Draw Media

ڕۆژنامەی کوردستان لە نێوان ٢١/ ٢٢ نیساندا!

ڕۆژنامەی کوردستان لە نێوان ٢١/ ٢٢ نیساندا!

2022-04-21 12:34:26



درەو:
ئامادەكردنی:ئەحمەد قادر عەلی
هەرچەندە هەموو نوسین و لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن رۆژنامەی كوردستان لە 22ی نیسانی 1898 دەرچووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرواری ڕۆمی لەسەر لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە کە (٩ نیسانی ١٣١٤) نوسراوە کاتێک دەیگۆڕین بۆ ساڵنامەی زاینی و کۆچی ڕۆژی پێنج شەممە دەکات، ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو ڕۆژەی کە لە بەردەم هەردوو بەرواری کۆچی و ڕۆمی سەر ڕۆژنامەکە نوسراوە. هەر لەو بەروار گۆڕینەدا ٢١ نیسانی ١٨٩٨ دەردەچێت نەك 22ی نیسانی 1898. 

سەرەتا
ڕۆژنامەی کوردستان وەک یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی مایەی شانازی کورد بە گشتی و ڕۆژنامەنووسان و نوسەر و ڕۆشنبیرانە. 
وەک لە سەرچاوەکاندا باسکراوە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ زاینی، ٩ نیسانی ١٣١٤ رۆمی، ٣٠ ژوالقعدەی ١٣١٥ کۆچی لەلایەن مقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرچووە. کۆتا ژمارەیشی لە ١٤ نیسانی ١٩٠٢ زاینی، ١ نیسانی ١٣١٨ ڕۆمی، ٦ محڕم ١٣٢٠ کۆچی دەرچووە.
ژمارە (١-٥) لە قاهیرە، (٦-١٩) لە جنێف، (٢٠-٢٣) دووبارە لە قاهیرە، (٢٤) لە لەندەن، باس لەوە دەکرێت کە ژمارە ٢٥ دووجار دەرچووە، یەكەمیان لە شاری لەندەن و دووەمیشیان لە شاری فۆڵكستۆن هەر لە بەریتانیا، (٢٥-٢٩) لە فۆڵکستۆن و (٣٠-٣١) جارێکی تر لە جنێف دەرکراوە. 

وەبیرهێنانەوەیەک
لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە و وتاری زۆر نوسراوە دەربارەی ڕۆژنامەی کوردستان و ڕۆڵ و پێگەی بنەماڵەی بەدرخانییەکان.
تەواوی ئەو لێکۆڵینەوە و نووسینانەی خوێندوومەتەوە جگە لە دوانیان هەموویان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرکراوە. لە هیچ یەکێک لەو لێکۆڵینەوە و نووسینانەدا بە بەڵگەی گومانبڕ نەسەلمێنراوە کە ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ دەرکراوە.
 بەگوێرەی سەرچاوەکانی بەردەست، د. مارف خەزنەدار یەکەم کوردە، ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی رۆژنامەی “کوردستان”ی بە ٢٢ی نیسان داناوە. ئەوەشی بە گوتارێک لە رۆژنامەی (برایی – التێ‌خی) لە ژمارەی ٢٢ی نیسانی ١٩٦٨ بڵاوکردوە. لە هەمان ساڵ د. کەمال فواد لە کتێبخانەی ماربوورگ لە ئەڵمانیا زۆربەی ژمارەکانی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی دۆزیوەتەوە و بە گوتارێک لە ژمارە یەکی گۆڤاری “ڕووناکی” ، کە لە ٢٣ی مایسی ١٩٦٩ دەرچوو، ئەم دۆزینەوە تازە و گرنگەی بۆ خوێنەرانی کورد ئاشکرا کرد. دواتر هەر د. کەمال فواد تەواوی ژمارەکانی بەردەستی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی لە کتێبێکدا بەناوی: ("کوردستان" یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی) لە ساڵی ١٩٧١ لە بەغدا چاپکرد. تا ئێستا سێ جار ئەو کتێبە چاپکراوەتەوە. 
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هیچ یەکێک لەو نووسینانەی ئاماژەم پێدا، بەرواری کۆچی و ڕۆمی هاوتا نەکراوەتەوە بە بەرواری زاینی، تاوەکو خوێنەر دڵنیاببێتەوە لەوەی کە ئەو بەروارانەی لەسەر یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان هەیە بەرامبەرە بە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨. ئەو کاتەی ڕۆژنامەی کوردستان دەرکراوە بەپێی ساڵنامەی کۆچی و ڕۆمی بەروارەکان دیاریکراوە. ساڵنامەی زاینی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی و مصردا بەکارنەهێنراوە.    
لە بەرامبەر ئەمەدا دوو بابەتی بڵاوکراوەم دەست کەوتووە کە ئاماژە بەوە دەدەن ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢١ نیسانی ١٨٩٨ دەرچووە. یەکەمیان وتارێکی مامۆستا فەرهاد شاکەلی-یە لە ژمارە (٤١٣)ی ڕۆژنامەی ئاسۆ لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٠٧ بڵاوکراوەتەوە، تێیدا نوسەری بابەتەکە ٢١ی نیسانی بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی "کوردستان" داناوە.  دووەمیان وتارێکی د. مەغدید سەپان-ە (د.سەپان) کە لە ساڵی ٢٠١٩ و یادی ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لە سایتی ڕۆژنامەوانی www.rozhnamawany.com بڵاوکراوەتەوە. 
هەرچەندە هەردوو مامۆستای بەڕێز لەنووسینەکانیاندا چەند بەڵگەیەکیان خستووەتە ڕوو بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانیان، بەڵام ئەو بەڵگانەیش تەواو بابەتەکەیان یەکلایی نەکردووەتەوە و بەڵگەی گومانبڕ نین.
ئێستایش کە یادی ١٢٤ ساڵەی ڕۆژنامەی “کوردستان” دەکرێتەوە، ئیدی پێویستە هەڵوێستەی جددی لەسەر ئەم بەروارە بکرێت و ڕاستکردنەوەی پێویستی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی لەمە زیاتر ئەو هەڵە بەسەر ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانی مێژووی ڕۆژنامەوانی کوردیدا تێنەپەڕێت.  
هەرچەندە ئەو بەروارە لە کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیدا جێگیر بووە، بەڵام پێویستە بەردەوام لێکۆڵینەوە لە سەرجەم بوارەکانی مێژوودا بکرێت و بە ڕوونی سەرەتا و کۆتایی ڕووداوەکان دیاری بکرێت و بسەلمێنرێت.

ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢١ نیساندا دەرچووە!
ئەوەی تێبینی دەکرێت لەسەر هەر ٣١ ژمارەکەی ڕۆژنامەی کوردستان بەرواری زاینی لەسەر نییە، بەڵکو تەنها بەرواری کۆچی و ڕۆمی نوسراوە. دیارە ئەمەش پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی و ئاینی و کلتووری و کارگێڕی ئەو سەردەمەوە بووە کە ڕۆژنامەی کوردستانی تێدا دەرچووە. لەو سەردەمەدا ساڵنامەی زاینی بەکارنەهێنراوە و تەنها کار بە ساڵنامەی ڕۆمی و کۆچی کراوە. 
بۆ بەراوردی ئەو سێ ساڵنامەیە پێویستمان بە بەرنامەیەکی تایبەتە بۆ گۆرینی بەروارەکان لە ساڵنامە جیاوازەکاندا. بۆ ئەو مەبەستە بەندە پشتم بە سایتی فەرمی دەزگای مێژووی تورکیا Türk Tarih Kurumu بەستووە. لە سایتی ئەو دەزگایەدا بەشێکی تایبەتی تێدایە بەناوی ڕێنمایی گۆڕینی بەروار Tarih Çevirme Klavuzu بۆ گۆڕینی ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵ لە هەر سێ ساڵنامەی کۆچی، ڕۆمی و زاینیدا. لەو بەشەدا بەروار و مانگ و ساڵ دیاریدەکرێت و سایتەکە دەیگۆڕێت بۆ بەروار و مانگ و ساڵەکانی دیکە.  
لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە ئێمە ئەو ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵە ڕۆمی و کۆچییەی لەسەر یەکەم ژمارە و کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستاندا نوسراوە دیاری بکەین و پاشان بیگۆرین بۆ ڕۆژ و بەروار و ساڵی زاینی. ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێت کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان کەی دەرچووە. 
کێشەی سەرەکی لەوەی کە ناتوانرێت بە تەواوی ڕۆژی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان دیاری بکرێت پەیوەستە بە هاوتانەبوونی ڕۆژ و بەرواری دەرچوونی ڕۆژنامەکە بەپێی ساڵی کۆچی و ڕۆمی.
وەک لە لاپەڕەی یەکەمی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی کوردستاندا نوسراوە (روژا پنجشمی دە ٣٠ ژوالقعدە ١٣١٥، پنجشنبە فی ٩ نیسان سنە ١٣١٤) . کاتێک بەرواری کۆچییەکە کە نوسراوە (پێنج شەممە ٣٠ ژوالقعدە ١٣٥) دەگۆڕین بۆ ساڵی زاینی و ڕۆمی، ڕۆژ و بەروارەکە دەگۆڕێت بۆ جومعە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ زاینی و ١٠ نیسانی ١٣١٤ ڕۆمی. 
لێرەدا دوو کێشەی سەرەکی دروست دەبێت کە ناچارمان دەکات ئەم بەروارە ڕەت بکەینەوە و بەهەڵەیەکی بەرپرسانی ڕۆژنامەکەی بزانین. یەکەمیان ئەوەیە کە لە ڕۆژنامەکەدا پێش بەرواری کۆچی نوسراوە (پێنج شەممە ٣٠ ژوالقعدە ١٣١٥) بەڵام لە ڕاستیدا ٣٠ ژوالقعدە ١٣١٥ کۆچی جومعە بووە. لە هەمانکاتدا ڕۆژ و بەرواری (پێنج شەممە ٣٠ ژوالقعدە ١٣١٥) کاتێک دەیگۆڕین بۆ ساڵنامەی رۆمی دەبێت بە (١٠ نیسانی ١٣١٤)، لە کاتێکدا لەسەر ڕۆژنامەکە نوسراوە (٩ نیسانی ١٣١٤). 
بەڵام بەرواری ڕۆمی لەسەر لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکە کە (٩ نیسانی ١٣١٤) نوسراوە کاتێک دەیگۆڕین بۆ ساڵنامەی زاینی و کۆچی ڕۆژی پێنج شەممە دەکات، ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو ڕۆژەی کە لە بەردەم هەردوو بەرواری کۆچی و ڕۆمی سەر ڕۆژنامەکە نوسراوە. هەر لەو بەروار گۆڕینەدا ٢١ نیسانی ١٨٩٨ دەردەچێت. 
جگە لەمانەش هەروەک د.سەپان لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێداوە،  پێش ١٢٤ ساڵ "رۆژی هەینی لە میسر باوەڕناکرێ، خەریکی دەرکردنی رۆژنامە بووبن، چونکە لە جیهانی ئیسلامی ئەم ڕۆژە پشووە". هەر بۆ ئەو مەبەستە د.سەپان کۆپی دوو ژمارەی دوو رۆژنامەی ڕۆژانەی بەناوبانگی سویدی (Aftonbladet – Dagens nyheter)ی (٢٢ی نیسانی ١٨٩٨)ی وەرگرتووە و بۆی دەرکەوتووە کە "لەسەر هەردووک ڕۆژنامە: “ئەفتۆنبلادێت، داگینس نیهێتەر” رۆژی هەینی نووسرایە…". 
جگە لەمانەیش لە زۆرێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەکەدا ڕۆژ و بەرواری ساڵی کۆچی بە تەواوی پاش و پێش کەوتووە، بە جۆرێک ئاڵۆزی و دژیەکی تێدایە کە تەنانەت ڕۆژ و بەروارەکە لە خودی ساڵنامە کۆچیەکەدا یەکناگرێتەوە، بۆ نموونە لە ژمارە (٦)دا نوسراوە (یکشمب دە ٢٥ جماژی الاول ١٣١٦ پازارایرتسی فی ٢٨ ایلول سنە ١٣١٤). بەڵام کاتێک ئەم بەروارانە دەگۆڕین بۆ ساڵنامە جیاوازەکان یان هەر خۆیان بەراورد دەکەین، دژیەکی زۆری تێدایە. بەپێی ساڵنامەی کۆچی ڕۆژی یەک شەممە ٢٣ جماژی الاول ١٣١٦ کۆچییە، بەڵام لە سەر ڕۆژنامەی کوردستان ٢٥ جماژی الاول ١٣١٦ نوسراوە. هەروەها پازارایرتسی کە لە بەردەم ساڵنامەی ڕۆمیدا نوسراوە دەکاتە دوو شەممە. کاتێکیش بەراوردی ڕۆژی دوو شەممە بە بەرواری ساڵنامەی ڕۆمی دەکەین ئەوا بە تەواوی ٢٨ ئەیلولی ١٣١٨ دەکات. واتە ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵی ڕۆمی کە لەسەر ڕۆژنامەکە نواسراوە ڕاستە و کێشەی تێدا نییە.
بۆ دڵنیایی تەواو دەربارەی ئاڵۆزی و دژیەکی ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵی کۆچی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا نموونەیەکی دیکە دەخەینە ڕوو. بەپێی بەرواری سەر ڕۆژنامەی کوردستان خۆی بێت، ژمارە (٣)ی ڕۆژنامەکە لە "٢٨ ژوالحجە ١٣١٥" کۆچی دەرچووە، بەڵام ژمارە (٤)ی ڕۆژنامەکە لە "١٢ ژوالحجە ١٣١٦" کۆچی دەرچووە! لێرەدا پێویست بوو ژمارە ٤ لە ١٢ محرم ١٣١٦ کۆچی دەربچێت. لەبەرئەوەی دوای مانگی ژوالحجە لە ساڵنامەی کۆچیدا مانگی محرم کە یەکەم مانگی ساڵی کۆچیە دەستپێدەکات. لێرەدا بەرپرسانی ڕۆژنامەی کوردستان لە ژمارە (٤)دا بەروار و ساڵەکەیان ڕاست نوسیوە بەڵام مانگەکەیان بە هەڵە نوسیوە. 
لە لایەکی دیکەوە لە ژمارە (١-٥) ڕۆژنامەی کوردستان کە لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان خۆیەوە لە قاهیرە دەرکراوە، لە سەرجەمیاندا ڕۆژی پێنج شەممە نوسراوە، هەرچەندە لەسەر ڕۆژنامەکە نوسراوە "پازدە ڕۆژ جارێک دەردەچێت". بەڵام لە ڕاستیدا ئەو (٥) ژمارەیەی سەرەتای ١٤ ڕۆژ جارێک دەرچووە، هەر لەبەر ئەوەیش لە سەرجەمیاندا ڕۆژی پێنج شەممە نواسراوە. بەڵام سەرجەمی بەروارە کۆچییەکان لەو (٥) ژمارەیەدا دووبارە ڕۆژی هەینی دەردەچێت. ژمارەی شەشەمی ڕۆژنامەکەیش ٣ مانگ و ٢٤ ڕۆژ لە پاش ژمارە پێنج دەرچووە، هۆکاری ئەمەیش دەکرێت پەیوەندی بە وازهێنانی میقداد مەدحەت لە ڕۆژنامەکە و گواستنەوەی شوێنی دەرچوونی بۆ جنێف لە سویسراوە هەیە. 


 

وێنەی ژمارە (١) یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان.

وێنەی ژمارە (٢) گۆڕینی ڕۆژ و بەرواری یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵنامەی کۆچییەوە بۆ ساڵنامەی زاینی و ڕۆمی دەخاتە ڕوو.


وێنەی ژمارە (٣) گۆڕینی ڕۆژ و بەرواری یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵنامەی ڕۆمییەوە بۆ ساڵنامەی زاینی و کۆچی دەخاتە ڕوو.
کێشەی هاوتانەبوونی ڕۆژ و بەروارەکان لە کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەکەشدا ڕەنگی داوەتەوە. تەنانەت بەهۆی ئەوەی کە بە ڕۆژ و ساڵنامەی کۆچی و ڕۆمی نوسراوە، هەندێک لە لێکۆڵەران و نووسەران ڕۆژ و ساڵنامە ڕۆمیەکەیان بە ڕۆژ و ساڵنامەی زاینی وەرگرتووە، هەر بۆیە بەداخەوە لە هەندێک سەرچاوەدا باس لەوە کراوە کە کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ١ نیسانی ١٩٠٢ دەرکراوە. بەڵام لە ڕاستیدا ژمارە ٣١ ی ڕۆژنامەی کوردستان کە کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەکەیە لە ١ نیسانی ١٣١٨ ڕۆمی و ٦ محرم ١٣٢٠ کۆچی دەرچووە، هەروەک لەسەر لاپەڕەی یەکەمی ژمارە ٣١ی ڕۆژنامەکەدا نوسراوە (دوشمب ٦ محرم ١٣٢٠، ١ نیسان سنە ١٣١٨). لێرەشدا کاتێک ئەم بەروارانە دەگۆڕین بۆ زاینی، دەبینین کێشە لە دیاریکردنی ڕۆژ و بەروار بەپێی ساڵنامەی کۆچی هەیە. چونکە بە پێی ڕێنمایی گۆڕینی بەروار لە سایتی فەرمی دەزگای مێژوی تورکیا ٦ محرم ١٣٢٠ کۆچی ڕۆژی سێ شەممە دەکات، لە کاتێکدا لە ڕۆژنامەکەدا دوو شەممە نوسراوە. هەر ئەو بەروارەیش ١٥ نیسانی ١٣١٨ ڕۆمی دەکات، لە کاتێکدا لەسەر ڕۆژنامەکە ١٤ نیسانی ١٣١٨ نوسراوە. بەڵام کاتێک ڕۆژ و بەرواری ڕۆمی سەر ڕۆژنامەکە دەگۆڕین بۆ ڕۆژ و بەرواری زاینی و کۆچی، دەردەکەوێت کە ڕۆژی دەرچوونی کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان دوو شەممە ١ نیسانی ١٣١٨ ڕۆمی بەرامبەر بە ١٤ نیسانی ١٩٠٢ زاینی دەکات.  

وێنەی ژمارە (٤) ژمارە (٣١) کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان.


وێنەی ژمارە (٥) گۆڕینی ڕۆژ و بەرواری کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵنامەی کۆچییەوە بۆ ساڵنامەی زاینی و ڕۆمی دەخاتە ڕوو.


وینەی ژمارە (٦) گۆڕینی ڕۆژ و بەرواری کۆتا ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵنامەی ڕۆمیەوە بۆ ساڵنامەی زاینی و کۆچی دەخاتە ڕوو.

دەرەنجام
ئاشکرایە بنەماڵەی بەدرخانییەکان و خودی میقداد مەدحەتیش هەم کاریگەر بوون بە بیری خۆرئاوا و ئەوروپا و هەمیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کە ئەو کاتە فەرمانڕەوایی ناوچەی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە تێکچووە و لە دەست ستەمی عوسمانییەکان هەڵهاتوون بۆ ئەوروپا و مصر. کەواتە دەکرێت بوترێت بەهۆی دوورکەوتنەوەیان لە کلتوور و کۆمەڵگەی ئیسلامی بەرپرسانی ڕۆژنامەکە زۆر بە وردی ئاگاداری ساڵنامەی کۆچی نەبووبن، هەر لەبەر ئەوەیش بووە لەبری ئەوەی ٢٩ ژوالقعدە بنوسن کە ڕۆژی پێنج شەممە دەکات، ٣٠ ژوالقعدە-یان نوسیوە کە ڕۆژی جومعە دەکات.
لەمانەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەو ڕۆژ و بەروار و مانگ و ساڵە کۆچیانەی لەسەر ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان نوسراون دژیەکی و ئاڵۆزی زۆریان تێدایە و ناکرێت وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پشتیان پێ ببەسترێت. 
لە کۆی گشتیدا دەتوانرێت بگوترێت ڕۆژنامەی کوردستان ڕۆژی (پێنج شەممە ٩ نیسانی ١٣١٤ ڕۆمی، پێنج شەممە ٢٩ ژوالقعدە ١٣١٥ کۆچی، پێنج شەممە ٢١ نیسانی ١٨٩٨ زاینی) دەرچووە. 

 

   د. کەمال فوئاد، کوردستان: یەکەمین رۆژنامەی کوردی (١٨٩٨-١٩٠٢)، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، چاپی سێیەم، تاران، ٢٠٠٦.
   فەرهاد شاکەلی، ڕۆژنامەی کوردستان کەی دەرچووە؟، ڕۆژنامەی ئاسۆ، ژمارە ٤١٣، (٢٢/٤/٢٠٠٧).
  www.rozhnamawany.com, (22.04.2022), ڕۆژنامەی کوردستان ٢١ نیسان دەرچووە http://www.rozhnamawany.com/?p=2578, (17.02.2022).
  www.ttt.gov.tr, Tarih Çevirme Kılavuzu, https://www.ttk.gov.tr/tarih-cevirme-kilavuzu/, (16.04.2022)
 

*توێژەر و مامۆستای مێژووی ڕۆژنامەگەری لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە
[email protected]
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand