Draw Media

"چ هیوایەك بۆ ئێمە لەوێ هەیە؟"

"چ هیوایەك بۆ ئێمە لەوێ هەیە؟"

2020-06-30 16:34:42


 راپۆرت: CTP

خانەوادەی “زەیتوون” لەگەڵ ئەندامانی “سی پی تی”دا. كاك “قادر” باوكی زەیتوون لەلای ڕەستی وێنەكە وەستاوە. “عەلی” كە بەهۆی تۆپبارانەكەی ئێرانەوە برینداربوو، لە ناوەڕاستی وێنەكەیە و لەسەر كورسیەكی ویلدار لە تەنیشت خاتوو “بەیانی” دایكیەوە دانیشتووە.
خانەوادەی “زەیتوون” لەگەڵ ئەندامانی “سی پی تی”دا. كاك “قادر” باوكی زەیتوون لەلای ڕەستی وێنەكە وەستاوە. “عەلی” كە بەهۆی تۆپبارانەكەی ئێرانەوە برینداربوو، لە ناوەڕاستی وێنەكەیە و لەسەر كورسیەكی ویلدار لە تەنیشت خاتوو “بەیانی” دایكیەوە دانیشتووە.

خێزانێك كە منداڵێكی ١٨ ساڵانەیان لێ شەهیدكراوە بەهۆی تۆپبارانكردنی ئێرانەوە داوای هاوكاری دەكەن بۆ چارەسەركردنی كوڕە بریندارەكەیان.

“زەیتون” تەمەنی ١٨ ساڵان بوو كاتێك تۆپبارانەكانی ئێران كۆتاییان بە ژیانی هێنا. كاك “قادر” كە باوكی زەیتوونـە بە "سی پی تی" ڕاگەیاند كە "ئەگەر لە ژیاندا بوایە ئەوا ئەمساڵ قۆناغی ئامادەیی بەشی زانستی تەواو دەكرد"!

  لەپاشنیوەڕۆی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩ زەیتون تازە دەستی كردبوو بە ئامادەكردنی نانی نیوەڕۆ بۆ خۆیی و برایەكانی، "سیروان"ی ١٦ ساڵ و "عەلی"ی ٢١ ساڵ. كاتێك تۆپبارانەكان لە نزیك بێستانی تەماتە و خەیاری ئەو خێزانە لە بەرزاییەكانی گوندی "بەربزین" دەستیان پێكرد كە دەكەوێتە ناحیەی "سیدەكان". زەیتون و دوو برایەكەی بە تەنها لە كێڵگەكە مابوونەوە و ئەندامانی دیكەی خێزانەكەش چوبوون بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی دۆستێكیان لە "دیانا". 

زەیتوون قادر تەمەنی ١٨ ساڵ بوو كاتێك لە ١٠ی تەموزی ٢٠١٩دا تۆپبارانەكانی ئێران كۆتاییان بە ژیانی هێنا.

بەپێی وتەی دانیشتوانی ناوچەكە، هێزەكانی ئێران ناوچەی "بەربزین"یان بۆ ماوەی زیاتر لە كاژێرێك بە ٤٠ تۆپ ببۆردوومانكرد، یەكێك لە تۆپەكان ئەم خێزانە دەپێكێت و زەیتون شەهید دەبێت و عەلی و سیروانیش زۆر بە سەختی بریندار دەكات. پزیشكەكان ١٦ ساچمەیان لە جەستەی "عەلی" دەرهێنا. چاوێكی بەتەواوی لەدەست داوە و قاچ و پێیەكانیشی بە سەختی بریندار بوون، ساچمەیەكیش بەر ئەنیشكی سیروان كەوتووە. 

 خێزانی زەیتوون وەكوو زۆربەی خانەوادەكانی دیكەی باشووری كوردستان كە لە ناوچە سنوورییەكان دەژین، كۆچ دەكەن و كوێستان و گەرمیانیان هەیە لە نێوان شار و گوند. ئەم خێزانەش وەكوو زۆرێك لە خێزانەكان تەنیا سێ مانگی هاوین دەڕۆن بۆ كوێستانەكان و كاتەكانی دیكە لە شاری دیانا ژیانیان بەسەر دەبەن و زەیتون و خوشك و برایەكانی هەر لەوێش درێژەیان بە خوێندنەكەیان داوە و چوون بۆ خوێندنگە. لە سێ مانگی هاوینیشدا ئەم  خێزانە چوون بۆ كوێستانەكان و خەریكی هەنگەوانی، ئاژەڵداری و باخداری بوون لە نزیك ماڵەكەیان لە گوندی "بۆڵێ" كە ناوچەیەكی بەپیتە لە بەرزاییەكانی بەربزین لە زنجیرە چیایەكانی سنووری نێوان ئێران و عێراق. بەرهەمی هەنگوین و سەوزەواتی وەكوو: خەیار و پیاز و تەماتە، هاوكات لەگەڵ میوەی جۆراوجۆری وەكوو: خۆخ و سێو و هەنجیر و گوێز بەشێكی گرنگیان لە خۆراكی ئەم  خێزانە پێك دەهێنا كە بەشی ساڵەكەی دەكرد.

 لە ساڵی ٢٠١٦ پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران ناوچەكانی دەورووبەری بەربزینیان بەكارهێنا بۆ چالاكییەكانیان دژی هێزەكانی سوپای ئێران كە بنكە و بارەگەیان لەو زنجیرە چیایە داناوە. لەو كاتەوە سوپای ئێران دەستی كردووە بە تۆپبارانكردنی ئەم ناوچە كشتووكاڵییە بەپیتە كە شوێنگەی ژیانی زیاتر لە سەد خێزانی كوردە. بۆردوومانەكان بوونەتە هۆكاری دروستبوونی پشێوی گەورە لەو ماوەیەدا كە خەڵك دەچن بۆ كوێستانەكان و چالاكی كشتوكاڵی چڕ لەو ماوەیەدا دەكرێت، هەروەها بوونەتە هۆكار بۆ سووتانی دەغڵودانی ناوچەكە و وێرانكردنی خانووەكان و برینداركردنی گوندنشینان و دەربەدەركردنیان بۆ ناوچەكانی دیكە.

“بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای جۆراوجۆرەوە پێویستە هێزە سەربازییەكان توانای ئەوەیان هەبێ كە سەربازەكان بكەنە ئامانج نەك خەڵكی مەدەنی، منداڵەكانی من شێوەیان لە سەربازەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران نەدەچوو!”
  
كاك قادر بە ئەندامانی "سی پی تی" گوت" ماوەیەكی زۆرە هەرێمەكەمان بۆردوومان دەكرێت، لەم سەردەمەدا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای جۆراوجۆرەوە پێویستە هێزە سەربازییەكان توانای ئەوەیان هەبێ كە سەربازەكان بكەنە ئامانج نەك خەڵكی مەدەنی، منداڵەكانی من شێوەیان لە سەربازەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران نەدەچوو!".

ڕێكخراوی"سی پی تی" لە ٢٢ی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ سەردانی خێزانی زەیتونی كرد لە  دیانا و چاوی كەوت بە "بەیان" خانی دایكی و كاك "قادر"ی باوكی و چوار خوشك و براكەی و دوو خزمی نزیكیان. لە كاتی پێشكەشكردنی چا و میوە ئەندامانی خانەوادەكە وردەكاری ڕۆژی بۆردوومانەكە  و هاوكات بارودۆخی ئێستای ژیانیان بۆ "سی پی تی" باس كرد. 

ئەندامانی خانەوادەكە ئەوەیان بە "سی پی تی" ڕاگەیاند كە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری دارایی پێشكەش كردوون بۆ چارەسەركردنی عەلی. هەرچەندە پارەكە بەشی پێوسیت نەبووە و ئەو بڕەی وەریان گرتووە تەواوی خەرجییەكانی دەرمان و نەشتەرگەرییەكانی پڕ نەكردۆتەوە و خۆیان ناچار بوون ٢٠ هەزار دۆلاری ئەمریكی خەرج بكەن بۆ كوڕەكەیان. عەلی پێویستی بە چارەسەری زیاتر هەیە كە بەداخەوە خێزانەكە دەرامەتی پێویستیان لەبەردەست نییە. 
كاك قادر گوتی:"هەرچەندە لە مانگی تەموووزەوە تا ئێستا ئێران تۆپبارانی زەوییەكانی گوندەكەمانی نەكردووە بەڵام فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە ماوەی مانگەكانی ڕابردوودا چەندین جار ناوچەكەیان بۆردوومان كردووە و ئێمەش بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە بەرهەمە كشتووكاڵییەكانمان لەدەستداوە".
ئەم  خێزانە بەدوای هاوكاری داراییدا گەڕاون و داوای قەرەبووكردنەوەیان لە وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزخانەی ئێران كردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێكیان دەست نەكەوتووە. ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی و دوو ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی سەردانی ئەم  خێزانیان كردووە. ئەوەشیان دووپات كردەوە كە هیچ هاوكارییەكیان پێنەگەشتووە. 

یەكێك لە ئەندامانی خیزانەكە پرسیاری لە "سی پی تی" كرد و گووتی: "هیچ ڕێكخراوێك دەناسن كە بتوانێ عەلی بباتە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی چارەسەرێكی باش وەربگرێت و ژیانێكی باشتری هەبێت؟ هیچ داهاتوویەك بۆ ئەم كوڕە لەم وڵاتە نییە. ناتوانێت كارێكیش بدۆزێتەوە بەم هەموو برینانەوە"

كاك قادر ئاهێكی هەڵكێشا و گوتی" هەموو جیهان وێنەی منداڵانی ڕۆژئاوایان بینی كە بەهۆی چەكی كیمیاییەوە سوتابوون، ئەگەر جیهان بۆ وەستاندنی ئەمە نەیەتە دەنگ ئەی چ هیوایەك بۆ ئێمە لەوێ هەیە؟"
كاك “قادر” ئاماژە بە وێنەی ئەو منداڵانە دەكات كە خراپ سووتاون بەهۆی فسفۆڕی سپی كە باس دەكرێت چەكدارانی سەر بە توركیا بەكاریان هێناوە لە كاتی داگیركردنی ڕۆژئاوا، باكووری سووریا لە تیشرینی یەكەمی ٢٠١٩.

  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand