Draw Media

مەسرور بارزانی قەرز دەکات

مەسرور بارزانی قەرز دەکات

2020-06-21 18:29:31


(درەو):
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری كۆتایی لەسەر دەستكاریكردنی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆراندا، (21%)ی تەمویلی موچەی وەزارەتەكان دەبڕێت، حكومەت بۆ ئەم مانگە (600 ملیۆن) دۆلاری لەكۆی (750 ملیۆن) دۆلار کۆکردوەتەوە، مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكەدا بەڵێنیدا (100 ملیۆن) دۆلاری قەرزبکات بۆ موچە، لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێتەوە.

لەبارەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆوە
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەكی چڕو یەكلاكەرەوەی لەسەر پرسی موچەی موچەخۆران كرد.
(ەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی زۆر كراوە لەبارەی شێوازو رێژەی دەستكاریكردنی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، لە كۆبونەوەكەدا سەرەتا بڕیاردراوە دەستكاری بڕی (34%)ی تەمویلی موچەی وەزارەتەكان و سەرۆكایەتییەكانی هەرێم بكرێت، دواتر بڕیارەکە گۆڕدراوە بۆ دەستكاریكردنی رێژەی (35%).
دەستكاریكردنی موچە ناڕەزایی لای وەزیرەكانی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لێكەوتۆتەوە.
قوباد تاڵەبانی چەندجارێك لە كۆبونەوەكەدا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە ئەوان وەك یەكێتی لەگەڵ دەستكاریكردن و بڕینی موچەدا نین، بەڵام ئاساییە دابەشكردنی موچە بۆ (45) رۆژ دوابكەوێت.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە پشكی گۆڕان لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە، ئێستا بڕی (500 ملیۆن) دۆلار لەبەردەستی وەزارەتی داراییە، كۆی موچە پێویستی بە (750ملیۆن ) دۆلارە. 
وتویەتی:" بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دەستكاریكردن و بڕینی موچەدا نیە، دەكرێت لەگەڵ بەغداد رێكبكەوین یاخود پارە قەرز بكەین بۆ موچە".
دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر شێوازی دەستكاریكردنی موچە، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لە پشكی گۆڕان رایگەیاندووە، ئێستا حكومەت بۆ موچە پێویستی بە (100 ملیۆن) دۆلار هەیە ئەگەر سەرۆكی حكومەت بتوانێت بڕی (100 ملیۆن) دۆلار قەرز بكات، بەشێك لە كێشەكان چارەسەر دەبن و كۆی داهاتی هەرێم بۆ ئەم مانگە دەكاتە (600 ملیۆن) دۆلارو (150 ملیۆن) دۆلار كورتهێنانی موچەمان دەبێت.
لەم گفتوگۆیەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆی بۆ قەرزكردنی بڕی (100 ملیۆن) دۆلار دەربڕیوە، تا رێژەی دەستكاریكردنی موچە كەمبێتەوە.

دۆخەکە دوای قەرزکردن
بە قەرزكردنی بڕی (100 ملیۆن) دۆلار، كۆی داهاتەكانی حكومەت دەگاتە (600 ملیۆن) دۆلار.
كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگێك (750 ملیۆن) دۆلار واتا (894 ملیار) دینارە، لەكۆی (750 ملیۆن) دۆلار بۆ خەرجی موچە، ئێستا حكومەت (600 ملیۆن) دۆلاری لەبەردەستایە واتارێژەی (79%)ی خەرجی موچەی هەیەو بڕی (150 ملیۆن) دۆلار كورتهێنانی هەیە، كە دەكاتە (21%)ی كۆی خەرجی موچەی موچەخۆران.
ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها بۆ مانگی دوو (شوبات)ە، حکومەت بڕیاریداوە بڕی (21%)ی تەمویلی موچەی وەزارەتەكان و سەرۆكایەتیەكانی هەرێم ببڕێت و (79%)ی تەمویلی موچەیان پێبدات و بڕیاری دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆرانیش دەداتە دەست خۆیان، بەجۆرێك موچەی پلە باڵاكان بەڕێژەی (50%)و بەرەو ژوور ببڕدرێت و موچەی خوارتر بە رێژەیەکی كەمتر،ئەوانەی (300هەزار) دیناریان هەیە موچەیان نەبڕدرێت.
واتا بڕی (21%) لە موچەی موچەخۆران نابڕێت بەڵكو لە تەمویلی موچەی وەزارەتەكان دەبڕێت و ئەوان خۆیان بەپێی بەرزی و نزمی موچەو پلەكان دەستكاری رێژەی بڕینی موچەی موچەخۆران دەكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand