مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری گۆڕانكاری حزبی و حكومی دەدات
2021-11-27 19:38:50
درەو:
هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریانداوە گۆڕانكاری گەورە لە بەرپرسانی حزبی و حكومیدا بكەن لە بەرپرسی كۆمیتەوە تا لێپرسراوی مەڵبەندەكان و لە سەرۆكی زانكۆكانەوە تا بەڕێوەبەرە گشتیەكان.
ئێوارەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبووە، لە كۆبونەوەكەدا بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەشداربوو.
بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست (درەو) كەوتووە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە گۆڕانكاری لە تەواوی پۆستە حزبیەكانی یەكێتی بكرێت لە بەرپرسی كۆمیتەكانەوە تا ئەندام مەڵبەند و بەرپرسی مەڵبەندەكان،.
لە بواری حكومیشدا بڕیاردراوە گۆڕانكاری لە زۆربەی پۆستە حكومیەكاندا بكرێت بەتایبەت ئەو پۆستانەی ماوەكانیان بەسەرچووە لە سەرۆكی زانكۆكان و بەرێوەبەرە گشتیەكان و پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە ئەو پۆستانەشی ماوەكانیان بەسەرچووە .
مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریداوە كە بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی تەواوی بڕیارەكان بدەن چونكە لە كۆبونەوەی دەڤەرەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەسەڵاتی تەواو دراوە بە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كە بڕیار لەسەر گۆڕانكارییەكان بدات.
بۆ ئەو مەبەستەش مەكتەبی سیاسی یەكێتی لیژنەیەكی تایبەتی حزبی و حكومی پێك دەهێنێت بۆ گۆڕانكارییەكان .
سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی مەكتەبی سیاسی بڕیاریداوە لەوە زیاتر بارودۆخەكە تەسعید نەكرێت بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی شێوازی كوشتنی موراد كانی كوردەییان پێ باش نەبووەو پێیان وابووە رێگەی تر هەبووە بۆ لێپرسینەوەو ئیجرائاتكردن لەگەڵیدا.
بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیاردراوە كە وەفدێك بنێرنە لای لاهور شێخ جەنگی كە چیتر بەناوی یەكێتیەوە قسە نەكات و بەشداری مەراسیمەكانی یەكێتی نەكات، ئازادیشە لەوەی حزب درووست دەكات یان هەر بڕیارێك دەدات لە دەرەوەی یەكێتی ئازادە ...