گومان دەكرێت لە هەولێر ساختە بكرێت
2020-06-23 13:34:41
(درەو):
دەرمانی (ئەڤیڤاڤیر) كە بەمدواییە لە روسیا بەرهەم هاتو دەوترێت كاریگەری باشی لەسەر ئەو كەسانە هەیە كە توشی ڤایرۆسی كۆرنا بوونو دۆخی تەندروستییان خراپە، لە عێراق مشتومڕی دروستكردووە.
وەزیری تەندورستی عێراق هەفتەی رابردوو رایگەیاند، عێراق بە رێككەوتن لەگەڵ روسیا دەرمانەكە بەرهەم دەهێنێت.
بڕیاربوو كۆمپانیای (سامەڕا) دەرمانە روسییەكە بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق بەرهەم بهێنێت، ئێستا لەناوەندی سیاسی عێراق دەنگۆ هەیە گرێبەستی بەرهەمهێنانی دەرمانەكە دراوە بە كۆمپانیایەكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر.
هەندێك قسەوباس لەبارەی كەیسەكەوە دزەیكردووەتە ناو میدیاكانی عێراق، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق كە سەربە هاوپەیمانێتییەكەی موقتەدا سەدرە (سائیرون) تۆمەتبار دەكرێت بەوەی رێككەوتنی ژێربەژێری كردووەو ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراقیش تێوەگلاون لە گەندەڵیكردن لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی دەرمانەكە.
بەپێی ئەوەی باسدەكرێت، ژمارەیەك پەرلەمانتار دەیانەوێت دەرمانەكە لە هیندستانەوە هاوردە بكەنو لە كۆمپانیاكەی هەولێر بەرگی تێبگرنو بەنرخێكی گرانتر بە وەزارەتی بفرۆشنەوە، لە كاتێكدا كوالیتی دەرمانەكە هەمان ئەو كوالیتییە نییە كە لە روسیا دروستكراوەو نرخەكەشی زۆر زیاتر دەكەوێت لە نرخی راستەقینەی دەرمانەكە.
بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، وەزارەتی تەندروستی روسیا ئاگاداری ئەو گومانانەی گەندەڵییە كە لەسەر پرۆسەكە لە عێراق دروستبووە، بۆیە رەتیكردوەتەوە دەرمانەكە بە عێراق بدات، بەڵام ئەم زانیارییە تائێستا پشتڕاست نەكراوەتەوە.
لە عێراق زۆربەی حزبەكان لیژنەی ئابورییان هەیە، كاری ئەم لیژنانە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی حزبە لەناو وەزارەتەكانی حكومەتدا، لەم كەیسەدا پەنجەی تۆمەت بۆ رەوتی سەدرو پارتی دیموكراتی كوردستان رادەكێشرێت كە گوایە لە پشتەوە رێككەوتنیان كردووە لەبارەی چۆنیەتی بەرهەمهێنانی دەرمانە روسییەكە.
ئیبراهیم سومەیدەعی چاودێری سیاسی عێراق یەكێك لەو كەسانەیە كە قسە دەكات لەبارەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی دەرمانە روسییەكە لە عێراق، ئەو لە فەیسبوكی خۆی ئەم بابەتەی بڵاوكردوەتەوە:
هەموو ئەوەی دەتەوێت لەبارەی دەرمانە روسییەكەوە بیزانی
• وەزارەتی تەندورستی عێراق پەیوەندی بەرایی كردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەم چارەسەرە، بەڵام دواتر پاشەكشێی كردووەو لەو بڕوایەدام هۆكارەكەی گرانی نرخی دەرمانەكەیە، نرخی پاكەتێك لە دەرمانەكە (600 دۆلار)ە، بۆ یەك نەخۆش دوو پاكەت لە دەرمانەكە پێویستە كە (80 دەنك حەبە)، واتە (هەزارو 200 دۆلار).
• چەند لایەنێكی خۆبەخشی عێراقی دەیانەوێت بڕێك لەم دەرمانە لەشێوەی بەخشین لە حكومەتی روسیا یاخود ئەو كۆمپانیا روسیانە وەربگرن كە لە عێراق كاردەكەن، بەتایبەتی كۆمپانیا نەوتییەكان.
• ئەو نامە دەنگییەی كە دزەی كرد گوایە باڵیۆزخانەی عێراقە لە مۆسكۆ، هی باڵیۆزخانە نییە، بەڵكو هی پیاوێكی سەرمایەداری عێراقییە لە بیلاروسیا نیشتەجێیە كە دكتۆر ماجید قەیسی-یە.
• وەزیری تەندروستی عێراق لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاند وەزارەتەكەی دەستدەكات بەبەرهەمهێنانی دەرمانەكە لەڕێگەی كۆمپانیای (سامەڕا)وە، دەوترێت لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە لە كوردستان.
• دوێنێ لە نامەیەكی دەنگی واتساپدا كە بەشێوەیەكی بەرفراوان دەستاودەستی كرد وتم من زانیاری پشتڕاست نەكراوەم هەیە كە وەزارەت دەرمانەكە لە هیندستانەوە هاوردە دەكاتو وەكو بەرهەمێكی عێراقی لە پاكەتی دەكاتو هەر پاكەتێكی بە (300 دۆلار) دەفرۆشێت، وتم هەمان دەرمان لە چین هەیەو لەلایەن حكومەتی چینەوە پەسەندكراوەو دەتوانێت لەوێ پاكەتی بە (7 دۆلار) بكڕیت.
• لەم ساتەدا تیمێكی پزیشكیی پێشكەوتوو (نافەرمی) بەراوردكاری دەكەن لەنێوان كۆپی دەرمانە روسیو چینیو ژاپۆنییەكەو دەیخەنە بەردەم لایەنی پەیوەندیداری تایبەتمەند بۆ ئەوەی وردبینی تێدا بكەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەرمانەكە لە باشترین كۆگاو بە كەمترین خەرجیو دوور لە هەر گومانێكی گەندەڵی، ئەگەر حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی شەفافو ئاشكراو بەبێ هیچ عمولەو قازانجو بەرژەوەندییەكی تایبەتی پێشنیازەكان وەربگرێت، بەپێچەوانەشەوە چەندین هەوڵ هەن بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ ئەو مەبەستە.
لەبارەی دەرمانەكەوە
دەرمانی (ئەڤیڤاڤیر) كە لەشێوەی حەبدایە، بۆ یەكەمجار لەلایەن كۆمپانیایەكی ژاپۆنییەوە لە ساڵی 1995 دروستكراوە، دەرمانەكە رێگری دەكات لەوەی ڤایرۆس لەناو جەستەی مرۆڤیدا خۆی كۆپی بكاتەوە، كاتێك ژمارەی توشبوانی كۆرۆنای كۆڤیدی-19 لە روسیا زیادی كرد، پسپۆڕانی روس گەشەیان بە دەرمانە ژاپۆنییەكەداو دروستیان كردەوە، بۆیان دەركەوت كاریگەری باشی لەسەر توشبووانی كۆرۆنا هەیە.
ڤیلادیمیر پۆتن سەرۆكی روسیا بەرگری لە دەرمانە نوێیەكە كردو رایگەیاند، دەرمانەكەی روسیا ئێستا لەسەر ئاستی جیهان كاریگەرترین چارەسەرە بۆ كۆرۆنا.
هاوكات لەگەڵ بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە دانوستانی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی روسیا دەستپێكرد.
بەپێی قسەی زیاد حازم پسپۆڕی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەرخ لە بەغداد، تیمێكی پزیشكانی عێراق سەردانی روسیا دەكەن بۆ ئاگاداربوون لە كاریگەری دەرمانی (ئەڤیڤاڤیر) لەسەر توشبوانی كۆرۆناو كۆتایی ئەم هەفتەیە دەرمانەكە لە عێراق بەردەست دەبێت.
زیاد حازم دەڵێ: دەرمانە روسییەكە بەتەواوەتی لە عێراق دروستناكرێت، بەڵكو ماددە خاوەكەی هاوردە دەكرێتو لە كەپسول دەنرێت، چونكە عێراق مافی بەرهەمهێنانی نییە.
باسلەوەشدەكات، دەرمانەكە لەناو دەرمانخانەكان دەستناكەوێتو تەنیا لە وەزارەتی تەندروستیو دامەزراوە تەندروستییەكاندا دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چارەسەرە روسییەكە دەگاتە هەرێمی كوردستانیش.
دەرمانە روسییەكە چارەسەری پاڵپشتییە بۆ روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا، نەك ڤاكسین، تا ئێستا ئەوەی وەكو چارەسەر زۆر سودی لێدەبینرێت بەكارهێنانی پلازمای خوێنی توشبووانە، لەسەر ئاستی وڵاتو كۆمپانیاكان ركابەرێتی بەهێز هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا، وڵاتو كۆمپانیاكان دەیانەوێت دوای ئەو زیانە ئابورییە زۆرانەی بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە بەریانكەوت، بەدۆزینەوەی چارەسەر سودە ئابورییەكەی كۆرۆنا لەبەرژەوەندی خۆیان بشكێننەوە.