داهاتی ئەم مانگەی نەوتی هەرێم چۆن دابەشكرا؟
2020-06-19 14:09:19
(درەو):
ئێستا داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان (312 ملیۆن) دۆلارە، لەم داهاتە، هەفتەی رابردوو تەنیا (86 ملیۆن) دۆلاری خراوەتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە دەست (درەو) كەوتوون، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ئەم مانگە بڕی (86 ملیۆن) دۆلاری خستوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی موچە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە لەناو ئەنجومەنی وەزیران دەستی كەوتووە، نەوتی هەرێم بەم شێوەیە دابەشكراوە:
🔹رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل هەناردەكراوە
🔹 بۆ مانگی رابردوو تێكڕای نەوتی هەناردەكراو (13 ملیۆن) بەرمیل بووە
🔹 نرخی بەرمیلێك نەوت (23.9) دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە
🔹 كۆی داهاتی نەوت بۆ مانگی رابردوو (312 ملیۆن) دۆلار بووەو بەمشێوەیە دابەشكراوە:
🔸 (60 ملیۆن) دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت (كرێی بۆری گواستنەوە)
🔸 (30 ملیۆن) دۆلار بۆ توركیا (خەرجی گواستنەوەی نەوت)
🔸 (50 ملیۆن) دۆلار بۆ توركیا (پێدانەوەی قەرز)
واتا بەتێكڕا (140 ملیۆن) دۆلاری داهات نەوتی مانگی رابردوو رویشتووە، ئەوەی ماوەتەوە (172 ملیۆن) دۆلارە، لەم بڕەش (50%)ی واتا (86 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیای وەبەرهێنەرەكانی بواری نەوت رۆیشتووە، ئەوەی بۆ حكومەت ماوەتەوە بۆ ئەم مانگە تەنیا (86 ملیۆن) دۆلار بووە، كە بەدراوی عێراقی دەكاتە (105 ملیار) دینار.
بەپێی ئەم هاوكێشەیە، لەكۆی (312 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان تەنیا (86 ملیۆن) دۆلاری وەكو داهات گەڕاوەتەوە بۆ حكومەت، واتە داهاتی نەوت تەنیا رێژەی (28%)ی بۆ ئەم مانگە خەزێنەی وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوەو ئەوی تری رۆیشتووە بۆ كڕێی دەرهێنانو گواستنەوەو قەرزەكان.
بەپێی قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، مانگی پێشووتر تەنیا (30 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ بەردەستی وەزارەتی دارایی، واتا ئەو پارەیەی ئێستا لە داهاتی نەوت بۆ حكومەت ماوەتەوە لەدوای داڕمانی نرخی نەوتەوە لە بازاڕی جیهانیدا، بەرزترین ئاستی داهاتە كە تۆماركراوە.