Draw Media

ژنێكی كورد وەكو یەكەمین قوربانی یەختەكەی كەناڵی ئینگلیزی ناسێندرا

ژنێكی كورد وەكو یەكەمین قوربانی یەختەكەی كەناڵی ئینگلیزی ناسێندرا

2021-11-27 08:47:22


 (درەو): 
ژنێكی تەمەن (24 ساڵ)ەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو بە هەواڵی تۆڕی (BBC)ی بەریتانی وەكو یەكەمین قوربانی یەختە نقومبووەكەی كەناڵی ئینگلیزی، كە ناسنامەكەی زانرابێت. 
ئەم ژنە كوردە ناوی (مریەم نوری محەمەد ئەمین)ە‌و نازناوەكەی (باران) بووە، یەكێك بووە لەو (27) پەنابەرەی كە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، لەرێگەی گەیشتن بە بە بەریتانیادا گیانی لەدەستدا. 
دەزگیرانەكەی باران كە لە بەریتانیا دەژی، بە تۆڕی (BBC)ی وتووە، كاتێك یەختە بچوكەكەیان كە ئەو و پەنابەرانی تری هەڵگرتووە، توشی كێشە بووە، مریەم نامەیەكی بۆ ناردووە‌و دڵنیای كردوەتەوە لەوەی كە ئەوان رزگار دەكرێن. 
بەڵام فریاگوزاری زۆر درەنگ گەیشت‌و مریەم‌و 17 پیاو و 6 ژنی تر كە یەكێكیان دووگیان بوو هەروەها سێ منداڵ بەهۆی نقومبوونی یەختەكەیانەوە لە كەناراوەكانی باكوری فەرەنسا گیانیان لەدەستدا. 
تەنیا دوو كەس رزگاریان بوو كە یەكێكیان عێراقی‌و ئەوی تر سۆماڵییە. 
دەزگیرانەكەی مریەم دەڵێ" مریەم لەگەڵ ژنێكی تری خێزانەكەی لەناو یەختەكەدا بوون".
دەزگیرانەكەی مریەم دەڵێ، ئەو پێشتر ئاگاداری هەوڵی پەڕینەوەی مریەم نەبووە لە كەناڵی ئینگلیزی‌و بڕیار بووە گەیشتنی مریەم بۆ ناو خاكی بەریتانیا بكرێت بە سوپرایز بۆی. 
بەر لە نقومبونی یەختەكەیان، مریەم‌و دەزگیرانەكەی لەرێگەی سناپ چاتەوە قسەیان لەگەڵ یەكتر كردووە‌و مریەم پێی وتووە" هەوڵی دەركردنی ئاو لەناو یەختەكەیان دەدەن". 
بەپێی قسەی دەزگیرانەكەی، لە دواین نامەدا كە بۆی ناردووە، مریەم دڵنیایی پێداوە كە دەسەڵاتداران هەوڵی رزگاركردنیان دەدەن. 
ئەو دوو كەسەی كە لە یەختەكەدا رزكاریان بووە، لە نەخۆشخانە دەرچوون‌و بڕیارە لەبارەی یەختە نقومبووەكە‌و ژمارەی سەرنشینەكانی پرسیاریان لێبكرێت. 
مامی مریەم قسەی بۆ (BBC) كردووە‌و دڵنیایی پێداون كە مریەم یەكێك لەو كەسانە بووە كە لە یەختەكەدا خنكاوە‌و وتویەتی" خێزانی مریەم لەرێگەی دوو كەسەوە كە هاوەڵی بوون، بارودۆخەكەیان زانیوە‌و چاوەڕێی گەڕانەوەی تەرمی مریەمن بۆ عێراق". 
شەوی هەینی خێزان‌و هاوڕێكانی مریەم لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) كۆبونەتەوە بۆ پرسەگێڕان. 
ئیمان حەسەن كە یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانی مریەمە دەڵێ" مریەم كەسێكی زۆر خاكی بوو، دڵێكی زۆر گەورەی هەبوو، كاتێك كوردستانی بەجێهێشت زۆر دڵخۆش بوو، بڕوای نەدەكرد كە دەزگیرانەكەی ببینێت". 
"لە ئاهەنگی مارەكردنیدا پێی وتم خانویەك دەكڕم‌و لەنزیك تۆ ئەژیم، پێكەوە ئەژین".
ئیمان وتویەتی دەمەوێت پەیامێك بە جیهان بگەیەنم "هیچ كەسێك شایستەی ئەوە نییە بەمشێوەیە بمرێت.. مریەم هەوڵیدا ژیانێكی باشتری هەبێت، بەریتانیای هەڵبژارد، بەڵام گیانی لەدەستدا".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand