Draw Media

هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر ناوچەی زاپ دەستیپێكردووە

هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر ناوچەی زاپ دەستیپێكردووە

2022-04-18 06:27:14


 درەو:
بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) شەوی ڕابردوو سوپای توركیا بە فڕۆكە و هێلكۆپتەری جەنگیی بە چڕیی ناوچەكانی ( زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ)ی بۆردوومان كردووە و هەوڵیداوە سەربازەكانی لە ئەشكەوتی برینداران لە ناوچەی زاپ دابەزێنێت، بەڵام لەلایەن گەریلاوە ڕووبەڕوویان بونەتەوەو لەناوچەی زاب هەشت سەربازی توركیا كوژراون.
میدیاكانی نزیك پەكەكە بڵاویانكردەوە هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا لە رۆژی ١٤ی نیسانەوە بە چڕی دەستیپێكردووە، كۆپتەرە هێرشبەر و سكۆرسكییەكانی سوپای توركیا ئەمشەو دەستیانكرد بە هێرشی چڕ بۆ سەر زاپ.
میدیاكانی نزیك پەكەكە ئەوەشیان بڵاوكردووەتەوە لە هەمان ڕۆژی سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیك وردستان بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری (میتی)ی توركیا، دەوڵەتی توركیا  هێرشێكی بەرفراوانی بۆسەر ناوچەكانی زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ دەستپێكرد و نیوەشەوی ڕابردووش، توركیا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەی بە فەرمیی ڕاگەیاند.

ڕۆژی ٢٦ی ئازاری رابردوو، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ئاشكرایكرد، كە پارتی و دەوڵەتی توركیا پیلانیان داڕشتووە، لە ١٥ی نیسانەوە هێرشێكی نوێ بۆسەر گەریلاكانی پەكەكە دەستپێبكەن  و داوای كرد، هەموان ڕۆڵیان هەبێت تاكو بەر بەو پیلانە بگیرێت.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand