حكومەت: داهاتی نەوت (ملیارێك و 128 ملیۆن) دۆلار بووە
2022-04-19 07:12:28
درەو: ئالان بەرزنجی
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاری رابردوودا ( ملیارێك و 128 ملیۆن) دۆلار بووە، (551 ) ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەت ماوەتەوە واتا (810 ملیار) دینار كە نزیكە لە موچەی موچەخۆران، بە بێ داهاتی نەوت و پارەی هاوپەیمانان و (200) ملیار دینارەكەی بەغداد.
بەپێی راپۆرتێك كە لە كۆبونەوەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیری سامانە سروشتیەكان خوێندرایەوە فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم بۆ مانگی ئازاری 2022 بەم شێوەیە بووە.
رۆژانە: 421 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە
مانگی ئازار: 11 ملیۆن و 180 هەزار بەرمیلی (فرۆشتووە)
تێكڕای نرخی بەرمیلێك: 100 دۆلار و 88 سەنت بووە
كۆی گشتی داهات: ملیارێك و 128 ملیۆن دۆلار بووە
خەرجی كۆمپانیاكان: 472 ملیۆن دۆلار 42%
كرێی بۆری: 60 ملیۆن دۆلار 5%
قەرزی كۆمپانیاكان: 45 ملیۆن دۆلار 4%
كۆی خەرجی نەوت:577 ملیۆن دۆلار 51%
كۆی پارەی ماوە بۆ حكومەت: 551 ملیۆن دۆلار 49%
واتا كۆی داهاتی نەوت بۆ حكومەت (810 ) ملیار دینار كە موچە پێویستی بە (900) ملیار دینار هەیە، واتا تەنیا پارەی داهاتی نەوت نزیكە لە دابینكردنی موچە جگە لە داهاتەكانی تر.
داهاتی ناوخۆ نزیكەی : 370 ملیار دینار
پارەی هاوپەیمانان: 31 ملیار دینار
پارەی بەغداد: 200 ملیار دینار.
واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی لەبەردەست بوو كە موچەی مانگی ئازار دابەش بكات و پێش جەژنی رەمەزانیش دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی نیسان بكات، بەڵام بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچەی دواخراوە بۆ ئەوەی پێش جەژن موچەی مانگی نیسان دابەشنەكرێت و بكەوێتە دوای پشووەكانی جەژن كە نزیك دەبێتەوە لە 10ی ئایار