بەناوی دەرماڵەوە پارە بۆ خوێندكاران خەرجناكرێت
2021-11-24 15:43:30
درەو:
لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ خەرجكردنی پارە بەناوی دەرماڵەوە خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان، تەنیا لەو پارەیەی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخانكراوە بڕە پارەیەك دەدرێت بە خوێندكارانی كەمدەرامەت، وەزیری ناوخۆش لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە هێزێكی دۆڕاو لە پشتی خۆپیشاندانەكانەوەیە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك ناچمە ژێر فشاری خۆپیشاندەرانەوە بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران، ئەگەر بچینە ژێر فشاریانەوە هەموو رۆژێك خۆپیشاندان دەكرێت و نەخشەو پلانەكانمان لێتێكدەدەن.
لە كۆبونەوەكەدا ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لە خراپی خزمەتگوزاری و دۆخی خراپی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیریان بڕیاریداوە بڕێك پارە بە گوژمەی (5 ملیار) دینار بۆ خەرجیەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان بكرێت، بەتایبەتیش نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان و خزمەتگوزاریەكانی تری زانكۆكان.
(درەو) زانیویەتی لە كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری گەڕاندنەوەی خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی رەتكردووەتەوە، بەڵام بڕیاریان داوە لەو بڕە پارەیەی كە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخانكراوە بەشێكی تەرخانبكرێت بۆ ئەو خوێندكارانەی شایستەن و كەمدەرامەتن، ئەویش لە رێگەی دروستكردنی لیژنەیەكەوە كە لەبەشی كاروباری خوێندكارانی زانكۆكان پێكدێت و ناونوسدەكرێن، ئەو خوێندكارانەی كەمدەرامەتن بڕێك پارەیان دەدرێتێ، بەڵام مەسرور بارزانی رەتی كردووەتەوە كە دەرماڵەی خوێندكاران خەرجبكات.
سەبارەت بە هۆكارەكانی خۆپیشاندانەكانیش گفتوگۆی زۆر كراوە لە ئەنجومەنی وەزیران، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ رایگەیاندووە كە حزبێكی دۆڕاوی هەڵبژاردن لە پشت خۆپیشاندانەكانەوەیە (كە مەبەستی بزوتنەوەی گۆڕان بووە) ئەمەش تیمی وزاری گۆڕانی نیگەرانكردووە بەڵام مەسرور بارزانی قسەكەی پێبڕیوەو رایگەیاندووە كە مەبەستی وەزیری ناوخۆ حزبە ئیسلامیەكانە نەك بزوتنەوەی گۆڕان.