حكومەتی هەرێم بووە بە كەفیلی (كۆڕەك تیلیكۆم)
2022-04-20 09:40:20
(درەو):
15 ساڵ لەمەوپێش حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بە كەفیل بۆ ئەوەی سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانی لە كۆمپانیایەكی كوەیتی قەرز بكات بۆ كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)، سیروان قەرزەكەی نەداوەتەوە، ئێستا دەبێت حكومەتی هەرێم وەكو كەفیل قەرزەكەی بۆ بداتەوە.
دادگای تێهەڵچونەوەی كوەیت لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان حوكمێكی دەركرد، بەپێی ئەم حوكمە دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی (490 ملیۆنو 80 هەزار) دۆلار بدات بە كۆمپانیای (ئەجیلیتی).
كۆمپانیای (ئەجیلیتی) كۆمپانیایەكی كوەیتییە كە لە بۆرسەی كوەیتو دوبەی تۆماركراوە، ئەم كۆمپانیایە ئەمڕۆ رایگەیاند، دادگای تێهەڵچونەوە لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (كازار كاپیتاڵ بارتنرز) حوكمی داوە، كە سەربە كۆمپانیای (ئەجیلیتی)یە.
دۆسیەكە پەیوەندی بە قەرزێكەوە هەیە كە رۆژی 11ی سێپتێمبەری 2007 كۆمپانیای (كازار) بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوەو حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە بووە بە كەفیلی كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم).
بڕی ئەو قەرزەی كە كۆمپانیا كوەیتییەكە بە كۆمپانیای (كۆڕەك تیلیكۆم)ی داوە (250 ملیۆن) دۆلار بووە، سودی قەرزەكە لەسەر كۆڕەك تیلیكۆم ساڵانە بە بڕی (7%) دانراوە.
ساڵی 2007 كاتێك (كۆڕەك تیلیكۆم) هاوشێوەی كۆمپانیاكانی تری بواری پەیوەندیكردن ویستویەتی مۆڵەتی كاركردنی خۆی بۆسەر ئاستی عێراق فراوان بكاتو مۆڵەت لە حكومەتی عێراق وەربگرێت، پێویستی بە پارە بووە، پارەكەی لەم كۆمپانیا كوەیتییە قەرز كردووە، حكومەتی هەرێم كەفالەتی (كۆڕەك)ی كردووە بۆ وەرگرتنی قەرزەكە.
كۆمپانیای (كازار) دوای دەرچوونی حوكمی دادگا لەسەر كەیسی ئەم قەرزە، لەدژی حكومەتی هەرێمو بانكی نیشتمانی كوەیت، داوای تێهەڵچوونەوەی كردووە، دادگا لەبەرژەوەندی كۆمپانیاكە حوكمی داوە بە قەرەبوكردنەوەی بڕی قەرزو سودی قەرزەكەی لەو رۆژەوە كە قەرزەكە كراوە.
دادگاكە حكومەتی هەرێم پابەند كردووە بەوەی %7ی سودی قەرزەكە بە كۆمپانیاكە بداتەوە تا ئەوكاتەی هەموو پارەكە تەواو دەبێت، ئەمە لەگەڵ دابینكردنی خەرخی ماندووبونی پارێزەرە یاساییەكاندا.
كۆڕەك تیلیكۆم
كۆرەك تیلیكۆم كۆمپانیایەكی هاوبەشی سنوردارە لە عێراقدا تۆماركراوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی GSM، ساڵی 2000 دەستی بە پێشەكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كردووە، سەرەتا تەنها لە هەرێمی كوردستان، پاشان لە 17ی ئابی ساڵی 2007 كۆڕەك یەكێك بوو لەو سێ كۆمپانیایەی كە مۆڵەتی كاركردنی سەرانسەری عێراقی پێدرا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی مۆبایل، بنكەی سەرەكی لە شارۆچكەی پیرمامە.
سیروان بارزانی كوڕی سابیر مستەفا بارزانی برازای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەم كۆمپانیایەی دامەزراندووە، سیروان لەدایكبوونی ساڵی 1971ە، جگە لە كاری بازرگانی، فەرماندەی سەربازییەو پلەی لیوای لەنێو هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیەو لەشەڕی دژ بە رێكخراوی داعش فەرماندەی میحوەری گوێر- مەخمور بوو.
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز"ی بەریتانی، لە ساڵی 2020دا سیروان بارزانی بووە بە خاوەنی رێژەی 75%ی پشكەكانی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم.