لەیادی تاوانەکانی ئەنفالدا: دیسانەوە خوێندنەوەی بەعس

Draw Media

2022-04-17 09:32:04



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

 حوکمڕانیی بەعس ئەزموونێکی تەواو تازەی ناو سەدەی بیستەمی مێژووی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە. یەکێکە لەو سیستمە سیاسییە تۆقێنەرانەی لە نیوەی دووھەمی سەدەکە لە بەشێکی گەورەی دونیادا دروستدەبن. بە ھیچ شێوەیەک ئەزموونی بەعس نابرێتەوە سەر ھیچ سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانیی سونەتیی ناو ڕابوردوی عەرەب و موسڵمانان، ڕەگوڕیشەکانی لەلای ئەمەویەکان و عەباسییەکان و عوسمانییەکان نییە، ھیچ پەیوەندییەکی بەو تێزە خورافییەشەوە نییە کە ناوی ”ستەمگەریی خۆرھەڵاتیی“ لێنراوە. مۆدێلی حوکمڕانیەکەش تەنھا پابەست بە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵکو ڕژێمی ھاوشێوەی بەعس، بێگومان بە کۆمەڵێک جیاوازیی ناوچەییەوە، لە ئەمریکای لاتین و ئەوروپای خۆرھەڵات و بەشێکی گەورەی ئاسیادا بەشێوەیەکی بەرفراوان، ئامادەبووە. ئەزموونی بەعس ئەزموونی سیستمێکی سیاسیی تاکحیزبیی و تاکئایدیۆلۆژیایی و تاکسەرکردەیە، کە لە نیوەی دووھەمەی سەدەی بیستەم و لە ناو ڕەوتی جەنگی سارد و لە سایەی بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیا توندڕەو و ڕادیکاڵەکان و لەپاڵ دروستبوونی پارتی سیاسیی جەماوەریی گەورە و لە سەردەمی ھاتنەکایەی مۆدێلی دەوڵەتی دوای کۆلۆنیالدا، دروستدەبێت. ھەموو ئەمانە زائیدەن ئەو توانا و تەکنیکی حوکمڕانییە دیسپلینکەرانە، کە ئەزمونە سیاسییە دەسەڵاتگەرەکانی سەدەی بیستەم دەیانخەنە بەردەمی حوکمڕانان. لە دۆخی بەعسدا ئەم گشتە گەورەیە تێکەڵ بە ئابوریی زەبەلاحی نەوت و بەو توانایانە دەبێت کە ئەم ئابوریی نەوتە دەیخاتە بەردەمی حوکمڕانان، بۆ ئەوەی ستمەگەر و تۆقێنەربن. 

بەعس ھەم زمانەکەی، ھەم چەمکە سەرەکییەکانی، ھەم ئایدیۆلۆژیاکەی،  ھەم دەزگاکان و ھەم میکانیزمەکانی باڵادەستبوون و ھەم لۆژیکی دەسەڵاتدارێتییەکەی، ھەر ھەموویان تازە و بێپێشینەن. بنەماکانی دروستکردنی شەرعیەت و لۆژیکی ڕەوایەتیی بەخشینی بە خۆیشی، تازەبوو. بۆ نموونە ئەوەی لەناو زمانی بەعسدا ئامادەیە چەمکەکانی بەیعە و وەلا و ڕەعیەت نین، بەڵکو ئەوانەن کە بەناوی نوێنەرایەتیکردن و دروستکردنی نەتەوە و بەرھەمھێنانی ھاوڵاتیی و خولقاندنی ئینتیمای سیاسیی حیزبیی مۆدێرنەوە، قسەدەکەن. دەوڵەت خۆیشی یەکەی سەرەکیی تازەکردنەوەی کۆمەڵگا و دروستکردنی جۆرێکی تایبەتە لە خود، بەعسییەکان باسی ”شورا“ و ”ئەھلی حەل و عەقد“یان یان نەدەکرد، بەڵکو باسی دەستور و حیزب و ”مەجلیسی قیادەی سەورە“ و پەرلەمانیان، دەکرد. بە کورتییەکەی  سیستمەکەیان سیستمێکی تۆتالیتاری مۆدێرن بوو، نەک سیستمی خەلافەتی کۆن، باسی شەریعەتیان نەدەکرد، بەڵکو یاسای نوێ و مۆدێرنیان دەکرد، سەدام خۆیشی ”ئەمیری موئمینین“ نەبوو، بەڵکو سەرۆک کۆماری عێراق و بونیادنەری یەکێتی نەتەوەیی جیھانی عەرەب، بوو. 

لە ئاستی حوکمڕانیی ڕۆژانەیدا بەعس نوێنەری زاڵبوونی عەقڵیەتی ئەمنی بوو بەسەر عەقڵیەتی دەوڵەتدا. ئەوەی ئیشی دەکرد ئیرادەی مانەوەبوو لە دەسەڵاتدا بەھەر شێوەیەک و بەھەر حیسابێک بووبێت، تا بە کوشتن و لەناوبردنی ھاوڕێ بەعسییەکانی خۆیشیان دەگەیشت. بەرھەمھێنانی دوژمنی ڕاستەقینە و دوژمنی وەھمی بەشێک بوو لەو لۆژیکە ئەمنییەی کە چەندان دەزگای گەورە بۆ ئیدارەدان و ئیشکردنی دروستکرابوو.  دروستکردنی ”فایل“ بۆ ھەموو کەسێک لە وڵاتەکەدا و چاندنی بنکەی حیزبیی و جاسوس لە ھەموو گەڕەکێکدا، داھێنانێکی بەعسیانەی تازەبوو، کە ڕەگوڕیشەکانی لەناو ئەزموونی پارتە کۆمۆنیستە حوکمڕانەکانی ئەوروپای خۆرھەڵاتدابوو. لە ئاستی سایکۆلۆژیشدا پیادەکردنی سیاسەتی ترساندنی ھەموو ئەوانەی دەکەوتنە سنووری دەسەڵاتەکانی بەعسەوە، لە ترساندنی دەوروبەرەکەی سەدام حوسەین خۆیەوە بیگرە بۆ ترساندنی ھەموو کۆمەڵگا. ئەمەش دیسانەوە لە ڕێگای دروستکردنی دەزگای تایبەتەوە بۆ ترساندن و لە ڕێگای وێرانکردنی متمانەی مرۆڤەکان بەیەکتری. ئینجا بەکارھێنانی بەشێکی گەورەی تواناکانی دەوڵەتی عێراقی خاوەن نەوت بۆ سیاسەتێکی سانسۆری خنکێنەرانە، بە سەر ژیانی ھەمووانەوە، چ ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکە خۆی و چ ژیانی شەخسیی کەسەکان. لەڕێگای بەرپاکردنی جەنگی بەردەوام و ھەڕەشەکردن بە جەنگی بە بەردەوام، پرۆسەی بەسەربازیکردنێکی ھەمەلایەنی کۆمەڵگای عێراقیی لەئارادابوو. 
پرسیارەکە ئەوەیە کێ بەرپرسیاربوو لە دروستبوونی ئەم سیستمە تۆقێنەر و خوێناویە؟ چی بەعسی دروستکرد؟
 وەڵامە ھەرە نوخبەویی و ھەڵەکە ئەو وەڵامەیە کە دەڵێت کۆمەڵگای عێراقیی لە دروستبوونی ئەم کابوسە بەرپرسیارە. ڕاستییی ئەوەیە ئەوانەی لە دروستکردنی دیکتاتۆریەتی بەعسدا بەشداربوون خەڵک و کۆمەڵگای عێراقی وەک گشتێک، نەبوون. بەڵکو زۆرینەی ئەو خوێندەوار و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانە بوون کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە شەرعیەتیان بە بەعس و سیستمە حوکمڕانییەکەی، دەبەخشیی. ئەوانەی ئەو ھەزاران لاپەڕانەیان لەسەر سەدام حوسەین دەنووسی و بە دڵسۆز و بلیمەت و پاڵەوانیان دەکرد، جوتیاران و کرێکاران و ئاسنگەران و دارتاشان و زەڕەنگەرانی وڵاتەکە نەبوون، بەڵکو ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنانەنووسەکان بوون. ئەو سەدان و ھەزران وێنە و پەیکەرانەی بۆ سەدام کێشران و دروستکران،  ھونەرمەندان و وێنەگران و پەیکەرتاشانی وڵاتەکە بوون. ئەوانەی شیعریان بەسەر سەدامدا دەگوت، ماسیگرەکان و خاوەنی چێشتخانەکان و شۆفێری تەکسییەکان نەبوون، بەڵکو شاعیرە زۆرەکانی وڵاتەکەبوون. ھتد... ئەوەی لە ئەزموونی بەعسدا ڕوویدا، ئەوەبوو زۆرینەی نوخبە ڕۆشنبیر و خوێندەوارەکە، بە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئیعلامی و ھونەرمەندانەوە، ھاوکار لەگەڵ نوخبە سیاسییە حوکمڕانەکە دا، لە بەرەیەکی دژ بە کۆمەڵگا و دژ بە خەڵکی وڵاتەکەدا بوون. 


وەکچۆن سەدام حوسەین و نوخبە سیاسییە حوکمڕانەکەی عێراق، ھەڵگری نارسیزمێکی بیمار و پاسۆلۆژیی بوون، بەھەمان شێوە ئەو نوخبە خوێندەوار و نووسەر و ئیعلامییەی بەدوری بەعسدا دروستبووبوو، نوخبەیەکی تەواو نارسیستی بوو.  ھەردوولا ئەو کۆمەڵگایەی لەناویدا دەژیان، وەک گەمژە و گاگەل و ھۆردو وێنادەکرد و خۆیشیان وەک بوونەوەری دەگمەن و جیاواز و کەموێنە. لۆژیکی ھەردوو نوخبەکە لۆژیکێکی نارسیستی ستەمگەرانە بوو. ھەردولا خۆیان بە مامۆستا و پێشڕەوی میلەتێک دەزانی کە بە نەزان و دواکەوتو و گەمژەیان دەزانی. 
ھەم نوخبە خوێندەوارەکەی سەردەمی بەعس ئەبوو بە تێرکەری خواستە نارسیستیەکانی سەدام حوسەین، ھەم سەدام حوسەین خۆیشی دەبوو بە تێرکەریی خواستەکانی ئەو نوخبە خوێندەوارە. ھێندەی ”یەکێتی نووسەرانی عێراق“ و ”یەکێتی ڕۆژنامەنووسان“ و ”یەکێتی سینەماکاران و ھونەرمەندان“ و ئەوانیتریان بەرپرسن لە دروستبوونی دیاردەی سەدام حوسەین، ھێندە باخەوان و ماسیگر و جوتیار و دارتاشەکانی عێراق بەرپرسیار نین. ئەو ئۆرگانانە تەنھا مەدح و سەنای سەدام و ڕژێمەکەیان نەدەکرد، بەڵکو  توانای بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتنیان لە وڵاتەکەشدا ئیفلیج دەکرد، ھاوکات ڕۆشنبیر و نووسەر و ھونەرمەندە ناڕازییەکانیان دەترسان و دەستەمۆدەکرد. ئەم دەزگایانە بەشێوەیەک بەعسیان نمایشدەکرد، وەک ئەوەی خەڵک و نەتەوە و نیشتیمان قەرزاری ئەوانبن. وەکچۆن لە فیکری دینیدا ھەموو مرۆڤێک قەرزاری خودایە، بەھەمانشێوە لەناو گوتاری خوێندەوار و ھونەرمەند و نووسەرە بەعسییەکاندا خەڵک قەرزاری بەعس و سەرۆک و سەرکردایەتییەکەی بوو.
ئەوەی لە ھەرێمیشدا چاوێکی بۆ بینین ھەبێت، بە ئاشکرا بڕێکی زۆر لەو میکانیزمە بەعساییانە لەناو ئەزموونی حوکمڕانیی ئەمڕۆکەی ھەرێمەکەدا دەبینێت. بەعس ڕۆیشت بەڵام بەشێکی گەورە لە بەعسیزم تا ئێستا ماوەتەوە و کاردەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand