پەنجەمۆری دووبارە، دوو كورسی بۆ یەكێتی زیاد دەكات
2021-11-16 17:25:22
(درەو):
بەرپرسانی یەکێتی باس لە زیادبوونی (٢) کورسی بۆ ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی عێراق دەکەن، کورسییەک لە ھەولێرو یەکێکی تر لە موسڵ، پارتی توڕەیەو ھۆشداری بە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان داوە، دادگا باس لە ساختەکاری دەکات لە سنوری ھەولێر.
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان و تانەی لایەنە سیاسییەکانی ئاڕاستەی دەستەی دادوەریی کردووە بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، کە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری رابردووە بەڕێوەچوو.
یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکەدا ژمارەی کورسییەکانی لە سنوری پارێزگای ھەولێر لە (٢) کورسییەوە بۆ (١) کورسی دابەزی، بەوھۆیەوە گومانی لە ھەڵبژاردنەکە لە ھەولێر ھەبوو، لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن تانەی یاسایی تۆمارکرد، ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە لایەن کۆمسیۆنەوە ھیچ گۆڕانکارییەکی لە ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی لە سنوری ھەولێر دروست نەکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، دوای رەوانەکردنی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ھەولێر لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ دادگا، دادگا دووبارەبوونەوەی دەنگدانی لە سنوری پارێزگای ھەولێر بەدی کردووە، واتە چەندین کەس لە دەنگدەران بۆ زیاتر لە یەکجار لە سنوری ھەولێر لە بەرژەوەندی کاندیدەکانی پارتی دەنگیانداوە.
(درەو) زانیویەتی، لە ھەر سندوقێکی دەنگدانی ھەولێردا، پەنجەمۆری دووبارەی دەنگدەران دۆزرابێتەوە، ئەنجامی دەنگدان لەو سندوقەدا لەلایەن دادگاوە ھەڵوەشێندراوەتەوە، ئەم ھەڵوەشاندنەوەیە گۆڕانکاری لە لیستی کاندیدە سەرکەوتووەکانی پارێزگای ھەولێردا دروست کردووە، بە جۆرێک (ھەرێم کەمال ئاغا) کاندیدی یەکێتی کە بەپێی ئەنجامە بەرایی ھەڵبژاردن سەرنەکەوتبوو بۆ پەرلەمانی عێراق، ئێستا بە بڕیاری دادگا سەرکەوتووە بۆ پەرلەمان.
ئەگەر دادگا بڕیاری خۆی لەبارەی سەرکەوتنی (ھەرێم کەمال ئاغا) بۆ پەرلەمان رابگەیەنێت، ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی لە سنوری پارێزگای ھەولێر بۆ (٢) کورسی بەرز دەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، پارتی نیگەرانە لە دروستبوونی گۆڕانکاری لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لە سنوری ھەولێر، بەتایبەتیش کە بڕیارەکەی دادگا پارتی تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە ھەولێر، یەکێتیش سەرباری ئەوەی خۆشحاڵە کورسییەکی لەدەستچووی ھەولێری بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام ھێشتا دوو دڵەو نایەوێت لە میدیا فەرمییەکانییەوە ھیچ قسەیەک بکات تا ئەوکاتەی لەلایەن دادگاوە ئەنجامی تانەکانی ھەولێر رادەگەیەندرێت.
بەرپرسانی یەکێتی کە (درەو) قسەی لەگەڵ کردوون باسلەوە دەکەن، جگە لە هەولێر، لە پارێزگای موسلیش ( رۆنزی زیاد سەیدۆ) کچە کاندیدی یەکێتی بەھەمان شێوە سەرکەوتووو بۆ پەرلەمانی عێراق.
ئەگەر وەکو ئەوەی بەرپرسانی یەکێتی باسی دەکەن، ئەنجامی ئەم دوو کورسییەی ھەولێرو موسڵ لەلایەن دادگاوە لەبەرژەوەندی یەکێتی یەکلابکرێتەوە، ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی لە پەرلەمانی نوێی عێراق لە (١٦) کورسییەوە بۆ (١٨) کورسی بەرز دەبێتەوەو کورسییەکانی پارتیش لە (٣٣) کورسییەوە بۆ (٣١) کورسی دادەبەزێت.
(درەو) زانیویەتی، پارتی زۆر توڕەیە لەم بڕیارە دادگاو تاکە دادوەرەکەی پارتی لەناو دەستەی دادوەرانی کۆمسیۆندا، ئیمزای لەسەر بڕیارەکە نەکردووەو پارتی بە فەرمی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی ئاگادارکردووە لەوەی بەھیچ شێوەیەک قایل نابێت بە دەستکاریکردنی ئەنجامەکان.