Draw Media

گۆڕان سبەینێ پرۆژەكەی پەسەند دەكات

گۆڕان سبەینێ پرۆژەكەی پەسەند دەكات

2021-11-16 20:44:29


راپۆرت: درەو
سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیەك تایبەت بە دروستكردنی دەستەیەكی "كاتیی" بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە تا بەڕێوەچوونی كۆنفرانس، پرسی كشانەوە لە حكومەت رەنگە دوابخرێت بۆ دوا ساتەكانی تەمەنی كابینەی نۆیەم. 

لەبارەی دەستەكەوە
هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، نسكۆ بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم بزوتنەوەیە كە خاوەنی (5) كورسی بوو لە پەرلەمانی عێراق، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی بۆ (سفر) دابەزی، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكە دروستكرد، داوای دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن وەكو بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەناو بزوتنەوەكە‌و كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت كرا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەك بەناوی "هاوپەیمانی كوردستان" لەگەڵ یەكێتیدا بەشداری كرد‌و هاوپەیمانێتییەكە هیچ سودێكی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تێدا نەبوو. 
رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر واتە سێ رۆژ دوای هەڵبژاردن، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی پەسەندكرد‌و بڕیاریدا دەستەیەكی "كاتیی" دروست بكات بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە تا ئەوكاتەی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان بەڕێوەدەچێت. 
دوای زیاتر لە مانگێك تاوتوێ كردن‌و وەرگرتنی بۆچونی ئۆرگانەكانی گۆڕان، دواجار پرۆژەیەك لەبارەی چۆنیەتی دروستكردنی دەستە كاتییەكە ئامادە كراوە‌و سبەینێ جڤاتی نیشتمانی دەنگی لەسەر دەدات. 
لە پرۆژەكەدا ناوی ئەو كەسانە دیاری نەكراوە كە دەبن بە ئەندامی دەستەكاتییەكە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان، بڕیارە دوای پەسەندكردنی پرۆژەكە، بزوتنەوەی گۆڕان دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەندێك كارەكتەری ناو بزوتنەوەكە‌و دەرەوەی بزوتنەوەكە (ناڕازییەكان) بكاتەوە بەمەبەستی بانگهێشتكردنیان وەكو ئەندام لە دەستە كاتییەكە، دوای دیاریكردنی (9) ئەندامەكەی دەستەكە، ناوەكان ببرێتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بۆ دەنگدان لەسەری‌و پەسەندكردنی. 
ماوەی زیاتر لە مانگێكە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بە (عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە) دەستیان لە كاركێشاوەتەوە، بەڵام جگە لە یەكێكیان، ئەوانی تر رۆژانە لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەوامی خۆیان دەكەن‌و بەشێوەی كاربەڕێكەر كاروبارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەبەن. 

گۆڕان لە حكومەت دەكشێتەوە ؟
جگە لە دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن، دوای ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر توشی بزوتنەوەی گۆڕان هات، لەناو بزوتنەوەكەوە دەنگ بەرزبووەوە‌و داوای كشانەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان كرا، بەڵام ئەم بابەتە بە دەستلەكاركێشانەوەی خانەی راپەڕاندن پەردەی بەسەردا دراو تائێستا بڕیاری لێ نەدراوە. 
بەگوێرەی ئەو بڕیارەی كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەریكردووە، لەپاڵ ئامادەكاری بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان، یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی تری دەستە كاتییەكەی كە سبەینێ پرۆژەی دروستكردنەكەی پەسەند دەكرد بریتی دەبێت لە بڕیاردان لەسەر كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت. 
بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی تیمی حكومەتی گۆڕان لە بڕیاری كشانەوە، پێدەچێت پرسی كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت لەلایەن ئەم دەستەیەوە دوابخرێت بۆ دواین رۆژەكانی تەمەنی كابینەی نۆیەم، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بێت، گۆڕان ناتوانێت پرسی كشانەوەی لە حكومەت وەكو دەستكەوت لەبەردەم دەنگدەراندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەكاربهێنێت.
لە كابینەی هەشتەمدا بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم (مەسعود بارزانی)، پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و گۆڕان تێكچوو، پارتی پەرلەمانی كوردستانی پەكخست‌و وەزیرەكانی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، ئەوكات پارتی گۆڕانی بەوە تۆمەتبار دەكرد كە رێككەوتنی سیاسی شكاندووە، دووبارە بونەوەی هەمان سیناریۆ رەنگە بەتەواوەتی كۆتایی بە پەیوەندی نێوان پارتی‌و گۆڕان بهێنێت.
گۆڕان بە ناونیشانی "چاكسازی" بەشداری لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كردووە كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام چاكسازییەكان هێشتا لە ئاستی خواستی خەڵكدا نین، سەرباری ئەمە كابینەكە لە ساڵی دووەمی تەمەنیدا توشی قەیرانی دارایی هات‌و موچەی موچەخۆرانی بڕی، ئەمەش حكومەتە سێقۆڵییەكەی (پارتی+ یەكێتی+  گۆڕان)ی توشی ناڕەزایەتی شەقام كردەوە‌و لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا گۆڕان لە پارتی‌و یەكێتی زیاتر باجی كابینەكەی دا. 

چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان
دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاند‌و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد. 
25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوە‌و بەسەر یەكێتیدا سەركەوت‌و لەدوای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم. 
بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (12) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا 
یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنفرانسەدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكرا‌و لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی خانەی راپەڕاندان درا.

خانەی یەكەم 
تاوەكو نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیاندا بوو، خانەی راپەڕاندن دروست نەكرا، ئایاری 2017 نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد، دوای مردنی، ئەو موڵك‌و ماڵانەی كە بەناویەوە بوو، كوڕەكانی گواستیانەوە سەر ناوی خۆیان، پاش ئەم رووداوە كە كاردانەوەی هەندێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە‌و وەكو "تەوریسی سیاسی"‌و "دەستگرتن بەسەر موڵك‌و ماڵی بزوتنەوەكە" ناویان برد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد‌و شوێنەكەی نەوشیروان مستەفاشی بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا. 
یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) كەس پێكدەهات كە بریتی بوون لە: 
• عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە
• عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرو شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكە‌و دەست بە كاركردن بكاتەوە، بەڵام رەتیكردوەتەوە‌و ئێستا تاوتوێی دروستكردنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێ دەكات)
• جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی
• جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان
• محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان 
• شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك
• رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی
دیارترین كارێك رێكخەری گشتی‌و یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردی، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروست كرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات‌و پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە‌و گۆڕانی لە حكومەت دەركرد‌و دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوە‌و رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد. 

خانەی دووەم
خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو.
جڤاتی نیشتمانی كە هێشتا خۆشی هەر وادە بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا، پێكهاتەی نوێی خانە كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر دەستیان لەكاركێشایەوە بەمشێوەیە بوو: 
• عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
• عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانرا)
• جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانرا، ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكەو قسەی هەیە لە پرۆسەی دروستكردنی دەستە كاتییەكەدا)
• دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری ژورەكان
• شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانرا، یەكێك لەوانە بوو كە داوای دەكرد بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ببرێتە دەرەوە‌و موڵك‌و ماڵی گۆڕان لە موڵك‌و ماڵی تایبەتی نەوشیروان مستەفا جیا بكرێتەوە)
• برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك (لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا كاندید بوو لە بازنەی هەولێر، بەڵام سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان) 
خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بووە.

كۆنفرانسی نیشتمانی
بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی ئەمساڵ دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن كە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نوسراوەتەوە، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێت‌و رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئەنجامەكانی، ریسەكەی لە عومەر سەید عەلی‌و هاوباوەڕەكانی لەناو خانەی راپەڕاندن كرد بە خوری. 
ئاسۆی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی گۆڕان هێشتا لەناو گردی زەرگەتەدا دەسوڕێتەوە‌و ئەو هەڵسوڕاو بەرپرسانەی كە لەماوەی رابردوودا لە بزوتنەوەكە دوركەوتونەتەوە تائێستا زۆربەیان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ كاری سیاسی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.
گۆڕان لەكاتێكدا توشی ئەم تەقینەوە ناوخۆییە بووە، كە ماوەیەكە‌و بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش، فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەكیان لەگەڵ سیاسەتەكانی بزوتنەوەكەی‌و ئەوی تریان دژە، فراكسیۆنەكەشی لە پەرلەمانی عێراق كە ئێستا ماوەی خولەكەیان كۆتایی هاتووە، پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەكەدا دابڕیوە.
ئەم دوو بەرەیە، فراكسیۆنەكەی بەغداد‌و نیوەی فراكسیۆنەكەی هەولێر، لەگەڵ هەندێك لەو هەڵسوڕاوانەی كە هێشتا لەچوارچێوەی بزوتنەوەكەدا ماونەتەوە ئێستا نیمچە بەرەیەكیان دروستكردووە‌و گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ ناڕازییەكانی تر لەسەر دروستكردنی پرۆژەیەكی سیاسی نوێ. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand