Draw Media

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا

جەندرمە لەناوخاكی هەرێمدا

2022-04-20 12:48:31


راپۆرتی: درەو
جارێكی تر هەرێمی كوردستان بووەوە بە مەیدانی شەڕو ئۆپراسیۆنەكانی توركیا، ئەمجارەیان بۆسەر ( زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ)یە، ئەمە لە كاتێكدایە توركیا خۆی بە نەخشەوە رایگەیاندووە (37) بنكەو بارەگای لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندایە، لەم راپۆرتەدا (درەو) مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێم دژ بە (پەكەكە)‌و ناوچەی جوگرافیای (پەكەكە)‌و ژمارەی بنكە‌و بارەگاكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمدا بڵاودەكاتەوە.


ئۆپراسیۆنی نوێ
ئۆپراسیۆنەكەی توركیا لە 15ی نیسانی 2022 دەستیپێكردووە، بەرپرسانی پەكەكە هەڕەشەی ئەوە دەكەن شەڕ دەبەنە ناو شارە گەورەكانی توركیا، سەرۆك كۆماری توركیاش دەڵێت بە هەماهەنگی حكومەتی عێراق ئۆپراسیۆنیان دەستپێكردووە و سوپاسی حكومەتی هەرێم و عێراق دەكەین بۆ هاوكارییەكانیان لەروبەروبونەوەی تیرۆردا.
ئۆپەرسیۆنی ئەمجارەی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ناوی لێنراوە "چنگی قوفڵ"ی لەناوچەكانی ( زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و كوڕەژارۆ) لەسەر سنوری هەرێمی كوردستان سوپای توركیا بەڕێوە دەچێت  توركیا جارێكی تر نەك ئاسمان، بەڵكو زەمینی هەرێمی كوردستان‌و عێراقی بەزاندووە، "جەندرمە"ی توركی ئێستا لەناو خاكی هەرێمدان.
هاتنەناوەوەی سوپای توركیا بۆ هەرێمی كوردستان نوێ نییە، مانگی ئازاری 2018 سوپای توركیا لە سنوری ناحیەی (سیدەكان)ەوە بەقوڵایی (15 كم) هاتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، رۆژی 22/3/2018 لە ناوچەی (باڵەیان) فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بوردومان كردو (4) گەنجی ناوچەكە بەهۆی بۆردومانەكەوە شەهید بوون، رۆژی 26ی كانونی دووەم، ئەمە ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، ئەوكات لە شیلادزێ خەڵك وەكو ناڕەزایەتی دژی هێرشەكانی توركیا، پەلاماری بنكەیەكی سەربازیی توركیایاندا، ژمارەیەك تانك‌و كەلوپەلی سەربازگەكەیان سوتاند، هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەرەكانیان دەستگیركرد.
توركیا بەشێوەیەكی سیستماتیك هێرشی ئاسمانی دەكاتەسەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە چیاكانی "قەندیل"یان كردووە بە بارەگای خۆیان‌و لە هەشتاكانی سەدەی رابردوەوە لە ململانێی چەكداریدان لەدژی حكومەتی توركیا.
بەپێی لێدوانێكی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 27ی كانونی دووەمی 2019دا داویەتی، ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەماوەی چوار ساڵدا گەیشتووەتە (398) هێرش، ئەمە سەرباری (425) هێرش لەڕێگەی بۆردومانی تۆپخانەكانەوە، بە تێكڕا لەو هێرشانەدا زیاتر لە (20) كەسی مەدەنی كوژراون‌و هێرشەكان بونەتەهۆی وێرانبوونی گوندە سنورییەكان‌و نەخۆشخانە‌و رێگا‌و پرد خوێندنگەكان.

مێژووی ئۆپراسیۆنەكانی توركیا
مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان سەرەتاكەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا دەرەوەی سنور لەدژی پەكەكە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو.
توركیا لە ساڵی 1983وە تائێستا لەناو سنوری وڵاتەكەی‌و لە دەرەوەی سنوریش ئۆپراسیۆنی سەربازی دەكات لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان:
•    لە ئایاری 1983دا توركیا یەكەمین ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنور ئەنجامدا، ئەوەش بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەو ئۆپراسیۆنەدا هەزاران سەربازی تورك بەشدارییان كرد.
•    لە تشرینی یەكەمی 1984و ئابی 1986 توركیا دوو ئۆپراسیۆنی سەربازی تری ئەنجامدا، بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا سەركەوتوو نەبوو لە لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكاران.
•    دوای ماوەیەك بێدەنگی، توركیا ئۆپراسیۆنی چوارەمی لە ساڵی 1991 دەستپێكرد لەژێر ناو "گۆچان"، ئەوە ئەو ساڵە بوو كە تێیدا بارەگا‌و بنكە سەربازییەكانی توركیا لەسەرتاسەری پارێزگاكانی كوردسان زیادیان كرد.
•    لە ساڵی 1992 سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا (تورگوت ئۆزال) نامەیەكی بۆ (عەبدوڵا ئۆجەلان) رێبەری پارتی كرێكارانی كوردسان (لە ساڵی 1999وە لە توركیا لە زینداندایە) نوسی، تێیدا داوای لێكرد هێرشە سەربازییەكان لەدژی سوپای توركیا كەمبكاتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەنێوان هەردوولادا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا لە گەیشتن بە ئەنجامێكی دیار.
•    لە هەمان ساڵدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی تری كرد‌و (15 هەزار) سەرباز بەشدارییان تێدا كرد، تانك‌و تۆپهاوێژی قورس‌و فڕۆكەوانی جەنگیی بەكارهێنرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هێزەكان دوای (20 رۆژ) لە دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كشانەوە.
•    دوای ئەوەش ژمارەیەك ئۆپراسیۆنی تر ئەنجامدران لە ساڵەكانی 1993و 1994و 1995 بەبەشداری دەیان هەزار سەرباز، لە دواین ئۆپراسیۆندا بەهاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان (30 هەزار) سەرباز بەشدارییان كرد، ئۆپراسیۆنەكە ماوەی (45 رۆژ)ی خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەی "حەفتانین"، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، دوای مانگ‌و نیوێك توركیا لە هێرشەكە كشایەوە.
•    لە سەرەتای 1999دا ژمارەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی كە توركیا لەناو هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا بۆ لەناوبردنی "گەریلا"كانی پارتی كرێكارانی كوردستان گەیشتە (24 ئۆپراسیۆن)، لە ساڵەكانی 2000و 2007و 2008 توركیا ئۆپراسیۆنی هاوشێوەی كرد.

پەكەكە لە هەرێمی كوردستان
بەهانەی هاتنەناوەوەی توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان لێدانە لە پارتی كرێكارانی كوردستان.
(پەكەكە) لە ساڵی 1978 دامەزراوە، یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە ساڵی 1981 ئەنجامداوە، لە ساڵی 1984ەوە شۆڕشی چەكداری دەستپێكردووە، لەوكاتەوە بنكەو بارەگای لە باشوری كوردستان كردوەتەوە.
لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، لە یەكەم هەنگاودا بە فشاری توركیا هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 1993 چووە شەڕی "براكوژیی"ەوە لەگەڵ هێزەكانی (پەكەكە)، هێزی پێشمەرگە نەیتوانی شەڕەكە یەكلابكاتەوە‌‌و (پەكەكە) لەناوچەكە دەربكات، بەڵام نیازپاكی بەرپرسانی هەرێمی نیشانی توركیادا.
ئێستا بنكەو بارەگاكانی (پەكەكە) تەواوی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی رۆژهەڵات‌‌و باشور تا رۆژئاوای كوردستانی گرتوەتەوە، ناوچەیەكی فراوانیان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی چەكداریان، جموجوڵی سیاسی‌و مەدەنیشیان لە باشوری كوردستان زیادیكردووە. لە باشوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، واتە سنوری نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێران، ناوچەیەكی فراوان‌و ناوەندی دەسەڵاتی (پەكەكە)ی تێدایە، ئەوەش زنجیرە چیای "قەندیل"ە، كە لە سنوری قەزاكانی (قەڵادزێ، رانیە، چۆمان، رەواندوز، سۆران) پێكدێت، واتا دەسەڵاتیان لە سنوری قەزای قەڵادزێوە درێژ دەبێتەوە بۆ باڵەكایەتی‌و سیدەكان‌و حاجی ئۆمەران، لەم ناوچەیەدا (62) گوند لەژێر دەسەڵاتی شارەوانییەكانی (پەكەكە)دان.
بەپێی بەدواداچونێكی رۆژنامەی (رووداو)ی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (658) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دان، زیاتر لە 34%ی كۆی خاكی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە.
زۆرترین سنوری دەسەڵاتی (پەكەكە) لە ناوچەی قەزای ئامێدیە، كە نزیكەی (250) گوندی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایەو زۆرینەی بنكەو بارەگا سەربازییەكانی توركیاش لەو قەزایەدایە كە بنكەكانی (بامەڕنێ، دێرەلوك، كانی ماسی) دەگرێتەوە، بەواتایەكی تر جێگیركردنی ئەو بنكە سەربازیانەی توركیا بەتەواو لەبەردەم مەترسی هەژموونی (پەكەكە)دایە، لە كۆی (2700) كیلۆمەتر دوجای خاكی ئەو قەزایە، زیاتر لە 70%ی لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە.
لەدوای ئامێدی، زۆرترین سنوری جوگرافی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) لە قەزای زاخۆیە، بەوپێیەی زیاتر لە (120) گوندی ئەو قەزایە لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە، واتە 35% خاكی قەزاكە، لە قەزای ئاكرێش زیاتر لە (20) گوندی لەژێر دەستی (پەكەكە)دایە.
بەگشتی لە سنوری پارێزگای دهۆك، بەوپێیەی هەرێمەكانی بادینانی پەكەكە لەوێیە، (پەكەكە) پێگەیەكی گەورەی هەیە، كە بە نزیكەی 30% بۆ 36%ی خاكی پارێزگای دهۆك ئەژماردەكرێت، واتا تەواوی ناوچە شاخاوی‌و سنورییەكانی پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە.
لە سنوری قەزای مێرگەسور كە ناوچەكانی (بارزان‌و پیران‌و شیروان) دەگرێتەوە، زیاتر لە (150) گوند لەژێر كۆنترۆڵی (پەكەكە)دایە، واتا بەگشتی لە سنوری قەزاكانی پارێزگای هەولێر زیاتر لە (200) گوند لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدان، جگە لە مەخمور كە كەمپێكی گەورەی (پەكەكە)ی تێدایە.
لە رۆژئاواشەوە لە سنوری قەزای شەنگال ناوچەیەكی بەرفراوان‌و دەیان گوندو بەرزایی بەدەست (پەكەكە)وەیە، بەگشتی زۆرینەی بنكەو بارەگاو پێگەی پەكەكە لە سنوری ناوچەی جێنفوزی پارتیدایە، تا ئەو رادەیەی دەتوانرێت بوترێت "پەكەكە بەتەواوی  پارتی گەمارۆداوە".

توركیا لە هەرێمی كوردستان
لەگەڵ بەردەوامی هێرش و لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، رۆژ لە دوای رۆژیش بنكە سەربازی‌و هەواڵگرییەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێم زیاتر دەبن.
بە نەخشەیەك كە سەرۆكایەتی توركیا بڵاویكردەوە، توركیا (37) بنكەی سەربازی و هەواڵگری لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە. 


توركیا دەیان بنكەو بارەگای لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە، لەدوای هاتنی "داعش"، بە بیانوی رزگاركردنی موسڵ، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2015دا توركیا هێزێكی گەورەی هێنایە باشیكی نزیك موسڵ كە نزیكەی (900 سەرباز)و (16 تانك)‌و (20 زرێپۆش) بوون، بیانوی توركیا بۆ هێنانی ئەو هێزە، شەڕی روبەڕووبونەوەی "داعش" بوو، بەڵام لەماوەی ساڵی 2015 دا لە كۆی (300) هێرش‌و ئۆپەراسیونی ئاسمانی سوپای توركیا، تەنها (3) هێرشیان بۆسەر "داعش" بوو، لەبەرامبەردا (297) هێرشی بۆسەر بنكەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (پەكەكە) بوو، واتا بەڕێژەی 1%ی هێرشەكانی توركیا بۆسەر "داعش"‌و 99%ی هێرشەكان بۆسەر (پەكەكە) بووە.
ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە هەرێمی كوردستان چەندین بنكەی سەربازی دیكەی هەیە، بەتایبەتیش لەدوای شەڕی ناوخۆوە بەرەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لەچوارچێوەی هێزی "ئاشتیپارێز" هێزێكی گەورەی توركیا لە 1997 لە بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی جێگیر بووە، كە لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازی‌و (38 دەبابە)و (738 سەرباز) پێكهاتووە.
هەر لە ساڵی 1997دا توركیا سێ بنكەی دیكەی سەربازی لە ناحیەی دێرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی كە 40 كم دەكەوێتە باكوری ئەو قەزایەوە كردەوە، هەمان ساڵ بنكەیەكی دیكەی سەربازی لە ناحیەی كانی ماسی سەربە قەزای ئامێدی‌و لە گوندی سێرسی كە 30كم باكوری شاری زاخۆیە، بنكەیەكی دیكەی سەربازی جێگیركرد.
تەواوی بنكە سەربازییەكانی سوپای توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان، لە نزیكی سنوری نێوان ناوچەی جێنفوزی (پەكەكە)و (پارتی)دان.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاوبوەتەوە، ژمارەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (3 هەزارو 235) ئەفسەرو سەربازو جەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك‌و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا  (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپ‌و (٢٦) هاوەن، (١٧) ئاڕبیجی‌و (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی.
بەپێی راپۆرتەكە، سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریی هەیە:
* گەورەترین بنكەو بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەربازو (٩١) ئەفسەرو (٢٤٠) جەندرمە و  (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە.
* گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ‌ناحیەی بامەڕنی‌. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن.
* سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە.
* بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە.
* سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە.
* سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە.
* سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك.
* سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
* سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
* سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
* سەربازگەی (سەری زیری)، (٦٠) سەربازی جێگیركردووە.
* سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە.
* سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون.
* بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە.
* بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە.
* بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری.
* بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی.
* بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك.
بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیەو توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش" بدات.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی (BBC)، توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (27) بنكەی سەرباری هەیە، هەندێك سەرچاوەی زانیاری باسلەوە دەكەن ئێستا ئەو ژمارەیە زیادی كردووە بۆ (32) بنكە.
ئامانجی سەرەكی توركیا لە دروستكردنی بنكەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش لەناوچەكانی باتۆفان‌و بامەڕنی‌و ئامێدی، كۆنتڕۆڵكردنی هەردوو ناوچەی "هەفتانین‌و مەتینا"یە كە هەردوكیان بە بەدوو ناوچەی ستراتیژی دادەنرێن بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە داهاتوودا دژ بە چەكەكە.

رێككەوتنی بەزاندنی سنور
لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم بە پێشیلكردنی سەروەری خاكی عێراق دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا عێراق جگە لە هەندێك ورە ناڕەزایەتی، بێدەنگە‌و هەنگاوی كردەیی لەوبارەیەوە هەڵنەگرتووە، چونكە عێراق‌و توركیا لە ساڵی 1982دا رێككەوتنێكیان واژووكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە تائێستاش هەریەكەیان دەتوانن بەقوڵایی (20 كلم) سنوری خاكی یەكدی ببەزێنن بەبیانوی پاراستنی سنورەكانەوە، ئەوكات ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە لای توركیا لێدانی (پەكەكە)‌و لای حكومەتی عێراقیش لێدانی شۆڕشی كورد بوو لە باشوری كوردستان.
ساڵی 1995 رێككەوتنێكی تر لەنێوان عێراق‌و توركیا واژووكرا، ساڵی 2007  لەو سەردەمەی كە (هۆشیار زێباری) وەزیری دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، لەبری كۆتایهێنان بە بەزاندنی سنور، مەودای بەزاندنی سنور لە (20 كیلۆمەترەوە) زیادكرا بۆ (25 كیلۆمەتر)، ئەم رێكەوتنانە هەموویان لەسەر داوای توركیا بووەو فشار بووە لەسەر عێراق بۆ وەردەرنانی گەریلاكانی (پەكەكە) لەسەر خاكی عێراق.

تیرۆری كۆنسە لە باشور !
سەرباری هێرشی ئاسمانی‌و زەمینی، سوپای توركیا لەم ساڵانەی دوایدا لەڕێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە سەركردەكانی (پەكەكە) د‌وزیوەتەوە‌و بە ئامانجی گرتوون:
•     15ی ئابی 2018، زەكی شەنگالی یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی (پەكەكە)و ئەندامێكی كۆنسەی بەڕێوەبردنی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا لە شەنگال تیرۆركرا.
•      21ی ئازاری 2019، سەرحەد ڤارتۆ (ئەمروڵڵا دورسون) ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كەجەكە لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا.
•      5ی تەموزی 2019، دیار غەریب ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی (كەجەكە) لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیادا لە قەندیل تیرۆركرا.
•    15ی ئۆكتۆبەری 2019، دەمهات عەگید بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا تیرۆركرا.
•    15ی ئۆكتۆبەری 2019، جەمیل ئامەد (كەجەكە) لە چیای ئەزمەڕی شاری سلێمانی لە هێرشێكی فڕٍۆكە بێ فرۆِكەوانەكانی توركیادا تیرۆركرا.
•    هەر بەمدواییە چەند روداوێكی تر لە هەرێمی كوردستان رویانداوە كە وابەستەكراون بە شەڕی نێوان پەكەكە‌و توركیا، لەوانە:
- رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2017 هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی (پەكەكە)، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتبوو بۆ تیرۆركردنی (جەمیل بایك) هاوسەرۆكی (كەجەكە)، رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن (پەكەكە)وە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی 24/8/2018 (بەهرۆز گەلاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد‌، دواتر توركیا دەرگای گەشتی ئاسمانی بەسەر سلێمانیدا داخست، كۆتایی 2018 بەرپرسانی یەكێتی پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە‌و گەشتە ئاسمانییەكان دەستیان پێكردەوە.
-    تیرۆركردنی دیپلۆماتكارێكی توركیا (هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن ئەفسەری هەواڵگری میت) لە ریستۆرانتی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر لە رۆژی 17ی تەموزی 2019دا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دەستگیركرد‌و رایگەیاند (پەكەكە) لە پشت هێرشەكەوە بووە، بەڵام تا (پەكەكە) نكولی لەوە دەكات رۆڵی لەو هێرشەدا هەبووبێت‌، جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دەڵێ:" روداوەكە پەیوەندی بە ململانێی نێوان ئێران‌و توركیاوە هەبووە".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand