Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو: سێ كۆمپانیای نەوت كە لە پێنج كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كاردەكەن (83 ملیۆن) دۆلار و  شایستەی دارایی مانگی كانوونی یەكەمیشیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتوە،  كۆی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو كێڵگانە ( 205 هەزار ) بەرمیلی رۆژانەیە و (45%)ی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن.   دەقی ڕێكخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەكانی نەوت سێ کۆمپانیا کە لە پێنج کێڵگە کاردەکەن ڕایانگەیاند کە شایستەی دارایی مانگی کانوونی یەکەمیان وەرگرتووە. شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١- کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور) هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی کانوونی یەکەم بریتی بووە لە٤٣٫١ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە ٣٢٫٦ ملیۆن دۆلاری پشکی دی ئێن ئۆ بووە و بڕی ١٠٫٥ ملیۆن دۆلارپشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی یە. دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە. شایانی باسە شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەراورد بەمانگی پێشوو ڕێژەی ١٢٪ زیادی کردووە ڕێژەی ٢٧٪ بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم زیادی کردووە ئەوەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە. ٢- کێڵگەی شێخان لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە ١٨ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی کانوونی یەکەمیان وەرگرتووە، بە پێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، بڕی ١٤٫١ ملیۆن دۆلار پشکی ئەوان بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ) دەبێت کە دەکاتە ٣٫٩ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ)پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. هەروەها بەپێی نوێترین زانیاری ئاستی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە زیادی کردووە و لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا گەشتووەتە ٣٩ هەزار بەرمیل و لە کانوونی یەکەمدا بۆ ٤٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە. داهاتی کۆمپانیاکان لەم مانگەدا بەڕێژەی ٦٥٪ بەراورد بە مانگی پێشو زیادی کردووە کە ١٠٫٩ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تشرینی دووەمیان بووە. ٣- کێڵگەی ئەتروش کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ١٩٫٢ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شامارانی پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە و بڕی ٦٫٥ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. ئەوی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتییە کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە پشکی شایستە داراییەکەی دەکاتە ١٢٫٧ ملیۆن دۆلار. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ٤٦,١ هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٠٢٠/٣/٢٧ دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەڕێژەی ٣١٫٥٪ زیادی کردووە بەراورد بەمانگی پێشوو. ٤- کێڵگەی سەرتە بۆ یەکەم جار کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی شایستەی دارایی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەردەگرن. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە ٢٫٩ ملیۆن دۆلار بووە و پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ١٫٤ ملیۆن بووە و ئەو ١٫٥ ملیۆنەی دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای شیڤرۆنی. ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنەری بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە ٥٫٥٠٠ بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا. کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە. ٥ – کێڵگەی تەق تەق کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕابوردوودا شایستەاراییەکانی ڕاگەیاندووە ، بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت چاوەڕێ دەکەین لە چەند ڕۆژی ئایندەدا شایستەی مانگی کانوونی یەکەم وەربگرین لەگەڵ ڕێکەوتن لەسەر خەرجی ٢٠٢٠ دا . بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت لەڕاگەیەنراوێکی تردا بڕەکەی ڕاناگەیەنین. گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە و کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٤% هەیە و بەیەکەوە کۆمپانیای (تی تی ئۆ پی سی ئۆ) پێکهێناوە وکۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەکە. بەرهەم لەم کێڵگەیە بۆ ٨ هەزار و و ٥٨٠ دابەزیوە لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵدا ١١,٢٦٠ بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی ٢٤٪ بەرهەم کەمی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە زۆر کەمی کردووە بەراورد لەساڵی ٢٠١٥ کە ئەوکات ڕۆژانە ١٢٨ هەزار بەرمیل بەرهەمی بوو، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوێکی زۆر بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە بەرهەمی لە زۆر کەمی کرد و بەردەوامیش بەرهەمی بەکەم کردندایە. هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێن HKN لە کێڵگەی سەر سەنگ و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم FORZA PETROLEUM لە کێڵگەی هەولێر لە ئێستادا شایستەکانیان بۆ مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم تائێستاڕانەگەیاندووە. زۆر جار ئەم دوو کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانیان ڕادەگەیەنن. کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە و گازپرۆم لە گەرمیان دوو کۆمپانیان تائێستا بەهیچ شێوەیەک شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە. کۆی شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایەنە لەو چوار کێڵگەدا وەریان گرتووە بریتییەلە ٨٣٫٢ ملیۆن دۆلار و کۆی بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو چوار کێڵگەیە دەکاتە ٢٠٥٫٦٥٠ بەرمیل کە بەیەکەوە نزیکەی ٤٥٪ ی بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنن. لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ڕابوردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا دە (١٠ )مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی کانوونی یەکەمە. وەهەر لە مانگی ئازاردا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاندووە کە شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی یەکەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار. بەپێی ڕاگەیاندنی کۆمپانیا نەوتییەکان لەم چەند مانگەدا چاوەڕێ دەکەن شایستە دواخراوەکانیان وەربگرنەوە.


(درەو): شوێنی ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە بە هەڵبژاردن پڕدەکرێتەوە، ئەو پەرلەمانتارانەی پابەند نین بە سیاسەتی گۆڕانەوە دواین ئاگادارکردنەوەیان پێدەدرێت، ئەمە بڕیارەکانی کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی کۆبووەوە. جڤاتی نیشتمانی کە بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەکەدا، بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو) له کۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی حزبەکەوە، چەند بڕیارێکی داوە کە ئەمانەن: یەکەم: جڤاتی نیشتمانی بەدەنگدان شوێنی ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن پڕدەکاتەوە کە بەمدواییە دەستیان لەکارکێشاوەتەوەو بریتین لە هەریەکە لە (جەلال جەوهەر، شەماڵ عەبدوەلوەفا، عەدنان عوسمان)، بەگوێرەی بڕیارەکەی جڤاتی نیشتمانی دەبێت ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەکە ناوی ئەو کەسانە وەرگرێت کە خۆیان بۆ ئەو سێ پۆستە بەتاڵەی خانەی راپەڕاندن کاندید دەکەن و دواتر سیڤی ئەو کەسانە بخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی بەمەبەستی هەڵبژاردنیان بۆ پۆستەکان. دووەم: جڤاتی نیشتمانی بڕیاریداوە بزوتنەوەکە دواین ئاگادارکردنەوە بە ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی حزبەکە لە پەرلەمانی کوردستان بدات، ئەگەر ئەوان پابەندنەبوون بە سیاسەتەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، لە قۆناغی دواتردا رێوشوێنی دەرکردنیان لە بزوتنەوەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و بەشێک لە فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان بەتەواوەتی پەیوەندی ئۆرگانی خۆیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دابڕیوەو بەردەوام رەخنە لە بزوتنەوەکەیان دەگرن و بەپێچەوانەی رێککەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و پارتی مامەڵە دەکەن، ئەمەش پارتی لە سەرکردەکانی گۆڕان نیگەران و توڕە کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، رۆژی ١٧ی ئەم مانگە پارتی بەفەرمی لەڕێگەی سیداد بارزانی برای مەسعود بارزانییەوە پەیامێکی گەیاندوەتە مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم لە پشکی گۆڕان، لە پەیامەکەدا سیداد بارزانی داوای لە مستەفا سەید قادر کردووە، بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق روون بکاتەوە کە بەوتەی ئەو "چونەتە بەرەی نەیارانی کوردەوە". دوای پەیامەکەی سیداد بارزانی، کۆبونەوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە بەڕێوەچوو، له کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا، بڕیاردان لەسەر چارەنوسی فراکسیۆنەکەیان لە بەغداد بدرێته دەست جڤاتی نیشتمانی. بەر لە کۆبونەوەی خانەی راپەڕاندن، چەند رۆژێک عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی گۆڕان لەگەڵ کەسانی دەوروبەری خۆیدا تاتوێی بڕیاری دەرکردنی پەرلەمانتارەکانی بەغدادی کرد لە ریزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دواجار نەتوانی بڕیار لەوبارەیەوە بدات. هەواڵی پەیوەندیدار  


درەو: راپۆرتی: رێناس ساڵەح - نەوژین ئێوارەی رۆژی ٩ ئەیلول دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەی ٦ رۆژ لە گۆڕێكدا تەرمی دو خوشک بەکوژراوی لەگوندی برایم ئاغاى ناوچەی شوان، لەنزیك قەزای ‏چەمچەماڵ، دۆزرایەوە دوای چەند مانگێک لە روداوەکە دایکی کچەکان دەرکەوت و بە گریانەوە دەڵێت: ”ئەگەرچی جگەرم سوتاوە بەڵام ناتوانم سکاڵا ‏لەسەر باوکیان تۆماربکەم“. ئەو رێکخراوەشی چاودێری کەیسەکەدەکات ئاماژەبەوەدەکات ”ئەم دو خوشکە چونەتە شەڵتەر مەترسی مەرگ لەسەریان بوە ‏کەچی دارونەتەوە دەست بکوژەکە“. پۆلیس چوار کەسی تێوەگلاوی لەتاوانەکە دەستگیرکردوە.‏ هەڵهاتن لە ماڵەوە  ‏ رۆژی ١٧ی تەمموزی ٢٠٢٠ ئاوارە فەقێ حەسیب (١٩ساڵ) و  هێلینی خوشكی كە (١٧) ساڵە، دەچنە نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان ‏لە قەزای چەمچەماڵ، و دەڵێن" مەترسیمان لەسەرە". ‏ هێمن حاجی علی، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەیی توندوتیژی خێزانی و ئافرەتانی قەزای چەمچەماڵ، باسی لە هاتنیان کرد بۆ نوسینگەکەیان و بۆ ‏نەوژین وتی: ئەو دوخوشکە هاتنە نوسینگە وتیان باوکمان توندوتیژی بەرامبەر کردوین مەترسیمان لەسەرە سکاڵایان دژ بە باوکیان تۆمارکرد، دوای ‏ماوەیەک داوکاریان ‏کرد بەوەی بگەڕێنەوە بۆ لای باوکیان بەڵام ئێمە لەبەر پاراستنی ژیانیان لەگەڵ بەڕێز دادوەی لێکۆڵینەوە رێگریمان کرد لە ‏گەڕانەوەیان، جارێکیتر دوبارە ‏داواکاریان پێشکەشکرد بگەڕێنەوە لەبەر ئەوەی هەرداواکاریەک کە پێشکەش دەکرێت بە پێی پەیڕەوی دادگا دەبێت بە هەند ‏وەربگیرێت بۆ ئەوەی ئیشی ‏لەسەر بکرێت ئەوکات لەسەر داواکاری خۆیان و بەڵێننامەی باوکیان و پورێکیان گەڕانەوە لای کەس وکارەکەیان دواتر ئەو ‏روداوە گەورەی لێکەوتەوە.‏ لە رۆژی ١١ ئاب بەڵێنامەکە بۆ پارساتنی ئاوارەو هێلین واژۆکراوە.‏ هێلین و ئاوارە بۆ کوژران؟ ئاوارەو هێلین دایک وباوکیان ساڵی رابردو جیابونەتەوە ئەوان لەگەڵ باوکیان و خوشێک و برایەکیان دەژیان دوای ٢٥ رۆژ لە هاتنەدەرەوەیان لەشەڵتەر ‏بەفیشەک کۆتایی بە ژیانیان دەهێندرێت وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ”باوکیان فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوە وەک بکوژی دوکچەکەی لەگەڵ برایەکی دو ‏خوشکەکە“. ‏ سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلیمانی بۆ نەوژین وتی: چوار کەس وەک تۆمەتبار لە دۆسیەی کوشتنی دو خوشکەکەی چەمچەماڵ دەستگیرکراون ‏کە مامی کچەکانن بەڵام بکەری سەرەکی تاوانەکە باوکی کچەکانە دەستگیرنەکراوە و شوێن بزرە بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە هاوسنورە لەگەڵ شارەکانی ‏خواروی عێراق تاوانباران بە ئاسانی هەڵدێن.‏ لە بەرامبەردا بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی شۆخان ئەحمەد، لە بارەی دەەستگیرنەکردنی بکوژەکانەوە دوای نزیکەی چوارمانگ بۆ نەوژین، وتی: ‏‏”باوک و براکەیان هەر لەشارەکانی نزیک چەمچەماڵ دەژین رەنگە هاتوچۆش بکەن ئێمە پەیوەندیمان کردوە بە زۆر لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدارەوە کە ‏ئەوانیش لەگەڵمان بن بۆ دۆزینەوە ئەو کەسانە بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە“.‏ ‏”دوای دەستکەوتنی زانیاری دەرکەوت مامەکانیشیان بەشداربون لە شاردنەوەی تەرمی کچەکان پاش دەستگیرکردنیان دانیانبەوەداناوە دوای کوشتنی ‏کچەکانی فەقی حەسیب، پەیوەندی پێوەکردون وتویەتی وەرن بیشارینەوە“. سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمە دەڵێت.‏ بە پێی راپۆرتی تیمەکانی بەڵگەی تاوان لە پارێزگای سلێمانی شوێنەواری فیشەک بە جەستەی ئاوارەو هێلینەوەبوە یەكێكیان فیشەك بەسەریەوەبوە و ‏ئەوی تریان بە جەستەیەوەیە.‏   گوندی برایم ئاغاى ناوچەی شوان، لەنزیك قەزای ‏چەمچەماڵ، ئەو گۆڕەی ئاوارەو هێلینی بە کوژراوی تێدا دۆزرایەوە وێنە: هێمن ئەحمەد فەقێ حەسیبی باوكیان، دو ژنی هێناوە و لە هەردوكیان جیابۆتەوە، بە وتەی کەس وکاری کچەکان منداڵەکانی زۆر بێدەنگ بون هەرگیز کارێکی خراپیان ‏لێنەبینیون، بەڵام وەڵامی ئەو پرسیارە ماوەتەوە فەقێ حەسیبی، باوكیان کەئاخۆ بۆچی کوشتونی؟ تاوەکو کاتی دەستگیرکردنی و دانان بە تاوانەکەیدا ‏ئەم پرسیارە بێ وەڵام دەمێنێتەوە.‏ ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تاوەکو ئێستا بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاروبونەوەی توندوتیژی خێزانی و ئافرەتان، ‏بەفەرمی بڵاوی نەکردوەتەوە ئەوەشی کەهەیە لە سەر ماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەکەیان بەشی زۆری مانگەکان خانەکانی بە بەتاڵی ماوەتەوە دەوترێت لە باری ‏پێداچونەوەیە تەنها مانگی دیسەمبەر ئامارەکانی بەگشتی تێدایەو لەو مانگەدا لە هەریم ٢٥ ژن کوژراون.‏ هاوکات بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە ماوەی ساڵی (٢٠١٠ بۆ ساڵی ٢٠١٩) کە ماوەی دەساڵ دەکات (٤٦٤) ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون.   هەڕەشەو فشار دایکیان بێدەنگ دەکات دایکیان بەردەوام دەگیرێت لە باردۆخێکی سەختدایە ئەو ژیانێکی دیکەی پێکهێناوە لەو کۆمەڵگەیەشی کە تێدا دەژێت بارودۆخ بۆ ژنان زۆر سەختە.‏ ‏”دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆرتوانیمان دایکی کچەکان بدۆزینەوە ئامادەی بکەین لە بنکەی پۆلیس لەوێ ئیفادەی خۆیدا ئێمە وەک پارێزەرانی رێکخراو بۆ ‏دایکەکەمان رونکردەوە کە کارئاسانی بۆ دەکەین، بەڵام بەداخەوە لەژێرفشارو هەڕەشەیەکی زۆردا لەبەر ئەوەی ئەم چۆتە ژیانێکی ترەوە ئامادە نەبو ‏سکاڵابکات لەسەر ئەو کەسەی کە کچەکانی کوشتوە بەردەوام دەگریا لە باردۆخێکی زۆر سەختدابو“. شۆخان ئەحمەد، بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری ‏یاسایی، بۆ نەوژین ئەمەی وت.‏ وتیشی: ”لەوکاتەی دایکەکە سکاڵا تۆمارناکات ئێمە ناتوانین ببین بە پارێزەری کەسی بۆ دۆسیەکەو بچینە دۆسیەکەوە، بەدایکیانمان وت هەركاتێک ‏پەشیمان بویەوە ویسی هەر زانیاریەیەک بدات ئێمە دەتوانین هاوکاری بکەین بەڵام لە رێگەی داوکاری گشتی چەمچەماڵەوە لەسەر خەتین کە زۆر هاوکارە ‏لەم دۆسیەیە بەبەردەوامی چاودێری ئەو دۆسیەیەدەکەین لەناو بنکەی پۆلیس، دواکاری گشتی ،دادگا“.‏ ئەگەر دایکەکە سکاڵابکات ئەو کات سکاڵاکارێک لەناو دۆسیەکەدا دەبێت واتە کەسێک ئەبێت بە سکاڵاکار لەناو دۆسیەکە ئەوکات پارێزەر بۆ دۆسیەکە ‏داندەنرێت دەتوانێت بەڵگەی زیاترو زانیاری زیاتر کۆبکاتەوە لەسەر تاوانبارەکان بەڵام سکاڵاکەر نەبێت تەنها داواکاری گشتی داوەکە دەجوڵێنیت. شۆخان ئەحمەد، دەڵێت: بەمهۆیەوە دۆسیەکە کەمو کورتی دەبێت لە زانیاریەکان و خاویەکی پێوەدیارە پرۆسەکە ئەوکات تاوانبارەکان بە ئاسانی هەڵدێن ‏دۆسیەکە بە ئاسانی دوادەخرێت یان دادەخرێت بۆیە بونی سکاڵاکار زۆر گرنگە.‏ ‏”کوشتنی ئاوارەو هێڵین پێمان دەڵێت دەبێت یاساو رینمایەکان بگۆڕدرێن“‏   لە ساڵی ٢٠٢٠ چوار روداوی کاریگەری کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران کە قوربانیەکان پێش کوژرانیان بۆ پاراستنی ‏گیانیان رویان کردبوە شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنان، یەکێک لە روداوەکان کوژرانی ئەم دو خوشکەی قەزای چەمچەماڵ بون.‏ ‏”لە هەر ڕوداوێک کە رودەدات دەبێت حەزەربکەین و بەخۆماندا بچینەوەو ئەبدەیتی ئیش و کارەکانمان بکەین، بەڵام ئێمە بە پێی ‏یاسایەک کارەکەین، کە ‏یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیەی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ یە، ئەم یاسایە دەستمانی ‏بەستوە ‏رادەستکردنەوەی کەیسەکان میکانیزمێکی هەیەڵەیە هەڵەیە ناکرێت بەرامبەر بەڵێنامەیەک کە هیچ قوەیەکی قانونی نیە کەیسێکی ‏خەتەر بەنمونە ‏ئەوەی ئەو دوخوشکە دەدەیتەوە دەست باوکەکەی دەبێت بیر لەرێگە چارەسەی دیکە بکەینەوە“. ئەمە قسەکانی هێمن ‏حاجی علی، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتان لە قەزای چەمچەماڵە.‏ لەبارەی ریگای دیکەوە شۆخان ئەحمەد وتی: ”لە کۆبونەوەکەیەکی راوێژکاریدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠  بڕیاردرا رێنمایەکانی چونەدەروەی ژنان لە ‏شەڵەتەرەکان بگۆڕدرێت و توندبکریتەوە چونکە زۆرجار دادوەرەکە بە تەلەفۆن بڕیار دەدات بە چونە دەرەوەی ژنەکە بۆیە دەبێت لیژنەیەک لە سەنتەری ‏راوێژکاری خێزانی راپۆرتێکی تێروپڕ بنوسێت ئەوکاتە حاکم بڕیاربدات ئەم ژنە دەچێتەدەرەوە یاخود نا دواتریش پێویستە بەدواداچون هەبێت بۆ کەیسەکان ‏کە لە شەڵتەر دەچنە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کە تاچەند ژیانیان پارێزراوە“.‏ ئەو ئافرەتانەی رودەکەنە شەڵتەرەکانی داڵدان ئەگەر تەمەنیان سەروی ١٨ ساڵ بێت بە پێی داواکاری خۆیان دادوەر رەزامەندی دەدات بە گەڕانەوە لەو ‏کاتەشدا کەسێک بەشێوەیەکی رەمزی دەبێتە کەفیل بۆ پارستنی ژیانی.‏ لە بەرامبەردا تاڤگە فەیزوڵلا، بەڕێوبەری ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکرا لە شاری هەولێر بەنەوژینی راگەیاند: کە هیچ نوسراوێکی لەو شێوەیە تاوەکو ‏ئێستا نەگەشتۆتە دەستی ئەوان بۆ ئەوەی رێکارەکان گۆڕانکاری تێیدا بکرێت.‏   مەراسیمی ماڵئاوی ‏ ئەگەرچی لە چاڵێکدا بە بێنازی و تەرمەکانیان دۆزرانەوە، بەڵام لەکاتی بەخاسپاردنی ئاوەرەو هێلین بەرپرسانی شارەکەیان بەشداردەبن و لە مەرسیمێکدا ‏بەڕیزەوە بەرو دوامەنزڵگەیان بردن و بەخاکیان سپاردن.   قەزای ‏چەمچەماڵ، مەراسیمی ناشتنی "ئاوارە و هێلین" وێنە: داستان مارف لە مەراسیمی ناشتنیان رمك رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمجەماڵ رایگەیاند”ئێمە بوین بە برا، مام، خاڵ و خزم و کەسی هێلین و ئاوارەو ئەمڕۆ ‏لەگەڵیانین بۆ ماڵئاوایی“.


(درەو): جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستە بەتاڵەكانی لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پڕدەكاتەوە كە سێ كەسیان دەستیان لە ئەندامێتی ئەو خانەیە كێشاوەتەوە، دوو پێشنیاز هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستەكان.  ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئۆرگانێكی راوێژكارییە كۆدەبێتەوە، سبەینێش جڤاتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەدا.  بڕیارە لە كۆبونەوەی سبەینێی جڤاتی نیشتمانیدا، بڕیار بدرێت لەسەر میكانیزمی چۆنیەتی پڕكردنەوەی شوێنی ئەو كەسانەی كە لەخانەی راپەڕاندن دەستیان لەكاركێشاوەتەوە. خانەی راپەڕاندن بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەكەدا، ئەم خانەیە لە (7) كەس پێكدێت، كە یەكێكیان رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیە، لەماوەی رابردوودا سێ كەس لە ئەندامانی ئەم خانەیە بەهۆكاری جیاواز دەستیان لەكاركێشایەوە كە بریتین لە هەریەكە لە (جەلال جەوهەر، شەمال عەبدولوەفا، عەدنان عوسمان). بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، خانەی راپەڕاندن لەبارەی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان كۆبوەتەوە‌و بڕیاریداوە، ئەم بابەتە بگەڕێنێتەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی بۆ ئەوەی جڤات بڕیاری لەسەر بدات.  (درەو) زانیویەتی، ئێستا دوو پێشنیاز لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەن سەبارەت بە چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانی خانەی راپەڕاندن. پێشنیازی یەكەم: بەگوێرەی هەڵبژاردن‌و دەنگی كاندیدەكانی خانە، لەشوێنی ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، ئەو كەسانە دابنرێن كە لەدوای ئەوان دەنگی زۆرینەیان هێناوە، بەپێی ئەم میكانیزمە (ئاسۆ رەحیم) دەچێتە شوێنی (شەمال عەبدولوەفا) هەروەها (زمناكۆ جەلال) شوێنەكەی (عەدنان عوسمان) پڕدەكاتەوە، بەڵام (جەلال جەوهەر) لە هەڵبژاردندا كاندیدی ركابەری نەبووە‌و نازانرێت شوێنەكەی بە چ كەسێك‌و میكانیزمێك پڕدەكرێتەوە. پێشنیازی دووەم: جڤاتی نیشتمانی سەرلەنوێ هەڵبژاردن‌و دەنگدان بكات بۆ كاندیدی نوێ بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەو سێ كەسەی كە دەستیان لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن كێشاوەتەوە. 


  راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت (درەو) كۆنوسی چەند كۆبونەوەیەكی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دەستكەوتووە، لە هەموو ئەو كۆبونەوانەدا وەفدی گۆڕان داوای پڕكردنەوەی پۆستەكانی لە پارتی كردووە‌و بەهیچ شێوەیەك باسی ئەنجامدانی چاكسازی لە حكومەتدا نەكراوە، پارتی بەڵێنی بە گۆڕان داوە پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی پێبدات‌و شوێنێكی تر بۆ جەبار یاوەر بدۆزێتەوە، لە یەكێك لە كۆبونەوەكاندا، وەفدی گۆڕان داوای وەرگرتنەوەی پۆستی ئەو كەسانەی كردووە كە لەسەر گۆڕان دانراون‌و دواتر بوون بە پارتی. كۆبونەوە لەپێناو پۆستدا سێ مانگ دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، چووە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ تیمی پارتی. لە سەرچاوەیەكەوە لەناو تیمی حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، (درەو) كۆنوسی ئەو زنجیرە كۆبونەوانەی نێوان تیمی گۆڕان‌و پارتی دەستكەوتووە‌و هەندێكیان بڵاودەكاتەوە. بەگوێرەی ئەوەی لە كۆنوسەكاندا دەردەكەوێت، لەو كۆبونەوانەدا گۆڕان‌و پارتی تەنیا لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان قسەوباسیان كردووە‌و بەهیچ جۆرێك نەچونەتەسەر بابەتی چاكسازی‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حكومەت.   گفتوگۆ لەبارەی پۆستەكانی گۆڕان رۆژی 14ی تشرینی یەكەمی 2019 تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ تیمی پارتیدا كۆبوەتەوە، نوێنەرەكانی گۆڕان لەم كۆبونەوەیەدا بریتی بوون لە هەریەكە لە: •    دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە •    ئاكۆ حەمەكەریم راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران نوێنەری پارتی لە كۆبونەوەكەدا بریتی بوون لە هەریەكە لە:  •    ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران •    شەعبان شەعبان سكرتێری تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەگوێرەی ئەو كۆنوسەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، لەم كۆبونەوەدا، نوێنەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم داواكارییانەیان لە نوێنەرەكانی پارتی كردووە:  •    بەدیهێنانی ئیستحقاقی بزوتنەوەی گۆڕان (پۆست) لە هەموو دامەزراوەكانی هەرێمدا بەتایبەتیش لە ئەنجومەنی شورا، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران‌و دەستەكان. •    رێككەوتنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێری نێوان گۆڕان‌و پارتی جێبەجێ بكرێت‌و ئیستحقاقی گۆڕان تەواو بكرێت. •    تیمی پارتی لە حكومەت ئاماری سەرجەم بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان لە هەموو جومگەكانی دەسەڵات بدات بە گۆڕان نەك تەنیا ئاماری بەڕێوەبەرو راوێژكار لەناو وەزارەتەكان. •    تیمی گۆڕان داوای پۆستی بەرپرسی سێ نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە لە دەرەوەی وڵات، لەوانە نوێنەرایەتی بەریتانیا‌و بەلجیكا.  لەم كۆبونەوەیەدا تیمی پارتی لە حكومەت بەمشێوەیە وەڵامی داواكارییەكانی تیمی گۆڕانیان داوەتەوە:  •    ئێمە تەنیا رێككەوتنی نێوان پارتی‌و گۆڕان جێبەجێ دەكەین‌و دەسەڵاتی دانوستانمان نییە‌و پێویستە ئەو پرسانە لەئاستی باڵادا یەكلایی بكرێنەوە.  •    تیمی پارتی داوای ناوی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كردووە بۆ پۆستی بریكاری وەزارەتەكان‌و پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی‌و سەرۆكی سندوقی نەوت‌و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە. •    تیمی پارتی وتویانە" پێویستمان بەكاتە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ یەكێتی بكەین‌و داوامان لە یەكێتی كردووە دوو كەس دیاری بكەن بۆ ئەوەی لیژنەیەكی هاوشێوەی ئەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتیش دروست بكەین". •    تیمی پارتی بەڵێنیانداوە لە دانیشتنی داهاتوودا ئاماری ژمارەی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكارەكان بدەن بە تیمی گۆڕان. •    تیمی پارتی وتویانە بەپێی بەركەوتی هەڵبژاردن، دوو نوێنەرایەتی دەرەوە بەر بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێت لە ئێستادا سوید‌و روسیا چۆڵە، گۆڕان دەتوانێت ناو پێشكەش بكات، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمەی رەتكردوەتەوە. بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەو كۆنوسە، لە هەرێمی كوردستان‌و لەسەر ئاستی وەزارەتەكان (120) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەیە‌و پۆستەكان تا ئەوكات بەمشێوەیە دابەشبووە: •    (65) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای پارتییە كە دەكاتە 54%ی تێكڕای پۆستەكان •    (43) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای یەكێتییە كە دەكاتە 36%ی تێكڕای پۆستەكان •    (2) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای بزوتنەوەی گۆڕانە كە دەكاتە 1%ی تێكڕای پۆستەكان.  •    (1) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای یەكگرتووی ئیسلامییە •    (3) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای مەسیحییەكانە •    (1) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لای حزبی شیوعییە بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەو كۆنوسەی كە تیمی گۆڕان لە حكومەت بۆ خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەیان نوسیوە، پێشبینی دەكەن دابەشكاری پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەمشێوەیەی لێ بێت:  •    (72) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بۆ پارتی‌و هاوپەیمانەكانی كە بەتێكڕا (54) كورسییان لە پەرلەمان هەیە •    (28) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بۆ یەكێتی كە خاوەنی (21) كورسییە لە پەرلەمان •    (16) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كە (12) كورسییان لە پەرلەمان هەیە تیمی بزوتنەوەی گۆڕان نوسیویانە، بزوتنەوەی گۆڕان (16) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی بەردەكەوێت، دوانیان ئێستا دەوام دەكەن (دارایی‌و بازرگانی)، سەرباری ئەمە دوو پۆستی تری بەڕێوەبەری گشتییان بەردەكەوێت، یەكێكیان لە (پەرلەمان)‌و ئەوی تر لە (فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، بەمشێوەیە بەوتەی ئەوان گۆڕان (18) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لە كابینەی ئێستای حكومەتدا بەردەكەوێت. پۆستی راوێژكارەكان هەر لەو كۆنوسەدا كە ئاڕاستەی خانەی راپەڕاندنی حزبەكەیان كردووە، تیمی گۆڕان لە حكومەت دەڵێن، لەسەر ئاستی وەزارەتەكان (74) پۆستی راوێژكار هەن كە بەمشێوەیە دابەشبوون: •    (26) پۆستی راوێژكار لای پارتییە •    (14) پۆستی راوێژكارلای یەكێتییە •    (1) پۆستی راوێژكاری لای یەكگرتووە •    گۆڕان هیچ پۆستێكی راوێژكاری نییە •    (28) راوێژكار بەتاڵە •    ئەوەی دەمێنێتەوە هی لایەنەكانی ترە تیمی گۆڕان لە حكومەت ئەوكات وتویەتی پۆستی راوێژكارەكان بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بەمشێوەیە گۆڕانكارییان تێدا دەكرێت:  •    (44) پۆستی راوێژكار بەڕێژەی 60%ی كۆی پۆستەكان، بۆ پارتی دەبێت •    (17) پۆستی راوێژكار بەڕێژەی 23.3%ی كۆی پۆستەكان، بۆ یەكێتی •    (10) پۆستی راوێژكار بەڕێژەی 13.3%ی كۆی پۆستەكان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تیمی گۆڕان لە حكومەت، لەناو كۆنوسی خۆیان لە كۆبونەوەكەیاندا لەگەڵ تیمی پارتی نوسیویانە، لەسەر ئاستی وەزارەتەكان بزوتنەوەی گۆڕان (10) پۆستی بەردەكەوێت لەگەڵ دوو راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران‌و سێ راوێژكاریشی لە پەرلەمان هەیە.  ئەو گۆڕانانەی بوون بە پارتی  ! رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2019 جارێكی تر تیمی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ تیمی پارتی كۆبوەتەوە، بەگوێرەی ئەو كۆنوسەی لەبەردەستی (درەو)دایە، لەم كۆبونەوەیەدا، بەهەمان شێوەی كۆبونەوەی پێشتر (دانا عەبدولكەریم‌و ئاكۆ حەمەكەریم) نوێنەرایەتی گۆڕانیان كردووە‌و (ئومێد سەباح‌و شەعبان شەعبان) نوێنەرایەتی پارتییان كردووە. تیمی گۆڕان لەم كۆبونەوەیەدا داوای ئەم شتانەیان لە پارتی كردووە:  •    لەم هەفتەیەدا پارتی هەیكەلیەتی هەموو وەزارەتەكان بدات بە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی پشكەكانی. •    لە كۆبونەوەی داهاتوودا بزوتنەوەی گۆڕان ناوی هەموو كاندیدەكانی خۆی بۆ پۆستەكان كە یەكلابونەتەوە بدات بە وەفدی پارتی. •    وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی كۆببێتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەكان كە لە رێككەوتنەكەدا ناڕوونە یان باس نەكراوە، بەتایبەتیش نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە‌و ئیستحقاقی گۆڕان لە دامەزراوەكانی تر. •    تیمی گۆڕان داوای گەڕاندنەوەی بەرپرسەكانی گۆڕانی كردووە لە حكومەت كە لە كابینەی پێشوودا پارتی لە پۆستەكان دەریكردوون، تیمی پارتی بەڵێنیداوە ئەم بابەتە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت باس بكات. •    تیمی بزوتنەوەی گۆڕان داوای وەرگرتنەوەی پۆستی ئەو راوێژكارانەی پەرلەمانی كردووە كە لەسەر پشكی گۆڕان لە خولی پێشوودا پۆستەكانیان وەرگرتووە‌و ئێستا بوون بە پارتی.  •    تیمی گۆڕان داوای پشكی بەڕێوەبەری گشتییان كردووە لە پەرلەمان، تیمی پارتی پێی وتوون ئێستا یەك بەڕێوەبەری گشتی هەیە، كە كرا بە سیان دانەیەكیان دەدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەو پێنج بەڕێوەبەرایەتییەی كە ئێستا لە پەرلەمان هەیە گۆڕان پشكی خۆی وەرگرتووە‌و لەمبارەیەوە تەنسیق لەگەڵ عەلی حەمەساڵح سەرۆكی ئەوكاتی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كراوە. •    بۆ كۆبونەوەی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان ناوی هەموو سزادراوە سیاسییەكانی ئامادە بكات بەمەبەستی گەڕاندنەوەیان.  "شوێنێك بۆ جەبار یاوەر ئەدۆزینەوە"  دوای چەند كۆبونەوەیەكی تر، رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2019 سەرلەنوێ تیمی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی لە حكومەت كۆبونەتەوە، تیمی گۆڕان بە هەمان شێوە لە (دانا عەبدولكەریم‌و ئاكۆ حەمەكەریم) پێكهاتوون، بەڵام تیمی پارتی كەمی كردووە‌و ئەمجارە تەنیا (ئومێد سەباح) ئامادەیە.  لەم كۆبونەوەیەدا، ئومێد سەباح بە تیمی گۆڕانی وتووە نوسراوی سزادراوە سیاسییەكانی گۆڕان ئامادەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆسەر كارەكانیان، بەڵام پرسیاری كردووە لەبارەی لیستێكی سزادراوان كە گۆڕان ئامادەی كردووە‌و ناوی (33) كەسی تێدایە، بە تیمی گۆڕانی وتووە" ئایا ئەمانە فەرمانبەرن یان كادری حزبی ؟"، ئاماژەی بەوەكردووە ناتوانن ئەو سێ ئەفسەرە بگەڕێننەوە چونكە ئەوانە سەربە عێراقن‌و لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە. لەم كۆبونەوەیەدا، بەگوێرەی كۆنوسەكەی كە لەبەردەستی (درەو)دایە، ئومێد سەباح بەڵێنی بە تیمی گۆڕان داوە هەریەكە لە (هێمن ئەنوەر، عەلی بابەكر، هاوار رەئوف) كە سەربە گۆڕانن، بگەڕێنێتەوە بۆسەر كارەكانیان كە پێشتر دەركراون.  سەبارەت بە پۆستەكانی تری گۆڕان لە حكومەت، ئومێد سەباح بە تیمی گۆڕانی راگەیاندووە" چاوەڕێمان بكەن با لەگەڵ یەكێتی دابنیشین، چونكە دەبێت ئاڵوگۆڕ بە هەندێك پۆست بكرێت، یەكێتی ئێستا سەرقاڵی كۆنگرەیە‌و ئامادەی دانیشتن نییە"، داوای كردووە بۆ خێراكردنی پڕكردنەوەی پۆستەكان كۆبونەوەی سیقۆڵی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕاندا بكرێت.  ئومێد سەباح داوای لە تیمی گۆڕان كردووە ناوی كاندیدەكانی خۆیان بۆ پۆستەكانی (سەرۆكی سندوقی نەوت)‌و (یاریدەدەری سەرۆكەی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی)‌و (ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە)، لەبارەی پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە كە تائێستاش جەبار یاوەر لەو پۆستەدایە، ئومێد سەباح بە تیمی گۆڕانی وتووە" كاندیدی خۆتان بنێرن ئێمە شوێنێك بۆ جەبار یاوەر ئەدۆزینەوە"، دوای زیاتر لەساڵێك لەو بەڵێنانەی كە لەم كۆبونەوەیەدا پارتی بە گۆڕانی داوە، هێشتا گۆڕان ئەو سێ پۆستەی پڕنەكردوەتەوە. 


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف یەكێتی كارتێكی نوێی فشار لەبەرامبەر پارتی تاقیدەكاتەوە، دەیەوێت بە غازی سروشتی شەڕی نەوتەكەی پارتی بكات‌و بچێتە ناو پەیوەندییەكی بەهێزی ئابوری‌و سیاسییەوە لەگەڵ بەغداد، غازەكەی سنوری یەكێتی ئێستا بەشێكی رۆژانە لە چەمچەماڵەوە دەگاتە ئەفغانستان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەی (درەو)دا.  یەكێتی بڕیار دەدات ؟ كۆتایی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی دواین هەڵوێستی یەكێتییە لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتیدا. یەكێتی داوای جێبەجێكردنی لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی دەكات، ئەم پرۆژەیەش دوای چەند مانگێك هێشتا هەنگاوی گرنگی نەبڕیوە، یەكێتی تا كۆتایی ئەم مانگەی وەكو دوا مۆڵەت بۆ پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دیاری كردووە، ئەگەر پرۆژەكە نەخرێتە بواری جێبەجێكردن، وەكو خۆیان دەڵێن" یەكێتی بڕیاری خۆی دەدات". بڕیارەكەی یەكێتی ! بەمدواییە جموجوڵەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی عێراق زیادیان كردووە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی زوو زوو دەچێتە بەغدادو چاوی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و بەرپرسانی تری عێراق دەكەوێت.  یەكێتی دەیەوێت لەڕێگەی حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، جۆرێك لە لامەركەزیەت بۆ ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی فەراهەم بكات، بۆ ئەمەش دەستی بۆ دۆسیەی غاز بردووە. لەسەر ئاستی عێراق لەكۆی سێ ناوچەی دەوڵەمەند بەغازی سروشتی، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی یەكێكە لەناوچە دەوڵەمەندەكان. یەكێتی دەیەوێت ئەم غازە بەكاربهێنێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی ئابوری‌و سیاسی خۆی لەبەرامبەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، كە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا پێشەنگە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بیرۆكەیەك لەناو یەكێتیدا هەیە كە هێشتا بەتەواوەتی گەڵاڵە نەكراوە، بیرۆكەكە ئەوەیە، كۆمپانیایەك بەناوی (كۆمپانیای غازی سلێمانی) دروست بكرێت، ئەم كۆمپانیایە هاوبەش بێت لەنێوان پارێزگای سلێمانی‌و وەزارەتی نەوتی عێراقداو كۆنترۆڵی هەموو كیڵگەكانی نەوت‌و غازی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی (تەقتەق، كۆرمۆر، حەسیرە، چیا سورخ) بكات، بە كیڵگەكانی سنوری كەركوك‌و خانەقینیشەوە. ئەوانەی شارەزای بواری وزەن لەناو یەكێتی دەڵێن، غازەكەی سنوری یەكێتی دەتوانێت پێداویستی ناوخۆی عێراق پڕبكاتەوە‌و وادەكات چیتر عێراق پێویستی بە كڕینی غاز نەبێت لە ئێران بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ئەمریكییەكانیش پاڵپشتی ئەم هەنگاوە دەكەن‌و یەكێتی دڵنیایی لە بەرپرسانی بواری وزەی ئەمریكا لەمبارەیەوە وەرگرتووە، بەڵام هەنگاوێكی لەمجۆرە رەنگە ئێرانییەكان نیگەران‌و توڕە بكات، بەتایبەتیش كە غازی هەرێمی كوردستان دەبێت بە بەدیلی غازەكەی ئێران لە عێراقدا. سەرباری ئەمە، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا رۆژانە (45 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت‌و یەكێتی دەخوازێت لەرێگەی ئەم رێككەوتنەوە لەگەڵ بەغداد، ئاستی وەبەرهێنانی نەوتەكەشی بۆ (72 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبكاتەوە.  یەكێتی دەیەوێت هەموو ئەم كارانە بە مەرجی ئەوە بكات، بەغداد بە جیا موچەی فەرمانبەرانی سنوری سلێمانی دابین بكات‌و بەشێوەی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا بكات، نەك لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە‌و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، رەنگە ئەم هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمدواییە لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا وتی هەندێك كەیس هەیە ناتوانن دەستی بۆ ببەن، چونكە رەنگە ببێت بەهۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ.  بۆ رادەستكردنی غاز‌و نەوت بە عێراق، یەكێتی پەنای بۆ ماددەی 112ی دەستوری عێراق بردووە، كە دەڵێ نەوت‌و غاز بە هاوبەشی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و هەرێم‌و پارێزگاكان بەڕێوەدەبرێت. لە سنوری ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا لە ناوچەی گەرمیان، كێڵگەكانی (تۆپخانەو كوردەمیر) هەیە، ئەم كێڵگانە ئێستا لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیایەكی سنوری سلێمانی (دایناستی پترلیۆم) كە نزیكە لە یەكێتی، كێشەیان لەسەرە، كۆمپانیاكەی سلێمانی لە دادگای لەندەن سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی كردووە‌و دەیەوێت گرێبەستی وەبەرهێنانی ئەو كێڵگانە وەرگرێت، مانگی دووی ئەمساڵ دادگا بڕیاری كۆتایی دەدات‌و ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كەیسەدا بە كۆمپانیای (داینا ستی پترلیۆم) بدۆڕێت، زیانێكی ئابوری‌و سیاسی گەورەتری لە كەرتی وزەدا بەردەكەوێت، ئەم دوو كێڵگە جگە لە نەوت، غازی سروشتیشیان تێدایە، بەڵام هێشتا غازەكەیان بەرهەم نەهێنراوە، ئەوانەی لەبواری وزەدا كار بۆ یەكێتی دەكەن، خەونیان هەیە، كۆمپانیا توركییەكان رابكێشن بۆ وەبەرهێنانی غاز لە كێڵگەكانی گەرمیان‌و دواجار هەناردەكردنی غازەكە بۆ توركیا دوای پەرەپێدانی كێڵگەكان‌و زیادكردنی ئاستی وەبەرهێنان.  دیار نییە ئایا دواجار حكومەتی عێراق رێككەوتنێكی لەمجۆرە لەگەڵ یەكێتیدا دەكات یاخود نا، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند بەرپرسێكی یەكێتی دەستی كەوتووە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بیرۆكەكەی لاپەسەندە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە دیارنییە كازمی دەمێنێتەوە یاخود نا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پێشوەختەدایە.   غاز لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی رابردوو لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوە‌و كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری یەكێتی‌و لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت.  غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم رێژەیە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا كەمتر بووە‌و بڕەكەی (850 تەن) بووە، واتە كۆمپانیا ئیماراتییەكە ئاستی وەبەرهێنانی زیادكردووە. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و بەگشتی غاز لەڕووی جوگرافییەوە بەمشێوەیە دابەشبووە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی:   •    كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆن‌و 200 ملیار پێ سێجا •    كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆن‌و 400 ملیار پێ سێجا •    كیڵگەی میران: 3 ترلیۆن‌و 46 ملیار پێ سێجا  یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی •    كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆن‌و 100 ملیار پێ سێجا •    كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆن‌و 260 ملیار مەتر سێجا •    كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێك‌و 600 ملیار پێ سێجا •    كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا •    كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا غازی هەرێم دەچێتە ئەفغانستان بەگشتی تائێستا غازی سروشتی هەرێمی كوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێنرێت، واتا بۆ سوتەمەنی وێستگەكانی كارەبا‌و دابینكردنی غازی ماڵان.  ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە كە غازی هەرێمی كوردستان ناچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە لە دەروازەی باشماخ دەست (درەو) كەوتوون، ئەو كۆمپانیایەی كە غازەكەی كێڵگەی كۆرمۆر دەكڕێت، رۆژانە (7 بۆ 10) تانكەر غازی شلی (LPG) بەشێوەیەكی نایاسایی هەناردەی ئێران دەكات‌و لە ئێرانیشەوە دەچێتە ئەفغانستان. ئەمریكاو غازەكەی هەرێم چەند رۆژی رابردوو، پەیمانگەی واشنتۆن، لە راپۆرتێكدا ناوەڕۆكی كۆڕبەندێكی لەبارەی غازی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكردەوە، كە گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریكا‌و هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە ئایندەی كەرتی غاز لە هەرێم.  یەكێك لەو كەسانەی لەم كۆڕبەندەدا قسەی كردووە (ماسیۆ زایس) جێگری یەكەمی یاریدەدەری "ئۆفێسی كاروباری نێودەوڵەتی"یە لە وەزارەتی وزەی ئەمریكا، ئەم پیاوە دەڵێ:" هەرێمی كوردستان توانای هەیە تاوەكو 2035 ئاستی ساڵانەی وەبەرهێنانی غازی سروشتی بۆ (40 ملیار) مەتر سێجا بەرزبكاتەوە، ئەمە بەبەراورد بە ئاستی ئێستای وەبەرهێنانی غازی هەرێم كە ساڵانە (5 ملیار) مەتر سێجایە.   ئەم بەرپرسەی ئەمریكا باسی لەوەكردووە، هاریكاری لەبواری غازو بەرهەمهێنانی كارەبادا، رەنگە ببێت بەهۆی لێكنزیكبونەوەی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ، تواناكانی هەرێم لەبواری وزەدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئاڵۆزی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەبارەی بودجەی ساڵانەوە، ئەمەش ژینگەی كاركردن لە هەرێم باشتر دەكات لەڕێگەی پێدانی گەرەنتی بە كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری نەوت.  مایسۆ زایس لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژە بەوەدەكات، لە بنەڕەتەوە كارەبای هەرێمی كوردستان كە بە غاز بەرهەمدەهێنرێت هەناردەی عێراق دەكرێت، هەناردەی كارەبا لە هەرێمەوە بۆ عێراق زیاتر قابیلی جێبەجێبوونە وەك لەو پێشنیازەكانی تر بۆ چارەسەری كێشەی كارەبای عێراق خراونەتەڕوو، لەوانە پێشنیازی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە تۆڕی كارەبای وڵاتانی هاریكاری كەنداو یاخود ئوردنەوە.  ئەم بەرپرسە ئەمریكییە پێشبینی دەكات دواجار هاوشێوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەبۆری بۆ توركیا، هێڵی گواستنەوەی غازی هەرێم بۆ توركیا دروست بكرێت، بەڵام دەڵێ ئێران بەشێوەیەكی بەردەوام لەڕێگەی هەژمونی خۆیەوە، هەوڵ دەدات سنور بۆ گەشەی بواری وزە لە عێراق دروست بكات، چونكە بەوتەی ئەو، ئێران نایەوێت عێراق پشت بە تواناكانی خۆی لە بواری وزەو كارەبادا ببەستێت‌و سەرباری ئەمەش ئێران پێدانی وزە بە عێراق بۆ مەبەستی سیاسی بەكاردەهێنێت‌و دەبێت بەرپرسانی عێراق رێگایەك بۆ رزگاربوون لەم ئاڵنگارییە بدۆزنەوە. روب والەر كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، لە كۆڕبەندەكەدا قسەی كردووە‌و وتویەتی، لەژێر چاودێری وەزارەتی وزەی ئەمریكادا بەمدواییە توێژینەوەیەك كراوە لەبارەی ئەو بوارانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت چاكسازییان تێدا بكات بەجۆرێك بتوانێت بەتەواوەتی لەڕووی ئابورییەوە سودیان لێ ببینێت، یەكێك لەو بوارانەی لە توێژینەوەكەدا باسكراوە‌و دەكرێت حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق تێیدا هاوكاری یەكتر بكەن، كەرتی كارەبایە، كە دەبێت شانبەشانی گەشەپێدانی كەرتی غازدا نوێبكرێتەوە.. گۆڕینی ئەو وێستانەی كارەبا كە بە دیزڵ كاردەكەن بۆ غازی سروشتی، وا دەكات بە خەرجییەكی كەمتر بڕێكی زیاتر كارەبا بەرهەم بهێنرێت.  كونسوڵی ئەمریكا، هاریكاری سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئەولەویەتی سیاسەتی ئەمریكا ناودەبات لە پرۆسەی گەشەپێدانی غازی هەرێمی كوردستان‌و رایگەیاندووە، سەباری گرژییەكان لە هەرێم، بەڵام خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییە وای لە هەردوو حزبەكە كردووە دان بەوەدا بنێن كە كاركردنیان پێكەوە دەبێتە هۆی بوژانەوەی هەرێم. كوالیتی غازەكەی هەرێم پەرۆش عەزیز راوێژكاری پێشكەوتووی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە كۆڕبەندەكەی پەیمانگای واشنتۆندا بەشداربووە‌و باسی لە ئاستەنگەكانی بەردەم پەرەپێدانی كەرتی غازی هەرێمی كوردستان كردووە.  راوێژكارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان باسی لەوەكردووە، پەرەپێدانی كەرتی غازی هەرێمی كوردستان دەبێتەهۆی كۆتایهێنان بە بەكارهێنانی مۆلیدە بۆ دابینكردنی كارەبای ماڵان، كە بە دیزیل كاردەكات‌و زیان بە ژینگە‌و تەندروستی گشتی دەگەیەنێت، هەروەها پەرەپێدانی ئەو كەرتە هەلی كار بۆ دانیشتوانی هەرێم دەڕەخسێنێت.  بوونی بڕێكی زۆری كبریت لە غازی سروشتی هەرێمی كوردستاندا یەكێكە لە بەربەستەكانی بەردەم گەشەپێدانی كەرتی غازی هەرێمی كوردستان كە راوێژكارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان قسەی لەبارەوە كردووە، بەوتەی ئەو زۆریی كبریت بوەتە هۆی ئیفلیجكردنی وەبەرهێنان لە غازەكەی هەرێمدا، ئەمە لەپاڵ هەندێك هۆكاری تری وەكو مەترسی داعش‌و بڵاوبونەوەی كۆرۆنا.  بەڵام سەرباری ئەم بارودۆخەش، راوێژكارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گەشبینە بە ئایندەی غاز لە هەرێم‌و دەڵێ:" هەرێم سەرەتا شارەزایی‌و پارەی پێویستی نەبوو بۆ گەشەپێدانی كەرتی نەوت، بەڵام توانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان رابكێشێت‌و بەوهۆیەوە هەردوو رەگەزەكەی فەراهەم كرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەزمون‌و رێبەرایەتی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی هەمان ئامراز جێبەجێ بكات لەسەر گەشەپێدانی سامانی غاز.     


  درەو: سێ پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕأن چونە بەردەم دادگای بەرایی كەلار، پەرلەمانی كوردستانیش پارێزبەندی لەسەر دابان محەمەد و عەلی حەمەساڵح هەگرتووە لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ. ئەمڕۆ لەسەر سكاڵای وەبەرهێنەری عەلوەی نوێی كەلار بە بیانوی ئەوەی ناوی زڕێنراوە، سێ پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان (شیرین ئەمین، عەلی حەمەساڵح و رزگار محەمەد) چونە بەردەم دادگای بەرایی كەلار و دانیشتنی دادگاكەش بۆ مانگی ئازار دواخرا. پێشتریش دادگای لێكۆلینەوەی پێنجوێن داوای لە پەرلەمانی كوردستان كردبوو پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران ( دابان محەمەد، عەلی حەمە ساڵح) هەڵبگرێت، لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەسەر رەزامەندی خۆیان پەرلەمانی كوردستان پارێزبەندی لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان هەڵگرتووە تەنیا بۆ ئەو دۆسییەی دادگای پێنجوێن.  ئەمە چوارەمین پەرلەمانتارە لەم خولەی پەرلەماندا پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت، پێشتر پارێزبەندی لەسەر هەریەك لە ( سۆران عومەر و بەهمەن كاك عەبدوڵا) هەڵگیرا.   


مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو)    زۆرێک لە ئەمریکاناسان باس لەوەدەکەن کە دابەشبوونێکی گەورە و فرەلایەن لەناو کۆمەڵگای ئەمریکییدا دروستبووە. کۆتایی قۆناغی سەرۆکایەتیی ترامپیش وەک سەرەتای کێشە و قەیرانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی گەورە دەبینن کە لە ”جەنگێکی ناوخۆیی نوێ“دا دەگیرسێتەوە. ئەم جەنگە نوێیەش کە ڕوبەڕوی کۆمەڵگای ئەمریکیی بووەتەوە بە ”جەنگی نامەدەنیی“ ناودێڕکراوە. ئەم جەنگە نامەدەنییە لە فۆرمی جەنگی کۆنزێرڤاتیڤ و ڕەگەزپەرستەکان دژ بە دیموکرات و لیبرالەکان، جەنگی سپیپێستەکان دژ بە ڕەشپێسەکان، جەنگی دانیشتوانی ڕەسەن دژ بە کۆچبەران، جەنگی گوند دژ بە شار و لایەنگرانی سوورەکان دژ بە شینەکان و هتد، بەرجەستەدەبێت.  لەڕاستیدا زۆرشت کە تا ساتەوەختی دۆڕاندنی ترامپ وەک بەڵگەنەویست دەبینرا و مامەڵەدەکرا، لە ئێستادا لەوە کەوتوە بەڵگەنەویست بێت. بەر لە ھەموو شتێک ترامپ درزێکی گەورەی کردە کولتووری قبووڵکردنی دۆڕاندنەوە، کە یەکێکە لە کۆڵەکە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سیستەمی دیموکراسییەت. تا ئەم ساتەش ترامپ دانی بە دۆڕاندنی خۆیدا نەناوە و بەردەوام بایدن وەک ”سەرۆکێکی نایاسایی“ و ”ساختە“ ناودەبات. ئەو ڕۆژەش کە بایدن لە سروتێکی تایبەتدا بە فەرمی، وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربوو، ترامپ و ھاوسەرەکەی، وەک بەشێک لە قبووڵنەکردنی دۆڕاندن، ئامادەنەبوون لە کۆشکی سپی بەخێرھاتنی بایدن و ھاوسەرەکەی بکەن. لەدواھەمین گوتاریشیدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، ترامپ نەک تەنھا پیرۆبازیی لە بایدن نەکرد، بەڵکو تەنانەت ناویشی نەھێنا. ھەموو ئەمانە وایکرد ڕۆژی بەفەرمی ناسینی سەرۆکایەتییەکەی بایدن، ئەمریکا وڵاتێک بێت پڕ لە ترس و تۆقین. ترسی گەورە لە خۆپیشاندان و پەلاماردان و تێرۆر و کاری تێکدەرانەی توندوتیژ. ئەگەرچی ڕۆژەکە بەھێمنی تێپەڕی و ھیچ ڕوداوێکی نەخوازراو ڕووینەدا، بەڵام ئەنجامدانی بۆنەیەکی ئاسایی دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەناو یەکێک لە سیستمە دیموکرسییە گەورەکانی دونیادا، پێویستی بە بڵاوکردنەوەی 25000 سەرباز و بە دروستکردنی چەندەھا دیوار و پەرژینی چەیمەنتۆیی و بەداخستنی دەیەھا پرد و شەقام و کۆڵان بوو. ترامپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە ئامادەنەبوو دان بە دۆڕانەکەیدا بنێت و بەو شێوەیەش بەها و رێسا سەرەکییەکانی دیموکراسییەتی ئەمریکیی بخاتە ناو گێژاوی بێمتمانەیی و درۆ و فەوزایەکی ھەمەلایەنەوە.  دۆناڵد ترامپ سەرۆکێکی ئاسایی نەبوو، ئەم پیاوە سیاسەتمەدارێکی توندڕەو و ڕەگەزپەرست و پیاوسالاری مەترسییدار بوو. کەسایەتییەکەی لە ”من“ێکی گەورە و فووتێکراو پێکهاتبوو کە چوارساڵی ڕەبەق هەموو دونیای بە خۆی و بە درۆ و گاڵتەجاڕییەکانیەوە سەرقاڵکردبوو. پیاوێک کە کۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکای بەدەرەوەی خۆیەوە شێواند و لە ناوەوەی ئەمریکا خۆشیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمەڵگا فرەکولتوور و پڕجیاوازییەی بەچەشنێک هەژاند، کە وڵاتەکە بە زۆر مانا بۆ دوو بەرەی دژبەیەک دابەشبووە و هانی هێزە ئەنتی دیموکراسییەکانیشی دا بۆ یەکمینجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە، پەلاماری کۆنگرێس بدەن و بەدکارییەکی بێوێنەی تێدا پیادەبکەن.  کاتێک پەتای کۆرۆناش سەری هەڵدا، ترامپ ئەگەرچی باوەڕی بە ترسناکیی ڤایرۆسەکە نەبوو وە ئامادەنەبوو ڕێگاکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە بکات بە سیاسەتی خۆی و حکومەتەکەی، کەچی ناوی خۆی گۆڕی بۆ ”سەرۆکی جەنگ“ دژ بە ڤایرۆسەکە. ترامپ دەیویست سەرۆکایەتی جەنگێکی گەورە بکات دژ بە دوژمنە دیار و نادیارەکانی نەتەوە، لە دەرەوە ناوەوەی ئەمریکادا. ترامپ سەرچاوەی دوژمنە نادیارەکەی لە دەوڵەتی چیندا دۆزیبووەوە و بە لێپرسراو و تاوانباری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەی دەزانی، ڤایرۆسی کۆرۆناشی بەردەوام بە ”ڤایرۆسە چینییەکە“ ناودەبرد. ئەوەی جێگای تێرامانە ترامپ لەم جەنگەدا هیچی نەکرد، ئەو نەک هەر جەنگەکەی نەبردەوە، بەڵکو هەم خۆی و ژمارەیەکی زۆر لە ستافەکەی و هەم زیاد لە نیو ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکییش بوونە قوربانی ئەو ڤایرۆسەی کە ئەو گاڵتەی بە بوون و مەترسییەکانی دەکرد. ھاوکات وڵاتەکە بە 25 ملیۆن کەس، زۆرترین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای لە ھەموو جیھاندا تۆمارکردووە. ترەمپ لەپاڵ ئەم جەنگەدا، چەندین جەنگی دیار و نادیار و چەندین ململانێی توندوتیژ و چەندین قەیرانی گەورە و بچوکی بەرهەمهێنا، کە کۆمەڵگای ئەمریکی و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ساڵانێکی زۆر دەبێت سەرقاڵی پاککردنەوە و چاککردنەوەی ئاسەوار و کەلاوەکانی بن. جگە لە سەرۆکایەتیکردنی جەنگی کۆرۆنا، ترامپ سەرۆکایەتی جەنگێکی ڕانەگەینراوی نوێشی لەناو کۆمەڵگای ئەمریکییدا کرد، جەنگی هێزە ڕەگەزپەرست و دینییە توندڕەوەکان دژ بە سیستەمی دیموکراسیی و پلورالیزم و پێکەوەژیان و یەکسانیی ئینسانیی و ڕەگەزیی و جێندەریی. وەک شارەزایان و ئەمریکاناسان باسیدەکەن، ئەم دۆخە نوێیەی ناو سیاسەت و کۆمەڵگای ئەمریکیی ئەگەری ئەوەی تێدایە لەداهاتوودا ئەو وڵاتە رووبەڕووی تەحەدا و کێشەی گەورە و قەیرانی ھەمەلایەن ببێتەوە کە چارەسەرنەکردنیان ئەگەری دابەشبوون و تەقینەوەی زیاتر بۆ کۆمەڵگای ئەمریکیی دەھێنن. لەم ئاستەدا باس لەوەدەکرێت یەکێک لە ئەگەرە مەترسییدارەکان تەنها رادیکاڵبوونی زیاتری گروپە چەکدارەکان نییە لەناو کۆمەڵگای ئەمریکیی و تەبەنیکردنیشیان نییە بۆ ئایدیۆلۆژیای دژە لیبراڵ و دژە دیموکرات و قبوڵنەکەری پلورالیزم، بەڵکو ئەگەری ئەوەش هەیە ئەم هێزانە چیدی حیزبی کۆمارییەکان بە نیشتیمانی سیاسیی خۆیان نەزانن و دابەشبوونی زۆرتر و گروپی رادیکاڵتر لە کۆمەڵگای سیاسیی ئەمریکییدا دروستبکەن. یەکێک لەو ئەگەرانەی کە باس دەکرێت دروستکردنی حیزبێکی ناسیۆنالیستی پەڕگیر و راسیستی پۆپۆلیستیی نوێیە بەسەرۆکایەتی ترامپ خۆی.  بە کورتییەکەی، ترامپ ئەگەرچی لە هەڵبژاردندا دۆڕا، بەڵام لە تێکدانی بەهای هەڵبژاردن و لە بەھێزکردن و قووڵکردنەوەی دابەشبوونە شاقوڵیی و قووڵەکانی ناو کۆمەڵگای ئەمریکییدا سەرکەوتوو بوو. ترامپ دونیایەکی پڕ لە فەوزای لەدوای خۆیەوە بەجێهێشت. ئەم فەوزایە هێندە گەورەیە ساڵانێکی دەوێت بۆئەوەی بکرێت رێکبخرێتەوە و چاکبکرێتەوە.  لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەوانەی گوێیان بۆ قسەکانی بایدن گرت لەکاتی گێڕانی سروتی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، دەنگێکیان دەبیست کە پێ لەسەر گفتوگۆ و یەکتری قبووڵکردن و کۆتاییھێنان بە شێوە ترسناکەکانی ئەو دابەشبوونانە دادەگرێت کە لەسەردەمی ترامپدا بە ئاستێکی ترسناک گەیشتون. بایدن جەغدی لەسەر ئەوە دەکرد کە ململانێ و ناکۆکیی و ڕکابەریی بەشێکی ئۆرگانیین لە سیستەمی دیموکراسیی، بەبێ ئەمانە شتێک بەناوی دیموکراسییەتەوە بوونی نابێت. بەڵام لەڕاستییدا بوونی ئەمانە شتێکە و دابەشبوونی وڵاتەکە بۆ دووبەرەی دژەبەیەک شتێکی تر. دوورکەوتنەوەی گروپ و ھێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ناو ئەمریکای دوای ترامپ لەیەکتر و نەگونجانی ڕادیکاڵیان بەیەکەوە دیاردەیەکە جیاواز لە بوونی ململانێ و ناکۆکیی و ڕکابەرایەتیکردنی دیموکراسییانە. خاڵی سەرەکیی لە قسەکانی بایدندا کۆتاییھێنانە بەم دابەشبوونە و سەرلەنوێ کۆبوونەوەیە لەناو ئەو چوارچێوەیەدا کە ناوی ”نەتەوەی ئەمریکیی“ە. لەڕاستیدا چەمکی ”نیشتیمانپەروەریی“ و ”نەتەوەی ئەمریکیی“ چەمکە سەرەکییەکانی ناو قسەکانی بایدن بوون، ھەردووکیشیان ھێما بۆ ئەو چوارچێوە گشتییانە دەکەن کە ئەو چەند سەد ملیۆن مرۆڤە بەیەکەوە کۆدەکەنەوە. بایدن بیناکردنەوەی ئەم چوارچێوە گشتییانەی بە ئەرکی ژمارە یەکی خۆی دەزانێت. ھەنگاوی یەکەمیش لەم کارەدا، کە بێگومان ساڵانێکی درێژی کارکردنی دەوێت، سەرلەنوێ بیناکردنەوەی کولتووری سیاسیی ئەمریکییە، وەک کولتوریی پێکەوەبوون و ڕێزگرتنێکی دیموکراسییانە لەیەکتری، سەرەڕای ناکۆکبوون و جیاوازیی لە بیر و بۆچووندا. لەم ڕووەوە ئەوەی ئەمریکا لە ماوەی ئایندەدا پێوەی سەرقاڵ دەبێت و پێویستی پێیەتیی، ھەمان ئەو پرۆسەیەیە کە ژمارەیەکی گەورەی کۆمەڵگاکانی دونیا پێویستیان پێیەتیی، بەوانەی لای خۆشمانەوە. پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەیەکی پلورال و فرەڕەنگ، کە چوارچێوەیەکی سیاسیی یەکگرتوو، لەڕێگای پێداگرتن لەسەر ماف و ڕێز و جیاوازییەوە، بەیەکەوە کۆیانبکاتەوە. جیاوازییەکە لەنێوان ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی وەک ئەوانەی لای خۆماندا، لەوەدایە لە ئەمریکادا ھەم بکەری سیاسیی دیموکراس و چالاک بۆ پیادەکردنی ئەو ئەرکە بوونی هەیە، ھەم دەزگای سەرەکیی و بنەڕەتیی لە وڵاتەکەدا بوونی ھەیە کە سەربەخۆ و یاسایین و بەو ئاراستەیە کاردەکەن، بۆ نموونە دادگا، سوپا، میدیا، کۆمەڵگای مەدەنیی، لە کۆتاییشدا ھەم کولتوورێکی سیاسیی بەھێزیش ئامادەیە کە دەتوانێت لەپاڵ ئەو پرۆسەی سەرلەنوێ بیناکردنەوەیەدا بێت. ھەنگاوە سەرەتاییەکانیش بە ئاراستەی دروستکردنی ئەو نەتەوە پلورال و ئەو فۆرمە تەندروستە لە نیشتیمانپەروەریی لە قسەکانی بایدن خۆیەوە دەستیپێکرد. ھەڵبژاردنی ژنێکی ڕەشپێست وەک جێگرەوەی بایدن، کە لە ئەگەری مردنی بایدندا ئەو دەبێت بە سەرۆکی ئەمریکا، کارێکی پڕمانا و بەھایەکی ڕەمزیی گەورەی ھەیە. چونکە ئەم خانمە بە ڕەچەڵەک کۆچبەرێکی ھیندستانییە و لەدۆخی بوون بەسەرۆکیدا ھەم دەبێت بە یەکەمین ژن لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە ببێت بە سەرۆک، ھەم یەکەمین خانمێک بە پاشخانێکی کۆچبەرانەوە کە ئەو پێگەیە بەدەستبھێنێت. یەکێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی بایدنیش کەسێکە ”ترانس جێندەر“، واتە کەسێکە جێندەر یان ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە. بەم جۆرە لە پرۆسەی بیناکردنەوەی ماڵی سیاسیی نەتەوەی ئەمریکیی، وەک کۆمەڵگایەکی فرەدەنگ و ڕەنگ و ڕەگەز و کولتوور، ھەم زلەیەکی گەورە لە ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزسالاریی سپیپێستەکان دەدرێت و ھەم سنوورێک بۆ پیاوسالاریی لە سیاسەتکردن دادەنرێت. پێدەچێت لە ساڵانی داھاتوودا ئەمریکا ئەوەندەی سەرقاڵی خۆی بێت، ئەوەندە کاتی نەبێت سەرقاڵی کێشەکانی جیهان و ئەوروپا بێت. بێگومان پرۆسەی سەرلەنوێ خۆبیناکردنەوەی ئەمریکا وەک بەھێزترین وڵاتی جیھان، بێ کاریگەریی و بێ دەرەنجام نابێت بۆ پرسی دیموکراسیی لە جیهان و هاوکێشەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیستەمی جیهانیی. لەداهاتوودا هەم کۆمەڵگای ئەمریکیی و هەم بایدنیش لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکەی ئۆباما دەبێت کە بە دروشمی ”دروستکردنی نەتەوە لە ماڵەوە“ Nation Building at Home هەڵبژاردنی دووهەمی بردەوە. ساڵانێکی دوورودرێژ ئەمریکا سەرقاڵی دروستکردنی نەتەوە بوو لەو وڵاتانەی کە داگیریکردن، چونکە مەترسییان بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریکیی و سیستەمی نوێی جیهانیی دروستکردبوو، بەڵام لەئێستادا هێزی ڕەگەزپەرست و میلیتاریستی رادیکاڵ لەناو ماڵی سیاسیی کۆمەڵگای ئەمریکا خۆیدان، کە مەترسیی گەورە بۆ دیموکراسییەتی ئەمریکیی و کولتووری پلورالیزم و چەمکی پێکەوەژیان و بەهای یەکترقبوڵکردن دروستدەکەن. دروستکردنی نەتەوە لە ماڵەوە، Nation Building at Home ئەو تەحەدا گەورەیەیە کە لە داهاتوودا روبەڕوی بایدن و تیمەکەی دەبێتەوە.  بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو  بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون  بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل  بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی


(درەو): بڕیاربوو ئەمڕۆ موچەی پێشمەرگە دابەش بکرێت، بەڵام نەکرا، مەرجی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دابەشکردنی موچەی پێشمەرگەی راگرت. هێزەكانی هاوپەیمانان مەرجیان هەیە بۆ پێدانی یارمەتی دارایی بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە مانگانە (٢٠ ملیار) دینارە. بەگوێرەی ئەو زانیارییەی کە لە چەند بەرپرسێکی باڵای حکومەتەوە دەست (درەو) کەوتووە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیکە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاگادارکردووە، نابێت لێبڕینی موچەی فەرمانبەران کە بۆ ئەم مانگەنەش ٢١٪ە، هێزەکانی پێشمەرگە بگرێتەوە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆشداری بە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە داوە، ئەگەر لێبڕین لیوا هاوبەشەكان بگرێتەوەو ئەو پارەیەی ئەوان وەکو یارمەتی بە پێشمەرگەی دەدەن، بدرێت بە یەكەكانی (٧٠و ٨٠)ی پێشمەرگە، کە سەربە پارتی و یەکێتین، ئەوا هاوپەیمانان یارمەتییە داراییەکەیان رادەگرن. ئەمە لەکاتێکدایە بڕیاربوو ئەمڕۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش بکرێت، بەڵام دابەش نەكرا. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هۆكاری دابەشنەكردنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەو مەرجەی هاوپەیمانان دەگەڕێتەوە. (درەو) زانیویەتی، هاوپەیمانان دوو مەرجیان هەیە بۆ بەردەوامیدان بە پێدانی (٢٠ ملیار) دینارەکە بە وەزارەتی پێشمەرگە، مەرجەکان ئەمانەن: یەكەم: موچەی لیوا هاوبەشەكان كە ژمارەیان (١٤) لیوایەو زیاتر لە (٤٤ هەزار) پێشمەرگەن، نابێت بڕیاری لێبڕینی موچە بیانگرێتەوە. دووەم: نابێت ئەو تەمویلی هاپەیمانان بدرێت بە یەكەكانی (٧٠) پێشمەرگەی یەكێتی و (٨٠)ی پارتی.


شرۆڤە: هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت)  لەنێو ڕژێمە ئێرانییەکاندا، گەرچی سیاسەتی سەپاندنی و لابردنی پۆشاکییان بەسەر هاووڵاتییاندا وەک یەک نەبووە و ڕژێمێک بۆ ئەوی دیکە جیاواز و بگرە پێچەوانەش بووە، بەڵام هەموویان لە یەک دیاردەدا هاوبەش بوون کە دەستوەردەدەنە نێو ئازادیی کۆمەڵگە و تاکەکانیەوە، لەڕێی سەپاندنەوە هاووڵاتی یان جلی پێداکەنراوە یان پێی لەبەرکراوە! ڕەنگە کەم وڵات هەبێت هێندەی ئێران، بەهۆی سیاسەتی کولتووری پۆشین و جۆری جلوبەرگەوە، ڕووبەڕووی خەڵکەکەی بووبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەم سیاسەتی سەپاندنی شێوە و جۆری پۆشاک بەردەوامە و هەم بەرەنگاریی کولتووری نەیارانیشی درێژەی هەیە، ئێرانییەکان بە گشتی و کوردەکان بە تایبەتی لەم بوارەدا ئەزموونی پڕهەوراز و نشێوی زۆریان دیووە. ئێران لە هەرسێ سەردەمی قاجار، پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە لەگەڵ هەندێک لە نەتەوەکان و بەشێک لە توێژەکانی کۆمەڵگەدا بەهۆی هەردوو پرسی نەتەوەیی و مەسەلەی ئایینی و دژە ئایینییەوە لەکێشەدا بووە، سەردەمانێک بەهۆی سیاسەتی یەکنەتەوەکردنی و درووستکردنی زۆرملێیانەی نەتەوەیەک بەناوی ئێرانییەوە، جل وکڵاوێکی تایبەت بەسەریاندا سەپێنراوە، ماوەیەکیش لەگەڵ جلی فەقێ و مەلاکانیدا کەوتە کێشەوە و دەیووت نابێت لەبەرکرێن، سەردەمانێکیش بەناوی مۆدێرنەوە عەبا و ڕووبەند بەزۆر لەسەر و ڕووی ژنان دەهێنرایەخوارەوە، هەنووکەش لەگەڵ جلی ژناندا کێشەی هەیە و بە پێچەوانەی سەردەمی پەهلەوی یەکەمەوە، کە ڕووبەندی پێلادەبردن، ئێستا بەزۆر دەدرێ بە ڕوو و سەری ژناندا و سەرپێچیکاران لە سزای مادییەوە تا زیندان و بە تاوانی "مفسد فی الارض" دەکرێنە کونجی زیندانەوە. هاوکات جۆری جلوبەرگی نەتەوە نافارسەکانیش دیسان جارناجار سەرهەڵدەداتەوە و زۆرجار ئەو نەتەوانە(کورد، بەلوچ و عەرەب) لەلایەک و دەوڵەت و فارسەکان لەلایەکی دی دەخاتە بەرامبەر یەکەوە و دەچێتە لێواری تەقینەوە و تووندووتیژی لێدەکەوێتەوە. بەڵام ئەم سیاسەتەی دوواییان زۆر نەرمتر و ژێربەژێر دەکرێت و زۆرجار لە رێگەی میدیا و میوانەکانی ئیهانەی جلووبەرگ و نەریت و کەلەپووری گەلانی دیکەی ئێران دەکرێت. بۆ نموونە سووکایەتی بە نەریت و جلووبەرگی بەلووچ، عەرەب و کورد، لەم ساڵانەی دوواییدا بە جۆری جیاواز لە میدیا و لە زمانی فیگەرە هونەری و میدیاییەکانەوە کێشەی خوڵقاندووە. لانیکەم لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا مەسەلەی جلوبەرگ شەش ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی تووندووتیژی بە دوای خۆیدا هێناوە( ڕاپەڕینی مەلاخەلیل، ناڕەزایی شێخ نەسرەدینی خالسی، ڕاپەڕینی گەوهەرشاد، خۆپیشاندانەکانی دژایەتی سەپاندنی حیجاب لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیدا، کەمپینەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ی ناڕەزاییەکانی ژنان بۆ ماف لابردنی لەچکسەپێنی)، دووان لەوانە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی ئەو وڵاتەدا بووە و ڕاپەڕینی چەکداریشی لێکوتووەتەوە.  جلوبەرگ وەک سیاسەتی مەزهەبیی دەوڵەت هەردوو دەوڵەتی قاجار و کۆماری ئیسلامی ئێران، بە پێچەوانەی دەوڵەتی پەهلەوییەوە، تاڕادەیەکی زۆر ئاینزای شیعە ڕۆلێ کاریگەریی هەبووە لە سیاسەتی کولتووریاندا: ١. لەسەردەمی دەوڵەتی قاجارەوە، مەسەلەی جۆری جلووبەرگی سەربازان و ژنان بوویە پرسێک، بەڵام لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا و لە دۆخی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی وا کاریگەریی لێنەکەوتەوە.  جۆری جلوبەرگی ژنان، بەشێک بووە لە تەگەرەکانی بەردەم سیاسەتی کولتووری حکومەت و کۆمەڵگەی قاجار، لە سەردەمی قاجاردا بەهۆی باڵادەستی مەزهەبی شیعەوە و هەژموونی ئەخبارییەکان(بناژۆخوازە کلاسیکییەن)، ڕووبەند (مقناع) و عەبا وەک ڕووپۆشی ڕووخساری ژنان بەکاردەهێنرا، بەتایبەت لە ناوچە فارسنشین، عەرەب، ئازەرییەکاندا، بە نزیکەیی ڕەها سەرجەمی ژنان بە ڕووبەندەوە دەچوونە دەرەوەی ماڵ و بازاڕ و کایەگشتییەکانەوە (گەر بڕۆشتنایە)، ئەمەش بەشێک بوو لە سیاسەتیی کولتووریی دەوڵەت و سیاسەتی مەزهەبی دەزگایی ئایینی ئەودەم، یەکەمین ژنی یاخی و دژەباو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە کە سەپێنرابوو بەسەر ژناندا، "تاهیرە قورەتولعەین" بوو کە ژنێکی پێرەوی بابیی بوو، لە ساڵی ١٨٤٩ز(1227)، بۆ یەکەمجار بە بێ ڕووبەند لە ناو خەڵکدا خۆی دەرخست و دەسگیرکرا، پاشتریش تۆمەتی دەستهەبوونی لە کوشتنی مامیشی خرایە پاڵ،  لەسەردەمی ناسرەدین شای قاجاردا لە سێدارەدانی بۆ لە ساڵی١٩٥٢دا بۆ دەرکرا، دەوترێت خنکێنراوە و تەرمەکەی فڕێدراوەتە یەکێک لە چاڵەکانی تارانەوە. ٢. لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا، پاش ئەوەی شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران ساڵی ١٩٧٩ پێکەوە ئەنجامیاندا و سەرجەم هێزە ئازیخوازە نەتەوەیی و مەزهەبی و چەپەکان بەشداربوون، بەڵام پاشتر و زاڵی باڵی شیعە مەزهەبییەکان ئاراستە و ئامانجی شۆڕشیان بە دیووی ئیسلامییدا گۆڕی و دەستوورێکی ئیسلامی/شیعی/دوانزەئیمانی/ویلایەتی فەقیهییان بۆ داڕشت و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕێوڕەسمی کولتووریی و پێچەوانەی شیعە یان ئیسلام قەدەغەکران، لەوانەش سیاسەتێکی تووندی جلووبەرگ بەسەر ژناندا سەپێنرا و مەسەلەی بێلەچکی قەدەغەکرا و سیاسەتی سەپاندنی حیجابی ئیجباری سەپێنرا لە ڕێی یاسا و دەزگای گەشتی ئیرشادەوە ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازدیی پۆشین سنووردار کرا و تا هەنووکەش بەردەوامە. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم کردەوەیە لەلایەن ئازدیخوازان و گرووپە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە گیرایەبەر، بەڵام هیچکات حکومەتی ئێران لەم بابەتە سڵی نەکردەوە و تا هەنووکەش بەردەوامە و ڕۆژانە سەدان کەس لە نێو ئێراندا بە تۆمەتی دەرکەوتنی قژ، مل، قاچ، ڕان و جلی تەسکەوە، ژنان و کچانی ئەو وڵاتە ڕاپێچی زیندان دەکرێن یاخود دەستبەسەردەکرێن و بە بڕە پارەیەک سزادەدرێن و دەدرێنەوە بە سەرپەرشتیارانیان. دوایەمینیان ناڕەزاییەکانی دژی حجابی ئیجباری و ناڕەزاییەکانی ٢٧ی دیسەمبەری٢٠١8 لە ژێر ناوی "کچانی شەقامی ئینقلاب" و کەمپەینی "نەخێر بۆ حجابی زۆرەملێیانە- #نە_بە_حجاب_اجباری " و بە درووشمی "حجابی ئیختیاری مافی هەر ژنێکی ئێرانییە" دەستی پێکرد و داوای هەموارکردنەوەی یاساکانی سەپاندنی حجابیان دەکرد، کەمپەینەکە گرووپێک کچی چالاکی مەدەنی لە مەیدانی شاری تاران و چەند شاری دیکەدا دەچوونە سەر سەکۆیەکی دیار و لەچکی خۆیان فڕێدەدا، وەک ناڕازییبوونێک دژی سیاسەتیی بەزۆرپۆشینی لەچک و "حجابی ئیسلامی"، کە پاشتر بوویە کەمپینێکی فراوان و خەڵک و ڕێکخراوەکان و میدیاکارانی هاوپشتی خۆی کرد و تا وای لێهات کاربەدەست و دادگا و پۆلیسی دەوڵەتی هێنایە سەرخەت و زۆرینەیان دەسگیر کردن و هەندێکیشیان بە حوکمی یەکساڵ تا ١٨ ساڵ کەوتنە زیندانەوە، هەندێکیشیان بە کەفالەتی ١٠٠ملیۆن تمەنی یان زیاتر ئازادکران. لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیشدا چەندین ڕێکخراوی وەک بانێژەی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبووردنی نیودەوڵەتی و کەسایەتی و وڵاتانی وەک ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی سەرکوتکردنی ژنانی ناڕازییان کرد و لە نێویشیاندا ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکیدا، باسی ئەشکەنجەدانی ئەو کچانەکرد لە زیندانەکاندا تا بە زۆر ددانپێدانانیان پێ بکەن و پرۆسەکە "بە دەستی دەرەکی" باس بکەن، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای ڕێکخراوەکەش (فلیپ لۆتەر) ڕێگری و سەرکوتکارییەکانی دەوڵەتی ئێرانی بەرامبەر ژنان و ئازادییەکانیان بە تەکتیکێکی ستەمکارانە وەسف کرد. جلوبەرگ وەک سیاسەتی نەتەوەسازیی زۆرەملێ لەسەردەمی هاوچەرخدا و بەتایبەت پاش کودەتای ١٩٢١ و دامەزراندنی ئێرانی نوێ، لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی چوونیەک¬سازی(آسمیلاسیون)، مۆدێرنسازی، ناوەندگەرایی دەوڵەتی، ئێرانسازیی و تواندنەوەی نەتەوەکانی تر یان بچووکردنەوەیان بۆ ئیسنیک و گرووپی عەشایەریی، بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی پەهلەوی و ڕەزاشا، ئەڵبەت بە هاندانی ڕۆشنبیرە نەتەوەییەکان و میدیای دەوڵەتی ئێران، لەسەر دوو ئاست دەستیان بۆ جلوبەرگی هاوڵاتییان برد: ١. یەکێکیان جلوبەرگی پیاوانە بوو، کە بەپێی ئەم سیاسەتە دەبوو هەموو "ئێرانییەک" شەبقە و ئەو جلانەش بپۆشێ کە دەوڵەت دیاریی کردوون و سەرجەم جلوبەرگە نەریتییەکانی دیکە و پۆشاکی جیاوازی نەتەوەکانی دیکە قەدەغە بکرێن.  بۆ جلی پیاوانە لە مانگی دوانزەی ١٩٢٨ەوە دەستی پێکرد، گەرچی پێشتر دەستکرا بوو بە جێگیرکردنی ئەو جلانە، بەڵام لەم بەروارەوە لە ڕێگەی ئەنجومەنی شورای نیشتیمانییەوە(پەرلەمان)، یاسای هاوپۆش(یونیفۆرم)ی پەسەندکرا و حکومەت فشارەکانی لەسەر خەڵک چەند هێندە کرد. لەم یاسایەدا پیاوانی ئاینی (ئاخوندەکانی شیعە و مەلاکانی سوننە)یشی گرتەوە و زۆرێکیان لە ژێر فشاردا یان جلەکانیان پێداکەنرا، یان وازییان لە پیشەکەیان هێنا و بە دەگمەن، جیاکاری بۆ هەندێ لە ئاخوند و مەلا ناودارەکان کرا. لە ئێراندا ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا توندووتیژی و زەبروزەنگی زۆر بۆ جێگیرکردنی ئەم سیاسەتە بەکارهات، کاردانەوەی گشتی و تاکەکەسی لێکەوتەوە، کورد لە یەک کاتدا ئەم یاسایەی وەک ئامرازی سڕینەوەی کورد و کولتوورەکەی وەرگرت و هاوکات لەڕووی ئاینیشەوە بەزۆرسەپاندنی جلی ئەوانی دیکەی وەک سەرپێچی دینی لەقەڵەمدا. ٢. بۆ جلوبەرگی ژنانەش، دەوڵەتی پەهلەوی یەکەم، ڕووبەند و عەبای لە ساڵی ١٩٣٦دا قەدەغەکرد و بۆ ئەمەش چەندین کاردانەوەی ئاینی و کۆمەڵایەتی لێکەوتەوە، ڕەزاشا بە چاولێگەری تورکیا و ئەفغانستان بەمەبەستی "مۆدێرنکردنی سیمای ژنان و ئازادکردنیان" ئەم کارەی کرد، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی کۆمەڵگە و پابەندییان بە مەزهەب و نەریتەوە، ڕەزاشا دوو ساڵی نەبرد لەم سیاسەتە پاشگەزبوویەوە، بە پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە نزیکەی ٣٨ ساڵە بەزۆر لەچک و حیجابی ئیسلامی بەسەر ژنانی ئێراندا سەپاندووە و سەرەڕای فشارەکان لێی پاشگەز نابێتەوە. ئەڵبەت لە ناوچە کوردییەکاندا کەمتر کاردانەوە دژی لابردنی ڕووبەند و عەبا دەرکەوت، چونکە کچان و ژنانی کورد کەمتر ڕووبەندیان بەکار دەهێنا و لە ئاستی ناوچەکانی دیکەدا ئازادتر بوون و لە کایە گشتییەکاندا دەردەکەوتن. بەڵام بۆ سیاسەتی یەکپۆشیی جلوبەرگی پیاوانە، لێرەدا تەنها دوو نموونەی ئەو کاردانەوانەی کوردستان بەرامبەر سیاسەتی جلوبەرگ دەخەینەڕوو: آ. ڕاپەڕینی مەلاخەلیلی گۆڕەمەری:  مەلاخەلیل گۆڕەمەری، لە ساڵی 1929 بە فەتوایەک، دژی سیاسەتی قەدەغەکردنی پۆشاکی نەریتی و گۆڕینی جلی کوردی لە کوردستان، بەرەنگاری حکومەتی ڕەزاشای پەهلەوی بوویەوە. کوردەکان دەیانزانی دەوڵەت دەیەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکنەتەوەکردن، مۆدێرنسازی و ئێرانگەراییدا، سەرجەم جلوبەرگی نەتەوەکان وەک یەک لێبکات، بۆیە دژایەتی ئەم سیاسەتە کولتوورییە کرا و مەلاخەلیل کە زانایەکی ئایینی ناوچەی موکریان بوو، بە فەتوایەک دژایەتی ئەو سیاسەتەی ڕاگەیاند، بە حەرام و کوفری لەقەڵەمدا و هەڵگەڕانەوەی چەکداری و بەرەنگاربوونەوەشی (بە هەر جۆرە هۆکارێک) بە واجب ڕاگەیاند. ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٢9، ڕاپەڕینێکی لێکەوتەوە و چەندین ناوچەی کوردستان لە موکریان کەوتنە دەست ڕاپەڕیووەکان (بە سەرکردایەتی خودی مەلا خەلیل). بەڵام پاش ماوەیەک بەهۆی پەلاماری نابەرامبەری ئەرتەشی ئێرانی پەهلەوییەوە، ڕاپەڕینەکە سەرکوت کرا و بنکەی ڕاپەڕیووەکان کە دەکەوتە ناوچەی سەردەشتەوە، کەوتە دەست سوپا و  مەلاخەلیل و هەندێک لە هاوڕێکانی ناچار بەرەو دیوی کوردستانی عێراق کشانەوە. مەلاخەلیل لە ساڵی ١٩٥٥ کۆچی دوایی کرد. ب. ناڕەزایی شێخ نەسرەدینی خالسی: نموونەیەکی دیکە لە ناڕەزاییەکان دژ بە یاسای سەپاندنی جلوبەرگ و گۆڕێنی جلی کوردی، چالاکی و بایکۆتی جلی سەپێنراو بوو، شێخ نەسرەدینی خالسیی لە ساڵی ١٩٣٠دا بایکۆتی جلی نوێ کرد، ئەو شێخێکی بەهەژموونی ناوچەی پاوە و هەوارامان بوو، بە لێپرسراوانی دەوڵەتی ڕاگەیاند خەڵکی پاوە خەڵکێکی دیندارن و پۆشاکی کوردیی خۆیان بە هیچ جلێکی دیکە ناگۆڕن، پاش فشاری دەوڵەت، شێخ نەسرەدین وەک ناڕەزایەتییەک ئاگرێکی گەورەی لە نزیک مزگەوتەکەیەوە کردەوە و هەموو دەروێشەکانی ئامادە کرد و یەک یەک خۆیان هەڵدایە نیو ئاگرەکەوە و بەمشێوەیە نمایشێکی ئاینی بۆ کردن و ئامادەیی خەڵکی بۆ مردن نەک پۆشینی جلوبەرگی سەپێنراو نیشان دان، داوای کرد تا یاخیبوون ڕووینەداوە واز لەو پۆشاکسەپاندنە بهێنن، کاربەدەستان داواکەی شێخیان گەیاندە سەرووی خۆیان و بەو شێوەیە پاوە و ناوچەکانی دەورووبەری لە جێبەجێکردنی گۆڕێنی جلی کوردی بەخشران. لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، گەرچی جلی کوردی، قەدەغە نییە، بەڵام لە رێگەی سیاسەتێکی کولتووری نەرمەوە ساڵانێکە لە ڕێی میدیا و کەسایەتییەکانیەوە بەیناوبەین سوکایەتی بە جلی کوردی دەکرێت، وەک ئەوەی لە تەلەفزیۆنی ڕەسمییانەوە بە "جلی شوانی" لەقەڵەم درا، هەروەها لە نێو خەڵکیشدا هەندێ جۆری جلیش کە پێشمەرگەکانی کورد لەبەری دەکرێن، دەستبەجێ لای کاربەدەستانی مەدەنی و ئەمنی دەوڵەتەوە وەک تۆمەتبارێک سەیر دەکرێن. جۆرێکی دیکە لە سیاسەتی بەکەمگرتنی جلی کوردی لە ناوچەکانی کوردستان، ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ لایەنگرە کوردەکانی "پێشمەرگە موسڵمانەکانی کورد" کە نێو خەڵکدا بە "جاش" دەناسرێن، لەسەری سەپاندوون کە جلی کوردی و جامانەی کوردانە بپۆشن، بەمەش هاووڵاتییە کوردەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ "جاش"ەکان تێکەڵ نەکرێن ناچار لە جلی کوردی سڵ دەکەنەوە، لە فەرمانگەکانیشدا دیسان وەک وڵاتانی عێراق و سوریا و تورکیا بە هەرێمیشەوە، جلی کوردی بە جلی فەرمی دانانرێت. کەواتە حاڵی جلی کوردی و مەترسییەکانی سەری لە سەردەمی ئێستای ئیراندا هیچی کەمتر نییە لە سەردەمی ڕەزاشا و گەر بەر بەو سیاسەتە نەرم و هێواشە نەگیرێت، چارەنووسی باش نابێت.  


درەو: راپۆرتی: فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە گوێرەی توێژینەوەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەرێمی كوردستان, لە ساڵی 2014ەوە تا مانگی تشرینی یەكەمی 2019  بە بەهای 41 ملیار نەوتی لە دەرەوەی كۆمپانیای سۆمۆ‌و لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە فرۆشتووە. هەروەها لە ساڵی 2005ەوە بۆ 2019, هەرێم  نزیكەی 100 ترلیۆن دیناری لە بەغداوە بۆ هاتووەو لە بەرامبەر ئەوەشدا هەرێم تەنها بڕی دوو ترلیۆن داهاتی بۆ حكومەتی ناوەندی گەڕاندوەتەوە. فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راپۆرتێكی وردو دوورودرێژ لەسەر نەوت و داهاتی هەرێمی كوردستان‌و ئەو بڕە بودجەیەی لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە ئامادە دەكات. راپۆرتەكە توێژەر ئیبتیسام  عەبدوللەتیف  محەمەد لەسەر داواكاری پەرلەمانتار هودا سەجاد ئامادەیكردووە بە ناونیشانی " شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان‌و بڕو داهاتی هەناردەكردنی نەوت لە دەرەوەی كۆمپانیای سۆمۆ‌و ئاستی كاریگەری لەسەر بودجەی  فیدراڵی  بۆ ماوەی 2005 – 2019". هەرێم چەندەی  وەرگرتووە؟ - حكومەتی ناوەندی  لە بودجەی گشتی فیدراڵی لە 2005 بۆ 2019 بڕی ( 96196503 ) نەوەد‌و شەش ترلیۆن‌و سەدو نەوەد‌و شەش ملیار‌و پێنج سەدو سێ‌ ملیۆن دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە. - كۆی داهاتی گەڕاوە لە هەرێمەوە  كە لە وەزارەتی دارایی عێراق تۆماركراوە بۆ ماوەی ( 2005- 2019) گەیشتوەتە بڕی ( 2273430) دوو ترلیۆن‌و دووسەدو حەفتاو سێ‌ ملیار‌و چوارسەد‌و سی ملیار دینار, بۆ زانیاریش هەرێم لە دوای 2013ەوە تا 2019 هیچ بڕە داهاتێكی بۆ حكومەتی ناوەندی نەگەڕاندوەتەوە. - بەمشێوەیە پوختەی ئەو بڕە بودجەیەی كە حكومەتی ناوەندی رەوانەی هەرێمی كردووە دوای دەركردنی ئەو بڕە داهاتەی كە لە وەزارەتی دارایی تۆماركراوە بریتیە لە 93923073 نەوەد‌و سێ‌ ترلیۆن‌و نۆسەدو بیست‌و سێ‌ ملیار‌و 73 ملیۆن دینار. واتە بڕی تەمویلی حكومەتی ناوەندی زیاترە لە بڕی داهاتی گەڕاوەی هەرێم بۆ بەغدا‌و داهاتی گەڕێندراوەی هەرێم  تەنها 2.4% ی كۆی ئەو بڕی بودجەیە پێكدەهێنێت كە لە ناوەندەوە بۆ هەرێم نێردراوە. * كۆی ئەو داهاتەی هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بەبێ‌ ئاگاداری حكومەتی ناوەندی‌و لە دەرەوەی كۆمپانیای سۆمۆ فرۆشتویەتەوە لە 2014ەوە بۆ 2019 گەیشتوەتە 40703 چل ملیار‌و حەوت سەدو سێ‌ ملیۆن دۆلار كە دەكاتە 47 ترلیۆن‌و 961 ملیۆن دینار ئەوە لە پای هەناردەكردنی  795046674 ملیۆن بەرمیل نەوت, واتە هەرێم هەستاوە بە هەناردەكردنی نەوت‌و بەدەستهێنانی داهات بێ‌ ئەوەی هیچ بڕە داهاتێك بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی. * بەمشێوەیەوە ئەو بڕە داهاتەی كە مافی حكومەتی ناوەندییە لەلای هەرێم نزیكە لە 141883830 سەدو چل‌و یەك ترلیۆن‌و هەشت سەدو هەشتاو سێ‌ ملیار‌و هەشت سەدو سی ملیۆن دینار. دوای دەركردنی ئەو داهاتە فیعلییەی كە هەرێم رادەستی حكومەتی ناوەندی كردووە. ئەم خشتەیەش وردەكاری ئەمەی سەرەوە رووندەكاتەوە خشتەی ژمارە (1) وردەكاری ئەو بڕە پارەیە رووندەكاتەوە كە لەسەر هەرێمە:     ( بڕ/ ملیۆن دینار) ئەو بڕە پارانەی لە ماوەی 2005- 2019 بۆ هەرێم تەرخانكراوە لەگەڵ بڕی تەمویل‌و خەرجی و داهاتی فیعلی هەرێمی كوردستان خشتەی ژمارە (2 ) ئەمە رووندەكاتەوە: خشتەی ژمارە (3) پوختەی پارەی تەرخانكراو بۆ هەرێم روندەكاتەوە بە گوێرەی داتای وەزارەتی دارایی‌و داتای دیوانی چاودێری دارایی: خشتەی ژمارە(4 ), بڕی هەناردەی نەوت‌و داهاتەكەی لە ساڵی 2014 بۆ 2019ی هەرێم روندەكاتەوە كە لە دەرەوەی كۆمپانیای سۆمۆ لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە فرۆشتویەتی: * ساڵی 2014 هەرێم ( 33538311) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای ( 82 ) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك, داهاتەكەی  2 ملیار‌و 751 ملیۆن دۆلار بووە. * ساڵی 2015 هەرێم  ( 133139398) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای ( 44 ) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك, داهاتەكەی  5 ملیار‌و 804  ملیۆن دۆلار بووە. * ساڵی 2016 هەرێم  (183642057) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای (38 ) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك, داهاتەكەی  6 ملیار‌و 941 ملیۆن دۆلار بووە. * ساڵی 2017 هەرێم ( 180028303) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای ( 48) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك, داهاتەكەی  8 ملیار‌و 634 ملیۆن دۆلار بووە. * ساڵی 2018 هەرێم  ( 132395714) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای (65) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك, داهاتەكەی  8 ملیار‌و 615 ملیۆن دۆلار بووە. * ساڵی 2019, تا یەكی مانگی تشرینی یەكەم, هەرێم  ( 132302891 ) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە بە تێكڕای ( 60 ) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك, داهاتەكەی  7 ملیار‌و 958 ملیۆن دۆلار بووە.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، سێ لایەن پێكیان هێناوە، یەكێكیان هەڕەشەی كشانەوە‌و ئەوی تر تاوتوێی كشانەوە لە حكومەت دەكات، كەس نایەوێت بەرپرسیارێتی قەیرانی دارایی كابینەی نۆیەم هەڵبگرێت، ئێستا ناڕەزایەتی لەناو لایەنە بەشدارەكانی حكومەت زیاترە لە ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن لە حكومەت، ئەوەی كابینەی مەسرور بارزانی راگرتووە، تەنیا ئەو زۆرینەیە كە پارتی لەم خولەی پەرلەماندا دەستەبەری كردووە، نەخشەی ئێستای دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن لەم راپۆرتەدا:    دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان   حكومەت كە دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنە، لە هەرێمی كوردستان سێ لایەنی سەرەكی پێكهیانهێناوە كە بریتین لە هەریەكە لە: •    پارتی دیموكراتی كوردستان •    یەكێتی نیشتمانی كوردستان •    بزوتنەوەی گۆڕان لەپاڵ ئەم سێ لایەنە سەرەكییەدا، چەند لایەنێكی تر بەشدارن لە دەسەڵاتدا، كە بریتین لە: •    پێكهاتەكان •    حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان سەرباری زۆری لایەنە بەشداربووەكانی، حكومەتی سێقۆڵی هەرێمی كوردستان دوای ساڵێك‌و شەش مانگ لە دروستبوونی، بەدۆخێكی شپرزەدا گوزەر دەكات‌و لایەنە بەشداربووەكانی نایانەوێت بەرپرسیارێتی شكستەكانی كابینەكە هەڵگرن. بەرەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان لاوازە، ئەوەی كابینەی حكومەتی راگرتووە، لەلایەك لاوازی ئۆپۆزسیۆن‌و لە لایەكی تر ئەو زۆرینە پەرلەمانیەیە كە پارتی لەم خولەدا هەیەتی‌و توانیویەتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی (11 كورسی پێكهاتەكان) كابینەكە رابگرێت‌و لەكەوتن رزگاری بكات.  پارتی‌و حكومەت پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن‌و خاوەنی راستەقینەی حكومەتە، تەنیا لە میدیاكانی نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە بەدیاریكراویش تەلەفزیۆنی (كوردستان 24) بەرگری لە كابینەكە‌و سیاسەتەكانی دەكات، میدیای نزیك لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی (تەلەفزیۆنی رووداو) زیاتر وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەتی مەسرور بارزانیدا دەكات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێكی شەرمنانە.  دۆخەكە بەجۆرێكە تەنانەت مەسرور بارزانی خۆیشی لە ئاستی میدیای پارتی ناڕازییە‌و بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ میدیاكانی پارتی، گلەیی كردووە‌و وەكو ئاماژەیەك بۆ كەناڵی (رووداو) وتویەتی: هەندێكتان وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەت دەكەن. مەكتەبی سیاسی پارتی، كە لە كابینەی پێشووی نێچیرڤان بارزانیدا بەرگریكارێكی سەرسەختی حكومەت بوون، ئێستا بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی بێدەنگن‌و وەكو پێویست دەرناكەون، رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم بێدەنگییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە مەسرور بارزانی دەستی مەكتەبی سیاسییەكانی حزبەكەی لەناو حكومەت كورتكردوەتەوە، بەڵام رەنگە ئەم دۆخە لە كۆنگرەی 14ی پارتیدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت كە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.  ئەوە لەناو پارتیدا ئێستا بەرگریكاری سەرسەختی حكومەتە، فراكسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەركی پەرلەمانتاران چاودێریكردنی حكومەتە نەك بەرگریكردن لە سیاسەتەكانی.   یەكێتی.. هەم دەسەڵات‌و هەم ئۆپۆزسیۆن یەكێتی كە لەدوای پارتییەوە پشكی گەورەی وەزارەت‌و پۆستەكانی حكومەتی بردووە، وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە لەگەڵ كابینەی نۆیەمدا دەكات. میدیاكانی یەكێتی جگە لە باسكردنی كارو چالاكی وەزیرو بەرپرسانی خۆیان لە حكومەت، پاڵپشتی لە سیاسەتی گشتی كابینەی مەسرور بارزانی ناكەن‌و لە زۆر حاڵەتیشدا وەكو میدیایەكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن.  تیمی یەكێتی لە حكومەت، بەردەوام لەژێر فشاری بەهێزی سەركردایەتی حزبەكەیاندان بۆ كشانەوە، لەدوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمەوە، یەكێتی زیاتر لە جارێك هەڕەشەی كشانەوەی لە حكومەت كردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای كاری حكومەت دروستكردووە. یەكێتی كۆتایی ساڵی 2020ی وەكو دوا مۆڵەت بۆ كشانەوە لە حكومەت دیاریكرد، ئەگەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت داواكارییەكانی جێبەجێ نەكات كە دیارترینیان جێبەجێكردنی سیستمی لاكەرمەزیەتی ئیداری‌و داراییە بۆ پارێزگاكان، وادەكە كۆتایی هات، بەڵام یەكێتی لە حكومەت نەكشایەوە، ئێستا جارێكی تر تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە مۆڵەتی خستوەتە بەردەم مەسرور بارزانی‌و هەڕەشەی كشانەوە دەكات. هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەزۆربەی پرسەكاندا دەیەوێت رۆڵی فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن بگێڕێت، لەحاڵێكدا حزبەكەی بەشدارە لە كابینەی حكومەت، ئەوەی لەناو یەكێتیدا بەتەنیا بەرپرسیارێتییەكەی بەشداریكردنی لە حكومەت خستوەتە سەر شانی خۆی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتەو هەوڵی چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییەكان دەدات لەنێوان تیمی یەكێتی‌و پارتی لە حكومەت‌و دەرەوەی حكومەتیش، بۆ ئەمەش بەرگەی رەخنەی شەقام‌و سەركردایەتی حزبەكەی گرتووە. وا دەردەكەوێت كێشەی یەكێتی لەگەڵ پارتی‌و حكومەت، زیاتر لە بابەتی لامەركەزی ئیداریی‌و دارایی، پەیوەندی بە ناكۆكی نێوان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی‌و مەسرور بارزانییەوە هەبێت، ناكۆكییەك كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی دوچاری شپرزەیی‌و ناسەقامیگری سیاسی‌و ئیداریی كردووە لە زەمەنێكدا كە پەتای كۆرۆنا بڵاوبوەتەوە‌و نرخی نەوت وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی هەرێم، دابەزیوە.  هەموو ئەم بارودۆخە لەكاتێكدا روودەدات، عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پێشوەختەدایە، لایەنەكان (بەوانەشەوە كە بەشدارن لە حكومەت)، نایانەوێت دۆخی خراپی دارایی حكومەت لەماوەی یەكساڵی رابردوودا، كاریگەری بكاتە سەر ئاستی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنەكەی عێراقدا، بۆیە هەمویان دەیانەوێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆن‌و ناڕازیی لەبارودۆخی هەنوكە بگێڕن.  گۆڕان لەنێوان خەمی چاكسازی‌و پۆستدا بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای پارتی‌و یەكێتی، پشكی گەورەی كێكی حكومەتی بردووە، لەنێوان شەڕی ئەنجامدانی چاكسازی لە حكومەت‌و پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانیدا گیری خواردووە. دروشمی ئەنجامدانی چاكسازی گشتگیر لە كاروباری حكومەت كە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای بەشداربوونی لەم كابینەیە بەرزیكردەوە، وردە وردە دەبێت بە سەراب، ئێستا لەناو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، قسەوباس لەبارەی ئەوەی "حكومەت چاكسازی پێناكرێت"، گەرم بووە. بەشداریكردن لە كابینەی مەسرور بارزانی، بزوتنەوەی گۆڕانی خستوەتە بەردەم ئینشیقاقێكی نوێ، تیمی بزوتنەكە لە حكومەت سەرقاڵی دانوستانن بۆ پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكانیان‌و درێژەدان بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی، لەناو بزوتنەوەكەشدا گروپێكی تر لە ئۆرگانە جیاوازەكان كار بۆ كۆتایهێنان بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی‌و كشانەوە لە حكومەت دەكەن، لەم بارودۆخەكە میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان هەرئەوەی پێدەكرێت بەرگری لە كارو چالاكییەكانی وەزیرو بەرپرسەكانی گۆڕان بكات لە حكومەت‌و فریای بەرگیركردن لە سیاسەتی گشتی كابینەكە ناكەوێت، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ئەم دوو تێڕوانینە جیاوازەوە ئێستا دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، یەكێكیان رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێك دەگێڕێت‌و ئەوی تریان فراكسیۆنی حزبێكی بەشدار لە دەسەڵات. لەلایەكی ترەوە بزوتنەوەكە كەوتوەتە بەرداشی ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و ناتوانێت خۆی لە كاریگەرییەكانی ئەو ناكۆییە بپارێزێت‌و بەرگری لە سیاسەتی سەرەكی خۆی لەناو حكومەت‌و دەرەوەی حكومەت بكات.  ئۆپزسیۆن.. بەرەیەكی لاواز‌و ناكۆك ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ناوی لێنراوە ئۆپۆزسیۆن، چەند جۆرێكە، هەندێكیان ئەو حزبانەن كە لە پەرلەمانی كوردستان كورسییان هەیە، بەڵام بەشدار نین لە حكومەتدا‌و بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە، لەپاڵ ئەمانەدا چەند حزب‌و گروپێكی تری سیاسی هەن كە كورسی پەرلەمانییان نییە، بەڵام خۆیان وەكو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی نیشان دەدەن‌و رەخنە لە ئەدای كاری حكومەت دەگرن. ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی، بریتییە لە چوار حزبی سیاسی كە ئەمانەن: •    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ •    پەرلەمانتارە سەربەخۆكان (ئەوانەی لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەتەوە) •    حزبی شیوعی كوردستان ئەم لایەنانە لەناو پەرلەمانی كوردستان، خاڵی كۆكەرەوەی سیاسی هاوبەشیان نییە‌و سەرباری ئەمەش ژمارەی كورسییەكانیان بەیەكەوە ناتوانێت زۆرینە دروست بكەن، ئەمە وایكردووە، هەریەكەیان زیاتر هەوڵی نمایشی سیاسی خۆی بدات وەك لەوەی لەڕێگەی دروستكردنی فشارەوە گۆڕانكاری لە سیاسەتی حكومەتدا دروستبكات بە ئاڕاستەیەكی باشتر.  ئەم حزبانە لە دەرەوەی كاری پەرلەمانی، لە میدیاكانیانەوە بەردەوام رەخنەی توند لە سیاسەتەكانی حكومەت دەگرن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر زۆربەیان وەكو حزب‌و كارەكتەری سیاسی لە گۆڕەپانەكەدا تاقیكراونەتەوە، گوتارە توندەكانیان دژی حكومەت كاریگەری ئەوتۆی لەسەر شەقامی ناڕازیی نییە‌و هەموان چاویان لە دروستبوونی هێز‌و هاوپەیمانێتی سیاسی نوێیە كە بتوانێت سەركردایەتی شەقامی ناڕازیی بكات.  هەرچی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانە، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە زیاتر لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا پەرەی سەندووە، بەشێكی ئەم ئۆپۆزسیۆنە ئەو لایەنانەن كە لە پەرلەمانی كوردستان كورسییان نییە، لە نمونەی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حزبی زەحمەتكێشان‌و ئەوانەی لە بزوتنەوەی گۆڕان جیابونەتەوە‌و ناڕازین لە سیاسەتی بزوتنەوەكە هەروەها ئەو توێژەی خەڵك كە چەند ساڵێكە لە بەشداری سیاسی نائومێدبوون‌و ناچێنە سەر سندوقەكانی دەنگدان،  ئەم گروپە سیاسییانە زیاتر لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە گوزارشت لە تێڕوانییەكانی خۆیان دەكەن.  ئەم هێزو گروپانە لە هەوڵی خۆكۆكردنەوەدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و دەیانەوێت بەسودوەرگرتن لە یاسای نوێی هەڵبژاردن، ژمارەیەك كاندیدی خۆیان لە بازنە جیاوازەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق سەربخەن‌و ئەمە بكەن بە خاڵی دەستپێكی هاتنەناوەوەیان بۆناو كایەی سیاسی، بەڵام خاڵی كۆكەرەوەی هاوبەشی گەورە لەنێوانیاندا نییە‌و هێشتا سەركردەیەكی دیاریان لە گۆڕەپانەكەدا نییە كە بتوانێت لەسەر بەرنامەیەكی سیاسی كۆیان بكاتەوە.  لەنێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆندا خەڵك لەنێوان دەسەڵاتێكدا كە لایەنە بەشدارەكانی نایانەوێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن هەروەها ئۆپۆزسیۆنێكی پەرش‌و بڵاودا، كە توانای ململانێكردنیان لەگەڵ هێزەكانی دەسەڵاتدا نییە، گیریان خواردووە. پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەم نائومێدییەی ئێستا لە دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن، هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا رێژەی بایكۆتی دەنگدان زیاتر بكات، بایكۆتێك كە رەنگە دواجار كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ داهاتوو بخاتە ژێر نیشانەی پرسیاری گەورەوە.    لەبەرامبەردا هەندێكی تر پێشبینی دەكەن، بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كە رێگە بە خۆكاندیدكردنی كەسانی سەربەخۆ دەدات، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكەدا بەرزببێتەوە.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف هونەری قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەكانی ئەفغانستان هاوشێوەی هەرێمی كوردستانە، لە ئەفغانستان بازرگانەكان بە پاڵپشتی بەرپرسان باری كۆمپیوتەر داخڵ دەكەن،  بەڵام پارەی گومرگی ئارد بە حكومەت دەدەن، بزوتنەوەی تالیبان‌و هۆزەكان دەستی باڵایان لە قاچاخچێتیدا هەیە، كارمەندەكانی گومرگ بەناوی "شیرینی"یەوە، بەرتیل وەردەگرن، بەشێكی پارەی شیرینی ددەدەن بە بەرپرسانی سەرو خۆیان، بەراوردكارییەكی نێوان قاچاغچێتی لە هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان لەم راپۆرتەدا  گومرگی نایاسایی ! هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، لە ئەفغانستان گەندەڵی لە كاری گومرگەكاندا هەیە، بەرپرسان لە تاڵانكردنی داهاتی وڵاتەكەیان تێوەگلاون.  عەبدولقادر قەلاتوال ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستانە، ئەم پیاوە مانگی ئایاری رابردوو لە بەدواداچونێكدا بۆی دەركەوتووە، لە ناوەڕاستی شاری قەڵات لەنێوان شاری كابولی پایتەخت‌و هەرێمی قەدەندەهاری باشوری وڵاتدا، خاڵێكی گومرگیی بەشێوەیەكی نایاسایی دانراوە، عەبدولقادر وال لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گومرگی كابول قسەی كردووە‌و پێی وتوون ئایا ئەوان ئاگاداری ئەو خاڵە گومرگییەن، وەڵامیانداوەتەوە‌و وتویانە ئاگاداری ئەو گومرگە نین.  كاتێك ئەو پەرلەمانتارە بۆی دەركەوتووە، گومرگەكە بەشێوە نایاساییە، ماوەی پێنج مانگ بووە، كۆمەڵێك كەس لەو شوێنەدا بەناوی حكومەتەوە پارەیان لە خەڵك وەرگرتووە.  لەسەر بنەمای سكاڵای عەبدولقادر قەلاتوال پەرلەمانتار، دواجار داواكاری گشتی ئەفغانستان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك كەس دەركرد كە تێوەگلاون لە دانانی ئەو گومرگە نایاساییە، لێكۆڵینەوەكان دەریانخستوە (رەحمەتولڵا یارمل) حاكمی پێشووی ویلایەتی زابل لە باشوری ئەفغانستان، پەیوەندی گوماناوی لەگەڵ ئەو كەسانەدا هەبووە كە گومرگە نایاساییەكەیان بەڕێوەبردووە، گومرگێك كە دەوترێت لەماوەی پێنج مانگدا بڕی (3 ملیۆن‌و 537 هەزار) دۆلاری بەشێوەی نایاسایی لەو بارهەڵگرانە وەرگرتووە كە كەلوپەلیان لە ویلایەتەكانی (فەرا ‌و نیمروز ‌و هرات)ەوە هێناوە. پەرلەمانتار عەبدولقادر قەڵات قسەی بۆ رۆژنامەی (عەرەبی جەدید)ی قەتەری كردووە، دەڵێ:" ئەوانەی ئەم گومرگە نایاساییەیان داناوە، بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 129 دۆلاریان وەرگرتووە". كەرتە زیندوەكانی وڵات لە نمونەی گومرگەكان، كە دەبێت ببن بە بڕبڕەی پشتی داهاتەكانی حكومەت، لە وڵاتێكی وەكو ئەفغانستاندا كە پێداویستییەكانی لەوڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەكات، گەندەڵی گەورەی تێیدایە، لە هەرێمی كوردستانیش دۆخەكە هاوشێوەیە.  لە هەرێمی كوردستانیش بەشێك لە پەرلەمانتاران بەدوای كەیسی قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكانەوەن و بە دەیان راپۆرتیان لەسەر شێوازی قاچاغچێتی خاڵە سنورییەكان ئامادەكردووە. كێن ئەوانەی گەندەڵی دەكەن ؟ هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، لە ئەفغانستان بەرپرسان‌و كەسانی دەستڕۆیشتووە لە نمونەی بەرپرسانی بزوتنەوەی تالیبان‌و چەكداری هۆزەكان تێوەگلاون لە گەندەڵی گومرگەكان‌و لەسەر رێگای سەرەكی نێوان ویلایەتەكان، گومرگی نایاسایی دروست دەكەن‌و پارە لە خەڵك وەردەگرن.  بەگوێرەی قسەی (خان جان كوزای) جێگری سەرۆكی ژورری بازرگانی‌و پیشەسازی، لە ئەفغانستان تەنیا (17) دەروازەی گومرگی فەرمی هەیە كە دەكەونە سەر سنورەكانی ئەفغانستان لەگەڵ پاكستان‌و ئێران، گومرگەكانی تر هەمووی نایاسایین، رەنگە بەم حاڵەشەوە هێشتا دۆخی ئەفغانستان لە كوردستان باشتر بێت، چونكە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (30) دەروازەی نافەرمی هەیە. گەندەڵی لە گومرگەكانی ئەفغانستان لەڕێگەی دەڵاڵ‌و كارمەندانی گومرگەوە دەكرێت،  لێكۆڵینەوەكان باسلەوە دەكەن، رێگەی جۆراجۆری گەندەڵی هەیە، یەكێك لە رێگەكان ئەوەیە بازرگانەكان كاڵای گرانبەهای وەكو دەرمان‌و كۆمپیوتەر بەو شۆفێرانەی دەگوازنەوە كە پەیوەندییان لەگەڵ دەڵاڵ‌و فەرمانبەرانی گومرگدا هەیە، تۆڕی شۆفێرو دەڵاڵەكان لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێك پارە بۆ خۆیان، وادەكەن بازرگانەكان باجی كاڵاكانیان نەدەن بە گومرگەكان. محەمەد داود كە پێشتر بازرگانی دەرمان بووە، بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە:" بڕێكی كەمی دەرمانی لە پاكستانەوە لەناو بارهەڵگری میوەدا گواستوەتەوە بۆ ئەفغانستان بەبێ ئەوەی باجی گومرگیی بدات، بەگوێرەی قسەی خۆی ئەم پیاوە لەبەرامبەر گواستنەوەی بڕێكی كەم دەرماندا بڕی (6 دۆلار)ی داوە بە دەڵالێك‌و بڕی (12 دۆلار)یشی داوە بە فەرمانبەرێكی گومرگ.  رەنگە قەبارەی گەندەڵییەكە زۆر لەمە گەورەتر بێت، بەگوێرەی ئەوەی وەحیدوڵڵا قتالی حاكمی ویلایەتی هرات ئاشكرایكردووە، ساڵی رابردوو بە دەروازەی "ئیسلام قەڵا"دا كە دەكەوێتە نێوان ئەفغانستان‌و ئێران، نزیكەی (4 هەزار) بارهەڵگر تێپەڕیون، كە كاڵای جۆراوجۆریان تێدا بووە، لەماوەی كانونی دووەم بۆ تەموزی رابردوو، (هەزارو 500) بارهەڵگر تێپەڕیون بەبێ ئەوەی هیچ باجێكی گومرگیی بدەن. حاكمی ویلایەتی هرات باسی لەوەكردووە، تەنیا لە یەك شەودا (64) بارهەڵگر كە كەلوپەلی گرانبەهایان لە نمونەی كۆمپیوتەرو پارچەی ئەلیكترۆنی پێبووە تێپەڕیون، بەڵام باجی گومرگی ئاردیان لێوەرگیراوە كە پارەیەكی كەمە، ئەم شێوازی گۆڕینی جۆری كاڵایە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە هەرێمی كوردستانیش دەكرێت‌و لە دەروازەی باشماخیش شەوان بارەگان بەبێ پێدانی باجی گومرگی تێپەڕدەبن. شێوازێكی تری قاچاخچێتی لە ئەفغانستان كە بازرگانەكان دەیكەن، بریتییە لە شاردنەوەی كەلوپەلی گرانبەها لەناو ئەو بارهەڵگرانەدا كە كاڵای هەرزان بەها دەگوازنەوە، ئەمە لە هەرێمی كوردستانیش دەكرێت‌و ئامانج لێی خۆدزینەوەیە لە پێدانی باجی گومرگی راستەقینەی كاڵاكان.  مافیای گومرگەكان لە ئەفغانستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناو حكومەت هەماهەنگی دەكەن، بەگوێرەی قسەی حاكمی ویلایەتی هرات، میرەكانی جەنگ‌و بەرپرسانی حكومی دەستی باڵایان هەیە لە دامەزراندنی كارمەندانی گومرگدا، چونكە ئەو كارمەندانە بەشێك لەو پارانەی كە بەناوی "شیرینی"یەوە لە گومرگەكان پەیدای دەكەن، دەیدەن بەو بەرپرسانە. لە ئەفغانستان هاوشێوەی كوردستان هەمان وشەی "شیرینی" بەكاردەهێنرێت بۆ ئەو پارەیەی كە كارمەندانی گومرگ بەشێوەی بەرتیل وەریدەگرن. رۆژی 12ی حوزەیرانی رابردوو، حكومەتی ئەفغانستان بە بڕیارێك گەشتكردنی بۆ دەرەوەی وڵات لە (66) بەرپرسی وەزارەتی دارایی، لەنێویاندا بەرپرسانی گومرگ، قەدەغە كرد، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تائێستا حكومەت هیچ فەرمانێكی بۆ ئەوانە دەرنەكردووە كە قاچاخچێتی دەكەن، بەمدواییە حكومەتی هەرێم رێگریكردنی لە قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكان داوەتە دەست هێزێكی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ‌و وەزارەتی پێشمەرگە‌و ئەو هێزەش تائێستا دروست نەكراوە.   ئەو كەسانەی كە لە ئەفغانستان گومانیان لەسەرە تێوەگلابن لە گەندەڵ‌و دزینی پارە‌و قاچاخچێتی لە گومرگەكاندا، كە گەشتكردنیان لێ قەدەغە كراوە، ئەمانەن:  •    وەهاب هیمەت بەرپرسی گومرگی كابول •    حەمدوڵا هەمدەرد بەرپرسی گومرگی هرات •    نەسروڵڵا ساحیبزادە بەرپرسی گومرگی نەنگرهار •    جاوید مەنگەل بەرپرسی گومرگی قەندەهار •    عەبدوڵڵا بەیان بەرپرسی گومرگی بەڵخ •    مەحجوب خان بەرپرسی گومرگی قەندوز ئینعاموڵڵا رەحمانی كە توێژەرە لە زانكۆی سەلام لە كابولی پایتەخت دەڵێ:" زۆرینەی ئەوانەی گەشتكردنیان بۆ دەرەوەی لێ قەدەغە كراوە، سەرباری ئەوەی تێوەگلاون لە گەندەڵی، بەڵام هێشتا بەردەوامن لەسەر كاركردنیان لە گومرگەكان".  بەڵام سدیق سدیقی وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەفغانستان بەهانەی هەیە‌و دەڵێ:" نوسینگەی داواكاری گشتی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە دەكات، ناكرێت بەر لە ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئەو كەسانە لە پۆستەكانیان دوربخرێنەوە". حكومەتی ئەفغانستان سەرقاڵبوونی بە دۆسیەی ئەمنییەوە كردوەتە بەهانەی شكستهێنانی هەوڵەكانی بۆ روبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە وڵاتدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەهانەی ئەوەیە ئەگەر دەست بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی ببات، رەنگە وڵات بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەیی.  زیانی ملیۆنان دۆلار ئەوانەی كاڵا لە پاكستان‌و ئێرانەوە هاوردەی ئەفغانستان دەكەن، یاری بە كاغەزی كاڵاكانیانەوە دەكەن، بۆ نمونە بارێكی كۆمپیوتەر دەهێنن لەگەڵ بڕێكی كەم ئارد، كاتێك دەگەنە گومرگەكە، كاغەزی باجی ئاردەكە دەردەهێنن، ئەمەش بۆ ئەوەی باجێكی كەمتری گومرگیی بدەن. لە ئەفغانستان باجی گومرگی بارهەڵگرێك كە (25) تەن كاڵای گرانبەهای هەڵگرتبێت، بڕەكەی زیاتر لە (39 هەزار) دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدایە هەمان بار ئەگەر گەنم یاخود ئارد بێت، باجی گومرگەكەی تەنیا (650) دۆلارە.  لایەنە نێودەوڵەتییەكان ئەوانەی لە ئەفغانستان كاردەكەن، دان بە گەندەڵی گومرگەكاندا دەنێن، بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2017ی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەفغانستان كە بە "یۆناما" ناسراوە، دەڵاڵەكان‌و بەرپرسانی حكومەت دەستیان كردووە بە یەكدا‌و یاری بە سیستمی "ئەسیكودا" دەكەن، كە سیستمێكی جیهانی ئەژماركردنی داهاتی گومرگەكانە، ئەمانە لەم رێگەیەوە خۆیان دەدزنەوە لە پێدانی باجی راستەقینەی گومرگی ئەو كاڵایانەی كە هاوردەی دەكەن. راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، دەڵاڵی گومرگەكان، بە نوێنەرایەتی بازرگانەكان، گەمە بە نرخی بارەكان دەكەن، ئەمە بەهۆی ئەوەی كۆتوبەندی دامەزراوەكان لە ئەفغانستان لاوازە. بەهۆی گومانكردن لە راست‌و دروستی تۆمارەكانی گومرگ، بەڕوونی داهاتی گومرگەكان لە ئەفغانستان نازانرێت، لەكاتێكدا ئەمە یەكێكە لە داهاتە جێگیرەكانی حكومەت، لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە هاوشێوەیە.  بەگوێرەی راپۆرتێكی ساڵی 2014ی نوسینگەی پشكنەری گشتی، تایبەت بە دووبارە بنیادنانەوەی ئەفغانستان، كە دەستەیەكی چاودێری سەربە كۆنگرێسی ئەمریكایە، تۆڕە تاوانكارییەكان لە ئەفغانستان، تیرۆرو تۆقاندن بەكاردەهێنن بۆ ئاودیوكردنی كاڵا، ئەمەش بە تەنیا لە یەك گومرگدا، لە هاوردەكردنی گەنم‌و برنجدا ساڵانە بڕی (25 ملیۆن) دۆلار زیان لە داهاتەكانی حكومەت دەدات‌و بەتێكڕا لەم پرۆسەی قاچاخچێتییەدا ساڵانە بڕی (60 ملیۆن) دۆلار زیان بە داهاتەكانی ئەفغانستان دەگات، دۆخەكە زۆر جیاواز نییە، لە هەرێمی كوردستانیش كەسانی دەستڕۆیشتووی ئەمنی دەستیان لەناو پرۆسەكەدا هەیە‌و هەڕەشە بەكاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان.  ئەگەر پێناسی گومرگی بەبێ ساختەكاری وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، دەتوانرێت داهاتی گومرگێكی وەكو گومرگی كابول بەرێژەی 20%ی زیاد بكرێت، ئەم گومرگە، لەماوەی نێوان شوباتی 2019 بۆ شوباتی 2020 داهاتەكەی (9 ملیۆن‌و 347 هەزار) دۆلار بووە، ئەمە بەگوێرەی قسەی محەمەد نەعیم بەڕێوەبەری فەرمانگەی خەملاندنی گومرگەكان لە ئەفغانستان.  ئەفغانستان لە لیستی گەندەڵیدا لە لیستی وڵاتانی گەندەڵدا كە ساڵانە رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەریدەكات، ئەفغانستان ساڵانە تادێت پاشەكشێ دەكات، واتا ئاستی گەندەڵی تێیدا بەرزتر دەبێتەوە، ساڵی 2017 لەناو 180 دەوڵەتدا لەسەر ئاستی جیهان، ئەفغانستان لە گەندەڵیدا لە پلەی 169دا بووە، كەچی لە ساڵی 2018دا بەرزبوەتەوە بۆ ریزبەندی 172، لە 2019دا گەیشتوەتە 173.  لەكاتێكدا حكومەت بەردەوام بەڵێنی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی دەدات، بەڵام نەبوونی ئیرادەیەكی سیاسی جددی، ئەو هەوڵانەی پەكخستووە، ئەمە لەكاتێكدایە تادێت دۆخەكە خراپتر دەبێت، تا ئەو ئاستەی مانگی ئابی 2015 سەرۆكی ئەفغانستان وتی: لە گومرگەكان بەرێژەی 50 بۆ 60% داشكاندنی بۆ كاڵای ئەو كەسانە دەكرێت كە هێزیان هەیە، ئەمەش یەكێكە لە دیمەنەكانی گەندەڵی لە ئەفغانستاندا.     


 (درەو): داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا بەڕێژەی (150%) زیادی كردووەو مانگانە لە (150 ملیار) دینارەو بۆ (370 ملیار) دینار بەرزبووەتەوە، واتا ئێستا حكومەتی هەرێم مانگانە دەتوانێت (30) رۆژ جارێك موچە بدات. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا داهاتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ زیاتر لە (260 ملیۆن) دۆلار بەرزبوتەوە كە بەدراوی عێراقی دەكاتە (370 ملیار) دینار. پێشتر‌و لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، كاتێك حكومەتی هەرێم كەرەنتینەی راگەیاند، داهاتی ناوخۆ بۆ كەمترین ئاست دابەزی كە مانگانە (30 ملیار) بوو، بەمدواییە هەندێك داهاتەكە زیادی كردو  گەیشتە (150 ملیار) دینار. داهاتی ناوخۆ لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەستی حكومەت دەكەوێت كە بریتین لە داهاتی (دەروازە سنورییەكان، گومرگ، باج، رسومات، فڕۆكەخانەكان، باجی خانووەبەرە، داهاتی ئۆتۆمبێل..)، حكومەتی هەرێم بە (417) رێگا باج‌و رسومات وەردەگیرێت‌و ئەمە دەبێت بە داهات بۆ حكومەت.  زیادبوونی داهاتی ناوخۆ بەهۆی بوژانەوەی خاڵە سنورییەكان و زیادبوونی باج و گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی دیكە لەلایەن حكومەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆرێك لە بەهەدەردان‌و وەرنەگرتنی باج هەیە، كە دەكرێت داهاتی ناوخۆ بگەیەنرێتە زیاتر لە (500 ملیار ) دینار، كە ئەم بوارانەن: * هێشتا بەردەوامی قاچاغچێتی لە خاڵە سنورییەكاندا * (800) كۆمپانیا لە بواری نەوتدا كار دەكەن لەبواری نەوت دا بیانی‌و ناوخۆ  هێشتا چاكسازی تێدا نەكراوە *    (21) كۆمپانیا لە خاڵە سنورییەكاندا كاردەكەن‌و هێشتا چاكسازی تێیاندا نەكراوە  * هێشتا باجی سەر كۆمپانیا گەورەكان دانەنراوە بە زیادكردنی داهاتی ناوخۆ كۆی داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێم بەبێ بەغداد بەم شێوەیەی لێدێت:  •    داهاتی ناوخۆ (260 ملیۆن) دۆلار واتا (370 ملیار) دینار. •    داهاتی نەوت (240 ملیۆن) دۆلار واتا (345 ملیار) دینار •    پارەی هاوپەیمانان (17 ملیۆن) دۆلار واتا (25 ملیار) دینار •    كۆی گشتی (740 ملیار) دینار. كۆی موچەی مانگانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە (894 ملیار) دینارە بەهۆی لێبڕینی موچەی چەند توێژێكەوە ئێستا كۆی موچەی مانگێك بەتەواوی نزیكەی (885 ملیار) دینارە، ئەگەر حكومەت بەردەوام بێت لە لێبڕینی موچە بە رێژەی (21%) ئەوا مانگانە پێویستی بە (700 ملیار) دینار دەبێت. واتا ئەو داهاتەی ئێستای حكومەتی هەرێم كە مانگانە (740 ملیار) دینارە بەشێ موچەی مانگانەی (30) رۆژ جارێكی موچەخۆران دەكات بە لێبڕینی (21%).   


درەو: بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان وەزارەتی دارایی موچەی مانگی یەكی ساڵی 2021 دابەش دەكات و چارەنووسی موچە نەدراوەكانی 2020 نادیارە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بڕیارە رۆژی یەكشەمە 24/1/2021 وەزارەتی دارایی موچەی مانگی كانوونی دووەمی 2021 دابەش بكات، بەوەش چارەنووسی موچەی مانگەكانی ( 4، 5، 6، 7، 8 ، 11، 12)ی 2020 بە نادیاری دەمێنێتەوە. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانە كە موچەی مانگەكان رێكدەخەنەوەو دەیانەوێت مانگانە بە پێی ئەو داهاتەی دەخرێتە بەردەست وەزارەتی دارایی، 30 رۆژ جارێك موچە بە لێبڕینەوە دابەش بكەن. بەپێی راگەیەنراوی پێشتری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2020دا (8) موچە دابەشكراوە بە بڕی ( 6 ترلیۆن و 505 ملیار) دینار، كە سێ موچەی هی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2019 بووەو (5) مانگیشی هی ( 1، 2، 3، 9، 10)ی 2020 بووە، واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا (5) موچەی مانگەكانی 2020ی دابەشكردووەو (7) موچەی دابەشنەكردووە بەم شێوەیە: پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆران بۆ مانگەكان  2020 مانگی 1/ كانوونی دووەم كاتی دابەشكردنی مووچە: 4/5/2020 مووچەی دابەشكراو: 892,000,000,000 ملیار دینار .................. مانگی 2/ شوبات كاتی دابەشكردنی مووچە:  26/6/2020 مووچە بەلێبڕینی 21% : 727,000,000,000 ملیار دینار ................ مانگی 3/ ئازار كاتی دابەشكردنی مووچە:  18/8/2020 مووچە بەلێبڕینی 21%: 727,000,000,000 ملیار دینار ....................................................................... مانگی 9/ ئەیلول كاتی دابەشكردنی مووچە:  15/10/2020 مووچە بەلێبڕینی 18%:  737,000,000,000 ملیار دینار ........................................................ مانگی 10/ تشرینی یەكەم كاتی دابەشكردنی مووچە:  2/12/2020 مووچە بەلێبڕینی 21%: 727,000,000,000 ملیار دینار ناتوانرێت وێناكە بگۆڕدرێت؟ كابینەی مەسرور بارزانی لەدواین ساتەكانی ساڵی 2020دا جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ساڵی 2020 بە تێكڕا (8) موچەی دابەشكردووە، حكومەت دەیەوێت ئەم وێنایە لە زەینی موچەخۆراندا بچەسپێنێت، بەڵام لێدانەوەی ژمارەكان پێچەوانەی ئەم قسەیە نیشان دەدات، چۆن ؟ تێكڕای خەرجی موچە بۆ هەرمانگێك لە هەرێمی كوردستان (894 ملیار) دینارە، كۆی خەرجی موچەی (12) مانگ واتە ساڵێك، بڕەكەی (10 ترلیۆن‌و 728 ملیار) دینارە. ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێم بە تێكڕا بۆ موچەی مانگەكانی 2020 خەرجی كردووە، بڕەكەی تەنها (3 ترلیۆن‌و 650 ملیار) دینار بووە، واتا حكومەت لە 2020دا تەنها رێژەی (34%)ی كۆی ئەو پارەیەی خەرجكردووە كە بۆ موچە تەرخانكراوە‌و لە ساڵەكەدا بڕەكەی (10 ترلیۆن‌و 728 ملیار) دینارە. ئەو (8) موچەیەی كە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا دابەشیكردووە، بەمشێوەیە بووە:  •    لە 13/1/2020 موچەی مانگی (10)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین)  •    لە 9/ تا 7/3/2020 موچەی مانگی (11)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) •    لە 28/3/2020 موچەی مانگی (12)ی 2019 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) •    لە 5/5/2020 موچەی مانگی (1)ی 2020 دابەشكراوە (ئەم مانگە موچەی تەواو بەفەرمانبەران دراوە بەبێ لێبڕین) •    لە 4/7/2020 موچەی مانگی (2)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) •    لە 17/8/2020 موچەی مانگی (3)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) •    لە 15/10/2020 موچەی مانگی (9)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 18% دابەشكراوە) •    لە 10/12/2020 موچەی مانگی (10)ی 2020 دابەشكراوە (موچە بە لێبڕینی 21% دابەشكراوە) پاشەكەوتەكانی نێچیرڤان بارزانی ساڵی 2020 حكومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) بۆ كەمكردنەوەی گوڕی ئەو قەیرانە داراییەی كە لەسەری بوو، بەبڕیارێك دەستكاری ساڵی دارایی كرد. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەبڕیارێك، موچەی مانگەكانی (4، 5، 6)ی 2019ی لەسەر شانی خۆی لابردو خستیە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، موچەی ئەم سێ مانگەی فەرمانبەران بوو بە "پاشەكەوت"‌و قەرز لەسەر شانی نێچیرڤان بارزانی، قەرزێك كە دیارنییە ئایا حكومەت رۆژێك لە رۆژان بۆ فەرمانبەرانی دەگەڕێنێتەوە یاخود نا !  هەر بەو بڕیارە، مەسرور بارزانی، موچەی مانگەكانی (7، 8)ی 2020ی كابینەكەی خۆی خستەئەستۆی حكومەتی بەغداد بەبەهانەی ئەوەی بەغداد موچەی نەناردووە، تا ئێستا نازانرێت چارەنوسی موچەی مانگەكانی (11، 12) چێ لێدێت ئایا دەكاتە پاشەكەوت یان وەك موچەكانی تر دەیخاتە ئەستۆی بەغداد. واتا حكومەتی هەرێمی لە 2020 تەنها (8) موچەی دابەشكردووە بە بڕی (6 ترلیۆن و 505 ملیار) دینار، لە (8) موچەیە (3) موچەی مانگەكانی (10، 11، 12)ی 2019 بووە، كە بڕەكەی (2 ترلیۆن‌و 682 ملیار) دینار بووە. بەڵام بۆ (12) مانگەكەی ساڵی 2020 بەگشتی تەنها (5) مانگی حكومەت موچەی دابەشكردووە بە بڕی (3 ترلیۆن‌و 650 ملیار) دینار، ئەمە لەكۆی (10 ترلیۆن‌و 728 ملیار) دیناری خەرجی موچەی هەموو ساڵەكە. داهاتی حكومەت لە 2020دا  ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2020 دا لە بەغدادەوە پێی گەیشتووە بەمشێوەیە بووە: •    بڕی (453 ملیار) دینار لە 17/1/2020 نێردراوە •    بڕی (453 ملیار) دینار لە 2/3/2020 نێردراوە •    بڕی (453 ملیار) دینار لە 26/3/2020 نێردراوە •    بڕی (453 ملیار) دینار لە 24/4/2020 نێردراوە •    بڕی (320 ملیار) دینار لە 16/8/2020 نێردراوە •    بڕی (320 ملیار) دینار لە 12/10/2020 نێردراوە كۆی گشتی ئەو پارانەی كە لەساڵی 2020دا لە بەغدادەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە بڕەكەی (2 ترلیۆن‌و 399 ملیار) دینار بووە. واتا حكومەتی هەرێمی لەو (6 ترلیۆن‌و 332 ملیار) دینارەی كە لە 2020دا بۆ موچە خەرجیكردووە، تەنیا بڕی (2 ترلیۆن‌و 399 ملیار) دیناری لە بەغدادوە بۆ هاتووەو پاشماوەی خەرجییەكانی تری موچەی بەم داهاتانەی تر دابین كردووە: •    (160 ملیار) دیناری پارەی هاوپەیمانان لە ساڵەكەدا بەتێكڕا •    (3 ترلیۆن‌و 773 میار) دیناری داهاتی حكومەت خۆی لە ساڵەكەدا بە تێكڕا واتا داهاتی (نەوت‌و ناوخۆ). ئەم هاوكێشەیە دەریدەخات ئەو خەرجییەی كە حكومەتی هەرێم لە 2020دا بۆ موچە كردویەتی، داهاتەكانی بەمشێوەیە بووە: •    رێژەی (60%)ی خەرجی موچەی فەرمانبەران لە 2020دا بە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم خۆی دابەشكراوە.  •    رێژەی (38%)ی خەرجی موچەی 2020 بەو پارەیە پڕكراوەتەوە كە لە بەغدادوە هاتووە. •    رێژەی (2%)ی خەرجی موچەی 2020 پارەی هاوپەیمانان دابینی كردووە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand