بریكارەكەی گۆڕان بۆی درێژكرایەوە “ گەیشتە تەمەنی خانەنشینی”
2022-04-17 18:21:50
درەو:
لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە پشكی گۆڕان، گەیشتە تەمەنی خانەنشینی بەڵام پۆستەكەی بۆ درێژكرایەوە.
بە پێی نوسراوێك كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە بە واژۆی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەو لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رۆژی 2022/4/10 راژەی د. سەیوان عەلی فەرەج بریكاری وەزارەتی پەروەردە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان درێژكرایەوە لە پۆستەكەیدا، ئەوەش دوای ئەوەی د. سەیوان عەلی تەمەنی گەیشتە خانەنشینی و دەبوایە خانەنشین بوایە.
لەكاتی دەستبەكاربوونی بریكارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان (درەو) لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كرد لەكۆی ئەو (چوار) كاندیدەی كە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی بریكاری وەزیرەكان پێشكەشی كردووە، (سێ) كەسیان دوای چەند مانگێك لە دەستبەكاربوون، تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون تەواو دەكەن، چونكە دوانیان لەدایكبووی ساڵی (1957)و یەكێكیان لەدایكبووی (1956)ەو دەبێت بە موچەی پلە باڵاكان خانەنشین بكرێنو بزوتنەوەی گۆڕان (سێ) كەسی تر كاندید بكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان، كە ئەوانیش دواجار بە هەمان موچە خانەنشین دەبن.
بریكارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان:
* كامیل قەزاز- بریكاری وەزیری كارەبا
* د. سەیوان عەلی- بریكاری وەزیری پەروەردە
* مستەفا سەلیم- بریكاری وەزیری ناوخۆ (كۆچی دواییكرد)
* چالاك موهەندیس- بریكاری وەزیری شارەوانی
هەرچەندە لە یاسای خانەنشینی هەرێم دەرفەتێكی هێشتوەتەوەو رێگە دەدات لە حاڵەتی "ئەوپەڕی زەرورەتدا" لەسەر داوای وەزیری پەیوەندیدار، ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماوەی (3) ساڵ ئەو كەسانە لەسەر كارەكانیان بهێڵێتەوەو خانەنشینیان نەكات.
لە هەرێمی كوردستان (148) كەس بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشینن.
راپۆرتی پەیوەندیدار