وەزیری هەرسێ لایەنەكەی ناو حكومەت بەشدارن لە بڕیارەكەدا
2020-06-20 13:45:51
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
(درەو) وردەكاری هەوڵی چۆنیەتی دەستكاریكردنی دەرماڵەی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە، دەرماڵەكان رێژەی 56%ی كۆی خەرجی موچە پێكدەهێنن، حكومەت لەڕێگەی دەرماڵەكانەوە دەستكاری موچە دەكات، دەیەوێت بڕی (300 ملیار) دینار كە دەكاتە (34%) لە كۆی خەرجی موچە كەمبكاتەوە، پەرلەمان لە یاسای چاكسازیدا دەسەڵاتی بە حكومەت داوە دەستكاری دەرماڵەكان بكات، یەكێتیو گۆڕان كە سەرەتا دەیانویست خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران بدزنەوە، مەسرور بارزانی ئەوسەری لێگرتنو بڕیاری دەستكاریكردنی موچەی دایە دەست وەزیرەكان، ئێستا هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت (پارتی- یەكێتی- گۆڕان) پێكەوە بەشدارن لە پرۆسەی دەستكاریكردنی موچەدا.
سبەینێ حكومەت كۆدەبێتەوە
سبەینێ جارێكی تر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، پێشبینی دەكرێت لە كۆبونەوەی سبەینێدا بڕیاری كۆتایی بدرێت لەبارەی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران.
پێشنیازی جۆراوجۆر هەیە بۆ دەستكاریكردنی موچە، هەموو پێشنیازەكان لەچوارچێوەی دەستكاریكردنی دەرماڵەكاندا دەسوڕێتەوە.
لەبارەی دەرماڵەكانەوە
لە هەرێمی كوردستان كۆی موچەی مانگێكی موچەخۆران بەتێكڕا (894 ملیار) دینارە، رێژەی (56%)ی كۆی خەرجی موچە بۆ دەرماڵەكان دەڕوات، واتا لەكۆی (894 ملیار) دیناری كۆی خەرجی موچە لە مانگێكدا، بڕی (502 ملیار) دیناری خەرجی دەرماڵەی موچەخۆرانە.
بەپێی قسەی دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لە هەرێمی كوردستان فەرمانبەران (25) جۆر دەرماڵەی وەردەگرن، بەمشێوەیە:
• (4) جۆر دەرماڵەی جێگیر
• (21) جۆر دەرماڵەی ناجێگر
• 16%ی موچە بۆ دەرماڵەی جێگیر خەرج دەكرێ
• 40%ی موچە بۆ دەرماڵەی ناجێگیر خەرج دەكرێ
لە یاسای چاكسازیدا كە لە خولی ئێستای پەرلەمانی كوردستاندا پەسەندكراوە، دەسەڵات بە حكومەت دراوە دەستكاری دەرماڵەی فەرمانبەران بكات، بۆیە لەم بوارەدا پەرلەمان ناتوانێت ناڕەزایەتی لە هەر هەنگاوێكی حكومەت دەرببڕێت.
دەرماڵەی فەرمانبەران تەنیا سێ جۆریان بنەڕەتین كە بریتین لە دەرماڵەكانی (بڕوانامە، هاوسەرگیری، منداڵ)، لەدوای ئەمانەوە دیارترین دەرماڵە، دەرماڵەی (مەترسی)یە، واتا ئەو مەترسییەی كە فەرمانبەری حكومەت بەهۆی كارەكەیەوە روبەڕووی دەبێتەوە، ئەم دەرماڵەیە یەكێك لەو جۆرانەی دەرماڵەیە كە كێشەو مشتومڕی زۆری لەسەرە، بەشێكی زۆری فەرمانبەران سودمەند دەبن لەم جۆرە دەرماڵەیە، بەرپرسانی حكومەت دەڵێن "دەرماڵەی مەترسی دەبێت بە كەسێك بدرێت، كە فیعلەن مەترسی لەسەر بێت" بۆ نمونە وەكو ئەوان دەڵێن كارمەندێكی وەزارەتی كارەبا ئەگەر نەچێتە سەر تاوەرەكانی كارەبا یاخو لەناو وێستەكەكاندا كارنەكات، بۆچی هاوشێوەی ئەو كارمەندەی كە لەناو مەترسییەكەدا كاردەكات دەرماڵەی مەترسی وەربگرێت.
مەسرور بارزانی ئەوسەری لێگرتن !
لە كۆبونەوەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی حكومەتدا، چەند پێشنیازێك بۆ چۆنیەتی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەران خراوەیەڕوو:
پێشنیازی یەكەم: رێژەی 50%ی دەرماڵەی فەرمانبەران ببڕدرێت.
پێشنیازی دووەم: سێ دەرماڵە بنەڕەتییەكە (بڕوانامە، خێزان، منداڵ) وەكو خۆیان بمێننەوە، بەڵام رێژەی 50%ی دەرماڵەكانی تر ببڕدرێن.
كۆبونەوەی چواشەممە وەزیرەكانی راسپارد هەریەكەو لە وەزارەتەكەی خۆی لیستی موچەی فەرمانبەرانو دەرماڵەكانیان ئامادە بكاتو لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەكەیدا تاوتوێی بڕینی دەرماڵەكان بكات، تاوەكو لەبەر رۆشنایی ئەو لیستانە دەستكاری موچە بكرێت.
لە دوو رۆژی رابردوودا لەچوارچێوەی بڕیارەكەی حكومەتدا، وەزیرەكان لەگەڵ بەرپرسو بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتەكانیاندا كۆبونەوە، لە ساتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا وەزیرەكان حكومەت بەبێ بەشداری مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانو قوباد تاڵەبانی جێگری، لە كۆبونەوەدان، وەزیرەكان دەیانەوێت پێكەوە بگەنە رێككەوتنێك لەسەر ئەو پێشنیازانەی كە خراونەتەڕوو لەبارەی دەستكاریكردنی دەرماڵەكان، دوای رێككەوتن، پێكەوە پێشنیازی پەسەندكراو دەبەنە ناو كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانو لەوێ بڕیاری كۆتایی لێدەدرێت.
سەرەتا كە دەستكاریكردنی موچە لە ئەنجومەنی وەزیران خرایەبەر باس، تیمی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵیاندا خۆیان لە هەر بەرپرسیارێتییەكی دەستكاریكردنی موچە دەرباز بكەنو بڕیارەكە بەتەنیا بخەنە ئەستۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو تیمی پارتی لە حكومەت، بەڵام مەسرور بارزانی ئەوسەری لێگرتن، بڕیارەكەی دایە دەست وەزیرەكان، ئێستا هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت (پارتی- یەكێتی- گۆڕان) بەشدارن لە بڕیاری دەستكاریكردنی دەرماڵەكان.
چۆن دەستكاری دەرماڵەكان دەكرێت ؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، چەند وەزارەتێك هەن كە زۆرینەی خەرجی موچە بۆ ئەوان دەڕوات لەوانە:
• وەزارەتی پەروەردە مانگانە بڕی (160 ملیار) دینار لە خەرجی موچە دەبات
• وەزارەتی ناوخۆ مانگانە زیاتر لە (150 ملیار) دینار لە خەرجی موچە دەبات
• وەزارەتی پێشمەرگە مانگانە زیاتر لە (120 ملیار) دینار لە خەرجی موچە دەبات
• وەزارەتی تەندورستی مانگانە نزیكەی (60 ملیار) دینار لە خەرجی موچە دەبات
• وەزارەتی خوێندنی باڵا مانگانە نزیكەی (55 ملیار) دینار لە خەرجی موچە دەبات
حكومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی خەرجی موچە لەسەردەمی قەیرانی داراییدا كە ئێستا تێیكەوتووە، بەر لە هەموو وەزارەتەكانی تر چاوی لە كەمكردنەوەی هەندێك لە دەرماڵەكانی فەرمانبەرانە لەم وەزارەتانە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە وەزارەتی پەروەردە، حكومەت چاوی لە بڕینی (150 هەزار)ی دەرماڵەی تایبەتی مامۆستایانە، ئەگەر ئەم دەرماڵەیە لە مامۆستایان ببڕدرێت، بڕی نزیكەی (22 ملیار) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
لە وەزارەتی ناوخۆ، حكومەت چاوی لە بڕینی دەرماڵەی (مەترسی)و (خۆراكە)، دەرماڵەی مەترسی لە وەزارەتی ناوخۆ مانگانە بۆ هەر كارمەندێك (430 هەزار) دینارە، دەرماڵەی خواردنیش (330 هەزار) دینارە، حكومەت ئەگەر هەردوو دەرماڵەكەش نەبڕێت، لە كەمترین ئاستدا دەیەوێت یەكێك لەو دوو دەرماڵەیە ببڕێت، ئەگەر دەرماڵەی مەترسی ببڕدرێت مانگانە بڕی (50 ملیار) دینار لە خەرجی دەرماڵەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، خۆ ئەگەر دەرماڵەی خواردن ببڕدرێت، مانگانە بڕی (40 ملیار) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو وەزارەتی ناوخۆ، لە پلەی (لیوا) بۆ (ئەفسەری پلە شەش) دەستكاری دەرماڵەكانیان دەكرێت.
لە وەزارەتی پێشمەرگەدا موچەو دەرماڵە جیاوازە، زۆرینەی پێشمەرگە موچەیان لە (500 هەزار) دینارو بەرەو سەرترەو بەشێكیشیان لەم بڕە پارەیە كەمتر وەردەگرن، بڕیاری حكومەت بۆ دەستكاریكردنی موچە ئەوانە ناگرێتەوە كە موچەكەیان (500 هەزار) دینارە، بۆیە پێشمەرگەی ئاسایی بڕیاری كەمكردنەوەی موچە نایانگرێتەوە، بەڵام حكومەت چاوی لەوەیە دەرماڵەی (مەترسی) پێشمەرگە ببڕێت، ئەگەر دەرماڵەی مەترسی وەزارەتی پێشمەرگە ببڕدرێت مانگانە بڕی (20 ملیار) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
لەبارەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، باسلەوەكراوە، پێشمەرگە (7) رۆژ لە دەوامدایەو (14) رۆژ پشووە، بۆیە نابێت حكومەت خەرجی خواردنو مەترسییان لەو (14) رۆژەدا بۆ خەرج بكات كە لە پشوودان.
وەزارەتی خوێندنی باڵا كە زۆربەی لە مامۆستایانی زانكۆ پێكدێتو موچەیان بەرزەو دەرماڵەیان بە رێژەی 100% بۆ 200% پێكدێت، حكومەت دەیەوێت رێژەی 50%ی دەرماڵەكانیان ببڕێت، حكومەت دەیەوێت لەڕێگەی دەستكاریكردنی دەرماڵەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە مانگانە بڕی (20 ملیار) دینار بگەڕێنێتەوە.
لە وەزارەتی تەندروستیش، حكومەت دەیەوێت دەرماڵەی مەترسی رێكبخاتەوەو بەڵام پێشبینی دەكرێت بەهۆی قەیرانی كۆرۆناوە، گۆڕانكاری ئەوتۆ لە دەرماڵەی تەندروستیدا نەكرێت.
رێوشوێنەكانی دەستكاریكردنی دەرماڵەكان بەهەمان شێوە وەزارەتو دامودەزگانی تریش دەگرێتەوە.
سەرباری دەستكاریكردنی دەرماڵەی فەرمانبەران، حكومەت چەند هەنگاوێكی تر دەنێت بۆ كەمكردنەوەی خەرجی موچە بەمشێوەیە:
• لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە حكومەت یاسای چاكسازی دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەچوارچێوەی ئەم یاسایەدا موچەی خانەنشینیی پلەباڵاكانو پلە تایبەتەكان كەمدەكرێتەوە بەپێی ئەوەی یاساكە دیاریكردووە كە بەرزترینی (4 ملیۆن) دینارەو كەمترین (ملیۆنێكو 200 هەزار) دینارە.
• جگە لە دەستكاریكردنی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران لەم مانگەوە رێژەی 50%ی موچەی پلەباڵاو تایبەتەكان كەمدەكرێتەوە، ئەمە موچەی پەرلەمانتارو وەزیرو بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكار تاوەكو بەڕێوەبەری ناحیە دەگرێتەوە، لە پلە سەربازییەكانیشدا لە پلەی (لیوا) تاوەكو پلەی (مقدم) دەگرێتەوە.
• بەشێوەیەكی گشتیش پێشنیازێك هەیە كە داوا دەكات لە هەرێمی كوردستان موچەی هیچ كەسێك لە هەر پلەیەدا بێت لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر نەبێت، بۆ نمونە:
• وەزیرێك كە موچەی مانگانەی (7 ملیۆنو 850 هەزار) دینارە، موچەكەی دەكرێت بە (3 ملیۆن) دینار، واتە بڕی (4 ملیۆنو 850 هەزار) دیناری لێدەبڕدرێت.
• پەرلەمانتارێك كە موچەی مانگانەی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، موچەكەی دەكرێت بە (3 ملیۆن) دینار، واتە بڕی (5 ملیۆنو 200 هەزار) دیناری لێدەبڕدرێت.
• لیوایەكی سەربازیی كە هەموو پلەیەكی ئەكادیمی هەبێت موچەی مانگانەی (7 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، موچەكەی دەكرێت بە (3 ملیۆن) دینار، واتە بڕی (4 ملیۆنو 500 هەزار) دیناری لێدەبڕدرێت.
• راوێژكارێك كە موچەی مانگانەی (6 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، موچەكەی دەكرێت بە (3 ملیۆن) دینار، واتە بڕی (3 ملیۆنو 500 هەزار) دیناری لێدەبڕدرێت.
حكومەت بۆچی دەستكاری موچە دەكات ؟
لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا، داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم توشی داڕمان هات، داهاتی نەوتو ناوخۆ كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكان بوون، بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیان كرد، موچەی فەرمانبەرانیش كە بەشێكی بەشێوەی مانگانە لە بەغدادەوە دەهات لە كۆتایی تەمەنی حكومەتی عادل عەبدولمەهدیدا كێشەی تێكەوت.
حكومەتی هەرێم سەرقاڵی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێیە لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەپێی رێككەوتنە نوێیەكە حكومەتی هەرێم قایل بووە لەمەودوا مانگانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوتو نیوەی داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد بكات لەبەرامبەر زامنكردنی بەشە بودجەیەك كە عێراق مانگانە بۆ هەرێمی دابین دەكات.
بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتو داهاتی ناوخۆ، مانگانە داوای (600 ملیار) دینار لە بەغداد دەكات، حكومەتی عێراق خۆشی لە قەیراندا دەژی، رازی نییە بەم بڕە پارەیە، بەرپرسانی عێراق باسی (453 ملیار) دیناری مانگانە دەكەن كە پێشتریش هەر ئەم بڕە پارەیەیان بە هەرێم داوە، رەنگە دواجار هەردوولا لەسەر (500 ملیار) دینار رێكبكەون.
لەدوای رێككەوتن لەگەڵ بەغداد كە بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو ئیمزا بكرێت، داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم بەداهاتی ناوخۆو یارمەتییەكەی ئەمریكاوە لە (600 ملیار) دیناردا جێگیر دەبێت، ئەم پارەیە ئەگەر بەبێ دەستكاریكردنی موچە بە تەنیا بۆ خەرجی مانگانەی موچە تەرخان بكرێت كە (894 ملیار) دینارە، هێشتا نزیكەی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە، واتا داهات بەرێژەی 34% لەبەرامبەر خەرجی موچەدا كورتهێنانی هەیە، حكومەت دەیەوێت لەڕێگەی دەستكاریكردنی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە بڕی ئەو (300 ملیار) دینار كورتهێنانە پڕبكاتەوەو خەرجی مانگانەی موچە (894 ملیار) دینارەوە كەمبكاتەوە بۆ (600 ملیار) دینار.