شیكاری: درەو عێراق تەنها لە ناوخۆدا گیرۆدەی حکومڕانییەکی شکستخواردوو نەبووە کە نەیوانییوە ئاسایشی ناوخۆ (بە هەموو شێوەکانییەوە) دەستەبەر بکات، بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەکیش نەیتوانیەوە سەرەوەری خاکی عێراق بپارێزێت و سنورەکانی بە ئاشکراو نهێنی لەژێر هەڕەشەی دراوسێکانێیەتی و لەماوەی نزیکەی چوار دەیەی ڕابردوودا تەنها لەلایەن تورکیاوە زیاتر لە ٣٠ جار سنورەکانی بە ئاشکرا بەزێندراوە و ئۆپرەراسیۆنی ئەنجامداوە، نەك تەنیا ئۆپەراسیۆن بەڵكو دەیان بنكەی سەربازی و فڕۆكەخانەی سەربازی توركیا لە ناوخاكی هەرێم و عێراقدایە، كە گەورەترین سەربازكەی توركیا لە باشیكی سەربە پارێزگای نەینەوایە كە زیاتر لە 150 كیلۆمەتر لەناو چەقی خاكی عێراقدایە سەروەری دەوڵەتی عێراق کاتێک باس لە قەوارەیەکی سیاسی وەک دەوڵەت دەکەین بیرمەندان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە چەند ڕەگەزێکی سەرەکی لەو قەوارە سیاسییەدا هەبێت جا وەکو دەوڵەتێکی تەواو ناودەبرێ، گرنگترین ئەو ڕەگەزانەش بریتین لە؛ 1. گهل، وهک ژمارهیهکی پێویست له دانیشتوان. 2. خاک یان ههرێم، وهکو سنورێکی جوگرافی که ئهو دانیشتوانهی له سهر دەژی. 3. حکومهت یان دهسهڵاتی سیاسی، واتا سیستمێکی سیاسی که گوزارشت له ویستی یاسایی دهوڵهت بکاتو کاروبارهکانی بهڕێوهببات. 4. سهروهری (ناوخۆییو دەرەکی)، بهو مانایهی دهوڵهت بتوانێت باڵادهست بێتو لهژێر هەژمونی هیچ دهسهڵاتو یهکهیهکی دهرهکی دیکهدا نهبێت. هەرچەندە بهشێک له یاسا ناسان پێیان وایه سهروهری ڕهگهز نیه، بهڵکو سیفهته، بهو پێیهی ئهگهر دهوڵهت سهوهریشی پێشێل بکرێت له دهوڵهت بوون ناکهوێت. خاک یان سنوری جوگرافی وەک ڕەگەزێکی سەرەکی دەوڵەت هەمیشە یەکێک بووە لەو گیروگرفتانەی لە ڕابردوودا بەرۆکی وڵاتانی دنیای گرتووە، جا بەهۆکاری تەماحکاری و چاوتێبڕین بووبێت یان بە کێشەی ئەمنی و ناسەقامگیری بووبێت یان یەکلانەکردنەوەی تەواوی سنورەکان لەنێوان وڵاتانی هاوسنوردا، بەشی زۆری ئەو کێشانەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە نێوان سنورەکاندا بوارێک نەمابێتەوە لە نێوان وڵاتان خۆیان، بەڵکو بەکۆتایی هاتنی سنوری دەوڵەتێک ڕاستەوخۆ سنور و سەروەری دەوڵەتێکی دیکە دەستپێدەکات بەزاندنیشی لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە بە دەستدرێژی و نایاسایی دادەنرێت، ئەگەر ڕێککەوتنێکی پێشوەختەی نێودەوڵەتی لەو بارەوە نەبێت. شێوازەکانی سنوری نێودەوڵەتی کۆمەڵێک فاکتەر کاریگەرییان هەیە لەسەر شێوازو جۆری سنوری نێوان دەوڵەتان، ئەوانیش بریتین لە؛ یەکەم: دیایکردنی سنور لەژێر فاکتەری سروشتی، ئەوانیش وەکو؛ - سنوری ئاوی وەک (چەم و ڕوبارو دەریا) - سنوری وشکانی وەک (دۆڵ و شیوو شاخ) دووەم دیایکردنی سنور لەژێر فاکتەری جیاوازی مرۆیی، ئەوانیش وەکو؛ - ئاین - زمان - نەتەوە سێیەم: دیایکردنی سنور لەژێر فاکتەری دەستی مرۆڤ، ئەوانیش وەکو؛ - دیاریکردنی سنوری ئاسمانی - دیاریکردنی هێڵ و هەڵکەندنی چاڵ و تەلبەندو ئاماژە هەندەسییەکانی دیکەی سەر ئاوو وشکانی. گرنگی سنوری سیاسی بۆ دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی دیاریکردنی سنوری نێوان دەوڵەتان ڕیشەیەکی مێژوویی هەیەو لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکان گۆڕانکاری لە سنوری وڵاتاندا دروستبووە، لە پێناو ڕێکخستنی سنورەکانیشدا سەدان ڕێککەوتنی دوولایەنەو سێ لایەنەوە فرە لایەنەی نێوان وڵاتان ئەنجامدراوە چەندین بڕیارو یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەرکراوە بۆ ڕێکستن و پاراستنی سنورە ئاسمانی و وشکانی و ئاوییەکانی نێوان وڵاتان، دیاریکردنی سنوری نێوان وڵاتانیش ئەگەر چی سلبیاتی خۆی هەیە، بەڵام گرنگییەکەی زۆر لەوە زیاترە کە سنورێک نەبێت بۆ جیاکردنەوەی وڵاتێک لە وڵاتێکی دیکە، بەشێک لەو گرنگییانەش بریتین لە؛ 1. گوزارشتە لە هێڵی بەرگری دەوڵەت و هەردەوڵەتە مافی ڕەوای خۆیەتی بەرگری لێبکات و بەزاندنیشی لەلایەن وڵاتانی دەرەوە بەدەستدرێژی دێتە هەژمار. 2. ئاستی پاراستنی سنور لەلایەن دەوڵەتەوە گوزارشتە توانای هێزی ئەو دەوڵەتە. 3. دیاریکردنی سنور تەنها بۆ پارێزگاری کردن نییە لە خاک و پێگەی جوگرافی، بەڵکو پارێزگارییە لە سیستمی ئابوری و سەرچاوەکانی وزەو سەرجەم دەرامەتەکانی دیکەی ولات. 4. دیاریکردنی سنوری تەنها وشکانی ناگرێتەوە بەڵکو ئاوی و ئاسمانیش دەگرێتەوەو سنوری دەسەڵاتی دەوڵەت دیاری دەکات لە بواری فڕوکەوانی و کەشتیوانیشدا. 5. دیاریکردنی سنور جگە لە ڕێکخسنی هاتووچۆی هاوڵاتیان لە نێوان وڵاتاندا ڕێگایەکیشە بۆ پارێزگاریکردن و کونترۆڵکردنی تیرۆر و بازگانی نایاسایی بە چەک و ماددە هۆشبەرەکان. عێراق و کێشە سنورییەکانی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ شەش دەوڵەتی دیکە کە بریتین لە (ئێران، کوەیت، سعودییە، ئوردن، سوریا، تورکیا) هاوسنور و دراوسێیە، لەگەڵ بەشێکی زۆریان کێشەی سنوری هەیە و زیاتر لە جارێکیش لەپاڵ چەند هۆکارێکی تر لەسەر ئەو کێشە سنورییانە جەنگی خوێناوی هەڵگیرساوە. کێشەی عێراق - ئێران یەکێک لە گەوەرەترین کێشەکانی سنوری سیاسی لە جیهاندا سەردەمانێک کێشەی کەنداوی عەرەبی بوو لە نێوان عێراق و ئێراندا، کە عێراق درێژترین سنوری هەیە لە گەڵیدا نزیکەی 1458 کیلۆ مەترە، مێژوونوسان دەڵێن لە نێوان ساڵانی 1555 بۆ 1975 لەسەر ئەو سنورە 18 ڕێککەوتنی جیاواز ئەنجامدراوە لەبارەی ڕێکخستنی ئەو سنورەوە. ئەم کێشەیە بەشێکی سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 17 کاتێک سەفەوییەکان بەشێکی خوارووی عێراقیان خستە ژێردەستی خۆیان و پاشان دواتر ئەو ناوچەیە کەوتە دەست عوسمانییەکان بەپێ ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا بەسرە وەک پارچەیەک لە دەوڵەتی عوسمانی ناسێندرا. بەڵام لە سەدەی 19دا و دوای هاتنی ئینگلیزەکان ڕێگە بە ئێرانییەکان درا کەشتیوانی بکەن لە کەنداوی عەرەبیدا، پاشان لە ساڵی 1913 ڕێککەوتنێک لە نێوان عوسمانییەکان و دەوڵەتی فارسدا ئەنجامدرا، تێیدا هات کە کەنداوی عەرەبی بە کراوەیی دەمێنێتەوە لەبەردەم کەشتیوانی و کەشتیگەلی سەرجەم وڵاتان و تا ناوچەی خورمشەهر لەژێر سەروەری ئێراندا دەبێت. لە ساڵی 1937 ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1913 کردو پێی وابوو ئەمە دەستکردی ئینگلیز و ئیمپریالیزمە بۆیە دەستی لە بەشێک لەو ناوچانەی کەنداوی عەرەبی بەردا کە کەشتوانی تێدا دەکرد لە بەرامبەر ئەوەی عێراق دەست بە قوڵی 4 میل دەست لە ناوچەی عەبدان بەربدات، بەمەش ئێران سنوری ڕێڕەوی کەشتیوانی کەمبوویەوە. لە ساڵی 1975 حکومەتی ئەوکاتی عێراق بۆ تواندنەوەی جوڵانەوەی کورد لە باکوری عێراق ڕێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ ئێراندا مۆرکرد و مافی بە ئێراندا کە کاری کەشتیوانی ئەنجامبدات لە کەنداوی عەرەبیدا. لە ساڵی 1980 جەنگی نێوان عێراق – ئێران هەڵگیرسا دوای ئەوەی عێراق پاشگەز بوویەوە لە ڕێککەوتننامەی جەزائیر هەشت ساڵ شەڕ بەردەوامی هەبوو. کێشەی عێراق - کوەیت دەوڵەتی عێراق تەنها لەگەڵ ئێراندا کێشەی سنوری نییە، بەڵکو لەگەڵ سەرجەم دراوسێکانی کێشەی سنوری بە ئاست و قەبارەی جیاواز هەیە، بۆ خۆبەدورگرتن لە هەر بەڵگەو پاساوێکی مێژوویی لەبارەی ڕاستی یاخود ناڕاستی کێشەی سنوری عێراق - کوەیت لە ڕابردوودا یەکێک بووە لەو کێشە گەورانەی وڵاتانی زلهێزو بگرە جیهانی هێنایە سەر خەت. کێشەکە بەڕادەیەک بوو سەدام حسێن کوەتی وەک پارێزگای 19یەمنی عێراق دەبینی، تا گەیشت بەوەی لە مانگی 8ی 1990 پەلاماریداو دوای ماوەیەکی کەم لەمانەوە و لەژێر فشای هاوپەیمانان پاشکشەی کرد. لە ڕووی یاساییەوە کە 3/4/1991 ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 687 دەرکرد، بەپێی ئەو بڕیارە چەند لیژنەیەک پێکهێنرا لە نێویشیاندا لیژنەیەکی (5) کەسی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنی سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتە بە سەرۆکایەتی (موختار کۆسۆما – سەرۆکی ئەوکاتی ئەندۆنیسیا)دیاریکرا. عێراق لەگەڵ هەریەک لە سعودییەو ئوردن و سوریاش بێ کێشە نەبووە، بەڵام بەراورد بە ئێران و کوەیت تا ڕادەیەک کێشەکان بە گفتووگۆو ڕێککەوتن چارەسەرکراوەن، سەریان نەکێشاوە بۆ ململانێی چەکداری و شەڕ هەڵنەگیرساوە. کێشەی عێراق - تورکیا وڵاتی تورکیا یەکێکی دیکەیە لە دراوسێکانی عێراق تایبەتمەندی خۆی هەیەوە سەرجەم سنورەکەی لەگەڵ باکوری عێراقدا هاوسنوری هەرێمی کوردستانە بەپێی ڕێککەوتننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 ئەو سنورە یەکلا کراوەتەوە، تا ڕادەیەک هەردوو وڵات بۆ ماوەیەکی درێژ ئیلتزامیان بە سنورەکانی خۆیانەوە دەکرد، بەڵام لەسەرەتای ساڵانی 1980 هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە کوردییەکانی عێراق و تورکیا پاڵی بەو دوو وڵاتەوە نا بۆ پاراستنی سنورەکانیان ڕێککەونێک ئەنجام بدەن لە مانگی 10ی ساڵی 1984 گەیشتنە ڕێککەوتن و "پەیمانی ئاسایشی سنوورەکان"یان مۆرکرد بەپێی ئەم ڕێککەوتننە ڕێگە بۆ هێزی سەربازی تورکیا خۆشکرا بە قوڵی 20 کیلۆمەتر ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە خاکی عێراق هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات، ئەم ڕێککەوتنەش تا ئێستا بەبێ هیچ هەموارکردنەوەو ئیلغاکردنێک ماوەتەوەو تورکیا سودی لێوەرگرتووە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە نێو خاکی عێراقدا تورکیا لە ساڵی ١٩٨٣وە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ جار ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری خۆی ولە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە، تا ئێستاش تورکیا بەردەوامە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر سنوری عێراق بەبێ ڕەزامەندی وڵاتەکە بە بیانوی بوونی پەکەکە لەو سنورە، زۆر جاریش ئەر سنورەی بەپێی ڕێککەوتنی هەردوولا دیاری کراوە لەلایەن تورکیاوە بەزێندراوە. گرنگترین ئەو ئۆپەراسیۆنانەش ئەنجامیداون بریتین لە 1. ساڵی ١٩٨٣ ئۆپەراسیۆنێک بە بەهانەی "پەیمانی ئاسایشی سنوورەکان" بە فەرماندەیی کەنعان ئەڤران، ڕێبەری کودەتای ١٢ی ئەیلول و سەرۆکی تورکیا بەهاوکاریی حکومەتی بەغدا دەستیپێکرد، حەوت هەزار سەربازی تورک ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ساڵی ١٩٨٣ هاتنە ناو خاکی باشوری کوردستانەوە. 2. لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨٤دا دووەمین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پەکەکە دەستیپێکرد، هەر لەو مانگەشدا بەبێ ئەنجام کۆتاییهات. 3. ١٢ی ئابی ساڵی ١٩٨٦ سێیەم ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک دژی پەکەکە دەستیپێکرد، لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هێرش کرایە سەر کامپەکانی پەکەکە و هاوکات هێرشیانکردە سەر کامپەکانی پارتیش. 4. لە ڕۆژی ٤ی ئازاری ساڵی ١٩٨٧دا ئۆپەراسیۆنێک بە هاوکاری هێزە ئاسمانییەکانی سوپای تورک دژی پەکەکە ئەنجامدرا. 5. ساڵی ١٩٩١ و لە سەردەمی تورگوت ئۆزالدا، سێ جار ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور ئەنجامدرا، یەکەم ئۆپەراسیۆن لە نیسانی ١٩٩١دا پێکهات و ناویان نا "ملکس"، دووەمین ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژی ٥ی ئابدا دەستیپێکرد و ماوەی ١٥ رۆژی خایاندو دوایین ئۆپەراسیۆنی ساڵی ١٩٩١ لە ڕۆژی ١١ مانگی ١٠وە بۆ ٢٥ی مانگ ئەنجامدرا. 6. ڕۆژی ٦ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ سوپای تورک بۆ هەشتەم جار ئۆپەراسیۆنی "ڤەدیزی" دەستپێکرد. 7. ڕۆژی ١٢ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٢ بۆ نۆیەم جار لە باشوری کوردستانەوە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پەکەکە و ماوەی ٢٠ ڕۆژ ئەو ئۆپەراسیۆنە درێژەی هەبوو. 8. ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٣ و ڕۆژی ٢٨ی مانگی ١ی ساڵی ١٩٩٤ دوو ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان دژی کامپی "زەلێ" کرا و پاشان لە ڕۆژی ٦ی شوباتی ١٩٩٤دا ناوچەکانی "مەزرێ" و "کاریەدەرێ"یان بە ئامانج گرت، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٤دا پێنج هەزار سەرباز ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دەرەوەی سنووریان ئەنجامدا. 9. لە بەهاری ساڵی ١٩٩٥دا ڕۆژی ٢٠ی ئازار سوپای تورک ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری ئەنجامدا، بە ١٥هەزار سەربازەوەو بە فەرماندەیی ١٣ ژەنەراڵەوە ئۆپەراسیۆنی دەستپێکردو ناویان نابوو "چەلیک" . 10. تورکیا لە مانگی تەمموزی 1995 هێرشێکی دیکەی کردە سەر هەرێمەکانی تامپۆن، ئەو ئۆپەراسیۆنە ماوەی ٤٥ ڕۆژی خایەند. 11. ساڵی ١٩٩٦ دوو ئۆپەراسیۆن لە هێڵی سنهەت، هەفتانین و کەلاڕەشەوە ئەنجامدرا، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان نا "ئاتماجا تۆکات"، لە مانگی کانونی دووەمی هەمان ساڵدا سوپای توک جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری ئەنجامدا. 12. ساڵی ١٩٩٧ توركیا ئۆپەراسیۆنێکی دیەکەیان ئەنجامدا کە ناویان نا "باڵیۆز"، ئەو ئۆپەراسیۆنە ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ دەستیپێکردو ٥٠ هەزار سەرباز بەشداری بوون. 13. ئۆپەراسیۆنی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٧ بە بەشداربوونی ١٠ هەزار سەرباز و ١٠٠ تانک دەستیپێکردو ناوی نرا " چاکوچ" و لە چوارچێوەیدا دەڤەری خواکورک بە ئامانج گیرا. 14. هەر لە ساڵی ١٩٩٧ بڕیارگەیەکی گەورەی سەربازی لەو هێڵەدا دامەزرا کە تانک و تۆپ و هەموو کەرەسە سەربازییەکانی شەڕی تێدابوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆری سەرباز لە ناوچەکانی باتووفا، کانیماسی و بامەڕنێ و شیلادزێ جێگرکران. 15. سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٨دا بە ٤٠ هەزار سەربازەوە ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردو ناوی نا "موراد". 16. ٢٤ەمین ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری سوپای تورک لە ساڵی ١٩٩٩دا پێکهات، ئەو ئۆپەراسیۆنەی ناونا "ساندویچ". 17. لە ڕۆژی ٤ی ئایاری ساڵی ٢٠٠٠ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدرا، بەڵام ڕۆژی ٨ی ئایار پاشەکشەیانکرد 18. سوپای تورک هەوڵیدا لە رێگای ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرفراوان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی کانوونی ٢٠٠٧دا هێرشێکی قورسی ئاسمانیکردە سەر پەکەکە. 19. سوپای تورک لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٨دا هاتە ناو خاکی باشوری کوردستانەوەو ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی "ڕۆژ" بەڕێوەبردو لە ڕۆژی ٢٩ی شوبات پاشەکشەی کرد. 20. لە٢٤ی تەموزی ٢٠١٥ تورکیا دەستیکردەوە بەهێرشی ئاسمانی و هەرێمەکانی(قەندیل، مەتینا، هەفتانین، ئاڤاشین، خواکورک، خنێرەو گارە)ی بە ٥٠ فرۆکە بۆردومانکرد. ئەم هێرشە هاوکات بو لەهێرش و پاکتاوی سیاسی لەباکوری کوردستان لەو ساڵەدا. 21. تورکیا لە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧دا لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگەوە، دەستی کردەوە بەهێرشکردن بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و بە کۆپتەر ژمارەیەکی زۆر سەربازی لە ناوچەکانی (گەلیی رەش، چیای سیرۆ، چیای ئەڤدۆلکۆفی، ئاڤا حاجی بەگ) دابەزاندو بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر هاتە ناو خاکێ هەرێمەوەو لەناوچەی (لێلکان، چیادێڵ و چەند شوێنێکی تر) بنکەی نوێی سەربازیی دروستکرد. تورکیا بەردەوام بوو. 22. لەئۆپەراسیۆنەکانی لە٢٧ی ئایاری ٢٠١٩ ئۆپەراسیۆنی(پەنجە)ی بەهاوکاری فرۆکە جەنگیەکانی دەستپێکرد. لەهەمو ئەم هێرشانەشدا بەردەوام هاوڵاتیانی مەدەنی بونەتە قوربانی یەکەمی پەلامارو بۆردومانەکانی تورکیا. 23. رۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاوی سەربازی و ئاسمانی بەناوی "چنگی هەڵۆ"، دژ بە بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. رۆژێک دواتر، لە ١٦ی حوزەیران، ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانی و زەمینی، بەناوی ئۆپەراسیۆنی "چنگی پڵنگ" بۆ ناوچەی هەفتانین لەزاخۆ بە هەمان ئامانج راگەیاند. 24. ٢٣ ی نیسانی ٢٠٢١ ، تورکیا بە بۆردوومانکردنی دەوروبەری گوندی کێستە دەستی کرد بە ئۆپەراسیۆنی چنگی- هەورە بروسکە. لەماوەی یەک هەفتەدا تورکیا بەردەوام بوو لە بەئامانج گرتنی زناری کێستە و فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپخانە و هێلیکۆپتەرە سەربازییەکان بە بەردەوامی بۆردوومانی ناوچەکەیان دەکرد. هەروەها سوپای تورکیا لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە چەندین سەربازی خستە خوارەوە بۆ گرتنی زناری کێستە و دروستکردنی بارەگای سەربازی لەسەر چیاکە، کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی چەندین شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. بۆزانیاری زیاترو سەرچاوەکان بڕوانە؛ د. نمیر طه یاسین، العراق وإشكالیة الحدود مع دول الجوار در اسة تاریخیة، علی الموقع: https://www.iasj.net/iasj/download/a3ff96337cb3ad61 محمد يوسف محمود أبوالليل، حــدود الإقليـم وفق القانـون الـدولي، علی الموقع: http://dspace.mediu.edu.my:8181/xmlui/handle/123456789/115196 الدكتور صدام الفتلاوي و هاني عبد الله عمران، عملیة ترسیم الحدود الدولیة، والمنازعات الناجمة عنها؛ مجلة جامعة بابل، علی الموقع: https://www.iasj.net/iasj/download/8ca52ff7036df4f9 حسين حافظ وهيب، العراق ودول الجوار دراسة في الفاعلين التركي والايراني، علی الموقع: https://www.iasj.net/iasj/download/dcb99625f96d1e5b گەیلان عەباس، هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان، لێكەوتەو سیناریۆكان، پێگەی پەیسەر پرێس؛ https://www.peyserpress.com/detail/6154 مێژووی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنووری تورکیا دژی پەکەکە.. دۆسییە، پگەی رۆژ نیوز؛ https://rojnews.news/%DA%95%DB%86%DA%98%D9%87%DB%95%DA%B5%D8%A7%D8%AA%DB%8C-%D9%86%D8%A7%D9%88%DB%95%DA%95%D8%A7%D8%B3%D8%AA/%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%DB%8C-%D8%A6%DB%86%D9%BE%DB%95%D8%B1%D8%A7%D8%B3%DB%8C%DB%86%D9%86%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%AF%DB%95%D8%B1%DB%95%D9%88%DB%95%DB%8C-%D8%B3%D9%86%D9%88%D9%88/
درەو: راپۆرتی: رێناس ساڵح - نەوژین بە بڵێسەی ئاگرەکەی جەستەی و بەرزبونەوەی دوکەڵ هەواڵی مەرگی 'بژوێن' دەگەیەتە خەڵکی شار، چونکە بکوژەکەی بە سێ فیشک و ناڵەی خوێن ومەرگی سوکنایەتی بە دڵدانایەت و جەستەکەی دەسوتێنێت، خێزانەکەی دەڵێن بێئاگاین لە کوشتنی، پارێزەری رێکخراوێکی ژنان باسلەوەدەکات وشەی شەرف دراوە بە گوێیاندا بۆ بێدەنگبون لە بەدواداچون، هەروەک بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی شارەکەش جەخت لە مەتریسەکی گەورە دەکاتەوە دەڵێت: ”کوشتنەکان هەنگاویان بۆ بەدیاردەبون بڕیوە“ پۆلیسیش لە لێکۆڵینەوە بەردەوامە. رۆژی ١١ ئەم مانگە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمێکی نەناسراو بە سوتێنراوی بڵاوبویەوە ”شەوی هەینی ئەو کاتەی مەفرەزەکانی پاراستنی فرۆکەخانەی سلێمانی لە نزیک گوندی عەزیز ئاوا گڕ و دوکەڵ دەبینن پۆلیس ئاگەدار دەکەنەوە بگەنە شوێنەکە بۆ زانینی هۆکار رێگری کردن لەو ئاگرەی بینیویانە، کاتێک هێزەکانی نەهێشتنی تاوان گەشتنە شوێنی ئاگرەکە بینیان جەستەی کەسێکە سوتێنراوە“. ئەمە قسەکانی سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیە. ئەو زیاتر وتی: ئەو کاتەی دۆزرایەوە تا رۆژی دواتر تەرمەکە نەناسرایەوە چونکە سوتێنرابو لە پزیشکی دادوەری توێکاری بۆکرا دەرکەوت پێش سوتانی سێ فیشەکی پێوەنراوە“. دوای رۆژێک لە دۆزینەوەی تەرمەکەی دەناسرێتەوە کە خانمێکی شاری سلێمانیە بەناوی 'بژوێن عوسمان'ەو خێزانەکەی ئاگەداردەکرێنەوە، بژوێن عوسمان، لە دایک بوی ساڵی(١٩٩٠) دانیشتوی شاری سلێمانی رۆژی ١٠ ئەم مانگە لەدوای چونە دەروەی لەماڵ ناگەڕێتەوە. ”پێیان وتین کوشتنەکەی کێشەی کۆمەڵایەتیە بۆ ئەوەی بە بیانوی شەرەف کپ بکرێتەوە“ دوای ئاگەدارکردنەوەیان خێزانەکەی لە بکەی پۆلیس وتەیان لێوەردەگیرێت ئەوان دەڵێن”ئێمە هیچ کێشیەکمان نەبوە“. ئەمە لە کاتێکدایە ئەشواق نەجیب، پارێزەر لە رێکخراوی هاریکاری یاسایی بۆ نەوژین وتی: ”دەستمان بە بەدواداچون کردوە بە ئێمە وتراوە کێشەکە کۆمەڵایەتیە، خوێندنەوەی ئێمە بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە دەیانەوێت ئێمە کاری لەسەر نەکەین و بڵێن با سومعەی خێزانەکەی نەچێت“. ئەو پارێزەرە جەختدەکاتەوە کە ئەوان ناوەستن لە بەدواداچون بۆ کەیسەکە ”یەکەم رۆژ چوینە پرسەکەی، چاوەڕێی خێزانەکەین سکاڵا تۆماربکەن چونکە تا کەسێک لە خێزانەکەی سکاڵا تۆمارنەکات کەیسەکە بەروپێش ناچێت و بەخاوی کاری تێدادەکرێت ئێمە پلانمان هەیە بەم نزیکانە دوبارە سەردانی خێزانەکەی بکەینەوە“. بژوێن، لەگەڵ ماڵی باوک و دایکی دەژیا لە ماوەی رابردودا هاوسەرگیریکردوە، بەڵام جیابوەتەوە پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: ”کوشتنەکەی پەیوەندی بە هاوسەرگیری یەکەمیەوە نیە“. ”لە کوشتنی ژنان کەسانی نزیکیان تێوەدەگەلێن لە تاوانەکە“ بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد، خودی بەڕێوبەری پۆلیسی سلێمانی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەم دۆسیە دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد لەمجۆرە کەیسانە بە زۆری کەسی نزیکیان تاوانەکە ئەنجام دەدات. هەروەک هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان لە سلێمانی ئەوەی بە نەوژین رایگەیاند: ”زۆربەی دۆسیەکانی کوشتن کوتوپڕن، ئەم خاتونەش پێشتر هیچ سکاڵایەکی لە بنەکانی ئێمە تۆمارنەکردوە“. ئەمە لەکاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان لەماوەی ساڵی رابردو لە سلێمانی ١٥ تاوانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە کە بەشێکیان پێشوەخت سکاڵایان تۆمارکردوە. ”لێکۆڵینەوەکان هۆکارن بۆ ون بونی بەڵگەکانی تاوانی کوشتنی ژنان“ پارێزەر ئەشواق نەجیب، نیگەرانە بەوەی کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە ئەنقەس بێت یاخود بێ مەبەست دەست و بردی تێداناکرێت بەم هۆیەش ئەگەری ونکردنی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر 'مەلموس'ی تاوانەکە ون دەبێت. ئەو دەڵێت: ”دۆسیەمان هەبوە کە ئێمە دوای دو مانگ داخڵی بوین کەچی کامێرای شوێنە نزیکەکانی روداوکە وەرنەگیراوە وەک بەڵگە، کاتێک ئێمە چوین بۆ وەرگرتنی تۆماری ڤیدۆی کامێرای شوێنە نزیکەکانی روداوەکە ئەو کاتە هەرنەمابو لە لای دوکان وماڵەکان چونکە هاردەکەی(شوێنی خەزنکردنی) هەر مانگێک خەزن دەکات، یان ئەوەندە درەنگ دەگەنە شوێنەکە بۆ لێکۆڵینەوە شوێن پەنجەی تاوان ون دەبێت و کەرسەتەکانی تاوان لە ناو دەبرێت، یان هیچ هێڵکاریەک بۆ شوێنی تاوانەکە ناکرێت“. ئەم پارێزەرەی رێکخراوی هاریکاری یاسایی جەختدەکاتەوە ئەمانە کاریگەری خراپی هەبوە لەسەر قەزیەی کوشتنی ژنان بە وتەی ئەو ”کاتێک ژنێک دەکوژرێت ئەوەنەدە بێ ئەرزش لێکۆڵینەوە دەکرێت هەندێک جار دواتر هەر دەیکەنە خۆکوژی تاوانەکە!“. لێکۆڵینەوە و هێڵکاری بۆ تاوانێکی کوشتن بە شێوەیەکی زانستی بۆچارەسەری ئەمە پێشنیاردەکات ئەگەر بەجدی حکومەت دەیەوێت دۆسیەکانی کوشتنی ژنان بێئەرزش سەیرنەکرێت لیژنەی تایمەند بەند لە داگاو پۆلیس دورستبکات بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکان بە کەمترین ماوە و بە ئامێری پێشکەوتو لێکۆڵینەوە بکەن بە وردی بۆ ئەوەی چی دیکە خوێنی ژنان ون نەبێت. ”کوشتنی ژنان مەترسی بون بە دیاردەی هەیە حکومەتیش بەرپرسی یەکەمە لەم کێشەیە“ لەسەرتایی دوهەفتەی یەکەمی ئەم مانگەدا ئەمە دوەم حاڵەتی کوشتنی ژنانە لە سلێمانی ”تاوانەکانی کوشتن لە نێویاندا کوشتنی ژنان بەگوێرەی داتاکان لە حاڵەتەوە هەنگاو دەنێن بۆ بون بە دیاردە“ بە وتەی هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان/ سلێمانی. حکومەت بەرپرسی یەکەم دەزانێت بۆ هەڵکشانی ئەم تاوانە و دەڵێت: ”ئەرکی حکومەتە راستەوخۆ هەنگاوی بەپەلەبنێت بۆ هۆکارەکانی پشت ئەم تاوانانە و چارەسەریان بکات ناکرێت بڵێت رێگری دەکەین و قەیرانەکان هەر وەک خۆیانبن راستە پەرلەمان کۆبویەوە و جێگری سەرۆکی حکومەتیش کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد کە جێبەجێبکرێن بەڵام ئەمانە دڵخۆشکەرنین ئەگەر کار لە هۆکارەکانی پشت روداوەکان نەکرێت“. مەرگی بژوێن و تاوانەکانی کوشتن دەبەستێتەوە بە زیندوکردنەوەی عەشیرەت و خێڵ هیوا کەریم، دەڵێت: ”ئەمە بوتەهۆی زیادبونی سوڵح، متمانە بە یاسا لاوازبوە هۆکاریش ئەوەیە یاساکانمان هەیە، بەڵام نەتوانراوە وەک خۆی جێبەجێبکرێت“. ئەو قەیرانی دارایی و نمایشکردنی کلتوری تورکی لە رێگەی راگەیاندنەکان بۆ ناوکۆمەڵگە بەهۆکارێکی دیکە دەزانێت و دەڵێت: ”سیستەمی پەروەردە بەتەواوی شکستی هێناوە کە بە کەوتنی کۆمەڵگا روبەڕوی دۆخی شڵەژان دەبێتەوە“. هاوڕێکانی ”ئێمە شۆکی مەرگی بژوێنین“ هاوڕێکانی بژوێن، شۆک و نیگەرانن بە مردنی ئەم خانمە چالاکوانە, ئەوان بۆ نەوژین بەم شێوەیە باسی بژوێنیان کرد وتیان: ” کەسایەتیەکی باش و جوانی هەبوە و خوێندنی ماستەری لەم دواییانەدا لەوڵاتی هندستان تەواو کردوە“. بۆ هۆکاری لەدەستدانی دەڵێن: ”ئێمە ناتوانین هیچ لێدوانیک بدەین و چاوەروانی لایەنی پەیوەندیدارین لێکۆلینەوە لە کەیسەکە بکەن و بکوژانی بدۆزرێتەوە“. بژوێن محەمەد، لەکاتی رێزلێنای بەهۆی چالاکیەکانیەوە وێنە: هەژماری فەیسبوکی ناوبراو هیچ کەسێک وەک تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە دوای پێنج رۆژ لە تاوانی کوشتنی بژوێن و سوتاندنی هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە، سەرکەوت ئەحمەد، ئەوەی بەنەوژین وت بەڵگەی زۆریان لەسەر تاوانەکە دەستکەوتوە، بەڵام لەبەر رێکاری یاسایی دادوەر نایەوێت زانیاریەکان ئاشکرابن. مەرگی بژوێن لە کاتێکدایە لە ساڵی رابردو لە هەرێم ١٣٠ کچ ژن بە کوشتن و خۆکوشتن و سوتان کۆتایی بە ژیانیان هاتوە لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی زانیاریەکان هەنگاوەکان بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتنی ژنان بە خاوی دەڕوات و گڕی ئاگرەکەی جەستەی بژوێن کراسی دەیان ژنی دیکە دەسوتێنێت.
درەو: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە (200 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، وەزیری دارایی عێراق رازی نەبووە پارە بۆ هەرێم بنێردرێت، بۆیە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا خراوەتە دەنگدانەوە، بەناردنی ئەو (200 ملیار) دینارەی بەغداد كۆی پارەی تەرخانكراوی هەرێم بۆ موچە ، زیاتر لە ( ترلیۆنێك) دینار دەبێت و (100 ملیار) دیناریشی لە كۆی موچەی موچەخۆران زیاتر دەبێت. سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە (درەو)ی راگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەدوای بیانویەكدا گەڕاوە بۆ ئەوەی بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، چەند جارێك داوای لە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق كردووە، بڕێك پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام رازی نەبوو، دوای گەڕانەوەی وەفدی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی كوردستان، مستەفا كازمی ئەوەی بەهەلزانیوە، بۆیە لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا خستویەتیە دەنگدانەوە، كە مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و وەزارەتی دارایی عێراقیش ناچار كراوە ئەو بڕیارە بە دەقێك بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بنێرێت. بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ چەند جارێك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پەیوەندیان بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووەن بۆ ناردنی بڕێك پارەبۆ هەرێمی كوردستان. ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند كە وەزارەتی دارایی عێراق دەقێكی بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان نادرووەو تیایدا هاتووە: وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات، ئەمەش دوای تەواوبوونی وردبینیكردنی داتاكانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان. لە دەقەكەدا ئەوەش هاتووە: "ئەو بڕە پارەیە لە 1/1/2021ەوە خەرجدەكرێت"، واتا بەغداد بۆ شەش مانگی رابردوو (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات. پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بەم زووانە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مژدەی خۆش دەبیستن. لە تویتێكیشدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێكەوتنێك كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، ئەمەش لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە حیساب دەكرێت بە (أثر رجعي)، ئاماژەی بە پەیوەندی تەلەفۆنی كردووە لەگەڵ مستەفا كازمی. بەو پارەیەی كە لەبەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت كۆی داهاتەكانی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت: • 200 ملیار دینار لە پارەی بەغداد • 300 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت بۆ موچە واتا (450 ملیار) دینار. • 350 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ • 25 ملیار تەمویلی هاوپەیمانان كۆی گشتی دەكاتە (ترلیۆنێك و 25 ملیار) دینار، كۆی موچەی موچەخۆران مانگانە (894 ملیار) دینارە، واتا بەشی تەواوی موچە دەكات بە بێ لێبڕین و زیاتر لە(130 ملیار) دیناریش زیاد دەبێت. خۆ ئەگەر تەنیا پارەی موچەی مانگی رابردوو لێكبدرێتەوە كە حومەتی هەرێم (706 ملیار) دیناری داوە بە موچەخۆران بە 21%ی لێبڕینەوە لەگەڵ ئەو (200 ملیار) دینارەی كەبڕیارە لە بەغدادەوە بێت، ئەوا دەكاتە (906 ملیار) دینار كە ئەو كاتیش زیاتر لە (10 ملیار) دیناری زیاترە لە كۆی موچەی موچەخۆران، كە بڕی 21%ی لێبڕینی موچە (188 ملیار) دینارە، ئەو (200 ملیار) دینارە (12 ملیار) دیناریشی زیاترە لەبڕی لێبڕینی موچە، چونكە بەپێی بڕیارەكە ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە دێت تەنیا بۆ موچەی موچەخۆرانە.
(درەو): بازرگانان، لیترێك بەنزین لە ئێران بە (487) دینار دەكڕن، لە دەروازە سنورییەكان (133) دیناری دەكەوێتە سەر، لە گۆڕەپانو بەنزینخانەكانیش نزیكەی (100 بۆ 150) دیناری دەخرێتە سەر، بەمشێوەیە تێكڕای هێنانی لیترێك بەنزین لە ئێرانەوە تا بە نزینخانەكان دەكرێتە زیاتر لە (720) دینار. هاوكێشەی بەنزین لە كوردستان یەكێك لەو بازرگانانەی كە بەنزین لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێم دەكات، وردەكاری هێنانی بەنزینو نرخەكەی بۆ (درەو) ئاشكراكرد. ئەو بازرگانە كە ناوی لای (درەو) پارێزراوە، بەمشێوەیە وردەكاری نرخی بەنزینی خستەڕوو: ئێمە تەنێك بەنزین (1355 لیتر) لە ئێران بە (440) دۆلار واتە (660 هەزار) دینار دەكڕین، ئەم نرخە بۆ هەر لیترێك لەناو ئێران دەكاتە (487) دینار. هاوكێشەكە بەمشێوەیە: (440 دۆلار 150 x دینار = 660 هەزار دینار، دابەش 1355 لیتر = 487 دینار). بەنزین بە دوو شێوە هاوردە دەكرێت بەنزین ئەگەر وەك بەنزینی پوخت هاوردە بكرێت، بۆ هەر تەنێك لەخاڵی سنوری باشماخ (70) دۆلار وەك گومرگ دەدەین، واتا تەنێك بەنزین (440 دۆلار + 70 دۆلاری گومرگ = 510 دۆلار)، ئەم پارەیە بە دیناری عێراقی دەكاتە (765 هەزار) دینار، واتا هەر لیترێك (78) دیناری دەخرێتە سەرو هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت: (487 + 78 = 565) دینار. خۆ ئەگەر وەك بەنزین داخڵ نەكرێتو وەكو مەواد ئەژماربكرێت، ئەوا لە باشماخ بۆ هەر تەنێك (120) دۆلاری گومرگ دەسەنرێت، واتا (50) دۆلار زیاتر دەسەنرێت لەوەی وەكو بەنزینی پوخت هاوردەبكرێت، لەم حاڵەتەدا هاوكێشەكە بۆ تەنێك بەنزین بەمشێوەیە دەبێت: (440 دۆلار + 120 دۆلاری گومرگ = 560 دۆلار)، ئەم پارەیە بە دیناری عێراقی دەكاتە (840 هەزار) دینار، واتا هەر لیترێك بەنزین لەم حاڵەتەدا بڕی (133) دیناری دەخرێتە سەر، بەمشێوەیە: (487 + 133 = 620) دینار. ئەم هاوكێشانە دەریدەخەن، تاوەكو خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، لیترێك بەنزین بە دوو جۆر نرخ هاوردە دەكرێت: • ئەگەر بە بەنزین هاوردە بكرێت: 565 دینار دەكەوێت • ئەگەر بە مەواد هاوردە بكرێت: 620 دینار دەكەوێت ئەو (50) دۆلارەی كە لە دەخرێتەسەر هەر تەنێك لە خاڵە سنورییەكان، بڕی (55) دیناری دەكەوێتە سەر هەر لیترێك، واتا (50 دۆلار 1500 x دینار = 75 هەزار دینار دابەش 1355 لیتر = 55 دینار) بۆ هەر لیترێك. لە سنورەوە بۆ گۆڕەپانەكان هەر لیترێك بەنزین لە ئێرانەوە تا خاڵە سنورییەكان (620) دینار دەكەوێت، لەدوای خاڵە سنورییەكان بەنزین بەتەنكەر دەهێنرێت بۆ گۆڕەپانەكانی تایبەت بە بەنزین، لەم گۆڕەپانانە "نەفتا" تێكەڵی بەنزینەكە دەكرێت، كوالێتی بەنزینەكە دادەبەزێننو خراپی دەكەن، سەرباری ئەمە لەم قۆناغەدا ماددەی شێرپەنجە بەكاردەهێنرێت، نەفتا تەنی بە (400) دۆلارەو لیترەكەشی زیاترە، پاشان رەوانەی بەنزینخانەكان دەكرێت، لەناو گۆڕەپانەكانو تێكەڵكردنی نەفتاوە تادەگاتە بەنزینخانەكان، نزیكەی (100 بۆ 150 ) دیناری نرخی تر بۆ هەر لیترێك بەنزین زیاد دەكرێت، بەمشێوەیە لیترێك بەنزین بە (700 بۆ 800) دینار دەفرۆشرێت. واتا لیترێك لە ئێران بە (487 دینار + 133 دیناری لە سنور دەخرێتە سەر + 100 بۆ 150 دیناری لە گۆڕەپانو بەنزینخانەكان دەخرێتە سەر دەكاتە = 720 بۆ 800 دینار. حكومەت دەتوانێت چی بكات؟ ئەم پرۆسەی هێنانی بەنزینو فرۆشتنو ساغكردنەوەیە، زیاتر بازرگانانو خاوەن بەنزینخانەكان دەیكەن، حكومەت دەتوانێت ئەم پرۆسەیە رێكبخاتەوەو زیاتر لە (100) دینار بۆ هەر لیترێك كەمبكاتەوە، چۆن ؟ ئەو (50) دۆلارە زیادەیەی لە خاڵە سنورییەكان دەخرێتەسەر نرخی بەنزین لاببرێت، بڕی (55) دینار بۆ هەر لیترێك كەمدەبێتەوە، سەبارەت بە گۆڕەپانەكانو بەنزینخانەكانیش، حكومەتو ئیدارە خۆجێییەكان دەتواننن بڕی (50) دینار كەمبكەنەوە، چونكە ئێستا بەنزینخانەكان بە رێككەوتنی نێوان خۆیان نرخەكە زیاد دەكەن، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق دەستوەردان دەكاتو خۆی نرخی دیاری كردووە، لە عێراق، حكومەت لیترێك بەنزین بە (425) دینار دەداتە بەنزینخانەكان، ئەوانیش ناچار دەكات تەنیا (25) دیناری بخەنەسەر، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پرۆسەكە بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت. بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو رێوشوێنانە بگرێتەبەر، دەتوانێت بڕی (100) دینار نرخ لە هەر لیترێك بەنزین بكاتەوەو نرخەكە بۆ (600 بۆ 625) دابەزێنێت. راپۆرتی پەیوەندیدار: هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە زاری بازرگانێکەوە
شیكاری: درەو بە درێژایی نۆ کابینەی حکومەتی هەێمی کوردستان و پێنج خولی پەرلەمانی، (282) کەس بوون بە سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیر بە شێوەیەکی فعلی و هەندێکیشیان دووبارە پۆستەکانیان وەرگرتووەتەوە لە کابینە جیاوازەکاندا. (118) وەزیریان بەبێ وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمانی کوردستان دامەزرێندراون، لە ماوەی (30) ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتی و قەیران و کێشەو گرفتانەی هەبووە، هیچ یەکێک لەو (282) وەزیرە متمانەی لێ وەرنەگیراوەتەوە، پەرلەمان بۆچی ناتوانێت، متمانە لەوەزیرەكان بسەنێتەوە؟ هۆكارەكانی لاوازكردنی پێگەی پەرلەمان چین؟ سیستمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لێکۆڵەران و تویژەران شارەزایان پێناسەیەکی درووستیان بۆ سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە. رۆژی 14ی ئاداری 2021، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بریفینگێکی بۆ (د.رێواز فایەق – سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی کوردستان)، لەبارەی رۆڵی پەرلەمان لە سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان رێکخست. ئەو لەبارەی سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە وتی "ئەو سیستمەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە پێناسە ناکرێت، ئەویش بەهۆی نەبوونی دەستوورەوەیە، چونکە ئەگەر دەستوور نەبوو، واتە ماددەیەکی روون نییە بۆ پێناسەکردن" هەروەها وتیشی "ئێمە تەنیا چەند یاسایەکمان هەیە، کە رەهەندی دەستوورییان هەیە و پەرلەمان کارەکانی خۆی پێ رێکدەخات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکە رێکدەخات، ئەوانیش یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 هەموارکراوە، یاسای ژمارە 1ی سەرۆکایەتی هەرێمی ساڵی 2005 هەموارکراوە، لەگەڵ یاسای ژمارەی 3ی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ هەموارەکانی و یاسای ژمارە 14ی دەسەڵاتی دادوەری بە هەموارەکانییەوە، ئێمە هەموومان باوەڕمان بە پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە و هەموویان تەواوکەری یەکترین، بەڵام لە نەبوونی دەستووردا، ئێمە بەشێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای ئەم چوار یاسایە پەیوەندییەکانمان رێکخستووە". ئەمە ڕاستیی ئەوەمان بۆ ڕوندەکاتەوە کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەن سیستمێکی سیاسی دیاریکراو نییە، کە ئایا سیستمەکەی سەرۆکاتیە یان پارلەمانی، سیستمێکی ئەنجومەنی یان تێکەڵاوە. هەرچۆن بێت سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان زۆرتر لە سیستمی پەرلەمانییەوە نزیکە تا لە سیستمەکانی تر، سەرجەم حیزبە سیاسییەکانیش کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە سیستمی هەرێمی كوردستان پەرلەمانی بێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا تەنها گرفتێک کە هەبووبێت لە نێوان پارتە سیاسییەکان زیاتر لەسەر (دەسەڵات و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم) بووە، ئەم گرفتە تا ئێستاش چارەسەر نەبووەو دەستوری هەرێمی کوردستان ئەوە یەکلا دەکاتەوە. بۆ تێگەیشتن لە سیستمی پەرلەمانی هێڵە گشتییەکانی سیستمەکە دەخەینەڕوو، کە تا ڕادەیەکی زۆر سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستانی لەسەر بونیادنراوە، لەو یاسایانەشی دەسەڵاتەکانی پێ دابەش کراوە (کە لەسەرەوە هاتووە) ڕەنگی داوەتەوە. سیستمی پەرلەمانی سیستمی پەرلەمانی وەک یەکێک لە مۆدێل و شێوازی حکومڕانی لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاریکاری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان وەستاوە، مەبەست لە هاریکاری ئەوەیە هەردوو دەسەڵاتەکە جۆرێک پەێوەندی لە نێوانیان هەیە کە یەکتر تەواو دەکەن وچاودێری ئاڵوگۆڕکار هەیە، بەو مانایەی جیاکاری توند (فەسڵ ئەلشەدید) لە نێوانیان نییە، بەو شێوازەی لە سیستمی سەرۆکایەتیدا هەیە. هەروەها هاوسەنگی هەیە لە نێوانیان لەڕووی هێزو بەربرسیارێتییەوە. هاوکات لە سیستمی پەرلەمانیدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە دوو دامەزراوە پێکردێت، کە بە دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناسراوە. بە کورتی زۆرینەی شارەزایان کۆکن لەسەرئەوەی سیستمی پەرلەمانی لەسەر دوو ڕەگەز وەستاوە، ئەوانیش؛ ڕەگەزی یەکەم: دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن: دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سیستمی پەرلەمانیدا لە دوو دەزگای جیاواز لە یەکتر پێکدێت، کە بریتین لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی دەوڵەت (سەرۆکی دەوڵەت) و ئەنجومەنی وەزیران. 1. سەرۆکی دەوڵەت: لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆکی دەوڵەت (پاشا بێت یان سەرۆک کۆمار) کەسایەتییەکی جیاوازە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕووی کەسێتی و دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەوە، لە سیستمی پەرلەمانیدا دەسەڵاتی سەرۆکی دەوڵەت سنوردارترە بەراورد بە دەسەلاتی سەرۆکی دەوڵەت لە سیستمی سەرۆکایەتیدا. 2. ئەنجومەنی وەزیران: ئەنجومەنی وەزیران لایەنی دووەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، ئەم ئەنجومەنە بە سەرۆک وەزیران و ئەندامەکانییەوە کە وەزیرەکانین زۆرترین بەرپرسیارێتی و کاری مەیدانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی لا کۆدەبێتەوە. ڕەگەزی دووەم: هاریکاری و هاوسەنگی: لە سیستمی پەرلەمانیدا پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕکار هەیە لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، پێویست وایە ئەو پەیوەندییە بە ئامانجی بەدیهێنانی هاوسەنگی کۆتایی بێت، بەجۆرێک لەهەندێک حاڵەتدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەست دەخاتە نێو کاروباری یاسادانانەوە، پێچەوانەشەوە لە هەندێک حاڵەتدا دەسەڵاتی یاسادانان دەست لە کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەردەدات. شێوازەکانی دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە دەسەڵاتی یاسادانان 1. دەستوەردان لە سەروبەندی پێکهێنانی پەرلەمان: لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆکی دەوڵەت جاڕی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەدات و پەسەندی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات پێش تەواو بوونی ماوەی یاسایی و دەستوری، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕێی و شوێن و پرۆسەی چاودێریکردنی هەڵبژاردن لە ئەستۆ دەگرێت. 2. داواکردنی دانیشتنی نا ئاسایی: پەرلەمان بە سروشتی خۆی خول و وەرزی یاسادانانی هەیەو بەردەوام کۆ نابێتەوە، بەپێی و یاساو ڕێساو پەیڕەوی ناوخۆ خولەکانی یاسادانان دیاریکراوە. بەڵام لە هەندێك دۆخی نائاساییدا کاتێک پەرلەمان لە پشوودایە ڕێ بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دراوە داوای دانیشتنی نائاسایی لە پەرلەمان بکات. 3. کاری تایبەت بە یاسادانان: لە چەند ڕوویەکەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن کار لە بواری دەسەڵاتی یاسادانان دەکات، ئەویش هەندێک جار بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان پرۆژە یاسا پێشکەش دەکات، هەندێ جاریش سەربەخۆ مافی هەیە (ڕێنمایی و بڕیاری) یاسایی دەربکات. 4. کۆکردنەوەی ئەندامێتی لە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن: لە هەندێ سیستمی سیاسی وڵاتاندا هێندە نەرمی نوێندراوە لە سیستمی پەرلەمانیدا (ئەندامی پەرلەمان ڕێپێدراوە لە هەمان کاتدا وەزیریش بێت) ئەمەش ئاستی بەرزی هاریکاری ئەو دوو دەسەڵاتە دەردەخات. 5. مافی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان: مەبەست لێی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە پێش تەواوبوونی خول و ماوەی یاسایی و دەستوری پەرلەمان، ئەم مافە گرنگترین ئامرازی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە، هاوکات مەترسیداترین چەکی ڕێپێدراوی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بەرامبەر پەرلەمان، وڵاتی ئوردن نمونەی ئەو وڵاتانەیە کە ئەم مافەی لە دەستوردا تەبەنی کردووە. شێوازەکانی دەستوەردانی دەسەڵاتی یاسادانان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی و هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان لە سیستمی پەرلەمانیدا پەرلەمان لە توانایدایە دەست لە کاری حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەربدات، بەم شێویە؛ 1. پرسیارکردن؛ لە سیستمی پەرلەمانیدا، پەرلەمانتار مافی پرسیارکردنی هەیە لە وەزیرێک یان چەند وەزیرێک لە بارەی پرسێکی دیاریکراوەوە بۆ بەرچاوڕوونی، لەم حاڵەتەدا پرسیارکردن پەیوەندییەکی دوانەیی نێوان وەزیر و پەرلەمانتارەو مافی پەرلەمانتارە ڕێگە نەدات هیچ کەسێکی تر بێتە نێو پرسەکەوەو هاوکات دەتوانێت دەستبەرداری ئەو مافە بێت و پرسیارەکە بگۆڕێت بۆ پرۆسەی پرساندن (لێپرسینەوە) ئەگەر قەناعەتی بە وەڵامەکانی وەزیرەکە نەهێنا. 2. پرساندن (لێپرسینەوە)؛ پرۆسەی پرساندن ئاستێکی بەرزترە لە پرسیار کردن، لێرەدا پرسیارەکە تەنها بۆ زانین و بەرچاوڕونی نییە لە بارەی ڕاستی پرسێکەوە، بەقەد ئەوەی لێپرسینەوەیە لە وەزیر یان وەزارەتەکەی، دەکرێت تا ئاستی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیر و وەزارەتەکە پەرە بسەنێت، لێرەدا پەیوەندییەکە تەنها لە نێوان وەزیر و پەرلەمانتارێک نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە سەرجەم پەرلەمانتارەکانەوە. 3. مافی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون؛ پەرلەمان و پەرلەمانتاران مافی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان هەیە دەربارەی زانیارییەکانی وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی پرسێکی دیارکراوەوە، بۆ ئەمەش دەتوانێت پەیوەندی بە لایەن یان چەند لایەنێکی پەیوەندیدارەوە بکات بۆ ڕاستی و دروستی و وردی زانیارییەکان. پەرلەمان دەتوانێت لەم حاڵەتەدا بە تەواوی ئەندامەکانییەوە بەم ئەرکە ئەستێت لە ڕێگەی (لیژنە هەمیشەیی و ناهەمیشەییەکانییە و ئەگەر پێویست بکات لیژنەی نوێش پێکبهێنێت). 4. هەڵبژاردنی سەرۆکی دەوڵەت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە؛ بەپێی دەستوری زۆرینەی ئەو وڵاتانەی تەبەنی سیستمی پەرلەمانیان کردووە، سەرۆکی دەوڵەت لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت. 5. بەرپرسیارێتی سیاسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرامبەر دەسەڵاتی یاسادانان؛ بەرپرسیاری سیاسی بەوە جیادەکرێتەوە لە بەرپرسیاری مەدەنی و تاوانکاری کە ئەنجامەکەی بە دەستلەکارکێشانەوە یان وەرگرتنەوەی متمانە کۆتایی دێت. لە کاتێکدا بەرپرسیاری مەدەنی و تاوانکاری سزاکەی بە یاسا ڕێکخراوە، ئەم بەرپرسیارێتییە (بەرپرسیارێتی سیاسی) لە سیستمی پەرلەمانیدا لە وەزیرێکەوە دەستپێدەکات تا سەرجەم وەزیرەکان و تەواوی کابینە وزارییەکە بە سەرۆکاتی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە، دەکرێت کۆتاییەکەی بە سەندنەوەی متمانە لە وەزیر یان چەند وەزیرێک بێت و تەنانەت ئەنجومەنی وەزیرانیش کۆتایی بێت متمانە لە تەواوی کابینەکە وەبگرێتەوە، هەموو ئەم بەرپرسیارێتییەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت لە پەرلەمان متمانەی بە کابینەکە بەخشیوە بۆ حکومەتیش بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ لە بەرامبەریدا. بەم پێیەش بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی وەزیران گەورەترین ئاماژەو بەڵگەی پەیوەندی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنە، زۆر جاریش سەندنەوەی متمانە تەنها بە ڕەزامەندی پەرلەمانی هەڵبژێردراو نابێت، (مەگەر دەسەڵاتی یاسادانان لە تەنها یەک ئەنجومەن پێکهاتبێت)، بەڵکو پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی دووەمی یاسادانانە، کە زۆرێک لە وڵاتان پیڕەوی لێدەکەن. 6. تۆمەتبارکردن بە تاوان؛ هەندێک لە دەستوری وڵاتان لە سیستمی پەرلەمانیدا مافیان بە دەسەڵاتی یاسادانان داوە سەرۆکی دەوڵەت یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان تۆمەتبار بکات بە تاوانێک کە پەیوەندیداربێت بە ئەدائی کار و پیشەکەیەوە. ئەرکەکانی پەرلەمان کاری پەرلەمان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، ئەمەش پەیوەستە بەو چوارچێوە دەستورییەی لە وڵاتدا بەرقەرارەو پەیوەستە بە شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و جۆری سیستمە سیاسییەکەو باڵادەستی حزبە سیاسیەكان و ئاستی گەشەکردنی دیموکراسی و هێزی خودی پەرلەمان و تواناو ئیرادەی ئەندامانی پەرلەمان. بەشێوەیەکی گشتی پەرلەمان ئەم کارانەی خوارەوەی هەیە: یەکەم: ئەرکی یاسادانان ئەم ئەرکە بە گرنگترین ئەرکەکانی پەرلەمان دادەنرێت. بێگومان گرنگترین مەسەلەی رێکخستنی ژیانی کۆمەڵگا، بریتییە لە دانانی ئەو بنەمایانەی کە پێویستە هەموان لەسەری بڕۆن، لەپێناو پارێزگاریکردن لە بەهاو پرنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی و لێکبووردن. لەبەر ئەوە رۆڵی یەکەمی پەرلەمان بریتییە لە دانانی ئەو بنەمایانە، لە ڕێگەی داڕشتنی یاساوە دانانی یاساکان. لەمڕۆدا ئەرکی دانانی یاساکان، دیارترین ئەرکە پەرلەمان پێیهەستێت. تەنانەت لە زۆربەی کەلتورە هاوچەرخەکاندا، ناوی پەرلەمان بە دەزگا یان دەسەڵاتی یاسادانان ناودەبرێت. هەرچەندە دەستپێشخەری بۆ پێشنیاری یاساکان و داڕشتنیان لەسەر شێوەی پرۆژە، زۆرجار لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە دێت، واتە لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام ئەوە هەرگیز لە رۆڵی پەرلەمان کەمناکاتەوە، چونکە ئەو یاسایانە پێش ئەوەی رەزامەندیان لەسەر بدرێت و بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە لە پەرلەماندا گفتوگۆی چڕوپڕو تێروتەسەلیان لەسەر بکرێ و ئەگەر پێویستبوو دەستکاری و هەموار بکرێنەوە، ئەوسا دەبنە یاساو کاریان پێدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی پەرلەمان بۆ خۆی دەتوانێ پێشنیاری پرۆژە یاسای تازە بکات و گفتوگۆی لەبارەوە بکات. کەواتە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان دانانی یاسا بنەڕەتییەکانە، ئەم ئەرکەیە وا دەکات پەرلەمان ببێت بە گرنگترین دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، هەر ئەم ئەرکەشە وا دەکات پێویستە پەرلەمان رەزامەندی لەسەر هەمو ئەو پرۆژەو یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتیانە دەرببڕن کە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە ئەنجامدەدرێن. ئەوەی پەیوەندی بە یاسادانانەوەیە لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمان ڕۆڵی گەورەی گێراوە لە داڕشتنی یاساکان و بڕیارەکانەوە بەڵام تێبینییەکی زۆر هەیە لەسەر بەشێک لەیاساکان کە تەنها بوون بە مەرەکەبی سەر کاغەز، سەرەڕای ئەوەی تێبینی هەیە لەسەر ئەوەی بەشێک لە یاساکان شایەنی ئەوە نین و بابەتی گرنگتر هەیە بۆ بە یاسایی کردن، پەرلەمان گرنگی پێ نەداوە لە کاتی خۆیدا، نمونەی بەشێک لەو یاسا گرنگانەی جێبەجێ نەکراوەن بریتین لە؛ - بەپێی بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی پەرلەمانی کوردستان (پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تاکە مەرجەعی سیاسی و دەستوری و یە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چاەونوسسازەکانی گەلی کوردستانی عێراق....) بەپێی ڕاپورتی ژمارە (٣) ئینستتوتی پەی بۆ چاودێری پەرلەمان پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە مەرجەع بێت لە پرسەکانی؛ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، قەیرانی سوتەمەنی و کارەبا و ئاو، ریفراندۆم، بەردۆخ و قەیرانی عێراق، کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکان، جوڵاندنی هێزە چەکدارەکان، ئێستاش ئابوری سەربەخۆ و پاشەکەوت و لێبڕینی موچە نەبوونی شەفافیەت و یاسای بودجەشی هاتووەتە سەر، پەرلەمان نە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە و نە حیسابیش بۆ ئەو بڕیارانە کراوە کە دەریکردوون. - جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجەی حیزبەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٤، لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی لە دەرەوەی یاسا خەریکی تەخشانکردنی بودجەی گشتین بۆ خۆیان و لە سەر حیسابی بودجەی گشتی خێر بە حیزبە سیاسییەکانی تر دەکەن با ئارەزووی خۆیان. - ئەگەر سەیرێکی ئەرشیفی ئەو یاسایانە بکەی کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووەن، ئەو ڕاستییە زۆرتر ڕوون دەبێتەوە لە چەندین پێشێلکاری یاسایی ڕوو دەدات و پەرلەمان لێی بێدەنگە. دووەم: ئەرکی چاودێری دوو وێنەی سەرەکی چاودێری هەیە کە یەکتر تەواو دەکەن و دەبنە جێگیرکردنی دیموکراسی و بەدیهێنانی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان. یەکەمیان چاودێری پەرلەمانە بۆ حکومەت، دووەمیان چاودێری حکومەتە بۆ پەرلەمان. جۆری یەکەمیان بریتییە لەو چاودێرییەی پەرلەمان دەیخاتە سەر حکومەت، ئەم جۆرە چاودێرییە لە رووی مێژوییەوە بە کۆنترین ئەرکی پەرلەمان دادەنرێت، لە رووی سیاسییەوە بە گرنگترین و بەناوبانگترین ئەرکی پەرلەمان دادەنرێت. لێرەدا پەرلەمان بەرپرسە لە چاودێری و بەدواداچون و هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەت. بەڵام هەندێک لە شارەزایان، پێیانوایە پرۆسەی چاودێری پەرلەمان بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پێویستی بەوەیە جۆرێک هاوسەنگی سیاسی لەنێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا هەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە چاودێرییەکە وەرنەگەڕێت بۆ کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە تەواوەتی نەبێتە کۆیلەی پەرلەمان و ئیدی پرنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەرەسبهێنێت کە بنەمای سەرەکییە بۆ حکومەتی دیموکراسی و مەرجێکە بۆ سەقامگیری سیاسی. لێرەوە پرۆسەی چاودێریکردن، پێویستە لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا هاوسەنگ بێت. چاودێری پەرلەمان ئامرازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی میللەت، رێگریکردن لە لادان و گەندەڵی، پابەندبوون بە سیاسەتی گەشەکردن و بوژانەوە کە پەرلەمان رەزامەندی لەسەر داوە. لەلایەکی دیکەوە، وەک چۆن بەشێک لە ئەرکی پەرلەمان، بریتییە لە چاودێریکردنی حکومەت، ئەوا لە هەمان کاتدا پەرلەمان ملکەچی جۆرێک لە چاودێری حکومەتە بەسەریەوە. ئەگەر ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن وەزیرەکان تۆمەتبار بکەن و داوای لێپێچینەوەو تەنانەت وەرگرتنەوەی متمانە چ لە وەزیر یان لە کابینەکەی حکومەت بکەن، ئەوا حکومەت لە هەندێک حاڵەتی زۆر تایبەتدا، دەتوانێت پەنا بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان ببات. لەم حاڵەتەدا حکومەت داوا لە سەرۆکی دەوڵەت دەکات پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت. لە راستیدا وێنەی یەکەمی چاودێری، واتە چاودێری پەرلەمان بۆ حکومەت، بە پێوەرێگی گرنگی توانای پەرلەمان دادەنرێت و ئاماژەیەکیشە بۆ ئاستی دیموکراسی لە کۆمەڵگادا. چونکە مەبەست لەچاودێری پەرلەمانی، بریتییە لە لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەت، ئەگەر باش بوو پشتگیری لێبکرێت و ئەگەر خراپ بوو لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. بەدرێژایی نزیک لە سی ساڵی ڕابردوو (٩) کابینەی حکومەتی هەرێم دامەزراوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیەوە وەک پێویست ئەدائی چاودێری خۆی بکاتن كە بەشێكی بۆ لاوای ئەدای پەرلەمانتاران و بەشێكی بۆ روانینی حزبە سیاسیەكان دەگەڕێتەوە كە هێندەی چاویان لەسەر حكومەتە هێندە چاویان لەسەر پەرلەمان نیەو دەیانەوێت پەراوێزی بخەن، لە خوارەوەی ئەوە بە درێژی دەخەینەڕوو. کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (1992 - 2018) 1. کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4/7/1992 - 24/4/1993) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (17) کەس بوون. 2. کابینەی دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (25/4/1993 – کۆتاییەکانی 1996) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (17) کەس بوون. 3. کابینەی سێیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (هەولێر) لە (26/9/1996 - 19/12/1999) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (19) کەس بوون. 4. کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (هەولێر) لە (20/12/1999 - 6/5/2006) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (24) کەس بوون و لەو ماوەیەدا (10) وەزیر بە هۆکاری جیاواز گۆڕانکاریان تێدا کراوە. 5. کابینەی سێیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) لە (1996 – 19/1/2001) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (19) کەس بوون و لەو ماوەیەدا (8) وەزیر بە هۆکاری جیاواز گۆڕانکاریان تێدا کراوە. 6. کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) لە (20/1/2001 – 6/5/2006) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (٢٢) کەس بوون و لەو ماوەیەدا (16) وەزیر و سەرۆکی حکومەت بە هۆکاری جیاواز گۆڕانکاریان تێدا کراوە. 7. کابینەی پێنجەم حکومەتی هەرێمی کوردستان (یەکگرتنەوەی حکومەت) لە (7/5/2006 – 27/10/2009) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (41) کەس بوون. 8. کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (28/10/2009 – 4/4/2012) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (21) کەس بوون. 9. کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (5/4/2012 – 17/6/2004) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (21) کەس بوون. 10. کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (18/6/2014 – 9/7/2019) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (23) کەس بوون. 11. کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (10/7/2019 ئێستا) بە سەرۆک و جێگرو وەزیرەکانەوە (24) کەس بوون. تێبینییەکان تایبەت بە ژمارەی حکومەت و متمانەی پەرلەمان 1. بە درێژایی (نۆ کابینەی حکومەتی هەرێمی کورستان) (282) کەس بوون بە سەرۆکی حکومەت و جێگر و وەزیر بە شێوەیەکی فعلی و هەندێکیشیان دووبارە پۆستەکانیان وەرگرتووەتەوە لە کابینە جیاوازەکاندا، ئەمە جگە لەو کەسانەی پلە وەزیفییەکانیان وەزیر بووەو بەڵام ئەرکی وەزیریان نەبینیەوە. 2. لە سەردەمی دوو ئیدارەیی لە نێوان ساڵانی (1996 - 2005) دوو حکومەت لە هەولێر و دوو حکومەت لە سلێمانی دروستکراون و (84) وەزارەت پێکهێنراوەو (34) وەزیر بە هۆکاری جیاواز گۆڕانکاری تێدا کراوە، بەهەردوو کابینەکە لە هەردوو پارێزگاکە لەو ماوەیەدا (118) وەزیریان هەبووە و بەرامبەر هیچ دامەزراوەیەکی یاسادانانی وەک پەرلەمان بەرپرسیار نەبوونە. 3. لە کۆی ئەو (282) کەسەی بە فعلی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جێگر و وەزیریان وەرگرتووە تەنها (164) کەسیان متمانەیان لە پەرلەمان وەرگرتووە. 4. بە درێژایی نۆ کابینەی حکومەت پێنج خولی پەرلەمانی لە ساڵەکانی (1992 – 2005 – 2009 – 2013 - 2018) لە کۆی (282) سەرۆک و جێگر و وەزیر و هیچ کەسێکیان متمانەیان لێ وەرنەگیراوەتەوە. ئەم ئەنجامە جێگای تێرامانی گەورەیە، كە لە عێراقدا متمانە لەچەندین وەزیر سەنراوەتەوە لەوانە ( هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی حكومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستا بە درێژایی پێنج خولی پەرلەمانی كوردستان متمانە لە یەك وەزیر نەسەندراوەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە لەسەرو حكومەت و پەرلەمانەوە تەوافوقی حزبەسیاسیەكان هەیە، بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كەبەبێ رەزامەندی ئەوان ناتوانرێت متمانە لە هیچ وەزیرێك بسەنرێتەوە، بەڵام هەر خۆیان متمانە بەوەزیر و پەرلەمانتاران دەدەنەوە، هەروەك چۆن لە ساڵاَی 2011 و لە سەروبەندی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا پەرلەمان متمانەی دایەوە بەد. بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەمری واقیع لەئێستادا پەرلەمانی كوردستان بەبێ تەوافوقی حزبەكان توانای لێسەندنەوەی متمانەی لە هیچ وەزیرێك نیە، رەوا نیە ماوەی سی ساڵی حکومداریدا وەزیرێک سەرپێچی یان گەندەڵی یان ئەدائێکی خراپی نەبووبێت، لە کاتێکدا ئەم هەرێمە توشی چەندین شکست و هەڵبەز ودابەز بووە لە دیارتینی ئەوانە، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، بەهەدەردان و گەندەڵی و سەرپێچی یاسایی لە داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان، قاچاغی ئاشكرا لەخاڵە سنورییەكان، تا ئێستا نەتوانراوە کارەبای پێویست ڕێگاوبانی گونجاو و ئاوی خواردنەوەی پێویست دابینبکرێت بۆ هاوڵاتیانی کوردستان، سەرەڕای بوونی چەندین قەیرانی سوتەمەنی و تەندروستی و پەروەردەیی و کلتوری ڕۆشنبیری...هتد، بەم دواییەش شکستی سەربەخۆیی ئابوری و بە دوایشیدا شکستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەدەستدانی 51% خاكی ناوچە دابڕێندراوە، کەچی کەسێک نەبێت لەم دۆخانە بەرپرسیاربێت!. ئەمە تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا نا بەڵكولەهەر پێنج خولەكەی پەرلەماندا هاوشێوە بووە. بابەتەکە هەر بەوەوە ناوەستێت کاتێک وەزیرەکان بانگهێشتی پەرلەمان ناکرێن و متمانەیان لێ وەرنەگیراوەتەوە، بەپێ ڕاپورتەکانی (ئینستتیوتی پەی بۆ چاودێری و هەڵسەنگاندنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان) زیاتر لە سەدان جار پەرلەمانتاران تەنها پرسیاری ئاساییان ئاراستەی وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم کردووە، ئامادەنبوونە وەڵامیشیان بدەنەوە، بەپێی دواین ڕاپۆرتی دامەزراوەی ناوبراو کە لە 12/1/2021 بڵاوی کردووەتەوە تەنها لەم خولەی ئێستای پەرلەمان زیاتر لە 115 پرسیاری پەرلەمانتاران کە ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کراوە وەڵام نەدراونەتەوە. ئەمانە جگە لەوەی چەندین جار وەزیرەکان بانگهێشتی پەرلەمان کراون، ئامادە نەبوونە ئامادەبن. سێیەم: ئەرکی دارایی و یاسای بودجە پەرلەمان لە سەدەی نۆزدەهەمەوەو لە میانەی قۆناغێکی دوورو درێژی ململانێ لەگەڵ حکومەتدا، توانی دەسەڵاتی دارایی بێنێتە ژێر چاودێری خۆیەوە. ئێستا وایلێهاتووە ئەو دەسەڵاتە داراییەی پەرلەمان، بووەتە گرنگترین و بەهێزترین سەرچاوەی هێزی پەرلەمان لە روبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ حکومەت، دەسەڵاتی دارایی پەرلەمان بریتییە لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی قەبارەی خەرجییەکانی وڵات کە حکومەت لە پرۆژەی بودجەدا پێشکەشی دەکات. واتە دەسەڵاتی دارایی پەرلەمان بریتییە لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنێکی وردو قووڵی سەرجەم بڕگەو مادەکانی میزانییەی ساڵێکی دەوڵەت کە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان. لەکاتی بوونی کورتهێنان لەبودجەدا، گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانە، لە رێگەی زیادکردنی گومرک و باج یان لە هەر رێگەیەکی دیکەوە. پابەندبوون بە بودجەی وڵاتەوە کە پەرلەمان ئیقراری کردووەو پاراستنی داهاتی گشتی و رێگەنەدان بە هەدەردانی. پەرلەمان دەسەڵاتێکی چاودێریکەری سیاسییە لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکات و چاودێری هەڵسوکەوت و کارەکان و بڕیارەکانی حکومەت دەکات، لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی حکومەت دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند لە بەرژەوەندی گشتیدان، ئەگەر هەستی بە بوونی هەر لادان و گەندەڵییەک کرد، پێویستە ئەنجامدەرانی بانگ بکات بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. لەگەڵ لاوازی ئەدائی چاودێری حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە، تەنانەت هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە عێراق خاوەن دامەزراوەو دەسەڵاتەکانی(یاسادان، جێبەجێکردن، دادوەری) لە ماوەی (٣٠) ساڵی تەمەنیدا کەمتر لە نیوەی تەمەنی خۆی توانیویەتی خاوەنی یاسای بودجە بێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی سەرکۆئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و درووستبوونی حكومەتی هەرێمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا حكومەتی هەرێمی کوردستان (١٨) ساڵ یاسای بودجەی نەبووە كە پێك دێیت لە ساڵانەکانی (١٩٩٢، ١٩٩٤، ١٩٩٥، ١٩٩٩، ٢٠٠٠، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣، ٢٠٠٤، ٢٠٠٥، ٢٠٠٦، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠، ٢٠٢١). بەپێی مادەی (98)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە حكومەتی هەرێم لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك و بەر لەساڵی دارایی پرۆژە بودجە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكات، ئەگەر لەو وادەیە نەگەیشتە پەرلەمان ئەوا دەبێت پەرلەمان داوای رونكردنەوە لە وەزیری دارایی بكات ئەگەر گونجاو نەبوو ماویەكی پێبدات كەلە(15) رۆژ تێپەڕ نەكات وەک دەبینین لە دوای ساڵی (٢٠١٣)ەوە ئەگەر چی قەیرانی دارایی و ئابوری و سەربازی و سیاسی سەریان هەڵداوە، لەگەڵ ئەوەی داهاتەکان لە هەندێک قۆناغدا کەمبوونەتەوە بەڵام مانای ئەوە نییە داهاتەکان سفر بوونەتەوە. لە كاتێكدا كۆی داهاتی ( نەوت، ناوخۆ، بەغداد)ی هەرێمی كوردستان لە 2019دا زیاتر لە (15 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام حكومەتی هەرێم لەو ساڵەدا دوو كابینە بووە ( كابینەی هەشت و كابینەی نۆ) بەڵام پرۆژەیاسای بودجەی نەبووەن لە كاتێكدا كە حكومەتی هەرێم لە2013دا دوایین پرۆژەیاسای بودجەی هەبووە، كۆی داهاتەكەی (14 ملیار) دۆلاربووە. بە درێژایی دوو کابینەی حکومەت و لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کە لە ١٨ی٦ی٢٠١٤ و کابینەی نوێیەم لە ١٠ی٧ی٢٠١٩ متمانەیان لە پەرلەمان وەرگرتووە شتێک نەبووە بە ناوی یاسای بودجەوە، لەم هەشت ساڵەدا بە دوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان نەیانتوانیوە حکومەت ناچار بکەن بە ڕەوانەکردنی یاساکە، بەمەش داهات و خەرجی لەو ماوە درێژەدا دەکەوێتە ژێر پرسیارو دەرەوەی چاودێری پەرلەمانەوە( لەئێستادا حكومەت سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021)ە لەكاتێكدا زیاتر لە نیوەی ساڵ تێپەڕیوە هێشتا رەوانەی پەرلەمانی نەكردووە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دزیوەتەوە لە ناردنی یاساکە بۆ پەرلەمان، یاخود هەر بەڕاستی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەی خواستووە کە بەبێ یاسای بودجە، لەدەرەوەی پەرلەمان و چاودێری داهاتی حکومەت کۆبکرێتەوەو خەرجبکرێت؟ لە کاتێکدا سەرچاوەکانی داهات کە بریتین لە • داهاتی ناوخۆ - باج و خاڵە گومرگییەکان - فرۆشی نەوت و غازی هەرێم - قەرزی ناوخۆ • داهاتی دەرەکی - بەشە بودجەی عێراق - هاریکاری دەرەکی و هاوپەیمانان - قەرزی دەرەکی ئەگەر چی بەشێکی ئەو داهاتانە توشی وەستان و هەڵبەز و دابەزبوونە، بەڵام هەرگیز حکومەتی هەرێم بێ داهات نەبووە، بەڵکو ئەرقام و ژمارەی زۆر لە بەردەستن لەو بارەیەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات خۆی دزیوەتەوە لە بەیاسایی کردن و بردنی بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان. لەپاڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەوەی پەرلەمان هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانەو پێویست بوو لەسەر پرسی بودجە لە هەرێمی کوردستان بهاتبایەتە سەر خەت، بەڵام کلتوری باڵادەستی دامەزراوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان، وایکردووە پەرلەمان بە کارتۆنی بکرێت و یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی لەدوای یاسادانان و چاودێری کردنی حکومەت و لێپرسینەوەیەتی، بەڵام نەک هەر نەیتوانییەوە لێپرسینەوەی لێ بکات بەڵکو نەیتوانیەوە بیخاتە ژێر چاودێرییەوە کە یەکێکی ترە لە ئەرکەکانی پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە. هەر بەهۆی نەبونی یاسای بودجەوە تا ئێستا داهاتی هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرەکانی (نەوتی و نانەوتی) بە ناڕوونی نا شەفافی ماوەتەوە. بودجە هۆکارەکانی لاوازكردنی ئەدای پەرلەمانی کوردستان 1. ساختەکاری لە هەڵبژاردن (بە هەموو شێوازەکانییەوە) لە هەڵبژاردنی ١٩٩٢ەوە بۆ ٢٠١٨ و شێواندنی ئەنجامەکان، کە جۆرێک لە پەرلەمانتاری ساختەو دواجار دورستبوونی پەرلەمانێکی حیزبی ساختەی لێکەوتووەتەوە. 2. هەژموونی حیزبی سیاسی و دەسەڵاتی قوڵ لەناو پەرلەمان، بۆیە پەرلەمانتاران ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێژەیش بێت پێش ئەوەی نوێنەرایەتی خەڵک بکەن نوێنەرایەتی حیزبە سیاسییەکان دەکەن. بەمەش زۆرینەی ساختە کۆدەکەنەوە بۆ هەر یاسایەک بیانەویت، کە ھەرچی حزب و حکومەت بیەوێت تێدەپەڕێت، ھەرچی خواست و ئەجێندای ئەوانیش نەبێ ڕێی لێدەگیرێت و پشتگوێدەخرێت. 3. هۆشیاری گشتی (خەڵک و پەرلەمانتاران) وایکردووە کەسانی نەشیاو بگەنە پەرلەمانی کوردستان. 4. نادادپەروەری لە ئیمتیازاتی ماددی و مەعنەوی لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان وایکردووە هەمیشە وەزیرەکان بەهێزتر دەربکەون بەراورد بە پەرلەمنتاران، کە دەبوو پێچەوانەکەی ڕاست بێت، چونکە وەزیرەکان متمانە لەوان وەردەگرن. 5. شکاندنی شکۆی پەرلەمان، لە دوو قۆناغی مێژوویی جیاوازدا کە کاریگەری گەورەی لەسەر دامەزراوەی پەرلەمان هەبوو، ئەویش لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و داخستنی پەرلەمان لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان (12/10/2015 – 15/9/2017)، ئەمە جگە لە دەیان نمونەی دیکە هەیە لەسەر شکاندن و لێدان لە پەرلەمانتار و پەرلەمانتاران. 6. سیستمی هەڵبژاردن لەڕووی کارکردن بە (گوڕینی لیستی داخراو بۆ لیستی نیمچە کراوە) لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ەوە زیانێکی گەورەی بە چۆنێتی تواناو شایستەیی پەرلەمانتاران گەیاندووە، ئەگەر چی کارکردنی بە لیستی نیمچە کراوە لە بنەمادا دیموکراسیترە، بەڵام پێویستی بە هۆشیارییەکی باڵاتری دەنگدەران هەیە لەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەر بۆیە دەبینین خول لە دوای خول کوالێتی ئەندامانی پەرلەمان ڕووی لە خوارەوەیە. 7. بێ بەڵێنی پەرلەمانتاران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆرجاریش ئەوەی لە شەقامدا بە (سواڵی دەنگ) ناسراوە، شکۆی پەرلەمانتاری لەناو خەڵکدا هێناوەتە خوارەوە، چونکە زۆرێک لە کانیدەکان چاویان لەو ئیمتیازاتانەیە کە لە پەرلەمان دەستی دەخەن زیاتر لەوەی مەبەستیان خزمەت بێت، هەر بۆ نمونە بەپێی ڕاپۆرتی ئینستتیوتی پەی لەم خولەی پەرلەمان، پەرلەمانتار هەیە بۆ یەکجاریش لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان قسەی نەکردووە. 8. بێمتمانەیی سەرکردەی پارتە سیاسییەکان بە دامەزراوەی پەرلەمان، ئەگەر بەراوردێک لە نێوان خولی یەکەم و خولی ئێستای پەرلەمان بکەین ئەو ڕاستییە ڕووندەبێتەوە کە لە سەرەتادا کەسە یەکەم و دیارەکانی حیزبە سیاسییەکان خۆیان هەوڵی ئەوەیان دەدا کە ببن بە ئەندام لە پەرلەمان، بەڵام ئێستا پاشەکشەی گەورە ڕووی داوەو کەسە یەکەمەکان ئەگەر هەوڵیکبدەن زیاتر بۆ پۆستە وزارییەکانیانە وەک لەوەی بۆ پەرلەمان بێت. 9. بە پێی مادەی (79)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان: پێویستە لە دەرچواندنی یاسا و بڕیارەكاندا رەچاوی بارگرانی دارایی لەسەر حكومەت بكرێت، ئەمەئەو دێڕەیە كە پەرلەمانی كوردستان دەست و قاچی خۆی پێ بەستووەتەوە چونكە زۆرینەی یاسا و بڕیارەكان بۆخۆی رەهەندی داراییان هەیە، لەبەر ئەوە دەبێت بۆ زۆربەی بڕیار و یاساكان رەزامەندی حكومەتی لەسەر بێت. سەرچاوەکان 1. د. نعمان احمد خطيب، الوجيز النظم السياسية، الاردن، دار الثقافة للنشر والتوزيع، ٢٠١١. 2. ڕاپۆرتەکانی ئینستتیوتی پەی، پڕۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی کوردستان کە ژمارەیان (١٣) ڕاپۆرتە. 3. پەرلەمان چییەو ئەرکەکانی چین؟، ئینستتیوتی ڕیفۆرم بۆ گەشەپێدان، پێگەی ئەلیکترۆنی سەکۆ؛ https://sako.rid-k.org/ku/%D9%BE%DB%95%D8%B1%D9%84%DB%95%D9%85%D8%A7%D9%86-%DA%86%DB%8C%DB%8C%DB%95%D9%88-%D8%A6%DB%95%D8%B1%DA%A9%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%86%DB%8C%D9%86%D8%9F 4. حكومەتێك بێ یاسای بودجە، ڕاپۆرتی درەو میدیا، پێگەی ئەلیکترۆنی؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8311 5. رۆڵی پەرلەمان لە سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان، ناوەندی لێکۆڵینەوەی، پێگەی ئەلیکترۆنی ڕوداوو؛ https://rudawrc.net/?p=1295&fbclid=IwAR1rNI70e-rlJKU9qcdfYjb7dk5xbRZ7aEfVCmj1RUuJexj2aAo6RKplOPE
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ئێراننامە (9) کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ٤٣یەمین ساڵی تەمەنییدایە، هەنووکە پاش تێپەڕاندنی چوار دەیە، یەخانگیریی چەندین گرفتی ڕیشەیی بووەتەوە، پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: یەخانگیرییەکانی (ئاڵنگارییەکانی) بەردەم سیستەمی سیاسیی ئێران چین و سەرکۆماری نوێ لەکوێی پرۆسەی چارەسەردایە؟ بۆ تێگەیشتن لە قەیرانەکانی نێو شیرازەی سیاسیی ئەو وڵاتە، دەکرێت لە سێ بازنەدا بابەتەکە لێکبدرێتەوە و دابەش بکرێن: ١. بازنەی نێوخۆیی شۆڕش و دیدگای بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. ٢. بازنەی کۆمەڵگەی ئێرانی و دابڕانی دەسەڵات و کۆمەڵگە و مەسەلەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی پرۆسەی سیاسی. ٣. بازنەی نێودەوڵەتی، کە دابڕانی ئێرانە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جۆری سیاسەتەکانی لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا. کە ئەمەش ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت. بەشێک لە تەگەرەکان، لەلایەکەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ڕەوایەتیی دەستور و شۆڕش و سیستەمی سیاسیی و بەشداری هاووڵاتییەکانییەوە هەیە، بەشێکیشیان دەرهاویشتەی نێو ململانێکانی سفرەی شۆڕشن، لەلایەکی دیکەوە لەبەردەم پرسێکی چارەسەرنەکراوی مافی سیاسی و مەدەنی پێکهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەکاندا، کە هێز و لایەنی سەرەکیی نێو ئێرانی ناچارکردووە ئێران جێبهێڵن و خەباتی سیاسی-چەکداریی بگرنەبەر بۆ یەکلاکردنەوەی مافەکان. بەڵام ئەم پۆلێنبەندییە بەواتای ئەوە نایەت کێشە و قەیرانەکان کاریگەرییان بەسەریەکەوە نییە، بە پێچەوانەوە ئەم پرسانە کاریگەر بەیەک و کارتێکراوی یەکن و یەکتر بەرهەمدەهێننەوە و بازنەکانیان پێکداچوون. بۆ ڕاڤەی ئەو پۆلێنبەندیەی یەخانگیرییەکان و تێگەیشتن لە تەرجەمەی ئەو چوارچێوە تیۆرییەی قەیرانەکان، دەکرێت بەرجەستەتر، کێشەکان بەم شێوەیە ڕیزبکرێن: ١. پرسی دەستوور: ئێران لە مێژووی سیاسییدا، بەدەستوورێک ئاراستە دەکرێت، جیا لەوەی سەرچاوەی ڕەوایەتەتی کە ڕووبەڕووی بەشداریی خەڵک و بایکۆتی پێکهاتەکان بوویەوە لە ئانی پەسەندکردنیدا و هەروەها جۆری سیستەمەکەی (مەزهەبی-ناوەندگەرا)، کە پرسیاری لەسەر ڕەوایەتی دروستکردووە، تەنها جارێک هەموار کراوەتەوە، کە دیسانەوە خۆی نەدا لە کێشەی جیاکارییە نەتەوەیی(کورد،بەلوچ و عەرەب..تاد) و مەزهەبی(سوننە، مەسیحی، زەردەشتی و ...تاد) و ڕەگەزییەکان(مافی ژن و بەشداریی سیاسی لە مەسەلەی پۆشاکەوە بیگرە تا بەشداریی سیاسی). ئەم دەستوورە لەبنچینەدا بۆ چارەسەر و دەرچەسازیی کێشە قوڵەکانی ئێران نووسراوە، بەڵام لە ئێستادا خۆی بووەتە کێشە و بەربەستی چاکسازیی سیاسیی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا، نەک هەر ئەوەش بەڵکو لەسەر چەندین ئاست مەترسی ئاسایشیی، سیاسیی و سەروەریی بۆ وڵاتەکە دروستکردووە. زەقترین کێشەی دەستووریش خۆی لە مەسەلەی شیعەتەوەری و دوانزەئیمامێتی مەزهەبەکەیدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیە هەر بیرکردنەوەیەک لە چارەسەر پێویستی بەوەیە، بەر لەگەڕانەوە بۆ خەڵک دەبێت بۆ سنوورەکانی فیقهی سیاسیی شیعەی دوانزەیی بگەڕێنەوە. ئەمەش لەهەندێ پرسدا گۆڕانکاریی ئەستەم کردووە، بەتایبەت لە مەسەلەی مافی مەدەنی و سیاسیی هاوچەرخ و پرسی ڕەگەزییدا(مافی ژن). ٢. ڕەوایەتیی سیستەم: لە سەدساڵی ڕابردوودا لە ئێراندا دوو بیدعەی سیاسیی بێڕیشە داهێنران، یەکەم: نەتەوەسازیی و ئێرانچێتی، دووەم: ویلایەتی فەقیه. یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕەزاشای پەهلەوی و نوخبەی ڕۆشنبیری دەسەڵاتگەرا، کە ئێرانچێتیان لەڕێی سیاسەتی کولتووری و فشاری سیاسیی و سەربازییەوە بەسەر نەتەوە نافەرسەکاندا سەپاند. ئەمەیان هەر لە زووەوە تا ئێستا لەلایەن کورد و بەلوچ و عەرەبەکانەوە ڕەتکرایەوە و تورکە ئازەرییەکانیش کەمتازۆر ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە. لەئێستا لەهەرکات زیاتر پایەکانی بیدعەی نەتەوەسازیی ئێرانی دەلەرزن. لەلایەک بەهۆی ستەمی درێژخایەن و بێبەشی مافە کولتووری و سیاسییەکانەوە، لەلایەکی ترەوە بەهۆی جۆری مۆدێلی حوکمڕانی شیعەتەوەر کە مەزهەب چەقە، پرسی مافی نەتەکانی دیکە لە ئێراندا زیندووتر بوویەوە. دووەمیش مەسەلەی ویلایەتی فەقیهە کە لەڕووی سیاسییەوە بە وەک "ویلایەتی عامە" داهێنراوی خومەینیی و هاوڕێکانیەتی، کە تێیدا نەک مەرجەع بەشداری پرسی سیاسیی دەکات، بەڵکو لە لوتکەی ئەو سیستەمە سیاسییەدا جێگەی خۆی دەگرێت و بەشداری ورد و درشتی مەسەلەکان دەکات. ویلایەتی فەقیه ڕاستە کۆمەڵگەی شیعەی ئێرانی یەکدەخات و دەسەڵاتبەخشە بە نوخبەی مەزهەبی و شۆڕشیی نێو کۆمەڵگەی ئێران، بەڵام هاوکات، جیاکاری و ململانێ لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا دەسازێنێت، لەنێوخۆشیدا دەسەڵاتخوازیی و سەرکوتکاری بەرهەمدێنێت و لەم پێناوەشدا ڕاجیاوازی لەسەر جۆر و سنوور و شێوەی پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی وەلی فەقیه دروست بووە. بۆ ئێران لەسەدەی نوێدا و بە پاشخانێکی ڕۆشنبیریی فراوان و ئامانجدار و خاوەن خەونی هاوچەرخێتی و دنیاگەرا، ئەمە گەورەترین کۆسپ و لەمپەر دەبێت و بەجۆرێک پرسی لەسەر ڕەوایەتی پۆستەکە دروستکردووە و ترازانی نێوکۆمەڵگەی فراوانتر کردووە. لەسەردەمی ڕێبەری یەکەمدا (خومەینی) توانرا ویلایەتی فەقی لە دەستوور و کۆمەڵگەدا بچەقێنرێت، بەڵام لەسەردەمی خامینەییدا لەبەر جۆری بەکارهێنان دەسەڵات و لاگیرییە باڵباڵێنییەکان، پرس لەسەر ڕەوایەتی درووست بوو، ڕاستە خامینەیی توانیی ویلایەتی فەقیه و فیقهی شیعە لە ئێراندا دەزگایی بکات و بیخاتە سەرسکە، بەڵام لەڕووی ڕەوایەتییەوە لەرزۆکی کرد و هەر لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێشنیارگەلێک لەنێوخۆی سەرانی نوخبەی دەسەڵاتدا خراوەتەڕوو کە سنووری دەسەڵاتەکەی کەمدەکەنەوە یان دابەشی دەکەن یان داوای شوراییکردنی ماڵ و دەسەڵاتی ڕێبەریی دەکەن. ٣. درزی ئەمنی و سەروەریی وڵات، گەر بە دیققەتەوە سەیری شارە سنوورییەکانی ئێران بکرێت، دەزانرێت، بە پێچەوانەی فارس-شیعە تەوەریی دەستوورەکەوە، شارە سنوورییەکانی ئێران بە گەلانی ناشیعەی نافارس تەنراوە(کورد، عەرەب، بەلوچ و تورکمان و تاڵش ...تاد) و لەدەرەوەی سنوورەکانیشی هەمان شت. گەر دەستوور شیعە و نوخبەی دەسەڵاتی یەکدەست کردبێت، ئەوا جیۆپۆلەتیکی وڵات پێچەوانەی ئەو گوتارە سەپێنراوەی نێو دەستوور، واقیعێکی دیکە هەیە، کە ئەو سنوورە سیاسی-جوگرافییەی ئێران، بووەتە هەڕەشەی سەر سەروەریی وڵاتەکە و هەردوو بیدعە سیاسییەکە کە باسکران (نەتەوەسازیی زۆرەکی و ویلایەتی فەقیهی سەپێنراو). ئەمەش هەنووکە هەڕەشەی ڕاستەقینەیە بۆسەر سەروەریی و دەسەڵات، گەلانی نافارس و ناشیعەی پەراوێزخراوی نێو ئێران وەک دەبینرێت هەردەم لە هەلێک دەگەڕێن هەڕەشە دەستووریی و سیاسییەکانی سەریان بکەنە هەلێک و جیابوونەوە یان فیدراڵیزم وەک گوتارێک بچەسپێنن و تا لە ڕۆژگارێکی نزیکدا کۆتایی بەو جیاکارییە بهێنن. ٤. هەناردەکردنی شۆڕش: ڕاستە لەهەندێ حاڵەت و ماوەدا هەناردەکردنی شۆڕش کە بنەمایەکی دەستووریی و سیاسیی هەیە و ئێرانی ئێستا باوەڕیی پێیەتی ئەویش لایەنگرییکردن و ناردنەدەرەوەی شۆڕشە بۆ دەرەوەی سنوور و کاریشیان لەسەرکردووە، لەساڵانی ڕابردوودا لە لوبنان، عێراق، یەمەن، سوریا و بەجۆری دیکەش لە ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ئەفریقاش وێنەدانەوەی ئەم بنەمایە بینراوە. بەڵام هەر ئەم سیاسەتەی کە جۆرێک هەژموونی سەربازیی داوەتە ئێران، هاوکات پەراوێزیی و دابڕان و ئابوورییەکی بەرەوهەرەسیشی بە نسیبی ئێران کردووە. بەڕیوەبردنی میلیشیاکانی قودس و ئەوانی دیکە هەم تێچوونی سیاسیی و هەم ئابوورییشیان بۆسەر ئێران هەیە، هاوکات لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە هێزێکی دەرەوەی سیستمی نێودەوڵەتی و واقیعگەرا لەقەڵەم دەدرێت، هەرئەمەش وای کردووە جەمسەربەندی و سەنگەربەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرامبەری دروست ببێت. ٥. توێژاڵهەڵدانی شۆڕش و پاکسازی: یەکێکی دیکە لە قەیرانە کەڵەکەبووە سیاسییەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئیران، بەتێکڕایی و بەنزیکەیی هەر دەساڵ جارێک، سفرەی تەنگی شۆڕش بەشێک لە کوڕەکانی دەردەکات. ئەو بێبەریکردنە هەر لە ساڵانی ١٩٧٩ەوە دەستی پێکرد، بە هەڵگیرسانی جەنگی هەشتساڵە هەل هاتە پێشەوە یەکەم توێژاڵی شۆڕش هێزە نەتەوەیی و چەپەکانی نێو ئێرانی دوورخستەوە و ناچاری کردن بەکشانەوە لەپرۆسەی سیاسیی و دواجار لە ئێرانیش ڕۆشتنەدەرەوە، وەک هێزە کوردستانییەکان، موجاهدین، چەپەکان...تاد. قۆناغی دووەم: پەراوێزخستنی ئیسلامییە دیموکراتەکان و ڕۆشنگەرە دینییە هاوچەرخەکان، وەک پەراوێزخستنی میراتگرانی بزوتنەوەی نیهزەتی ئازادی و یارانی کەسانی وەک تاڵەقانی و شەریعەتی و ...تاد. قۆناغێ سێیەم: پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی دەستی یەکەمی ڕیفۆرمیستان و دەستبەسەرکردنی سەرکردەکانیان و هێنانەپێشەوەی نوێنەرانی دەستەدووی ئەوان و بەنوێنەرناساندنی کەسانی وەک ڕەفسەنجانی و ڕوحانی بە ڕیفۆرمیست! کە ئەمە هیچ نەبوو ئەوە نەبێت کە بەشێک بوو لە پاکسازیی ڕیفۆرمیستەکان لە هەرەمی سیاسییدا. قۆناغی چوارەم: کە پێدەچێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دوو ساڵی پەرلەمانی ڕابردووەوە دەستی پێکردبێت، کە شورای پاسەوان پیادەکاری ئەم پرۆسەیە بووە و دەبێت و لەڕێگەی ڕەتکردنەوەی کاندیدانەوە بۆ هەڵبژاردنەکان، جار دوای جار پاکسازیی نێو کوڕانی شۆڕش پەرەدەسەنێت. کەواتە قەیرانەکانی ئێران بەرلەوەی حکومەت و خزمەتگوزاری بن، قەیرانی سیستەمیین و بە سەرۆک کۆمار و کابینەی حکومەتی چارەسەر نابن، بەڵام سەرۆک کۆمار بۆ قۆناغی پاش خامینەیی گرنگە هاودید و تەبابێت لەگەڵ دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان و نوخبەی نێو شورای نیگەهبان (کە ڕێبەری ئایندە دیاریدەکەن). هەروەها سەرکۆماری ئایندە ڕەنگە بەشداربێت لەو سێکوچکەیەی کە پاش نەمانی ڕێبەر، بەپێی دەستوور جێگەی ڕێبەر دەگرنەوە، تا ئەوکاتەی ڕێبەری نوێ دیاری دەکرێت. بۆیە گرنگە نوخبەی دەسەڵات بە یەکلاکردنەوەی سەرۆککۆمار لەخزمەتی ئامانجی شۆڕشدا یەکلایی بکەنەوە نەک لەخزمەتی خەڵک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییدا، چونکە هیچ یەک لە دۆسێکانی وەزارەتی دەرەوە، دەستوور، ناردەنەدەرەوەی شۆڕش و مافی نەتەوەکانی دیکە لەدەسەڵاتی سەرکۆماردا نییە و تەنانەت گەر ڕادیکاڵێکی دژ بە کۆماری ئیسلامیش دەربچێت، بەو چارەسەر نابن. ئێراننامە : زنجیرە بابەتێکە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا، لەبارەی سیستمی سیاسیی، هەرەمی دەسەڵات، پێگەی هەڵبژاردن لە نێو سیستەمەکەدا، ئاراستە و حزبەسیاسییەکان، دەزگاهەڵبژێردراو و ناهەڵبژێردراوەکانی نێو سیاسەت لە درەومیدیادا دەخرێنەڕوو. ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران
ئامادەکردنی: ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی وبوومەلەرزەزانی سلێمانی (وشكيى) ئەو ماوەیەیە کە ناوچەیەک تیایدا کەش و ھەوا وشک دەبێت، ئەم ماوەیەش (کورت یان درێژ ) دەبێت، ئەمەش دەرەنجامی کەمبوونەوەی دابارینە ئاوییەکان بۆ خوار تێکڕاییەکانی، یان ناڕێکی لەدابەشبوونی باران بارینەکان دەبێت بەپێی وەرزەکانی باران بارین ( پاییز و زستان و بەھار) کە ئەمەش زیان بە بەروبوومی کشتوکال و سەرچاوە ئاوییەکان دەگەیەنێت، وە ئەمەش ئەو ھاوسەنگییەی لە نێوان بارانبارینەکان و بوون بەھەڵمی زەویدا ھەیە تێکدەدات و بوون بەھەڵم یان ئاو دەردانی زەوی زیاتر دەبێت لە باران بارینەکان و بەمە زەوی وشك دەبێتەوە و رووەکیش ئەو شێیەی کە تیایەتی بەکار دەھێنێت و بەرەو وشكبوونەوە دەڕوات. لە کاتی بەردەوامی و درێژبوونەوەی ئەم ماوەیە کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی و کەمبوونەوەی ئاوی خواردن و خراپ بوون و کەمبوونەوەی کشتوکاڵ و کەمبوونەوەی ئاوی رووبار و سەرچاوە و کانیاوەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبێت و بەردەوامی ئەم پرۆسەیە ناوچەکە بەرەو بیابانبوون دەبات. (( پۆلێنی وشكيى )) ١-وشكيى ھەمیشەیی: ئەم وشکییە بەردەوامی ھەیە لە ھەموو وەرزەکاندا بوون بەھەڵم لە بارانبارین زۆرترە، وەک لە بیابانە گەرمەکاندا دەبینرێت. ٢-وشكيى وەرزيی: ئەمە تەنھا لە وەرزە گەرم و وشكەکاندا روودەدات. ٣- وشكيى لە ناکاو: ئەمە دەرەنجامی نا جێگيريى یان بەرزی و نزمی لە باران بارین کە ھەندێک وەرزی بارانبارین تووشی دێت وەک لە ناوچە نیمچە شێدارەکان. ٤- وشكيى نەبینراو: کەمبوونەوەی شێی ناو خاک و ھەوایە. (( جۆرەکانی وشكيى )) ١- وشكيى ئاو و ھەوا: ئەم جۆرەی وشكيى دەرەنجامی کەمبوونەوەی بارانبارینەکانی ناوچەیەکە بۆ خوار ئاستی تێکڕاییەکانی یان کورتھێنانێکی زۆر لە بارانبارینەکاندا، کە ئەمەش دەرەنجامی مانەوەی زۆری باری جێگیربوونی کەش و ھەوا و زاڵبوونی بەرزەپەستان لەو ناوچەیەو لاوازبوونی ئەو ناوچەیە بەکاریگەريی نزمە پاڵەپەستۆکان و زۆری ماوەی ساماڵ بوون و زیاتر دەرکەوتنی تیشکی خۆر و کە ئەمەش وادەکات بەھەڵمبوون زیاتر بێت. ٢- وشكيى ھایدرۆلۆجی: ئەم جۆرەی وشكيى کەمبوونەوەو کورتھێنانە لەئاوی رووبار و سەرچاوە ئاوی یەکان و کانی و ئاوی ژێر زەویيە، ئەمەش دەرەنجامی کەمبوونەوەی بارانبارینەکان دەبێت، وە وشكى ھایدرۆلۆجی پەیوەندیيەکی راستەوخۆ و بەھێزی ھەیە لەگەڵ وشكى ئاو و ھەوادا. ٣- وشكيى کشتوکاڵ: ئەمجۆرەی وشكيى دەرەنجامی کەمبوونەوەی بارانبارینەکان یان نا رێکوپێکی دابەشبوونی بڕی باران بارینەکان لە وەرزەکانی باران باریندا ( وەرزی پاییز و زستان و بەھار) ئەمە لە رووی کشتوکاڵییەوە زیان بە بەروبومی کشتوکاڵ دەگەیەنێت، بەڵکو پێویستە ھەر وەرزە بڕی پێویستی خۆی لەباران ببارێت. بۆ ئەمەش شارەزایان و زانایانی ئاو و ھەواو جوگرافیا چەندین ھاوکێشەو رێگەی زانستیان بەکارھێناوە بۆ دیاریکردن و پێوانەکردنی وشكى لەوانە (لانگ، دیمارتون، ئامبرجیر، والتەر). (( ھەرێمە وشكەکان لەجیھاندا )) ١- بیابانە ساردەکان لە ناوچە جەمسەرییەکان: کە بەرزە پەستان لەم ناوچەیەدا باڵا دەستەو ناوچەیەکی ساردە و لەبەر ئەوە ھەواکەی توانای ھەڵگرتنی شێی نییە. ٢- بیابانە مام ناوەندەکان: کە دەکەونە ناوەڕاستی کیشوەرەکان وەک بیابانەکانی ناوەڕاستی ئاسیا کە ھۆکاری وشكيیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دووريی ئەم ناوچانە لە رووبەرە ئاوییەکان و بای وشك کاریگەريی لەسەری ھەیە. ٣- بیابانە گەرمەکان: وەک ئەوانەی دەکەونە ناوچە خولگەییەکان و ئەمانە بای بازرگانی وشكى رۆژھەڵات دەیانگرێتەوەو کاریگەريی و باڵادەستيی بەرزەپەستانیش لەسەر ناوچەکە. (( ھۆکارەکانی وشكيى )) ھۆکارەکان زۆرن لەوانە ھۆکاری ئاووھەوا، رەگەزەکانی کەش وھەوا (پلەی گەرما، بارانبارین، پەستانی ھەوا، با، شێ) و ئەم رەگەزانەش ھۆکاری سەرەکین لەدیاریکردنی ژینگە و ھەرێمی ئاو و ھەوایی وشك. ھەروەھا (سوڕە ئاووھەوایی و زەریاییەکان) وەک دیاردەکانی (ئەلنینۆ و لانینا) کە کاریگەريی ئەم دوو دیاردەیە لەسەر کەش و ھەوای زەوی ھەندێک ناوچە بەرەو وشكى و ھەندێ ناوچە بەرەو تەڕيی و زیادەڕەويی کەش و ھەوا دەبات لەچەند ساڵێک بۆ چەند ساڵێک. ھەروەھا ئەو گۆڕانکاریانەی ئەمڕۆ بەسەر کەش و ھەوای جیھاندا ھاتووە، ھەر لەبەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دروستبوونی شەپۆلی بەرزبوونەوە و بێزارکەرەکانی پلەکانی گەرما و گۆڕان لە سیستەمە پەستانییەکان و جێگیربوون و باڵادەستی بەرزە پەستانەکان و لاوازبوونی نزمە پەستانەکان لەو ناوچانەدا. ھەروەھا دوور و نزیکيی ناوچەکە لە رووبەرە ئاوییەکان و ھۆکارە تۆبۆگرافیەکان و بەرز و نزمییەکان و سروشتی خاک، ڕووپۆشی سەوزایی و درەخت و دارستانەکان کاریگەریان لەسەر وشكيى ھەیە. ھەروەھا ھۆکارە مرۆییەکان و چالاکییە مرۆییەکان وەک نازانستيی بەکارھێنان لە کشتوکاڵ و ئاودێرى و سەوزاییکردن و زیادەڕەويی لە بەکارھێنانی ئاو و پیسکردنی ژینگە و بەکارھێنانی وزە دژە کەش و ھەوایی و ژینگەییەکان و زیادکردنی گازە گەرمکارەکانی وەک دووانەئۆکسیدی کاربۆن و گازی میثان.
درەو: راپۆرتی: رێكخراوی روونبیین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی نەوتی شێخان لە پارێزگای دهۆك بەڕێژەی ٢٠٪ زیادی کردووە، كە لەئێستادا رۆژانە زیاتر لە (43 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵدا بڕی بەرهەم هێنان بگەیەنرێتە (55 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا. لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە و لە کێڵگەی شێخان لە پارێزگای دهۆک کاردەکات چالاکی کێڵگەکەی لەماوەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دا تا ١٠/٦/٢٠٢١ ڕاگەیاند. کۆمپانیاکە پشکی ٨٠٪ کێڵگەکەی هەیە و ٢٠٪ ەکەی تر بۆ کۆمپانیای ئێـم ئۆ ئێڵی هەگاری دەگەڕێتەوە. لە ڕاگەیاندنەکەدا کۆمپانیا ڕایدەگەیەنێت بەرهەمی کێڵگەی شێخان لەماوەی ئەم پێنج مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا بەڕێژەی ٢٠٪ زیادی کردووە، تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی ٢٠٢١ تا ئێستا ٤٣،٦٠٠ واتە بڕی ٦٩٥٠ بەرمیل زیادی کردووە و بڕیاریشە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەم بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل واتە زیادبونی ١١،٤٠٠ بەرمیلی تر کەواتە تا کۆتایی ساڵ بڕیارە لە کێڵگەی شێخان بڕی ١٨،٣٧٥ بەرمیلی رۆژانە زیادبکات بۆ بەرهەمی کێڵگەکە. وەکو ڕوونبین یپێمان باش بوو دەقی ڕاگەیاندنەکەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بەزمانی کوردی بڵاو بکەینەوە: دەقی ڕاگەیاندنەکە: دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی هەلکەندن پێش ئەو خشتەیەی کە پێشتر بۆی دانرابوو لەگەڵ دەستپێکردنەوە بەگەڕ خستنی بیری SH-13. چاوەڕێ دەکرێت کۆی بەرهەمی ساڵی ٢٠٢١ لە بەرزترین ئاستی ئەو رێژەیە بێت کە دانراوە بۆ ساڵەکە. جۆن هاریس بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەڵێت” بەردەوام دەبین لە کارکردن لە ژینگەیەکی کارکردنی سەختدا بەهۆی کۆڤید ١٩ ەوە، تێکڕای بەرهەمی ساڵەنەی تا بەرواری ئەمڕۆ بریتی بووە لە ٤٣،٦٠٠ بەرمیلی رۆژانە واتە زیادە ٢٠٪ ی بەرهەم بەراورد بەتێکڕای بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٠. ئەمڕۆ خۆشحاڵین کە ڕایبگەیەنین دەستمان کردووەتەوە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی بیری SH-13، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەستمان کردووەتەوە بە کاری هەڵکەندن لە پێش وادەی دیاری کراودا. لەئەنجامی ئەمەدا ئێستا چاوەڕێ دەکەین لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ٢٠٢١ دا کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بگەیەنینە ٥٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و لە کۆیایی ساڵدا تێکڕای بەرهەم لە بەرزترین ئاستی ئەو ڕێژەیەبێت کە دیاری کراوە (٤٠- ٤٤ هەزاربەرمیلی ڕۆژانە). ” هەروەها وتی بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان و زیادکردنی بەهای یەدەگی کێڵگەی شێخان لە بەرژەوەندی خاوەن پشکەکان. بەرنامەی وەبەرهێنانی ٥٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە دەستپێکردنەوەی سەرکەوتوانەی چالاکییەکانی هەڵکەندن و دەستپێکردنەوە بە تەواوکرنی بیری SH-13 پێش ئەو وادەیەی پێشتر بۆی دیاری کرابوو کە چارەکی سێهەمی ٢٠٢١ بوو. دوای تەواو بونی SH-13دەست دەکرێت بە هەڵکەندن لە بیری SH-I و پەمپی کارەبایی لەو دوو بیرەدا جێگیر دەکرێت. ئێستا چاوەڕێ دەکرێت ئاستی بەرهەمی ڕۆژانە لە چارەکی چوارەمی ٢٠٢١ دا بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل، لە کاتێکد ڕێنماییەکانی پێشتر دەیوت لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٢ دەگەین بەو ڕێژەیە. چالاکییەکان: بەردەوامی لە ئەدای بەهێزی سەلامەتی کارکردن ، هیچ ڕوداوێک و بەفیڕۆ چونی کار LTI تۆمار نەکراوە لە ماوەی زیاتر لە ٥٣٠ ڕۆژدا. بەردەوام بوون لە سەر بەڕێوەبردنێکی باش تاوەکو کاریگەرییەکانی کۆڤید ١٩ لەسەر بەرهەم هێنان کەم کەینەوە و دەست بکەینەوە بە چالاکییەکانی هەڵکەندن لە گەڵ بوونی ئاڵانگاریدا. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لەساڵی ٢٠٢١ دا تا وەکو ئەمڕۆ بریتییە لە ٤٣،٦٠٠ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. کارە داراییەکان وەر گرتنی بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار داهاتی کیڵگەکە بووە کە لە حکومەتی هەرێم وەرگیراوە تا ئێستا لە ساڵی ٢٠٢١ دا لەم بڕە پوختەی گۆڵف کیستۆن ٧٨ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار بووە( شایستەی کۆمپانیاکان لە نەوتی فرۆشراو لەگەڵ وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکان). وەکو پێشتر ڕامانگەیاند پێشنیازی دابەشکردنی قازانجی ساڵانە بەسەر خاوەن پشکەکاندا بە بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلار و بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاری داهاتی تایبەت، کە هەردوو بڕەکە دەبێت لە دانیشتنی هەینی ئایندەدا لە کۆبونەوەی دەستەی گشتیدا بڕیاری لێبدرێت. پارێزگاری کردن لە بەهێزی میزانیەی گشتی، کە رەسیدی نەختینەی ١٩٥ ملیۆن دۆلاربوو لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دا. پێشبینییەکان Outlook چاوەڕێ دەکرێت تێکڕای ئاستی بەرهەمی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠٢١ دا بە ئاراستەی لای زۆری ئەو رەنجەبێت کە بۆی دانراوە ( ٤٠ بۆ ٤٤ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە)، بەهۆی دەستپێکردنەوەی پێشوەختەی چالاکی هەڵکەندنی بیر. لەساڵی ٢٠٢١ دا ڕینماییەکان وایە کە پوختەی خەرجی سەرمایە Capex لە ٥٥ ملیۆن بۆ ٦٥ ملیۆن دۆلار بێت و خەرجی وەگەڕخستن Opex ٢.٥ بۆ ٢.٩ دۆلار, هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. بەردەوام بوون لە ئامادەکاری و پێشکەشکردنی پلانی پەرەپێدانی کێڵگە PDF، لە گەڵ پلانی بەڕیوەبردنی گاز لەڕیی بەشداری پێکردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنەکانی تری خاوەن بەرژەوەندی. لە ئایندەدا ئەم زانیاریانە نوێ دەکرێتەوە لەکاتیێکدا ئەم کارەبەرەوپێش چوو. دەقی ڕاپۆرتەکە بە پی دی ئێف کێڵگەی شێخان: یەکێکە لە کێڵگەکانی پارێزگای دهۆک و لەمانگی تەموزی ٢٠١٣ەوە دەست کراوە بە بەرهەم هێبنانی نەوت تیایدا و تائێستا زیاتر لە ٨٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگەکە بەرهەم هاتووە. کۆمپانیاکە دەڵێت ئامانجمانە کە بەرهەمی کێڵگەکە بگەیەنینە ١١٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە. کێڵگەی شێخان- بیرە کانی کێڵگەکە و هەردوو یەکەی وەبەر هێنان PF1 ,PF2
(درەو): بەرپرسانی بەغداد بە وەفدی هەرێمی کوردستانیان وتووە" نەك ناتوانین پارەتان بۆ بنێرین، بەڵکو بەپێی رێككەوتنەكەمان دەبێت ئێوە مانگانە (100 ملیار) دیناریش بۆ بەغداد بنێرێت. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو وەفدی هەرێم تایبەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەیاندا سەبارەت بە میكانیزیمی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق و پشكی هەرێم لەیاساكەدا، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بە وەفدی حكومەتی هەرێمی راگەیاندووە، عێراق بە (انفاقی فیعلی) مامەڵە دەكات، واتا بەپێی ئەو پارەیەی مانگانە دێتە بەردەستیان خەرجی دەكەن. وەزیری دارایی عێراق، بەڕاشکاوی بە وەفدی هەرێمی وتووە:" ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرین، بۆیە ئەگەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد جێبەجێ بكەین، نەك ناتوانین هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرین بەڵكو دەبێت هەرێم مانگانە (100 ملیار) دیناری داهاتەکانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، بەرپرسانی بەغداد بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامەیان بە وەفدی هەرێم داوا کە بێدەنگ بن لە پشکی هەرێم لە بودجەدا، بەغدادیش لای خۆیەوە بێدەنگی لێدەکات و بەمشێوەیە هەردوولا هیچ بەرامبەر بە هیچ لە رێککەوتنی یاسای بودجە دەچنە دەرەوە.
راپۆرت: درەو چەند رۆژێكە مشتومڕ لەسەر داهاتی گومرگەكان دروستبووە، هەندێك لە پەرلەمانتاران دەڵێن داهات كەمیكردووە، هەندێكی تر دەڵێن زیادی كردووە، ئەوانەی دەڵێن داهات كەمیكردووە، هۆكاری كەمبونەوەكە بۆ گەندەڵیو قاچاخچێتی دەگەڕێننەوە، ئەوانەی دەڵێن زیادی كردووە، حكومەت تۆمەتبار دەكەن بەوەی داهاتەكان دەشارێتەوە، لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەدا (درەو) داتای فەرمی داهاتی دوو خاڵی سنوریی لەبەردەستدایەو بڵاوی دەكاتەوە، داتاكان چی دەڵێن ؟ مشتومڕ لەسەر داهات ئەم مشتومڕە لەكاتێكدا رودەدات، چەند رۆژی رابردوو، لەچوارچێوەی رێككەوتنی حكومەتی هەرێمو بەغداد لەناو یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا، وەفدێكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ وردبینیكردن لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لە یاسای بودجەدا كراوە، حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی مانگانە بەشە بودجەی خۆی لە حكومەتی ناوەندی عێراق وەرگرێت، دەبێت داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان كە یەكێك لەو دامەزراوانە (گومرگەكان)ە، بۆ حكومەتی ناوەند بگەڕێنێتەوە. لەماوەی رابردوودا هەندێك لە پەرلەمانتاران باسیان لەوەدەكرد، حكومەتی هەرێم بەشێك لە داهاتی ناوخۆ دەشارێتەوە بۆ ئەوەی نەیگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، (درەو) بە دۆكیۆمێنت داتای داهاتی دووان لە مەرزەكانی هەرێمی لەماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا دەستكەوتووە، بەشێك لە ناوەڕۆكی ئەو دیكۆمێنتانە بڵاودەكاتەوە. لەناو مشتومڕدا داتاكان چی دەڵێن ؟ لەناو ئەو مشتومڕەدا كە لەبارەی داهاتی گومرگەكانەوە دروستبووە، بەپێی داتا فەرمیەكانی دەست (درەو) كەوتووە، لە گومرگی باشماخ: • بەراوردی مانگی( یەك و پێنج) داهات كەمیكردووە، مانگی یەك كۆی داهات (22 ملیارو 797 ملیۆن) دیناربووەو مانگی پێنج (16 ملیارو 700 ملیۆن) دینار بووە، واتا لەنێوان مانگی یەك بۆ مانگی پێنجی ئەمساڵ (5 ملیار 548 ملیۆن) دینار داهاتی گومرگەكە كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (24%). • لەنێوان مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵ: داهاتی گومرگەكە بەبڕی (3 ملیارو 670 ملیۆن) دینار كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (18%)، داهاتی گومرگەكە لە مانگی چواردا (20 ملیار و 684 ملیۆن) دینار بووەو لە مانگی پێنجدا (16 ملیارو 700 ملیۆن) دیناربووە. خشتەی داهاتی گومرگی باشماخ لە پێنج مانگی رابردوودا بەگوێرەی ئەو داتا فەرمیانەی كە لە بەرپرسانی گومرگی خاڵی سنوری(پەروێزخانەوە) دەست (درەو) كەوتوون، بەهەمان شێوە داهاتی ئەم گومرگەش كەمیكردووە، چۆن ؟ • بەراوردی مانگی( یەك و پێنج) داهات كەمیكردووە، مانگی یەك كۆی داهات (22 ملیارو 855 ملیۆن) دیناربووەو مانگی پێنج (17 ملیارو 307 ملیۆن) دینار بووە: بە نزیكەی (6 ملیار 97 ملیۆن) دینار داهاتی گومرگەكە كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (27%). • لەنێوان مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵدا: داهاتی پەروێزخان بەبڕی (3 ملیارو 984 ملیۆن) دینار كەمیكردووە، كە دەكاتە رێژەی (19%)، داهاتی گومرگەكە لە مانگی چواردا (20 ملیار و 977 ملیۆن) دینار بووەو لە مانگی پێنجدا (17 ملیارو 307 ملیۆن) دیناربووە. خشتەی داهاتی پەروێزخان لە پێنج مانگی رابردوودا هۆكاری دابەزینی داهاتی گومرگەكان بەپێچەوانەی پەرلەمانتارانەوە كە زیاتر گەندەڵیو قاچاخچێتی بەهۆكاری كەمبونەوەی داهاتی گومرگەكان دەزانن، بەرپرسی گومرگەكان باس لە هۆكاری تر دەكەن. شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، داهاتی باشماخ لە مانگی چوارو پێنجی ئەمساڵدا بەڕێژەی (15% بۆ 20%) كەمیكردووە. لە خاڵێكی سنوریی بۆ خاڵێكی تر داهات جیاوازە، بۆ نمونە لە (باشماخ)و (پەروێزخان) داهات كەمیكردووە، بەڵام لە (حاجی ئۆمەران) زیادی كردووە. بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، هۆكاری دابەزینی داهاتی گومرگ لەم چەند مانگەی دوایدا بۆ هەندێك هۆكار دەگەڕێنێتەوە، لەوانە: * وەرزی بەروبومی ناوخۆییە، بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی حكومەت هاوردەكردنی ئەم جۆرە بەروبومانەی قەدەغەكردووەو ئەمە بووەتە هۆی كەمبونەوەی داهاتی گومرگی باشماخ. * هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل زیاتر لە مەرزی حامی ئۆمەرانەوەیە وەك لە مەرزی باشماخەوە. لە مەرزی (پەروێزخان)یش چەند بەرپرسێك قسەیان بۆ (درەو) كرد، ئەوان باسیان لە هۆكاری تری دەكرد، لەوانە: • پێشتر رۆژانە (70 – 80) بارهەڵگری خۆڵی ئاسن لە مەرزەكە هاوردە كراوە، هەر تەنێكی ئەم خۆڵە بڕی (6 دۆلار) گومرگی لێوەرگیراوە، ئێستا گومرگ لەسەر ئەم خۆڵە زیادی كردووە، بۆیە هاوردەكردنی لە پەروێزخانەوە كەمبوەتەوەو بازرگانەكان لە عێراقەوە هاوردەی دەكەن. • پێشتر ساڵانە لە مانگی پێنج تا مانگی 10: رۆژانە (500 – 600) بارهەڵگری تەڕەو سەوزە هاوردە دەكرا، داهاتی رۆژانە ئەم بەروبومانە زیاتر لە (400 ملیۆن) دینارە بووە، ئێستا حكومەت بۆ پاڵپشتی لە بەروبومی ناوخۆیی، هاوردەكردنی ئەو بەروبومانەی قەدەغەكردووە، بۆیە بەشێك لە داهاتی گومرگ كەمیكردووە. • لە مەرزەكانی باشوری عێراق بەهۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانەوە ئاسانكاری زۆر كراوەو بە جۆرێك بارهەڵگرێك ئەو گومرگ و رسوماتانەی لێی وەردەگیرێت بەبەراورد بە مەرزەكانی هەرێم زۆر كەمترە بۆیەئێستا بارهەڵگرەكان روو لەو مەرزانەی عێراق دەكەن. بە پێی ئەو زانیاریە ووردانەی دەست (درەو) كەوتووە: • پێشتر رۆژانە (800) بارهەڵگر هاتونەتە مەرزى پەروێزخان، ئێستا (302) بارهەڵگر دێن، واتا بەرێژەی (38%) كەمیكردووە. • پێشتر رۆژانە (700) بارهەڵگر دەهاتە مەرزى باشماخ، ئێستا رۆژانە (308) بارهەڵگر دێن، واتا بەڕێژەی (44%) كەمیكردووە. بەڕێوەبەری گومرگەكان چی دەڵێ ؟ ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئەم چەند رۆژەی پێشوو هاتەسەر هێڵی ململانێكان لەنێوان هەردوو بەرەكەدا، ئەو بەرەیەی كە دەڵێن داهاتی گومرگەكان كەمیكردووە لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن داهات زیادی كردووە. ساماڵ عەبدولڕەحمان پشتیوانی ئەوانەی كرد كە دەڵێن داهاتی گومرگەكان زیادی كردووە، (درەو) بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمەوە كرد، جارێكی تر جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی داهاتی گومرگەكان بەرێژەی (20%) زیادی كردووە. بۆ سەلماندنی زیادبوونی داهاتی گومرگەكان، (درەو) داوای داتای داهاتی گومرگەكانی لە ساماڵ عەبدولڕەحمان كرد، ئەو وتی هیچ داتایەكم لەبەردەستدا نییە، بەڵام قسەی من فەرمییەو داهات زیادی كردووە. ساماڵ عەبدولڕەحمان بە (درەو)ی وت:" نەك تەنیا بەراورد بە ساڵی رابردوو كە كۆرۆنا هەبووە، تەنانەت مانگی رابردووش داهاتی گومرگەكان بەرێژەی 20% زیادیان كردووە".
شیكاری: درەو ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان لەپێناو شوێن پێقایمكردنی خۆی و دواجار مانەوەی بۆ تا هەتایە، لەگەڵ مانەوەیدا دەیەوێت شەڕی پەكەكە بە كورد بكات لەسەرەتای دروستبونی حكومەتی هەرێمەوە لە 1992 دا توركیا سەركردایەتی كوردی ناچاركرد بە پێشمەرگە شەڕی پەكەكە بكاتن ئەمڕۆ لەگەڵ بونی دەیان بنكەو بارەگای سەربازیدا دەیەوێت هاوشێوەی 29 ساڵ پێش ئێستا پێشمەرگە شەڕی پەكەككە بكات. توركیا لەشەڕی كورد - كوردا بەردەوام لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگا سەربازیەکانی تورکیا لەزیادبوون و پەرەسەندان، گەورەترین بارەگای نهێنی میتی تورکی لەعێراق، لە هەرێمی کوردستانە، حکومەت و پارت و دەسەڵاتدارانی هەرێم نەک داخستنی ئەو بنکە سەربازیانە نە بووە بە بابەت لایان، بەڵکو تورکیا بووە بە خاوەن ماڵو بەئاشکرا هەژموونی تورکیا بەسەر سیاسەتی حیزبیو حکومی هەرێمی کوردستانەوە دیارە. تورکیا لە سەرەتای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا چەندین جار دەستی هەبووە لە شەری كورد – كورددا تەنانەت بەشداری کردن لە شەڕی ناوخۆ جا لە نێوان پارتی و یەکێتی بێت یان ئەوان لەگەڵ پەکەکە، ئێستاش سیاسەتی تورکیان بەرامبەر کورد بە گشتی و هەمان سیاسەتی جارانە و (هەوڵەکانی داخستن و گرتنی کادرانی پارتەکانی باکور لە تورکیا، هەوڵدان بۆ شکستهێنان بە ئەزمونی ڕۆژئاوا، هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی باشوری کوردستان) دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە تورکیا بە هەمان سیاسەتی ڕابردووی خۆی بەرامبەر کورد بەردەوامە. ڕۆژی ٦/٦/٢٠٢١ لە هێرشێکی تەم و مژاویدا لە چیای مەتینا لە ناوچەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بۆ سەر هێزی پێشمەرگە چەند پێشمەرگەیەک شەهید و برینداربوون، ئەم کردەوەیە چەندین کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بەشی زۆری پەنجەی تۆمەت ڕووی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بوو ( حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگە پەكەكە تۆمەتبار دەكەن). ئەوانیش لای خۆیانەوە لە بەیاننامەیەکدا ڕەتیان کردەوە کە زریپۆشی پێشمەرگەیان بە ئامانج گرتبێت، لە ناوخۆشدا بەشێک لە شارەزایانی سەربازی گومانیان لەسەر شێوازی بەئامانج گرتنەکە دروستکرد، بەوەی کە بە فڕۆکەی تورکیا پێکراوە. بابەتەکە هەر ئەوە نییە چەند پێشمەرگەک شەهید بوون پارتی کرێکاران شەهیدی کردوون یان فرۆکەکانی تورکیا، ئەمە یەکەم جار نییە حاڵەتی لەو جۆرە ڕوبدات، چاوەڕوان دەکرێت چەندبارەش ببێتەوە. هەرچۆنێک بێت ئەگەر هێزی تورکیاو پەکەکە لە ناوچەیە نەبن ئەوە ڕوونادات، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی فۆکەسەکان لەسەر پەکەکەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان و چەندین بەرپرسی سیاسی و سەربازی و ئەمنیان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە پەکەکە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، بەڵام وجودی تورکیا بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی و لە دەرەوەی یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە بە بابەت، لە کاتێکدا تورکیا خاوەن دەیان بنکە و بارەگا و دەزگای هەوڵگرییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام خواستی ئەوەیە شەڕی پەکەکە بە کورد بکات. بنکە سەربازیەکانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەر لە ساڵیك سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا نەخشەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان لە پێگەکی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاو کردبوویەوە بەڵام لە رۆژی ٦/٧/٢٠٢٠ نەخشەکەی سڕییەو بڕوانە نەخشەی ژمارە (١)، بە پێی نەخشەکە خاڵە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووری سۆرانەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سنووری زاخۆ لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، هاوکات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیک هەولێر و باشیک و دهۆک دەستنیشان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کردنەوەی ئەو بنکە سەربازییانە لەدەرەوەی ڕەزامەندی حکومەتی عێراقدایە و بەشێک لەو بنکانە مێژووی بونیادنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی لە ساڵی (١٩٩7) بەدواوە بۆ بەلاداخستنی شەڕی ناوخۆ هاتنە سنورەکەو هەرگیز نەگەڕانەوە. لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە پێشیلكردنی سەروەری خاكی عێراق دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق جگە لە هەندێك وردە ناڕەزایەتی، بێدەنگەو هەنگاوی كردەیی لەوبارەیەوە هەڵنەگرتووە، چونكە عێراقو توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن بەقوڵایی (20 كلم) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، ئەوكات ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لای توركیا لێدانی (پەكەكە)و لای حكومەتی عێراقیش لێدانی شۆڕشی كورد بوو لە باشوری كوردستان. ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراقو توركیا واژووكرا، ساڵی 2007 لەو سەردەمەی كە (هۆشیار زێباری) وەزیری دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، لەبری كۆتایهێنان بە بەزاندنی سنور، مەودای بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرا بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق. لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستانو لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازیو (38 دەبابە)و (738 سەرباز) پێكهاتووە. هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەربە قەزای ئامێدیو لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد. بەپێی زانیارییەکان دەوڵەتی تورکیا زیاتر (٣٠) بنکە و بارەگای سەربازی و هەوڵگری لە عێراقدا هەیە بۆ بەڕیوەبردن و ئەنجامدانی بەشێکی زۆر لە هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، زۆرینەی بنکە و بارەگاکانی تورکیا بەقوڵایی زیاتر لە ٣٥ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان جێگیرکراون. بەشێکیان نزیکتریش لە ناوەندی ئاوایی و شارەکانی وەک دهۆک و زاخۆ و سۆراندا جێگیرکراون. ١٤ لەو بنکە سەربازییانە دەکەونە سنوری پارێزگای دهۆکەوە. بەتەنیا لە سنوری ناحیەی باتیفا و قەزای زاخۆ٣ بنکەی سەربازی دەوڵەتی تورکیا هەیە هەندێک زانیاری رۆژنامەوانی باسی ژمارەیەکی زیاتر لەوەش دەکەن، بەتایبەت لەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان شاری عەفرین چەند بنکەیەکی سەربازی دیکەی بونیادنا، سەرجەم ئەو بنکە سەربازییانەی تورکیاش دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە، لە هەرێمی کوردستانیش لە سنوری ناوچەی زەرددان، ئەو بنەکە سەربازییانەش کە تا ئێستا ئاشکران بریتین لە؛ تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاوبوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (3 هەزارو 235) ئەفسەرو سەربازو جەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەكو تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپو (٢٦) هاوەن، (١٧) ئاڕبیجیو (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی. بەپێی راپۆرتەكە، سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریی هەیە: * گەورەترین بنكەو بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەربازو (٩١) ئەفسەرو (٢٤٠) جەندرمە و (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە. * گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن. * سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. * بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە. * سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە. * سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە. * سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. * سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. * سەربازگەی (سەری زیری)، (٦٠) سەربازی جێگیركردووە. * سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە. * سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. * بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. * بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. * بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. ئەمە جگە لە ھەبوونی چەند بنکەیەکی سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ھەرێمی کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش پارتی کریکارانی کوردستان. وەکو؛ 1. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ئامێدی، پارێزگای دھۆک 2. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ناوچەی باتۆفە، زاخۆ، پارێزگای دھۆک 3. پێگەی پاراستن و زانیاریی تورکیا لە ناوی شاری دھۆک بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیەو توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش" بدات. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی (BBC)، توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (27) بنكەی سەرباری هەیە، هەندێك سەرچاوەی زانیاری باسلەوە دەكەن ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی كردووە بۆ (32) بنكە. نەخشەی ژمارە (١) بنکەو پێگە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تورکیا هەر لە عێراق هەرێمی کوردستان بنکەو بارەگای سەربازی نییە، بەڵکو وەک زلهێزێکی ناوچەکە لە چەندین وڵاتی دیکە بنکەی سەربازی هەوڵگری بونیادناوە، بەمەستی پەرەسەندنی هەژموونی سیاسی و سەربازی و هەوڵگری و ستراتیجی و ئابوری و دیبلوماسی و بەگری و کۆکردنەوەی سەرچاوەی هێزی زیاتر و دەستێوەردانی دەرەکی... لە زۆر شوێنیش بووە بە سەرچاوەی گرفت و کێشە، لە خوارەوە نەخشەی دابەشبوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە وڵاتان دەخەینەڕوو. نەخشەی دابەشبوونی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە جیهان لەگەڵ گەیشتنی پارتی دادو گەشپێدان لە تورکیا، سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە چەندین گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە، گەورەترین گۆڕانکاریش لەم ساڵانەی دوایدا ڕویانداوە کە بڵاوەپێکردنی سوپای تورکیایە بۆ چەند ناوچەیەکی وڵاتانی دەرەوەی خۆی، کە بەشێک بە ڕێککەوتنی دوو لایەنە بووە گوایە بە ئامانجی ڕاهێنان و هاوکاری بووە، بەشێکیی بیانوی مەترسی تیرۆر بووە. جگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تورکیا لە چەندین وڵاتی دنیا بنکەو بارەگای سەربازی هەیە؛ ئەوانیش؛ 1. بنکەی سەربازی تورکیا لە قوبرس؛ بنکەی سەربازی دەریایی تورکیان لە قوبرس لە ٢٠ی تەموزی ١٩٧٤ەوە بونیاد نراوە بە بیانوی پاراستنی تورکەکانی قوبرس و زیاتر لە (٣٠) هەزار سەربازی تورکیای تێدایە، جگە لە بوونی فڕۆکەو دەبابە. 2. بنکەی سەربازی تورکیا لە قەتەر؛ ئەم بنکەیە لە ساڵی ٢٠١٦ بونیادنراوەو (٣) هەزار هێزی سەربازی تورکیا ئەرکی سەربازی تێدا دەبینن لە هەردوو جۆری هێزی ئاسمانی و وشکانی . 3. بنکەی سەربازی تورکیا سۆماڵ؛ بە فراوانترین بنکەی سەربازی تورکیا دادەنرێت لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە ساڵی ٢٠١٧ بونیادنراوەو (٢) سەربازی تورکیا لە بنکەیەدان 4. بنکەی سەربازی تورکیا لە جیبۆتی؛ لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بونیادنراوە 5. بنکەی سەربازی تورکیا لە ئەفغانستان؛ لە چوارچێوەوی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (١٥٠٠) سەربازی تورکی تێدایە 6. بنکەی سەربازی تورکیا لە لیبیا؛ ئەم بنکەیە لە ساڵی ٢٠١٩ بونیادنراوەو (٣) هەزار سەربازی تورکیای تێدایە 7. تورکیا لەسەر خاکی سوریا (١٢) چاودێری هەیە. 8. بنکەی سەربازی تورکیا لە نێجیریا؛ تورکیا لە نێجیریا بنکەی سەبازی وشکانی ئاسمانی لەو وڵاتە دروستکردووە بەئامانجی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی سەربازی ئەو وڵاتە. نەخشەی ژمارە (٢) بنکەو پێگە سەربازییەکانی تورکیا لە وڵاتانی جیهان راپۆرتی پەیوەندیدار توركیاو پەكەكە لە هەرێمی كوردستان توركیا شەڕ دەهێنێتە ناوجەرگەی هەرێمی كوردستانەوە
(درەو): لەسەر نرخی بەنزین، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەمەقاڵیو پشێوی لەنێوان پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان رویدا، سەرۆكی لیژنەی وەزە دەڵێت لەلایەن پارێزگارەوە قسەی نەشیاو كرا، بەشێوازی خۆی وەڵاممان دایەوە پارێزگاریش دەڵێت: هەركەسێك بە هەرزمانێك قسە بكات بەو زمانە وەڵامی دەدەینەوە. ئەمڕۆ لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر كێشەی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانیو بەڕێوەبەری نەوتو كانزاكانی پارێزگای سلێمانیو ئیدارەی گەرمیانی بانگهێشت كرد. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزینی گەڕاندوەتەوە بۆ (بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەرزبونەوەی نرخی نەوت، هێنانی سوتەمەنی لە ئێرانەوە). ئەم قسانەی پارێزگاری سلێمانی، سەرۆكی لیژنەی وزەی قایل نەكردووە، چونكە ئەو هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین دەگەڕێنێتەوە بۆ (قۆرخكاریی، رێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، وەرگرتنی باجی جۆراوجۆر لە خاڵە سنورییەكان، نەبوونی رێنمایی بۆ رێكخستنی نرخ). پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزە كە ناكۆكن لەبارەی قەیرانی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین، هەردوكیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، ناكۆكییەكانیان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا گەیشتە ئاستی دەمەقاڵێ. ئەندامێكی ئامادەبووی كۆبونەوەكە بە (درەو)ی راگەیاند، لەكاتی دروستبوونی دەمەقاڵێكەدا، هەڤاڵ ئەبوبەكر توڕەو بووەو وشەیەكی "نەشیاو"ی بەكارهێناوە، سەرۆكی لیژنەی وزەش بە هەمان وشە وەڵامی پارێزگاری داوەتەوە. لەبارەی ئەم مشتومڕەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند" هەركەسێك بە هەرزمانێك قسە بكات بەو زمانە وەڵامی دەدەینەوە، بەڵام هەرشتێك وترابێت شتی شەخسی نیەو لەهەموو پەرلەمانو ئەنجومەنێكی دنیادا ئەم شتانە رودەدەن". لەبەرامبەردا كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی وزە بە (درەو)ی وت:" لە كۆبونەوەكە تەشەنوج دروست بوو، لەلایەن پارێزگارەوە قسەی نەشیاو كرا، بەشێوازی خۆی وەڵاممان دایەوە". لەناو ئەم كێشمەكێشەدا، چارەنوسی نرخی بەنزین بەنادیاری ماوەتەوە، پارێزگار دەڵێ لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا گەیشتونەتە ئەنجامو كەس كێشەی نەبووەو رێوشوێنی پێویستیان گرتوەتەبەر، سەرۆكی لیژنەی وزەش دەڵێ هیچ رێوشوێنێك نەگیراوەتەبەر، هیچ كۆنوسێك لەناو كۆبونەوەكەدا نەنوسراوە، بۆیە دوای كۆبونەوەكەش كۆنگرەی رۆژنامەوانی نەكراوەو باس لە بڕیاری پارێزگا لەبارەی نرخی بەنزینەوە نەكراوە. سەرۆكی لیژنەی وزە رەخنە لە پارێزگار دەگرێتو دەڵێ:" هەڤاڵ ئەبوبەكر لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەهاری هێناوەتە ئەژنۆ، بەڵام ئێستا سەد پلە پێچەوانەی بەڵێنەكانی خۆیەتی"، هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێ" من بەڵێنێك نادەم كە نەتوانم جێبەجێ بكەم، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین نەك لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەندیشدا نیە". لەنێوان قسەكانی پارێزگارو سەرۆكی لیژنەی وزەدا، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، بڕیاردراوە: • نرخی بەنزین دابەزێندرێت، ئەگەر بۆیان دانەبەزێت رێگە نەدەن زیاتر بەرزبێتەوە. • رێگە نەدەن كوالێتی بەنزین دابەزێت. • رێگە لە قۆرخكاری كۆمپانیاكان بگیریت.
درەو: بەپێی راپۆرتی رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئایاری 2021 بڕی ( 11 ملیۆن و 399 هەزارو 942) بەرمیل نەوتی باركردووە لە بەندەری جەیهانی توركیا كە بە(20) كەشتی قەبارە جیاواز بە (7) وڵاتی فرۆشتووە. نەوتی هەرێم بە رێژەو بڕ بەم وڵاتانە فرۆشراوە: - ئیتالیا: ( 5 ملیۆن و 399 هەزارو 973) بەرمیل بەرێژەی 48% - ئیسپانیا: ملیۆنێك و 799 هەزارو 991 بەرمیل بەرێژەی 16% - كرواتیا: ملیۆنێك و 799 هەزارو 991 بەرمیل بەرێژەی 16% - بولگاریا: 599 هەزارو 997 بەرمیل بەرێژەی 5% - ئیسرائیل: 599 هەزارو 997 بەرمیل بەرێژەی 5% - رۆمانیا: 599 هەزارو 997 هەزار بەرمیل بەرێژەی 5% - یونان: 599 هەزارو 997 بەرمیل بەرێژەی 5% - كۆی گشتی: 11 ملیۆن و 399 هەزارو 942 بەرمیل
درەو: ئامادەکردن و وەرگێڕان: هێمن محەمەد قادر - گۆڤاری ئاییندە ناسی بەرایی لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە لە ڕوانگەی تیۆری هاوپەیوەستبوونی دوو لایەنەوە لە پەیوەندییە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٢١) بکۆڵێرێتەوە و کاریگەری و ڕۆڵی وزە لەسەر چۆنیەتیی گۆڕانی ئاڕاستە و ئایندەی ئەو پەیوەندییانە بخرێتە ڕوو. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، داڕشتن و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکتەری گرنگی وەک پێگەی جوگرافی، بایەخی ئابووری، سەرچاوەکانی وزە، پەیوەندیی مێژووی و کولتووری… هتد بڕیاری لەسەر دەدرێت. لەم سەربەنەوە دەتوانین بڵێین وزە و جیۆپۆلەتیک دووانەیەکی لێک دانەبڕاون و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ سەر چۆنیەتیی بونیادی پەیوەندی و ململانێ سیاسییەکان. بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆستراتیجەوە، هێندە بەسە کە تەماشای ململانێی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکەین لە پێناو سەپاندنی دەسەڵات و نفوزی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا. توركیا و پێداویستی وزە تورکیا وەک یەکێک لە دەوڵەتە هەرێمییە بەهێزەکانی ناوچەکە، خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار ستراتیجی و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان؛ لە ڕووی ئابوورییەوە بە یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی هەرێم دادەنرێت لە بواری هاودەرکردنی کاڵا و هەناردەکردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان. لەم سۆنگەیەوە تورکیا وەک تاکە دەروازەی هەرێم کاریگەریی هەیە لەسەر پڕۆسەی “ئابووریی سەربەخۆ” و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم بەرامبەر بەغداد. هەر چی دەوڵەتی تورکیایە، داخوازی و پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە. سەرباری بەردەوامیی تورکیا لە کاری هەڵکەندن و گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی وزەدا لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا، بەڵام لە ئێستادا ئەو وڵاتە تەنها لە ٢٥%ی ئەو وزەیەی کە پێویستی پێیەتی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. تورکیا ساڵانە پێویستی بە نزیکەی (٤٥-٥٠) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە، بۆیە ناچارە لە ٧٥%-ی پێداویستییەکانی لە ڕێگەی وڵاتانی دەرەوە هاوردە بکات، بەمەش دوای هەریەک لە چین و ئەڵمانیا بە سێیەم وڵاتی هاوردەکاری غازی سروشتی دادەنرێت. دەوڵەمەندیی هەرێمی کوردستان بە سەرچاوەکانی وزەی وەک نەوت و غازی سروشتی و کاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئابووری تورکیا، بەردەوامیی جموجووڵ و چالاکییەکانی تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی هێز و دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا، وای کردووە حکومەتی ئەنقەرە لە ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەیدا گرنگی و بایەخێکی ئێجگار زۆر بەم ناوچەیە بدات. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆپۆلەتیکی وزەوە ناوچەیەکی گرنگ و پڕبایەخە بۆ دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی لە سۆنگەی کەمکردنەوەی پەیوەستبوونی دەرەکی و پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆیەکانی وڵاتەکەی لە بواری وزەدا بۆ ماوەیەکی درێژ بە نرخێکی کەم، بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ڕێگەی گواستنەوەی وزەی ناوچەکە و دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و بەرهەمەکانی. لەژێر ڕۆشنایی ئەو فاکتەرانەی کە ئاماژەیان بۆ کرا، پاش هاتنەسەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی ٢٠٠٢، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ، تیۆری “سفرکردنەوەی کێشەکان” و هێنانەدیی ئاشتیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی بنەڕەتیی تورکیا لە بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، ڕەواندنەوەی گرفتە ناوخۆییەکانی و بەهێزکردنی زیاتری پێگەی وڵاتەکەیەتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی نەرمەوە. بەم شێوەیە جۆرێک لە پەیوەندیی هاوپەیوەستبوونی دوو لایەنەی ئاڵوز گەشەی سەندووە لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا. بە مەبەستی خستنەڕووی ڕۆڵی وزە لە چۆنیەتیی گەشەسەندن و گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، لەم توێژینەوەیەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا بەسەر چوار قۆناغی مێژوویی جیاوازدا دابەش كراوە: قۆناغی یەکەم: ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩١- ٢٠٠٣) دەگرێتەوە. لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنیدا خۆی دەبینێتەوە. قۆناغی دووەم: خۆی لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و زیادبوونی نیگەرانییەکانی تورکیا بەرامبەر بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە (٢٠٠٣- ٢٠٠٧). قۆناغی سێیەم: بە قۆناغی زێڕینی گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دادەنرێت لە پەیوەندیی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ گەشەسەندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی دوو لایەنە، بەتایبەتی لە بواری وزەدا (٢٠٠٧- ٢٠١٤). قۆناغی چوارەم: خۆی لە سستبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دەبینێتەوە لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک ڕووداوی وەک: سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ٢٠١٤، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧. گەرچی لە ئێستادا پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.(1) پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٠٣) خاڵی سەرەتا و وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بۆ جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە. پاش ڕاپەرینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، گەلی کوردستان و گەڕانەوەی هێزەکانی ڕژێمی عێراق بۆ ناوچەکە، لە پێناو پاراستنی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان و لەسەر پێشنیاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و تورکیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ٥/٤/١٩٩١دا بڕیاری ژمارە ٦٨٨-ی دەرکرد و هێڵی ٣٦-ی وەک جیاکەرەوەیەک لەنێوان باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراقدا دیاری کرد. بەم جۆرە ناوچەکانی هەرێم کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان و پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، پەرلەمان و حکومەتی باشووری کوردستان دامەزرێنرا. لەگەڵ ئەوەی تورکیا لە سەرەتای پڕۆسەکەدا لە پێناو کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە کۆچی هاوڵاتیانی کورد بۆ نێو سنوورەکانی؛ بڕیاری ژمارە ٦٨٨-ی پەسەند کرد، بەڵام دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستانی بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و ڕێگاخۆشکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ئایندەدا لەقەڵەم دا. بۆ ئەم مەبەستە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەم قۆناغەدا بریتی بوو لە پارێزگاریکردن لە یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ کۆتاییپێهێنانی مەترسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی وڵاتەکەی. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە (١٩٩١-١٩٩٨) لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنیدا بوو(2). تورکیا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی “پەکەکە” لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا، ناچار بوو لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەندیی لەگەڵ پارتە باڵادەستەکانی باشووری کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-دا دابمەزرێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە هەریەک لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کرد لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە “پەکەکە” هاوکارییان بکەن. لە ساڵی ١٩٩١، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی “هێزی چەکوش”ی دژی گەریلاکانی پەکەکە دەست پێ کرد. دوای ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی پارتی دژی “پەکەکە” جووڵێنران و شەڕ لە نێوانیاندا ڕووی دا. پاش هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی کوردستان لەنێوان “پدک” و “ینک” لە ماوەی (١٩٩٤-١٩٩٨)، هەریەک لە هێزە کوردییەکان لە دەوڵەتێکی هەرێمی نزیک بوونەوە لە کۆتایی جەنگەکەدا. ئەم دابەشبوونە کاریگەریی هەبوو بۆ سەر چالاکییەکانی تورکیا دژ بە “پەکەکە” لە ناوچەکەدا. پاش دەستگیرکردنی “عەبدوڵا ئۆجەلان”ی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی ١٩٩٩، ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی تورکیا لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی و بایەخپێدانی تورکیا بە هەرێم کەمتر بوویەوە(3). پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠٠٧) لە ساڵی ٢٠٠٣-دا، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان هێرشی سەربازییان کردە سەر عێراق و توانییان لە ٩-ی نیساندا بچنە نێو شاری بەغداد، لە ١٥-ی نیساندا سەرکەوتنی خۆیان و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی بەعسیان ڕاگەیاند. بێگومان ئەم ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبوو بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم. ترسی تورکیا لە هەڵوەشانەوەی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە ناوچەکەدا، پێی نایە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە. ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا، کاریگەریی هەبوو بۆ سەر لاوازکردنی نفوزی تورکیا لە عێراق-هەرێم، بەتایبەتی پاش دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە سەربازانی تورکیا لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣. پاش پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق لە ١٥/١٠/٢٠٠٥، دەوڵەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵیزم دامەزرێنرا. لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا، دان بە قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەدا نرا. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا ئامادە نەبوو بە شێوەیەکی ڕەسمی مامەمەڵە لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکات و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی لە ناوچەکەدا بە “هێڵی” سوور دانا. لەم قۆناغەدا تورکیا زۆر بەنیگەرانییەوە لە بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و ئایندەی چارەنووسی ناوچەکانی (موسڵ و کەرکووک)ی دەڕوانی، بەتایبەتی پاش جێگیرکردنی مادەی (١٤٠) لە دەستووری نوێی عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستە پەرلەمانی تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی عێراقدا، گەر بێتوو بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکەوێتە مەترسییەوە(4). پاش بەهێزبوونی پارتی “داد و گەشەپێدان” لە نێوخۆی تورکیادا، تا ڕادەیەک توانییان دەستتێوەردانی سەربازی لە کاروباری سیاسیدا سنووردار بکەن. بێگومان ئەمەش کاریگەریی هەبوو بۆ سەر گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پاش تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی، ڕێگەی دا بە دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە مەرجێک ئەو حکومەتە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا بمێنێتەوە و کار بۆ سەربەخۆیی نەکات. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا دەستی پێ کرد، لە کاتێکدا بە هۆی پرسی ئەمنییەوە دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی چەندین ساڵ پرسی گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا فەرامۆش کردبوو(5). پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٧-٢٠١٤) لەدوای ساڵی (٢٠٠٧)ەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم گەشەسەندنێکی خێرا و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ و پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. لەم قۆناغەدا بە هۆی پێشکەوتن و سەقامگیریی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی حکومەتی هەرێم و گونجاویی یاساکانی وەبەرهێنان، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا تورکییەکان لە چەندین بواری جیاوازی وەک (دارایی و بانک، کەرتی بیناسازی، ژێرخانی ئابووری، کەرتی نەوت و غازی سروشتی، کەرتی پەروەردە، خوێندنی باڵا)، دەستیان کرد بە وەگەڕخستنی سەرمایە و ئەنجامدانی پڕۆژە و کاری وەبەرهێنان. پاش تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سوودوەرگرتن لە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسیی عێراق، بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاوی نا، بەتایبەتی پاش ئەوەی لەسەر بنەمای پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی عێراق، لە ٧ی ئابی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و گازی تایبەت بە خۆی دەرکرد. بەگوێرەی دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و بەرپرسیارێتیی پەرەپێدانی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەپێی مادەکانی (١١١، ١١٢، ١١٥، ١٢١)ی دەستووری عێراق، لەلایەن ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم هەنگاوە بەفەرمی سەربەخۆیی خۆی بەسەر سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕاگەیاند. سەرباری ئەوەی ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە بە هەنگاوێکی نادەستووری دانرا، لەگەڵ ئەوەشدا توانیی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی هەرێمی و نێوەدەوڵەتییەکانی بواری وزە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت(6). پاش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەرهێنانی نەوت و غازی سروشتیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دا، لە سەرەتاوە هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندییەوە ئامادە نەبوون کار لە وزەی ناوچەکەدا بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە کۆمپانیاکانی وەک DNO-ی نەرویجی، Dana Gas-ی ئیماراتی و Genel Energy-ی تورکی، مافی گەڕان و پشکنیان وەرگرت. دۆزینەوەی نەوت لە کێڵگەی “تاوکێ” لەلایەن کۆمپانیای DNO لە ساڵی ٢٠٠٧، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تەقتەق، تاوکێ لەلایەن کۆمانیای Genel Energy لە ساڵی ٢٠٠٨ و بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن کۆمپانیای Dana Gas لە سنووری سلێمانی، خاڵی وەرچەرخانی گرنگیپێدانی تورکیایە بە هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی دوای ئەوەی پەیمانگای وزەی ئەمەریکی “USC” لە ڕاپۆرتێکیدا لە ڕێگەی کۆمەڵێک داتای وردەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ناوچەکانی هەرێم بڕی ٥٠ ملیار بەرمیل نەوت کە نزیکەی ٢٠%-ی نەوتی عێراق و (٣- ٦) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت کە ٣%-ی قەبارەی غازی سروشتیی هەموو جیهان پێک دەهێنێت. بەم جۆرە تورکیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کەوتە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لە ڕووی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(7). لە ساڵی ٢٠٠٨-دا وەفدێکی تورکیا سەردانی بەغدادیان کرد و بە ناوەی سەرۆکی تورکیاوە “جلال تەڵەبانی”ی سەرۆککۆماری عێراقیان بانگهێشتی تورکیا کرد. لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لە ٧-٨ی مارتی ٢٠٠٨، تاڵەبانی ئاماژەی بۆ پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی هەردوو وڵات کرد و هیوای خواست کە بتوانن لە ڕووی سیاسی، ئابووری، وزە و سەرجەم بوارەکانی دیکەدا پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا. ئەم سەردانە بە سەرەتایەکی گرنگ دادەنرێت لە کرانەوەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان. پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ-ی خاوەنی تێزی قووڵایی ستراتیژی و “سفرکردنەوەی کێشەکان” لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لە پۆستی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٩، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وزەدا(8). لە ساڵی ٢٠٠٩-دا، کۆمپانیا تورکییەکانی وەک Genel Energy و Siyahkalem لە کێڵگە نەوتییەکانی وەک تەقتەق، تاوکێ، دەستیان کرد بە کاری وەبەرهێنان و ڕۆژانە نزیکەی ١٦٥ هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا. لە هەمان کاتدا گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا سەبارەت بە بۆ بونیادنانی هێڵی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەستیان پێ کرد. بەم جۆرە تورکیا جگە لە کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری وزە، لە ڕێگەی دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی تورکیاوە (TPAO)، دەستی بە کار و چالاکی کرد کرد لە ناوچەکەدا(9). جگە لە بواری وزە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی بازرگانییەوە بایەخێکی ئێجگار گرنگی هەیە بۆ تورکیا؛ پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەدوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان، لەدوای ساڵی ٢٠٠٧-ەوە گەشەسەندنی خێرای بەخۆیەوە بینی. بەگوێرەی توێژینەوەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی تورکیا، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨-دا کەلوپەل و کاڵایان لە تورکیاوە بۆ عێراق گواستووەتەوە تەنها (٨٠٠) بارهەڵگر بووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٩-دا ئەو ژمارەیە بۆ ٣٠٠٠ بارهەڵگر بەرز بووەتەوە، بە جۆرێک لە ٨٠%-ی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوو. لە ساڵی ٢٠١٣-دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بەرز بوویەوە بۆ ٨ ملیار دۆلاری ئەمەریکی، لە کاتێکدا بەر لە ساڵی ٢٠٠٧ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان تەنها یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵانی دواتردا، ئەو بڕە بۆ نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە(10). لە ساڵی ٢٠٠٩-دا هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسی بازرگانیی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێم، داوود ئۆغڵۆ ڕایگەیاند: “جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە هاوشێوەی ڕابردوومان، داهاتووشمان پێکەوە دەبێت”. دوای ئەوەی “نووری مالیکی” لە ساڵی٢٠١٠، توانیی بۆ جاری دووەم ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق سستیی زیاتری بەخۆیەوە بینی. تورکیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، ناچار بوو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوننەکانی عێراق بەهێزتر بکات. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٠-دا تورکیا پێشوازیی لە مەسعوود بارزانی کرد و لە هەمان ساڵدا کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری هەولێر کردەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(11). پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، حکومەتی هەرێم بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا، لە ساڵی ٢٠١٢ مافی پشکنین و دەرهێنانی نەوتی بە کۆمپانیای Exxon Mobil بەخشی. پاش ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای Exxon Mobil، تورکیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ کارکردن لە هێڵی بۆریی نەوتی (هەرێم-تورکیا)، بە مەبەستی گواستنەوەی نەوت و غازی هەرێم لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەیەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان. سەرباری ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، حکومەتی هەرێم لە ٢٠-ی مایسی ٢٠١٢-دا لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکاندا ڕێککەوتنی ئەنجام دا بە مەبەستی کارکردن لە پڕۆژەکەدا(12). پاش بونیادنانی هێڵی بۆریی نەوتی کوردستان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لە مانگی ١٢-ی ساڵی ٢٠١٣-دا، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق زۆر بەتوندی دژایەتیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم نیشان دا و مافی ئەنجامدانی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و هەناردەکردنی نەوتی بۆ بازاڕەکانی جیهان بە بەشێک لە دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی دانا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگە بە هەرێم نادات بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت. لە هەمان کاتدا ناڕەزایی خۆی گەیاندووەتە تورکیا و داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، ڕێگە بە هەناردەکردنی نەوت هەرێم نەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، ناڕەزایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی بەهەند وەرنەگرت(13). بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە ستراتیجیەتی تورکیا بەرامبەر سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان، پێویستە ئاماژە بۆ وتەکانی وەزیری وزەی تورکیا، تانەر یڵدز، بکەین لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا لە ١٨-ی شوباتی ٢٠١٣: “وەک دەزانرێت ئابووریی تورکیا ڕۆژ دوای ڕۆژ گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، لەم سۆنگەیەوە پێویستیی زیاترمان بە سەرچاوەکانی وزە دەبێت. بەگوێرەی ئامارەکان ناوچەکانی باکووری عێراق، بڕی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و (٣-٦) ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی لەخۆ دەگرێت. لە ئێستادا کۆمپانیا گەورەکانی نزیکەی ٢٠ وڵاتی جیهان، سەرقاڵی کارکردنن لە ناوچەکەدا. لەم ڕوانگەوە دەتوانین بڵێین هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەستەکانمان لەگەڵ دەستەڵاتی خۆجێیی باکووری عێراقدا.” لە هەمان کاتدا لەبەردەم پەرلەماندا ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەوان دەست لە کاروباری نێوخۆیی عێراق وەرنادەن و لەگەڵ پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراقدان(14). هەڵاتنی “تاریق هاشمی”ی جێگری سەرۆککۆماری عێراق بۆ تورکیا و ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی فڕۆکەی وەزیری وزەی تورکیا (تانەر یڵدز) لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە کە بەنیاز بوو سەردانی هەولێر بکات، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدادی بەرەو ئاڵۆزی برد. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا و هەرێم لە هەنگاوەکانی پێشوویان پاشگەز نەبوونەوە، بەڵکوو دەستیان کرد بە گفتوگۆ سەبارەت بە بونیادنانی هێڵی بۆری بە مەبەستی گواستنەوەی غازی سروشتیی هەرێم بۆ تورکیا(15). پەیوەندییەکانی تورکیا-هەرێم لەدوای ساڵی ٢٠١٤ تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان زیادبوونی فشاری حکومەتەکەی مالیکی بۆ سەر سوننەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١١-دا، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ناوچە سوننەنشینەکان لە ساڵی ٢٠١٣ و ناسەقامگیریی دۆخی نێوخۆی عێراق. حکومەتی عێراقی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی ئەنبار لە ساڵی ٢٠١٤-دا، پەنای بردە بەر بەکارهێنانی هێز. لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینی و لەسەر بڕیاری نووری مالیکیی سەرۆکوەزیران، پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕدرا. لە هەمان ساڵدا نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکوەزیرانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەکی ٥٠ ساڵەی لە بواری وزەدا لەگەڵ تورکیادا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کار دەکەن و ئامانجی سەرەکییان دابینکردنی بڕی ١٧%-ی بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان. لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ٢٣-ی حوزەیرانی ٢٠١٤-دا، لەسەر داوای وەزارەتی نەوتی عێراق دانیشتنێکی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم ئەنجام دا و فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە کارێکی نایاسایی و پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دانەنا. ئەم بڕیارە دەستی هەرێمی زیاتر واڵا کرد، لە هەمان کاتدا گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ تورکیا، لە ڕوانگەی هێوربوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان(16). پاش گرتنی شاری موسڵ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، هێزەکانی عێراق لە شاری کەرکووک و کشانەوە. پاش هێرشی ئەو ڕێکخراوە بۆ سەر شاری کەرکووک، کەرکووک و بەشێکی فراوان لە ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کران. پاش کۆنترۆڵکردنی ناوچە جێناکۆکەکان، مەسعوود بارزانیی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمانی خراپیی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، جێبەجێنەکردنی دەستوور و نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، شکستهێنانی سیستمی فیدراڵیزمی لە عێراق ڕاگەیاند و وتی: “کورد جگە لە سەربەخۆیی، هیچ چارەیەکی بۆ نەماوەتەوە لە عێراقدا”. بەم جۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ڕیفراندۆم لە تەواوی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکووکەوە، لە پێناوی سەربەخۆییدا ئەنجام بدات. ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم بوو بە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا. تورکیا بە شێوەیەکی ڕەسمی دژایەتیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و بڕیاری دا لە ڕێگەی داخستنی سنووری وشکانی و ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە، گەمارۆی هەرێمی کوردستان بدات. لە هەمان کاتدا پەرلەمانی تورکیا ماوەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە لە دەرەوەی خاکی تورکیا درێژ کردەوە. پاشان لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی (عێراق-ئێران-تورکیا)دا، هەرسێ لایەن لە ڕاگەیەنراوێکدا دژایەتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند. بەم جۆرە جارێکی دیکە سیاسەتی دەرەوەی ئەنقەرە بە ئاڕاستەی بەغداد وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێز کردەوە(17). پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥-ی ئەیلوولی ٢٠١٧، هێزەکانی عێراق لە ١٦-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧-دا هێرشیان کردە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و توانییان زۆر بەخێرایی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە. سەرەنجام ڕیفراندۆم هەڵپەسێردرا و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٢٩-ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەستی لەکار کێشایەوە. پاش ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێم ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی پاش بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە بۆنەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا(18). لە قۆناغی دواتردا و لەگەڵ بەردەوامیی کارکردنی بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە وەک کۆمپانیای ExxonMobil و Chevron-ی ئەمەریکی، Total-ی فەڕەنسی و Gazprom-ی ڕووسی لە ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر گەشەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە بینی. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی (٤٣٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جیهان دەکات(19). لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت گەرچی تورکیا لە ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی هەرێمەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ساڵانە داهاتێکی زۆر بەدەست دەهێنێت و باڵادەستیی خۆی بەسەر قەوارەی هەرێمدا زیاتر کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە کردنەوەی دەروازەیەک بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، تا ڕادەیەک دژ بە سیاسەت و ستراتیجەکانی خۆی وەستاوەتەوە بەرامبەر بە پرسی کورد لە ناوچەکەدا. نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە نەوت لە عێراقدا و کارکردنی تورکیا بە یاسا نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم، بووەتە هۆی بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و لاوازکردنی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەغداد، بێگومان ئەمەش زیان بە ستراتیجیەتی دوورمەودای تورکیا دەگەیەنێت لە ڕوانگەی پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق و ڕێگریکردن لە زیاتر بەهێزبوونی قەوارەی هەرێم. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە ئەنجام داوە، بە مەبەستی پشکنین و دەرهێنانی نەوت لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری مادەی (١٤٠)، کە بە ناوچە “جێناکۆکەکان” ناسراون، لە کاتێکدا تورکیا لە ڕووی مێژووییەوە ئەم ناوچانە وەک ناوچەی جێ نفوزی خۆی دەبینێت و دەیەوێت لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بەڕێوە ببرێن. کێشە و گرفتەکانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر دۆسیەی نەوت و ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، تا ئێستا بەردەوامییان هەیە. لە ڕەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، لەبەرامبەر ناردنی پشکی هەرێمدا داوای ڕادەستکردنی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەکات. لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغداددا، دوور نییە لە ماوەی ئایندەدا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا لەسەر پرسی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤاکۆی و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕێک بکەون کە بۆ ماوەیەکی درێژە لە گفتوگۆدان. دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەیەوێت لەبەرامبەر دەربڕینی ڕەزامەندی بۆ کردنەوەی ئەم خاڵە سنوورییە، تورکیا ڕازی بکات بەوەی ڕێگە بە هەنارەدەکردنی نەوتی هەرێم نەدات لە ڕێگەی خاکی وڵاتەکەوەیە بۆ بازاڕەکانی جیهان. لە بەرامبەردا تورکیا لە ڕێگەی ئەم خاڵە سنوورییەوە کار بۆ ئەوە دەکات لە لایەکەوە بوونی “پەکەکە” لە ناوچەکانی شەنگال کۆتایی پێ بهێنێت، لە لایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان لەو سامانە بێبەش بکات کە لە ڕێگەی ئەم خاڵە سنوورییەوە دەستی دەکەوێت. گەرچی لە ئێستادا جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە بە کارێکی قورس دادەنرێت، بە هۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی لەم چەشنە لە ساڵانی ئایندەدا کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئەنجام دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ڕووداوی مێژوویی گرنگ دەگەڕێتەوە، ئەوانیش بریتین لە جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ و پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا. پاش دامەزراندنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٩٢-٢٠٠٧) تا ڕادەیەک لاواز بووە و لەسەر بنەمای پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سنوورەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی پاراتی کرێکارانی کوردستان شێوەی گرتبوو. لە قۆناغی دواتردا و لە ماوەی نێوان ساڵانی (٢٠٠٧- ٢٠١٤)دا، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم بە هۆی گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و زیادبوونی بایەخی ئابووریی هەرێمەوە چیتر تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئەمنی نابێت، بەڵکوو لە ڕووی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە گەشەسەندنێکی دیار و بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، تەنانەت لە هەندێک کاتدا تورکیا سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی لە هەرێم بینا کردووە، تەنانەت هەندێک کات ئەم پەیوەندییانەی گرفتی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداددا دروست کردووە. پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دوورکەتنەوەی زۆری بەخۆیەوە بینی و تورکیا بەتوندی دژ بەم هەنگاوە وەستایەوە. گەرچی پاش سڕکردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم پەیوەندییەکان تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، تورکیا و بەغداد، کاریگەریی بۆ سەر ئایندەی ئەو پەیوەندییانە دەبێت. سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم لەسەر بنەمای هاوپەیوەستبوونی ئابووری بونیاد نراوە، لە ماوەی ڕابردوودا پەرەسەندنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستراتیجیەتی دوورمەودای تورکیا لەبەرامبەر پرسی کورد لە ناوچەکەدا وای کردووە ئەم پەیوەندییانە پەیوەندیی ستراتیجی و ماوەدرێژ نەبن، بەڵکوو جۆرێک لە پەیوەندیی ماوەکورت و مامناوەند بن. ناڕەزاییەکانی دەوڵەتی ناوەندی سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم، گەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرفت بۆ تورکیا دروست نەکات، ئەوا بێگومان بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ کاریگەریی بۆ سەر ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم دەبێت. گەرچی لە ئێستادا تورکیا بە هۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنچینەیی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا پێناچێت بەئاسانی دەستبەرداری هەرێم ببێت. سەرچاوەکان 1- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 2-Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 3- Serhat Erkmen, “ İç Etkenler Açısından Türkiye’nin Kuzey Irak Politikasının Dönüşümü”, bilig dergisi, Sayı 72, 2015, s. 171-196. 4- Zülfü Dağdeviren, , “Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Arasında Siyasi İlişkiler: Devlet- Hükümet İlişkileri ”, Akademik Tarih ve Araştırmalar Dergisi, Yıl: 2020 Cilt:3 Sayı:2 ss. 151-198. 5- Ferit Tunç, Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri (2000-2010), Yüksek Lisans Tezi, İstanbul, 2014, s.2. 6- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 7- Ali Balcı, Enerjisine Kavuşan Komşuluk: Türkiye-Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri, SETA Raporu, 2014, son erişim tarihi: 10 Şubat 2021, https://www.setav.org/%C2%91enerjisine-kavusan-komsuluk-turkiye-kurdistan-bolgesel-yonetimi-iliskileri. 8- Zülfü Dağdeviren, “Türkiye ile Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi Arasında Siyasi İlişkiler: Devlet- Hükümet İlişkileri ”, Akademik Tarih ve Araştırmalar Dergisi, Yıl: 2020 Cilt:3 Sayı:2 ss. 151-198. 9- Nazlı Üstün, Türkiye- Kuzey Irak İlişkiler ve Ejonomik yansımaları, son erişim tarihi: 11 Şubat 2021; Wladimir Wildenburg, “Breaking From Baghdad”, World Affairs, 2012, cilt 175 sayı 4, 51. 10- Serhat Erkmen, “ İç Etkenler Açısından Türkiye’nin Kuzey Irak Politikasının Dönüşümü”, bilig dergisi, Sayı 72, 2015, s. 171-196. 11- “Türkiye Barzani’yle yeni sayfa açıyor”, son erişim tarihi: 12 Şubat 2021, https://www.dw.com/tr/t%C3%BCrkiye-barzaniyle-yeni-sayfa-a%C3%A7%C4%B1yor/a-5648524. 12- Wladimir Wildenburg, “Breaking from Baghdad”, World Affairs, 2012, cilt 175 sayı 4, 51. 13- Tolga Demiryol, Hasan Deniz Pekşen, “Enerji ve Güvenlik Ekseninde Türkiye-Irak İlişkileri (1990-2018)”, Türkiye Ortadoğu Çalışmaları Dergisi, Cilt: 5, Sayı: 2, ss. 127-157. 14- Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 15- “ Irak, Bakan Yıldız’ın Uçağına İniş İzni Vermedi”, son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.trthaber.com/haber/gundem/irak-bakan-yildizin-ucagina-inis-izni-vermedi-65786.html. 16- Mehmet Dalar, “ Türkiye-Irak Kürdistan Bölgesel Yönetimi İlişkileri”, Uludağ Üniversitesi İktisadi ve İdari Bilimler Fakültesi Dergisi, Cilt/Vol. XXXIV, Sayı/No. 1, 2015, pp. 47-70. 17-“ IKBY Referandumuna İran’la Irak ve Türkiye’nin Tepkisi Ne Oldu? ”, son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.amerikaninsesi.com/a/ikby-referandumuna-iran-irak-ve-turkiye-nin-tepkisi-ne-oldu/4047012.html. 18-Emrah Kekilli, “Türkiye-IKBY İlişkilerinin Geleceği: Geçmişin Gölgesinde Geleceği İnşa Etmek”, son erişim tarihi: 16 Şubat 2021, https://setav.org/assets/uploads/2018/08/209_Turkiye_IKBY.pdf. 19-İdris Okuducu,“Barzani’ye başkanlığı bıraktıran süreç ”, son erişim tarihi: 14 Şubat 2021, https://www.aa.com.tr/tr/dunya/barzani-ye-baskanligi-biraktiran-surec/951611; Nazlı Üstün, Türkiye- Kuzey Irak İlişkiler ve Ejonomik yansımaları, son erişim tarihi: 11 Şubat 2021. ژمارە (7)ی ئایاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
شیكاری: درەو پێكهاتەو كەمینەكان لە عێراقدا لە مێژوودا چەندینجار روبەرووی چەوساندنەوەو پەراوێزخستنی سیاسیو كۆمەڵایەتیو كلتوری بونەتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش لە چەندین وێستگەی گرنگ بۆ مەرامی سیاسی بەكارهێنراون، لە عێراقی ئێستادا رێژەی (2.3%)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەشێك لە پێكهاتەكان تەرخانكراوە، بەڵام بەشێكی تریان هیچ دەرفەتێكی سیاسییان پێ نەدراوە، لە هەرێمی كوردستانیش (10%) كورسییەكانی پەرلەمانیان بۆ تەرخانكراوە، ئەم رێژانە بەتەواوەتی گوزارشت لە مافی كەمینەكان ناكات، بەوپێیەی ماوە لەدوای ماوە دەنگ لەناو كەمینەكانەوە بەرزدەبێتەوەو باس لەوە دەكەن ئەوانەی لە پەرلەمان دانراون نوێنەرایەتی پێكهاتەكان ناكەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی (ئیزیدی و كاكەی)یەكان كە ژمارەیەكی زۆریان دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، هیچ نوێنەرایەتییەكیان لە پەرلەمانی كوردستاندا نیە. نەخشەی دابەشبوونی (کەمینە) پێکهاتەکانی عێراق تورکمان نەتەوەی تورکمان لە عێراقدا لە دوای پێکهاتەی عەرەب و کوردەوە گەورەترین پێکهاتەی عێراقی، هەرچەندە ئامارێکی ورد فەرمی بەردەست نییە دەربارەی ژمارەی تورکمانەکانی عێراق، بەڵام بەپێی ئاماری ساڵی ١٩٥٧ کە تا ئێستا لە عێراقدا پشتی پێ دەبەسترێت ڕێژەی تورکمان (٢.٣%)ی دانیشتوانی عێراقی پێکهێناوە. سەرەتای نیشتەجێبوونیشیان دەگەڕێتەوە بە سەدەی یەکمی کۆچی، لە درێژایی مێژووش لە ناوچەکە ڕۆڵی جیاوازیان گێراوە، بەشی زۆریشیان نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بوونە بە هێڵی جیاکەرەوەی نەتەوەی عەرەب کورد، کە بریتین لە شارەکانی کەرکوک، دیالە، نەینەواو باکوری بەغداد ، هەروەها ناوچەکانی جەلەولا، سەعدییە، کفری، سلێمان بەگ، دوز، یەنگیجە، داقوق، تەلەعفەر. مەسیحییەکان مەسیحییەکان پێکهاتەکی گرنگ و کۆنی ئەم ناوچەیەن کە ئێستا بە عێراق ناسراوەو سەرەتای نیشتەجێبوونیان لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحییە لە سەدەی یەکەمی زاینی، بەڵام بەردەوام لە عێراقدا ژمارەی ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، بەتایبەت لەدوای پرسەی ئازای عێراقەوە 83% ژمارەیان کەمبووەتەوە، بەجۆرێک لە ١ ملیۆن و پێنج سەد هەزار مەسیحی کەمبوونەتەوە بۆ نزیکەی (250-500) هەزار کەس. بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی کۆچی مەسحییەکان و سەرهەڵدانی توندوتیژییەکانی دوای ٢٠٠٣ و سەرهەڵدانی توندوتیژی ئاینی، بەجۆرێک کاتێک ساڵی ٢٠١٤ داعش کۆنترۆڵی پارێزگای موسڵ ی کرد دەیان هەزار مەسیحی لە شوێنی باوو باپیرانی خۆیان هەڵکەندران و هەڵهاتن، ئەمانەش هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی دەرگای وڵاتانی رۆژئاوا بەڕووی مەسیحییەکاندا کە پاڵیان پێوە دەنێت کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی عێراق. چونکە مەسیحیەکانی پارێزگای نەینەوا لە بەردەم سێ بژاردەبوون کاتێک داعش کۆنترۆڵی ئەو پارێزگایەی کرد، ئەوانیش؛ موسوڵمان بوون یان پێدانی جزیە، بۆیە بەناچاری بژاردەی سێیەمیان هەڵدەبژاد کە کۆچ کردن بوو. مەسیحییەکانی عێراق دابەشبوون بەسەر چەند مەزهەبێکی ئاینیدا، بەجۆرێک؛ کلدانییەکان سەر بە مەزهەبی (کاسۆلیک)ی، ئاشورییەکان (نەستورییەکان)، سریانییەکان بەشێکیان (ئەرسەدۆکس)ی و بەشێکیان (کاسۆلیکن)، بە هەمان شێوە ئەرمەنییەکان بەشێکیان (ئەرسەدۆکس)ی و بەشێکیان (کاسۆلیکن)، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گروپی دیکەی بچوکی مەسیحی دیکەش بەناوی پرۆتستانتی و ئینجیلی ...هتد بونیان هەیە لە عێراقدا. لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (٥) کورسی بۆ کۆتای مەسیحی لە پارێزگاکانی (بەغداد، نەینەوا، کەرکوک، هەولێر و دهۆک) تەرخان کراوە. لە پەرلەمانی کوردستانیش (٥) کورسی بۆ کۆتای مەسیحییەکان تەرخان کراوە. ئێزیدییەکان سەرەتای نیشتەجێبوونی ئێزدییەکانی عێراق زۆر کۆنن و وەک خۆیان دەڵێن مێژووی نیشتەجێبوونیان دەگەرێتەوە بۆ دوڵی دوو روبار زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا و خۆیان بە کۆنترین ئاین دنیا دەزانن و پێیان وایە ڕەگ و ڕیشی بیر و باوەڕیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاینی زەردەشتی. ئێزدییەکان بەشێکی ترن کەمە ئاینییەکانی عێراق، کە خاوەنی ئاینی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە باشووری کوردستانن لە قەزای شەنگال و قەزای شێخان و بەعشیقە و زومار و لەقوش، بەشێکیشیان نیشتەجێی پارێزگای دھۆکن لە لە ناوچەکانی سیمێل و کۆمەڵگای خانکێ و ناوچەی دێربوون. ئەگەرچی خاوەنی یەک ئاینن بەڵام تێکەڵن لە نەتەوەکانی کورد و عەرەب و فارس و تورک، هەربۆیە بە زیاتر لە زمانێک گفتوگۆ دەکەن، بەپێی ئامارەکان ژمارەیان لە عێراقدا لە نێوان (٥٠٠) هەزار بۆ (٧٠٠) هەزار کەس مەزەندە دەکران، بەڵام لەدوای شەڕی داعش بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئیزدییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیەکەی (٣٦٠) کەسیان لێ ئاوارەبوو، نزیکەی (١٠٠) هەزار کەسیان عێراقیان بەجێهێشت . کوردی فەیلی پێی یاسای هەڵبژاردن کوردی فەیلی (١) کورسی کۆتای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ تەرخان کراوە، لە چوارچێوەی پارێزگای واست. بەپێی سەرژمێرییە نافەرمییەکان کوردە فەیلییەکان لە عێراقدا ژمارەیان زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەسە، زۆرینەیان لە پارێزگاکانی دیالە، بەغداد و واست نیشتەجێن. پێکهاتەی کوردی فەیلی لەژێر فشار و زوڵمی زۆری رژێمی بەعسدا بوون و هەوڵی سڕینەوەیان دراوە، بۆیە بە بڕیاری داداگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠ کوردی فەیلی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر ئەنجامدراوەو هەوڵی لەناوبردنی بەکۆمەڵیان دراوە. بۆیە بەشێکیان پێیان وایە جێهێشتنی (١) کورسی کۆتای کەمینەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ئاستی ئەو قوربانیدانە گەورەیەدا نییە کە ئەم پێکهاتەیە لە ڕابردوودا بەسەری هێنراوە، کەو کورسییەش لە ژێر هەژمون و هەیمەنەی پارتە گەورەکانە و گوزارشت لە ماف و خواست ئێش و ئازاری ئەوان ناکات. سابیئەی مەندائی بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (١) کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە ئەنجومەنەکە بۆ ئەم پێکهاتەیە تەرخان کراوە ڕیشەی سابئییەکان دەگەڕێتەوە تیرەی ئارامی لە ساڵی ١٠٠ پێش زاین کۆچیان کردووە بۆ عێراق، لە کەناری روباری دیجلە و فورات لە خواروو ناوەڕاستی عێراق نیشتەجێبوونە، بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩١٩ بە (٨٥٠٠) کەس مەزەندە کراون، لە ئێستاشدا (٢٠٠) هەزار کەس دەبن و دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی بەغداد، کەرکوک، کوت، دیالە، دیوانیە، ناسریە، عەمارەو بەسرە. زمان و كەلتوور و ئایینی خۆیان هەیە، توانیویانە زمانی خۆیان بپارێزن و سەرەڕای زمانەکەی خۆیان کە بە زمانی ئارامی ناسراوە بە زمانی عەرەبیش گفتوگۆ دەکەن، ئەم تیرە ئایینییە زوڵمێکی زۆریان لێكراوە، زۆریان لێ كوژراوە و چەوساندویاننەتەوە و زمانەكەیان قەدەغەكراوە، رژێمی بەعس پەرتوبڵاوی كردوون بە مەبەستی فەوتاندن و لەناوچوونیان. بەشێکی زۆریان لەبەر زوڵم و زۆرلێكردن و چەوساندنەوە و قەدەغەكردنی زمان و كەلتوور و ئایینەكەیان پەنایان بردوەتە دەرەوەی وڵات. شەبەک بەشێوەیەکی گشتی پێکهاتەی شەبەک لە ناوچە کوردییەکانی عێراق نیشتەجێن، بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان ڕێشەیان دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی (شەبەک)ی کوردی، بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پێش ٢٠٠٣ بە عەرەبی ئیزیدی و ناوزەدیان کردووە، بەپێ سەرژمێری ساڵی ١٩٧٧ ژمارەیان بە (٨٠) هەزار کەس خەمڵێندراون. زۆربەی شەبەک لەو ھۆزە کوردانە پکھاتوون کە بە پەرتەوازەیی لە دەڤەری بەردەڕەشی نزیک ئاکرێ و حەمدانیەو تلکێف بەعشیقەو ھەولێر و کەرکووک و گەرمیاندا بڵاو بونە. زمانی ئاخاوتنی ئەم ھۆزانە بە گشتی شێوەزارێکی گۆرانە و کاریگەری کرمانجی و عەرەبی و تورکی پێوە دیارە. بە حوکمی ھاوسێیەتیان لەگەڵ کوردی بادینان و ھۆزە عەرەب و تورکمانەکانی موسڵ. ئێستا زیاتر لە (٦٠) هەزار شەبەک لە شاری موسڵ و ٣٥ گوندی دەوروبەری دا دەژین. لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان بە (٣٠٠-٣٥٠) هەزار کەس دەخەمڵیندرێت، لە سەردەمی بەعسییەکان دا شەبەکەکانیش وەکوو ھەموو کوردەکانی دیکە ئەشکەنجە دران. رژیمی بەعس بە شوێنی ئەوە بوو کە ناسنامەی کوردەواری شەبەکەکان بسڕێتەوە و ئەوان وەکوو عەرەب بناسێنێ. جگە لەو پێکهاتانەی سەرەوە چەندین کەمە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە عێراقدا دەژین کە کەمتر ئامادەیی سیاسیان پێدراوە وەکو کاکەییەکان کە بەپێی هەندێ ئاماری نافەرمی بە (١٠٠) هەزار کەس دەخەمڵێندرێن و دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێر و هەڵبجە هەندێک ناوچەی دیالە و خانەقین. لەدوای ئەوانیشەوە یەهودی و بەهائییەکان و سەردەمانێک جویەکی زۆریش لە عێراقدا نیشتەجێبوون بەڵام کۆچیان کردووەو عێراقیان جێهێشتووە. نوێنەرایەتی کەمینەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەمە نەتەوەو ئاینییەکانی عێراق لە سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ژێر کاریگەری هێزو لایەنە سیاسیەکانی عێراقدان، زۆرجار نەیانتوانیوە ئەندامەکانیان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکانی خۆیان بکەن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیان هێندە کەمە لەنێو ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکان لە توانایاندا نییە وەک پێویست پارێزگاری لە خواستی ڕەوای خۆیان بکەن، ئەوەی ئەوانی پاراستووە فشاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەرەکییە زیاتر لەوەی نوێنەرەکانیان بێت لە ئەنجومەنی نوێنەران. لەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران و بەپێی یاسا بەشێک لەو پێکهاتانە (٢.٣%)ی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بۆ تەرخان کراوە بە پێی سیستمی کۆتای پێکهاتەکان لە کۆی (٣٢٩) کورسی (٩) کورسییان بۆ تەرخان کراوەو و بەشێک لە پێکهاتەکانیش هیچ دەرفەتێکیان پێ نەدراوە. لە دواین هەڵبژاردنیشدا کە لە ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ ئەنجام درا زیاتر لە ٢٠ هاوپەیمانی و لیستی سەربەخۆ کێبڕکێیان لەسەر ئەو (٩) کورسییە کرد، بۆ شێوازی دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان (بڕوانە خشتەی ژمارە (١)). پێدانی ئەم دەرفەتە بە پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران هاوتا نییە بەوەی کە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەیە، چونکە تەنها تەرخانکردنی (٩) کورسی لە کۆی (٣٢٩) کورسی نیەتی پاکی سیستمی هەڵبژاردنی عێراق دەرناخات بۆ پێکهاتەکان خۆیان و ڕازیکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چونکە ئەم هەنگاوە بەس نییە بۆ پارێزگاریکردن لە مافی کەمینەکانی عێراق. بۆیە زۆرینەی کەمینەکانی عێراق پێیان وایە دووجار ستەمیان لێکراوە، جارێک ئەو ڕێژەیەی بۆیان دیاری کراوە گوزارشت لە قەبارەو مێژووی ڕاستەقینەی ئەوان ناکات، جارێکی تریش یاسای هەڵبژاردن بەس نییە بۆ پارێزگاریکردن لەوان، چونکە دەکەونە ژێر رەحمەتی حیزبە گەورەکانی عێراق. خشتەی ژمارە (٢) کورسی کۆتای تەرخانکراو بۆ کەمە ئاینی نەتەوەییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەرایەتی کەمینەکان لە پەرلەمانی کوردستان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بریتین لە پێکهاتەی نەتەوەیی و پێکهاتەی ئایینی و پێکهاتەی فەرهەنگی، پێکهاتەی نەتەوەییەکان بریتین له (كورد، توركمان، كلدانی ئاشووری سریانی و ئەرمەن) کە ئێستا سەرجەمیان پەرلەمانتاریان هەیە لە پەرلەمانی هەرێی کوردستان، پێکهاتە ئایینیەکان بریتین لە ئایینانە (ئیسلام، مەسیحی، ئیزیدی، کاکەیی، زەردەشتی، بەهائی، جوو، سابیئەی مەندایی) بەڵام پێکهاتە ئایینیەکان کورسی کۆتایان نیە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دیاری کراوی (ئێزیدی و کاکەیی)ە چونکە کریستانەکانی هەرێمی کوردستان بە ناونیشانی نەتەوەوە کورسی کۆتایان بە دەس هێناوە، بەڵام کوردی شیعە لە کوردستان پێیان دەڵێن (فەیلی) لەناو هەرێم وەک شیعە تەماشا دەکرین لە هەمان کات لەناو شیعە وەک کورد تەماشا دەکرین لە هەردوو لا بێ بەشکراون لە مافە سەرەتاییەکانیان. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی کورستان (پەرلەمانی کوردستان) لە 19/5/1992 ئەنجومەن پێکهاتبوو لە 105 کورسی، 100 کورسی گشتی و 5 کورسی پێکهاتەی مەسیحی. بەڵام کاتێک ململانێ لەسەر ئەو (5) کورسییە دەستی پێکرد لە هەڵبژاردن (4) لیستی پێکهاتەکە ململانێیان دەکرد، بەڵام تەنها (1) لیست کە هی (بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری) بوو لیستی مەسیحیەکان بوو و لەلایەن خۆیانەوە پێکهێنرابوو، (3) لیستەکەی تر لەلایەن پارتی و یەکێتی و حزبی شیوعی دروستکرابوون، لە ئەنجامدا بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری (4) کورسی هێنا و، لیستەکەی پارتی (1) کورسی هێنا و ئەوانی تریش هیچ کورسی. تاکە پەرلەمانتارەکەی پارتی بەناوی پێکهاتە دواتر کرایە بریکاری وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێم و، ئینجا وەزیری دارایی لەسەر پشکی پارتی و، پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانەوە ژمارەی کورسی پێکهاتەکان کرایە (11) کورسی (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢))، بەجۆرێك کە لە هەڵبژاردنی (30/1/2005) تا ئێستا بە بەردەوامی زۆرینەی ئەو کورسیانە، (9) کورسی یان زیاتر لەبەردەستی پارتییەو لە هەموو پڕۆسەیەکی دەنگدانی گرنگی ناو پەرلەمان ئەو دەنگانە بۆ پارتی وەكو پەرلەمانتارەکانی خۆی بۆی مسۆگەرن و، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو مەسەلەیە بۆ پارتی یەکلابۆتەوە. خشتەی ژمارە (٢) چۆن مافی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان کە لە كوردستان ـ عێراق دەرچووە، کە دانی بە کۆمەڵێک ماف داناوە بۆ پێکهاتەکان، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە بتوانرێ ئەو مافانە لەسەر زەمینەی ڕاستی جێبەجێ بکرێن، نەک تەنیا بە شێوەیەکی ڕواڵەتی بمێننەوە و ببنە مەرەکەبی سەر کاغەز. لە پێناو باشترکردنی دۆخی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان و بۆ ئەوەی مافی کەمینەکان باشتر بپارێزرێت، چاودێران پێشنیاری زۆریان خستووەتەڕوو، کە لەبەرچاوگرتنیان بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بەهێزتر دەکەن و ڕێگە خۆش دەکەن بۆ ئەوەی کەمینەکانیش خۆیان بە خاوەنماڵ بزانن لە هەرێمی کوردستان و هەست نەکەن کە هاوڵاتی پلە دوون، لەوامەش لەم نیشتمانەدا: 1. ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی و، هی پێکهاتەکان بە جیا بکرێت و، بەرمەبنای ئەوە بازنەی هەڵبژاردنیان یابکرێتەوە. 2. دروستکردنی لیستی تایبەت بە کەمینەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی تەنیا ئەو کەسانەی کە سەر بەو کەمینانەن بتوانن لە هەڵبژاردنی کورسی کۆتاکاندا بەشداری بکەن و، هیچ لایەنێکی تر نەتوانێ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی نوێنەری کەمینەکاندا بکات لە پەرلەمانی کوردستاندا. 3. بەپێی مادەی ١/بڕگەی دووەم لە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، ئەم پێکهاتانە لە هەرێمی کوردستان بریتین لە کۆمەڵە نەتەوەییەکان (تورکمان، کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن) و کۆمەڵە ئایین و ئایینزاکان (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی، زەردەشتی و هی دیکە). بۆیە وا باشە کورسی بۆ ئەو پێکهاتانەی تر دیاریی بکرێت کە کورسی کۆتایان نیە. 4. دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان، کە ئەرکیان بریتی دەبێت لە ڕاوێژ و پرۆژەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەمینەکان و بەشدارییکردن لە داڕشتنی یاسا و ڕێسا و سیاسەت و ستراتیژ و پلانی درێژخایەن بۆ دابینکردنی هەرچی باشتری مافی کەمینەکان و بەشداری کارای کەمینەکان لە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان لە هەموو جومگە و دامودەزگاکانی حکومەتدا. 5. لایەنە سیاسییە کوردییەکان وا باشە خۆیان لە دروستکردنی حیزب و پارتی سیاسی ئاراستەکراو و کارتۆنی لەناو کەمینەکاندا بە دوور بگرن، هەر وەک چۆن کورد نایەوێت دەسەڵاتی عەرەبی لە عێراق ئەم ڕەفتارە بەرامبەر بە ئێمە ئەنجام بدات. 6. بەشداریی کەمینەکان لەناو سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی کوردستاندا بەشدارییەکی کارا و ڕاستەقینە بێت، نەک تەنیا بۆ ئارایشتکردنی سیستەمی سیاسی بێت لە پێش چاوی وڵاتانی تر. 7. بۆ کەمینەکانیش وا باشە خۆیان تێکەڵ بە هەندێ ململانێی سیاسی نەکەن کە زیان بە پێگە و بەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنێت. کارابوون بەو واتایە نیە کە پێویستە خۆت تێکەڵ بە هەموو ململانێ و هاوکیشەیەک بکەیت، بەڵکوو هەندێ جار بێلایەن مانەوە بەرژەوەندییەکان دابین دەکات. سەرچاوەکان 1. فارس الخطاب، الأقليات الدينية والعرقية في المعادلة السياسية العراقية، مرکز الجزیرة للدراسات، علی الموقع؛ https://studies.aljazeera.net/ar/article/4691?fbclid=IwAR0fO9Uf_vgWDawzuCDG--hIgz6jV_GZzwjybg0QCHy-2rv92TCtapoPt7I 2. عمار عزيز، مقاعد كوتا المكونات بين مخاوف التشتت وطمع الأحزاب الكبيرة، علی الموقع؛ https://kirkuknow.com/ar/news/62142 3. کەمال حەمزە، نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، پێگەی؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=6195&Jmare=15536 4. ئازاد وەڵەد بەگی، کەمینەکانی کوردستان وەک خۆیان، پێگەی؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=1085&Jmare=15549