Draw Media

وەزارەتی دارایی داوای یەكخستنی بڕینی موچەی دەكات

وەزارەتی دارایی داوای یەكخستنی بڕینی موچەی دەكات

2020-06-28 16:48:58


(درەو):
هەموو موچەخۆران، جگە لە پلەباڵاكان‌و ئەوانەی موچەیان (300 هەزار) دینارە، بڕی 21% لە موچەكانیان دەبڕێت، ئەمە فەرمانی وەزیری داراییە‌و لەناو وەزارەتەكانی حكومەتدا مشتومڕی دروستكردووە.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بە فەرمانێك هەموو وەزارەتەكانی پابەندكردووە بەم سێ پێوەرە دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكەن:
•    50%ی موچەی پلە تایبەتەكان ببڕن
•    21%ی موچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی‌و گرێبەست ببڕن
•    ئەوانەی موچەیان كەمترە لە (300 هەزار) دینار هیچ بڕە پارەیەكیان لێ نەبڕیت
ئەم فەرمانەی وەزیری دارایی كۆتایی بەو هەوڵی وەزارەتەكان هێنا بۆ دانانی میكانیزم لەبارەی چۆنیەتی دەستكاریكردنی موچە.
بەپێی نوسراوێك كە دەست (درەو) كەوتووە، لەسەر بنەمای فەرمانەكەی وەزیری دارایی، وەزارەتی پەروەردە خشتەی پێشووی خۆی لەبارەی چۆنیەتی دەستكاریكردنی موچە هەڵوەشاندوەتەوە كە تێیدا لێبڕینی موچە لەسەر بنەمای زۆرو كەمی موچەی موچەخۆرانی وەزارەتەكە دانرابوو.
(درەو)، دەقی بڕیاری نوێی وەزارەتی پەروەردەی لەبارەی دەستكاریكردنی موچە دەستكەوتووە‌و لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە لەسەر بنەمای فەرمانی وەزارەتی دارایی لیستی موچە رێكبخرێتەوە. 
بڕیارەكەی وەزیری دارایی لەناو وەزارەتەكانی حكومەت مشتومڕی دروستكردووە، هەندێك لە بەرپرسانی ئیداری دەڵێن بڕیارەكەی وەزیری دارایی پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران‌و رێنمایی رۆژی 25ی ئەم مانگە وەزارەتەكەی خۆیەتی كە تێیدا گشتاندنی بۆ هەموو وەزارەت‌و فەرمانگەكان كردووە‌و دەڵێ:" راگرتنی تەمویلكردنی رێژەی 21% بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم موچەخۆران‌و خانەنشینان جێبەجێ بكرێت".
بڕیارەكەی وەزیری دارایی دەسەڵاتی لە وەزیرەكان سەندەوە بەوەی خۆیان بەپێی رێژەی زۆرو كەمی موچە، رێژەی بڕینی موچە لە هەر موچەخۆرێك دیاری بكەن، ئێستا ئیتر هەموو موچەخۆرێك جگە لەوانەی كە موچەكەیان (300 هەزار) دینارە، بڕی 21% لە كۆی گشتی موچەكەیان دەبڕدرێت.
هەندێك لە وەزارەتەكان بەنیازبوون، رێژەی 21% بڕینی موچە لەسەر هەموو فەرمانبەران وەكو یەك جێبەجێ نەكەن‌و بە میكانیزمی زۆرو كەمی موچەی موچەخۆر بڕی لێبڕینەكە دیاری بكەن.
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand