(درەو) وردەكاری رێككەوتنەكە بڵاودەكاتەوە
2020-06-26 16:11:20
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
حكومەتی هەرێمی كوردستانو عێراق رێككەوتن، ئێستا رێككەوتنەكە تەنیا واژۆكردنی ماوە، ئەگەر رێككەوتنەكە واژۆ بكرێت مەسرور بارزانی یەكەم بەڵێنی خۆی جێبەجێ دەكات كە رێككەوتن بوو لەگەڵ بەغداد، حكومەتی هەرێم رەزامەندی نیشانداوە داهاتی تەواوەتی نەوت دوای لێدەركردنی خەرجییەكان رادەستی بەغداد بكات، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری رێككەوتنەكە بڵاودەكاتەوە.
كۆبونەوەیەكی گرنگ
وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكرد، دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدادو گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق، گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕیارە سبەینێ وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆببێتەوەو لە دواین گۆڕانكاریو وردەكاری گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئاگاداری بكاتەوەو پێكەوە دواین بڕیاری بدەن.
كۆبونەوەكەی وەفدی حكومەتو مەسرور بارزانی كۆبونەوەیەكی گرنگو مێژوییە، ئەگەر بڕیاری كۆتایی تێدا بدرێت، بۆ یەكەمجار هەرێمی كوردستان داهاتی نەوت رادەستی بەغداد دەكاتو دەبێت بە سەرەتای قۆناغێكی نوێ كە وردە وردە دەستی توركیا لەناو نەوتی هەرێم دەكێشێتەوە.
هەرێمو بەغداد رێككەوتن
بەپێی ئەو زانیارییانە كە دەست (درەو) كەوتوون، وەفدی حكومەتی هەرێم لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتوەنەتە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی نەوتو بودجەو ئێستا رێككەوتنەكە تەنیا ئیمزاكردنی ماوە.
(درەو) زانیویەتی رێككەوتنی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمو حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمشێوەیەیە:
• حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی تەواوەتی نەوت دوای لێدەركردنی خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوە رادەستی بەغداد دەكات، واتە حكومەتی هەرێم پارەی نەوت رادەستی بەغداد دەكات نەك نەوتەكە، هەرێمی كوردستان رۆژانە (450 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت داهاتی تەواوەتی ئەم نەوتە دوای لێدەكردنی خەرجییەكان، رادەستی بەغداد بكات.
• حكومەتی هەرێم رێژەی 50% داهاتی ناوخۆی دامەزراوە فیدراڵییەكانی وەكو (دەروازە سنورییەكانو فڕۆكەخانەكانو فەرمانگە فیدراڵییەكان) رادەستی بەغداد دەكات.
• بەپێی رێككەوتنەكە، حكومەتی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەبەرامبەر رادەستكردنی داهاتی نەوتو ناوخۆ، مانگانە بڕی (550 ملیار بۆ 600 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم بدات.
• رێككەوتنەكە بەجۆرێك كراوە، ئەگەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بەرزبووەوە، حكومەتی بەغداد بەپێی بەرزبونەوەی نرخ بەشە بودجەی هەرێم زیاد بكات.
• سەبارەت بە فشارو رێگرییەكانی توركیا لە كەیسی نەوتی هەرێمدا، بەرپرسانی بەغداد بەڵێنیان بە وەفدی حكومەتی هەرێم داوە، ئەگەر توركیا رێگری كرد، خۆیان كێشەكان لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، فشارەكانی ئەمریكاو بەریتانیا كاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی حكومەتی هەرێمو بەغداد جارێكی تر لەبارەی پرسی نەوتو بودجەوە بگەنە رێككەوتن.
لێكەوتەكانی رێككەوتنەكە
ئەگەر رێككەوتنەكە دوچاری هیچ كێشەو گرفتێك نەبێتەوە، پێشبینی دەكرێت ناوەڕاستی هەفتەی داهاتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم خۆی بچێتە بەغدادو لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنەكە ئیمزا بكات، هەندێك لە سەرچاوەكانی زانیاریی پێشبینی دەكەن، رەنگە بۆ خۆبەدورگرتن لە توڕەیی شەقامو بەدیاریكراویش لایەنە شیعەكان، مستەفا كازمی خۆی ئیمزا لەسەر رێككەوتنەكە نەكاتو لەبری ئەوەی تیمی هەردوو حكومەت رێككەوتنەكە واژۆ بكەن، لەم حاڵەتەدا پێشبینی ناكرێت مەسرور بارزانی خۆی بچێت بۆ بەغدادو رەنگە قوباد تاڵەبانی رێككەوتنەكە ئیمزا بكات.
رێككەوتنەكە بەرلەوەی خەڵكی كوردستان لە قەیرانی دارایی رزگاربكات، حكومەتی مەسرور بارزانی لە ئەگەری لێكهەڵوەشان رزگار دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا یەكێتی وەكو لایەنێكی پێكهێنەری حكومەت هەڕەشەی كشانەوە دەكات ئەگەر رێككەوتن نەكرێتو كێشەی موچە چارەسەر نەكرێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەژێر فشاری توندی حزبەكەیدایە، لەدواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، تەنیا بە مەرجی رێككەوتن رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر ئەوەی جارێكی تر قوباد تاڵەبانی بە سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم بچێتە بەغداد، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بەهۆی ئەو رەخنە زۆرانەی كە لە بڕیارەكەی حكومەت سەبارەت بە دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران گیراوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە ئامادەیە دەست لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بكێشێتەوە.
لەلایەكی ترەوە، ئەگەر رێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، گورزێكی بەهێز دەبێت كە مەسرور بارزانی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی دەداتو كۆتایی بە دەستڕۆیشتووی نێچیرڤان بارزانی دەهێنێت لە كەیسی نەوتی هەرێمدا.
داهاتی نەوتی هەرێم
بەپێی دواین داتاكان، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا كە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا شكاوە، گەیشتوەتە (312 ملیۆن) دۆلار لە مانگێكدا، ئەم پارەیە تەنیا (86 ملیۆن) دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوەو چوەتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، پاشماوەی پارەكە بەمشێوەیە دابەشبووە:
• 60 ملیۆن دۆلاری رۆیشتووە بۆ كۆمپانیای (روزنەفت)ی روسی، ئەمە كرێی گواستنەوەی نەوتەكە بووە بە بۆرییەكاندا
• 86 ملیۆن دۆلاری رویشتووە بۆ كرێی وەبەرهێنانی نەوت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە
• 80 ملیۆن دۆلاری رۆیشتووە بۆ توركیا، (30 ملیۆن) دۆلاری كرێی گواستنەوەی نەوتەكە بووە بەناو خاكی توركیا، (50 ملیۆن) دۆلاری بۆ پێدانەوەی قەرزەكانی توركیا بووە
موچە دوای رێككەوتنەكە
ئەگەر رێككەوتنەكە ئیمزا بكرێت، لەمەودوا داهاتی مانگانەی هەرێمی كوردستان بەشی هەرەزۆری ئەو بڕە پارەیەیە كە لە بەغدادەوە بۆی دێت.
بەغداد بڕیاریداوە لەبەرامبەر رادەستكردنی داهاتی نەوتو ناوخۆدا، مانگانە (550 ملیار بۆ 600 ملیار) دینار بە هەرێمی كوردستان بدات، ئەمە لەحاڵەتێكدا نرخی نەوت وەكو ئێستا لە بازاڕی جیهانیدا بمێنێتەوە.
لە هەموو حاڵەكاندا ئەو بڕە پارەیەی كە بەغداد مانگانە دەیدات بە حكومەتی هەرێم، تەرخاندەكرێت بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە مانگانە پێویستی بە (894 ملیار) دینار هەیە، واتە هێشتا ئەو بڕە پارەیەی كە بەغداد بە هەرێمی دەدات، مانگانە تەنیا بۆ خەرجی موچە بڕی نزیكەی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە، واتا رێژەی 34% كورتهێنانی دەبێت بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچە، حكومەتی هەرێم بەپێی ئەو داهاتەی لە بەغداد وەریدەگرێت موچەی موچەخۆران رێكدەخاتەوە، لەم حاڵەتەدا رەنگە حكومەت ناچاربێت رێژەی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران لە 21%وە كە بۆ ئەم مانگە بڕیاری لەسەرداوە بۆ مانگەكانی تر زیاد بكات بۆ 34%و ئەمە جێگیربكرێت، خۆ ئەگەر یاسای چاكسازی كە بڕیارە لە مانگی تەموزەوە جێبەجێبكرێت، رەنگە داهاتێكی زیاتر بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێنێتەوەو ئەكات رێژەی دەستكاریكردنی موچە كەمتر بێتەوە.