Draw Media

بڕینی موچە قەرزنیەو حكومەت نایگەڕێنێتەوە 

بڕینی موچە قەرزنیەو حكومەت نایگەڕێنێتەوە 

2020-06-27 14:49:44


 
درەو:
یەكەم وەزارەت بە لێبڕینی 21%ەوە موچەی وەرگرت، بە پێی بڕیارەكە لێبڕینەكە نابێت بە قەرز و حكومەت پابەند نابێت بە گەڕاندنەوەی بۆ فەرمانبەران، چاوەڕوان دەكرێت بۆ مانگەكانی داهاتوو لێبڕینی موچەی موچەخۆران زیاتر بكرێت و بەو شێوەیە جێگیر بكرێت.
دوای (55) رۆژ، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی وەك یەكەم وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی دوو ( شوبات)ی 2020 وەرگرت.
بەپێی خشتەی ئامادەكراوی وەزارەتی تەندروستی بە جیاواز لە وەزارەتەكانی تر لەم وەزارەتە رێژەی بڕینی (21%)ی موچە بەبێ جیاوازی بۆ هەموو پلە وەزیفیەكانی وەزارەتی تەندروستی بڕدراوە جگە لە پلە تایبەتەكانی وەزارەت كە بەپێی بڕیارێكی تری حكومەت 50%ی موچەكانیان بڕدراوە، بەشێك لە وەزارەتەكانی دیكە بەپێی زۆری و كەمی موچە رێژەی بڕینیان دیاریكرد. 
بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕینی (21%)ی كۆی موچەی موچەخۆران لەكۆی (750 ملیۆن) دۆلار واتا (894 ملیار) دینار، خەرجی موچە  بڕی (150 ملیۆن) دۆلاری لە موچەی موچەخۆران بڕیووە، كۆی خەرجی موچەی بۆ ئەم مانگە لە (600 ملیۆن) دۆلاردا جێگیركردووە. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو پارەیەی كە بۆ ئەم مانگە حكومەت لە موچەی موچەخۆرانی بڕیوە لە رووی یاساییەوە وا نوسراوە كە بەهیچ جۆرێك لەسەر حكومەت نەبێت بە قەرزو حكومەت پابەند نەبێت بە گەڕانەوەی بۆ موچەخۆران، واتا بڕیارەكەی ئێستای حكومەت بە بڕینی موچە، پێچەوانەی بڕیاری كابینەی پێشوی حكومەتە كە ناوی لێنرابوو پاشەكەوت و حكومەت پابەندكرابوو بە گەڕاندنەوەو ئێستا نزیكەی (10 ملیار) دۆلار موچەی موچەخۆران قەرزە لای حكومەت. 
بڕیاری بڕینی 21%ی موچەی موچەخۆران تەنیا بۆ موچەی ئەم مانگە دیاریكراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەدوای ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی بەغداد، حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای رێككەوتنەكەو ئەو بەشە بودجەیەی كە لەبەغدادەوە بۆی دێت جارێكی تر موچەی موچەخۆران بەپێی داهاتەكانی رێكدەخاتەوە پێشبینی دەكرێت بۆ مانگەكانی داهاتوو رێژەی بڕینی موچە لە 21%ەوە بۆ 35% زیاد بكات و بەو شێوەیە جێگیری بكات. 
سەرەتای مانگی داهاتوو حكومەت دەیەوێت ناوەڕۆكی یاسای چاكسازی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە لە مادەی (5)ی یاساكەدا پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی بە حكومەتداوە دەستكاری (رێكخستنەوە)ی دەرماڵە ناجێگیرەكانی فەرمانبەران بكات، خەرجی دەرماڵە لە هەرێمی كوردستان رێژەی (56%)ی كۆی گشتی خەرجی موچە پێكدەهێنێت، واتا لە كۆی (894 ملیار) دیناری خەرجی مانگانەی موچەی موچەخۆران بڕی (502 ملیار) دیناری تەنیا بۆ دەرماڵەكان دەڕوات كە (25) جۆری دەرماڵەیەو (4)یان جێگیر و ئەوانی تریان ناجێگیرن. حكومەت دەیەوێت لە رێگەی  بڕینی هەندێك لە دەرماڵە ناجێگیرەكانەوە خەرجی موچە بەجۆرێك رێكبخاتەوە كە لەگەڵ داهاتی لەمەودوایدا بگونجێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێم و بەغداد رەشنوسێكیان ئامادەكردووە بۆ رێككەوتن و ئیمزاكردنی و مەبدەئیەن رێككەوتوون لەسەری، بەپێی ئەو رێككەوتنە ئەگەر نرخی نەوت وەكو ئێستا لە بازاری جیهانیدا بمێنێنەوە حكومەتی عێراق مانگانە تەنیا (550 -600 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەم بڕە پارەیەش بەشی موچەی موچەخۆران ناكات و حكومەت ناچارە رێژەی دەستكاریكردنی موچە زیاتر بكات و جێگیری بكات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand