ئەزموونی منداڵانی گەڕەکی شۆڕشگێڕان 

Draw Media

2021-11-24 19:01:37



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

هەرێمی کوردستان بووە بە گەڕەکێک بۆ شۆڕشگێڕە کۆنەکان. لەم گەڕەکەدا چەندین خێزانی سیاسیی دەژین کە لە فۆرمی حیزبدا خۆیان رێکخستووە. منداڵانی ئەم گەڕەکە بە ویراسەت سەرۆکایەتییان بۆ دەمێنێتەوە و بە قەسامی شەرعیش تەوریسی موڵک و ماڵی گەل دەکەن. خێزانەکانی ناو ئەم گەڕەکە سیاسییە ساڵانێکی زۆریان بە شەڕ و ئاژاوە تێپەڕاند، دوایی ئاشتبوونەوە و پشوویەکیان دا. پاشان دووبارە پێکدادان کەوتە نێوانیانەوە و پاش کوشتارێکی زۆر جارێکی تر ئاگربەستیان کردەوە. لەدوا پەیمانیاندا رێککەوتن وڵات پێکەوەبەڕێوەببەن، چونکە گەر وانەکەن ڕق و کینە و نائارامیی نێوانیان زۆرتر و گەورەتر دەبێت. بۆیە لەم کابینە نوێیەدا سازان و بڕیاریاندا هەموو شتەکان بەشێوەیەکی هەرەمیی لەنێوان براگەورە و برای ناوەندی و برای بچوکدا دابەشبکەن.

ئەزمونی فەرمانڕەوایەتی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، یەکەم ئەزموونی پێکەوەکارکردنی هەرسێ نەوە نوێکەی ناو خێزانە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمە. ئەزموونی ئەم نەوە سیاسییە گەنجانە، نە ئەزموونی حکومەتێکی رەشیدە و نە ئەزموونی پێکەوەکارکردنە لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گشت ئەو قەیرانە کەڵەکەبووانەی ساڵانێکە دەسەڵاتدارێتی کوردیی تێوەی گلاوە. ئەم ئەزموونی حوکمڕانێتییەی خێزانە شۆڕشگێڕەکان، ئەزموونێکی نوێیە لە تەمەنە کۆمەڵایەتییەکەی و کۆنە لە ستراتیژی ئیدارەدانی شکستدا. ئەم ئەزموونە تەنها ئەزموونێکی خراپی ئیدارە یان مەنێجمێنت نییە، بەڵکو درێژەدانێکی مەترسییدارە بە مۆدێلی دژەپرنسیپی دیموکراسیی و خنکاندنی ئازادییەکان و قووڵکردنەوەی زیاتری نادادیی کۆمەڵایەتیی و جیاوازیی چینایەتیی. 

لەم ئەزموونەدا نە حیزبەکان وەک ئۆرگان ڕۆڵێکی سیاسیی ئەوتۆیان ماوە و نە پەرلەمانیش لەڕوی یاساییەوە وەزیفەی چاودێریکردنی ماوە. پەرلەمان نەک تەنها وەزیفەی چاودێریکردنی نەماوە، بەڵکو داماڵراوە لە هەموو هەیبەت و هێزێک کە پاساوی بەها و مانەوەی بکات. یەکمینجارە لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا دەزگای پەرلەمان ببێت بە خزمەتکاری ڕەهای منداڵانی خێزانە سیاسییەکان و درێژە بەو بێشەرمییە سیاسییەش بدات کە وڵات بەبێ لێپرسینەوە لە ئەدای تیمی حکومەت و خوێندنەوە بۆ بودجە بەڕێوەببرێت. کوردستان بووە بە دوکانێک کە قاسەکەی لای منداڵانی سەرۆکەکانە، ئەوان بڕیار لەسەر ئەوەدەدەن کێ بەشی هەبێت و کێش بێبەشبکرێت.

بەبۆچوونی من ئەم ئەزموونە نوێیەی دەسەڵاتدارێتیی منداڵانی سەرۆکە کاریزمییەکان لە ھەموو بوارەکاندا شکستی گەورەی ھێناوە، واتە لە کایەی سیاسییەوە بۆ کایەی ئابووریی، سەربازیی و ئیداریی و پەروەردەیی و تەندروستییەوە تا دەگاتە کایەی ژینگە، فەشەلی هێناوە. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتیی نەیتوانی وڵاتێک دروستبکات کە کەرامەتی ئینسانەکانی تێدا پارێزراوبێت و ھاونیشیمانییەکانی خۆیان بە خاوەنی بزانن و خۆشیان بوێت و سەری خۆیان هەڵنەگرن و بڕیاری کۆچکردن نەدەن. شکستی ئەزمونی فەرمانڕەوایەتی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان لە جەوهەردا شکستی ستراتیژی بەکۆمپانیاکردنی حیزب و بەشەخسییکردنی خزمەتگوزارییەکان و بێمافکردن و بێڕێزییکردنێکی بێوێنەیە بەرامبەر بە مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی وڵاتەکە. تاکە وەزیفەیەک حیزبەکان، بەتایبەتی حیزبە حوکمڕانەکان، ھەیانبێت بریتییە لە وەزیفەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داھات و پەلدرێژکردن بۆناو هەموو کایە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان و بەرھەمھێنانی کینەی سیاسیی و ڕقی شەخسیی و جیاوازیی ناوچەیی. یەکێتی و پارتی وەک حیزب چیتر دوو پارتی سیاسیی نین، بەڵکو دوو دەزگای ئەمنیی سەرووی یاسا و دوو مەکینەی گەورەی کەڵەکەکردنی سەرمایە و دوو دەزگای سەربازیی کۆنترۆڵکردنن، کە بە چەندەھا میکانیزمی جیاواز بەرگریی لە خێزانە سیاسییەکان و خزم و منداڵ و منداڵی منداڵەکانی خۆیان دەکەن. 


ئەم نەوە نوێیانەی ناو پارتیی و یەکێتیی وێنای ھەموو کەسێکی ناڕازیی لەدۆخی سیاسیی و ئابووریی وەک گەنەیەکی کۆمەڵایەتیی دەکەن کە بەسەر جەستەی سیاسیی ئەوانەوەیە. بۆ ئەم هێزانە یەک مۆدێل لە ئینسان بوونی هەیە، ئەویش مرۆڤی ملکەچ و بێئیرادەیە. وێناشیان لەسەر کۆمەڵگا وەک وێنای ئەو دیکاتۆرانە وایە کە هەر کەسێک قبوڵی کولتووری ملکەچێتیی سیاسیی و پەراوێزکەوتنی کۆمەڵایەتیی و نادادی لەدابەشکردنی سامانی نیشتیمانەکەی ناکات، وەکو مەترسییەکی کوشندە وێنادەکرێت. بە بۆچونی من حکومەتی هەرێم شاگەشکەیە بەوەی هەموو خەڵکە ناڕازییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان وڵاتی خۆیان بەجێبێڵن و بەرەو ھەندەران ملی خۆیان بشکێنن.

 کۆچ بۆ خەڵکی ئێمە بەتەنها کۆتاییهێنانی پەیوەندی جوگرافیی نییە بە رابردووە و نەفیکردنی هەنووکەش نیە لە ئێستادا، بەڵکو هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی پەیوەندییەکی نوێ بە داهاتووەوە. پەیوەندی ئینسانی ئێمە بە داهاتوو لە هەموو ڕوویەکەوە نادیار و پڕگومانە، چونکە نە خاوەنی ڕابردوویەکی شۆڕشگێڕییە کە بەشیان لە ژیانێکی پارێزراودا هەبێت و نە سەر بە خێزانە سیاسییەکەن تاوەکو بەشیان لە سامانی وڵاتدا هەبێت. نەمریی ڕابردوو بۆ ئەم نەوە نوێ سوڵتانییە خەسڵەتێکە بۆ خۆشبەختیی کۆمەڵایەتیی.

ئەم نوخبەیە شەرعییەتی خۆی لەوەدا نابینێتەوە کە کاری چاک و ستراتیژیی بکات، بەڵکو شەرعییەتی خۆی لە رابردوو و نەمریی باو و باپیرانیانەوە وەدەستدەخات. بۆیە ڕابردووی باوانیان قورسایی ئێستایانە و نەمریی مێژووە شۆڕشگێڕێتییەکەشیان بەهای داهاتوویانە. نەمریی ڕابردوو یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانیی ئەم خێزانە سیاسییانە و بووە بە ڕەگەزێکی گرنگ بۆ خۆشبەختیی کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتی سیاسیی.

هەموو دەسەڵاتدارێتییە شۆڕشگێڕییەکان لەسەر ڕابردوودا دەژین، گەر نەڵێین ژیان و مردنیان بە ڕابردووەوە بەندە. لە دەسەڵاتدارێتییە پۆست شۆڕشگێڕییەکاندا ڕابردووی سەرۆکەکان لە بوونی هەنووکەییان گرنگترە، نەک لەبەرئەوەی ڕابردوویان پاک و بێگەرد و ئێستاشیان درۆ و دەرد، بەڵکو لەبەرئەوەی ڕابردوو مێژوویەک نییە لەدوایانەوە بێت و ڕووداوێکیش نییە لە پێشیانەوە بێت، بەڵکو ڕابردووی گروپە شۆڕشگێرەکانی شاخ لە دۆخێکی ترانسێندێنتاڵ و نەمریدایە. ئەوان خۆیان بە نەمر دەزانن و دەیانەوێت وەک سەرکردەی نەمر تا ئەبەد خودانی ئەم خاک و خەڵکە بن.

شۆڕشگێڕە پیرەکانی دوێنێ تەنها رابردووی گەلەکەیان نەکرد بە موڵکی شەخسیی خۆیان، بەڵکو داھاتووشیان لەسەر منداڵەکانیان تاپۆکرد. هەمووامان، ئەوانەی ئەزموونی بەعسیان کردووە، شەرم لەوەدەکەین ئەزموونی سێ دەیەی حوکمڕانیی کوردیی لەناو کولتوورێکی سیاسیی کەرامەتشکێنی ئینساندایە، کە ناوی بەعسیزمە. هەمووان کاتێک ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە دەبینین چۆن گەنجان و ئینسانی ئێمە لەپێناو بچوکترین مافی خۆیاندا کەرامەتیان دەشکێنرێت و توندوتیژییەکی ڕەهایان بەرامبەر پیادەدەکرێت، تووشی زەبرێکی دەروونی دەبین، چونکە ئەو ڕاستییە تاڵ و مەترسیدارەمان بیردەخاتەوە کە کولتووری سیاسیی بەعسیزم لە پشتمانەوە نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand