بەیاننامەیەك لەنیوە شەودا
2020-06-23 15:09:18
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازڵ حەمەڕەفعەت
مەكتەبی سیاسی یەكێتی كاتێك هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران راگەیاند، خەڵكی هەرێمی كوردستان لە خەودا بوون، كە رۆژهەڵات لاهور شێخ جەنگی بە "تویت"ێك بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاندەوە، بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی چۆن نوسرا ؟ كێ نوسی ؟ بۆچی لە میدیاكانی یەكێتی لابراو پێچرایەوە ؟
بەیاننامەیەك لە تاریكی شەودا
كاتژمێر (2:30)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتێك خەڵكی هەرێمی كوردستان لە خەودا بوون، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.
ئەمە بەیاننامەی دوای (4 كاتژمێر) كۆبونەوەی دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لەبارەی بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران.
ناوەڕۆكی بەیاننامەكە بۆ زۆرێك لە یەكێتییەكان پێشبینی نەكراو و "شۆك" بوو، ئەوانە لەبەر رۆشنایی لێدوانەكانی پێشتری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان چاوەڕێی بەیاننامەیەكی توندبوون دژ بە دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران، بەڵام بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پشتیوانی بڕیارەكەی كردو بەهانەی بۆ دەستكاریكردنی موچە بەوە هێنایەوە كە "حكومەت بەناچاری ئەو بڕیارە قورسەی داوە".
چەند كاتژمێرێكی نەخایاند، كە رۆژ لە ئاسۆ دەركەوت، بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی لە میدیاكانی یەكێتیدا پێچرایەوەو تویتێكی كورتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە توڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لە میدیای یەكێتیدا شوێنی بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی گرتەوە.
لاهور شێخ جەنگی لە تویتەكەیدا هۆشداری بە ناوخۆی حزبەكەو دەرەوەش دەدات كە "ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆدەبێتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد نەگاتە رێككەوتنو شەفافیەت لە خەرجیو داهاتدا نەبێت، یەكێتی ناچێتە ژێر باری موچە بڕین".
لاهور شێخ جەنگی هەر لەو تویتەدا هەڕەشەی هەڵپەساردنی بەشداری یەكێتی لە پەرلەمانو حكومەتو بانگەشەكردن بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات.
چی رویدا ؟
كاتژمێر (8:30) خولەكی دوێنێ شەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە، كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی بڕیاری حكومەتی هەرێم بوو لەبارەی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم وەكو سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا.
یەكێتی پێشتر لەڕێگەی چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسییەوە رایگەیاند، لە حكومەت پاڵپشتی لە بڕینی موچەی فەرمانبەران ناكات، بەڵام رۆژی یەكشەممە حكومەت بەڕەزامەندی تیمی یەكێتی بڕیاریدا لەسەر دەستكاریكردنی موچە.
كۆبونەوەی دوێنێ شەوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە تاوەكو كاتژمێر (11:40) خولەكی شەو بەردەوام بوو، بۆ لێپێچینەوە بوو لە تیمی یەكێتی سەبارەت بە بەشداریكردن لە بڕیاری دەستكاریكردنی موچە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی رونكردنەوەی داوە بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی دەركردنی بڕیاری دەستكاریكردنی موچە، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، بەنیاز نەبوون لە كۆبونەوەكەی رۆژی یەكشەممەی حكومەتدا بڕیاری كۆتایی لەبارەی دەستكاریكردنی موچە بدەن، بڕیاربووە ئەوان پێشنیازەكانی دەستكاریكردنی موچە گەڵاڵە بكەنو دواترو لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت) بڕیاری كۆتایی رابگەیەندرێت، لە ناوەڕاستی كۆبونەوەی رۆژی یەكشەممەدا ئاگاداركراون لەوەی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە ناكرێتو دەبێت حكومەت خۆی بڕیار بدات.
قسەكانی قوباد تاڵەبانی بۆ مەكتەبی سیاسی حزبەكەی قایلكەر نەبوون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەكتەبی سیاسی پێشتر تیمی یەكێتی لە حكومەت ئاگاداركردووە لەوەی ئەوان پشتیوانی دەستكاریكردنی موچە ناكەنو رۆژی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكەش هەمان ئاگادارییان پێدراوە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بەتوندی رەخنەی لە قوباد تاڵەبانیو تیمی یەكێتی لە حكومەت گرتووەو تۆمەتباریكردون بەوەی بریاری مەكتەبی سیاسی حزبو هاوسەرۆكەكانیان شكاندووە لەوەی بەشدارییان كردووە لە بریاری بڕینی موچەی فەرمانبەران.
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی پرسی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەرانەوە باسی لەوەكردووە، حكومەت بۆ بڕینی (21%)ی موچەی فەرمانبەران، پێویستی بە (150 ملیۆن) دۆلار هەبووە، دەبوو ئەو پارەیە قەرزبكاتو دەستكاری موچە نەكات، كابینەی پێشوو (27 ملیار) دۆلار قەرزی هەبووە، با ئەم كابینەیەش (150 ملیۆن) دۆلاری قەرز بكردایە، نەك دەستكاری موچە بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، لەبەرامبەر ئەو رەخنانەی كە لەلایەن لاهور شێخ جەنگیو هەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسییەوە لێی گیراوە، قوباد تاڵەبانی چەندجارێك ئاماژەی بەوەكردووە، ئامادەیە دەست لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بكێشێتەوە.
لاهور شێخ جەنگی بە قوباد تاڵەبانی وتووە: پێویستە رونكردنەوە بدەن چۆن چونەتە ژێر باری بڕیاری دەستكاریكردنی موچە، قوباد تاڵەبانی وتویەتی: من ناتوانم رونكردنەوە بدەمو بەو كارە تێكدەشكێم، بۆیە رونكردنەوە نادەمو ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە.
بەیاننامەكە چۆن نوسرا ؟
كاتژمێر (11:40) شەو كاتێك كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆتایی هات، بەشداربوانی كۆبونەوەكە لەسەر ئەوە رێككەوتبوون بڵاوكردنەوەی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە بخرێتە سبەینێوە (واتە ئەمڕۆ)، بەڵام كاتژمێر (2:30) خولەك بەیاننامەكە بڵاوكرایەوە، (درەو) لەكاتی خۆیدا بەیاننامەكەی بڵاوكردەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، بڕیار بووە فەرید ئەسەسەرد سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رەشنوسی بەیاننامەكە ئامادە بكاتو بینێرێت بۆ ستران عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ ئەوەی پاكنوسی بكاتو ئامادەی بكات بۆ بڵاوكردنەوە.
ئەسەسەرد رەشنوسەكەی ناردووەو ستران عەبدوڵاش پاكنوسەكەی بۆ ناردوەتەوە، بەڵام ئەسەسەرد بە ستران عەبدوڵای وتووە بڵاوی نەكاتەوەو لەوبارەیەوە لەگەڵ مەلا یاسین سكرتێری پێشوی جەلال تاڵەبانی و نوێنەری ئێستای یەكێتی لە قاهیرە، كە ئێستا لە سلێمانیە قسەبكات، مەلا یاسین نوسراوێكی نوێی بۆ ستران ناردووەو پێی وتووە ئەمە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەو بافڵ تاڵەبانی رەزامەندی لەسەر دەربڕیوەو ئەو بەیاننامەیە بڵاوبكاتەوە، ستران عەبدوڵا بەیاننامەكەی لە (2:30) خولەكی شەودا بڵاوكردوەتەوە.
(درەو) زانیویەتی، لە چەند ساتی بەر لە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەدا، ستران عەبدوڵا داوای دڵنیایی لە مەلا یاسین كردووە، مەلا یاسین پێی وتووە چاوەڕێ بكات، بافَل تاڵەبانی دەیەوێت لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لەوبارەیەوە قسە بكات، دواتر ستران عەبدوڵا ئاگادار كراوە لەوەی كاتەكە درەنگەو بافڵ تاڵەبانی نەیتوانیوە پەیوەندییەكەی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی وەرگرێت، بۆیە دەبێت بەیاننامەكە بڵاوبكرێتەوە.
چی گۆڕدرا ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەپێی ئەوەی لە كۆبونەوەكەی دوێنێ شەودا لەسەری رێككەوتوون، بڕیار بووە لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بەهیچ شێوەیەك پشتیوانو بەهانە بۆ دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە نەخرێتەڕوو، بەڵام لەو بەیاننامەیەی كە بڵاوكرایەوە، بەهانەی دراوە بە حكومەتو باسلەوەكراوە" حكومەت بەناچاری ئەو بڕیارە قورسەی داوە".
بەپێی رەشنوسی یەكەمی بەیاننامەكە بەر لە دەستكاریكردن، بڕیار نەبووە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی بە هیچ جۆرێك پشتیوانی بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەت رابگەیەنێت، بەڵام ئەو بەیاننامەیەی كە بڵاوكرایەوە جەخت لەسەر ئەوە دەكات مەكتەبی سیاسی یەكێتی پاڵپشتی لە تیمی حكومەت دەكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، قوباد تاڵەبانی رۆڵی سەرەكی گێڕاوە لە دەستكاریكردنی بەیاننامەكە.
ئەمانە ئەو روداوانە بوون كە دەرەنگانێكی دوێنێ شەو لەناو یەكێتیدا رویاندا، كاتێك رۆژ لە ئاسۆ دەركەوت، بەر لەوەی چاوەڕێی كاردانەوەكان بكات، قوباد تاڵەبانی بە سەرۆكایەتی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان سواری فڕۆكەیەك بوو، بەرەو بەغداد بەڕێكەوت.