Draw Media

رووداوی ئاڵاكە كۆنە ... حكومەت تێكەوت

رووداوی ئاڵاكە كۆنە ... حكومەت تێكەوت

2021-11-24 16:45:35


(درەو): 
رووداوی ئەو ئاڵایەی كە حكومەتی هەرێم دەڵێ خۆپیشاندەرانی سلێمانی سوكایەتییان پێكردووە، كۆنە‌و مێژووەكەی بۆ 2020 دەگەڕێتەوە، ئاڵاكە بەهۆی رەشەباوە كەوتووە. 
حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كەس لە سلێمانی تۆمەتباردەكات بەوەی لەكاتی خۆپیشاندانی خوێندكاراندا سوكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كردووە، بۆ ئەمەش پشتی بە تەنیا دوو وێنە بەستووە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوەتەوە. 
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیاردرا سزای ئەو كەسانە بدرێت كە سوكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كردووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ چەند كەسێكی ئاگادار قسەی كردووە، ئەو دوو وێنەیە كە حكومەت بۆ تۆمەتباركردنی خۆپیشاندەران پشتی پێبەستووە، كۆنە‌و مێژووەكەی بۆ  شوبانی ساڵی 2020 دەگەڕێتەوە. 
ئەو ئاڵایەی كە لەو دوو وێنەیەدا دەردەكەوێت، لە دەروازەی شاری سلێمانی‌و بەرامبەر بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی‌و زانكۆی ئەمریكی، بەهۆی رەشەباوە كەوتوەتە خوارەوە، چەند گەنجێك لەو كاتەدا ئاڵاكەیان كۆكردوەتەوە، یەكێك لەوانە گەنجێكە بەناوی (بەرهەم كاكەزاڵ) كە خۆی راستی روداوەكەی پشتڕاستكردوەتەوە.
بەرهەم كاكەزاڵ دەڵێ" چەند برادەرێك كە لەدەوام دەگەڕاینەوە، سەیارەكانمان وەستاند، تا ئاڵاكە بەهۆی رەشەباوە كەتبووە خوارەوە كۆی بكەینەوە، ئەو ئاڵایە درابوو بە كاك ئەردەڵان تەیفور، نامەی بۆ پەیجی كاك قوباد ناردبوو كە ئاڵاكە نۆژەن ئەكەنەوە، ئەوكات باش توند نەكرابوو، رەشەباكەش بەهێز بوو، بۆیە كەتبوو".
پێدەچێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوەختە بڕیاری خۆی دابێت لەبارەی تۆمەتباركردنی خۆپیشاندەراندەرانەوە، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوونی پێویستی لەمبارەیەوە نەكردووە. 

 

بەرهەم كاكەزاڵ 

بۆرای گشتی کوردستانیان

ھاوبیرانی بیری کوردستانی و خەمخۆرانی ئاڵا

ئەو وێنەیەی بڵاو بۆتەوە لەتۆری فیسبوک ھاوبیرانی زێدەخۆشەویست ئەوێنەیە شاری سلێمانیە و بەرامبەر زانکۆی ئەمریکیە مانگی ٢ ی ٢٠٢٠ تە رەشەبا ئاڵاکەی خستبوو ئێمەو چەن برادەرێک کەلەدوام دەگەراینەوە سەیارەکانمان وەستان تا ئاڵاکە کۆکەینەوەئەوە پەیوەندی بەخۆپشاندانەوە نیە تکایە تێمەکەون ئەوەی ئەڵێ لەوێ بووم درۆئەکات ئەو ئاڵایە درابوو کاک ئەردەڵان طیفور نامەی بۆ پەیجی کاک قوباد ناردبوو کەئاڵاکە نۆژەن کەنەوە ئەوکات باش توند نەکرابوو رەشەباکەش بەھێزبوو بۆیەکەوتبوو

تەنھابۆرایگشتی ئەم روونکردنەوەیەم دابوو

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand