"ئێمە ناتوانین بە ئازادی و بە بێ ترس لە ماڵەكانمان بێینە دەرەوە"
2020-06-19 14:34:07
راپۆرتی: رێكخراوی (CPT)
دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی لە نزیك شارەدێی وەرتێ لە مانگی ئازاردا، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دواتر بۆردوومانی هێزە ئاسمانییەكانی توكیا لە ناوچەكەدا لە مانگی نیسان و ئایاردا، بۆتە مایەی نیگەرانی دانیشتوانی ناوچەكە لە دروستبوونی ئاڵۆزی زیاتر و هەڵگیرسانی شەڕ لە دەڤەرەكەیاندا.
بنیاتنانی ئەو بارەگا سەربازییە بۆتە هۆی تێكدانی ئاسایش و ئارامی گوندنشینانی دۆڵی شاورێ و دانیشتوانی شارەدێی وەرتێ. لەهەمانكاتدا بۆتە هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری باری ئابووری ئەو ناوچەیە.
چوارچێوەی جوگرافی و سیاسی و مێژوویی ناوچەكە
وەرتێ دەكەوێتە قەزای ڕەواندوز لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا، لە ڕۆژهەڵاتەوە نزیكەی ٥٠ كیلۆمەتر لە سنوری ئێرانەوە دورە و بە دووری ١٥٠ كیلۆمەتریش دەكەوێتە باشوری سنوری توركیاوە. وەرتێ لە سێ لاوە بە زنجیرە چیاكانی "ئەستێرۆكان، هەڵەموند و كارۆخ"ەوە دەورە دراوە.
بەهۆی جوانی دیمەنی سروشتی و لەباری كەشوهەواكەیەوە، وەرتێ بە یەكێك لە ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاكێشەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق دادەنرێت. لەپاڵ ئاژەڵداری و كشتوكاڵكردندا گەشتیاری سەرچاوەیەكی ئابوری باشی بە ناوچەكە بەخشیوە. نزیكە ٥٠٠ خێزان لە شارەدێی وەرتێدا دەژین.
دۆڵی شاورێ، كە دەكەوێتە بەشی باشوری وەرتێ و سەر بە قەزای ڕانیەیە، جێگەی ژیانی نزیكەی ١٢٠٠ خێزانە، داهاتی سەرەكی دانیشتووانی ناوچەكەی كشتوكاڵ، باخی میوە، ڕەزی ترێ و ئاژەڵدارییە.
بارەگا سەربازییەكە لەسەر زینی ئەستێرۆكان بنیاتنراوە، ئەم زینە لەڕووی جوگرافیەوە سنوری نێوان دۆڵی شاورێ و وەرتێ دیاریدەكات، وە لە ڕووی سیاسیشەوە سنوری جیاكەرەوەی پارێزگای هەولێرە لە پارێزگای سلێمانی. لە هەمانكاتدا گرنگترین ڕێگا، كە دوو دەڤەر و دوو پارێزگا لە كوردستانی عێراقدا بەیەكدەگەیەنێت بە زینی ئەستێرۆكاندا تێپەڕدەبێت.
لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، گروپە چەكدارییە كوردەكان چیاكانی دەورووبەری ناحیەی وەرتێیان وەك سەنگەر، لەشەڕی دژ بە ڕژێمی ئەوكاتەی عێراقدا بەكاردەهێنا. لە دوای دروستكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا، ناوچەكانی دۆڵی شاورێ و وەرتێ بوون بە گۆڕەپانی جەنگی نێوان حزبە سیاسییەكانی ئەوكات لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤-١٩٩٨. لەدوای شەڕی ناوخۆش زینی ئەستێرۆكان بوو بە سنوری جیاكەرەوەی دەسەڵاتی هەردوو حزبی خاوەن هەژموونی "یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" و "پارتی دیموكراتی كوردستان". زنجیرە چیاكە وەكو خۆی مایەوە بەبێ هەبوونی هیچ بارەگایەكی سەربازی، بەڵام بازگەی ئاسایش لە هەردوولای چیاكەدا و لە هەردوو بەری دۆڵی شاورێ و ناحیەی وەرتێدا دروستكرا.
لە ٩٠ەكانی سەدەی ڕابردووشەوە، گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"، زینی ئەستێرۆكان و زنجیرە چیاكانی دەورووبەریان بەكارهێناوە بۆ جوڵە و هاتوچۆكانیان لەنێوان بنكە و بارەگاكانیان لە قەندیلەوە بۆ سەنگەرەكانی تریان لە شوێنەكانی تر.
كاتی دروستكردنی بارەگا سەربازییەكە
لە ١٨ی ئازاری ئەمساڵدا، بە بیانووی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزێكی گەورەی لیوای ٧ی بە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر زینی ئەستێرۆكان جێگیركرد.
دوو ڕۆژ دواتر، هێزێێكی پێشمەرگەی سەربە هێزێكانی ٧٠ی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بارەگایەكی تریان لەسەر هەمان شاخ دروستكرد كە تەنیا دوو كیلۆمەتر لە بارەگا سەربازییەكی تر دوور بوو.
لە وەڵامی ئەو دوو بارەگا سەربازییە نوێیەدا، پارتی كرێكارانی كوردستان گورپێك گەریلای لە سەنگەرێكی نێوان هەردوو بارەگا سەبازییەكەی هێزی پێشمەرگەدا جێگیركرد.
كاریگەری ڕاستەوخۆی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی
لە ١٤ی نیساندا، هێزی ئاسمانی توركیا دەستیكرد بە بۆردوومانكردنی زینی ئەستێرۆكان. سەرجەمی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر زینی وەرتێ لە مانگی نیسانەوە بۆ مانگی ئایار ٦ هێرش بوو. میدیا ناوخۆییەكان ئاماژەیان بەوەدا كە هێرشەكان گەریلاكانی پەكەكەیان بە ئامانج گرتبوو، وە ژمارەیەك پێشمەرگەش كە لەبارەگاكانیاندا بوون لەو هێرشانەدا برینداربوون. زەویوزارەكانی دەوروبەری شوێنی بۆردوومانەكان كە لەلایان هاوڵاتیانی ناوچەكەوە بەكاردەهێنران زۆر بە خراپی وێران بوون. شوانێكی خەڵكی دۆڵی شاورێ بە "سی پی تی" گووت، كە فڕۆكە جەنگییەكان ئەو لەوەڕگا و ناوچانەیان بۆردوومانكردووە كە ئەوان پێشتر بەكاریاندەهێنان بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەكانیان، كە ئەوە سەرچاوەی لەپیشینەی داهاتی ساڵانەی خێزانەكەیان بوو.
دانیشتوانی ناوچەكە بە "سی پی تی"یان ڕاگەیاند، كە لەوكاتەوەی كە هێرشە ئاسمانییەكان دەستیان پێكردووە، ئەوان ڕۆژانە فڕۆكەی جەنگی توركیا لە ئاسمانی ناوچەكەیان دەبینن و گوێبیستی دەنگی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان دەبن. شارەدێی وەرتێ و دۆڵی شاورێ و قەزای ڕانیەی نزیك لەو ناوچەیە، شوێنی نیشتەجێبوونیی بەشێكی زۆر لەو خێزانانەن كە بەهۆی بۆردوومانەكانی ڕابردووی توركیا و ئێرانەوە گوندەكانی خۆیان جێهێشتووە و ئێستا لەو ناچانە دەژین. بەشێك لەو خێزانانە لە ڕابردوودا كەسوكاریان لە بۆردوومانەكاندا لەدەستداوە. وا هەستدەكرا كە ناوچەكانی شاورێ و وەرتێ ناوچەی سەلامەتن بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی بەڵام بۆردوومانەكان و سوڕانەوەی بەردەوامی فڕۆكە جەنگییەكان و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان هەستیكردن بە سەلامەتی و ئەمنییەتی لە ناوچەكەدا نەهێشتووە.
كاریگەرییە بەردەوامەكان
ئەو چاوپێكەوتنانەی كە تیمەكانی بنیاتنانی ئاشتی مەسیحی "سی پی تی" لەگەڵ دانیشتووانی شارەدێی وەرتێ و دۆڵی شاورێ ئەنجامیداون، بوونەتە بەڵگەی ئەوەی كە هەبوونی ئەو بارەگا سەربازییە نوێیە و وەهەروەها بۆردوومانەكانی توركیا زۆر بە خراپی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیانی ناوچەكەی شێواندووە. سەرباری تێكدانی ئەو ئاسایش و ئارامییەی كە پێشتر لە ناوچەكەدا هەبوو، هەبوونی بارەگا سەربازییەكە و بۆردوومانەكان زیانی بە سەقامگیری ئابووری ناوچەكە گەیاندووە.
دانیشتویەكی ناحیەی وەرتێ بە "سی پی تی" گووت، لە بەهاراندا چەندین گژوگیای خۆڕسكی وەكو كنگر و كاردوو و قارچك و ڕێواس، لە شاخ و چیاكانی دەوروبەری وەرتێ دەڕوێن، كۆكردنەوەی ئەم گژوگیایانە و دواتر فرۆشتنیان یەكێكە لە سەرچاوە گرنگەكانی داهاتی زۆربەی خێزانەكانی ئەو ناوچەیە. ئێمە لە ماڵەوە ٧ كەسین، بەتەنیا من موچە خۆری حكومەتم. ئەمساڵ بەهۆی سوڕانەوەی فڕۆكەكانی توركیا لە ناوچەكە و ترسی بۆردوومانكردنمان نەمانتوانی هیچ گژوگیایەك كۆبكەینەوە. وە حكومەتی هەرێمیش ٤ مانگە موچەی فەرمانبەرانی نەداوە. بۆیە ئێستا لە دۆخێكی ئابووری خراپدا دەژین. بەڵام ئەوەی كارەساتبارترە ئەوەیە، كە ئێمە ناتوانین بە ئازادی و بەبێ ترس لە ماڵەكانمان بێینە دەرەوە و هەموو كاتێك لە چاوەڕوانی ئەوەداین كە بۆردوومان بكرێین.
دەرامەتێكی تری گرنگی هاوڵاتیانی وەرتێ و گوندەكانی دۆڵی شاورێ بریتییە لە ئاأەڵداریكردن. ساڵانە، لە ناوەڕاستی وەرزی بەهاردا، گوندنشیانن مەڕوماڵاتەكانیان دەبەن بۆ كوێستانەكانی زینی ئەستێرۆكان بۆ لەوەڕاندنیان. بەهۆی لەباری ئاوهەوا و هەبوونی گژوگیا، خێزانە كۆچەرەكان تاوەكو سەرەتای وەرزی پایز لە كوێستانەكان دەمێننەوە. بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ترسی بۆردوومانكردنیان لەلایەن فڕۆكە جەنگی و بێفڕۆكەوانەكانی توركیا، ئاأەڵدارەكان نەیانتوانی ئاأەڵەكانیان بەرن بۆ كوێستانەكان. لە ئاكامی ئەوەشدا بەشێك لە ئاأەڵدارەكان ناچاربوون بە فڕۆشتنی ئاأەڵەكانیان بە نرخێكی كەم لە بازاڕدا.
بەدەر لە ئاژەڵداری و كوشتوكاڵكردن، گەشتیاری یەكێكی ترە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی دانیشتوانی ناحیەی وەرتێ. دیمەنە سەرنجڕاكێشەكانی ناوچەكە وایكردووە ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار لە ناوچەكانی تری عێراقەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی ئەو دەڤەرە بكەن.
هاوڵاتییەكی ناوچەكە بە "سی پی تی" گووت،
ئێمە ساڵانە تەنها بە داهاتی گەشتیاری سەیرانگاكانمان دەژیاین و هیچ داهاتێكی ترمان پێویست نەبوو، بەڵام بەهۆی جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازییانە لەسەر زینوی ئەستێرۆكان و سوڕانەوەی فڕۆكەكانی توركیا بەبەردەوامی، تەنانەت دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆش بەهۆی كۆرۆناوە خەڵك سەردانی سەیرانگاكانمان ناكەن و چیتر ناوچەكەمان بە شوێنێكی ئەمین نازانن بۆ گەشتیاری، ئێمە لەوەتەی هەین قوربانی دەستی شەڕ و جەنگ و بۆردوومانین، ئەوەی ئێمە داوای دەكەین تەنیا ژیانێكە دوور لە شەڕ و لورە لوری فڕۆكە.
ئەگەری زیاتربوونی كردە سەربازییەكان
چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنی بە "سی پی تی" ڕاگەیاند، بەپێچەوانەی ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە دروستكردنی ئەو بارەگا سەربازییە بۆ ڕێگریكردنە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بارەگاكە بۆ هەمیشەیی لەوێ دەمێنێتەوە. هاوڵاتیانی دەڤەرەكەڕۆژانە بەچاوی خۆیان دەبینن كە كەرەستەی پیشەسازی بۆ سەر شاخەكە دەگوازرێتەوە بۆ دروستكردنی بارەگایەكی سەربازی كۆنكرێتی.
دانیشتوانی ناوچەكە بە "سی پی تی"یان ڕاگەیاند، كە ژمارەیەك كارمەندی هەواڵگری تورك لە دەووروبەری زینی ئەستێرۆكان و بارەگا سەربازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بینراون.
دانیشتوویەكی ناحیەی وەرتێ، كە لەمانگی نیساندا بۆ كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە ڕوویكردبووە زینی ئەستێرۆكان، بە "سی پی تی" گووت،
من و ژنی براكەم، لەسەر ڕێگەی گەڕانەوەماندا لە شاخەكە دوو كەسمان بینی كە جلی مەدەنیان لەبەردا بوو، هەردووكیان كڵاویان لەسەر بوو، یەكێكیان دووربینێكی بەدەستەوە بوولە دەوروبەری شاخەكەی دەڕوانی ئەوەی تریان جیهازێكی بێتەلی بەدەستەوە بوو، ئێمەش سەلاممان لێكردن، بەڵام ئەوان شڵەژان و وەڵامیان نەداینەوە، لەنێوان خۆیاندا كەوتنە قسەكردن و بەتوركی قسەیان دەكرد، ئێمە لێیان تێنەدەگەیشتین. ئێمەش لە ترسی ئەوەی كەنەوەكو دەستگیربكرێین بە گومانی ئەوەی دەربارەی بینی ئەوان بەخەڵكی تر دەڵێین، بە ناچاری ڕێگای گەرانەوەمان بۆ وەرتێ گۆڕی و بە ڕێگایەكی تردا گەڕاینەوە بۆ شارۆچكەكە.
دروستكردنی ئەو بنكە سەربازییانە لەسەر زینی ئەستێرۆكان، گومانی هەڵگیرسانی گەڕێكی تری شەڕی حكومەتی توركیای دژ بە پەكەكە لەلای هاوڵاتیان دروستكردووە. هەرچەندە لەئێستا حكومەتی توكیا زیاتر لە ٣٠ بنكە و بارەگای سەربازی لە ناو خاكی هەرێمی كوردستانی عێراقدا هەیە، بەڵام ئەو بنكە سەربازییەی سەر زینی ئەستێرۆكان دەبێت بە یەكەمین بنكەی سەربازی توكیا لەو دەڤەرەدا و وەیەكەمین بنكەی سەربازیش دەبێت كە زۆر نزیكە لە بارەگاكانی سەركردایەتی پەكەكە لە قەندیل.
وەڵامی دانیشتووانی ناوچەك
بەگوێرەی قسەی دانیشتوانی ناوچەكە، لابردنی ئەو بارەگا سەربازییە نوێیانە، تاكە ڕێگەی گەڕانەوەی ژیانێكی ئارامە بۆ هاوڵاتیانی وەرتێ و دۆڵی شاورێ. گوندنشینانی دۆڵی شاورێ و دانیشتوانی ناحیەی وەرتێ و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەڤەرەكە، بۆ چوار جار خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییان ڕێكخستووە و داوایان لە هەموو گروپە چەكدارەكان، لە ناویاندا هێزی پێشمەرگەش كردووە، كە بارەگاكانیان لابدەن و ناوچەكەیان بەجێبهێڵن.
لە ١٩ی نیساندا، نوێنەری نزیكەی ٧٠ گوند بە یاوەری چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەبەردەم بارەگا سەربازییەكەدا كۆبوونەوە و داوای گفتوگۆی ئاشتیانەیان لە هێزە سەربازییەكە كرد. فەرماندەی لیوا سەربازییەكە لەگەڵ خۆپێشاندەراندا كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا و لە كۆتایی كۆبوونەوەكدا فەرماندەی لیواكە و وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە تەلەفون بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا كرد، بەڵێنیاندا كە ئەو بارەگا سەربازییە بەزووترین كات لەسەر زینی ئەستێرۆكان هەڵدەگرنەوە.
سەرباری جێبەچێ نەكردنی بەڵێنی لابردنی بارەگا سەربازییەكە، چیتریش ڕێگە نەدرا بە ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە دژی دروستكردنی ئەو بارەگایە.
لە سێیەمین خۆپێشانداندا، كە لە ٢٩ی نیساندا ڕێكخرابوو، هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگریان لە خۆپێشاندەران كرد بۆ ئەنجامدانی ڕێپێوان بەرەو زینی ئەستێرۆكان. باوكی دوو لە قوربانیانی بۆردوومانەكانی توكیا، لەبەردەم هێزە ئەمنییەكان و میدیاكاندا وەستا و بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە گوتی، "من دوو منداڵم لەدەستداوە، نامەوێت هەمان كارەسات بەسەر خێزانی تردا ڕووبدات."
ڕاسپاردەكان
"سی پی تی" نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو زەرەر و زیان و مەترسییانەی كە دروستكردنی ئەو بارەگا سەربازییەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دانیشتوانی وەرتێ و دۆڵی شاورێ دروستی كردووە. لە كاتێكدا كە دانیشتوانی هەردوو ناوچەكە لە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی ئەو كاریگەرییە ئابوورییە نەرێنیانەی كە پەتای كۆرۆنا خستویەتییە سەر ژیانیان. بە تێگەیشتنی "سی پی تی" ئەو هەڵمەتە سەربازییانەی توركیا و پەكەكە، هەڕەشەی جددین بۆسەر ژیان و دەرامەتی دانیشتوانی ناوچەكە و وە ئەگەر سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزی زیاتری لێدەكەوێتەوە لە ناوچەكەدا.
"سی پی تی" بانگەواز لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، كە دڵنیایی بدات لە پاراستن و بە ئەولەویەت گرتنی ژیان و بژێوی دانیشتوانی ناوچەكە.
هاودەنگ لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەكەدا، "سی پی تی" داوای هەڵگرتنەوەی بنكە سەربازییەكان و كشانەوەی هەموو هێزە سەربازییەكان دەكات لەسەر زینی ئەستێرۆكان.
"سی پی تی" داوا لە حكومەتی توركیا دەكات بۆ وەستاندنی هەموو هەڵمەتێكی سەربازی لە دەووروبەری ناحیەی وەرتێ و دۆڵی شاورێ، كە بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و زیان گەیاندنی زۆر بە بژێوی ژیانی ١٧٠٠ خێزان لە ناوچەكەدا.
تێبینی: بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی گیانی هەموو ئەو هاوڵاتی و گوندنشین و چالاكوانانەی كە قسەیان بۆ "سی پی تی" كردووە، لەسەر داوای خۆیان، ئاماژەمان بە ناوەكانیان نەكردووە لەم ڕاپۆرتەدا.
ڕێكخراوی CPT,
ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی بواری مافی مرۆڤە، بارەگای سەرەكی ڕێكخراوەكە لە شاری شیكاگۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە. لە ھەر پێنج وڵاتی، كۆڵۆمبیا، كەنەدا، فەڵەستین، یۆنان و كوردستانی عێراقدا تیمی ھەیە. تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوەكە ماوەی ١٣ ساڵە كار دەكات بۆ بە بەڵگەكردنی زەرەرە گیانی و مادییەكانی بۆردوومانەكانی توركیا و ئێران لەسەر خاكی ھەرێمی كوردستان.