کردوە و سەپاندویانە، بەڵام ھەمیشە کەسانێکی دیکە ھەبوون ئەو سیستمە بەھاییانەیان رەخنەکردوە و دژ بە ھەیمەنە و سەپاندنی بوون. ھەم سەپاندنی ھەیمەنەی بەھاکان و ھەم بەرگریکردن بەرامبەر بەو سەپاندانە بەشێکە لە مێژووی مرۆڤ لەسەر ئەم ھەسارەیەدا. بەشێکی گرنگیی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان بەناو ململانێ لەسەر بەھاکاندا تێدەپەرێت. لە دونیای ئەمڕۆدا بەھاکان ھەرچییەکبن، سەرچاوەکانیان لە ھەرشوێنێکەوە ھاتبێت، کۆن بن یان تازە، نابێت نرخی سەرەکیی لەناویاندا و بەھای ھەرە گرنگ و بنەرەتیی، بەھای پاراستنی مرۆڤ وەک مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ وەک ژیان، نەبێت. پاراستنی مافی مرۆڤ لەوەدا کە بژیی و کەس نەتوانێت دەست بۆ ئەو ژیانە درێژبکات. مرۆڤ وەک بەرزترین بەھا، وەک کەسێک ئازادبێت لەوەدا باوەری بەو شتەبێت کە دەیەوێت باوەڕی پێیبێت، ئازادبێت لە دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکانیدا، مافی ئەوەی ھەبێت داھێنەر و دروستکەری ژیانی خۆی بێت، ھەروەھا مافی ئەوەی ھەبێت بتوانێت لەو چوارچێوانە لابدات کە لە سەردەمانێکی مێژوویی تایبەتدا زۆرینە لە کۆمەڵگادا، کردویانە بە چوارچێوەی باڵادەست و خاوەن ھەیمەنە. واتە مرۆڤ مافی ئەوەی ھەبێت کە یاخیی و ناڕازییبێت و ئەم ناڕازیبوون و یاخیبوونەشی زیان بە مافی ژیان و مانەوە و پاراستنی نەبەخشێت. ئەم مافە تازانە، کە بەشێکن لەو جیھانەی لە سەدەی ھەژدەھەم و نۆزدەھەمەوە لە دروستبووندایە، دۆخێکی بەھایی ئاڵۆزیان دروستکردوە و دروستدەکەن. وادەکەن شێوازی جیاوازی ناکۆکیی لەنێوان بەھا کۆن و سوونەتییەکاندا، جا چ بەھا دینییە سونەتییەکان بێت یان بەھا نادینییە سونەتییەکان، و لەنێوان ئەو بەھایانەدا دروستببێت کە مرۆڤایەتی لە سێ سەدەی ڕابردوودا دایھێناون. لەوانەش بۆ نموونە، بەھای یەکسانبوونی مرۆڤەکان بەیەکتریی، بەبێ گوێندانە ئەوەی داخۆ ئەو مرۆڤە نێرە یان مێ، دیندارە یان بێ‌دین، دەوڵەمەندە یان ھەژار، خەڵکی شارە یان لادێ، رەشە یان سپی، ھتد.. ئەم مافی یەکسانبوونەی مرۆڤەکان بەیەکتریی مافێکی تازەیە و پەیوەندیی بە وێناکردنی مرۆڤەوە ھەیە وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت. کەرامەت وەک بەھایەکی ناوەکیی و ئینسانیی، کە نەکرێت لەژێر ھیچ ناوێک‌دا دەستی بۆببرێت و پێشێلبکرێت. لەپاڵ ئەم مافی یەکسانبوونەی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا، مافێکی دیکە لە دونیای مۆدێرندا لەدایکدەبێت، کە گرنگتر و بنەڕەتیترە، ئەویش مافی ھەبوون و پاراستنی ژیانە. مافی ئەوەی ھەر مرۆڤێک مافی ژیانی ھەیە و نابێت بەھیچ جۆرێک و لەژێر ھیچ ناوێک‌دا پەلاماری ئەم مافە بنەرەتییە بدرێت. گرنگ نییە داخۆ ئەو مرۆڤە چۆن بیردەکاتە و ھەڵگری کام باوەڕ و بەھا و شێوازی ژیانە، دینیی ھەیە یان نیەتی، ھەمان ڕا و بۆچوونی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ھەیە یان ڕای دژی ئەو زۆرینەیەی ھەیە. بە کورتییەکەی، کەس بۆی نییە و ناتوانێت ھێرشبکاتە سەر مافی ژیانی ھیچ مرۆڤێک، یان لە خراپترین دۆخدا، مافی ئەوە بەخۆی ببەخشێت ژیان لە کەسێک بسێنێتەوە و بیکوژێت. لە ئاستە دینییەکەدا مانای گەڕانەوە بۆ ئەو بەھا دینییە کە ژیان و مردن مافێکن تەنھا خودا مافی پیادەکردنیانی ھەیە، کەس بۆی نییە ئەم مافە خودایی لێرە و لەسەر ئەم ھەسارەیە، بەناوی خوداوە پیادەبکات. واتە ئەو مافە بەخۆی بدات لەباتی خودا بڕیار لەسەر ژیان مردنی ئەم یان ئەو کەس بدات. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا دەیبینین پێشێلکردنێکی رۆژانە و بەردەوامی مافی ژیانی مرۆڤەکانە، نەبینین و مامەڵەنەکردنی مرۆڤە وەک مرۆڤ. کوشتنی ژن، کوشتنی نەیاری سیاسیی، کوشتن لەسەر ئینتیما، کوشتن لەسەر رەگەز، کوشتن لەسەر دین، کوشتن لە سەر ژیانی سێکسی، کوشتن لە پێناوی کوشتندا، کوشتن وەک چێژ، بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگاکە. بەبێ دەسکاریکردنی ڕوانیمان بۆ ماف و بۆ مرۆڤ و بۆ خودا، زەحمەتە بتوانین دەسکاریی ئەو دۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە نالەبارە بکەین. ھەموو تازەبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیی پێویستی بە تازەبوونەوەی مافبینیی و مرۆڤبینیی و خودابینیی ھەیە.
د. نه‌بیل مه‌رسومی- پسپۆڕی بواری وزه هه‌ڵكه‌وته‌ی كێڵگه‌كه: قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ له سلێمانی، روبه‌ره‌كه‌ی 135 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه ناساندنی كێڵگه‌كه: گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی غازه له عێراق یه‌ده‌گی پشتڕاستكراوه: 8.2 ترلیۆن پێ سێجا وه‌به‌رهێنان: 452 ملیۆن پێ سێجا غازی وشك و 15،000 به‌رمیل كۆندێنسێت و زیاتر له 1000 ته‌ن غازی شل له رۆژێكدا. كێڵگه‌كه غازی پێویست به‌رهه‌مده‌هێنێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی 4200 مێگاوات كاره‌با له رۆژێكدا، له‌و بڕه 2800 مێگاواتی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌چێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ره‌وانه‌ی هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و موسڵ ده‌كرێت. كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌رێگه‌ی بۆرییه‌وه غازی سروشتی ده‌گوازێته‌وه بۆ هه‌ردوو وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ولێر، رێژه‌ی 67%ی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كات. وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی: كۆمپانیای "دانه‌غاز"و كۆمپانیای "هیلال" هه‌ریه‌كه‌یان پشكی 35%یان هه‌یه‌و 10% بۆ هه‌ریه‌كه له كۆمپانیاكانی (OMV)و (MOL)و (RWE). دیدگای ئاینده: به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان بۆ ستانداردی 630 ملیۆن پێ سێجا له 2023دا، به‌ڵام به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه كاره‌كه زۆر دواكه‌وت، له‌دیارترین ئه‌و هۆكارانه‌ش دووباره‌بوونه‌وه‌ی بۆردومانكردنی كێڵگه‌كه، كه بووه هۆی راگرتنی كاركردن بۆ فراوانكردنی به‌رهه‌مهێنان له كێڵگه‌ی كۆرمۆرو كۆمپانیای (ئیكستران)ی ئه‌مریكی كاركردنی له كێڵگه‌كه به‌جێهێشت، كه به‌شێكی پاره‌كه‌ی له‌رێگه‌ی رێككه‌وتنێكه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمپانیای پاره‌داركردنی گهشهپێددانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكییه‌وه دابین ده‌كرا، به به‌های 250 ملیۆن دۆلار. هۆكاری دووباره‌بوونه‌وه‌ی بۆردومانكردنی كێڵگه‌ی كۆرمۆر: له‌باربردنی پلانه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ به‌دیهێنانی خۆبژێویی وزه‌و به‌دیهێنانی ئاسایشی وزه له عێراقدا. به سه‌ره‌نجدان له بوونی پلانی ئومێدبه‌خش له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه له‌بواری ناردنی غازی سروشتی بۆ ئه‌وروپا، ئه‌م پلانانه به‌مدواییانه بایه‌خی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تییان وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر رۆشنایی زیادبوونی لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانی روسیا- ئۆكراینا له‌سه‌ر كه‌رتی وزه له ئه‌وروپا، بۆیه هه‌نگاوه‌كان خێراتر بوون بۆ دانانی پلانێكی ستراتیژی بۆ دروستكردنی بۆرییه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی، كه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له كێڵگه‌ی كۆرمۆره‌وه ده‌رده‌چێت و به هه‌ولێردا تێده‌په‌ڕێت و له شاری دهۆك كۆتایی دێت، دواتر ده‌به‌سترێته‌وه به تۆڕی بۆرییه‌كانی توركیا، تۆڕێك كه رێگه‌ی پێده‌دات بگوازرێته‌وه بۆ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا.
د. به‌هرۆز جه‌عفه‌ر* پوخته‌ى جێبه‌جێكار له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانـى قه‌یرانـى ئابوریی جیهانى به هۆى پرسى وزه‌و ئاسایشـى خۆراكه‌وه، پرۆسه نه‌وتییه‌كانـى هه‌رێمى كوردستانیش كه‌وتونه‌ته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌منـى و سیاسی و یاسایی و ئابوریی و جیۆلۆجـى جۆراوجۆره‌وه. له‌هه‌مان كاتدا ده‌رفه‌تــى گه‌وره-گه‌وره‌ش بۆ په‌ره‌پێدانى توانا هایدرۆكاربۆنییه‌كانـى كوردستان و زیادكردنى داهات هاتۆته پێشه‌وه. له سه‌ره‌تاى ساڵى (2022) ه‌وه، كۆمپانیاى داناگاز زیادبونـى ئاستـى به‌رهه‌مهێنانـى غازى له كێڵگه‌ى كۆرمۆر به ڕێژه‌ى (50%) ڕاگه‌یاند. كێڵگه‌ى كۆرمۆر له ناو ناحیه‌ى قادركه‌ره‌مـى كۆندا شانــى داداوه، له ڕووى ئیدارییه‌وه ده‌كه‌وێته سنورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵه‌وه. له‌م ناوچه‌یه‌و سنورى گه‌رمیان به گشتى، چه‌ند كێڵگهیهكى دیكه‌ى سه‌ره‌كى و لاوه‌كى نه‌وت و گاز هه‌ن، كه به‌رهه‌مهێنانیان تیادا ده‌كرێت، ئه‌وانیش هەڕەشەی جۆراوجۆریان له‌سه‌ره، وه‌كو: كێڵگه‌ى تازه، چیا سورخ، كورده‌میر، پوڵكانه، بلۆكى گه‌رمیان، چه‌مچه‌ماڵ، باشورى سه‌نگاو، قه‌ره‌هه‌نجیر، هه‌روه‌ها شاكه‌ل و تۆپخانه. ئه‌م بابه‌ته، ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن له پرۆسه نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى و بلۆكى كۆرمۆر به‌تایبه‌تى دا، ده‌رفه‌ت و مه‌ترسیه‌كانى به‌رده‌م ئاسایشى وزه له هه‌رێم به شێوه‌یه‌كى ئه‌كادیمــى بخاته ڕوو؛ ئەمە ڕوانگه‌یه‌كه له "په‌یمانگه‌ى میدیتریانه بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى" بۆ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیی نێوان سه‌رچاوه مرۆییه‌كان و سه‌رچاوه سروشتتیه‌كان له‌لایه‌ك و، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی نێوان سامانـى ئابوریی و هزری سیاسی له‌لایه‌كـى تر. یه‌كه‌م/ ناساندنێكى گشتى بۆ كۆمپانیاى داناگاز و كێڵگه‌ى كۆرمۆر پێرل پیترۆلیۆم، یه‌كگرتنـى پێنج كۆمپانیا (كۆنسیرتیوم-Consortium) ه، كه دوانیان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستن (داناگاز و كرێسنیت پیترۆلیۆم- هه‌ردوكیشیان خاوه‌ندارێتیه‌كه‌یان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یه‌ك خێزانـى به بنچینه عێراقى و دانیشتوى ئیماراتـى عه‌ره‌بـى) پێكه‌وه له هه‌رێمـى كوردستان وه‌به‌رهێنان له بوارى گاز‌و نه‌وت دا ئه‌كه‌ن، هاوبه‌شییان هه‌یه له‌گه‌ڵ سێ كۆمپانیاى ئه‌وروپـى دا هه‌یه : (OMV) ى نه‌مساوی و (MOL)ى هه‌نگارى و (RWE)ى ئه‌ڵمانى. پشكه‌كانیش وا دابه‌شكراون كه: داناگاز (35%) و كریسنت پیترۆلیۆم (نه‌فت هیلال) (35%) و سێ كۆمپانیا ئه‌وروپیه‌كه‌ش، كه هه‌مان ئه‌و كۆمپانیانه‌ن كاریان له هێڵى بۆڕى نابۆكۆ –Nabucco Pipeline ئه‌كرد, بۆ گواستنه‌وه‌ى گازى سروشتى له ناوه‌ڕاستى ئاسیاوه بۆ ناوه‌ڕاستى ئه‌وروپا هه‌ریه‌كه‌یان پشكى (10%) ى هه‌یه له گرێبه‌سته‌كه‌دا(1). له بنچینه‌دا، جیهان ده‌مێكه ئاگادارى توانا هایدرۆكاربۆنییه‌كانى كوردستانه، بۆ نمونه بۆ یه‌كه‌مجار له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا كارى گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت له ساڵى (1901) دا له كێڵگه‌ى چیاسورخ-Chia Surkh كراوه. هه‌ریه‌كه له كێڵگه‌ى كۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵیش ساڵى (1928) و (1929) له لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه یه‌كه‌م كارى گه‌ڕان و هه‌ڵكه‌ندنیان تیاكراوه(2). له دواى پرۆسه‌ى ئازادییه‌وه‌و له ساڵى (2007) حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به پێچه‌وانه‌ى ته‌واوى گرێبه‌سته‌كانى تر‌ى نه‌وت و گاز له هه‌رێم كه له‌سه‌ر شێوازى "به‌شدارى و به‌رهه‌مهێنانن-PSC" ن، گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ داناگازو كریسنت پیترۆلیۆم كردووه، ساڵى (2008) و دواى (15) مانگ له كاركردن توانییان له كێڵگه‌ى كۆرمۆر گاز به‌رهه‌م بهێنن. دووه‌م/ تایبه‌تمه‌نیه‌كانى كێڵگه‌ى كۆرمۆر دواى ووردبونه‌وه‌و، سه‌ردانى مه‌یدانى و كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى تایبه‌ت به كێڵگه‌ى كۆرمۆر و كۆمپانیاى داناگاز، ئه‌كرێت (5) تایبه‌تمه‌ندى ده‌ست نیشان بكه‌ین كه نه له ناوچه‌كانى دیكه‌و نه له كێڵگه‌كانى دیكه‌ى كوردستاندا نییه: 2. 1. له ڕووى یه‌ده‌گ و ئاستى به‌رهه‌مهێنانه‌وه به پێى (GCA) - "Gaffney, Cline & Associates" كه كۆمپانیایه‌كى ده‌ره‌كى بوارى وردبینى یه، ساڵى (1962) له باشورى ئه‌مریكا دامه‌زراوه، له بۆستن و له‌نده‌ن و سه‌نگافورا و هیندستان كارى جۆراوجۆرى له بوارى په‌ره‌پێدان و ووردبینى دا كردووه: بڕى یه‌ده‌گى په‌سه‌ندكراو و چاوه‌ڕوانكراو تیایدا ئه‌گاته (4.4) تریلیۆن ستاندار پێ سێجا گازى سروشتى. وه (136) ملیۆن به‌رمیل نه‌وت، هه‌روه‌ها (13.3) ملیۆن ته‌ن / مه‌تر له غازى شل (LPG)(3). به‌مجۆره، كێڵگه‌ى كۆرمۆر كه ڕووبه‌ره‌كه‌ى نزیكه‌ى (250) كم2 یه: له پێشدا ڕووبه‌ره‌كه‌ى 300 كم بو، دواتر كرایه 175كم2! له ساڵى 2021 ه‌وه به چڕى خه‌ریكى گه‌وره‌كردنى وێستگه‌كانن به بڕى زیاتر له 630 ملیۆن دۆلار له‌و بڕه‌ش 250 ملیۆن دۆلارى پاڵپشتى ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانه بۆ داناگاز له فراوانتركردنى كێڵگه‌كه‌و وێستگه‌كاندا خه‌رجى بكات. ئێستا له كاتێكدا گروپه چه‌كداره‌كان هێرشى مووشه‌كى ئه‌كه‌نه سه‌ر ئه‌م كێڵگه‌یه، سێ جۆر به‌رهه‌مى هه‌یه: له‌ساڵى (2018) هدا (305) ملیۆن پێ سێجا گازى سروشتى به‌رهه‌مهێناوه، له‌ماوه‌ى سێ ساڵدا و له ساڵى (2022) دا ڕۆژانه (452) ملیۆن پێ سێجا گاز به‌رهه‌م ده‌هێنێت. به‌پێى داناگاز و كریسنت پیترۆلیۆم ئاستى به‌رهه‌مهێنان له كێڵگه‌كه‌دا بۆ (50%) به‌رزبۆته‌وه و، ساڵى (2023) ش ئه‌و ئاسته ده‌گه‌یه‌نن به (600 بۆ 625) ملیۆن پێ سێجا گاز له ڕۆژێكدا(4). ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش ڕۆژانه به بۆڕییه‌كى (24) ئینجى له كۆرمۆره‌وه به درێژایی (172) كم ئه‌گاته شارى غاز له چه‌مچه‌ماڵ كه وێستگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى كاره‌باییه، به بڕى زیاتر له (1.2) ملیارێك و دووسه‌ت ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن "ئه‌حمه‌د ئیسماعیل" خاوه‌نى ماس گروپه‌وه بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با بیناكراوه، ئینجا له‌وێشه‌وه به نزیكه‌ى (120كم) هه‌ر گازى كۆرمۆر ئه‌گاته ناوچه‌ى پیرداود بۆ وێستگه‌ى كاره‌باى هه‌ولێر. جگه‌له‌وه‌ى وێستگه‌یه‌كى دیكه‌ى كاره‌باش له بازیان به‌هه‌مان ئه‌و گازه سروشتییه كار ئه‌كات. به درێژایی ئه‌و ماوه جوگرافییه له‌ناو خه‌ڵكى لادێكاندا كه‌سێك یان دووان وه‌ك پاسه‌وانى بۆڕییه‌كه دانراون و، مانگانه‌ش سودمه‌ند ده‌بن له به‌رمیلێك-دووان و سیان گاز بۆ ئیش پێكردنى مۆلیده‌ى لادێكانیان؛ بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە بۆ پاراستنی ئاسایشی وزە لەناوچەکەدا، بەڵکو لە ئایندەدا میلیشیا عێراقییەکان دەبنە هەڕەشەیەکی هەنووکەیی لەسەر کێڵگەی کۆرمۆر و کیڵگەکانی دی لە هەرێمی کوردستان و ئەوەش مەترسی گەورە بۆ ئاستی بەرهەمهێنان و کارەبا لە لایەک، هەناردەکردن (چ بۆ ناوخۆی عێراق یان دەرەوە) لەلایەکی دی درووست دەکات. به‌رهه‌مێكى دیكه‌ی بلۆکی کۆرمۆر، نه‌وته، كه له ئه‌نجامى ده‌رهێنانى گازهكهوه، وه‌ك چڕى لێى جیا ده‌بێته‌وه‌و، ئه‌مبار ئه‌كرێت. له نێوان ساڵى (2018 بۆ 2022) دا به‌رده‌وام (16000 بۆ 22000) هەزار به‌رمیل نه‌وتى له ڕۆژێكدا به‌رهه‌مهێناوه. ئه‌وه‌ش به ته‌نده‌ر دراوه به‌چه‌ندین كۆمپانیا‌و خاوه‌ن ته‌نكه‌ر و ئه‌گوێزرێته‌وه بۆ خه‌زانه‌كانى كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌و، له‌وێشه‌وه تێكه‌ڵ به هێڵى بۆڕى كوردستان- جه‌یهان ئه‌كرێت، له پێشوتردا ئه‌م نه‌وته بۆ پاڵێوگه‌كان یان هه‌نارده‌كراوه بۆ ئێران و به‌نده‌ر عه‌باس ڕه‌وانه كراوه‌و فرۆشراوه!. سه‌ربارى ئه‌مه‌ش، ڕۆژانه (1050) تۆن گازى شل-LPG به‌رهه‌م ئه‌هێنێت، ئه‌مه‌ش به ته‌نده‌ر له‌لایه‌ن داناگازه‌وه دراوه به كۆمپانیاى لۆكاڵى و ته‌نى به (315$) دۆلار، له سه‌ر ڕێگه‌ى سه‌ره‌كى چه‌مچه‌ماڵ- ناحیه‌ى ته‌كیه‌ى كاكه‌مه‌ند خه‌زانێكى گه‌وره‌یان دروستكردوه‌و، هه‌ڵى ئه‌گرن، پاشان له‌وێوه بۆ چه‌ند كۆمپانیایه‌كى تر و، ئه‌وانیش ئه‌یكه‌ن به بوتڵى غازه‌وه‌و، بۆ پێداویستى ماڵان له هه‌رێمى كوردستاندا به‌كارى ئه‌به‌ن. 2.2. له ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئێستا ناوى گوندى "كۆرمۆر-Khor Mor" به توندى گرێدراوه به ناوى "داناگاز-Dana Gas" ه‌وه‌و وه‌ك براندێكى بازرگانى لێهاتووه. هه‌ر له‌ناو ناحیه‌ى قادركه‌ره‌مى كۆن و له باشورى قەزای چه‌مچه‌ماڵ، به‌دیار چه‌م و كلكه درێژبوه‌وه‌كه‌ى ڕووباره ووشك هه‌ڵهاتوه‌كه‌ى ڕۆخانه‌وه، ده‌شتێكى دوور‌و درێژ‌و ناو- به‌ناو هه‌رده‌ى گه‌رم و زه‌رد هه‌ڵهاتو شانیان به‌یه‌كه‌وه داوه، ئه‌مه‌یه "كۆرمۆر". سه‌ت ساڵى پێشوو ناوچه‌كه ئه‌وه‌نده‌یان چه‌شتوه به ده‌ست قاتوقڕى و به‌رخودان و تۆماركردنى ده‌یان ئه‌فسانه‌ى سه‌یر-سه‌یر به‌ده‌ست حكومه‌ته یه‌كله‌دواى یه‌كه‌كانى عێراقه‌وه، نه‌ك له كوردوستاندا له ئاستى جیهانیشدا وێنه‌ى ئه‌م تاڵاوه ده‌گمه‌نه. هێڵى پێشه‌وه‌ى جه‌نگ ئێره بوه، ئه‌نفالستان و شه‌هیدستان ئه‌م ناوچه‌یه‌ن، ئه‌گه‌ر لادێكانى ئه‌م سنوره ئه‌گه‌ڕێیت، هێشتا زۆربه‌یان ڕێگه‌وبان و خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانیان پێشكه‌ش نه‌كراوه. سه‌ره‌كیترین گونده‌كانى ئه‌م سنوره: "چه‌مسورخاو، گۆله‌مه‌و، ئالیاوه، عه‌لى مسته‌فا، پاریاوێڵه، قه‌ره‌چێوار، قه‌شقه، وێڵه، قه‌ڵامكایل، قایته‌وه‌ن، تازه شار، كانى قادر، له‌ك هیدایه‌ت، قیرچه، گۆلباخ، مشكیبان، كۆرمۆرى گه‌وره‌و بچوك، ئاوایی جه‌لال، عه‌زیز به‌گ، بنه‌كه، هه‌ڕێنه، برایم غوڵام. شاوك، گه‌ڕاوى(5) و...و...چه‌ند گوندێكى دیكه‌ى تر". 2. 3. له ڕووى هه‌ڵكه‌وته‌و مێژووییه‌وه ساڵى (1976) بێ ئه‌وه‌ى ئه‌م ناوچه‌یه تاكه یه‌ك خێزانى له ڕه‌گه‌زى عه‌ره‌ب تیادا بوبێت، ڕ‌ژێمى سه‌دام بۆ ئه‌وه‌ى ناحیه‌ى قادركه‌ره‌م له لیواى سلێمانى و كه‌ركوك داببڕێت، ناحیه‌كه‌ى خسته سه‌ر قه‌زاى دووز خورماتو، دووز خورماتوشى خسته سه‌ر پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین. له هه‌شتاكاندا هیچ لادێیه‌ك نه‌ما له‌م سنوره‌ى كه له به‌ر لووتى ڕ‌ژێمى عێراقدا هه‌ڵكه‌وتوه خاپور نه‌كرێت، كه‌م ماڵ هه‌یه قوربانییه‌ك،، دووان،، چوار و زیاترى نه‌بوبێت. بۆیه له كۆتایی (حوزه‌یرانـى 2022 ) دا هاویشتنى مووشه‌كێك، ئینجا دووان و سیان بۆ كێڵگه‌ى كۆرمۆر و سنوره‌كه، بابه‌تێكى ته‌واو چاوه‌ڕوان كرا‌و بو، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌شێكى خه‌ڵكى سنوره‌كه له ئاستى جیا-جیادا سودمه‌ندن له بونـى كۆمپانیاكه. 2 . 4. له ڕووى جۆرى گرێبه‌سته‌وه له كۆى ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى كه حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ئه‌نجامى داوه، ته‌نها ئه‌وه‌ى داناگاز "كۆرمۆر" له‌سه‌ر شێوازى گرێبه‌ستى خزمه‌ت/ خزمه‌تگوزارییه. له گرێبه‌ستى خزمه‌تگوزاری (عقود خدمة) دا ده‌وڵه‌تى خانه‌خوێ له سه‌ره‌تاوه بۆ كۆتایی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌دا ئه‌كات (واته وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان مافى ده‌ستوه‌ردانى زیاترى له كێڵگه‌ى كۆرمۆردا هه‌یه به‌به‌راورد به‌وانى دیكه)، كۆمپانیاى دیاریكراو ته‌نها بۆ كارى گه‌ڕان و پشكنین و ده‌رهێنان به‌كاردێت، كۆمپانیاكه‌ش به‌رپرسیارێتى هیچ مه‌ترسییه‌كى دارایی یاخود خراپبونى كێڵگه‌یه‌ك یان نه‌گونجانى بۆ وه‌به‌رهێنان له ئه‌ستۆ ناگرێت (به پێى گرێبه‌سته‌كه له شوێنێك بۆ شوێنێكى دیكه). ئینجا له‌م گرێبه‌سته‌دا كۆمپانیا جیهانییه‌كه "باجى هاتنه ناوه‌وه" نادات، باشییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ت له سه‌ره‌تاوه بۆ كۆتایی كێڵگه‌و بیره نه‌وتییه‌كانى خۆى ناداته ده‌ست كۆمپانیایه‌كى بیانى و موڵكدارێتى له ئه‌ستۆى خۆیدا نه‌هێڵێت، به‌ڵكو به پێى پشكێك یان پێدانى شایسته‌ى دارایی حكومه‌ت له‌گه‌ڵیان ڕێك ئه‌كه‌وێت (چونكه له هه‌ندێ شوێن كۆمپانیا هه‌یه وه‌ك بارمته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێڵگه نه‌وتییه‌كان ئه‌كات). سێهه‌م / تێگه‌یشتن له كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان له‌چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا گرنگه بۆ سیسته‌مه‌كان، ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمه‌كان بزانن كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ "ئێستا" یه‌كدا ئه‌كه‌ن، پڕه له ئاڵۆزیی جۆراوجۆر. ئه‌وه‌ش به بونى ڕووئیایه‌كى قووڵ و ڕه‌نگگرتوو به زانستى سه‌رده‌م ئه‌بێت. ئێمه هه‌رگیز ناتوانین گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كى فره‌ڕه‌گه‌زدا ئیمزا بكه‌ین، ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنمان بۆ بنه‌ماو ڕۆڵى كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان نه‌بێت؟ هه‌ركاتێك پسپۆڕێك له زانستى په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا گوێى له ووشه‌ى "كۆمپانیا-Corporation" بێت، ئیتر یه‌كسه‌ر مێشكى بۆ كۆمه‌ڵێك ڕاستیی سه‌لمێنراو ئه‌چێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه فره‌ڕه‌گه‌ز –MNCs (Multi-National Corporations)بن و جگه له باره‌گاى سه‌ره‌كییان له دوو بۆ سێ وڵاتى دیكه‌دا سه‌رمایه‌گوزارى بكه‌ن: له ڕووى تیۆرییه‌وه، یه‌كسه‌ر لیبراڵیزم وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كى فیكرى- ئابوریی- سیاسیی – كۆمه‌ڵایه‌تى به‌رگرى له ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌كات (وه‌كو كۆمپانیا جیهانیه‌كان، زانكۆ گه‌وره‌كان، ڕێكخراوه جیهانییه ناحكومـى و حكومییه‌كان، ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌و كۆڕ‌و كۆڕبه‌نده‌كان و...تادوایی). چونكه لیبراڵیسته‌كان هه‌میشه جه‌خت له‌وه ئه‌كه‌نه‌وه كه ئه‌بێت (هێز-Power) له ده‌ستى ده‌وڵه‌تدا قه‌تیس نه‌كرێت، به‌ڵكو ئه‌كته‌ره نا ده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئه‌توانن خزمه‌ت و ئاسانكاریی له ڕه‌وتى په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بكه‌ن، لیبراڵیزم تا ئه‌ندازه‌یه‌ك كاراكتهرى ده‌وڵه‌تـى و هه‌رێم و یه‌كه حكومییه‌كان پشتگوێ ناخات، به‌ڵام بڕواى ئه‌وتۆى به سنورى جوگرافـى نییه، ته‌نها ئابوریی بازاڕ و بازاڕى ئازاد هه‌یه، تۆ نه‌وتـى خۆت ئه‌فرۆشیت و دۆلارى خۆت وه‌رئه‌گریت، ئیتر چ سنورێكى جوگرافــى یان مه‌زهه‌ب و ڕه‌گه‌زێكیت ئه‌وه گرنگ نییه. ئه‌وان ئارگیۆمێنته‌كه‌یان ئه‌وه‌یه كه: - به‌شدارى ئه‌كه‌ن له گه‌شه‌پێدانـى سه‌رمایه‌دا له چه‌ندین ده‌وڵه‌تدا. - كاریگه‌رى پۆزه‌تیڤیان هه‌یه له‌سه‌ر ئابورى هه‌رده‌وڵه‌تێك كه سه‌رمایه‌گوزارى تیا ئه‌كه‌ن. - لایانوایه له سه‌رده‌مى جیهانگیریی و كرانه‌وه‌ى بازاڕدا ده‌رفه‌تى كار ئه‌ڕه‌خسێت. - گه‌شه‌و ئاڵوگۆڕى بانكیی بره‌و ئه‌سێنێت، هه‌روه‌ها هه‌مه‌چه‌شنه‌كردنى سه‌رمایه‌گوزارى له بوارى جیاجیادا دروست ئه‌بێت. چه‌ند پێیه‌ك ئه‌ولاتر له لیبیراڵیسته‌كان، لیبراڵییه نوێیه‌كان (Neo-liberalism) هه‌ن. كه به‌یه‌ك ووشهش باسى ڕۆڵى ده‌وڵه‌ت و تواناى ده‌وڵه‌ت ناكه‌ن، ئه‌مانه له كۆتایی سه‌ده‌ى نۆزده به‌هۆى زیادبونى ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ئه‌نجامى گه‌شه‌كردنى سه‌رمایه‌دارى خۆیان ڕاگه‌یاند. ئیتر له‌دواى دووه‌مین جه‌نگى جیهانى و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك كرانه‌وه‌ى دونیا‌و، پرۆژه‌ى مارشاڵ بۆ سه‌رپێخستنه‌وه‌ى ئه‌وروپا، ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌مانیش ڕه‌خسا كه له ئاستى ده‌وڵه‌ت و ناوه‌نده‌كانى بیریدا یه‌كپارچه ده‌ستیان دایه ئه‌وه‌ى كه "بازاڕ" و "بازرگانى" ئه‌بێت ئازاد بێت، هه‌یمه‌نه ئه‌بێت هه‌یمه‌نه‌ى بازاڕ بێت، ده‌وڵه‌ت ئه‌بێت خه‌رجى خۆى كه‌م بكاته‌وه‌و كه‌رتى تایبه‌ت قه‌به‌تر بكات(6). له‌سه‌ره‌تاوه بۆ كۆتایی ئه‌بێت كارگه‌و كارخانه‌و بانك و كۆمپانیا ڕۆڵ ببینن به بێ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مه‌كان هیچ ده‌ستوه‌ردانێك بكه‌ن. ڕۆژگار هاتو چوو، ئه‌مانه بوون به نوخبه‌یه‌ك كه هه‌ر به كۆمپانیا‌و بانكه‌كانه‌وه نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو ده‌ستگه میدیاییه‌كانیشیان كڕى و، ناوه‌ندى گه‌وره- گه‌وره‌یان بۆ كۆڵینه‌وه‌و كاریگه‌ریی دانان له‌سه‌ر كاروبارى جیهانى خسته گه‌ڕ. پیاوانى ده‌وڵه‌تیشیان كرد به هاوبه‌شى خۆیان! له زۆر شوێنى جیهان ئه‌مانه سه‌رۆك و وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستى وابه‌سته به‌خۆیان هه‌یه، له تاوه‌ره به‌رزه‌كانه‌وه پلان بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسى هه‌ر شوێنێك ئه‌ده‌ن. ئیتر ته‌نها گرنگ ئه‌وه‌یه "به‌رهه‌م" ئاسته‌كه‌ى به‌رز بێت، ناسنامه‌و نه‌ته‌وه‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌هى و نه‌فى ئه‌كه‌ن. به یه‌ك ووشهش باسى ئه‌و كاره‌ساته ژینگه‌ییانه ناكه‌ن كه به‌هۆى لیبراڵیزمى ئابوریی و به‌تایبه‌ت لیبراڵیزمه نوێیه‌كانه‌وه تووشى ئه‌م هه‌ساره‌یه بووه: به پێى ستاتیسكا- Statisca كه مانگانه به ده‌یان ملیۆن كه‌س سوود له داتاكانیان وه‌رئه‌گرن، له ساڵى (2019- واته ساڵێك پێش ڤایرۆسى كۆرۆنا) نزیكه‌ى (213.56) دووسه‌ت و سیانزه ملیۆن و په‌نجاو شه‌ش هه‌زار كۆمپانیا له‌جیهاندا تۆماركراوه. نزیكه‌ى (60000) شه‌ست هه‌زار كۆمپانیاى فره‌ڕه‌گه‌ز هه‌بوه كه كۆنترۆڵى زیاتر له (500000) پێنج سه‌ت هه‌زار كۆمپانیا‌و لقى دیكه‌ى خۆیان كردووه له‌م گۆى زه‌وییه‌دا(7). به پێى وته‌كانى ئه‌مینداریی گشتى ڕێكخراوى بازرگانى جیهانى "نغوزى ئوكنجى ئیولا Ngozi Okonjo-Iweala" له مونته‌داى ئابوریی جیهان (داڤۆس- 2022) دا ئه‌ڵێت: له پێش بڵاوبونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤید-19 له جیهاندا (135) ملیۆن كه‌س به‌ده‌ست برسێتیه‌وه ئه‌یانناڵاند، ئه‌مڕۆكه له (2022) دا ڕێژه‌كه گه‌یشتۆته (276) ملیۆن كه‌س(8)! چواره‌م: ئاسایشى وزه‌ى كوردستان: ئاسته‌نگ و پێداچونه‌وه پێچه‌وانه‌ى ئه‌و قوتابخانه‌و تێزه فه‌لسه‌فییانه‌ى سه‌ره‌وه، تیۆرێكى هه‌ره سه‌ره‌كى له‌ناو بابه‌تى په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هه‌یه پێى ئه‌گوترێت (قوتابخانه‌ى واقیعییه‌ت- ڕیالیزم-Realism Theory). كه له سه‌ره‌تاى یه‌كه‌مین جه‌نگى جیهانییه‌وه تا ئیمڕۆكه به ته‌واوى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌یه له سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكادا. باوكـى دامه‌زرێنه‌رى ڕیالیزمـى كلاسیك هانس مۆرگێنتاو (1904- 1980) ه له نیۆرك (له ئه‌ڵمانیا له‌دایك بوه). مۆرگینتاو ساڵى (1948) چاپـى یه‌كه‌مـى كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ى " سیاسه‌ت له نێوان گه‌لان دا: تێكۆشان له پێناو هێز و ئاشتى دا" بڵاوكرده‌وه. پاشانیش " به‌رگریی له ئاسایشى نیشتیمانى- In Defense of the National Interest" ئینجا كتێبـى " پیاوى زانستى له به‌رانبه‌ر سیاسه‌تى هێز دا – Scientific Man versus Power Politics". له‌مانه‌دا و له كۆى تێزى ئه‌ندامانى دیكه‌ى ئه‌م قوتابخانه‌یه‌دا، ته‌نهاو ته‌نها چه‌مكى (هێز-Power) گرنگه، هێز بۆ كێ؟ بۆ ده‌وڵه‌ت نه‌ك كۆمپانیا‌و تاك و فڵان و فیسار... بۆچى پێویسته له هه‌موو مه‌یدانێكى ئابوریی و سه‌ربازیی و سیاسی و كه‌لتورى و دیبلۆماسی دا، جا به شێوه‌ى نه‌رم یان به به‌كارهێنانى هێزى ڕه‌ق –Hard Power و به هەر هه‌مومان خه‌ریكى به‌هێزكردنى تواناكانى ده‌وڵه‌ت یان هه‌رێمه‌كه‌مان یان كیانه‌كه‌مان بین؟ ئه‌ڵێت: بۆ ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى نیشتیمانى مسۆگه‌ر بكه‌ین. ئه‌مان پێیانوایه ئه‌گه‌ر (هێز) مسۆگه‌ر نه‌كه‌ین، ئەوا ناگه‌ین به ئاشتى، ئه‌گه‌ر خاوه‌نى تانك و تۆپ و كیانى نیشتیمانى و سه‌روه‌رى نه‌بین، ئه‌بینه خۆره‌ى ده‌ستى ئه‌وانى تر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر (هێز) مان به‌ده‌ستخست ئه‌وا دانوستان و ئاشتیش مسۆگه‌ر ئه‌كه‌ین. بۆیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ده‌وڵه‌ت هێزى خۆى په‌رت بكات و بیدات به‌م كۆمپانیا‌و به‌و نوخبه‌و به كاراكتهرى دیكه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و...و...ئه‌وانیش خه‌ریكى خۆیان و ڕازاندنه‌وه‌ى قسه‌و ووشه‌كانیان بن. به‌ڵكو ئێمه ته‌نهاو ته‌نها به‌دواى به‌هێزكردنى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ین بۆ به‌هێزكردنى ئاسایشى نیشتیمانى. ئه‌كسۆن مۆبیل-Exxon Mobile ه بۆ خۆى ئه‌كسۆن مۆبیله‌و با سه‌رمایه كه‌ڵه‌گه بكات و ده‌رفه‌تى كار دروست بكات، به‌ڵام له‌وسه‌ره‌وه و له كۆتاییدا تۆ كۆمپانیایه‌كى ئه‌مریكیت، ئه‌وه "ئه‌مریكا" یه بڕیار ئه‌دات و ئه‌وه تۆیت پێویسته به دواى به‌رزڕاگرتنى هێزى ئه‌مریكاوه بیت. ئه‌لێره‌وه‌یه "ئاسایش" ى " وزه" ى "كوردستان"ئه‌خوێندرێته‌وه: ئاسایش: واته دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسى یاخود له نه‌بونى هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسى دا بیگوزه‌رێنیت. "وزه" واته هێز (له فیزیادا هه‌ر ته‌نێك بۆ ئه‌وه‌ى لەم گەردونەدا بجوڵێت پێویستى به هێزێك یان ووزه‌یه‌ك هه‌یه بیجوڵێنێت). كه‌واته "ووزه-Energy" به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه سه‌رچاوه‌ى جووڵه‌ن له‌م گه‌ردوونه‌دا، ئه‌گه‌ر وزه نه‌بێت هه‌ساره‌ى زه‌وى جووڵه‌ى تێدا نابێت یان زۆركه‌م ئه‌بێته‌وه. "كوردستان" واته چوارچێوه‌یه‌ك بۆ كوردان، واته كیانى نیشتیمانى. ئایا تۆ ئاماده‌یت هێز و ووزه‌ى خۆت پێشكه‌ش به حكومه‌تى به‌غداو میلیشیاكان بكه‌یت؟ 4. 1. ئه‌و فاكته‌رانه‌ى ئه‌بنه هۆى كه‌مبونه‌وه‌ى یه‌ده‌گى سروشتى ئێمه له په‌یمانگه‌ى میدیتریانه بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى (MIRS) بۆ سه‌رانسه‌رى جیهان و، هه‌رێمى كوردستانیش (6) شه‌ش فاكته‌رى سه‌ره‌كییمان دیاریكردووه(9). كه هه‌ریه‌ك له‌وانه یان ئه‌بنه هۆى ئه‌وه‌ى یه‌ده‌گى سروشتى (نه‌وت و گاز) كه‌م ببنه‌وه‌و له ده‌ست بچێت، وەیان ئەبێتە هۆی ئەوەی خستنە ڕوو-Suply بۆ بازاڕ کەم بێتەوە. لێره‌دا پتر جه‌خت له فاكته‌رى ئه‌منى ده‌كه‌ینه‌وه: یه‌كه‌م/ فاكته‌رى جیۆلۆجــى ئه‌مه به‌هۆى خراپبونى بیره‌كان، یاخود داخورمان، یان تێكهڵبونى ئاو به چڕى و مادده نه‌وتییه‌كان له‌كاتى ده‌رهێنانى دا. یاخود خراپ مامه‌ڵه‌كردنى كۆمپانیاكان له‌گه‌ڵ بیره‌كاندا، یان كه‌م ئه‌زمونى كۆمپانیاكان و هه‌ژارییان له ڕووى ئاستى ته‌كنیكییه‌وه. نمونه زۆرن، له‌وانه: كێڵگه‌ى ته‌ق-ته‌ق كه گه‌نه‌ل ئینرجى وه‌ك كۆمپانیایه‌كى توركى- به‌ریتانى له ساڵى (2006) ه‌وه كارى تیا ئه‌كات. تا ساڵى (2015) ڕۆژانه (140) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى به‌رهه‌م ئه‌هێنا، ئیمڕۆكه له (2022) دا (6 بۆ 7) هه‌زار تێپه‌ڕ ناكات. دووه‌م/ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى نرخ –Price volatility نرخى نه‌وت متمانه‌ى له‌سه‌ر ناكرێت، به‌و جۆره‌ى ئێستاش نامێنێته‌وه. هه‌میشه هه‌ڵگه‌رانه‌وه‌ى نرخ له دواى هه‌ر گرێبهستیًك ئه‌گه‌رێكى كراوه‌یه. جگه له‌مانه به ده‌یان به‌ڵگه هه‌ن كه جیهان له ئاینده‌دا نه‌وت به‌كار ناهێنێت ، پشت به‌ستن به ووزه‌ى پاك و به ووزه نوێبوه‌وه‌كان له ڕێگه‌ى خۆر، با، پیترۆكیمیاوییه‌كانى تره‌وه زیاتر ئه‌بێت، ئۆتۆمبیله‌كان ئه‌بن به كاره‌بایی و پاتری. ئه‌وروپا، ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان، ئیسرائیل، كه‌نداو به هه‌زاران ملیار دۆلاریان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ته‌رخان كردووه... سێهه‌م/ فاكته‌رى ئه‌منـى ئه‌مه ترسناكتر فاكته‌ریانه، زۆرجار ده‌وڵه‌تێك مینایه‌كى به‌هۆى شه‌ڕه‌وه له ده‌ستداوه، هه‌م بوه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى كۆنترۆڵى نه‌وت و گاز له ده‌ست بدات، هه‌م له ئاستى ئابوریی جیهاندا كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رزى و نزمى نرخ داناوه. له دواى ساڵى (2011) ه‌وه به‌رده‌وام حووسییه‌كان مه‌ترسی بون له‌سه‌ر نه‌وتى سعودییه‌و مووشه‌كبارانى خه‌زانه نه‌وتییه‌كانیان كردووه. ماوه‌یه‌كى كه‌م نییه كه: ئێران و توركیا‌و عێراق، چ پێكه‌وه چ به جیاجیا به گوێره‌ى سیاسه‌تى سه‌رده‌م هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كورد له پرسى وزه دوور بخه‌نه‌وه (له باشور‌و ڕۆژئاواى كوردستان): - ئیمڕۆكه كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌تى ئێرانـى له‌سه‌ر ئاستى ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تى داڕماوه. به‌هۆى جموجوڵه‌كانى ئه‌مدواییه‌ى ئیسرائیل له‌ناو ئێران‌دا، ئیسرائیل ده‌ستى گه‌یشتوه به هه‌موو شوێنه هه‌ستیاره‌كان، له‌ناو تاران‌دا ئاڵاى ئیسرائیل به‌رزكرایه‌وه! بۆیه به‌توندى كۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌ستى كردووه به گۆڕینى به‌رپرسانى سه‌ربازیی و زیندانى كردنى زۆرێكى دیكه‌ش كه گومانى لێیانه. سه‌رۆكوه‌زیرانى ئیسرائیل "نه‌فتالى بینت" ده‌ڵێت" له‌ناوخودى ئێران‌دا له ئێران ئه‌ده‌ین نه‌ك یه‌مه‌ن و سوریا‌و لوبنان"، هەر سەرۆکوەزیرانێکی دیکەش بێ، هەمان هەڕەشە لە ئێران دەکا، كه‌واته چاوه‌ڕێ ده‌كرێ ئێران جموجوڵه سه‌ربازییه‌كانى به‌ته‌واوى توندتر بكات و ده‌ست له هیچ نه‌پارێزێت. به‌تایبه‌ت له عێراق دا كه شاده‌مارى هێزى ئێرانه. - ناسه‌قامگیریی دۆخى عێراق و بونى (72) گروپى میلیشیاى چه‌كدار كه له ده‌ره‌وه‌ى ده‌سته‌ڵاتى هێزى ده‌وڵه‌تن، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌و جموجوڵه‌كانى داعش، نه‌بونى ناوه‌ندێكى بڕیارى یه‌كگرتوو له عێراقدا و له‌ده‌ستدانى سه‌روه‌رى عێراق له ئاسمان و زه‌ویدا، گرفتى سیاسى و مه‌زهه‌بى له نێوان سووننه‌و شیعه، هه‌روه‌ها دابه‌شبون له‌ناوخۆى سووننه‌كان و ترازانى بێ چه‌ندوچونى ناوخۆى ماڵى شیعى له عێراقدا ئه‌و گرفته سه‌ره‌كییانه‌ن كه عێراقى وه‌ك ده‌وڵه‌ت نه‌هێشتۆته‌وه‌و، ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق كه‌وتونه‌ته به‌رده‌م كاره‌ساتى گه‌وره‌ى ژینگه‌یی و مرۆیی و ئابوریی و ئه‌منى سه‌خت، كه ئه‌م گرفتانه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان بۆ سه‌ر به‌شه ئارامه‌كه‌ى عێراق " هه‌رێمى كوردستان" ده‌بێت. - كێڵگه‌ى كۆرمۆر ڕووبه‌ره‌كه‌ى له نێوان (170 بۆ 250) كیلۆمه‌تردایه، له سێكوچكه‌ى دیاله‌و حه‌مرین و كه‌ركوك دا داعش به ئاشكرا له چالاكیدایه، له ڕۆژئاوا‌و باشور‌و ڕۆژهه‌ڵاتى كێڵگه‌كه‌وه حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراق (10 بۆ 15) كیلۆمه‌تر دوورن له كێڵگه‌ى كۆرمۆره‌وه. حكومه‌تى عێراق ناتوانێت به زیاتر له (16) هه‌زار پاسه‌وان ناوچه‌ى سه‌وز له به‌غدا بپارێزێت كه ڕووبه‌ره‌كه‌ى ته‌نها (10) كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه، یه‌ك فیرقه له سوپا‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان و دژه تیرۆر ناوچه‌ى سه‌وز ئه‌پارێزن، كه نوێنه‌رایه‌تى و باڵوێزخانه‌ى (38) وڵاتى لێیه، گه‌وره‌ترین باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریكاى لێیه كه خۆیان به‌رگرى له خۆیان ئه‌كه‌ن، بیناى په‌رله‌مان و ماڵى په‌رله‌مانتاران و سه‌ركرده‌كانى عێراق و ئه‌میندارێتى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ماڵى زۆربه‌ى سه‌ركرده‌كانى عێراق له‌ناوچه‌ى سه‌وزه. سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق "مسته‌فا كازمـى" له (13ى شوباتى 2021) ئه‌ڵێت " له‌وه‌ته‌ى بومه‌ته سه‌رۆكوه‌زیران ده‌مه‌وێت بیناى ده‌وڵه‌ت له عێراقدا بكه‌م"(10). له دواى هه‌ڵبژاردنه پێشوه‌خته‌كه‌ى ئۆكتۆبه‌رى 2021 ى عێراق له (7ى تشرینى دووه‌مى 2021) دا دوو درۆن ماڵى سه‌رۆكوه‌زیران له ناوچه‌ى سه‌وزدا ده‌كه‌نه ئامانج و به ڕێكه‌وت له هێرشه‌كه‌دا ڕزگارى بو". - له دواى ڕووداوه‌كانــى ساڵى (2017) و به‌كارهێنانى هێز دژى كورد له كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان، هه‌رێمى كوردستان (350) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتـى ڕۆژانه‌ى له‌ده‌ستدا، ئه‌وه‌ش له‌ده‌ستدانــى ئه‌و یه‌ده‌گه سروشتییه بو كه ئه‌یویست خۆى له‌سه‌ر بینا بكات. به‌مجۆره، به پێى جوگرافیاى كێڵگه‌و بیره نه‌وتییه‌كانى سنورى ده‌سته‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستان، ده‌رئه‌كه‌وێت شه‌ش كێڵگه‌ى نه‌وت و گازى هه‌رێم مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره، كه دوانیان كێڵگه سه‌ره‌كییه‌كانن: كۆرمۆر و خورمه‌ڵه، هه‌روه‌ها له سنورى پارێزگاى دیاله‌وه چیاسورخ، له گه‌رمیانه‌وه كێڵگه‌ى پوڵكانه، له باكورى كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌وه بیره‌كانى ده‌میرداخ، له سنورى موسڵه‌وه مه‌ترسى له‌سه‌ر جه‌به‌ل كه‌ند-Jabal Kand هه‌یه. ته‌ماشاى ئه‌م وێنه‌یه‌ى لاى خواره‌وه بكه‌ن: چواره‌م: كێشه له جۆرێتى مادده‌ى خاو و نا-چونیه‌كى نه‌وته‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش گرفت له سه‌ر ئاستى به‌رهه‌مهێنان دروست ئه‌كات. پێنجه‌م: دابه‌زینـى ئاستـى به‌رهه‌م هێنان به هۆى هه‌ڵه‌ى كۆمپانیاكان یان پێشبینـى هه‌ڵه‌وه ئه‌م گرفته هه‌میشه چاوه‌ڕوانكراوه‌و، به به‌راورد به‌وانى دیكه تا ڕاده‌یه‌ك ئاساییه ڕووبدات. كۆمپانیایه‌ك گه‌ڕان و پشكنین ئه‌كات، دواتر یان خه‌مڵاندنه‌كه وه‌ها ده‌رناچێت كه بیره نه‌وته‌كان بۆ بازرگانى گونجاو بێت، یاخود ڕووداوێكـى وه‌كو سه‌رهه‌ڵدانى داعش له (2014) کە بەهۆیەوە نرخى نه‌وت تا ئاستى (سفر بۆ 20) دۆلار دائه‌به‌زێت، یان له وڵاتانى دیكه‌شدا ڕووئه‌دات كۆمپانیایه‌ك ڕائه‌كێشنه ناو گرێبه‌ستێكه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى پێشوه‌خت بدات، دواتر كۆمپانیاكه گرێبه‌سته‌كه‌ى كردوه‌و، به‌رده‌وامیش له زیاندایه، بۆیه به چه‌ند ملیۆن دۆلارێك گرێبه‌سته‌كه ئه‌فرۆشێته‌وه حكومه‌ت. شه‌شه‌م: گرفتـى هه‌نارده‌كردن له ڕووى جیۆپۆله‌تیكیه‌وه، هه‌رێمـى كوردستان ڕاسته‌وخۆ سه‌رى له‌ناوخوانى كوتله ووزه‌كه‌ى ده‌ریاى سپـى ناوه‌ڕاست (میدیتریانه-Mediterranean) دایه، كه له ڕۆژهه‌ڵاتى ده‌ریاى سپى هه‌ریه‌كه له قوبرس و ئیسرائیل و میسر گازى سروشتى له‌كه‌نارى ده‌ریا به‌رهه‌م ئه‌هێنن، له‌گه‌ڵ یۆنانیش هاوپه‌یمانێتى ستراتیجی و لوتكه‌ى گازى سروشتیان هه‌یه. به (1900) كم به ژێر ئاودا هێڵى بۆڕى گه‌یشتۆته دوورگه‌ى كریت ى یۆنان. به‌ڵام ڕووسیاو ئێران ئه‌بنه مه‌ترسى گه‌وره له به‌رده‌م ئه‌وه‌ى گازى كوردستان بچێته سه‌ر نه‌خشه‌ى ووزه‌ى ده‌ریاى سپى. توركیاش له ڕۆژئاواى كوردستان داگیركارى ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و یه‌ده‌گه‌ى له‌وێ هه‌یه كه ته‌نها (180)كم ى ئاویی له قوبرسه‌وه دووره به‌و ئاڕاسته‌ى خۆرئاوا نه‌چێت. 4. 2. ژینگه‌ى عێراق هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان خراپــى دۆخـى ژینگه‌یی یه‌كێكى تره له هۆكاره‌كانى به فیڕۆدان و مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر ئاسایشى ووزه‌و مرۆیی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك: مادده‌ى 111 له ده‌ستورى عێراق ئه‌ڵێت: نه‌وت و غاز له عێراقدا موڵكى هه‌موو عێراقییه‌كانه له هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكان. هه‌روه‌ها مادده‌ى 112 ش ئه‌ڵێت: حكومه‌تى فیدراڵــى هه‌ڵئه‌سێت به ئیداره‌دانـى كه‌رتـى نه‌وت و غاز به هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێم و پارێزگاكان، وه دابه‌شكردنى داهات به پێى ژماره‌ى دانیشتوان و...تادوایی. لێره‌دا، حكومه‌تى عێراق زۆربه‌خراپـى ئیداره‌ى كه‌رتـى نه‌وت و غازى داوه، داهاتێكى زۆرى به فیڕۆداوه‌و، ژینگه‌و ژیانى عێراقى خستۆته مه‌ترسییه‌وه، بۆیه هه‌رێم و پارێزگاكانیش مافــى خۆیانه لێ پێچینه‌وه له حكومه‌تى فیدراڵى بكه‌ن له زۆر بابه‌تى مه‌ترسیداردا كه "هه‌رێمى كوردستان" به‌شێك نه‌بوه لێـى : " هه‌موو سه‌رى كاتژمێرێك له عێراقدا به به‌هاى (290) هه‌زار دۆلار گاز ئه‌سوتێت و به فیڕۆ ئه‌چێت، واته ڕۆژانه (6.9) ملیۆن دۆلار و ساڵانه‌ش ئه‌گاته زیاتر له (2.5) دوو ملیار‌و نیو دۆلار! ئه‌مه دۆخى ووڵاتێكه كه یه‌ده‌گى گازه سروشتییه‌كه‌ى به (126.7) تریلیۆن پێ سێجا ئه‌خه‌مڵێنرێت و ساڵانه (700) ملیۆن پێ سێجا گاز ئه‌سوتێنێت و به فیرۆى ئه‌دات. به ملیۆنه‌ها مۆلیده‌ى كاره‌بایی مانگانه دێته ناو عێراقه‌وه(11)، له‌كاتێكدا هه‌ندێكجار به‌یه‌كه‌وه له (14) پارێزگاى عێراق هیچ جۆره كاره‌بایه‌كیان له گه‌رماى هاویندا نییه! له دواى ساڵى (2003) ه‌وه (80) ملیار دۆلار بۆ كاره‌با خه‌رج كراوه! كه‌چى هێشتا له ساڵى (2022) دا عێراق بۆ خۆى (19000- 21000) هه‌زار مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م ئه‌هێنێت، به‌ڵام پێویستى به (30000) سى هه‌زار مێگاواته(12) (واته نزیكه‌ى 40%ى كاره‌با ئه‌بێت له‌ده‌ره‌وه هاورده بكات). به سێ هێنده‌ى نرخى ئاسایی بازاڕ گرانتر گاز له ئێرانه‌وه هاورده ئه‌كات، به‌ڵام ڕێگه به‌خۆى نادات له‌ناو وڵاته‌كه‌ى خۆیدا "كێڵگه‌ى كۆرمۆر" بپارێزێت و گاز له سنورى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه بۆ دابین كردنى كاره‌باى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق ببات! به پێى ڕاپۆرتى بانكى جیهانى له (2021) دا، ماوه‌ى چوارساڵه یه‌كله‌دواى یه‌ك عێراق له ڕیزبه‌ندى دووه‌مى ئه‌و وڵاتانه دێت كه گاز به فێرۆ ئه‌ده‌ن و ئه‌یسوتێنن، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ڕووسیاو ئهمریكاو وڵاتانى گه‌وره‌ى پیشه‌سازیی دیاره كه بۆچى ئه‌و گازه ئه‌سوتێنن، ئه‌ى عێراق له پێناو چى دا؟. 4. 2. 2. ته‌قاندنه‌وه‌ى بیر نه‌وته‌كانى گه‌یاره: نمونه‌یه‌كى مه‌ترسیدار له (تشرینى دووه‌مى 2016) داعش بیره نه‌وته‌كانى گه‌یاره‌ى له موسلً ته‌قانده‌وه، له ئه‌نجامدا زیان به‌ر (97) بیرى نه‌وت كه‌وتن، كه نۆژه‌نكردنه‌وه‌و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌یان زیاتر له (200) ملیۆن دۆلار تێچووى هه‌بو، (21) بیرى ته‌واوه‌تى له كێڵگه‌كه‌دا له كه‌ڵك و بایه‌خ خران. ئاگر و گڕه ژه‌هراوییه‌كه‌ى بۆ ماوه‌ى (8) مانگ به‌رده‌وام بو(13)، عێراق كه نزیكه‌ى (100) ساڵه نه‌وتى خۆماڵی كردووه، له‌توانایدا نه‌بو بیكوژێنێته‌وه، تواناى ته‌كنیكی له كوه‌یت و چه‌ند شوێنێكى ده‌ره‌وه بۆ په‌یداكرد. له ئه‌نجامدا چه‌ندین جۆرى مادده‌ى وه‌ها پیس خرایه ژینگه‌وه كه ووڵاتێكى گه‌وره‌ى پیشه‌سازیی له ساڵێكدا ئه‌وه‌نده زیان به ژینگه و پیسبونـى هه‌وا ناگه‌یه‌نێت، جگه له‌وه‌ى له ده‌وروبه‌رى گه‌یاره زیاتر له (100) خێزان ماڵبه‌ده‌ر بون و ناوچه‌كه به‌كه‌ڵكى ژیان نه‌ما!. دیمه‌نــى گڕگرتوى بیره نه‌وته‌كانـى گه‌یاره به‌هۆى ته‌قاندنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن داعشه‌وه (2016) وێنه: شه‌رقلئه‌وسه‌ت پێنجه‌م/ گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان: گرفته‌كان له كوێوه دێن؟ هه‌ر به ساده‌یی، بۆ نمونه: له یه‌كێك له كێڵگه‌كانماندا (10000) ده هه‌زار به‌رمیل نه‌وت یه‌كلابۆته‌وه‌و پروڤ كراوه، نرخى نه‌وت به (100$)ه، كه‌واته لێره‌دا(1) یه‌ك ملیۆن دۆلار هه‌یه. چۆن ئه‌مه بكه‌ین به پاره‌و ئه‌و پاره‌یه‌ش له نێوان وڵاتى خانه‌خوێ و كۆمپانیاكه‌دا دابه‌ش بكه‌ین؟ بێگومان هه‌موو شت له "گرێبه‌ست-Contract" ێكه‌وه ده‌ست پێ ئه‌كات. كه‌واته گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان ئه‌و پرۆسه‌ى چۆنیه‌تى دابه‌شبونى داهات و سه‌رمایه‌یه له نێوان لایه‌نه سودمه‌ندبوه‌كاندا، هه‌ر ئه‌مه نییه، به‌ڵكو به پێى گرێبه‌سته‌كه دیارى ئه‌كرێت كه كێ ئیداره‌ى پرۆسه‌كه بدات؟ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌ندین پرسى دیاریكراو وه‌كو: ژینگه، گه‌شه‌پێدانى ئابوریی ناوخۆیی و، ماف و پرۆگرامه كۆمه‌ڵایه‌تییه ناوخۆییه‌كاندا بكرێت(14). له واقیعدا، چوار جۆر گرێبه‌ستى نه‌وتى ستاندارد هه‌یه له جیهاندا (ئه‌گه‌رچى جۆرى دیكه‌ش هه‌یه). هه‌ر حكومه‌تێك مافى خۆیه‌تـى كام شێوازى گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ بارودۆخى جیۆلۆجى و سیاسی و ئابوریی و یاسایی و ده‌ستورى ئه‌ودا گونجاوه‌و، هه‌ڵی ئه‌بژێرێت. گرێبه‌سته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان هه‌ر هه‌مویان (جگه له كۆرمۆر كه هاوشێوه‌ى ئه‌وانه‌ى عێراقه) جۆرى "به‌شدارى به‌رهه‌مهێنانه". به‌ڵام ئه‌وانه‌ى حكومه‌تى عێراق هه‌مویان له‌سه‌ر شێوازى گرێبه‌ستى خزمه‌تگوزاریی-Service Contractن. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، چوار كارى گه‌وره‌ى له پرۆسه‌ى نه‌وت و گازدا ئه‌نجام داوه: یه‌كه‌میان، دامه‌زراندنى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان و ده‌رچواندنى یاساى ژماره (22) ى ساڵى (2007) ى تایبه‌ت به نه‌وت و گاز. دووه‌میان، ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان له‌سه‌ر شێوازى "به‌شدارى به‌رهه‌مهێنان" له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كاندا. چونكه له‌م جۆره گرێبه‌سته‌دا حكومه‌ت به‌رپرسیارێتى ڕیسكى كۆمپانیاكان و لایه‌نى ته‌كنیكى و نه‌گونجانى بیر‌و كێڵگه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى بكرێته بابه‌تى بازرگانى –Non Commercial هه‌ڵناگرێت. به‌تایبه‌تى له‌و سه‌رده‌مه‌دا تواناى ئابوریی و مرۆیی و ته‌كنیكى كوردستان زۆر له‌وه لاوازتربوه كه خۆى به‌شێك له‌و ئه‌ركانه له ئه‌ستۆ بگرێت. سێهه‌م، بونیادنانى ژێرخانى هێڵـى بۆڕى كوردستان، له‌سه‌ر ئاستى جیهاندا خێراترین بونیادنانه. كه زۆربه‌ى كێڵگه‌كان به‌یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها غازى سروشتى زۆربه‌ى كێڵگه‌كان به بۆڕى كۆنێكت كراوه به وێستگه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌باوه. چواره‌م، سه‌ره‌ڕاى تەنگژەکان تا ئه‌ندازه‌یه‌كى باشیش توانیویه‌تـى به‌رگه‌ى فشاره نێوخۆیی و عێراقى و ده‌ره‌كییه‌كان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بگرێت. 5. 1 . گرفته‌كان له كوێوه دێن؟ هه‌ر یه‌كێك له‌و چوار شێوازه جیهانییه‌ى گرێبه‌ستى نه‌وت لایه‌نى باش و خراپى خۆى هه‌یه. گرفته هه‌ره ئازاربه‌خشه‌كانى بوارى نه‌وت و گازى كوردستان له‌م خاڵانه‌ى لاى خواره‌وه دێن: یه‌كه‌م/ فریدریچ لیست-Friedrich List ، یه‌كێكى تره له پێشه‌نگه‌كانى قوتابخانه‌ى ڕیالیزم، ساڵى (1840) له ئه‌ڵمانیا كتێبى (سیسته‌مى نیشتیمانى ئابوریی سیاسی- The National System of Political Economy) ئه‌نوسێت. لیست، په‌یوه‌ندییه‌كى ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان هزرى سیاسی و سامانى ئابوریی دا دیارى ئه‌كات. ناسیۆنالیزمى ئابوریی گرێ ئه‌دات به وه‌رشه‌ى بچوك "مانیفاكتۆر"، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر خودى ده‌وڵه‌ت خۆى یان كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانى بوون به خاوه‌نى وه‌رشه‌و پیشه‌سازیى بچوك، ئیتر ئه‌توانن خۆیان به‌هێز بكه‌ن و كێبڕكێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تردا بكه‌ن. هه‌ربۆیه له چوارچێوه‌ى ئه‌وروپادا به‌ریتانیا وه‌ك لانكه‌ى شۆڕشى پیشه‌سازیی وه‌رشه‌و پیشه‌سازیی ئاڕاسته‌ى ئهڵمانیاكرد، ئهڵمانیهكانیش خۆیان بههێزكردو ململانێى ئه‌وانى تر‌ى پێ ئه‌كه‌ن! له‌دواى دووه‌مین جه‌نگى جیهانى جیهان "واقعییه‌ت- ڕیالیزم" كه‌وته خۆى و، یابان وه‌ك حكومه‌ت پاڵپشتى پیشه‌سازیی بچوكى كرد، ئینجا بوون به وڵاتێكى پیشه‌سازیی. لێره‌دا، هه‌رێمى كوردستان، یه‌كه‌یه‌كى نا- ده‌وڵه‌تییه‌و، یاریكه‌رێكى گرنگیشه له سیاسه‌تى ناوچه‌یی دا. به‌ڵام پێگه‌یه‌ك نییه بۆ پیشه‌سازیی و، هه‌موو كه‌ره‌سته سه‌ره‌تاییه‌كانى له‌ده‌ره‌وه هاورده ئه‌كات، كرێى هه‌موو وه‌به‌رهێنانێكیش خۆى ئه‌یدات. دووه‌م/ هه‌ر له ساڵى (2006) ه‌وه، پێویست بو له برى ده‌ستبردن بۆ گرێبه‌ستى نه‌وت له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا، كۆمپانیایه‌ك یان چه‌ند كۆمپانیایه‌كى كوردیی- خۆماڵـى- نیشتیمانـى- بوارى خزمه‌تگوزارییه‌كانـى نه‌وتیی- دیجتاڵیزه‌كراو بخرایه‌ته سه‌ر پێ، ئێستا‌و له‌ماوه‌ى ئه‌و شانزه ساڵه‌ى ڕابردودا، حكومه‌تى هه‌رێم تووشى به‌ڵاى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌و قه‌ره‌بودانه‌وه‌ى ئه‌و ده‌یان ملیار دۆلاره بۆ كۆمپانیا جیهانییه‌كان نه ئه‌بون له دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا. سێهه‌م/ تێچووى كۆمپانیاكان (Cost) زۆره، هه‌ر کۆمپانیاکانی بواری لۆجیستی و گواستنەوەو سه‌كیورتییه‌وه تا ئه‌گاته ده‌رچونى چه‌ند ئه‌ندازیارێك، تا ئه‌گاته ئه‌وانه‌ى خزمه‌تگوزاریی بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كان دابین ئه‌كه‌ن تێچووه‌كه‌یان زۆره. جگه له‌وه‌ى تێچووى به‌رهه‌مهێنانى به‌رمیلێك نه‌وت له هه‌رێم هه‌ر زۆرتره له‌وه‌ى له عێراق هه‌یه (زۆربه‌ى كات له هه‌رێم 17 دۆلار كه‌وتوه‌و له عێراق 11 دۆلار). ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌كى خۆماڵى بوارى نه‌وت له هه‌رێم دابمه‌زرایه، ئاسانتر لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌دا ئه‌كرا. چواره‌م/ ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌كى خۆماڵـى – كوردیی هه‌بوایه، له‌ماوه‌ى ئه‌و (16) ساڵه‌دا به هه‌زاران كادرى ته‌كنیكى و كارامه‌ى بوارى نه‌وت و گازى خۆماڵى كوردیی به‌رده‌ست ئه‌بون، له‌توانادا هه‌بو له وڵاتانى پێشكه‌وتووى بوارى نه‌وتدا وه‌كو: نه‌روبج، هیندستان، ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، چین، زۆرترین خول له بوارى مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كاندا له‌ناو كێڵگه نه‌وتییه‌كاندا ببینن. ئیمڕۆكه له ئه‌گه‌ر و مه‌گه‌رى به جێهێشتنى كۆمپانیا جیهانییه‌كاندا ئه‌م توانا مرۆییه- خۆماڵییه جێگه‌یان ئه‌گرتنه‌وه. ئه‌ى به‌ڵام! كۆمپانیا بیانییەکان هاتونەتە کوردستان: كرێكارى و شۆفێرى و پاسه‌وانى و ناونوسین به كورده‌كان و ده‌رچوانى زانكۆكانـى كوردستان ئه‌كات، به‌ڵام به‌رێوه‌به‌رو هێدو ئه‌ندازیارو ته‌كنیككاره و هێَچ ئاڕه‌كانى-HR داوه‌ته ده‌ست كه‌سانى بیانى و له‌گه‌ڵ خۆى هێناویه‌تى. كه‌واته پێش سه‌رچاوه سروشتییه‌كان دروستكردن و به‌ڕێوه‌بردنى سه‌رچاوه مرۆییه‌كان له‌ناوخۆى كوردستاندا بیرى لێ نه‌كراوه‌ته‌وه، یان به دوو هێڵى ته‌ریب نه‌هاتون. پێنجه‌م/ گرفتێكى دیكه‌ى بنچینه‌یی ئه‌وه‌یه، پرۆسه‌ى نه‌وت ته‌نها گرێبه‌ست و گه‌ڕان و پشكنین و ده‌رهێنان و پاڵاوتن نییه. به‌ڵكو هه‌نارده‌كردن و به بازاڕكردنى نه‌وت و گاز پێویستى به لۆبى بۆ كردنه له جیهانى پێشكه‌وتوودا. ئه‌مه‌ش لانى كه‌م به ئاماده‌گى كورد ئه‌بێت له باسوخواسته جیهانییه‌كاندا، له كۆڕوكۆڕبه‌نده گه‌وره‌كاندا به‌رگریی له‌پرسه‌كه‌ى خۆى بكات. یان هه‌رخودى خۆى ئه‌و جۆره كۆنفڕانس و پانێڵ و توێژینه‌وانه له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا ئه‌نجام بدات. بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م فاكت و سه‌رچاوه‌ى زانستى به‌رده‌ست بن، هه‌م پاڵپشتى جۆراوجۆر به‌دواى خۆیدا بهێنێت. سه‌رئه‌نجام پێش هه‌موو شتێك، گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم پێویستى به پێداچونه‌وه‌یه له‌و ڕوانگه تیۆرییه‌ى له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد. ڕۆشنتر له‌مه: به ئه‌گه‌رێكى زۆره‌وه، كه‌سانى باڵا له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا و له ماوه‌ى كابینه‌كانى پێشوتردا ده‌ست تێكه‌ڵاوییان هه‌بووه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كاندا (ڕاسته‌وخۆ بێت یان له ڕێگاى ئه‌ملاولاى دیكه‌وه). بۆ نمونه: هه‌ر به‌پێى ڕاپۆرته‌كانى ساڵى (2012 و 2013) وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان، حكومه‌تى هه‌رێم له باشترین دۆخى دارایی خۆیدا بووه له ماوه‌ى ساڵانى (2009 بۆ 2013). چى ئه‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى به ئه‌نقه‌ست ده‌ستهه‌ق و شایسته داراییه‌كانى كۆمپانیاكه نه‌درێت و، ئه‌ویش بچێته دادگاى نێوبژیوانى له‌نده‌ن سكاڵا تۆمار بكات و، دواتر (2 ملیار و 200) ملیۆن دۆلار له لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه وه‌ك قه‌ره‌بو بدرێته كۆمپانیاى داناگاز؟. ئینجا نرخى پشكى داناگاز و هاوبه‌شه‌كانى له هه‌ردوو كێڵگه‌ى كۆرمۆر و چه‌مچه‌ماڵ زیاتر كراوه، له‌سه‌روو ئه‌مه‌شه‌وه گرێبه‌سته‌كه‌ى داناگاز له (2037) كۆتایی دێت، دوانزه ساڵى دیكه‌ى بۆ درێژ ئه‌كه‌نه‌وه تا (نیسانى 2049). له‌به‌رئه‌وه‌ى جیهان ده‌مێكه ئاگادارى توانا هایدرۆكارنییه‌كانى ئه‌م ناوچه‌یه، پێویسته پرۆسه نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش هاوته‌ریبى پرسى وزه له جیهاندا بڕوات، باشترین كه‌ره‌سته‌ش بۆ ئه‌مه، ته‌نهاو ته‌نها به دامه‌زراوه‌یی كردنى پتر وپترى پرسى نه‌وت و گازه له هه‌رێمى كوردستاندا، تا له‌ناوه‌وه زیاتر بیر له پاراستنى ئاسایشى ووزه نه‌كرێته‌وه، له‌ده‌ره‌وه دانپیانان به ئاسانى مسۆگه‌ر ناكرێت. ئەگەر فەزاکە بە کۆمەڵێک دامەزراوەی نیشتیمانی و ئەمنی و ئابوریی و زانستی نەتەنرێت، ئەوا هەر خودی کۆمپانیاکان چەندین بۆسەو فێڵی یاسایی و دارایی و ژینگەیی ئەکەن، هەروەها جیاکاریی کۆمەڵایەتیش دروست ئەکەن. لەو سەرەوە ئەو کۆمپانیایە (هەیانە دوو سەت بۆ سێ سەت ساڵ ئەزمونی هەیە) دەیان ملیار سەرمایەگوزاری هەیە، ئامادەترە بۆ هەر پێشهاتێک، هەرێمی کوردستانیش دەیان سەرئێشيی ناوخۆیی هەیە، بۆیە ڕەنگە لە بۆسەیەکدا چەندین ملیار بدۆڕێنێت. هەریەکە لە کەنداو، تورکیا‌و ئیدارەی ئەمریکاو هێزێکی سەرەکیی لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێ عێراق لە چنگی ئێران دەربهێنن لە ڕێگەی پرۆژە ستراتیجییە ناوچەییەکانەوە. لە هەموو حاڵەتێکدا ئێران و ڕووسیا هەموو هەڕەشەو مەترسییەک بۆ سەر گاز و نەوتی کوردستان درووست دەکەن ئەگەر بەرەو دەریای ناوەڕاست بچێ (چوونکە کارئاسانی بۆ بازاڕی وزەی خۆرئاوا دەکا)، وە هەموو هێرش و مەترسییەکیش درووست دەکەن ئەگەر بەغداو شارەکانی باشوور کارەبا لەهەرێمەوە هاوردە بکەن، چوونکە ئەمەش یەکسانە بە وەستاندنی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق، یەکسانە بەو ئامانجەی ئەمریکا دەیەوێ بە هیچ ڕێگەیەک دۆلار نەگاتە دەست ئێران. بۆیە هەرکاتێك دەنگۆی فراوانترکردنی کێڵگەی کۆرمۆر هەبو، هەرکاتێک ئیدارەی ئەمریکاو ئیمارات یان تورکیا‌و هەرێم باسێکی کێڵگەی کۆرمۆریان کرد، یاخود لێدوانێک لە هەرێم و بەغداوە بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی هەبوو، ئەوا لە لای دووز و لادێکانی دەوروبەرییەوە، هێزە دەمامکدارە- چەکدارە- شیعییەکان بە درۆن بێ یان بە چەکی دیکە پەلاماری کۆرمۆر دەدەن. باشترین چارەسەریش بۆ ئەمە پاراستنی ئاسمانی ناوچەکەیە. ڕاسپـــــارده‌كـــان یه‌كه‌م/ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و ده‌رفه‌ته گه‌وره‌یه‌ى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت و گاز له چوارچێوه‌ى قه‌یرانى ئابوریی جیهانى له‌مه‌ڕ پرسى وزه له ده‌ست نه‌دات، پێویسته له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق و په‌رله‌مانى عێراق له ڕێگه‌ى تیمى پسپۆڕه‌وه، بگه‌نه ڕشته‌یه‌ك بۆ ده‌رچواندنى یاساى نه‌وت و گازى عێراقى. ئه‌مه تا ئه‌ندازه‌یه‌كى زۆر هه‌رێم و حكومه‌تى مه‌ركه‌زی له‌گرفته‌كان دوور ده‌خاته‌وه. دووه‌م/ خۆ- دوورگرتن له درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى گرێبه‌ست بۆ هه‌ر كۆمپانیایه‌كى ده‌ره‌كى و لۆكاڵى، هه‌روه‌ها سه‌رپێخستنى كۆمپانیاى خزمه‌تگوزاریی بوارى نه‌وت و گاز، پاشان كۆمپانیاى خزمه‌تگوزاریی بوارى ووزه نوێبوه‌وه‌كان به پێى پلانى یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ ساڵى (2030) و (2040). تاوه‌كو له‌م ڕێگه‌یه‌وه گاز‌و نه‌وتێكى كه‌م له‌ناوه‌وه به‌كار ببرێت، ژینگه پاكتر بێته‌وه‌و، سه‌رنجى وڵاتانى پێشكه‌وتوو و پیشه‌سازیی بۆ ئه‌م ناوچه‌یه ڕابكێشرێت. سێهه‌م/ مه‌ترسییه ژینگه‌یی و ئه‌منییه‌كانى كه له عێراقه‌وه دێن به هه‌ند وه‌ربگیرێت. بۆ به‌رگرتن به‌م كاره‌ساته، پێویسته پێشوه‌خت له كوردستان كادیرى كارامه‌و ئه‌ندازیارى خۆماڵى پێشوه‌خت كه خاوه‌نى بڕوانامه‌ى پراكتیكى و تیۆرى بن له بوارى " ده‌سته‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى نیشتیمانى له سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى پیشه‌یی به "NEBOSH" ناسراوه. یاخود بڕوانامه‌ى "دامه‌زراوه‌ى سه‌لامه‌تى و ته‌ندروستى پیشه‌یی كه به "IOSH" ناسراوه. چواره‌م/ هه‌رێمى كوردستان پێویسته وه‌ك وڵاتانى قه‌ته‌رو ئیمارات له ناوه‌نده كاریگه‌ره‌كانى جیهاندا بۆ خۆى لۆبى بكات. لایەنی کەم پێش ئەوەی ئێران و هێزە نیزیکەکانی لەناوچەکەدا بێنە دەست و گرفت درووست بکەن، ئاسمانی هەرێمی کوردستان و کێڵگەی کۆرمۆر بەهاوبەشی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا بپارێزن، کێڵگەیەک کە نیزیکەی سێ لەسەر چواری کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و، لەمەولا هەناردەی بۆ کەرکوکیش دەبێ! بۆیە پێویستە ساڵانه به ده‌یان ملیۆن دۆلار بۆ ئه‌و بواره خه‌رج بكات له هاندانى ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌و، كۆنفڕانسه جیهانییه‌كاندا گوتارى خۆى نیشان بدات. پێنجه‌م/ شه‌فافیه‌ت! بابه‌تێكى ئه‌وه‌نده قورس نییه كه ده‌سته‌ڵاتى سیاسیی به‌ده‌ستییه‌وه گیرى خواردووه‌و، به‌هۆى ئه‌م هه‌ڵانه‌شه‌وه كه‌سانى به‌تاڵ و ده‌نگه-ده‌نگ كه‌ر چونه‌ته په‌رله‌مانه‌كانه‌وه‌و، به‌ڕاست و چه‌پدا كه‌سێتى كیانى كوردیی له‌كه‌دار ئه‌كه‌ن. هیچ پێویست به ووردبینى ڕێكخراوه بیانییه‌كانیش ناكات. له‌ناو بازاڕى هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى و چه‌مچه‌ماڵ و شاره‌كانى تر شاشه‌یه‌كى ته‌له‌فزیۆنى گه‌وره هه‌ڵبواسێت و، ڕۆژانه‌و شه‌وانه داتا‌و وێنه‌و چالاكییه‌كانى تیا بڵاوبكرێته‌وه (ئه‌وه‌نده‌ى پێویست بێت). ئه‌مه ئه‌بێته مۆدێلێكى نوێ بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌ت دا. شه‌شه‌م/ گوتاره‌كه بۆ جیهان و نوێنه‌رایه‌تییه دیبلۆماسییه‌كان ئاوهایه " ئێمه دوێنێ له‌سه‌ر زه‌وى تاكه هێزبوین شه‌ڕى داعش و گروپه تیرۆریستیه‌كانمان كرد، ئیمڕۆكه‌ش كه جیهان كه‌وتۆته قه‌یرانى ئابورییه‌وه به هۆى پرسى ووزه‌و ئاسایشى خۆراكه‌وه، ئاماده‌ییمان نیشانداوه بۆ ئه‌وه‌ى گاز‌و نه‌وتى كوردستان بخه‌ینه ڕوو. فه‌رموون له چوارچێوه‌ى ئه‌م ناتۆ نوێیه‌ى ئێوه بۆ وێناكردنه‌وه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌ستتان داوه‌تێ ئێمه چى بكه‌ین؟." حه‌وته‌م/ ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست (میدیتریانه) تاكه حه‌وزه‌ى ووزه‌و جیۆپۆڵه‌تیكى گرنگه به‌ده‌ست خۆرئاواوه مابێت له‌ناوچه‌كه‌دا. ناوچه‌ى قه‌زوین له ژێر كۆنترۆڵى ڕووسیاو ئێراندایه، كه‌نداویش خۆى له ڕێگه‌ى ئیماراته‌وه هه‌وڵ ئه‌دات خۆیان بگه‌یه‌ننه حه‌وزه‌و هێڵى بۆڕى ڕۆژهه‌ڵاتى ده‌ریاى سپى. ئه‌م ناوچه‌یه ڕاسته‌وخۆ سه‌رى له‌ناوخوانى كوردستاندایه. هه‌رێمى كوردستان به نهێنى یان به ئاشكرا پێویسته به‌رده‌وام وه‌فدو لۆبیست و دامه‌زراوه‌ى زانستى له‌م ناوچانه‌و له ئهمریكاو له‌نده‌ن ئاماده بێت. به‌لاى كه‌مه‌وه، ئه‌و وڵاتانه ئه‌توانن هاوكارى ته‌كنیكى و ئه‌منى و دیبلۆماسی پرسى ووزه‌ى كوردستان بن. هه‌شته‌م/ دیاریكردنى قووڵایی ستراتیجى هه‌رێمى كوردستان، قووڵایی ستراتیجیی هه‌میشه به‌و ناوچه‌و پێگانه ئه‌وترێت كه ئه‌كه‌ونه نێوان خۆت و دوژمنانه‌وه. به‌مجۆره هه‌ر له جه‌له‌ولاوه تا ئه‌گاته خانسۆر و سنونێ قووڵایی ستراتیجى كوردستانه. پێویسته چ كورد خۆى هێزى هه‌واڵگریی و سه‌ربازیی له‌وناوچانه بێت، چ بتوانێت كار له‌سه‌ر ڕاگرتنى ئاگر (Fire Break) بكات، ئه‌مه به‌و حاڵه‌ته ئه‌وترێت كاتێك خه‌رمانێك هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى ئاگره‌كه‌ى پێ نه‌گات، له دوورى چه‌ند سه‌ت مه‌ترێكه‌وه چاڵێك هه‌ڵئه‌كه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ئاگرێك هات نه‌گاته خهرمانهكه. نۆیه‌م/ هه‌رێمى كوردستان به هۆى پاڵپشتییه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه بێت، یاخود دۆزینه‌وه‌ى ڕێگا چاره‌یه‌كى ده‌ستوریی و یاسایی له لایه‌ن عێراقه‌وه، دامه‌زراندنى چوارچێوه‌یه‌كى به‌رگریی ئاسمانى پێشكه‌وتوو بخاته گفتوگۆوه. ده‌یه‌م/ كه‌رتى بانكیی له هه‌رێمى كوردستاندا لاوازه، له پشت هه‌موو سیسته‌مێكى ئابوریی ڕاوه‌ستاوه‌وه، سیسته‌مێكى بانكى پێشكه‌وتوو هه‌یه. له‌كاتێكدا له كوردستان بانكه بازرگانییه‌كان هیچ قازانجێكى ئه‌وتۆ ناگه‌یه‌نن و، بانكه‌كانى دیكه‌ش ته‌نها كاریان بووه‌ته بابه‌تى دابه‌شكردنى مووچه. یانزه‌هه‌م/ به پێى به دواداچونه‌كانمان كۆمپانیاى نه‌وت پێویسته (5) جۆر باج بدات، پێویسته هه‌رێمى كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك له هیچ جۆره باجێك خۆش نه بێت له پێناو ڕێكخستنه‌وه‌و زیادكردنى داهات دا. ----------------------------------------------------------------------------------------------------------- به‌هرۆز جه‌عفه‌ر/ دامه‌زرێنه‌رو سه‌رۆكى په‌یمانگه‌ى مێدیتریانه بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى، دكتۆرای هەیە له په‌یوه‌ندییه ئابورییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
درەو: نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغداد، لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، دوای گەڕانەوەی لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوەو پێش دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن چارەنووسی هەڵبژاردن یەكلا دەكاتەوە، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی "بەم دیزاینە پێشەوەختەوە هەڵبژاردن نەكرێت"، بارزانی دەڵێت: دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە، یەكێتی لە بازنەكان دەستی بە ئامادەكاری هەڵبژاردن كردووە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: هەڵبژاردن دەكرێت و یەك دەقەش دواناخرێت. لەنێوان پێداگری پارتی و یەكێتی بۆ ئەنجامدان و دواخستنی هەڵبژاردن، چارەنووسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەكوێ دەگات؟ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە پێی بڕگەی دووەمی مادەی دەیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات، واتا بڕیاری دیاریكردن و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دەستی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندایە. نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، بەڵام (پارتی دیموكراتی كوردستان) تێبینی هەیەو داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات، بەتایبەت تێبینییەكانی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان و پێكهاتەی كۆمسیۆن و چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن و هەندێك تێبینی تر لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەكەی عێراقەوە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە تەماشاكردنی تانەكانی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی عێراقەوە. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی (4) جار مەرسوومی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە، ئەگەر ئەم وادەیەش دوابخات ئەوا دەبێتە پێنجەم مەرسووم بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن. • رۆژی 24/2/2022 مەرسومی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 1/10/2022 • رۆژی 26/3/2023 مەرسومی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 18/11/2023 • رۆژی 3/8/2023 مەرسومی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 25/2/2024 • رۆژی 3/3/2024 مەرسومی دەركرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 10/6/2024 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ناوی لیستەكەی تۆماركردووە، وادەی وەرگرتنی ناوی كاندیدەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە مانگی رابردوو كۆتاییهات و پارتی ناوەكانی رادەست نەكرد، لە تیروپشكی ژمارەی لیستەكانیش ژمارەی لیستی پارتی دیارینەكرا، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لەدەرەوەی ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەو كۆمسیۆنیش لە نوێترین لێدوانی‌دا لە رێگەی وتەبێژەكەیەوە دەڵێت: لەسەر ئامادەكارییەكان بەردەوامن و هیچ بڕیارێك نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نێردە دیبلۆماسیەكاندا هەڵوێستی حزبەكەی روون دەكاتەوە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە دیداریدا لەگەڵ نوێنەری یەكێتی ئەوروپاو باڵیۆزی فەرەنسا بەڕوونی وتوویەتی: • ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن • سیغەیەكی گونجاو بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە • كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن. • ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت. • چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت. • دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەكنیكی. (درەو) لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان قسەی كرد ئەوان باسیان لەوەكرد، كۆمسیۆنی ئێستا پێكهاتەكەی و هەنگاوەكانی پلانێكی دیزایینكراوە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی نایەوێت بەم ستافەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەگەر تەواوی داواكارییەكانی پارتی جێبەجێبكرێت هێشتا هەڵبژاردن ئاستەمە بكرێت، پارتی پێی وایە ئەو پێكهاتەو ستافەی كۆمسیۆن موعەدەلەیەكی عێراقی نیە، پارتی پشك و بڕیارێكی لەم كۆمسیۆنەدا نیە، بۆیە پارتی گومانی لەم كۆمسیۆنە هەیەو نایەوێت بەم كۆمسیۆنە هەڵبژاردن بكرێت. ئەو سەرچاوانەی پارتی ئەوەشیان بۆ (درەو) باسكرد، پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریكراوەو بەم كۆمسیۆنە بەرێوەنەچێت، نەك لەبەر پرۆسەكە بەڵكو لەبەر كۆمسیۆنەكە چونكە یەك هەنگاو دوابخرێت ئیتر كۆمسیۆنی عێراق وادەكەی بەسەر دەچێت لە (7/7) ئیتر ناتوانێت هەڵبژاردن بكات و بە ئەستەم دەتوانێت لەناو پەرلەمانی عێراقیش جارێكی تر كۆمسیۆن بەو دیزاین و پێكهاتەیەی ئێستایەوە هەڵبژێردرێتەوە، پارتی دەیەوێت پێكهێنەرە سەرەكییەكانی عێراق دەستیان هەبێت لە دیاریكردنی ئەندامانی كۆمسیۆن نەك كۆمسیۆنی عێراق بەناوی بێلایەنەوە ئەندامەكانی دیاریبكرێن و دواتریش لەبەرژەوەندی لایەنێك یان پێكهاتەیەكی دیاریكراو بڕیاربدات و دوو پێكهاتەكەی تر (كورد و سونە) وەڵا بنرێن. واتا بیانووی پارتی بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن بە پلەی یەكەم كۆمسیۆنە نەك بیانووەكانی دیكە. بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێگەی سەرۆكەكەیەوە (بافڵ تاڵەبانی) جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكاتەوە لەوادەی خۆیدا. یەكێتیی كە لەدوای بردنەوەی سكاڵاكەی دادگای فیدراڵییەو (21ی شوباتی 2024)، یاسای هەڵبژاردنی بەو جۆرە لێكردووە كە دڵخوازی خۆیەتی (چوار بازنە، سەرۆكی كۆمسیۆن نزیكی خۆیەتی، پێكهاتە نەماوە...) بۆیە دژی دواخستنی هەڵبژاردنە. لە دیداری سلێمانی بافڵ تاڵەبانی میدیاكانی بانگ‌كرد بۆ وتنی یەك دێڕ "هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت" ( درەو) لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی قسەیكرد، ئەوان باسیان لەوەكرد، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پێی وتوون یەكێتی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆی (10ی حوزەیران) بەهیچ شێوەیەك هەڵبژاردن دواناخرێت، تەنانەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی وتوویەتی" بڕۆن بەردەوام بن لەسەر كار‌و بەرنامەكانتان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كەس ناتوانێت هەڵبژاردن دوابخات و دەبێت لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت و بۆ یەك دەقەش دواناخرێت" بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی وتووە" بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین هەڵبژاردن دوابخرێت، هەڵبژاردن دەبێت لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت" بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی كە دابەشكراون بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا رۆژانە كاری خۆیان دەكەن و پلانەكانی هەڵبژاردن جێبەجێ دەكەن. بەڵام سەرەڕای سوربوونی یەكێتی لەسەر هەڵبژاردن، دەسەڵاتی دواخستن و نەكردنی هەڵبژاردن لە دەستی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە، چەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی ئەوەیان بە (درەو) وت كە نێچیرڤان بارزانی سسەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی نیگەران و نایەوێت جارێكی تر هەڵبژاردن دوابخات یان وادەیەكی تر دیاری بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن چونكە كە لە 3/3/2024 وادەی (10/6/2024)ی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵًبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رای سەرجەم حزبەكانی هەرێمی كوردستانی وەرگرت و سەرجەم حزبەكان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە رازی بوون بەو وادەیە. چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان؟ ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە، بۆ ئەوەی بڕیار بدات هەڵبژاردن دوابخرێت یاخود لەكاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت؟ سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: لە سەردانەكەی هەفتەی داهاتووی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی چەند سیناریۆیەك بۆ ئەنجامدان یاخود دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دوای گەڕانەوەی لە بەغداد نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان كۆدەبێـتەوەو بڕیاری كۆتایی لەسەر هەڵبژاردن دەدات. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) نێچیرڤان بارزانی پێش دەستپێكردنی وادەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڕیار لەسەر دواخستن یان دیاریكردنی وادەیەكی تر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات. زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بە چەند سیناریۆ دەكەن: • دواخستن یان دیاریكردنی وادەیەكی تر بۆ هەڵبژاردنی پەرەلەمانی كوردستان لە مانگی (10 یان 11)ی ئەمساڵ 2024. • دواخستنی هەڵبژاردن بۆ مانگی (10)ی ساڵی داهاتوو 2025 و ئەنجامدانی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. • دواخستنی تا چارەسەركردنی كێشەكان و هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردن. • ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیداو جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكانی پارتی. كێ یارییەكە دەباتەوە؟ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دوو ئەگەردایە ئەنجامدان یان دواخستن، لەهەر حاڵەتێكیاندا پارتی یان یەكێتی زیان دەكات. • ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بكرێت بەبێ پارتی، ئەوا بۆ یەكێتی و بۆ سوربوونی بافڵ تاڵەبانی دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە، هەرچەندە كاریگەرییەكانی زۆر دەبن چونكە ئەستەكە پرۆسەی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت بە بێ پارتی لە هەرێمی كوردستان. • دواخستنی هەڵبژاردن، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و خودی مەسعود بارزانی دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە، بەو پێەی سەرجەم حزبەكان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام بە دواخستنی واتا هیچ پرسێكی گرنگ و چارەنووسساز بەبێ پارتی ناكرێت و پارتیش بەدواخستنی بەشێك لە كارتەكانی دەستی یەكێتی دەسوتێنێت و ئەوەی دەیەوێت بەدەستی دێنێت.