وەزارەتی نەوتی عێراق: مەسرور بارزانی نیازی رێككەوتنی نییە
2022-04-20 14:37:57
راپۆرت: درەو
وەزارەتی نەوتی عێراق بێئومێد بووە لە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی تۆمەتبار دەكات هەماهەنگ نیەو بەوەی پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی نییە، بەنیازە لەرێگەی سۆمۆوە بە فەرمی داوا لە توركیا بكات، هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، رەنگە ئەمە سەرەتای قۆناغێكی سەختتری ئابوری هەرێم بێت، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیار دەدات
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدادەوە بە (درەو)ی راگەیاند، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی نەوتی عێراق هەڵوێستێكی توند بەرامبەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەكە، وەزارەتی نەوتی عێراق بەنیازە بەشێوەیەكی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقو رایگشتی ئاگاداربكاتەوە لەوەی حكومەتی هەرێم بەتایبەت خودی (مەسرور بارزانی) هاوكار نییە بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیو بەرپرسیارێتی ئەم پابەندنەبوونەش بخاتە ئەستۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
(درەو) زانیویەتی، دوای ئاگاداركردنەوەی حكومەتی عێراقو رایگشتی لە پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی كۆمپانیای بەبازارخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بە فەرمی داوا لە توركیا بكات هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە رابگرێت.
رێژەی 80%ی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەنیا داهاتی فرۆشی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت، راگرتنی هەناردەی نەوت ئابوری هەرێمو بژێوی موچەخۆرانو خەڵك بەگشتی ئیفلیج دەكات.
هەرێمو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی
حكومەتی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق تائێستا نەگەیشتونەتە رێككەوتن لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی (15)ی شوباتی دادگای باڵای فیدراڵی.
رۆژی 11ی ئەم مانگە بۆ یەكەمجار دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، وەفدێكی حكومەتی هەرێم چووە بەغدادو لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆبووەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو كۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵ بەسەر هەرێمی كوردستاندا، بەڵام رۆژی 15ی ئەم مانگە عەبدولحەكیم خەسرەو ئەندامی وەفدی حكومەتی هەرێم وتی" سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەبووە، چونكە ئێمە بە فەرمی وەڵامی بەغدادمان داوەتەوە كە ئەگەر پرسەكە پەیوەستە بەگفتوگۆ لەسەر بڕیارەكە، ئێمە دانوستان لەسەر بڕیار ناكەین، بەڵكو ئێمە دانوستان لەسەر بنەمای دەستور دەكەین".
رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵ، دوای (10 ساڵ) چاوەڕوانی، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی یاسایی حكومەتی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوە.
كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەمشێوەیە:
• یاسای ژمارە (22)ی ساڵی 2007 نەوتو غازی هەرێمی كوردستان نادەستورییەو هەڵدەوەشێندرێتەوە.
• حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە (رادەستكردن تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی تر، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتیان لێ دەردەهێنێت)و رادەستكردنی بە حكومەتی فیدراڵی.
• سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بكات بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی كە حكومەتی هەرێمو نوێنەرەكەی سكاڵالێكراو (وەزیری سامانە سروشتییەكان) لەگەڵ لایەنە دەرەكیو دەوڵەتو كۆمپانیاكان سەبارەت بە دۆزینەوەی نەوتو دەرهێنانیو هەناردەكردنو فرۆشتنی ئیمزای كردووە.
• پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی رێگا بە وەزارەتی نەوتی عێراقو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بدات پێداچونەوە بە هەموو ئەو گرێبەستە نەوتییانەدا بكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرباری هەناردەكردنو فرۆشتنی نەوتو غاز، ئیمزای كردوون، بەمەبەستی وردبینیكردنیانو دیاریكردنی مافە داراییەكانی كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، هەروەها پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاری بكرێت، بەجۆرێك گەیشتنی بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم گەرەنتی بكات.
عێراق داوای چی دەكات ؟
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیدا، رۆژی 24ی ئازاری رابردوو نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
لەم نوسراوەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق داوا دەكات حكومەتی هەرێم لەماوەی (15) رۆژدا كۆپییەك لە هەموو ئەو گرێبەستانەی رادەست بكات كە لە ساڵی 2004ەوە لە بواری نەوتو غازدا لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری (دۆزینەوە، بەرهەمهێنان، گواستنەوە، فرۆشتن، هەناردە)ی نەوتدا كردویەتی، لەگەڵ تۆماری داهاتی فرۆشو هەناردەی نەوتی خاو و غاز، ئەمڕۆ 12 رۆژ بەسەر نوسراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا تێدەپەڕێتو حكومەتی هەرێم هێشتا كۆپی گرێبەستەكانی رادەست نەكردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازی بۆ هەرێم كردووە، ئەگەر گرێبەستەكانی نەوت رادەستی وەزارەتی نەوت ناكات، دەكرێت كۆمپانیایەكی بیانی بهێنرێتو ئەو كۆمپانیایە تەماشای گرێبەستەكان بكاتو هەمواریان بكاتەوە، حكومەتی مەسرور بارزانی بەم پێشنیازەش قایل نەبووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە نوسراوەكەیدا دەڵێ، داواكردنی كۆپی گرێبەستەكانی هەرێم بۆ ئەم مەبەستانەیە:
1- تەماشاكردنیان لەلایەن تیمێكی پسپۆڕو راوێژكارانی وەزارەی نەوتی عێراقەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری رێگەپێدراوی حكومەتی هەرێم.
2- گونجاندنی گرێبەستەكانی هەرێمو هەمواركردنیان بەپێی یاسای بەركاری عێراقو بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق.
لەپاڵ پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق لە نوسراوەكەیدا لەبارەی نەوتی هەرێمەوە، جەخت لەسەر چەند خاڵێكی تر دەكات كە ئەمانەن:
• پێشكەشكردنی داواكارییەك بە ئەنجومەنی وەزیران بۆ دروستكردنی كۆمپانیایەكی نەوتی، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاكییە نەوتیو غازییەكانی لەو كێڵگانەدا پێبدرێت كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرێبەستیان بۆ كراوە، ئەرك و ئامانج و سیاسەتی ئەم كۆمپانیایە ئەمانە دەبن:
1- سەرجەم ماف و پابەندییەكانی ئەو رێككەوتن و گرێبەستانەی پێشتر حكومەتی هەرێم كردویەتی، دەگوازێتەوە بۆسەر ناوی خۆی.
2- بەدیهێنانی سەرمایەگوزاری زیاتر لە سامانی نەوتدا لەڕێگەی: كەمكردنەوەی خەرجی وەبەرهێنان، بەڕێوەبردنی باشتری كێڵگەكانی نەوتو غازو زیادكردنی داهاتی هەناردەكردن.
• وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیاز دەكات ئەو كۆمپانیایەی كە دۆسیەی نەوتو غازی هەرێم بەڕێوەدەبات ناوت لێبنرێت (KROC)و بكەوێتە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراقو كۆمپانیاكە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە خاوەندارێتی بكرێتو بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێر بێت (حكومەتی مەسرور بارزانی ئەم داواكارییەی عێراق رەتدەكاتەوە دەڵێ دەبێت هەرێم خۆی كۆمپانیا نەوتییەكە دروست بكات).
• فەرمانبەرێكی پسپۆڕ كە پلەكەی لە بەڕێوەبەری گشتی كەمتر نەبێت دابنرێت بۆ، هەماهەنگیی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتی داراییو بانكی ناوەندی عێراق بەمەبەستی كردنەوەی حسابێك لە یەكێك لە بانكە نێودەوڵەتییە متمانەپێكراوەكان، هەموو داهاتی هەناردەو فرۆشی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان بخرێتە ئەم حساب بانكییە.. لەسەر بنەمای پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق پارەی لێبدرێت، هەروەها بەگوێرەی رێكخستنێك لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەمەرجێك ئەمە لەماوەی (45) رۆژدا لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم نوسراوەوە بكرێت (بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران).
• هەموو ئەم رێوشوێنانەی لەم نوسراوەدا هاتووە وەكو سیاسەتێكی نوێیە بۆ ئایندەو هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پەبەندبونیان دەكەوێتە ئەستۆ.
توركیا چی دەڵێ ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی توركیاو ئیماراتی عەرەبی ئامۆژگاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق نەبێتو لە رادەستكردنی نەوتو غاز پەلە نەكاتو كاتەكە درێژ بكاتەوە.
لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، توركیا چاوی لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكە لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئامادەیە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كۆتایی بە مامەڵەی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنێت.
حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا لەسەر كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغداد، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە، داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكات، دۆسیەكە لە دادگا لە یەكلایبوونەوەی نزیكبوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرتو دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیاو هەرێمی كوردستان، بەڵام كەیسەكە دانەخراوەو هەڕەشەیە لەسەر توركیا، بەرپرسانی توركیا دەیانەوێت هەر بڕیارێك لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە چارەسەری ئەو كەیسەوە لەگەڵ عێراق، توركیا دەیەوێت لەبەرامبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغداد، حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا سكاڵاكەی لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر توركیا بكێشێتەوەو رێككەوتنێكی فراوانتر لەنێوان هەردوولا بكرێت كە جگە لە پەیوەندی ئابوری، كەیسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)و چەندین دۆسیەی تر نێوان هەردوو وڵات لەخۆی بگرێت.