Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو میدیا:  "هەموو ئەوانەی خەم‌و داڵغەیان لای باری لاری خەڵكە‌و، بە ئومێدی ژیانێكی باشترەوە دەژین، دەبێت سەرمەشقی پرۆژەی هەستانەوەبن" ئەمە بۆچونی قادری حاجی عەلیە كە لە نوسینێكدا بەناوی (چۆن لەم دۆخە تێبگەین؟)  بۆچونی خۆی لەسەر بارودۆخی ئەمرۆی كوردستان خستۆتە روو،  ئاماژە بەوە دەكات" هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا جگە لەنوزەیەكی لاواز، (نا)و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنە دەنگ بەرزەكەی جاران بەدەستی خۆی ئینتحاری سیاسی كردو، كۆتایی بە قۆناغێكی گرنگ لەچاوەڕانیی دونیایەكی باشتر هێنا"  بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخەی ئێستاى هەرێمی كوردستان قادری حاجی عەلی ئاماژە بەوە دەكات" بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین سنورێك بۆ ئەم بەدبەختی‌و بێكەسییە دابنێین كە بە ئاشكرا بەبەرەی خەڵكەوە دیارە، پێویستە بەدوای ڕێگەچارەیەكدا بگەڕێین كە ئەركی مێژوویی هەموومان لەم قۆناغەدا دیاریبكات" قادری حاجی عەلی پێشنیازی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە دەكات " یەكێك لەڕێگا گونجاوەكان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، لە دەرەوەی ئەم پەرلەمان‌و حكومەت‌و حیزبانە، خەڵكی كوردستان خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە دروستبكات، بەهەر ئامرازێك لەو ئامرازانەی شیاوە خەباتی خۆی بكات‌و، لەچوارچێوەیەكدا ئەگەر حزب‌و ڕێكخراوی سیاسیش نەبێت بەهەماهەنگی و كاری جەماعی خۆی ڕێكبخات" پوختەی وتارەكەی قادری حاجی عەلی ( چۆن لەم قۆناغە تێبگەین):   -    لای ئێمە حزب (بەتایبەتیش حزبەكانی دەسەڵات) بۆتە یەكێك لە ناشرینترین ناونیشانە سیاسییەكان، خەڵك وەك سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەكان‌و بەدبەختییەكانی ژیانی خۆی تەماشای دەكات، چونكە لەبری ئامرازێك بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خەڵك، حزب خۆی بۆتە ئامانج -     ئێستا هەر بنەماڵەو گروپێك خاوەنی حزبی خۆیانن، كە لەڕووكەشدا هەڵگری كۆمەڵێك دروشم‌و چەمك‌و ناونیشانی گشتین، بەڵام لە جەوهەردا بوونەتە كۆمپانیای پشكداری‌و كارتێلی بازرگانی كە هەزاران فرسەخ لەخەمە گشتییەكان دووركەوتونەتەوە -    لەم سنورەدا حزب ئەمانەشی تێپەڕاندووەو، ڕۆچووەتە ناو تێكشاندن‌و، بێئەرزشكردنی زۆرێك لە بەها كۆمەڵاتییەكانیشەوە.   -     لەواقیعدا ڕووبەری جیاوازیی نێوان زۆربەی حزبەكانی كوردستان ئەوەندە بچوكبووەتەوە، ناو و ناونیشان نەبێت جیاوازییەكی ئەوتۆ بەدیناكرێت. -    ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر حزبەكانی كوردستان، زۆرنەیان بەشدار‌و بەرپرسیارن لە دروستكردنی ئەم دۆخە خراپە‌و سڵ ناكەنەوە لە وێرانكردنی هەموو شتێ‌ بە بەها ڕەمزی‌و مەعنەوییەكانیشەوە، لەسەرو هەموشییانەوە كوشتنی متمانەی خەڵك، هەر ئەوەشە وایكردووە ڕەوڕەوەی ڕۆیشتن بەرەو بنەماڵەبوونی سیستەم‌و، بەسوڵتانیكردنی دەسەڵات، بەخێراییەكی ترسناك هەنگاو بنێت. -    زۆربەی حزبەكان موڵكی خێزان‌و بنەماڵەی سەركردەكانن، بوونەتە كۆمپانیای زەبەلاح‌و دەستكەوتی گەورە بۆ خاوەنەكانیان وەدەست دەخەن، لەشكرێك دەستسپی‌و بێبەهرەش، لەگەڵ رێزم بۆ خەڵكە پاك و تێكۆشەرەكانیان،  لەسەرەوە بۆ خوارەوە بوونەتە بەردەست‌و بەشدار لەو ناهەقییانەی لەخەڵك دەكرێ‌و زەمیینەكەیان بۆ خۆشدەكەن.   -     ژیانی سیاسی لەكوردستان بەجۆرێك بەر نەفرەت كەتووە، كاتێك بە كەسێك بلێی حزبییە، وەك ئەوە وایە توانج‌و پلاری لێبدەیت، كە ئەمەش بەرهەمی خراپەكاری حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانە -    ئایا دەكرێ ئەمە خاڵی كۆتایی‌و تەسلیمبوون بێت بەو واقیعە تاریك‌و سەپاوە؟ ئەكرێت لەم دۆخی كەوتنەدا كە لە پرسەیەكی نیشتمانیی گەورە دەچێت، زۆرینەی خەڵكی ناڕازی لەناو خەم‌و، ئازارەكانی خۆیدا بێ ئاسۆو نەبوونی دەروویەك بتلێتەوە؟.        - قۆناغی زۆر لەمە تاریكترو كەوتنی زۆر لە ئێستا سەخترمان بینیوە، هەستانەوە لە گلان ئیرادەیەكی بەهێزو لەخۆ بردووی ئەوێت، كاری دەستەجەمعی‌و متمانە بەخۆبوونی گەرەكە، هەركات توانیمان ئەم ڕۆحە بچێنین‌و ئەو متمانەیە دروستبكەین، لەبری خۆخواردنەوەو تلدان‌و نائومێدی، چاومان لە ئایندەیەكی باشتر دەبێت.  - هەموو ئەوانەی خەم‌و داڵغەیان لای باری لاری خەڵكە‌و، بە ئومێدی ژیانێكی باشترەوە دەژین، دەبێت سەرمەشقی پرۆژەی هەستانەوەبن، ڕۆشنبیران ئەركێكی مێژوویی‌و گەورەیان لەسەرشانە لە ئاڕاستەكردنی دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی دروست  - هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا جگە لەنوزەیەكی لاواز، (نا)و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنە دەنگ بەرزەكەی جاران بەدەستی خۆی ئینتحاری سیاسی كردو، كۆتایی بە قۆناغێكی گرنگ لەچاوەڕانیی دونیایەكی باشتر هێنا.  - یەكێك لەڕێگا گونجاوەكان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، لە دەرەوەی ئەم پەرلەمان‌و حكومەت‌و حیزبانە، خەڵكی كوردستان خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە دروستبكات، بەهەر ئامرازێك لەو ئامرازانەی شیاوە خەباتی خۆی بكات‌و، لەچوارچێوەیەكدا ئەگەر حزب‌و ڕێكخراوی سیاسیش نەبێت بەهەماهەنگی و كاری جەماعی خۆی ڕێكبخات    -    بۆ ئەوەی نرخ بۆ ئۆپۆزسیۆن بگەڕێنینەوە، دەبێت بەدوور بگیرێت لەهەموو بەشداریكردنێكی ئەم حزبانە یان  ڕازیبوون بە بە بون بە پەراوێزێك لە بەشداریدا، بەرامبەر بە تەسلیمكردنی ئیرادەو توانەوە لەناو دەسەڵاتدا. دەبێت چاوەكان بەتەنها لەسەر بەدەستهێنانی دەسەڵات یان باڵادەستی بێت بەسەر دەسەڵاتدا، ، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی سیاسی گونجاوو تۆكمەو تەریب بەداواكانی خەڵك، كە عەدالەت‌و چاكسازی ڕیشەیی بكاتە دروشمی سەرەكی خۆی. -     خۆ بەدوورگرتنە لەكۆكردنەوە یان رێگادان بە خۆتێخزاندنی خەڵكانی هەلپەرست‌و، هەڵپەكەر بۆ پۆست‌و پارەو دەسەڵات، چونكە دەبنە هۆی كاریگەری بۆ سازش و تەسلیم بون، ئەمەش دەكاتە ئاوابوونی خۆری ئەو مۆدیلە لە سیاسی زۆر بڵێش  كە ساڵانێكە دونیای ئێمەی پڕكردووە لە قسەی بێكردار -    گرنگە ڕێگەنەدرێت جارێكی تر دەمووچاوی ناشرین سیمای جوانی ئۆپۆزسیۆن تێكبدات، ئەمە هەنگاوێكی گرنگیشە بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵكی ناڕازیی لەگەڵ سیاسەت، لەسەرو ئەمانەشەوە، گرنگە ڕێگری جدی بكرێت لە دروستبونی بنەماڵەی سیاسی بازرگانی ترو، حەقیقەتی ئەم بنەماڵە خاوەن حزب‌و دەسەڵاتانەی كوردستانیش ڕوونبكرێتەوە، كە مایەی ڕووتانەوەو، هەژاركەوتن‌و، دەردەكانی تری هاوڵاتیانی كوردستانن.  -    بایكۆتكردنی زیاتر لە 60%ی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەكاندا، هێمایەكی ئومێد بەخشەو ئەو راستییەش دەسەلمێنێ، كە بێزاری خەڵكی كوردستان لەم دەسەڵات و حزبانە گەیشتۆتە ئاستێكی وا كە پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو توێژەكانە بۆ گۆڕانكاری.      دەقی وتارەكەی قادری حاجی عەلی 


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم  قسه‌كردن و شیكاری له‌سه‌ر كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی قوڕسه‌و ئاسان نییه‌، چونكه‌ رووداوه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ به‌ خوله‌ك و كاتژمێر گۆڕانكاریان به‌سه‌ر دادێت، به‌رده‌وامیش كۆبوونه‌وه‌و گفتووگۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت. ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا روون و ئاشكرایه‌، خه‌ریكه‌ دواخستنی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی ده‌بێته‌ ناچاری، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكار، یه‌كێك له‌وانه‌ بوونی سێ كاندیده‌ بۆ سكرتێری ئه‌و حزبه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ ( به‌رهه‌م ساڵح و باڤڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی)، كه‌ ده‌وترێت ئه‌و دوانه‌ی كۆتایی خۆ كاندیدكردنیان بۆ پۆستی سكرتێر، وه‌كو كارتێك به‌كارده‌هێنن، تاوه‌كو لانیكه‌م ببنه‌ كه‌سی دووه‌م له‌ دوای به‌رهه‌م ساڵح. نه‌وه‌كانی مام جه‌لال و شێخ جه‌نگی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌ نێو بنه‌ماڵه‌كه‌یان شه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ن ببنه‌ سكرتێری ئه‌و حزبه‌، یاخود كه‌سی دووه‌می حزب به‌بێ ركابه‌ر، له‌ دژی هه‌موو ته‌سكیه‌و دانانێكی بێ هه‌ڵبژاردنن بۆ پۆستی سكرتێر( به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌ی ده‌وێت). شانازو مه‌لا به‌ختیاریش جگه‌ له‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌یكه‌لی حزب بن، هه‌موو شتێكیش ده‌كه‌ن، تاوه‌كو به‌رهه‌م ساڵح نه‌بێته‌ سكرتێر. لیژنه‌یه‌ك له‌ لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی كه‌ پێكهاتوون له‌ ( ئه‌رسه‌لان بایز، ره‌فعه‌ت عبدوڵا، دلێری سه‌ید مه‌جید، عیماد ئه‌حمه‌د ) پێكهێنراوه‌، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م باڵه‌كانی نێو یه‌كێتیی كۆببنه‌وه‌و بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر په‌یكه‌ری حزب و گه‌یشتن به‌ ته‌وافوق له‌سه‌ر پۆستی سكرتێرو جێگر. ئێستا یه‌كێتیی له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ردایه‌، یه‌كێكیان دواخستنی كۆنگره‌یه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك تاوه‌كو رێككه‌وتن ده‌كرێت و ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره‌ ته‌واوده‌بن، دوومیان دووباره‌ دواخستنی كۆنگره‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژو دوای ئاساسیبوونه‌وه‌ی بارودۆخی عێراق، كه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان ئه‌گه‌ری زیاتری هه‌یه‌. بیانوی دۆڕانی باڵێكی یه‌كێتیی له‌ كۆنفراسی كۆمیته‌كان بۆ دواخستنی كۆنگره‌ راست نییه‌، چونكه‌ ئه‌ندامانی ده‌رچووی كۆمیته‌كان یه‌ك له‌سه‌ر چواری ئه‌ندامانی كۆنفراسی مه‌ڵبه‌نده‌كان پێكده‌هێنن، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و ئه‌ندامانه‌ ده‌چنه‌وه‌ ناو كێبڕكێی كۆنفراسی مه‌ڵبه‌نده‌كان، زۆرینه‌یان بۆ كۆنگره‌ سه‌رناكه‌ون. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمیته‌كان به‌راورد به‌ ئه‌ندامامی مه‌ڵبه‌ند و ئۆڕگانه‌كان زۆر كه‌من، بۆ نموونه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر 170 كه‌س له‌ كۆمیته‌كانه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوون بۆ كۆنفراسی مه‌ڵبه‌ند، به‌ڵام له‌ كۆنفراسی مه‌ڵبه‌ند نزیكه‌ی 600 كه‌س مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌و 150 كه‌س خۆی كاندید كردووه‌، ته‌نها 44 كه‌س ده‌چێته‌ كۆنگره‌، به‌پێی پێشبیینییه‌كانیش له‌سه‌دا 10ی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ ده‌توانن بچنه‌ كۆنگره‌، ئه‌م نموونه‌یه‌ بۆ هه‌موو پارێزگاكان راسته‌. كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی دواخستنی كۆنگره‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، تاوه‌كو ئێستا باڵه‌كان نازانن ژماره‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌یان چه‌نده‌ بۆئه‌وه‌ی بچنه‌ نێو دانوستاندن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، هه‌ر باڵه‌و به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی داواكارییه‌كانی بچه‌سپێنێت. ره‌نگه‌ گه‌یشتنی باڵی ماڵی مام جه‌لال و كۆسره‌ت ره‌سول به‌ ته‌وافوق ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ زیاد بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ سیناریۆیه‌كان ( له‌ كۆی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی ده‌خرێنه‌ ڕوو) ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌م ساڵح بكرێته‌ سكرتێری گشتیی، باڤڵ تاڵه‌بانی و شاڵاویش بكرێنه‌ جێگری سكرتێر. باڤڵ تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی قبوڵ نییه‌، ئه‌گه‌ر پۆستی سكرتێری نه‌درێتێ ده‌یه‌وێ به‌بێ ده‌نگدان به‌ ته‌نها بكرێته‌ جێگری سكرتێر، لاهوریش هه‌مان شتی ده‌وێت، به‌ڵام ماڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵیش ئه‌مه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ ماڵی مام جه‌لال هه‌مان پۆستیان پێبدرێت. ئه‌م سیناریۆیه‌ی باسده‌كرێت، كه‌ شاڵاو باڤڵ بكرێنه‌ جێگری سكرتێر، به‌ربه‌ستی دیكه‌ی له‌به‌رده‌مه‌ یه‌كێك له‌و به‌ربه‌ستانه‌ش لاهور شێخ جه‌نگییه‌، ناوبراو قبوڵی نییه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ ناو باڵه‌كانی یه‌كێتیی له‌ هه‌مووان تۆكمه‌تره‌و به‌ باشترین شێوه‌ خۆی ئاماده‌كردووه‌، له‌ دوای ئه‌ویش كۆسره‌ت ره‌سوڵ و گروپی كه‌ركووكییه‌كانه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌م سیناریۆیه‌ سه‌ره‌وه‌ رێكبكه‌ون و جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان ماڵی مام جه‌لال و كۆسره‌ت بێته‌دی، هه‌رچه‌نده‌ باس له‌ ژماره‌ی دیكه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌روو 101 كه‌س هه‌ڵبژێردرێن له‌و رێژه‌یه‌ك به‌شێكیان ببنه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و به‌شێكی دیكه‌ مه‌كته‌بی سیاسی، به‌شه‌ زۆره‌كه‌ش ئه‌نجومه‌نێكی راوێژكاری به‌سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ دروستبكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاوت ده‌كرێن. له‌ هه‌موو ئه‌و سیناریۆیانه‌ی ده‌خرێنه‌روو، پێویسته‌ كوتله‌كانی دیكه‌ رازیبكرێن، له‌وانه‌ش گروپی كه‌ركووكییه‌كان و باڵی جافه‌كان و هه‌ریه‌ك له‌ (حاكم قادرو شێخ جه‌حفه‌رو مه‌حمود سه‌نگاوی و ئه‌رسه‌لان بایزو عیماد ئه‌حمه‌د و سه‌عدی پیره‌و چه‌ندین كه‌سی دیكه‌)، چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵیان نییه‌ ئاوت بكرێن، كاری زۆریشیان كردووه‌و، ناوه‌ ناوه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ ده‌نێرن، بۆیه‌ كه‌س ناتوانێت وا به‌ ئاسانی وه‌ده‌ریان بنێت و ده‌سه‌ڵاتیان كه‌مبكاته‌وه‌.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن مرەكەبی دەنگدانیان تاقیكردوەتەوە، دواتر مرەكەبەكە بە كلێنسی تەڕو فاس بە ئاسانی لێكراوەتەوە، بەڵام هەر بەو مرەكەبە پرۆسەكە ئەنجامدرا، (چاپخانەی ژیان) داوای لێبوردنی كردووە لەوەی ناتوانێ سەلامەتی كاغەزی دەنگدان دابین بكات، بەڵام كۆمسیۆن كارەكەی هەر بەو كۆمپانیایە داوە، ئەمە بەشێكە لە راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستاندا. (درەو میدیا) بە چەند بەشێك راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بڵاودەكاتەوە، ئەم بەشە تایبەتە بە چەند گرێبەستێكی كۆمسیۆن كە چاودێری دارایی گومانی هەیە گەندەڵییان تێدا كرابێت، لە بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە راپۆرتەدا وردەكاری چەند گرێبەستێكی تری كۆمسیۆن ئاشكرا دەكرێت. راپۆرتێكی نهێنی (درەو میدیا) دەقی راپۆرتێكی "نهێنی" دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستانی لەبارەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی دەستكەوتووە، كە وردبینی بۆ داهات‌و خەرجییەكانی دەستەكە دەكات لە ماوەی رابردوودا. ئەو راپۆرتە، فەرمانگەی وردبینی پارێزگای هەولێری دیوانی چاودێری دارایی ئامادەی كردووە، فەرمانگەكە لەسەر فەرمانی دیوانی چاودێری دارایی، لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە‌و لە رۆژی (14 بۆ 23)ی مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەستیكردووە بە وردبینیكردن بۆ كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم لەڕووی (كارگێڕی‌و دارایی- یاسای)یەوە، ئەوەش وەكو لە راپۆرتەكەدا هاتوو لەسەر بنەمای "یاساو رێنماییە داراییەكان- پێوەرو نەریتە ژمێریارییە پەیڕەوكراوەكان".  دوای تەواوكردنی وردبینییەكەی، فەرمانگەی وردبینی هەولێری دیوانی چاودێری دارایی لە رۆژی 6ی ئەم مانگە راپۆرتی كۆتایی خۆی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كردووە تاوەكو وەڵامی خۆی بداتەوە‌و دۆسیەكە بۆ بڕیاردانی كۆتایی دابخرێت. (درەو میدیا) بە چەند بەشێك وردبینییەكانی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم بڵاودەكاتەوە. بەشی دووەم لەم بەشەدا، ژمارەیەك گرێبەست دەخرێنەڕوو كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەماوەی رابردوودا لەگەڵ كۆمپانیاكان ئیمزای كردوون‌و چاودێری دارایی گومانی هەیە لەسەریان‌و تێبینی زۆری لەبارەوە تۆماركردوون. گرێبەستی چاپكردنی فۆرمەكانی دەنگدان راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی باس لە بەڵگەنامەیەكی خەرجكردن دەكات كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (4/12/2018)، ئەم پسوڵەیە تایبەتە بە چاپكردنی فۆرمی دەنگدان. بەپێی بەڵگەنامەكە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی گرێبەستێكی لەگەڵ (چاپخانەی ژیان) كردووە بۆ چاپكردنی فۆرمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەهای گرێبەستەكە (75 ملیۆن‌و 900 هەزار) دینار بووە، دوای وردبینیكردن چاودێری دارایی ئەم تێبینییانەی تۆماركردووە: •    سەرەڕای ئەوەی چاپخانەی ژیان داوای لێبوردنی كردووە بە چاپكردنی فۆرمەكانی ئەنجامی دەنگدان، كە ناتوانێ سەلامەتی كاغەزەكە دابین بكات، لەبەرئەوەی گوایە ئەم كاغەزە لەبازاڕ بەردەستە، هەرچەندە لیژنەی خستنەڕوو (عرچ) پێشنیازی كردووە بە پێدانی ئەم كارە بە (چاپخانەی هاوسەر)، تێبینی كرا بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران، كارەكە بە (چاپخانەی ژیان) سپێردراوە. •    (چاپخانەی ژیان) خستنەڕوو (عرچ)ی پێشكەش نەكردووە، بەپێی یاداشتی گرێبەستەكان‌و لیژنەی خستنەڕوو و یاداشتی ژمێریاری، چاپخانەی ژیان ئەمەی لە یاداشتەكەی خۆیدا رونكردوەتەوە كە دەرخستەی نەهێناوە، كۆمسیۆنیش فەرمانیداوە لەسەر دەرخستەی پاپخانەیەكی تر  دەرخستە بۆ چاپخانەی ژیان بكرێت، بۆیە ناكرێت لەسەر بنەمای خستنەڕووی چاپخانەیەكی تر  كە (چاپخانەی هاوسەر)ە، كارەكە بدرێت بە چاپخانەیەكی تر، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییە داراییەكانە‌و بنچینەی كێبركێ نامێنێت لە خستنەڕوودا. •    بەڵگەنامەی خەرجكردن بە ژمارە (٠٤٤٧٢٠٥/٥١) لە (2/8/2018) تایبەت بە خەرجی پەڕەی دەنگدان بەگوژمەی (258 ملیۆن‌و 300 هەزار) دینار بۆ چاپخانەی ژیان، تێبینی كرا بەپێی یاداشتی لیژنەی ئامادەكردنی پەڕەی دەنگدان بەشێوەی راسپاردن (احالە) بانگهێشتكراوە بەر لە خەمڵاندن هەرچەندە پێویستە خەمڵاندن بكرێت پێش بانگهێشتكردن. گرێبەستی پاككردنەوەی باڵەخانەی ئۆفێس یەكێكی تر لەو گرێبەستانەی تری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە چاودێری دارایی تێبینی هەبووە لەسەری، گرێبەستی (پاكردنەوەی باڵەخانەی ئۆفێسی كۆمسیۆن)ە لە هەولێر. گرێبەستەكە لەنێوان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەكو لایەنی یەكەم‌و كۆمپانیای (ناوباخ) وەكو لایەنی دووەمدا كراوە، گوژمەی گرێبەستەكە (2 ملیۆن) دیناری مانگانەیە، لەبارەی ئەم گرێبەستەوە، چاودێری دارایی ئەم تێبینیانەی خستوەتەڕوو: •    گرێبەستەكە ژمارەی هەیە كە ژمارە (101)ە، بەڵام رێكەوتی دیارینەكراوە لە سەرەوەی گرێبەستەكە. •    لە 31/12/2017 كۆتایی بە گرێبەستی پێشوو هاتووە‌و نوێ نەكراوەتەوە تا 13/8/2018 شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجكراوە، لە 1/1/2018 تاوەكو ئێستا ئەم گرێبەستە بەردەوامە بەبێ نوێكردنەوەی، هەرچەندە ساڵی 2019ش بەرەو تەواوبونە. •    ئەم كۆمپانیایە لەدوای دەستپێكردن‌و جێبەجێكردنی كارەكانی بۆ ماوەی (9) مانگ، ئینجا گرێبەستەكەیان بۆ واژۆ كراوە، واتە گرێبەست لەدوای ئەنجامدانی كارەكان واژۆ كراوە. گرێبەستی كەرەستەی دەنگدان یەكێك لەو گرێبەستانەی تر كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم ئیمزای كردووە‌و چاودێری دارایی گومانی هەیە لەسەری، گرێبەستی (دابینكردنی كەرەستەی دەنگدان)ە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە لە 30ی ئەیلولی 2018دا بەڕێوەچوو. ئەم گرێبەستە لەنێوان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەكو لایەنی یەكەم‌و كۆمپانیای (تۆرۆس ئینێرجی) لە سلێمانی وەكو لایەنی دووەم ئیمزاكراوە پاڵپشت بە بڕیارێكی كارگێڕی لە (26/7/2018)، گوژمەی گرێبەستەكە (980 ملیۆن) دینار بووە. لەبارەی ئەم گرێبەستەشەوە، چاودێری دارایی ئەم تێبینییانەی خستوەتەڕوو: •    ژمارەی گرێبەست (22)ە، بەڵام لەسەرەوەی گرێبەستەكە رێكەوت دیارنەكراوە. •    سێ كۆمپانیا تەندەریان پێشكەشكردووە، بۆ ئەم پرۆسە (دارا پرێنتینگ- تۆرۆس ئینێرجی- گرێی رەش)، یەكەمجار ئەم كارە بۆ كۆمپانیای (دارا پرێنتینگ) دەرچووە، لەبەرئەوەی بە كەمترین نرخ بووە، تێبینی كرا خاڵی چوارەمی ئەم گرێبەستە هەروەك لە راپۆرتەكانی لیژنەی بەدواداچوون‌و هونەری‌و راپۆرتی بەشی لۆجستی هاتووە وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، بۆ نمونە: 1-    كڵۆمی پاراستنی پلاستیك بەهیچ شێوەیەك گونجاو و ئامن نییە‌و ستۆكە‌و بەدەست دەشكێت‌و بۆ بەكارهێنان گونجاو نیە. 2-    كیسی ئامنی 2A زۆر بەئاسانی دەكرێتەوە، بەبێ دڕان، ئەمەش گونجاو نییە بەپێی تایبەتمەندی هونەری. 3-    پێنوسی (ماكر) پاش بەكارهێنانی بۆ ماوەیەك لەسەر زەرفی (3A و 2A) بە پەنجە لێخشاندن دەسڕێتەوە. 4-    داوای هەڵگری باجات بەپێی موا سەفاتی هونەری نییە، كە پێویست بوو ئارمی كۆمسیۆن بە رەنگاوڕەنگی لەسەر چاپبكرێت، بەڵام هیچ ئارمێكی لەسەر نەبوو. 5-    بەشێك لە ئەندامانی لیژنە مرەكەبی دەنگدانیان تاقیكردوەتەوە دواتر مرەكەبەكە بە كلێنسی تەڕو فاس بە ئاسانی لێكراوەتەوە‌و دوای كاتژمێرێك شوێنەواری نامێنێت. 6-    ماوەی جیێبەجێكردنی گرێبەست هەروەك لە گرێبەستەكە ئاماژەی پێ كراوە، دەستپێدەكات لە (26/7/2018) تاوەكو (13/9/2018). 7-    خگاب چمان (بارمتەی گرەنتی) بەڕێژەی (10%)ی بڕی گرێبەستەكەیە، كە دەكاتە (9 ملیۆن‌و 800 هەزار) دینار، تێبینی كرا ئاماژە بەم بارمتەیە دراوە، بەڵام ژمارەو ناوی بانكەكە بەبەتاڵی بەجێهێڵدراوە، ئەمەش وادەگەیەنێت گرێبەستەكە واژۆكراوە بەر لە هێنانی بارمتەی گرەنتی كە لە بانكی (BBAC) (بیروت بلاد العربیە)/ فرع السلیمانیە ژمارە (18370017LG) وەرگیراوە. 8-    تێبینی كرا ئەم گرێبەستە دوو لایەنی یەكەم‌و دوو لایەنی دووەمی هەیە واتا ناڕوونییەك هەیە لە دیاریكردنی لایەنەكان، لەسەرەتای گرێبەستەكە دوو لایەن دیاریكراوە‌و لە خاڵی (17)ی گرێبەستەكە دوو لایەنی تر دیاریكراوە‌و لە واژۆ كردن دوو لایەنی تر واژۆیان كردووە. 9-    وێنەی بارمتەی گرەنتی (خگاب الچمان) لەلایەن بەشی كەمكردنەوەی گرێبەستەكان هەڵگیرابوو، لەبەشی ژمێریاری نەبوو. 10-    بەپێی راپۆرتی لیژنەی بژاردنی كەموكورتییەكانی كەرەستەی هەڵبژاردن، كە بە فەرمانی كارگێڕی ژمارە (1541) لە 31/10/2018 پێكهێنراوە: •    مرەكەبی رۆژی دەنگدان نەتوانراوە بەشێوەیەكی هونەری لە وڵاتی بەرهەمهێن پشكنینی بۆ بكرێت كە بەپێی گرێبەستەكە دەبوو لە تاقیگەیەكی بێلایەن پشكنینی بۆ بكرێت. •    لیژنەی بەدواداچوون بەهیچ شێوەیەك سەردانی وڵاتی بەرهەمهێنی نەكردووە، هەرچەندە دەبوو بەپێی گرێبەستەكە سەردانی بكردایە، بەپێی بڕگەی (6)ی پاشكۆی ژمارە (1)ی گرێبەستەكان، سەرجەم تێچووی سەردانكردنی ئەم لیژنەیە لەئەستۆی كۆمپانیاكەدایە، بۆیە دەبێت ئەو بڕە پارەیە كە بۆ ئەم مەبەستە دیاریكرابوو لە كۆمپانیاكە ببڕێت لەگەڵ سزای پابەندنەبوون بە بڕگەی گرێبەستەكە. •    بەپێی گرێبەستەكە دەبوایە لە (13/9/2018) كەرەستەكان بگەیشتایەتە كۆگای نیشتمانی كۆمسیۆن، بەڵام كەرەستەكان لە (22/9/2018) لە كۆمسیۆن وەرگیراوە، بەمەش ماوەی (9) رۆژ دواكەوتووە‌و بەپێی ئەو هاوكێشەیە بێت كە لە گرێبەستەكەدا هاتووە سزای دواكەوتنەكە بۆ ماوەی (9) رۆژ دەكاتە بڕی (17 ملیۆن‌و 640 هەزار) دینار. •    دەردەكەوێت رەسمی پولی دارایی دوای ئەنجامدانی گرێبەستەكە وەرگیراوە، پولی دارایی بە بڕی (196 هەزار) دینار دانراوە. •    نرخی پێبژاردن بۆ كەموكوڕییەكان لەسەر نرخی خەمڵاندن كراوە. •    گرێبەستەكە واژۆی بەرپرسی گرێبەستەكانی لەسەر نییە لەگەڵ پەسەندكردنی بەڕێوەبەرایەتی یاسایی‌و هەروەها ژمێریاریی. لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014. ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (5) ساڵ زیاترە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە: یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا. دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا. تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا. ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە: •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە •    سەباح عەبدوڵا- كۆمسیار، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم ئەم زنجیرە راپۆرتە كلیل لەسەر ئەم نوسینە ی خوارەوە بكە: پارەی ریفراندۆمەكە هێشتا پاكتاونەكراوە    


 (درەو میدیا): كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوادەخرێت، چاوەڕەواندەكرێت سبەینێ لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا بڕیاری كۆتایی لێبدرێت‌و بۆ رایگشتی رابگەیەندرێت، ئەمە نوێترین زانیارییەكانە كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون.  تەنیا (9) رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی‌و هەندێك لە سەركردەكانی حزب تاوتوێی دواخستنی كۆنگرەكە دەكەن، چونكە بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی پێیان وایە ئامادەكاری تەواو نەكراوەو رێككەوتن نەكراوە.  چەند سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (درەو میدیا) یان راگەیاند، ئێستا لە سەركردایەتی یەكێتی تاوتوێی دواخستنی كۆنگرەی چوارەمی حزب دەكرێت كە بڕیارە رۆژی 7ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی دواخستنی كۆنگرە، سەرچاوەكان باس لە دوو ئەگەر دەكەن لەبارەی دواخستنی كۆنگرەوە، هەندێك دەڵێن (ماوەی دوو هەفتە كۆنگرە دوادەخرێت)، هەندێك سەرچاوەی تر باس لە دواخستنی دەكەن بۆ ماوەی (سێ مانگی تر). سەرچاوەیەكيش بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند كۆبونەوەكەی سبەینێی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر داوای بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیەو گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەر دەكرێت : یەكەم: بارودۆخی عێراق كە رەوشەكە بەرەو ئاڵۆزتر دەڕەوات  دووەم: كۆنگرەی یەكێتی  بڕیاری كۆتایی لەبارەی دواخستنی كۆنگرە، لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتییەوە دەدرێت، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئەو لەگەڵ دواخستنی كۆنگرەكەدایە‌و هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە تەنیا (9) رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرە‌و هێشتا سەركردەكانی یەكێتی لەسەر هیچ پرۆژەیەك بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزب‌و پەسەندكردنی لە كۆنگرەكەدا نەگەیشتونەتە رێكنەكەوتنی كۆتایی‌و ناكۆكییان هەیە. بەڵام چەند سەرچاوەیەكی نزیك كۆسرەت رەسوڵ رەتیانكردەوە جێگری سكرتێری نیازی دواخستنی كۆنگرەی هەبێت. دواخستنی كۆنگرە لەكاتێكدایە، كۆنفرانسی كۆمیتە‌و مەكتەبەكان كۆتایی هاتووە‌و نوێنەرەكانی كۆنگرە لەو دوو ئۆرگانەدا یەكلابونەتەوە، وەك یەكێتییەكان خۆیان باسی دەكەن ماڵباتی تاڵەبانی لە هەڵبژاردنی ئەو دوو ئۆرگانەدا بەسەر جەمسەرەكانی تری ناو حزبدا سەركەوتوون‌و زۆرینەی ئەوانەی سەركەوتوون بۆ كۆنگرە خەڵكانی نزیك لە ئەوانن، هەندێك هۆكاری دواخستنی كۆنگرە بۆ ئەو باڵادەستبوونەی ماڵباتی تاڵەبانی دەگێڕنەوە. پێشتر (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، دواخستنی كۆنگرەی چوارەم ئەگەرێكی بەهێزە، بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەكە لەسەر ئەم نوسینەی خوارەوە بكە: لەبارەی دواخستنی كۆنگرەوە


(درەو میدیا): مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كوردستان ئەمڕۆ لەدوای دەستبەكاربوونی، بۆ یەكەمجار گەشتی فەرمی دەرەوەی وڵاتی كرد‌و سەردانی توركیای كرد، لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا لە ئەنكەرە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبووەوە.  قسەكانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و مەولود چاوەشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە ئەنكەرە: قسەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا: •    باسی تیرۆرمان كرد‌و جەختمان كرد لەسەر ئەوەی پەكەكە‌و یەپەگە هەڕەشەن بۆسەر هەموان. •    لەبارەی ئۆپراسیۆنی كانیاوی ئاشتییەوە دڵنیایماندا كە ئەو ئۆپراسیۆنە دژی كورد نییە بەڵكو دژی پەكەكە‌و یەپەگەیە. •    لە سوریا‌و عێراق‌و توركیا دوژمنی سەرەكی كورد پەكەكە‌و یەپەگەیە. •    ژمارەیەكی زۆر لەوانەی لە سوریا ئاوارەبوون بۆلای ئێمە كوردن، ئێمە پێشوازیمان لێكردن. •    بابەتی تیرۆر لەنێوانماندا تەنیا پەكەكە نییە، بەڵكو داعش‌و گوڵەنییەكانیشە. •    جەخت لەسەر هەڵگرتنی ئاستەنگەكانی بەردەم بازرگانی نێوانمان دەكەین، هەنگاو دەنێین بۆ ئاسانكاریی گومرگی. •    لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان بەرەوپێش ببەین. •    خۆشحاڵین بە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، عێراق بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، یەكڕیزی گرنگە. •    رێكخراوی تیرۆریستی پەكەكە هەم عێراق‌و هەم هەرێم دەخاتە بەردەم هەڕەشەو مەترسی‌و زیانیان بۆ براكانمان لەوێ دروستكردووە. •    تاوتوێی زۆر بابەتی ترمان لەگەڵ مەسرور بارزانیدا كرد. قسەكانی مەسرور بارزانی: •    دڵخۆشم لە یەكەم سەردانمدا بۆ دەرەوە هاتووم بۆ توركیا. •    پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ توركیا مێژووی‌و ستراتیژین. •    باسمان لە نیگەرانییە هاوبەشەكانمان كرد لەبارەی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە. •    جەختمان كرد لەسەر ئەوەی پەیوەندییەكمان بەرەوپێش ببەین‌و ئاستی بازرگانمان زیاد بكەن. •    بۆم رونكردنەوەی كە گفتوگۆی جدیمان لەگەڵ بەغداد هەیە بۆ ئەوەی بگەین بە رێككەوتنێك، ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی هەرێم ببێت بە دەروازەی بازرگانی توركیا لەگەڵ هەموو عێراق. •    ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكارییەكانمان لەدژی تیرۆر. •    لەبارەی دۆخی سوریا قسەمان كرد، پێمانوتن نابێت ئاوارەكان بەزۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ سوریا، پێویستە توركیا لەبارەی ئاوارەكانەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان هەماهەنگی بكات. •    كۆنترۆڵی شەنگال لەژێر دەستی ئێمەدا نیە، لەژێر دەستی هێزەكانی عێراقدایە، بەڵام لەماوەی رابردوودا وتومانە ئێمە لەگەڵ بوونی پەكەكەدا نین لە شەنگال‌و شوێنەكانی تر.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت (12 ملیۆن) دۆلار تەرخانكرا بۆ خەرجی تایبەت بە سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، بەڵام خەزنەدار بۆ خەرجكردنی ئەم پارەیە دانەنرا، لەسەر وەرەقەیەكی (A4) فەرمانبەرێكی ژمێریاری لەبری خەزنەدار دانرا، ئەمە راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییە لەبارەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە، (درەو میدیا) دەقی راپۆرتەكەی دەستكەوتووە، بە چەند بەشێك وردەكاری گومانەكانی چاودێری دارایی لە رودانی گەندەڵی‌و سەرپێچییە یاسایی‌و كارگێڕییەكانی كۆمسیۆن بڵاودەكاتەوە. بەشی یەكەم (درەو میدیا) دەقی راپۆرتێكی "نهێنی" دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستانی لەبارەی كۆمسیۆنی باڵا سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی دەستكەوتووە، كە وردبینی بۆ داهات‌و خەرجییەكانی دەستەكە دەكات لە ماوەی رابردوودا. ئەو راپۆرتە، فەرمانگەی وردبینی پارێزگای هەولێری دیوانی چاودێری دارایی ئامادەی كردووە، فەرمانگەكە لەسەر فەرمانی دیوانی چاودیری دارایی، لیژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە‌و لە رۆژی (14 بۆ 23)ی مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەستیكردووە بە وردبینیكردن بۆ كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم لەڕووی (كارگێڕی‌و دارایی- یاسای)یەوە، ئەوەش وەكو لە راپۆرتەكەدا هاتوو لەسەر بنەمای "یاساو رێنماییە داراییەكان- پێوەرو نەریتە ژمێریارییە پەیڕەوكراوەكان".  دوای تەواوكردنی وردبینییەكەی، فەرمانگەی وردبینی هەولێری دیوانی چاودێری دارایی لە رۆژی 6ی ئەم مانگە راپۆرتی كۆتایی خۆی ئاڕاستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی كردووە تاوەكو وەڵامی خۆی بداتەوە‌و دۆسیەكە بۆ بڕیاردانی كۆتایی دابخرێت. (درەو میدیا) بە چەند بەشێك وردبینییەكانی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم بڵاودەكاتەوە. پارەی ریفراندۆمەكە بەشی یەكەمی وردبینییەكەی چاودێری دارایی تایبەت بە "سیستمی ژمێریاری" كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسییەكانەوە. لەم بەشەدا، چاودێری دارایی ئاماژە بەوەدەكات لە كۆمسۆنی هەڵبژاردندا (6) حەزنە "قاسە"ی هەیە كە پارەی تایبەت بە كۆمسیۆنەكەی تێدا هەڵدەگیرێت، ژمێریاریی پەیڕەوكراو لە كۆمسیۆن بەشێوەی "لامەركەزیی" نامەڵبەندییە. یەكێك لە خەزنەكانی كۆمسیۆن پێی دەوترێت (خەزنەی پێشینەی راپرسی)، ئەمە قاسەیەكی تایبەتە بەو پارەیەی كە بۆ ریفراندۆمەكەی ئەیلولی 2017ی هەرێم تەرخانكراوە، بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، ئەم خەزنەیە بڕی (12 ملیۆن) دۆلار پارەی تێكراوە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمدا خەرج بكرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجی دیوانی چاودێری دارایی بووە، ئەم خەزنەیە كە ئەو بڕە پارە زۆرەی تێدا بووە، (ئەمینداری خەزنە)ی نەبووە، تەنیا بە وەرەقەیەكی (A4) فەرمانبەرێكی ژمێریاری لە كۆمسیۆن تەكلیف كراوە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خەزنەكە بگرێتەئەستۆ‌و بەفەرمی هیچ فەرمانێكی كارگێڕی بۆ دەرنەكراوە وەك ئەمینداری خەزنە. سەرباری ئەمە، راپۆرتەكەی چاودێری دارایی باسلەوە دەكات، لەكۆی ئەو (12 ملیۆن) دۆلارەی كە بۆ پرۆسەی سازدانی ریفراندۆم تەرخانكراوە كە بە دراوی عێراقی دەكاتە (14 ملیارو 400 ملیۆن) دینار، ئێستا تەنیا بڕی (540 ملیۆن) دینار ماوەتەوە، سەرباری ئەم بڕی (13 ملیۆن) دیناری خەرجییەكان تائێستا یەكلانەكراونەتەوە‌و بەڵگەی قەیدی بۆ نەكراوە. هەر لەبارەی (12 ملیۆن) دۆلارەكەی پارەی تەرخانكراو بۆ ریفراندۆم، دیوانی چاودێری دارایی باسی لەوەكردووە، ئەو بڕە پارەیە لە (سێ) ژمارە حسابیدا لە بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی دانراوە، ئەم پارەیە لەڕێگەی لیژنەیەكەوە بە نرخی رۆژ لە (دۆلار)ەوە ئاڵوگۆڕكراوە بۆ (دیناری عێراقی). چاودێری دارایی بە دوو یاداشتی جیاواز داوای لە كۆمسیۆن كردووە رونكردنەوە بدات سەبارەت بە مانەوەی ئەو پارانە لە بانكدا كە تایبەت بوون بە پرۆسەی ریفراندۆم كە بڕەكەی (540 ملیۆن‌و 135 هەزار) دینارە، لەكاتێكدا دوو ساڵ تێپەڕبووە بەسەر پرۆسەی ریفراندۆمدا. خەزنەكانی تر بودجەی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی بەشێوەیەكی گشتی دابەشبووە بەسەر چەند بوارێكدا لەوانە بودجەی تایبەت بە (بەكاربردن- هەڵبژاردن- راپرسی)، ئەم بودجانە هەریەكەیان (چوار) ژمارە حسابییان لە بانك بۆ كراوەتەوە، ژمارە حسابییەكانی تایبەت بە بودجەی (بەكاربردن‌و هەڵبژاردن) لە بانكی شیرین دانراون، بەڵام بودجەی تایبەت بە ریفراندۆمەكە لە بانكی (كوردستانی نێودەوڵەتی) دانراوە. جگە لە خەزنەی تایبەت بە پارەی ریفراندۆم، بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی چەند خەزنە (قاسە)یەكی تری هەیە كە بریتین لە: •    خەزنەی پێشینەی بەكاربردن: كۆی پارەی خەزنەكە (41 ملیۆن‌و 329 هەزارو 500) دینارە، لەم بڕە پارەیە، (35 هەزارو 885 هەزارو 500) دیناری خەرجكراوە (544 هەزار) دیناری ماوەتەوە. •    خەزنەی پرۆسەی هەڵبژاردن: ئەم خەزنەیە بڕی (21 ملیار) دیناری تێدا بووە، (8 ملیارو 128 ملیۆن‌و 912 هەزار) دیناری خەرجكراوە، (2 ملیارو 40 ملیۆن‌و 829 هەزار) دیناری لە بانكدا ماوەتەوە، (277 ملیۆن‌و 263 هەزار) دیناری پارەی نەختییە، (10 ملیارو 552 ملیۆن‌و 996 هەزار) دیناری كۆی پێشینەی یەكلانەكراوەیە. •    خەزنەی موچەی فەرمانبەران: ئەم خەزنەیە دابەشبووە بەسەر سێ خەزنەی تردا، كە بەكارهاتووە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران‌و پاداشتی هەڵبژاردن‌و گرێی گواستنەوەی‌و خەرجی تر، بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی ئەم خەزنانە ئەمینداری خەزنەیان نەبووە‌و بەرپرسی هۆبەی موچە لەبری ئەمینداری كارەكانی كردووە، راپۆرتەكە دەڵێ" هەموو موچەكان وەرگیرابوون‌و خەزنە سفر بوو، بڕی 83 ملیۆن‌و 16 هەزار) دینار لە خەزنەدا ماوەتەوە بۆ موچەی گرێبەستی فەرمانبەران‌و كرێی گواستنەوە‌و خەرجی تری هەڵبژاردن، بڕی 10 ملیۆن دینار لە پێشینەی بەكاربردن وەرگیرابوو بۆ كرێی هاتوچۆی فەرمانبەران‌و هەندێك كاری تر".  لەم سێ خەزنەیەدا چاودێری دارایی تاڕادەیەك تێبینی نییە دەڵێت بەراوردكاری داتاكان هاوتابوون، بەڵام كێشەی هەیە لەگەڵ پێشینەی تایبەت بە هەڵبژاردن‌و دەڵێت تا كاتی نوسینی راپۆرتەكە، ئەو پێشینەیە یەكلانەكراوەتەوە‌و كۆمسیۆنیان ئاگاداركردووە دەبێت ئەو پێشینەیە یەكلابكاتەوە. سەرباری ئەمە، چاودێری دارایی چەندین تێبینی تری خستوەتەڕوو لەبارەی وەسڵی خەرجییەكان، بۆ نمونە باسی ئۆفێسی كۆمسیۆن دەكات لە دهۆك‌و دەڵێ: تێبینی كراوە خەرجی بەنزین لەو ئۆفێسە زۆر بووە، رەزامەندی بەڕێوەبەری ئۆفێس لەسەر وەسڵەكان نییە، جۆری بەنزین‌و ژمارەی ئۆتۆمبیل نەنوسراوە، هەروەها باسلەوەدەكات لەوە دەكات ژمارەیەكی زۆر كارتی مۆبایل بۆ سەرۆك بەش ‌و هۆبەكانی كۆمسیۆن كڕدراون، كە هەندێكیان جۆری كارەكانیان پێویست بە بەكارهێنانی كارت ناكات، بەگوێرەی راپۆرتەكە، تەنیا لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا بڕی (159) كارتی موبایل كڕدراوە، سەرەڕای ئەوە ناوی ئەو كەسانە بوونی نییە كە كارتەكەیان وەرگرتووە. هەر لە تەوەری خەرجییەكاندا راپۆرتی چاودێری دارایی دەڵێ هەندێك لە وەسڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، واژووی ئەندامانی لیژنەی كڕینیان لەسەر نییە. هەروەها لیژنەی چاودێری دارایی تێبینی كردووە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ كرێی تەكسی بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكان تەرخان دەكرێت، لەكاتێكدا دەبێت ئۆتۆمبیل بۆ ئەو كارانە دابین بكرێت، هەروەها لە كڕیندا كۆمسیۆنی رەچاوی رێنماییە داراییەكان ناكات، لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گرێبەستێكی كۆمسیۆن كردووە لەگەڵ (چاپخانەی ژیان) بۆ چاپكردنی كارتەكانی دەنگدان كە بەهای گرێبەستەكە نزیكەی (76 ملیۆن) دینار بووە‌و چەندین سەرپێچی رویداوە (لە بەشێكی تردا درەو میدیا وردەكاری سەرپێچی‌و گومانەكانی گەندەڵی لەم گرێبەستە ئاشكرا دەكات). موچەی فەرمانبەران لە كۆمسیۆن بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن راپرسی (654) فەرمانبەری هەبووە بۆ ساڵی 2018‌و هیچ فەرمانبەرێكی گرێبەستی نەبووە، لەو ساڵەدا تەنیا (یەك) فەرمانبەر خانەنشین بووە، بەڵام (13) فەرمانبەر مۆڵەتی دایكایەتییان وەرگرتووە، فەرمانبەرێكیش مۆڵەتی خوێندن. لەبارەی فەرمانبەرانەوە راپۆرتەكە دەڵێ" تێبینی كرا لەم كۆمسیۆنە بڕوانامەی زۆر جیاواز‌و جۆراوجۆر هەیە، كە هیچ پەیوەندی بە كارو پسپۆڕی كۆمسیۆنەوە نییە، بۆ نمونە بەكالۆریۆس لە (سامانی ئاژەڵ، ماتماتیك، ڤێتەرنەری، ئەندازیاری تەلارسازی.. هتد). راپۆرتەكە نوسیویەتی:" تێبینی كرا هەندێك فەرمانبەر لە لیستی موچەدا ناویان هەبووە، بەڵام لە لیستی پەنجەمۆری تایبەت بە دەوامكردندا ناو و واژۆیان نییە، بۆمان دەركەوت دەوام ناكەن‌و موچەشیان بۆ خەرج دەكرێت"، راپۆرتەكە ناوی ئەو فەرمانبەرانە‌و بەشەكانیانی دیاریكردووە كە دەوان ناكەم‌و موچە وەردەگرن (ناوەكان لای درەو میدیا پارێزراون). دیوانی چاودێری دارایی تۆماریكردووە كە فەرمانبەرانی تایبەت بە كۆمسیارەكان‌و سكرتێرەكان پەنجەمۆر ناكەن، بەرپرسی بەشەكانیش ناویان لە ئامێری پەنجەمۆركردندا هەیە، بەڵام پەنجەمۆر ناكەن، سەرباری ئەمانە بڕوانامەی هەندێك لە فەرمانبەران كێشەیان تێدایە‌و هەندێك فەرمانبەرانیش بڕوانامەیان نییە. لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دروستكراوە لەبارەی لیژنەیەكی شاندكردن بۆ وڵاتانی (چین‌و توركیا) لە پرۆسەی ریفرامدۆمەكەی 2017دا، بەڵام بابەتەكە بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە‌و نەگەیشتوەتە ئەنجام‌و رێوشوێنی یاسایی نەگیراوەتەبەر. لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسییەوە  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم یەكێكە لەو دەستانەی كە سەربە پەرلەمانی كوردستانە، دەستەكە بەپێی یاسایەك دروستكراوە كە پێی دەوترێت یاسای ژمارەی (4)ی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی‌و لە رۆژی 23ی تەموزی 2014 پەسەندكراوە، بەڵام پێدانی متمانە بە ئەندامانی دەستەكە لە پەرلەمان‌و دەستبەكاربوونی فەرمی كۆمسیۆنەكە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 3ی كانونی یەكەمی 2014. ئەم كۆمسیۆنە ماوەی (5) ساڵ زیاترە دەستبەكاربووە، لەم ماوەیەدا تەنیا دوو ئەركی تایبەت بە خۆی ئەنجامداوە كە ئەوانیش بریتین لە: یەكەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017دا. دووەم: بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی 2018دا. تا كاتی دروستكردنی ئەم كۆمسیۆنە، هەرێم كوردستان خاوەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی نەبوو، ئۆفێسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە شارەكانی هەرێم سەرپەرشتی ئەو هەڵبژاردانانەیان دەكرد كە تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، واتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری نەبوون لە عێراقدا. ئەم كۆمسیۆنە لە یاساكەیدا وەكو دەستەیەكی "سەربەخۆ" ناوی هێنراوە، بەڵام ئەندامەكانی لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دانراون‌و لە پەرلەمانی كوردستان متمانەیان پێدراوە‌و پێكهاتوون لە (9) ئەندام، بەمشێوەیە: •    هەندرێن محەمەد- سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە •    رێزان حەمەڕەشید- سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی هەڵبژاردن، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    سلێمان مستەفا- جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە •    شیروان زرار- وتەبێژی كۆمسیۆن، سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە •    ئیسماعیل حەمەعەلی- كۆمسیار، سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە •    عەبدولسەمەد خدر- كۆمسیار، سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە •    جوتیار عادل- كۆمسیار، سەربە پارتییە (ئێستا وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمە) •    نەهرۆ سەلیم حەننا- كۆمسیار، پشكی پێكهاتەكانە‌و سەربە یەكێتییە •    سەباح عەبدوڵا- كۆمسیار، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان 


درەو میدیا:  حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت رۆژانە بەبەهای ( 340 ملیۆن دینار) ئاو بەفیڕۆ دەڕەوات و پشتگیری بەردەوامبوونی پرۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەكات، حكومەت كەمبونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی  بۆ بەكارهێنانی زیاتری كارەبا لە وەرزی زستان و زیادەڕۆیی بۆ سەرتۆڕی كارەباوە گەڕاندەوە. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوەو لەبارەی چەند پرسێكەوە گفتوگۆی كرد: •     ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی شاندی دانوستاندكار بۆ پرسی بودجەی فیدراڵى تاوتوی كرد و جەختی لە پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە لە بەرامبەر دابینكردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە رەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی هاوبەشی هەردولا. بڕیاریشە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستاندكار سەردانی بەغدا بكات. •    ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بەردەوامبوونی پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەكات و داواش لە هاووڵاتییان دەكات ئاو بەفیڕۆ نەدەن. •    تێچووی گشتی رۆژانەی ئاوی خواردنەوە لە سەر حكومەت (٨٤٠ ملیۆن) دینارە ، •     رۆژانە (٨٥٠ هەزار مەترسێجا) ئاوی پاكی خواردنەوە بە فیرۆ دەدرێت تێچووەكەی رۆژانە دەكاتە (٣٤٠ ملیۆن دینار) و ساڵانە زیاتر لە ١٢٤ ملیار دینارە، •    لە بارەی كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بە هاووڵاتیان كە لە ئەنجامی بەكارهێنانی زیاتر بەهۆی وەرزی زستان و ، زیادەڕۆیی بۆ سەرتۆڕی كارەباوە دروست بووە، بەفیرۆچوونی ٤٠ مێگاواتی كارەبای رۆژانە •    ئەنجومەنی وەزیران میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێكخستن و یەكخستنەوە و گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتەكان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری و، پێداچوونەوەی تەرخانكراوی خەرجییەكان لە سەر بنەمای پێداویستی و كارە لە پێشینەكان. ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتەكەی وەزیری دارایی پەسەندكرد و وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد كە ریكاری پێویست بۆ كەمكردنەوەی رووتینی خەرجكردنی پێشینەی وەزارەتەكان بگرێتەبەر، بە جۆرێك ئاسانكاری بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن كار و پرۆژەكانیان راپەڕێنن لە چوارچێوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانیان.  


  راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دواخستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەگەرێكی بەهێزە، ململانێكان چڕبونەتەوە، ئێستا دوانەی "چەك، پارە" جێگەی دروشمی "چەك، قەڵەم دوانەی خەبات"ی گرتوەتەوە، بەرهەم ساڵح دەیەوێت بە "تەزكیە"‌و راستەوخۆ لە ناو كۆنگرەوە بكرێت بە سەرۆكی حزب، بافڵ تاڵەبانیش شەڕی جێگری سەرۆك‌و دەسەڵاتەكانی دەكات، كۆسرەت رەسوڵ لەنێوان چارەنوسی سیاسی خۆی‌و چارەنوسی كوڕەكانیدا هێشتا بڕیاری كۆتایی نەداوە. كۆنگرە دوادەخرێت ؟! تەنیا (12) رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆنگرەیەك كە لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژوویی حزبەكەوە، بۆیەكەمینجار جەمسەرە ناكۆكەكان لەناو هۆڵێكدا كۆدەكاتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەكەیان. لە رۆژانی رابردوودا، كۆنفرانسی كۆمیتەو مەكتەبەكان كۆتاییان هات، ئێستا نۆرەی كۆنفرانسی مەڵبەندەكانە، ژمارەی ئەوانەی لە مەڵەبەندو مەكتەبەكانەوە بۆ كۆنگرە سەردەكەون لە (500) كەس زیاترە، ئەمە لەكاتێكدایە نزیكەی (هەزار) كەس لە كۆنگرەكەدا بەشداردەبن. لە كۆنفرانسی كۆمیتەو مەكتەبەكاندا ماڵباتی تاڵەبانی براوە بوون، بەڵام ئەمە كۆتایی گەمەكە نییە، كۆنگرە رۆژە یەكلاكەرەوەكەیە. بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن، لەڕووی "تەكنیكی"یەوە ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی چوارەم كە رۆژی (7)ی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، تەواوبوون، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە هێشتا یەكێتی بەتەواوەتی ئامادە نییە بۆ كۆنگرە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا)، لە چەندین سەرچاوە لەناو جەمسەرە جیاجیاكانی یەكێتییەوە دەستیكەوتووە، هێشتا جەمسەرەكان هیچ رێككەوتنێكی كۆتاییان لەبارەی پەیكەری بەڕێوەبردنی حزبەوە نەكردووە، لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا وردە وردە قسەوباس لەبارەی ئەگەری دواخستنی كۆنگرە دەستیپێكردووە. ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی نەكرێت، ئەگەر دواخستنی كۆنگرە بەهێزتر دەبێت، دواخستنی كۆنگرە بڕیارێكی قورس نابێت، تەنیا بە گەشتكردنێكی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری حزب بۆ دەرەوەی وڵات، دواخستنەكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.   رۆنگ سایدەكەی سەرۆك لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەدا، چەند رۆژێكە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغدادەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، ئەو ئێستا ئیتر مەترسی پەلاماری خۆپیشاندەرە توڕەكانی گۆڕەپانی تەحریری بۆسەر كۆشكی سەلام پشتگوێ خستووە‌و ترسی لە چارەنوسی سیاسی خۆی هەیە لەناو یەكێتیدا. چەند رۆژی رابردوو كەژاوەی ئۆتۆمبیلەكانی سەرۆك كۆمار لە شاڕێی سلێمانی- تاسلوجە بە "رۆنگ ساید" رۆیشت، دیمەنەكە هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆ رونكردنەوەیدا، وتی سەرۆك كۆماری پەلەی بووە فریای بەشداریكردن لە مەراسیمی رۆژی یادی شەهیدانی یەكێتی بكەوێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەرهەم ساڵح دەیەوێت هاوشێوەی كۆنگرەی سێیەم، بە "تەزكیە" پۆستی سەرۆكی یەكێتیی لە كۆنگرەی چواردا پێبدرێت، واتە بەبێ هیچ ركابەرێك. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرهەم ساڵح داوای كردووە كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی، لە كۆنگرەدا هاوشێوەی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی پێشنیازی بەرهەم ساڵح بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی یەكێتی‌و بەبێ ركابەر لە كۆنگرەدا بەزۆرینەی دەنگ پەسەند بكرێت، بەڵام ئەو پێشنیازە تائێستا رەتكراوەتەوە. كێشەی بنەڕەتی لە پۆستی سەرۆكی یەكێتیدا كە بەرهەم ساڵح چاوی لەسەریەتی ئەوەیە، هێشتا دیارنییە ئەم پۆستە راستەوخۆ لەناو كۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێت یاخود لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، زانیارییەكان باسلەوە دەكەن بەرهەم ساڵح دەیەوێت سەرۆكی داهاتووی یەكێتی راستەوخۆ لەناو كۆنگرەوە هەڵبژێردرێت‌و بەهۆی شەرعیەتی كۆنگرەوە دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبێت، بەڵام هاوكات نایەوێت بەبێ تەوافوقی پێشوەختە بچێتە بەردەم دەنگدەرانی كۆنگرەوە. دۆستەكانی بەرهەم ساڵح دەڵێن، ئەو ئێستا چانسی باشی هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی یەكێتی، دوو جەمسەرە بەهێزەكە (ماڵباتی تاڵەبانی‌و ماڵی كۆسرەت رەسوڵ) كاندیدی بەهێزیان نیە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام بەرهەم ساڵح خۆی ترسی دۆڕانی هەیە لە كۆنگرەدا، چونكە دوای جیابونەوەو دواتر گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی یەكەمینجارە دەچێتە بەردەم ئاوێنەی ئەندامانی كۆنگرە‌و پەسەندكردنی گەڕانەوەكەی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەوە بەواتای ئەوە نییە لەسەر ئاستی كادیرانی حزبیش قبوڵدەكرێت‌و چانسێكی نوێی پێدەدرێت. بەرهەم ساڵح لەم كۆنگرەیەدا روبەڕووی ئاڕاستەیەكی تریش دەبێتەوە كە ركابەرە سیاسییەكانیەتی‌و بریتین لە هەریەكە لە مەلا بەختیارو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەم ئاڕاستەیە دەیانەوێت بەرهەم ساڵح راستەوخۆو بەبێ تەوافوقی پێشوەختە لە كۆنگرەدا هەڵبژێردرێت، پێیانوایە ئەندامانی كۆنگرە سزای سەختی بەرهەم ساڵح دەدەن‌و دەنگی پێنادەن، ئەوانیش لەو رێگەیەوە تۆڵەیەكی مێژووی لە بەرهەم ساڵح دەكەنەوە. هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، بەڵام بەپێی پرۆژەیەك كە ئێستا تاوتوێ دەكرێت، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە پەیكەری بەڕێوەبردنی یەكێتیدا بكرێت، گۆڕانكارییەك كە لەگەڵ سروشتی ناكۆكییە زۆرەكانی ناو حزبەكەدا بگونجێت‌و شوێنی هەموان لە پەیكەرەكەدا زامن بكات. ئەو پرۆژەیەی كە تاوتوێ دەكرێت، پێشنیاز دەكات كۆسرەت رەسوڵ ببێت بە مەرجەعی حزبەكە‌و پۆستێكی پێبدرێت بەناوی پۆستی سەرۆكی پاراستنی قەوارەی یەكێتی، هەندێكی تر بە سەرۆكی ئەنجومەن ناوی دەبەن، كۆسرەت رەسوڵ هێشتا بەتەواوەتی ئەم پێشنیازەی قبوڵنەكردووە، لەلایەك داوای چەسپاندنی دەسەڵاتەكانی ئەو پۆستە دەكات، لەلایەكی ترەوە چاوی لەوەیە لە كۆنگرەی چوارەمدا یەكێك لە كوڕەكانی لە پۆستێكی باڵای حزبدا جێگیر بكات. پەیكەرەكە پۆستی سكرتێری لابردووە، كە ئەم دەستەواژەیە (44) ساڵە لە فەرهەنگی یەكێتیدا جێگەی گرتووە، ئێستا هەموان باس لە دەستەواژەی سەرۆك دەكەن، پۆستێك كە هەندێك دەڵێن بێ دەسەڵات دەبێت‌و راستەوخۆ لە كۆنگرەدا هەڵنابژێردرێت، بەڵكو سەركردایەتی هەڵیدەبژێرێت.  شەڕی جێگر یەكێك لە ناكۆكییە گەرمەكانی ئێستا ناوخۆی یەكێتی پرسی دانانی جێگرە بۆ سەرۆكی حزب، ئەمەش بابەتێكە كە هێشتا یەكلانەبووەتەوە‌و لەسەر رەشنوسی پرۆژەكە جێگیرنەكراوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی حزب یەك جێگری هەبێت، ئەو جێگرەش دەسەڵاتی هەبێت‌و دەسەڵاتەكانی دیاربكرێت، بافڵ تاڵەبانی چاوی لەم پۆستەیە، ئەو دەزانێت ئەگەر بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆكی حزب وەرگرێت، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ئەم وەكو جێگری سەرۆك، رۆڵی سەرۆكی حزب دەگێڕێت، چونكە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەو لە بەغداد ساڵەكانی داهاتووی تەواو دەكات. ئەم هەوڵەی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن جەمسەرەكەی ترەوە (كۆسرەت رەسوڵ) روبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، چونكە ئەوان خوازیارن سەرۆك دوو جێگری هەبێت‌و یەكێكیان (شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ) بێت. چەك‌و پارە.. دوانەی كۆنگرە دابەشكردنی چەك (دەمانچە)‌و پارە بۆ كڕینی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە جارێكی تر بووەتەوە بە باسی گەرم ناوخۆی سەركردەكانی یەكێتی. دوێنێ بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لە سلێمانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی حزبەكەی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو كۆبونەوەیەدا باسی بابەتی بەخشینەوەی چەك‌و پارە كراوە بەسەر ئەندامانی كۆنگرەدا. یەكێتی كە رۆژگارێك دروشمی "چەك، قەڵەم دوانەی خەبات"ی هەڵگرتبوو، ئێستا "چەك، پارە" بووە بە دوانەی كۆنگرەكەی‌و هەندێك كەس باس لە "بەڵێنی پۆست"یش دەكەن كە سەركردەكان دەیانەوێت لەڕێگەیەوە زامنی دەنگەكانی كۆنگرەی پێبكەن.  یەكێتی‌و كۆنگرە رۆژی (7) مانگی داهاتوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆمی كردووە. كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتن‌و دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكە‌و كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی دارایی‌و شەڕی "داعش"‌و دواتریش ریفراندۆم‌و تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.    


درەو میدیا:  سایتی (oilprice.com) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت لە دادگایەكی بەریتانیا سكاڵایەكی یاسایی نوێی لەسەر تۆماركراوە كە بەهاكەی دەگاتە ( ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلار). راپۆرتەكە باس لەوە دەكات كۆمپانیایەك بەناوی ( داینا سیتی   Dynasty ) لە دادگای ( شاهانەی بەریتانی) سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاشتی هەورامی بەسیفەتی وەزیری پێشووی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە، بە دیاریكراوی ئاشتی هەورامی كە ئێستا یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانە بۆ كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان بەوەی كە هەوڵیداوە بەرتیلی لێوەربگرێت بە رێگەی نایاسایی و هەوڵی ترساندنی كۆمپانیاكەیداوە.  لە راپۆرتەكەدا ناوی قوباد تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیش هاتووە كە دەستوەردانیان كردووە .  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف یەكەمین ئەزمونی بەڕێوەبردنی حزب بەشێوەی سەرۆكایەتی بە كۆمەڵ یاخود ئەوەی ناوی لێنراوە "هاوسەرۆكایەتی"‌و "دەستەی سەرۆكایەتی" لە هەرێمی كوردستان شكستی هێنا، حزبەكان لە كۆنگرە دەترسن، بەڵام حزبی زەحمەتكێشان لە 10 ساڵی رابردوودا (5) كۆنگرەی كردووە، كۆنگرەی دەیەمى لە یەك رۆژدا تەواوكرد، لەم كۆنگرەیەدا پەیكەری بەڕێوەبردنی حزبی بەتەواوەتی گۆڕی، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لە گۆڕینی ئەو دەموچاوانەی كە 34 ساڵە لە هەرەمی سەرەوەی حزبدان. كۆنگرەی 10 چی گۆڕی ؟ رۆژی 22ی ئەم مانگە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر دەیەمین كۆنگرەی خۆی لە (یەك) رۆژدا كۆتایی پێهێنا، 370 ئەندام بەشداری كۆنگرەكەیان كرد. كۆنگرە، سەركردایەتی حزبی هەڵوەشاندەوە، لەبری ئەوەی ئەنجومەنێكی (25) كەسی هەڵبژارد بەناوی (ئەنجومەنی گشتی)، ئەم ئەنجومەنە پەرلەمانی حزبە‌و لێرەوە (سكرتێر)، (جێگری سكرتێر)، (مەكتەبی سیاسی)، (كۆمیتەی پارێزگاكان) هەڵدەبژێردرێن. ئەنجومەنی گشتی كە بەرزترین دەسەڵاتە لەناو زەحمەتكێشاندا (بەهمەن حسێن) سەرۆكایەتی دەكات، كە یەكێكە لە سەركردە دێرینەكانی حزبەكە. دوای تەواوبوونی كۆنگرەی (دەیەم)، ئەنجومەنی گشتی ئەمڕۆ یەكەمین كۆبونەوەی خۆی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا (بەڵێن عەبدوڵا)ی وەكو سكرتێری حزب‌و (سەعد خالید)ی وەكو جێگری سكرتێر هەڵبژارد. بەم هەنگاوە، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەتەواوەتی گۆڕانكاری لە پەیكەری بەڕێوەبردنی خۆیدا كرد، بەر لە كۆنگرەی دەیەم، زەحمەتكێشان لەلایەن دەستەیەكی سەرۆكایەتییەوە بەڕێوەدەبرا كە بریتبوون لە هەریەكە لە (بەهمەن حسێن، بەڵێن عەبدوڵا، سەعد خالید)، واتە سیستمەكەیان هاوشێوەی پەكەكەو حزبەكانی نزیك لە پەكەكە بەشێوەی "هاوسەرۆكایەتی" یاخود سەرۆكایەتی بە كۆمەڵ بەڕێوەدەبرا، بەڵام كۆنگرەی دەیەم گەڕایەوە بۆسەر شێوازە كۆنەكەی بەڕێوەبردنی حزب، بە هەندێك دەستكارییەوە. لەبارەی كۆتایهێنان بە سیستمی هاوسەرۆكایەتی، هیوا سەید سەلیم ئەندامی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتكێشان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەوان لەماوەی رابردوودا كە لەڕێگەی دەستەیەكی سەرۆكایەتییەوە حزبیان بەڕێوەدەبرد، دوچاری ئاستەنگی گەورە نەبوون، بەڵام بۆ رێكخستنەكانیان ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردن دڵگیر نەبووە، زۆرینەی لایەنگرانیان پێیان باشبووە حزب كەسێكی دیاریكراوی هەبێت كە وەكو سیموبلی حزبەكە دەركەوێت‌و گوزارشتی لێبكات، بۆیە پەیكەرەكەیان گۆڕیوە. كۆنگرەی دەیەمی حزبی زەحمەتكێشان پەیكەری بەڕێوەبردنی حزبی گۆڕی، بەڵام نەیتوانی لە دەموچاوەكاندا گۆڕانكاری گەورە بكات، ئەوانەی جارێكی تر بەرپرسیارێتییان وەرگرتەوە، هەر ئەو كەسانەن كە لە (34) ساڵی رابردوودا لە سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتی حزبەكەدا بوون. لە هاوسەرۆكایەتییەوە بۆ سكرتێر حزبی زەحمەتكێشان لەنێوان شێوازی بڕیاردانی بە كۆمەڵی هاوسەرۆكایەتی‌و تاكڕەوی بڕیاری سكرتێردا كە كێشەیەكی باوە لەناو حزبەكانی هەرێمدا، شێوازێكی نوێی دۆزیوەتەوە، بەپێی پەیكەرە نوێیەكە، سكرتێر كە (بەڵێن عەبدوڵا)یە دەسەڵاتەكانی سنوردارە‌و زیاتر كۆدەبێتەوە لە دوو خاڵدا: یەكەم: سكرتێر سەرپەرەشتی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی دەكات دووەم: سكرتێر بەرپرسی لە پەیوەندییە سیاسییەكانی حزب لەبەرامبەردا ئەنجومەنی گشتی كە دەستەیەكی (25) كەسییە‌و لە كۆنگرەدا هەڵبژێردراوە، نەخشەی سیاسەتی حزب دیاریدەكات‌و سكرتێرو مەكتەبی سیاسی دەبێت ئەو سیاسەتە جێبەجێ بكەن كە ئەنجومەنی گشتی دیارییان دەكات‌و بڕیاریان لەسەر دەدات. سەرباری ئەمە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، ئەنجومەنی گشتی كە خۆی سكرتێرو جێگرەكەی هەڵبژاردووە، دەتوانێت لەماوەی یەك ساڵدا سكرتێر دوربخاتەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بە دەنگی (1/3)، ئەنجومەنی گشتی دەتوانێت لەسەر بابەتێك یاخود چەند بابەتێك لێپێچینەوە لە سكرتێر بكات، بە دەنگی (50+1)یش دەتوانێت متمانە لە سكرتێر وەرگرێتەوە‌و لە پۆستەكەی دوریبخاتەوە. زەحمەتكێشان‌و كۆنگرە زەحمەتكێشان سەركەوتوترین حزبی هەرێمی كوردستانە لە سازدانی كۆنگرەدا، ئەم حزبە لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا (5) كۆنگرەی كردووە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی زەحمەتكێشان، كۆنگرە دوو ساڵ جارێك بەڕێوەدەچێت، سەركردەكانی ئەو حزبە دەڵێن هیچ كاتێك كۆنگرەی حزبیان لەوادەی خۆی دوانەخستووە، بەڵام هاوشێوەی حزبەكانی تری هەرێم كۆنگرەكانیان بێ كێشە نەبووە. ساڵی 2009 حزبی زەحمەتكێشان سەركردەیەكی مێژوویی خۆی لەدەستدا كە ئەویش (قادر عەزیز) بوو، لەو ساڵەدا حزب كۆنگرەی (پێنجەم)ی گرێدا، لەو كۆنگرەیەدا قادر عەزیز كە ماوەی (24 ساڵ) بوو سەرۆكایەتی حزبەكەی دەكرد، لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كەوتە ناكۆكی، ناكۆكییەكان سەریانكێشا بۆ جیابونەوەو لێكترازان، سكرتێرو باڵی مەكتەبی سیاسی كێشەكەیان بردە دادگا، باڵی مەكتەبی سیاسی لەدادگا بردییەوە‌و ناوی حزبەكە درا بە (بەڵێن عەبدوڵا)‌و هاوڕێكانی.  كرۆكی ناكۆكی نێوان قادر عەزیز‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پەیوەندیدار بوو بە "تاكڕەویی" سكرتێری پێشووی حزب لە بڕیارداندا، بەڵام كێشەكە لەسەر دانانی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی تەقییەوە، كۆنگرەی پێنجەم (10) كەسی بۆ سەركردایەتی حزب هەڵبژارد، بڕیاردرا لەناو ئەو (10) كەسەدا (6) كەسیان هەڵبژێردرێن بۆ مەكتەبی سیاسی، قادر عەزیز ئەمەی قبوڵ نەبوو، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەیانوت قادر عەزیز كەسی تری لە دەرەوەی ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی كۆنگرەوە هێناوە بۆ ئەوەی بیانكات بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لەمەدا هەردوولا گەیشتنە بنبەست‌و كۆتاییان بە (24 ساڵ) پەیوەندی رێكخراوەیی هێنا، قادر عەزیز دواتر حزبێكی بەناوی (حزبی ئایندە) دروستكرد، رۆژی 2ی ئابی 2016 حزبەكەی هەڵوەشاندەوە‌و چووە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە. سەرەتای جیابونەوەكە، باڵی مەكتەبی سیاسی تۆمەتباردەكران بەوەی بەلای پارتی دیموكراتی كوردستاندا شكاونەتەوە، بەڵام وردە وردە سیاسەتی خۆیان جێگیركرد‌و ئێستا لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكانی تریش پەیوەندییان ئاسایی كردوەتەوە. زەحمەتكێشان چۆن دروستكرا ؟ زەحمەتكێشان حزبێكە خۆی بنەڕەتەوە لەسەر بنەمای ناكۆكی لەبارەی "كۆنگرە"وە لەدایكبووە، ساڵی 1981 باڵێك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابووەوە‌و لە كۆنگرەیەكدا بەناوی حزبی سۆسیالیست (حسك)ەوە خۆی راگەیاند، ئەوانەی ئێستا سەرۆكایەتی حزبی زەحمەتكێشان دەكەن، ئەوكات بەشێك بوون لە حزبی سۆسیالیست. حزبە نوێیەكە (سۆسیالیست) لە یەكەم كۆنگرەی خۆیدا بڕیاریدا سێ ساڵ جارێك كۆنگرە بكات، بەپێی ئەو بڕیارە دەبوو ساڵی 1984 كۆنگرەی دووەم سازبكات، بەڵام كۆنگرەكە لەكاتی خۆیدا نەكرا، هەندێك لە سەركردەكانی حزب كە ناكۆكی فیكرییان هەبوو، ئەم بابەتەیان قۆستەوە‌و ساڵی 1985 لەچوارچێوەی یاداشتێكدا داوای سازادانی كۆنگرەیان كرد، سەركردایەتی ئەوكاتی حسك كە تێكەڵە بوو لە خەڵكانی (چەپی ماركسی، سۆسیال دیموكرات، دیموكراتیخواز، راستڕەو)، گوێی بۆ داواكارییەكەیان نەگرت، دواجار دوای چەند مانگێك مشتومڕو مانەوە، كۆتا مانگی ساڵی 1985 ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبەكە كە بریتی بوون لە (قادر عەزیز، بەڵێن عەبدوڵا، بەهمەن حسێن، قەیس محەمەد) جیابونەوەی خۆیان لەژێر ناوی (حزبی سۆسیالیستی كوردستان/ ئاڕاستەی دیموكراتی شۆڕشگێڕ) راگەیاند. ساڵی 1988 لە كۆنگرەیەكدا، ئەو باڵەی كە لە حسك جیابووبونەوە، ناویان لە خۆیاننا (حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان)، واتە زەحمەتكێشان لە بنەڕەتەوە زادەی پرۆسەیەكی جیابونەوەیە كە لەناو حزبی سۆسیالیست رویداوە، ئێستا حزبێك بەناوی سۆسیالیستەوە نەماوە، محەمەد حاجی مەحمود لەسەر داروپەردووی ئەو حزبە دانیشتووە كە سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانە.   زەحمەتكێشان لە شاردا دوای كۆتایهاتنی قۆناغی خەباتی شاخ‌و رزگاربوونی كوردستان لە دەستی هێزەكانی رژێمی بەعس لە كۆتاییەكانی ساڵی 1991دا، زەحمەتكێشان هاوشێوەی حزبەكانی تر قۆناغی خەباتی شاری دەستپێكرد. ساڵی 1992 لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا زەحمەتكێشان بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی كرد. لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمدا لە ساڵی 1992 دروستكرا، قادر عەزیز سكرتێری حزبەكە پۆستی وەزیری كشتوكاڵی وەرگرت، لە كابینەی سێیەمدا لە ساڵی 1996، لە ئیدارەی سلێمانی (بەهمەن حسین ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشان) پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی وەرگرت، واتە لە رۆژانی شەڕی ناوخۆیدا زەحمەتكێشان بەلای یەكێتیدا شكاندبویەوە، هەر لە كابینەی حكومەتەكەی یەكێتیدا لە سلێمانی (فەتاح زاخۆیی لە زەحمەتكێشان) پۆستی وەزیری رۆشنبیری وەرگرت. ساڵی 2005 لە پەرلەمانی كوردستان زەحمەتكێشان ئەندامێكی هەبوو بەناوی (حەمد عەبدوڵا)، ساڵی 2009 ئەندامێكی تری هەبوو لە پەرلەمانی كوردستان بەناوی (فازڵ حسێن)، ساڵی 2013 حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەگەڵ پارتی كرێكاران‌و رەنجدەرانی كوردستان پەرلەمانتارێكی هاوبەشیان هەبوو بەناوی لیستی "ئاڕاستەی سێیەم". لە كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (سەعد خالید) كە ئێستا جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانە، وەزیری هەرێم بوو بۆ كاروباری پەرلەمان. ئێستا حزبی زەحمەتكیشان هیچ كورسییەكی لە پەرلەمانی كوردستاندا نییە، بەڵام لە حكومەت پۆستێكی هەیە كە ئەویش پۆستی (سەرۆكی دەستەی دەستپاكی)یە‌و (ئەحمەد ئەنوەر) سەرۆكایەتی دەكات. ئەم حزبە لەرووی داراییەوە حزبێكی هەژارەو ئەم هەژارییە بەتەواوەتی بە روخساری كۆنگرەی دەیەمەوە دیاربوو، سەرباری ئەمە حزبەكە ئێستا خاوەنی هیچ دامەزراوەیەكی میدیایی ئەوتۆ نییە، ئەوە لەكاتێكدایە رۆژانێك بەر لە جیابونەوە لە قادر عەزیز حزبەكە خاوەنی كەناڵێكی لۆكاڵی‌و هەفتەنامەیەك بوو بەناوی "ئاڵای ئازادی".  ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی حزبی زەحمەتكێشان كە لە كۆنگرەی دەیەمدا هەڵبژێردران بریتین لەمانە: •    بەڵێن عەبدوڵا- سكرتێری حزب •    سەعد خالید- جێگری سكرتێر •  بەهمەن حسێن- سەرۆكی ئەنجومەنی گشتی •    گۆران جەلال •    بێكەس قادر •    دڵزار عەبدوڵا •    شوان محەمەد •    نیشتمان كەمال •    هیوا سەلیم •    هەڤاڵ عەبدوڵا •    شاخەوان عەبدوڵا •    كاكە رەش رەسوڵ •    ئاكۆ حەمید •    سۆما مامەند •    بەختیار مستەفا •    فەرهاد مەنتك •    هەندرێن شێخ راغب •    مامۆستا صلاح •    مامۆستا كامیل •    مامۆستا ئەحمەد •    مامۆستا سەگڤان  •    واحد ئەحمەد •    نایف رەحمان بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزب لەكاتی وتارداندا لە كۆنگرەی دەیەمدا دیمەنێكی بەشداربوانی كۆنگرەی دەیەم


درەو میدیا:  دوو پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان تۆمەتبار دەكەن بە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و دەڵێن: 90 هەزار دینار دراوە بەسێتێك كۆكا كۆلا، نزیكەی 3 ملیۆن دینار دراوە بە كەمالیات و سوراو، زیاتر لە 3 ملیۆن دینار دراوە بە وەرگێڕانی ڕاپۆرتێك" هەریەك لە دابان محەمەد و ئاشنا عەبدوڵا پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راپۆرتێكدا باس لە خەرجیەكانی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان دەكەن. دەقی راپۆرتەكە  ئەنجومەنێك كە سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی دەكات، زیاتر لە 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە 90 هەزار دینار دراوە بەسێتێك كۆكا كۆلا نزیكەی 3 ملیۆن دینار دراوە بە كەمالیات و سوراو زیاتر لە 3 ملیۆن دینار دراوە بە وەرگێڕانی ڕاپۆرتێك 70 ملیۆن دیناریش بێ خاوەن و 200 ملیۆن دیناریش ساڵانە بۆ موچەی چەند كەسێكە... ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، كە ڕاستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە و لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە ماوەی ڕابردودا و بە پێی ڕاپۆرتی لیژنەی چاودێری دارایی ئەنجومەنی وەزیران زیاتر 720,250,000 ( حەوت سەد و بیست ملیۆن و دوسەد و پەنجا هەزار دینار) دراوە بە ئەنجومەنی باڵای خانمان، بەپێی نوسراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پارەكە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بوە و خراوەتە سەر هەژماری بانكی 20175، سەرباری وەرگرتنی سلفەی جۆرا و جۆری حكومەت و بەخشینە ناحكومەیەكانی وەك یوئێن و ڕێكخراوەكانی تر... خەرجیەكان سەیرن و بەڕێوەبەری گشتی خۆی سەرۆكی لیژنەی كڕین بوە، لەیەكێك لە پسولەكاندا لە كۆی زیاتر لە 1 ملیۆن دینار، 720,000 هەزاری دراوە بە 8 سێت كۆكا كۆلا، هەر سێتێك 90 هەزار كەوتوە، نزیكەی 3 ملیۆن دیناریش دراوە بە كەمالیات و لە ناویشیاندا سوراو.... بۆ وەرگێڕانی ڕاپۆرتێك، زیاتر لە 3 ملیۆن دینار دراوە بە كۆمپانیایەك، كۆمپانیاكە ئیشی گەیاندن و بازرگانی گشتیە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن خۆی كاری وەرگێڕانی بۆ خۆیان كردوە و بۆ هەر لاپەڕەك نزیكەی 35 دۆلاری وەرگرتوە، بەپێی یاسا فەرمانبەر بۆی نیە كاری فەرمانگەكەی بە پارە بكات، پسولەی خەرجكردنی 75 ملیۆن دیناریش بێ سەروشوێن بوە و كەس نەیزانیوە چۆن هاتوە و چۆن خەرج كراوە، ئەم ئەنجومەنە چەندین كەسی هەیە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و ساڵانە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار موچەكەیانە .... ئاشنا عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی نوێی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد لەبارەی پرسی نەوت‌و بودجە ئامادەكردووە، ئەمڕۆ بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنی نوێ وەفدێكی حكومەتی هەرێم چووە بەغداد، ئەندامێكی وەفدەكە دەڵێ رۆژی دوو شەممەی داهاتوو چارەنوسی رێككەوتنی نوێی نێوان هەولێرو بەغداد یەكلادەبێتەوە كە بەشێكی گرنگی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، (درەو میدیا) لەگەڵ وتەبێژی حكومەتی عێراق قسەی كرد، ئەو ئاگاداری ئەوە نەبووە هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی لەوبارەیەوە كرابێت، ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش گومانی هەیە حكومەتی هەرێم نەوت رادەستبكات. پرۆژەیەكی نوێ بۆ رێككەوتن ئەمڕۆ شاندێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چووە بەغداد، شاندەكە پێكهاتبوو لە (خالید شوانی وەزیری هەرێم‌و سەرۆكی لیژنەی دانوستانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد). رۆژی 12ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆك هەماهەنگی دەكات‌و بەرپرسە لە دۆسیەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو سەردانەدا نێچیرڤان بارزانی بنەمای رێككەوتنێكی نوێی لەبارەی نەوت‌و بودجە لەنێوان هەولێرو بەغداد گەڵاڵەكردووە‌و سەردانی ئەمڕۆی وەفدی حكومەت بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنە نوێیەكە بووە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد كە ئەمڕۆ بەشداری كۆبونەوەكانی كردبوو، وتی:" هەرێم‌و بەغداد لەسەر هەندێك بنەما رێككەوتوون، رۆژی دووشەممەی داهاتوو شاندی وزاری هەرێم بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەكات لەبارەی سیاغەكردنی بودجەی 2020". نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد ئاشكرایكرد:" رۆژی دوو شەممە هەموو شتێك یەكلادەبێتەوە، رێككەوتن كراوە كێشەی نێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی نەوت‌و بودجە چارەسەر بكرێت". لە بەرامبەردا لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، ویلیام وەردە وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق دەڵێ:" حكومەت یەكلابوتەوە لەسەر ئەوەی پرۆژەی بودجەی ساڵی 2020 رەوانەی پەرلەمان بكات، ئەمە وەكو وەڵامدانەوەیە بۆ داواكاری خۆپیشاندەران، لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدادەوە تائێستا هیچ شتێك روون نەبووەتەوە". چۆن رێككەوتنێك ؟ هێشتا وردەكاری رێككەوتنی نوێی نێوان هەولێرو بەغداد كە نێچیرڤان بارزانی رەنگڕێژی كردووە نازانرێت، (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵادا كرد، كەسیان وردەكاری رێككەوتنەكە نازانن، حكومەتیش تائێستا ئامادە نییە بە فەرمی لەوبارەیەوە هیچ قسەیەك بكات، (درەو میدیا) چەندینجار پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە، وتەبێژی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیش ئامادە نین هیچ قسەیەك بكەن. چەند سەرچاوەیەك لە بەغدادەوە بە (درەو میدیا)یان راگەیاند، حكومەتی هەرێم لەم رێككەوتنە نوێیەدا دەیەوێت هەم پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2020 زامن بكات، هەم لە رێككەوتنەكەدا حكومەتی بەغداد ناچار بكات لە دەرەوەی پشكی هەرێم لە بودجە، هەندێك لە قەرزی ئەو كۆمپانیایانەی نەوت بداتەوە كە لە هەرێم كاردەكەن. هەرێم دەیەوێت بە رادەستكردنی بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ، پشكی (12.67%)ی كۆی گشتی بودجەی 2020ی عێراق زامن بكات، كە مانگانە دەگاتە نزیكەی (934 ملیار) دینار‌و بۆ یەك ساڵی دارایی بەگشتی دەگاتە نزیكەی (11 ترلیۆن) دینار (هێشتا پرۆژەبودجەی 2020 نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لەبواری داهات‌و پشكی هەرێمدا زۆر جیاواز نەبێت لەگەڵ بودجەی 2019دا، ئەم ژمارانە بەلەبەرچاوگرتنی بودجەی 2019 وەرگیراون). سەرباری ئەمە، لە عێراق بودجەیەك هەیە كە تایبەتە بە پێدانی خەرجی ئەو كۆمپانیایانەی كە لە كەرتی نەوتدا كاردەكەن، بڕی ئەم بودجەیە (12 ملیار) دۆلارە، هەندێك سەرچاوەی تر باس لە بودجەیەكی زیاتریش دەكەن، بەرپرسانی هەرێم ئەم دەرچەیەیان دۆزیوەتەوە‌و دەیانەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا وا بكەن، حكومەتی بەغداد لەم بودجەیە بڕێكی بدات بەو كۆمپانیا نەوتیانەی كە لە هەرێم كاردەكەن‌و ناوی لێنراوە "قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت". ویلیام وەردە وتەبێژی حكومەتی عێراق بە (درەو میدیا) وت:" سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن هەرێمی كوردستان رەزامەندە بەوەی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكی خۆی لە بودجە، هەندێكی تر دەڵێن بەغداد بەتەواوەتی بودجەی بەكاربردن رەوانەی هەرێم بكات لەبەرامبەر ئەوەدا هەرێم بڕێكی دیاریكراو لە نەوتەكەی بخاتە ناو حسابی سۆمۆوە، بەڵام من ناتوانم ئەم هەواڵانە پشتڕاستبكەمەوە تاوەكو بەشێوەیەكی ورد زانیارییەكانم پێنەگات". لەبارەی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و ئەگەری بڕینی ئەو پارەیە لە بودجەی 2020دا، ویلیام وەردە رایگەیاند:" لەو بڕوایەدا نیم هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە هەبێت بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕێت، بەڵام حكومەت بەشێوەیەكی جددی كاردەكات بۆ بڕیاردان لەسەر بابەتەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، بەجۆرێك پێداویستییەكانی هەرێم‌و هاوڵاتیانی هەرێم چارەسەربكات‌و بودجەیەكی دادپەروەرانە بێت". رێككەوتنێك كە جێبەجێ نەكرا ! لە بودجەی 2019دا رێككەوتنێكی هاوشێوە كرا، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا حكومەتی هەرێم قایل بوو بەوەی لەبەرامبەر وەرگرتنی 12.67%ی كۆی گشتی بودجەی عێراق، رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات، ئێستا كە ساڵی دارایی 2019 لە كۆتایی نزیكدەبێتەوە، هێشتا هەرێم نەوتی رادەستی كۆمپانیا سۆمۆ نەكردووە، حكومەتی عێراقیش بودجەی تەواوەتی بە هەرێم نەداوە، واتە رێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە. بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە (2019) لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا، حكومەتی بەغداد مانگانە بڕی (453 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم دەنێرێت، ئەمە پارەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، تا كۆتایی ئەمساڵ هەرێم نەوتیش رادەستی سۆمۆ نەكات، هاتنی ئەم بڕە پارەیەی موچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت، چونكە لە بڕگەی (ج)ی ماددەی (10)ی یاسای بودجەی 2019دا چەسپێندراوە، بەڵام مەرج نییە لە پرۆژە بودجەی 2020 هەمان بڕگە دووبارە بكرێتەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەمساڵ حكومەت خەرجی بەكاربردنی زیادی كردووە‌و عەبدولمەهدی لەژێر فشاری شەقامی خۆپیشاندەردا چەندین لیستی بەرفراوانی دامەزراندن بۆ وەزارەتەكان ئامادەكردووە، ئەمەش دواجار خەرجی موچەی حكومەت زیاتر دەكات‌و ئەگەری پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ رادەستكردنی نەوت، لاواز دەكات.  ئێستا حكومەتی عێراق لەژێر فشاری توندی خۆپیشاندەراندایە، كابینەی عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت لە زوترین كاتدا بودجەی 2020 لە پەرلەمان پەسەندبكرێت، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، حكومەتی عێراق بەنیازە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە پرۆژە بودجەی 2020 رەوانەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی خوێندنەوە‌و پەسەندكردنی. رەنگە ئەمە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ناچاركردبێت بەپەلە، هاوشێوەی 2019، پشكی هەرێم لە رەشنوسی بودجەی 2020دا جێگیربكەن، بەڵام مەرج نییە رێككەوتنەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، واتە ئەوەی باسدەكرێت تەنیا هەڵایەكی میدیاییەو بەرپرسانی هەرێم دەیانەوێت خەڵك دڵنیابكەنەوە كە كێشە بۆ موچەكانیان دروستنابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا مەسرور بارزانی لەیەكەم ئەزمونی سەرۆكایەتی حكومەتیدا نایەوێت روبەڕووی ناڕەزایەتی شەقام ببێتەوە. هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" هەمیشە كۆتایی ساڵ‌و پێش هاتنی یاسایی موازەنە بۆ پەرلەمانی عێراق، بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەڵێن پابەند دەبین‌و نەوتەكە دەنێرین، كە موازەنە تێدەپەڕێت پەشیمان دەبنەوەو ناینێرن.. ساڵی پار پێش یاسای موازەنەی 2019 وایانكرد، پێشتریش لە 2015ەوە ، هەمان شت پێش سەری ساڵ بەڵێنیان ئەداو دوای تێپەڕبونی یاسای موازەنە بەهانەیەكیان دەدۆزیەوە تا بیكەنە پاساو و نەوتەكەیان نەدەنارد". هۆشیار عەبدوڵا باسی لەوەكرد" خەڵكی هەرێم دەبێت بزانن سیاسەتی خراپی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەر ئەوە نییە كە لە ساڵانی رابردوودا بووەتەهۆی پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران، بەڵكو قەرزێكی زۆریشی جێهێشتووە كە دانەوەی دەكەوێتە ئەستۆی نەوەی داهاتووەوە". كورتەیەك لەبارەی كێشەكەوە ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بڕی، مالیكی پێدانی پشكی هەرێمی بەستەوە بەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، كۆتایی 2014 حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، عەبادی بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتەكەی نوری مالیكی‌و جەختی لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكرد، واتە بودجەی هەرێم نەدەنارد، تاوەكو دوای  ریفرامدۆم‌و رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"، ئەوكات عەبادی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا لە نەورۆزی 2018وە تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی 2019، مانگانە بڕی (317 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، بەبێ ئەوەی هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بكات.   ئۆكتۆبەری 2018، عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بودجەی 2019 لە سایەی عەبدولمەهدیدا پەسەندكرا، بەپێی ئەو بودجەیە حكومەتی عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا مانگانە بڕی (454 ملیار) دینار رادەستی هەرێم دەكات، ئەمە تەنها پارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، نەك پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق. یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، هەرێمی كوردستان پابەند دەكات، رۆژانە بڕی (250 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم تائێستا نەوتی رادەستی بەغداد نەكردووە، سەرباری رادەستنەكردنی نەوت، كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە مانگانە (453 ملیار) دینارە، نەبڕیوە، ئەم رێككەوتنەیە كە تائێستا كاری پێدەكرێت‌و لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی 2020دا وادەیی كارپێكردنی تەواو دەبێت. پاشەكەوتی موچە دەگەڕێتەوە ؟ ئەگەر بەهێز ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەست نەكات، حكومەتی بەغداد بەتەواوەتی هاوشێوەی سەردەمی نوری مالیكی، ناردنی پارە (تەنانەت موچەی فەرمانبەرانیش) بۆ هەرێمی كوردستان راگرێت. بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئێستا بەدوای رێگەچارەیەكی هاوشێوەی ئەوەدا دەگەڕێن كە لە بودجەی 2019دا چەسپێندرا.  ئێستا كە بودجەی ساڵی نوێی عێراق پەسەندنەكراوە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەیە: • 453 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت (موچەی فەرمانبەران) • 378 ملیار دیناری مانگانە كە داهاتی فرۆشی نەوتە‌و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە. (وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئێستا نەماوە‌و جلەوی نەوت لەدەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدایە)  • 120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە • 22 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لە مانگێكدا ئێستا (973 ملیار) دینارە (ئەوەی مانگانە دەچێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی)، بۆ پێدانی موچەی موچەخۆران حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (881 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات. بەڵام ئەگەر نەوت رادەست نەكات‌و پارەكەی بەغداد رابگیرێت، داهاتی مانگانەی حكومەت بۆ (519 ملیار) دینار كەم دەكات، ئەوكات حكومەت ناتوانێت موچەی موچەخۆران دابین بكات، واتە جارێكی تر موچەخۆران دەخاتەوە بەردەم ئەگەر پاشەكەوتكردنی موچەكانیانەوە (هاوشێوەی ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا رویدا).  


راپۆرت: درەو میدیا  رێكخەرو ئەمیرو ئەمینداری (گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو) پێشوەختە ئاگاداری كۆبونەوەكەی ماڵی عەممار حەكیم بوون لە بەغدادو نێچیرڤان بارزانییان كردووە بە نوێنەری خۆیان، دوو وەزیری كورد لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دوردەخرێنەوە، بەپێی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسانی، سەرۆك كۆمارو سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تەنیا (5) ئۆتۆمبیلیان پێدەدرێت، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. كۆبونەوەكەی ماڵی حەكیم  رۆژی 18ی ئەم مانگە، سەركردەی لایەن‌و كوتلە سیاسییەكانی عێراق لە ماڵی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە لە بەغداد كۆبونەوە، لەدوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە، ئەمە یەكەمجار بوو لەلایەنەكان لەسەر ئاستی باڵا پێكەوە كۆببنەوە. لەو كۆبونەوەیەدا دوو كەس وەكو نوێنەری كورد بەشداربوون، یەكێكیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئەوی تریان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بوو، نێچیرڤان بارزانی‌و بەرهەم ساڵح سەرباری پۆستە فەرمییەكەیان، وەكو نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو كۆبونەوەیەدا بەشداربوون. بەشداری پێنەكردنی نوێنەرو سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی تر لەو كۆبونەوەیەدا، هەندێك ناڕەزایەتی‌و گلەیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە پێشبینی دەكرێت بڕیارەكانی ئەو كۆبونەوەیە رەنگدانەوەی لەسەر نەخشەی داهاتووی سیاسی عێراق هەبێت. هەندێك لەوانەی گلەیی‌و رەخنەیان هەبوو، پرسی یەكڕیزیی كوردیان لە هەولێرو بەغداد بەراورد دەكرد. نێچیرڤان بارزانی تەلەفۆنی بۆ كردن ! بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، سەركردەی سێ لایەنی سەرەكی هەرێمی كوردستان (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی) پێشوەختە ئاگاداری كۆبونەوەكەیی ماڵی عەممار حەكیم بوون. سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێم بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەر لە رۆشتنی بۆ بەغداد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبونەوەكەی ماڵی عەممار حەكیم لەگەڵ هەریەكە لە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی بەتەلەفۆن قسەی كردووە. سەرچاوەیەكە وتی:" لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نێچرڤان بارزانی سەركردەی هەرسێ حزبەكەی ئاگاداریكردووە لەوەی كۆبونەوەكەی بەغداد تەنها بۆ كوتلە گەورەكانە، سەركردەی هەرسێ لایەن ئەویان وەكو نوێنەری خۆیان لەو كۆبونەوەیەدا قبوڵكردووە".    دوو وەزیری كورد دوردەخرێنەوە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكەی ماڵی عەممار حەكیم رێككەوتن بوو لەسەر چۆنیەتی ئەو گۆڕانكارییە وزارییەی كە بڕیارە وەكو وەڵامدانەوە بۆ خواستەكانی خۆپیشاندەران لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا بكرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، بڕیاردراوە گۆڕانكارییەكە (12) وەزیر بگرێتەوە‌و تاوەكو سەرەتای ساڵی داهاتوو جێبەجێ بكرێت. بەپێی رێككەوتنەكە، دوای لابردنی وەزیرەكان، پۆستە وزارییەكان بە كەسانی بێلایەن‌و تەكنۆكرات پڕدەكرێنەوە‌و نابێت هیچ یەكێك لە لایەنە بەشداربووەكان حكومەت كاندید بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان پێشكەش بكەن. (درەو میدیا) زانیوەیتی، لەنێو ئەو (12) وەزیرەی حكومەتی عێراق كە بڕیارە تاوەكو رۆژی 1/1/2020 بگۆڕدرێن، (2) وەزیری كورد هەن، كە بریتین لە هەریەكە لە: •    فاروق ئەمین عوسمان- وەزیری دادی عێراق، لە پشكی یەكێتی •    بەنگین رێكانی- وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، لە پشكی پارتی بەڵام (فوئاد حسێن) وەزیری دارایی‌و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە. 40 ملیار دینار دەگەڕێتەوە دوێنێ شەو پەرلەمانی عێراق تا بەرەبەیان لە كۆبونەوەدا بوو، دواجار "یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتە داراییەكانی بەرپرسان"و "یاسای خانەنشینی یەكگرتوو"ی پەسەندكرد. لەبارەی یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتە داراییەكانی بەرپرسانەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتەكانەوە بەنزیكەی (40 ملیار) دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەوپێیەی تەواوی ئیمتیازات‌و دەرماڵەی بەردەستی بەرپرسان دەبڕێت‌و تەنانەت ئۆتۆمبێلی بەرپرسانیش دیاری دەكات بە جۆرێك: •    سێ سەرۆكەكەی عێراق (كۆمار، پەرلەمان، وەزیران) (5) ئۆتۆمبێلیان دەبێت •    جێگری سێ سەرۆكایەتییەكان (4) ئۆتۆمبێلیان دەبێت •    وەزیرەكان (3) ئۆتۆمبێلیان دەبێت •    بریكاری وەزیر‌و بەڕێوەبەرە گشتییەكان (2) ئۆتۆمبێلیان دەبێت    سەبارەت بە یاسای خانەنشییی یەكگرتوو، سەرچاوەكە وتی: دەرفەتێكی زۆرو هەلی كار دەڕەخسێنێت بەجۆرێك: •    لە ساڵی 2020دا (202 هەزار) هەلی كار دەڕەخسێنێت  •    لە ساڵی 2021دا (59 هەزار) هەلی كار دەڕەخسێنێت 


درەو میدیا:  بەپێی ئاماری ( رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ) لە ماوەی ڕۆژانی شەممە و یەكشەممە لەكاتی خۆپێشاندانی خەڵك لە (14) شاری رۆژهەڵاتی كوردستان، لانیكەم( ٤٥ )هاووڵاتیی كورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە (٥٠٠ )كەس بریندار بوون.  بەپێی ئامارەكەی هەنگاو" ناسنامەی( ٢٠ )كەس لە گیانبەختكردوان بۆ هەنگاو روون بووەتەوە كە بەم شێوەی خوارەوەیە":  جوانڕۆ: ١٥ هاووڵاتی شەهید و 52 بریندار ١_ كاوە محەمەدی ٢_ حەمزە نەقدی ٣_ ئیبراهیم مورادی ٤_ عەزیز ٥_ موبین عەبدوڵڵاهی ٦_ جەبار تجارە ٧_ یونس هوشەنگی مەریوان :٨ هاووڵاتی شەهیدو 50 بریندار  ١- عوسمان نادری ٢_ مێهران تاك ٣_ شاهۆ وەلیدی ٤_ بێهروز مەلەكی ٥_ ئیدریس بێوارە ٦ _ دانیال ئوستواری كرمانشاه : ١٥ هاووڵاتی شەهیدو 20 بریندار ١_ محەمەد میرزایی ٢_ نادر بەیرانوەند ٣_ مزەفەر زەهیری بۆكان: ٥ هاووڵاتی شەهیدبوون ١_ هیوا ٢_ ئیدریس ٣_ شلێر دادوەند سەقز ١ هاووڵاتی شەهید و 25 بریندار ١_ مینا شێخی


درەو میدیا:  لە ماوەی 10 ساڵدا ( 2003 -2013) سەرەرای هاتنی پشكی 17%ی بودجە لە بەغداوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبڕی ( 9ملیار و 714 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. كاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان راپۆرتێكی لەسەر ( چۆنیەتی شەفافكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان) لە كۆبونەوەی رۆژی 13/11/2019 ی پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژە بە دوو كێشەی سەرەكی دەكات لە كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان:  یەكەم: ناڕونی لە جێبەجێكردنی گرێبەست و خستنەرووی داتاكان  دووەم: چۆنیەتی خەرجكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەپێی راپۆرتەكەی كاروان گەزنەیی كە لەپەرلەمانی كوردستان خوێندرایەوە، بڕی داهات و بەرهەمهێنانی بەسێ قۆناغدا تێپەڕیوە ئەوانیش: قۆناغی یەكەم: 2003 – 2007 كە ( 2 ملیۆن و 954 هەزارو 828 بەرمیل) بەرهەمهێنراوە وداهاتەكەی ( 2 ملیار و 85 ملیۆن و 668 هەزارو 139)دۆلار . قۆناغی دووەم: 2007 -2013 كە ( 272 ملیۆن و 546 هەزارو 911 بەرمیل) نەوت بەرهەمێنراوە و داهاتەكەی ( 9 ملیار و 714 ملیۆن و 331 هەزارو 861 ) دۆلار قۆناغی سێیەم: 2014 – 2018  ئەم قۆناغە نرخ و بڕی نەوت بەهۆی قەیرانی دارایی، هاتنی داعش، برینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە زۆر كەمیكرد و داتاكانیش وەكو پێویست بەردەست نین. لەماوەی 2003 – 2013 هەرێمی كوردستان بە بڕی ( 11 ملیار 799 ملیۆن)دۆلار ئەمە سەرەرای ئەوەی مانگانە لە بەغداوە بڕی ( 1 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە.  لە ماوەی ساڵی 2003 تەنها ( 395 هەزارو 945 ) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە بەڵام دوای 10 ساڵ و لە 2013 بەرز دەبێتەوە بۆ ( 78 ملیۆن و 463 هەزارو 580) بەرمیل نەوت، واتا لەماوەی 10 ساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ (200) جار زیادی كردووە، لە ئێستاشدا هەرێم رۆژانە ( 441 هەزار ) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت كە مانگانە دەكاتە (13 ملیۆن و 230 هەزار) بەرمیل و ساڵانە دەكاتە (158 ملیۆن و 760 هەزار) بەرمیلی ساڵانە.  راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە لەدوای قەیرانی داراییەوە داهات و بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت رون نەبووە بەڵام داهاتی حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە بووە: -    2014 داهاتی هەرێم ( 2 ملیار و 870 ملیۆن ) دۆلار بووە -    2015 داهاتی هەرێم ( 9 ملیار و 576 ملیۆن و 758 هەزار ) دۆلار بووەو ( 5 ملیار و 243 ملیۆن و 793 هەزار) دۆلاری پارەی نەوت بووە  -    2016 داهاتی هەرێم ( 7 ملیار و 462 ملیۆن و 207 هەزار ) دۆلار بووەو ( 5 ملیار و 735 ملیۆن و 603 هەزار) دۆلاری پارەی نەوت بووە  -    2017 داهاتی هەرێم ( 9 ملیار و 57 ملیۆن و 407 هەزار ) دۆلار بووەو ( 7 ملیار و 729 ملیۆن و 116 هەزار) دۆلاری پارەی نەوت بووە  پاڵاوگەكان و بیرە نەوتییەكانی هەرێم -     198پاڵاوتگەی ناڕەسمی و نافەرمی           -    2 پاڵاوتگەی فەرمی بوونیان هەیە (بازیان و كەڵەك) -     ٢٦ كۆمپانیای بیانی -     ٤٥٧٦ كارمەندی نەوت -     ١٢٥ بیرە نەوت -    ٥٧ كێڵگەی نەوتی لە هەرێم تا ساڵی ٢٠١٤ هەبوون -    9 هەزار كارمەندی كۆمپانیا نەوتییەكان كە 7 هەزاری ناوخۆییە  76% هەنگاوەكانی شەفافیەتی نەوتی هەرێم یەكەم: ئەزموونی نەرویج -    ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكی مەركەزییەوە بەڕێوەدەبردرێت -    فەسڵكردنە لە بەینی داهاتی نەوت و غەیرە نەوت -    دەتوانێت قەرز بدات بە دەوڵەت بۆ هەندێك بابەت و لەكاتی پێویستدا -    سندوقی وەبەرهێنانی نیشتیمانی -    ئەم سندوقە سەربە بانكی مەركەزی نەرویجە دووەم: ئەزموونی ئەلەسكا -    دروستكردنی هەستی بەرپرسیارێتی -    وەرگرتنەوەی هەمان بڕ یان كەمتر بە شێوەی باج -    دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان بە شێوەی سەهم سێیەم:  ئەزموونی خۆماڵی -    چالاككردنی سندوقی داهاتی نەوت و گازی هەرێم یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ -    چالاككردی ئەجیزە ڕەقابییەكانی دەوڵەت -    كوردستان پەرلەمانی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی -    چاودێری فەرمی ناوخۆیی و دەرەكی- ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی https://www.youtube.com/watch?v=V8xFzxc0d6U&t=4784s            



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand