ھەڵھاتن و سەرھەڵگرتن... ڕق و توڕەیی
2021-11-21 05:39:26
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
سەرھەڵگرتنی بە کۆمەڵی خەڵک لە ھەرێمەوە بەرەو دونیای دەرەوە، ڕەھەندێکی سایکۆلۆژیی بەھێزی ھەیە، کە پێویستی بە باسکردن ھەیە. لەم بوارەدا دوو ھەستی سایکۆلۆژیی باڵادەستن. یەکەمیان توڕەییە، دووھەمیان ڕقە.
توڕەبوون ھەستێکە لەناو پەیوەندییدا دروستدەبێت. مرۆڤ کاتێک توڕەدەبێت توڕەیە لە کەسێک، لە ھێزێک، لە دۆخێک، لە ژینگەیەکی تایبەت. یاخود توڕەیە لە فەرھەنگ و دین و جۆرێکی تایبەت لە ھەڵسوکەوت و ئەخلاقیات. زۆربەیجار توڕەبوون تەنھا دیاردەیەکی تاکەکەسیی و سایکۆلۆژیی نییە، تەنھا لەوێوە نەھاتوە کە ئەم یان ئەو تاکەکەس، بە ھۆی جۆری کەسایەتییانەوە، لەم یان لەو شتی ناو ژیانی تایبەت و شەخی خۆیان، توڕەن، بەپێچەوانەوە توڕەبوون زۆرجار، بە تایبەتی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، دیاردەیەکی دەستەجەمعییە، بەشێکە لە سایکۆلۆژیای گشتیی کۆمەڵگاکە، خەڵکی جیاواز و توێژی جیاواز و نەوەی جیاواز توڕەن. ئەم توڕەییە لەناو مۆدێلی ئەو ململانێ کۆمەڵایەتیی و سیاسییە نایەکسانەدا دروستبووە، کە پەیوەندیی نایەکسانی دەسەڵات دروستیکردوە. ئەم دۆخە وادەکات توڕەبوون کە ھەرێمدا ڕەھەندێکی سیاسیی بەھێزی ھەبێت و لەوەکەوتبێت تەنھا دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی ڕووت، بێت.
ھاوکات توڕەبووەن پەیوەندییەکی پتەویشی بە خودی کەسە توڕەکان خۆیانەوە ھەیە. لەم ئاستەدا توڕەیی ئامرازێکە کەسەکان لەڕێگایەوە، بەرگریی لە خۆیان وەک کەس دەکەن، وەک تاکەکەسێکی خاوەن ماف و خاوەن ئارەزو و خاوەن پێداویستیی، وەک بوونەوەرێک مافی ھەبوونی ئارامیی و دڵنیایی و ئومێد و ڕێزگرتنی ھەبێت، یان وەک کەسانێک کۆمەێک ئارەزوویان ھەیە و بەدوای تێربونی ئەو ئارەزوانەدا دەگەڕێن. بەڵام کێەشەکە ئەوەیە لە ژینگەیەکدا دەژین ئەو ماف و ئارەزوانەیان لێدەسێنێتەوە و بێئومێدیان دەکات و ئەو ژیانەیان لێدەسێنێتەوە کە بەدوای دابینکردنیدا دەگەڕێن. لەم دۆخانەدا قسە لە دروستبوونی تاکەکەسێک دەکرێت کە ھەستناکات بەشێکە لەو ژینگەیەی لەناویدا دروستبووە و بەشدارنییە لە کێشانی سنوورەکانیدا و لە دروستکردنی ماناکانیدا.
توڕەبوون لێرەدا بەرھەمی ئەزموونکردنی ناھەقیی و بێدادیی و دڵشکان و بێنرخکردنە، بەرھەمی گرگن و بچوککردنەوە و بریندارکردنی بەردەوامە، جۆرێکە لە کارادانەوە بەڕووی ئەو ژینگە ناساغ و بیمار و نێگەتیڤەدا. ژینگەی ناھەقیی و بێدادیی و دڵشکان و بێنرخکردن و بچوککردنەوە، کە بەشێوەیەکی ڕۆژانە لەناو سیستمە ئابوریی و سیاسییەکەوە دێنەدەرەوە و لەناو سیستمی بەگێتۆبووی خوێندن و فێربووندا درێژەیان پێئەدرێت. ژێرخانی توڕەبوون لە ھەرێمی کوردستاندا ئەو دۆخە لێیبەرپرسیارە و ئەو دۆخە دروستیکردوە. بەھۆی قۆرخکردنی ئەگەرەکانی پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتییشەوە، ئەم توڕەبوونە گۆڕاوە بۆ بەشێکی نەگۆڕی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی لە ھەرێمدا. بەشێکی ئەم توڕەبوونە لەڕێگای پەنابردن بۆ چوونە سەر شەقام و ناڕەزاییدەربڕینی ڕۆژانەی بێئەنجامەوە نیشانئەدرێت، بەشێکی تری لە ھونەر و ئەدەبیات و نووسین و گۆرانی و مۆسیقا و شتی دیکەی تری لەم بابەتەدا بەرجەستەدەکرێت، بەشێکی بەرچاوی لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتەوە تەعبیری لێدەکرێت، بەڵام چونکە سەرجەمی ئەو دەربڕینانە نابنە ھۆکاری دروستبوونی جۆرێکی تر لە پەیوەندیی کە لانیکەمی ڕێزگرتن و گوێگرتن و نرخاندنی ئینسانیانەی تێدابێت، بۆیە بەشێکی ئەم توڕەبوونە دەگۆڕێت بۆ ڕق، ڕقێکی گەورە لەو جیھان و ژینگە و ھێز و گوتار و کەسانەی بەرپرسیاری سەرەکین لە دروستبوونی ئەو دۆخەدا.
ڕق ھەستێکی ڕادیکاڵ و ترسناکە، دەشێت ھەم ڕووی لەناوەوەی مرۆڤبێت و دۆخی خودنەفرەتیی و ڕقبوونەوە لە خود دوستبکات تا ئاستی خۆکوشتن، دەشێت ڕووشی لە دەرەوەبێت و بگۆڕێت بۆ ھێزی نەفرەتکردنێکی گەورە لەو شوێن و ژینگە و پەیوەندیانەی، کەسەکان لەناویاندا دەژین. ھەردوو جۆرەکەی ڕق بە خستی لە ھەرێمدا ئامادەن. ھەم ڕقی ڕوو لەناوەوە و ھەم ڕقی ڕوو لەدەرەوە ئامادەن. لە بەر ئەوەی لە شوێنیتردا باسم لە دیاردەی خودنەفرەتی و ڕ ق لەخۆبوونەوە کردوە، بۆیە لێرەدا تەنھا لەسەر ڕقی ئاراستەکراو بەرەو دەرەوە دەوەستم و چەند شتێکی سەرەتایی لەسەردەڵێم.
بەر لە ھەمووشتێک ئەم جۆرە ڕقە وا لە مرۆڤ دەکات نەتوانێت لەناو ئەو جیھان و ژینگەیەدا بژیی کە ئەوی گۆڕیوە بۆ بوونەوەرێکی ڕقاویی. ئەو جیھان و ژینەگەیە بەشێوەیەک لەبەرچاوی ئەو کەسانە تاریک و ناشیرین بووە، دوورکەوتنەوە و ھەڵاتن لێی وەک جۆرێک لە خودپارێزیی و دەستبردن بۆ دروستکردنی ”سەرەتایەکی تازە“ وێنادەکرێت. ڕقی دەرەکیی گەر ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە و نەتوانێت ببێتە ھۆکاری دەسکارییکردنی ئەو ژینگەیەی بەرھەمیدەھێنێت، یان نەتوانێت بەگژ ئەو ھۆکارانەدا بچێتەوە کە ئەو دۆخەیان دروستکردوە، دەشێت ئارستەکەی بگۆڕێت و ڕوو لەناوەوەی مرۆڤەکان خۆیان بکات، دۆخێک دروستبکات ئەو مرۆڤانە ڕقیان لەخۆشیان ببێتەوە. ڕقی ڕوو لە دەرەوە وەرگەڕێت بۆ ڕقێک ڕوو لەناوەوە، نەفرەت لە ھێزە دەرەکییەکان بگۆڕێت بۆ ڕق لە خودی خۆی، واتە ببێت بە خودنەفرەتیی. لەم دۆخەدا ھەڵھاتن و سەرھەڵگرتن ھەوڵدانێکە بۆ نەکەوتنە ناو دۆخی ڕقبوونەوە لە خود خۆی. ئەمەیە وادەکات ئەو کەسانە ئامادەبن ریسکی گەورە بکەن و ئامادەبن ڕووبەڕووی مەترسیی ھەمەلایەن ببنەوە، ئامادەبن ڕێگەیەک بگرنەبەر پڕ نە ھەڕشە و نەھامەتیی کە دەشێت تا ئاستی مردن و کۆتایی بڕوات.
کەڵەکەبوونی بەردەوام و بێئەنجامی ڕق توانای ئەوەشی تێدایە بگۆڕێت بۆ حەز و ئارەزوویەکی بەھێز بۆ تۆڵەکردنەوە، تۆڵەکردنەوە لەو ژینگەیەی ئەو ھەموو ڕقەی لەناوخۆیدا دروستکردوە، ئەوانەی دەبنە مەبەست و ئامانجی ئەم ڕقە وەک خراپەکار و نەخوازراو وێنادەکرێن، وەک نوێنەری شەڕ و خراپەکاریی دەبینرێن. بۆیە زۆرجار تۆڵەکردنەوە دەبێتە بەشێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی ئەم کەڵەکەبوونە بەردەوامەی ڕق. ئەم ڕقەش تەنھا ڕووی لەم یان لەو تاکەکەس و لەم یان لەو ڕەھەندی ژیانی گروپە حوکمڕانەکان نییە، بەڵکو ڕووی لە سەرجەمی بوون و ئامادەگیی و لە کۆی ھەڵسەوکەوتەکانی ئەو حوکمڕانانەیە کە وەک گروپ بەرپرسیارن لە دروستکردنی ئەو دۆخەی مرۆڤ بەرەو ھەڵاتن و سەرھەڵگرتن، پاڵپێوەدەنێت.
ئەگەرچی ڕق پەیوەندییەکی تایبەتیی بە توڕەبوون و دەھریبوونی ئەو خەڵکەوە ھەیە کە ڕادەکەن، بەڵام ڕق و توڕەبوون دوو ھەستی جیاوازن و دەرەنجامی جیاوازیشیان لێدەکەوێتەوە. توڕەبوون ڕووی لەم یان لەو کردەوەی تایبەتە کە دەشێت لە ڕێگای دەسکاریکردن و ڕیفۆرمکردنی ئەو کردەیەوە توڕەبوونەکە کۆنترۆڵبکرێت، بەڵام ڕق ڕووی لە کەسەکان و گروپەکانە وەک کەس و گروپ، ڕووی لەوانە بەو شێوەیەی کە ھەن و ئامادەن و کاردەکەن، بۆیە لێرەدا ڕیفۆرمکردن دادنادات.