درەو: دادگای قورەتوو بە جیا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان لە پشكی یەكێتی دەركرد و لەسەر دۆسیەی پسوڵە ساختەكانیش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو بەرپرسی ئەمنی گەرمیان دەركرد دادگای قورەتوو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەریەك لە عەلی تۆفیق سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان و حسێن ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان لە پشكی یەكێتی دەركرد، بە تۆمەتی فێلكردن لە گومرگی ئەو بار و شەحنانەی كە دێنە دەروازەی پەروێزخانەوە. لەلایەكی ترەوە دادگای لێكۆڵینەوەی قورەتوو لەسەر دۆسیەی پسوڵە گومرگیە ساختەكانی گەرمیان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو بەرپرسی ئەمنی دەركرد. سایتی دەنگ نێتی گەرمیان بڵاویكردووەتەوە كە دادگای لێكۆڵینەوەی گەرمیان لەسەر دۆسیەی پسوڵەی گومرگیە ساختەكانی ساڵی رابردوو كە ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و 15 كەسی لەسەر دەستگیركراوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دوو بەرپرسی ئەمنی گەرمیان دەركردووە ئەوانیش ( حەیدەر عەبدولڕەحمان، رێبین تەها)یە رێبین تەها، یەكێك لەو پلەدارانەی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركراوە، بە رادیۆی دەنگی راگەیاندووە: ئاگاداری هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە نیم و هیچم پێنەگەیشتوە. سەرسوڕمانی خۆیشی نیشاندا لەوەی ناوی لەو دۆسیەیەدا هاتوە، وەكخۆی وتی: من كەسێكی سەربازیم و دەوامی فەرمی خۆم دەكەم و دور و نزیك پەیوەندیم بە بازرگانی و مەرزە نیە و هیچ پەیوەندیەكیشم نیە بەو كەسانەی لەسەر ئەو دۆسیەیە ناویان هاتبو و تۆمەتبار بون. لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو، دادوەری لێكۆڵینەوەی قۆرەتو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ژمارەیەك هاوڵاتی دەركرد بەتۆمەتی ساختەكردنی پسوڵەی گومرك و بردنی بار بەو پسوڵانە، كە وەك باس دەكرا گوژمەی ئەو ساختەكارییانە نزیكەی 4 ملیار دینار بوە، بەوهۆیەشەوە سەروی 15 كەس راگیران و بەشی زۆریان دواتر بە كەفالەت ئازاد كران، لەنێو تۆمەتبارانیش دا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان (محەمەد شێخ وەهاب) هەبو كە لە 25ی هەمان مانگەوە تائێستا راگیراوە.
درەو: زریان محەمەد- سایتینەوژین بەهۆی گێچەڵپێکردنی سێکسیەوە کچە خوێندکارێک، توشی ناجێگیری باری دەرونی دەبێت و دەڵێت ”من رۆشتمە زانکۆ بۆئەوەی بگەم بەخەونەکەم بەڵام ئەوەی چاوەڕێم نەدەکرد بەرۆکی گرتم“. مامۆستایەکی زانکۆش جەخت لەبونی گێچەڵ و هەراسانی سێکسی لە ناوەندەکانی زانکۆ دەکاتەوە و باسلەوەدەکات چەندین کەیسی هاوشێوەمان لەلایە، پۆلیسش دەڵێت تاونبارانی سکاڵالێکراو سزایی یاسایان وەرگرتوە. توندوتیژی سێکسی خۆی دەبینێتەوە لە دەستدرێژی و گێچەڵ و هەراسانی سێكسی شیرین، ناوی خوازراوی کچێکی قوربانی ئەم جۆرە توندوتیژیەیە دانیشتوی قەزای کەلارەو کاتێک فێرخوازی زانکۆبوە لە زانکۆی گەرمیان، پێش دوساڵ ئەم توندوتیژیەی روبەڕوبۆتەوە. (شیرین)، بۆ نەوژین، وتی: کاتێک کە رۆشتمە زانکۆ خەونم ئەوەبو لە ریزبەندی یەکەمەکانی بەشەکەم بم، درێژە بە خوێندنی ئاستی بەرزبدەم، بەڵام لەلایەن هەندێ لە مامۆستاکانمەوە گێچەڵی سێکسیم پێکرا، بەوەش هەمو شتێک بۆمن گۆڕا. شیرین نایەوێت ئەو رۆژانەی بیربێتەوە دەڵێت: هەوڵدەدەم هیچ شتێکی ئەو رۆژانەم بیرنەمێنیت تەنانەت مامۆستاکانم لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە گێچەڵیان پێدەگرتم توشی شۆک بوبوم، دوای ئەو روداوانە باردۆخم زۆرخراپ بو دەستم بەوەرگرتنی چارەسەری دەرونی کرد، تەمەنا دەکەم باجی هەمو ئەو کردەوانە وەربگرنەوە". ”توندوتیژی سێکسی کاریگەری دەرونی لەسەر قوربانیەکە جێدەهێڵێت“ توێژەرێکی کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکاتەوە گێچەڵ پێکردن بە کچان لە ناوکایەکانی پەروەردە کاریگەری دەرونی قورسیان لەسەر بەجێدەهێڵێت. هێرۆ حەسەن، توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ نەوژین وتی: "گێچەڵی سێکسی پرسێکە لە کۆمەڵگەی خۆماندا بەردەوامە و بوە بە دیاردە رێژەکەش روی لە هەڵکشان کردوە، تەنانەت بە جۆرێکە لە شوێنەکانی پەروەردە و فێرکردنیش رەنگی داوەتەوە و رۆژانە گوێبیستی چەندین چیرۆکی توندوتیژی سێکسی لە نێو پەیمانگا و زانکۆکان دەبین". وتیشی: ئەم جۆرە توندوتیژیە کە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت کاریگەری دەرونی قورس لەسەر دەرونی قوربانیەکە جێدەهێڵێت، بە جۆرێک دەبێتە هۆی ترس و باوەڕبەخۆنەبون و شەرم و دڵەڕاوکێ و گرێی دەرونی، وە هەندێک جار قوربانیەکە وای لێدێت توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی دەبێت. ”بە پاساوی ئەوەی ناوی زانکۆ نەزڕێت رێگری لەکچێک دەکرێت راستیەکان بدرکێنێت“ مامۆستایەکی زانکۆ ئەوە پشت راست دەکاتەوە کە لە نێو زانکۆی گەرمیان گێچەڵ پێکردن بە فێرخوازان بونی هەیە، وەک خۆی دەڵێت"چەندین کەیسم لایە". عەلی کەریم، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، بۆ نەوژین وتی: "گێچەڵ کردن بە کچان لە ناو زانکۆی گەرمیان لەلایەن مامۆستایانەوە بونی هەیە بە جۆرێک خودی خۆم چەندین نمونەم لایە کە پەنایان بۆ هێناوم". وتیشی: "ئەم بابەتەم بەبەش و راگری زانکۆش گەیاندوە، تەنانەت یەکێک لەو کچانەی کە گێچەڵی پێکراوە دەیوت دێمە بەردەم راگر و دەی سەلمێنم کە گێچەڵم پێکراوە، بەڵام هیچ نەکراوە بە پاساوی ئەوەی کە ناوی زانکۆ دەزڕێت". ”سزاکانی توندوتیژی سێکسی لە ٢٤ کاتژمێرە دەست پێدەکات تاوەکو حوکمی لەسێدارەدان“ بەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بۆ ئەمساڵ ٢٩ سکاڵا تۆمار کراوە لەسەر توندوتیژی سێکسی و ٩ سکاڵایان گێچەڵ پێکردن بوە، بەبێ ئاماژەدان بەوەی کە لە نێو چ چینێک سکاڵاکان تۆمار کراوە. عەلی جەمال، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، سەبارەت بە ئامارەکانی گێچەڵی سێکسی بۆ ئەمساڵ بۆ نەوژین وتی: ئێمە دوجۆر کەیسمان هەیە وەک دەست درێژی سێکسی کە ١٥ حاڵەتمان هەبوە سکاڵای لەسەر تۆمار کرابێت و گێچەڵی سێکسیش بۆ ئەمساڵ ٩ حاڵەتمان هەبوە لەگەڵ ئەوەش کەیسی وامان هەبوە ئەو کەسەی گێچەڵی پێکراوە و ئاگاداربوین بەڵام سکاڵای تۆمار نەکردوە نەمان توانیوە هیچ شتێک بکەین. کەمی هۆشیاری لە بارەی یاساکانەوە و تۆمارنەکردنی سکاڵا بەردەوامیداوە بە توندوتیژیەکان لەیلا ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژنان ئاماژەی بەوەکردو وتی: نەبونی هۆشیاری لە بارەی یاساکان و تۆمارنەکردنی سکاڵا بە بیانوی جۆراوجۆر وای کردوە تاوانباران سزا نەدرین و حاڵەتەکان رولە هەڵکشان بکەن. وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە بارەی ئەوانەی سکاڵایان لە دژ تۆمارکراوە دەڵێت: ئەو ئەو کەسانەی سکاڵایان دژ تۆمارکراوە، سزاکانی ئەم تاوانە لە ٢٤ کاتژمێرە دەست پێدەکات تاوەکو حوکمی لەسێدارەدان. سزاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەوباریەوە ”بۆ ناوەندەکانی زانکۆ، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەر مامۆستایەک گێچەڵی سێکسی بە فێرخوازەکەی بکات سزادەدرێت، بە جۆرێک لە سزای ئاگادارکردنەوە و سەرنج راکێشانەوە دەست پێدەکات تاوەکو سزای فەسڵ کردن“. علی کەریم، وادەڵێت باسیلەوەشکرد، سزای قورس نیە، ئەگەر هەبوایەوە بەو شێوەیە نەدەبو ئەوەی هەیە تەنها گواستنەوەی مامۆستایانە ئەویش بە تەنسیب. لە بەرامبەردا فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان سەبارەت بە گێچەڵی سێکسی بە فێرخوازان لە نێو زانکۆی گەرمیان ئامادە نەبو لە بارەی ئەم پرسەوە لێدوان بدات وتی: بۆ ماوەی چەند مانگێکە دەست بەکار بوم لە ماوەکانی رابردو دوربوم لە زانکۆ و ئاگاداری ئەم بابەتە نیم ”کە زانیم مامۆستاکەم گێچەڵم پێدەگرێت هەڕەشەم لێکرد“ هەندێک لە کچان روبەڕوی ئەو کەسانە دەبنەوە کە گێچەڵیان پێدەکەن و بەر بەو توندوتیژیە دەگرن کە بەرامبەریان دەکرێت، یەکێک لەو نمونانە سروەیە. سروە، ناوی خوازراوی کچێکە کە لە نێو زانکۆی گەرمیان خوێندنی تەواو کردوە، وەک خۆی باسی دەکات لە لایەن یەکێک لە مامۆستاکانیەوە گێچەڵی سێکسی پێکراوە، بۆ(نەوژین) وتی: لە لایەن مامۆستایەکمەوە گێچەڵی سێکسیم پێکرا بە جۆرێک بە ناوی راپۆرت و وانەکانمەوە بانگی دەکردم بۆ بەش، بێ ئاگا بوم بە مەبەست با‌نگم دەکات و دەیەوێ لێم نزیک بێتەوە. وتیشی: بەتێپەڕبونی کات و رەفتارەکانی بەرامبەرم تێگەشتم لەوەی کە گێچەڵم پێدەکات، بەڵام من خۆمم دورخستەوە و بێدەنگ بوم، بەوەشەوە نەوەستا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە بێزاری دەکردم، منیش پێم وت کە چیتر پەیوەندی بە منەوە نەکات ئەگەر نا بە خێزانەکەم دەڵێم دوای ئەوە وازی هێنا.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) ئەم دوو دەیەی دوایی تەنھا دەیەی دروستبوون و ھاتنەکایەی سۆشیال میدیا نەبوو، بەڵکو دەیەی بەجێھێشتنی کاریگەرییە گەورەکانی ئەم میدیایەش بوو لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە ڕووداوە گرنگەکانی جیھان. کاتێک فەیسبوک لە ساڵی 2004 دا دروستبوو، سەرەتا وەک ڕووداو و داهێنانێکی تەکنیکیی دەرکەوت، بەڵام لەگەشەکردنی خۆیدا ھەم بوو بە یەکێک لە کۆمپانیا ھەرە گەورەکانی جیھان و ھەم بە پلاتفۆرمێک بۆ سەدان ملیۆن مرۆڤ لە جیھاندا. بەدوای فەیسبوکدا ھاتنی تویتەر و ئینستەگرام و سناپچات و تیک‌تۆک و ئەوانیتر، فەزای پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و سیاسییەکانی سەدەی بیستویەکیان ئاڵۆزتر و ھەمەجۆرتر کرد. لە ھیچ شوێنێکدا پەیوەندیی نێوان ئەم میدیا کۆمەڵایەتییە تازانە و ڕوداوە سیاسییە گەورەکان بەو ڕاستەوخۆییە دیار نییە وەک لە دۆخی بەھاری عەرەبیی لە ساڵی 2011 و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپدا لە ئەمریکا. بەھاری عەرەبیی بەوە ناسراوە کە بەھارێکی بێپارتی سیاسیی تەقلیدیی و بێئامادەگیی ئایدیۆلۆژیا گەورەکانی جیھانی عەرەبیی و بێسەرکردەی سیاسیی بوو. بەڵام بەھارێک بوو ڕێکخەرەکانی، دروشمەکانی، چالاکوانە سەرەکییەکانی، تەعبیرکردن لە توڕەبوونەکانی، وێنە و ڕەمزەکانی، بەشی ھەرە زۆریان، لەناو سۆشیال میدیادا دروستبوون و لەناو سۆشیال میدیاوە بە جیھاندا بڵاوبوونەوە. بە مانایەک لە ماناکان بەھاری عەرەبیی، بەھاری گواستنەوەی دونیای ڤێرتوێل(مجازی) و گریمانکراو بوو بۆ ناو دونیای واقیع و، ئامادەگیی و خۆسەپاندنی فەزای دیجیتاڵیی بوو لە مێژوو. دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکاش یەکەمین سیاسیی مێژووە کە سۆشیال میدیا جومگەیەکی سەرەکیی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی و دیاردەیەکی گرنگی حوکمڕانیی و سەرۆکایەتییەکەی بوو لە چوار ساڵی ڕابردوودا. ئەم پیاوە بەدرێژایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ڕۆژانە لانیکەم 18 تویتی نووسیوە و بە جیھاندا بڵاویکردۆتەوە، کە بەسەریەکەوە زیاد لە 25000 تویتە. لەسەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا ڕۆژانە نزیکەی 9 تویتی ناردوە، بەڵام لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019دا ئەم ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ 271 تویت لەیەک ھەفتەدا. پێگەی ترامپ لەسەر تویتەر بەشێکی جەوھەریی و سەرەکیی سەرۆکایەتییکردنەکەی ئەو بوو. ترامپ بەشێکی گەورەی ململانێ و جەنگە بازرگانییەکەی لەگەڵ چیندا لەڕێگای تویتەرەوە ئەنجامدا. ھەروەھا لەڕێگای تویتەرەوە ھەڕەشەی ئەوەی کرد ھەموو سنووری ئەمریکا لەگەڵ مەکسیکدا دادەخات. ھەر لە تویتێکیشەوە دانی بە مافی ئیسرائیل‌دا نا کە بەرزاییەکانی جۆلان، لە خاکی سوریا دابڕێنێت و بیکات بە خاکی خۆی و ئەمریکاش بەمەش ڕازییە. لە پەیوەندیشیدا بە کوردستانەوە دۆناڵد ترامپ ھەر بە تویت بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە کوردستانی ڕۆژئاوا، دا. وەک نیویۆرک تایمز نیشانیداوە نیوەی تویتەکانی ترامپ ھێرش بووە بۆ سەر ئەو کەس و شتانەی حەزی پێیان نەبووە. ترامپ بەیانیان کە لە خەو ھەستاوە، ڕاستەوخۆ سەیری کەناڵی فۆکس نیوزی کردوە و دوای ئەوە تویتی نووسیوە. سیاسەتی ڕۆژانەی سەرۆکی بەھێزترین وڵاتی جیھان بە ناردنی تویتێک دەستیپێکردوە. تویتەکانیشی خاڵی نەبووە لە ھەڵەی ڕێزمانی و ھەڵەی ئیملا و ڕێنوس و درۆ. بەپێی راپۆرتێکی واشینگتن پۆست ترامپ لەماوەی تەمەنی سیاسیی خۆیدا زیاد لە 22000 زانیاری هەڵە و درۆی بڵاوکردۆتەوە. لەدوای ھێرشەکەی خۆپیشاندەران و ھەوادارانی دۆناڵد ترامپیشەوە بۆسەر کۆنگرێسی ئەمریکی، پێگە گەورەکانی سۆشیال میدیا لەوێنەی تویتەر و فەیسبوک و ئینستەگرام و سنەپچات، بڕیاریاندا پێگەکانی ترامپ دابخەن و ئەم ئامرازە گرنگەی پەیوەندییکردن و سیاسەتکردن لە ترامپ بسێننەوە. ترامپ لەسەر تویتەر 88 ملیۆن فۆڵۆوەری ھەبوو، لەسەر فەیسبوک 35 ملیۆن و لەسەر ئینستەگرامیش 24 ملیۆن. لەسەر یوتیوبیش 2,7 ملیۆن. سەندنەوەی ئەم پێگانە لە ترامپ ئەگەر بۆ کەسانێک مایەی دڵخۆشیی بووبن، چونکە ئیتر ئەو توانایە لە ترامپ دەسێندرێتەوە درۆکان و تیۆرییە پیلانگێڕەکانی بە ناو ھەوادارەکانی و بە جیھاندا بڵاوبکاتەوە، بۆ زۆر کەسی تر نیشانەی نیگەرانیی بوو. چونکە ئەم کارە نیشانی‌دا چۆن کۆمپانیایەک لەڕێگای پەنجەنان بە دوگمەیەکدا، یان بە کلیککردنێک، دەتوانێت تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاش لە توانای پەیوەندییکردن ڕوت و قوت بکاتەوە. ئەمەش یەکێکە لە کێشە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سۆشیال میدیا لە دونیای ئەمڕۆدا. کێشەی دروستبوونی کۆمەڵێک کۆمپانیا بە دەسەڵاتێکی ھێجگار گەورەوە لەدەرەوەی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردندا. گەرچی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە پروپاگەندەی ڕەگەزپەرستیی کارێکی دروست و پێویستە، بەڵام بەبۆچوونی ئێمە بڕیاری داخستنی پێگەی قسەکردنی کەسێک، بڕیارێکە نابێت ئیدارەی ئەم یان ئەو کۆمپانیا بەتەنها بیدات، بەڵکو پێویستە بیر لە میکانیزمێکی یاسایی و چارەسەرێکی نوێی نێونەتەوەیی بۆ کۆنترۆڵی ئەم دەزگایانەش بکرێتەوە. لە ئێستادا چەند کۆمپانیایەک، کە زۆرینەیان لە ئەمریکان، ئەو ڕۆڵەی داوەر و دەسەڵاتە جیهانییە دەبینن و بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، کێ بتوانێت قسەبکات و کێش نەتوانێت. واتە یەکێک لە بەھا ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سیستەمی دیموکراسیی، کە مافی قسەکردن و ڕادەربڕینی ئازادە، کەوتۆتە ژێر ڕەحمەتی چەند کۆمپانیایەک و، ژمارەیەک بەڕێوەبەر و مانێجەر بڕیاری لەسەر دەدەن. وەک وتمان مەسەلەی گرنگیی و کاریگەریی میدیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنھا لە دۆخی یاخیبوونەکانی بەھاری و عەرەبیی و سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکادا بەرجەستە نییە، بەشێکی زۆر لەو ئەدەبیاتە ئەکادیمییە زۆرەی لەم ساڵانەی دواییدا بەرھەمھاتون، ھەموویان پێ لەسەر ڕۆڵی گرنگی میدیای کۆمەڵایەتیی لە ژیانی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا دادەگرن. گرێدانی شۆڕش و یاخبوونە جیاوازەکانی جیھان، ناڕەزاییدەربڕینەکان، ئیش‌کردنی دەسەڵات و دژەدەسەڵات، کاری دەوڵەت و پۆلیس، سانسۆر و چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن، ھەموویان بە توندی بە ئامادەگیی و ئیش‌کردنی میدیای کۆمەڵایەتییەوە گرێدراون. وەکچۆن فۆرمی نوێی سانسۆرکردن و بێدەنگکردنی تازە و کۆنترۆڵکردنی گەورە دروستبووە، ئاواش فۆرمی تازەی کاری سیاسیی و چالاکوانی کۆمەڵایەتیی و ناڕەزاییدەربڕین ھاتونەتەکایەوە. بەشێکی گرنگی کاری سیاسەت خۆشی بووە بە ”سیاسەتی ئۆنلاین“ و فۆرمێکی نوێی چالاکوانبوونیش دروستبووە کە بە ”ئەکتیڤیسمی ئۆنلاین“ ناسراوە. میدیای کۆمەڵایەتیی لەسەرێکەوە ھەم تواناکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی لە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتییدا گەورەکردوە، ھەم ئەگەری خۆڕێکخستن و ئەنجامدانی کاری یاخیبوون و ناڕەزاییدەربڕینیش. ھێز و دژەھێز ھەردووکیان لەناو ئەو میدیایەدا ئامادەن و خودی میدیاکە خۆشی ھەڵگری لۆژیکی ئەم دیالێکتیکی ھێز و دژەھێزەیە. خاڵێک گرنگە جەغتی لێبکەین ئەوەیە کە سۆشیال میدیا نە لە بۆشاییدا کاردەکات، نەخۆشی ئامرازێکی بێلایەنە کە ئەگەر و توانای نووسین و تەعبیرکردن و خۆنمایشکردن و خۆڕێکخستن و ناڕەزاییدەربڕین و دروستکردنی پەیوەندیی بە خەڵک ببەخشێت، بەڵکو ڕوبەرێکی دیجیتاڵییە ھەمیشە چەندان بونیادی دەسەڵات لە پشتییەوە ئامادەیە و کاردەکات. لە دەسەڵاتی کۆمپانیاکانەوە بیگرە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئەو لایەنانەی توانای سانسۆرکردن و داخستن و خاوکردنەوەی ئیش‌کردنی ئەم میدیایەیان لەبەردەستدایە. بەدیوێکی دیکەدا میدیای کۆمەڵایەتیی وەکچۆن ئەگەری دروستبوونی فۆرمی تازەی ناڕەزاییدەربڕین و چالاکوانبوونی ئۆنلاین مەیسەردەکات و وادەکات بەشێک لە بونیادە تەقلیدییەکانی ڕێکخستن و جۆشدان پێویست نەبێت، ئاوهاش ئەگەری گۆڕانی ژمارەیەکی گەورەی خەڵکیشی بۆ تەماشەکەرێکی پاسیڤی ڕووداوەکان تێدایە. خاڵێکی دیکە کە دەشێت جەغتی لێبکەین ئەوەیە دروستبوونی میدیای کۆمەڵایەتیی دیاردەیەکی دابڕاو و تەکنۆلۆژیی نییە بەتەنھا، بەڵکو بەشێکە لە دروستبوونی فۆرمێکی تازە لە کۆمەڵگا لەسەرتاپای جیھاندا. لەم دوو دەیەی دواییدا فۆرمێکی تازە لە کۆمەڵگا دروستبووە کە پێویستی بە شێوازی تازەی خوێندنەوە و بەرخورد و لێکدانەوە ھەیە. ئەم کۆمەڵگا تازەیە وەکچۆن لە ئەمریکادا دروستبووە ئاواش لە ئێران‌دا و وەکچۆن لە سوید و ھۆڵەندا و ئەڵمانیادا دروستبووە، ئاواش لە یابان و تورکیا و کوردستاندا. بەدەگمەن نەبێت شوێنێک لە جیھاندا نەماوە میدیای کۆمەڵایەتیی نەیگەیشتبێت و کاریگەریی تیادا بەجێنەھێشتبێت. بێگومان ھەریەکێکیان لەناو بونیاد و پێک‌ھات و ژێرخانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی تایبەت و جیاوازدا، کە وادەکەن ئەم میدیایە فۆرمی جیاوازیی ئیش‌کردن و ئامادەبوون و کاریگەربوونی ھەبێت. بەڵام ھەموو جیاوازییەکان ئەو ڕاستییە سادەیە ناگۆڕن ئەو دونیایەی کە میدیای کۆمەڵایەتیی دروستیکردوە، دونیایەکی سەرتاپا نوێیە و بیست ساڵ لەمەوبەر بوونی نەبووە. میدیای کۆمەڵایەتیی مودێلی نوێی لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتییش بەرهەمهێناوە. لەدوای سەهەڵدانی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و سنوردارکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و نێودەوڵەتییەکان، سوشیال میدیا وەک پلاتفۆرمێک توانی ئەو بۆشاییە مەترسییدارەی کۆرۆنا دروستیکرد بەشێوەیە دیجیتاڵییەکەی پڕبکاتەوە. ئاپی (Zoom) زووم بوو بە یەکێک لە گرنگترین کەرەستەکانی پەیوەندییگرتنی ڕاستەوخۆ بۆ کۆمپانیا و قوتابخانە و دەزگا و تاکەکانیش لەگەڵ یەکتر. بە بێ سۆشیال میدیا ملیاردەها قوتابی قوتابخانەکان و خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان نەیاندەتوانیی بەردەوامیی بە خوێندن بدەن. ڕاستە سۆشیال میدیا پەیوەندییە گەرمەکانی مرۆڤ لەناو فەزایەکی سارددا پەروەردەدەکات، بەڵام کۆرۆنا هات و بوو بە هۆکارێک بۆ سنووردانان و کوشتنی هەموو پەیوەندییە گەرمەکانی مرۆڤ. تەوقەکردن، باوەشکردن، ماچکردن و کۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕان و پرسەگرتن هەر هەمووی کۆتای‌یان پێهات، یان تەواو سنووردارکران. ئەم پەتایە بوو بە هۆکارێک بۆ مردنی ملیۆنەها کەس و ناشتنیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا. ڕێگەنەدان بە ماڵئاوایی‌کردن لە مردووەکان لەلایەن کەسوکار و هاوڕێیانی قوربانییەکەوە کۆستێکی کۆمەڵایەتیی گەورە بوو. سۆشیال میدیا مۆدێلێکی نوێی لە پرسە و سەرەخۆشییکردن بەرهەمهێنا کە مەرج نییە لەگەڵ هەندێک سروتی ئایینی‌دا تەبا بێت، بەڵام بەناچاری بوو بە بەشێک لە هەڵسوکەوت و ئاکاری کۆمەڵایەتیی نوێ. بەهەمان شێوە کۆرۆنا لە هەموو چالاکییە رۆشنبیریی و هونەرییەکانی خستین، نە دەتوانین بچین بۆ مۆزەخانەکان و نە بۆمان هەیە سەردانی کتێبخانەکان بکەین، بەو شێوەیە کۆڕ و کۆنسێرت و چالاکیی دیجیتاڵی نوێ سەریانهەڵدا و بوون بە مۆدێلێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ چالاکیی هونەریی و فیکرییە تەقلیدییەکان. هەندێ لە مۆزەخانەکان نماییشی کارەکانیان بە دیجیتاڵی لەسەر دیوارەکانی دەرەوەی بیناکانیان دەکرد ،وەک تەحەدایەک بۆ کۆرۆنا کە ڕێگەی چوونەژووەرەی بینەرانی بۆ ناو مۆزەخانەکان گرتبوو. سۆشیال میدیا فەزایەکی نوێشی بۆ پەیوەندیی دروستکردوە کە پێشتر بوونی نەبووە، فەزایەک تیایدا کەسەکان و گروپەکان دەردەکەون، قسەدەکەن، ڕادەگۆڕنەوە، توڕەدەبن، جنێودەدەن، گروپ و شوناسی نوێ دروستدەکەن، ھتد. ئەم میدیا نوێیە فۆرمی تازەی دەرکەوتن و قسەکردن و نمایشکردن و کۆبوونەوە و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی و دیجیتاڵی مەیسەردەکات، کە مەرج نییە ھەموومان بەدڵمان بێت. پێگەکانی سۆشیال میدیا چەندە ھەلی لێکتێگەیشتن و گەیشتنی مرۆڤەکانی بەیەکتری زیادکردوە، هێندەش ئەگەری پەروەردەکردنی بوغز و ڕق و توندوتیژیی ڕەمزیی گەورە کردووە. لە سۆشیال میدیادا هەموو تاکێک توانای خۆنماییشکردن و دەرکەوتنی هەیە و دەتوانێت ببێت بە خاوەن دەنگ و ڕا، بە باشیی و خراپیی، بە هەڵە و ڕاستیی ئەو ڕایانەوە کە دەریاندەبڕێت. یەکێکی تر لە ئاکارەکانی ئەم فەزا تازەیە کە سۆشیال میدیا دروستیدەکات ئەوەیە ئەم فەزایە دەتوانێت لە ساتێکدا ببێت بە فەزایەکی سیاسیی، بە فەزایەکی مەعریفیی و ھونەریی، بە فەزای ڕاگۆڕینەوە و دیالۆگ، وەکچۆن بە فەزایەک بۆ کات بەسەربردن و پێکەنین و پرسەگرتنیش. ڕەوشی میدیا و پیشەی رۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستاندا هیچ کاتێک باش نەبووە، بەڵام ساڵی 2020 یەکێکە لە ساڵە هەرە خراپەکانی ژینگەی میدیایی لە مێژووی هەرێمەکەدا. لە دونیای ئێمەشدا سوشیال میدیا ڕۆڵێکی کاریگەری لە گۆڕان و دەستکاریکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا گێڕاوە. ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە وەک لە ئەزموونی زۆربەی وڵاتە نادیموکراسییەکاندا دەیبینین، لە هەرێمی کوردستانیش توانیویانە ببن بە هەڕەشەیەک بۆ سیستەمە سیاسییەکە. بەڵام هەر کاتێک سۆشیال میدیا مەترسیی بۆ دەسەڵاتی نوخبە سیاسییەکان گەورە بووبێت، خەتی ئینتەرنێتیان وەک کارەبا لە کۆی شارەکە یان وڵاتەکە بڕیوە و کۆتای‌یان بەو فۆرم و شێوازی پەیوەندیی و پێکەوەبوونانە ھێناوە کە ئەوان وەک مەترسیی سەیریانکردوە. بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
درەو: رانانی: سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پڕن لە هەوراز و نشێو، ئەم پەیوەندییانە بە سروشتی خۆیان و بەهۆی دیدگا پەڕگیرەکان و گۆڕاوەکانی نێو پەیوەندییەکانی هەردوولا، لە کارەکتەرە ناوخۆییەکانەوە بگرە تا دەگاتە هەرێمی و نێودەوڵەتی، نەتوانراوە نە چارەسەرێکی ڕیشەیی پیادە بکرێت، نە ئەوەش بووە کە یەخانگیرییەکی سەختدا تێپەڕێت و لە پەشێوییەکی یەکلاکەرەوەدا کۆتایی پێبهێنرێت، لەم دۆخە یەکلانەبووەوەی دەیان ساڵەشدا ئەوەی ڕەنجەکەی زیاتر کێشاوە هاووەڵاتییانی عێراق و کوردستان بوون. هەنووکە پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق، بە دۆخێکی نە چارە و نەجیابوونەوەدا گوزەر دەکەن، لەم حاڵەتەشدا نە عیراق دەتوانێت بێمنەت بێت لە هەرێم و نە هەرێمیش دەتوانێت بێباک بێت بەرامبەر دۆخەکە، بۆیە لەهەردوولاوە هەوڵ دەبینرێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکان، ئەگەر بە چارەسەری بەشێکی ئەم گرفتەکانی ئەم پەیوەندییانەش بێت. لەبەرئەوەی لە قۆناغی یەکەمی هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەولیر و بەغدادا، تا ڕادەیەک لێکتێگەیشتنی بەرچاو لە وەفدی دانوستاندنکاری هەرێم و بەغدا بینرا و چاوەڕوان دەکرێت پاش پرۆسەی پەسەندکردنی بوودجەی ٢٠٢١ی عێراقیش لە پەرلەمان، دۆخی پەیوەندییەکان بچێتە قۆناغێکی دیکەوە، هەر بۆیە ڕانانی ژمارە هەشت تەرخانکراوە بۆ تاوتوێکردنی پاشخان، دیدگاباوە کاریگەرەکان، چێوەی کێشەکە، لایەنە کاریگەرەکانی نێو پرۆسەکە و لە کۆتاییشدا سیناریۆی چاوەڕوانکراو و پێشنیاری توێژەران خراوەتەڕوو. تەوەری یەکەم: پاشخان و سروشتی پەیوەندی تەبایی و ناتەبایی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، وەنەبێ تەنها وابەستەی کابینە حکومەتییەکانی هەردوولا هەبێت و بە هاتنی یەکێک و ڕۆشتنی ئەوی دی ئاسۆی چارەسەر بکرێتەوە، ڕاستییەکەی ئاڵۆزی پەیوەندییەکان و کەڵەکەکاری کێشەکان درێژەی کێشاوە و زۆرکاتیش بە چارە و سڕکەری کاتیی هەندێ لەو کێشانە داپۆشراون و دواجار خودی ئەو چارەسەرانەش جارێکی دیکە بوونەتەوە بارتەقای ناسازیی پەیوەندییە ئاڵۆز و پڕ قەیرانەکانی پێشتر. وا پەیوەندی پڕ هەوراز و نشێوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و عێراق تەمەنی لە ١٠٠ساڵ نزیک دەکاتەوە و هێشتا هەندێک لەو داواکارییانەی کوردستان، لەو عێراقەی کە لە ١٩٢٠ەوە بەشێکی سنوورەکەی بە بێ کوردستان دیاری‌کرا، نەچەسپیوون و بەغداش سەرەڕای وەرچەرخانی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی و کۆتایی ئینتیداب و ئیستیعمار و چوار جار و جۆر لە گۆڕانی ڕژێمی سیاسیی لە عێراقدا (ئینتیداب، پاشایەتی، کۆماریی ناوەندگەرا و کۆماریی فیدراڵی) چاویان لێ دەپۆشێت. هەنووکە هەمان خواستی کوردستان هەر بەردەوامە و هەمان نەیاریی ئەودەمیش هێشتا میراتگرانی لە بەغدادا هەر هەن و سازی سیاسی‌یان لەگەڵ ئاوازی مافی هەرێمدا ناتەبایە. لەمێژووی نزیکیشدا و نزیكه‌ی هه‌ژده‌ساڵ به‌سه‌ر روخانی رژێمی سه‌ددام و شازده ساڵ به‌سه‌ر داڕشتنی ده‌ستوری عێراقدا تێده‌په‌ڕێت، هێشتا شوناسیی سیستمی سیاسی عێراق جێگیر نه‌بووه. هه‌رچه‌ند له مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستوردا به ئاشكرا باس له ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌زمونی شانزه ساڵه‌ی عێراقی پاش ٢٠٠٥ ده‌ریخستوه هیچ كاتێك سێ لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق كۆك نه‌بون له‌سه‌ر شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی به‌ناو فیدڕاڵی. كورد وهه‌رێمی كوردستان و شیعه داڕێژه‌ری سه‌ره‌كی عێراقی پاش ٢٠٠٣ بوون، جیاواز له جاران په‌یوه‌ندییه‌كانیان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و به‌ره‌و ئاڵۆزی و ساردی و گرژی چووه، به ڕاده‌یه‌ك كه مه‌ترسی له سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی فیدڕاڵی یه‌كگرتوو دروستكردوه. بۆیە سەرچاوەی کێشەکان وەک ئەوەی ئێستا دەنوێنێت، تەنها مووچە و بڕێک موستەحەققانی مادی نییە، بەڵكو خودی گەیشتن بەم جۆرە پەیوەندییە لە بنچینەدا نە خواستی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانە و نە دانپێدانانی قەناعەتپێهێنراوی لایەنە عێراقییەکانە، بەڵکو هەردوولا نیگەرانی و ترس و دانپێدانەنانێکی ڕاشکاو بە جۆری هەبوونی هەردوولا، ناچاریی کردوون بگەنە ئەم ئاستەی پەیوەندی، لە بری ئەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی کە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە هەمان چوارچێوەی یەکەم. مێژووی بەرزی و نزمی جۆری هەوڵەکانی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق، درێژ و چەند مۆدێلە: دوولایەنە(کورد و ئینگلیز)، سێ لایەنە(کورد، عێراق و ئینگلیز)، دوولایەنەی عێراقی (کورد و کۆماریی١٩٥٨، کورد و کۆماریی بەعسیزم، ئازاری١٩٧٠)، ئاستێکی نێودەوڵەتییانە (کورد و هاوپەیمانان لە ١٩٩١دا، هەرێمی کوردستانی کردە واقیع)، هەروەها سێ لایەنەی نوێ (عێراق، ئەمریکا و کورد، کە لە ژێر چاودێری ئەمریکادا ئەم پەیوەندییە کاریگەرتر خۆی نواند و پرسی فیدراڵیزم و مافەکانی کوردستانی دەستووری کرد، جۆرێک تێگەیشتنی نوێی عێراقی هێناوەیە کایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٣تا ٢٠١٤ ئەم پەیوەندییە سەرەڕای بەرزی و نزمی بەڵام چوارچێوەیەکی گونجاوی بۆ هەرێم و عێراقیش لێ وەبەرهات. بەڵام لە سڵی ٢٠١٧ەوە ئەم پەیوەندییە نەک بەرەوپێشچوونی بە خۆوە نەدیووە بەڵکو ئاستی هەماهەنگی پەیوەندی سیاسیی و ئەمنی و دارایی هەولێر و بەغدای هێنایە خوار و لە بودجە و یاسا کورتمەداکانی وەک قەرزدا کورت کرایەوە. ئێستا ئەوەی لای هەرێم گرنگە، دەستووری عێراقە و دەیەوێت بنەمانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان بێت، بەڵام دیدگایەکی عێراقی کاریگەریش (کە لە چەند ڕێچکەیەکی جیاوازیی سیاسیشەوە سەرچاوە دەگرێت) داواکاری پێناسەکردنەوە، ماناکردنەوە و داڕشتنەوەی دەستوورە بە جۆرێک کە هەرێم سنوورداتر بکات. لەهەر حاڵەتێکدا بێت دەبێت سەرچاوەی ئاراستەی بیرکردنەوە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بیرکردنەوە بێت لە نەخشەڕێی ڕیشەیی و کۆتاییهێنان و دانپێدانان بە سروشتی کێشەکان نەک هەڵهاتن و سپاردنی کێشە بە کێشە و زەمەن و نەوەی دیکە، کە دوجار لێڕۆیشتنی مرۆیی، دارایی و تێکشکانی زیاتر و ناجێگیری بۆ هەردوولا بە دووی خۆیدا دەهێنێت. چوارچێوەی کێشەکە پاش ٢٠٠٣ ده‌ستوری ٢٠٠٥ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی لە ڕوانگەی زاڵی شیعە و كورد نووسرایه‌وه، كورد یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی كه فیدراڵییه جێگیرکرد. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌م دهسكهوتە، هه‌رله‌كاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورەوە به‌شێك له كێشه‌كان نه‌تواندرا چاره‌سه‌ر بكرێن، سه‌ره‌كیترینیان كه‌ركوك وناوچه كێشه لهسهربووهكانی تر بوو، هه‌روه‌ها سه‌رباری دانپێنانی ناڕاسته‌وخۆ به هێزی پێشمه‌رگه و ته‌مویلكردنی له‌لایه‌ن به‌غداوه، كێشه‌ی ته‌مویلی پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت خودی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ستوردا ڕون نه‌كرایه‌وه. به‌م شێوه‌یه مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌جێناكۆكه‌كان و پێشمه‌رگە و بودجه پاش ٢٠٠٥، بوونه تایتڵی سه‌ره‌كی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردولا، به‌پێی دۆخی سیاسیش به‌غدا و هه‌ولێر ده‌هاتنه سه‌ر راداری گرژیی په‌یوه‌ندییه‌كانیان. له‌لایه‌كی تره‌وه پاش گه‌ڕانی هەرێم به‌دوای نه‌وت وگاز و دۆزینەوەی بڕێكی زۆری نەوت و گاز و ده‌رچوونی یاسای نه‌وت وگاز له په‌رله‌مانی هه‌رێمدا لە ساڵی ٢٠٠٧ و ناڕازیبوونی حكومه‌تی فیدراڵی له ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه پێش یاسای فیدڕاڵی، كێشه‌ی نه‌وتیش چیتر بووە سەرباری کێشە سهرهكییەکانی تری نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پاش بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه له ٢٠١٤ەوە، هه‌رێم بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا، تاكلایه‌نانه نه‌وتی بۆ بازاڕه‌كانی جیهان ههناردەكرد. پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم وداگیركردنهوهی ناوچه جێناكۆكه‌كان له لایه‌ن به‌غداوە، پاش ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧، بێمتمانه‌ییه‌كی ته‌واو سروشتی په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییهكی نێوان هه‌ردولای تەنی. كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی چاره‌نوسی كه‌ركوك وناوچه جێناكۆكه‌كانی تر و پێشمه‌رگه‌و بودجەش هێنده‌ی تر كێشه‌كانی هه‌ردولای قوڵتر كردەوه. به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی به‌های نه‌وت كێشه‌ی ئابوری زه‌قترین كێشه‌ی هه‌ردوو لایه کە خۆی دەبینێتەوە لە: پرسی چەندێتی و چۆنێتی ڕادەستکردنی نەوت و سودلێوەرگرتنی دوولایەنە، پرسی شایشتەی دارایی هەرێم لە بەشە بوودجە و نەختینە و قەرزەکانی عێراق و هەلە سیاسییەکانی دیکە کە عێراق وەک دەوڵەت سوودیان لێوەر دەگرێت و هەرێم هەنووکە لێیان بێبەشە. بنه‌مای ناڕەزایی و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمە، به‌تایبه‌ت هه‌نارده‌كردنی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی فیدراڵی. هه‌رچه‌نده له ماده‌ی ١١١ و ١١٢ ده‌ستوردا باس له نه‌وت و گاز و موڵكدارێتی بۆ هه‌موو عێراق و بەڕێوەبردنی كێڵگه‌كانی ئێستا(٢٠٠٥) له لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان کراوە، به‌ڵام ورده‌كاری به‌ڕێوه‌بردنه‌كه به‌تایبه‌ت له كێڵگه‌كانی پاش ٢٠٠٥ دیارنیه، كه پێویست بوو به پێی ماده‌ی ١١٢ ده‌ستور، یاسایه‌كی تایبه‌ت رێكی بخات و تاهەنووکە نەخراوە. به‌ڵام سه‌رباری هێنانی پرۆژه یاسای نه‌وت و گاز بۆ په‌رله‌مانی عێراق له ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١١ په‌رله‌مانی عێراق نه‌یتوانی ئه‌م یاسایه ده‌ربكات، رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و مافه‌كانی هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان، رێگری سه‌ره‌كی بوو له‌سه‌ر دەرنەکردنی، سه‌ره‌نجام هه‌رێم به پشتبه‌ستن به یاسای تایبه‌تی خۆی (ساڵی ٢٠٠٧) له غیابی یاسایه‌كی فیدراڵی نه‌وت و گازی خۆی به‌ڕێوه‌برد و كێشه‌كانی دوولایەنیش زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند. تەوەری دووەم: دیدگا باوەکان و لایەنە کاریگەرەكانی پەیوەندی دیدگا باوەکان: بەر لە دیاریکردنی لایەنە کاریگەرەکانی نێو کێشە دێرینە-نوێکانی هەولیر و بەغدا، باشترە لە ئاستێکی گشتیدا، وەک ئەوەی لە مێژووی پەیوەندییەکاندا دەرکەوتووە، دوو دیدگای باو و کاریگەر لە بەریەککەوتندا کە هەردەم ئامادەییان هەبووە لە بەرزی و نزمی پەیوەندییەکان نێوان هەردوولادا دیاریبکرێن: دیدگای یەکەم: دیدگای هەرێمی کوردستانە کە بە پلەی یەکەم هەوڵدەدات جارێکی دیکە عێراقێکی ناوەندگەرا بە هەر دیدگایەکی نەتەوەیی، ئایدۆلۆژیی و مەزهەبی دروست نەبێتەوە، بە پلەی دووەمیش جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان لە بنەڕەتەوە لە سنووری قەوارەکەیدا لە چوار پارێزگای هەنووکەییدا لە ١٩١٨ەوە کێشەی نەبووە، بەڵکو ئەوەی کێشەی سەرەکی هەر بڕگەیەکی زەمەنی جوڵانەوەکە بووە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بووە کە هەرکات ئینتیدابی بەریتانی ئەوسا و لایەنەکانی عێراقی دواتر، نکوڵییان لەو مافە کردبێت سەرجەم پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی دوولایەنەی سفر کردۆتەوە و گەڕاوەتەوە سەر چوارچێوەی یەکەم، جوڵانەوە سیاسییەکەی هەرێم ئەم دوو هێڵەی وەک سوور نمایش کردووە، چونکە لەگەڵ هەرسێکیاندا تاڕادەیەک یەک ئاکامی چنینوەتەوە کە لە هەر گەشەیەک یان قەیرانێکدا لانیکەمی مافەکانی هەرێم بە ئاسانی پایماڵ کراون و لە هەر هەوڵیکی هەرێمیشدا تەنانەت بە دەستووریش بێت بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، دەستبەجێ دیدگای ئەمنی و ناوەندگەرایی بەغدا و هاوکارە هەرێمییەکانی چەند بەرامبەر نکوڵییان کردووە و بگرە نەک پەیوەندییەکان ئالۆسکێنراوون بگرە تا ئاستی هێرشی سەربازییش سنوور و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سنووردار کراوە. دیدگای دووەم: دیدگای دەوڵەتی عێراقە بە حکومەت و زۆرینە پەرلەمانییەکانیەوە، ئەم دیدگایە هەمیشە کابووسی لەتبوونی عێراق و مەترسی گەورەتربوونی هەرێم لەسەریدا جوڵێنەری هەنگاوەکانییەتی و دیاریکەری ئاستی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێمی پاش و پێش خستووە. ئەم دیدە گەرچی لە فۆرمی جیاوازیشدا خۆی دەنوێنێت، بەڵام بۆ پێناسەی فیدراڵیزمیش ڕاڤەی خۆی هەیە نەک پێناسە باوەکانی شیرازە فیدراڵییەکان، بە جۆرێک کە فیدراڵیزم لە ماناکەی خاڵی دەکەنەوە و وەک پێدرێژکردنی هەولێر سەیری دەکەن تا نەخشەڕێیەک بۆ هێشتنەوەی عێراق بە یەکگرتوویی. ئەمەش سەرچاوەکەی بۆ ئەو تێڕوانینە دەگەڕێتەوە کە لەسەر بنەمای ترس و نیگەرانی بیناکراوە نەک ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئەرک، ماف، پابەندی دوولایەنە، دابەشکاریی سامان و دەسەڵات وەک بنەماکانی فیدراڵییەت. لایەنە کاریگەرەکان: یەکەم: ده‌وڵه‌تی فیدراڵی ئاشكرایه لایه‌نی سه‌ره‌كی كێشه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر، داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵییه(حكومه‌ت و په‌رله‌مان). ده‌سەڵاتدارانی به‌غدا به‌تایبه‌ت پاش ٢٠١٧، مه‌یلێكی به‌هێزی فراوانكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوەندییان به‌سه‌ر هه‌رێم و پارێزگاكاندا لا گه‌ڵاڵه بووه. هه‌رچه‌ند هه‌ڵوه‌شاندنەوه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق وه‌ك هۆكاری روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕاگەیەنرا، به‌ڵام لەپەنایدا هه‌وڵێكیش بوو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته خۆجێییەکان، ئه‌م مه‌یله به ئاشكرا له نێو په‌رله‌مان و لای سه‌ركرده گه‌نجه‌كان و زۆر له سه‌ركرده حزبییه‌كان دەبینرێت. تێزی سه‌ره‌كی ئه‌م بۆچونه ئه‌وه‌یه كه ته‌نها به به‌هێزكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوەندی ده‌تواندرێت ئاسایش وگه‌شه‌پێدانی ئابوری فه‌راهه‌م بكرێت، به‌ئاشكراش ره‌خنه له هه‌ندێ بڕگەی ده‌ستور كه تایبه‌ته به ده‌سه‌ڵاتەکانی هه‌رێم و پارێزگاكان ده‌گرن و هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن. له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌هۆی لاوازی پێگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا له نێوپه‌رله‌مانی فیدراڵ‌دا و ئاماده‌یی هێزه هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له عێراق، حكومه‌تی هەنووکە توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی لاواز بووه، ئه‌م ڕاستییه چه‌ندێک بۆ كێشه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق راسته، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان و هه‌رێمی كوردستانیش ڕاسته. به‌م شێوه‌یه به‌هۆی نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌هۆی زاڵبوونی هێزه سیاسییه شیعییه باڵاده‌سته‌كانی نێو په‌رله‌مان به‌سه‌ر ئیراده‌ی سیاسیی حكومه‌تدا، په‌رله‌مانێك كه پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان له قازانجیدا نیه حكومه‌تێك وسهرهك وه‌زیرانێكی به‌هێز له ئارادا بێت، سه‌ره‌نجام بكه‌ری سه‌ره‌كی كێشه‌كه نه له توانا و نه لە قازانجیدایه ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر بكات. ئاراستەی بیرکردنەوەی لایەنی عێراقی و فیدراڵ، سەبارەت بە پرسی بەڕێوەبردنی نەوتیش وەک گرێکوێرەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان، لە چوار ڕوانگەوە سەرچاوەى گرتووە، ئەوانیش: أ- لە ڕوانگەى سەروەرى دەوڵەت و کارایى حوکمڕانییەوە، لاى عێراقییەکان بۆ ئەوەى حکومەتى فیدراڵى بتوانێت کۆنترۆڵى سەرجەم هێزە ڕکابەرەکانى سەروەرىی دەوڵەت بکات، بەتایبەت ئەو هێزانەى کە لە دواى ڕاپەڕینى ١٩٩١ و ڕوونتر لەدواى گۆڕانکارییەکانى ٢٠٠٣ەوە دەرکەوتوون، دەبێت کۆى بریارە داراییەکان لەژێر چنگى خۆیدا بێت، تا بتوانیت بەمە ژێرخانى مانەوە و سەرچاوەى بەردەوامبوونى ئەو هێزە دەرە-ناوەندانە وشک بکات، بۆیە بەڕاى هەندێک لە عێراقییەکان ڕکێفکردنى ئابووریى کورد کە ئامرازى لاوازکردنى هێزەکەشیەتی (پیشمەرگە)، یەکەمین وێستگەیەک بۆ جڵەوکردنى گروپ و هێزە چەکدارە نانیزامییەکانی تریشە. مانەوەى پێشمەرگە لە دەرەوەى کۆنتڕۆڵى ناوەند بیانووە بۆ ملکەچنەبوونى هێزەکانی دیکەش. ب- لە ڕوانگەى گەشەپێدانەوە، لاى هەندیک لە عێراقییەکان زوو تێپەڕاندنى قۆناغى ڕاگوزەر و دەربازبوون لە سیماکانى دەوڵەتى فشەڵ و شکستخواردوو، دەخوازێت کۆى تواناکان لە چنگى دەسەڵاتى ناوەندیدا گیر بکرێت، مانەوەى دۆسێی نەوتی کوردستانیش لەدەرەوەى دەسەڵاتى ناوەند، گەورەترین کۆسپە لەبەردەم ئەو گەشەپێدانە خوازراوەدا، کە دەرئەنجام کۆى گەلى عێراق و پێکهاتەکانی تریش دەکاتە قوربانىی بەرژەوەندیی کورد. ج- لە ڕوانگەى ستراتیژییەوە؛ پەرتکردنى تواناى دارایى عێراق و بەشکردنى ئیرادەى مامەڵەکردن بە مەلەفى نەوت لە نێوان کورد و حکومەتى ناوەنددا، هەر تەنها ڕەهەندێکى ئەو پلانى لاوازکردنەى پێگەى ستراتیژى عێراق نییە کە لە دواى جەنگى دووەمى کەنداوەوە گیراوەتەبەر، بەڵکو داردەستێکى دەرەکیشە بۆ ڕێگرتن لە دووبارە بەدەستهێنانەوەى ئەو پێگە بەهێزە لەدەستچووەى کە عێراق لە ڕابردوودا هەیبوو. د- لە ڕوانگەى ململانێى ناوخۆییشەوە؛ نەوت و داهاتەکەى، وەک سەرجەم سەرچاوە ئابورییەکانى تر‌ى داهات و دارایى، کەرەستەیەکى سەرەکى مامەڵە پێوەکردنى نادروستى گەندەڵییە، کە لە ململانێ ناوخۆییە حیزبى و دەستەگەرییەکاندا بۆ خۆبەهێزکردن و کۆکردنەوەى پشتیوانى و دەستوپێوەند بەکاردەهێنرێت، بۆیە خواستى هەندێک لە لایەنە عێراقییەکان بۆ سەندنەوەى مەلەفى نەوت لە هەولێر تەوەرێکى ئەو ململانێ نادروستەیە، نەک ئامانجى بەهێزکردنەوەى ئابووریى عێراق. دووەم: هه‌رێمی كوردستان به‌درێژایی پانزه ساڵی رابردوو، هه‌رێم سیاسەتێكی سه‌ربه‌خۆی ئابووریی به‌ڕێوه بردووه، هه‌رێمی كوردستان پێی وابووه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستور ههماههنگە و به تایبه‌ت هەماهەنگی ماده‌كانی ١١٢ و ١١٤ و ١١٥ە. له ڕووی سیاسییه‌وه بوونی نیمچه سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی بۆ هه‌رێم لای زۆر له سه‌ركرده‌كانی وه‌ك گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ نیمچه سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و نه‌چوونه ژێر فشاری به‌غدا لێك ده‌درایه‌وه. هه‌رچه‌ند له‌سه‌ره‌تاوە، سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری لەنێو پارته سیاسییه‌كاندا كۆده‌نگی له‌سه‌ر نه‌بوو، هەندێک پێیان وابوو كه كێشه له‌گه‌ڵ به‌غدادا دروست ده‌كات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌م سیاسه‌ته باڵاده‌ست بوو و كرا به سیاسه‌تی فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێم. ئێستا و به تایبه‌تی پاش بڕینی به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم، ئه‌م سیاسه‌ته ڕووبه‌ڕووی ڕهخنەی ناخۆیی بووەته‌وه، خراپبوونی دۆخی دارایی هه‌رێم به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وتیشەوە، هەڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی لاوازتر كردوه. گەر وردتر لە دیدگای کوردستانی بڕوانرێت بەتایبەت لە دۆسێی نەوتدا دەکرێت، چوار ڕوانگەی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە دۆسێکە لەبەرچاو بگیرێن کە لەسەر سروشتی پەیوەندیەکانی بەغدا و هەولێر کاریگەرن: أ- لە ڕوانگەى نەتەوەییەوە؛ لاى کورد مامەڵەکردن بە نەوت بنیچینەى گوزارشتکردنە لەو سەربەخۆییە ڕێژەییەى کە لە دواى ڕاپەڕینەوە لەچوارچێوەى عێراق و ناوچەکەدا چنگیان کەوتووە، لەپێناو دەربازبوونیان لەو پەراوێزخستن و گۆشەگیرییەى کە لە دەیان ساڵى پێش ڕاپەڕیندا دووچارى بوون. ب- لە ڕوانگەى فیدراڵییەوە؛ لاى کورد وەک چۆن بەپێى دەستورى ٢٠٠٥ دەبێت فیدراڵى بنەماى دابەشکردنى دەسەڵات و بریارە سیاسییەکان بێت لەسەرجەم ئاستەکانى یاسادانان و دادەورى و کارگێریدا، هەرواش دەبێت فیدراڵى و ناناوەندێتى داراییى بنەماى دابەشکردنى داهات و بڕیارە داراییەکان بێت. ج- لە ڕوانگەى دیموکراسییەوە؛ لاى کورد ئەگەر بڕیار وایە بونیادنانەوەى دەوڵەتى عێراق لە دواى گۆڕانکارییەکانى ٢٠٠٣ەوە، بە پێچەوانەى نەریتى حوکمڕانى ڕ‌ژێمى بەعس و ڕژێمەکانی تر‌ى پێشووە و بە شێوازێکى دوور لە چەقگەرایى دەسەڵات و سەرکوتکردنى ناوچەکانى دەرەوەى دەسەڵاتى ناوەند بێت، ئەوا پێدانى دەسەڵاتى دارایی بە ناوچەکانى دەرەوەى ناوەند یەکێک لە ڕەهەندەکانى کۆنترۆڵکردنى دەسەڵاتى ناوەند و ڕێگرتنە لە دووبارە گەڕانەوە بۆ ڕ‌ژێمى ستەمگەرایى ناوەند و پەراوێزخستنی ئەوانی دیکە. د- لە ڕوانگەى ململانێى ناوخۆییەوە؛ لاى هەندێک لە لایەنە کوردییەکان نەوت و داهاتەکەى تەوەرێکى ململانێى حیزبى و باڵانسکردنى هێزە لەنێوان زۆنە سیاسی-جوگرافییەکانی هەرێمى کوردستاندا، بۆیە هەر جۆرە سپاردنەوەیەکى ئەم مەلەفە بە حکومەتى ناوەندى دەشێ جۆرێک لە ئاڵۆزکردنى ئەو ململانێیە و تێکدانى ئەو پارسەنگەش بەدواى خۆیدا بهێنێت، کە ئەمەش ڕەنگە نەک هەرێم بەڵکو کۆى عێراقیش بەرەو نائارامىیەکى نەخوازراو ببات. بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و جوڵانەوە ناڕازییەکانی بە جۆری بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، ڕایه‌كی گشتی له هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی دروست بووه بۆ سه‌رله‌نوێ پشت به‌ستنی زیاتر به عێراق له ڕووی دارایی و ئابورییه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به پێی بڕگه‌كانی ده‌ستور. به‌ڵام لاوازی ئابووریی هه‌رێم و یه‌كنه‌خستنی شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌لایه‌ن پارته سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستانەوە له‌لایه‌ك و نه‌بوونی حكومه‌تێكی وا له به‌غدا كه توانای جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی هه‌بێت بووەته گرێكوێره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا. سێیەم: هێزه هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان شاراوه نیه عێراق، به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، گۆڕه‌پانی به‌هێزی ململانێی هێزه نێوده‌وڵه‌تی و هەرێمییەكانه، ئه‌م ململانێیه ئه‌مریكا و ئێران تیایدا ئەکتەری سه‌ره‌كیین، جگه له بوونی چه‌ندین ئه‌كته‌ری دیکەی وه‌ك توركیا، ئه‌وروپا، روسیا و سعودیه. بوونی ئه‌م ململانێ فراوانه له عێراق به تایبه‌ت به هۆی ئاماده‌یی رێكخراوه تیرۆریستییه جیهانییه‌كان لە ناوچه جیاجیاكانی عێراقدا، وڵاتەکەی خستۆته ژێر ڕكێفی جه‌مسه‌رگیرییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه جیاوازه‌كانه‌وه. به‌م شێوه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا هیچ كاتێك له كاریگه‌ری و ململانێكانی ئه‌م هێزانه دوور نه‌بووه زۆربه‌ی كات ئه‌م هێزه ده‌ره‌كییانه ڕۆڵییان له قوڵكردنه‌وه یان لاوازكردن هه‌ندێ جاریش باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌بووه. تەوەرى سێیەم: سیناریۆ و پێشنیارەکان سیناریۆکان: بۆ تێگه‌يشتن له ده‌رئه‌نجامى گفتۆگۆكان و خستنه رووى وێنه راسته‌قينه‌كه ، پێويسته سيناريۆكانى په‌يوه‌ندى و ئاينده‌ى په‌يوه‌ندى نێوان هه‌ردوو لايه‌نى دانوستاندن بخرێته روو، راسته له‌و پرۆژه ياسايه‌ى کە ئێستادا له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق گفتوگۆى له باره‌وه ده‌كرێت، لە دەقەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى ساڵى ٢٠٢١ دا به‌لانى كه‌مه‌وه له رووى فهرميهوه، حكومه‌تى هه‌ريمى كوردستان به رێكه‌وتن پێى گه‌يشتوه، جێگه‌ى ره‌زامه‌ندييه. به‌ڵام له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران گفتوگۆى له باره‌وه ده‌كرێت و ئه‌گه‌رى زۆره كه برگه‌و ماده‌كانى په‌يوه‌نديدار به پشكى هه‌رێمى كوردستان و به دياريكراوى بابه‌تى نه‌وت يان داهاتى نه‌وت وه‌كو ئه‌وه تێنه‌په‌ڕێت كه حكومه‌ت پێشنيارى كردوه ، بۆيه ئاينده‌ى ئه‌م بابه‌ته به‌ستراوه به‌ڕێكه‌وتنى سياسى و ئيراده‌يه‌كى سياسى و تێگه‌يشتنى سياسى هێزە سياسيه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان. له‌به‌رئه‌وه بژارده‌ى دروست و يه‌كلاكه‌ره‌وه ئه‌وه‌يه ده‌بێت دانوستان و گفتوگۆ بكرێت، بۆ ئایندەى گفتوگۆ و دانوستان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێيەش دەشێت ئه‌م سيناريۆيانه كار بكه‌ن: يه‌كه‌م: سيناريۆى ڕێكه‌وتن هه‌ردوو كاراكتهرى دانوستاندن، سيناريۆى رێكه‌وتن وه‌كو چاره‌سه‌ر پێشنيار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له سه‌ر وردهكاریى جياوازى هه‌يه، پێشنيارى پرۆژه بوودجەی عێراق (بۆ هه‌رێمى كوردستان) جێگه‌ى ره‌زامه‌ندييه، تاڕاده‌يه‌ك پشت ئه‌ستوره به ده‌ستور و مافى به‌رێوه‌بردنى سامانه سروشتيیهكانى هاوبەشانە بە هەردوولا داوە، ئه‌م بابه‌ته‌ش له گفتوگۆكاندا حكومه‌تى هه‌رێم زياتر پێداگرى لەسەر دەکات و بە خاڵى به‌هێزى هه‌رێم هەژمار کراوە، حكومه‌تى فیدراڵیش داواى پابه‌ندبون و نيازپاكى له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات به ورده‌كارى و ڕاده‌ستكردنى نه‌وت به كۆمپانياى سۆمۆ. لە ئەگەری بەرجەستەبوونی ئەم سیناریۆیەدا، دەکرێت سیناریۆکە لە دوو سیناریۆدا نمایش بکرێنەوە: ١. چاره‌سه‌ری گشتی یان نیمچه‌یی: وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له نەوته‌كه ڕاده‌ست بكرێت و به‌شێكی بهێڵێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کابینەکانی عه‌بادی و عه‌بدولمه‌هدیدا كرا. لێره‌دا هه‌ردوولا له به‌شێكی داواكارییه‌كان چاوپۆشی دەکرێت لەبه‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندیدا. ٢. چاره‌سه‌ری كۆتایی ڕیشەیی: به دیاریكردنی شێوازێكی جێگیری ته‌مویلكردنی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك زۆربه‌ی فیدراڵییه‌ته جێگیر و پێشكه‌وتوه‌كانی جیهان، ئه‌م چاره‌سه‌ره بۆ هه‌ردوولا به سوود ده‌بێت، به‌ڵام له دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا به‌دور ده‌زانرێت كه هه‌نگاوێكی وا له مه‌ودایه‌كی نزیكدا ببینرێت. دووەم: سيناريۆى ڕيكنەكهوتن ئه‌م سيناريۆيه زياتر كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه لايه‌نى عێراقی داواى ڕاده‌ستكردنى هه‌موو داهات و دۆسيه‌ى نه‌وت بكات، كه ئێستا له په‌رله‌مان وه‌كو كارتێكى هه‌ڵبژاردن و فشار كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، دهويسترێت له‌م ڕێگه‌يه‌وه كۆى داهاتى نه‌وت و داهاتى ناوخۆى هەرێم له‌ڕێگه‌ى حكومه‌تى بەغداوە به‌ڕێوه ببرێت، چونكه به پێى بۆچوونى حكومه‌تى عێراقی، نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان جگه له‌وه‌ى له بازاڕ به كه‌متر ده‌فرۆشرێت و بڕى تێچونى به‌رهه‌مهێنانى نزيكه‌ى بيست دۆلاره بۆ هه‌ر به‌رميلێك، ئه‌مه‌ش وا لێكده‌درێته‌وه كه زيان به سامانى گشتى ده‌گەیێنێت، ئه‌مه جگه له تۆمه‌تباركردنى هه‌رێم به بوونى گه‌نده‌ڵى و ناشه‌فافى له به‌ڕێوه‌بردنى دۆسيه‌ى نه‌وتدا. بەڵام لای حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌م داواكارييه جگه‌له‌وه‌ى پێشێلكاریی ده‌ستورى عێراقه، له‌هه‌مان كاتدا بچووكردنه‌وه‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانه. ئه‌م ئاراسته‌يه لاى حكومه‌تى هه‌رێم ئاراسته‌ى عه‌قڵيه‌تى ناوهندگەرایى و مامهڵەكردنه له‌گه‌ڵ هه‌رێم وه‌ك پارێزگایەک. لە ئەگەری بەردەوامی و پەرەگرتنی ئەم سیناریۆیەدا یان ئەوەیە: - مانه‌وه‌ی دۆخەکە وه‌ك ئێستا؛ واته بێچاره‌سه‌ریی و كه ئه‌گه‌ری به‌هێزتریش ئەوەیە تا كاتی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ. - یاخود تێكچونی زیاتر دێتە ئاراوە، ئەمەش بەهۆی خراپی ئابووریی هه‌رێم و چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كه دور نیه هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی هەڵکشاوانە هەڵبنێت، لەوانەش گه‌ڕانه‌وه بۆ كاركردن به ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفرەندەم و دوركردنهوهی زیاتر و كشانه‌وه لە پرۆسەی سیاسیی بەغدا. ئه‌م سیناریۆیه به‌هۆی یه‌كده‌نگنه‌بونی پارته‌كانی هه‌رێمی کوردستان له ئێستادا به دور ده‌زانرێت. سێیەم: سیناریۆی نێوه‌ندگيرى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داوا له لايه‌نى سێيه‌م بكات به پله‌ى يه‌كه‌م نه‌ته‌وه يهكگرتوهكان و پاشان ئه‌مريكا یان ئێران، تا بتوانرێت پێش په‌سه‌ندكردنى ياساى بودجه تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش دروست بكه‌ن. ئه‌م سيناريۆيهش ئه‌گه‌ر له نزيكترين كات كارى له‌سه‌ر نهكرێتبەسەر دەچێت (گەر بەسەر نەچووبێت). سيناريۆى به‌هێز وا دێتە بەرچاو، كه سیناریۆی دووەهەمی ڕێکنەکەوتن بێت و په‌رله‌مانى عێراق به‌و پێشنياره‌ى حكومه‌تى عێراق ڕازی نه‌بێت و داواى ڕاده‌ستكردنى هه‌موو دۆسيه‌ى نه‌وت بكرێت، هه‌رێمى كوردستانيش به‌م داوايه رازى نه‌بێت ، چونكه لانیکەمی هۆی ڕازیینەبوونی: پێشێلكردنى ده‌ستوری عێراقییە. پێشنیارەکان: له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و بۆ ئه‌وه‌ی نەبنە هۆکاری دهستوەردانی ده‌ره‌كی و ناجێگیری سیاسی و ئاسایشیی عێراق به هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئه‌م ڕاسپاردانە بە گرنگ دەبینرێن: یه‌كه‌م: بۆ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی - کارکردن بە هەستی متمانەوە نێوان خۆیان وهه‌رێمی كوردستاندا و خۆپاراستن له هه‌ر شێوازێك تۆڵهسهندنهوەی دژ به هه‌رێم و به‌كارنه‌هێنانی مه‌سه‌له‌ی هه‌رێم كوردستان وه‌ك ماده‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن و خۆبه‌هێزكردنی چەند لایەنێک لە رێی ئەم پرسەوە. بنه‌مای هه‌ر رێكه‌وتنێكی ئاینده‌یی متمانه‌یه، ئه‌م به‌هایه به‌تایبه‌تی پاش ریفراندۆم و دەستبەسەرداگرتنی سەربازی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکان لەلایەن عێراقەوە لاوازتر بووە و پێویستی به دوباره بههێزكردنهوه هه‌یه. - جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ده‌ستوری و دووركه‌وتنه‌وه له‌و داواكارییانه‌ی كه هانی گۆڕینی ده‌ستور و بۆ به‌ژه‌وه‌ندی تاكلایه‌نه دژ به پێكهاته‌كانی تر دەدات. ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه له ده‌ستوردا ئاماژه‌ی پێدراوه و تا هەنووکە فەرامۆشکراوون و هاوکات هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسا ناوەندگەراکان. - ده‌ركردنی به‌په‌له‌ی یاسای نه‌وت و گاز له‌سه‌ر بنه‌مای به‌نده‌كانی ١١١ و ١١٢و ١١٤ و ١١٥ ده‌ستور، دانانی میكانیزمێكی جێگیر و به‌رده‌وام بۆ شێوه‌ی دابه‌شكردنی داهاته نه‌وتییه‌كان و ئیداره‌دانی دۆسێی نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ هه‌رێم و پارێزگاكان. - دروستكردنی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی تایبه‌ت به بەڕێوەبردنی دادگەرانهی داهاته نه‌وتییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه له ماده‌ی ١٠٦ی ده‌ستوردا هاتووه. - له پێناو قووڵكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ و گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری كێشه به‌رده‌وامه‌كان، گرنگه كار بكرێت بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی (ئه‌نجومه‌نی دووه‌م) كه نوێنه‌ری هه‌رێم پارێزگاكانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماده‌ی ٦٥ی ده‌ستوردا هاتوه و كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه. دووه‌م : بۆ لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان - كردنه‌وه‌ی به‌غدا و حكومه‌تی فیدڕاڵی به چه‌قی سه‌ره‌كی كاری سیاسی و زامنی سه‌ره‌كی مافه سیاسی و ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم، په‌یڕه‌ونه‌كردنی سیاسه‌تی (متارهكه) كه به زیان بۆ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه. - كرانه‌وه‌ی زیاتر به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیی عێراقدا (شیعه‌و سوننه)، به سه‌رجه‌م كێشه و خواستەكانیهوه و خۆپاراستن له‌هه‌ر سیاسه‌تێكی هه‌رێم كه ده‌بێته هۆی گۆشه‌گیربوون و دووركه‌وتنه‌وه له ڕه‌هه‌ندی فیدراڵی و نیشتمانی عێراقی. - یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسێی نه‌وت به پێی ده‌ستور و مافه حهسڕییهكانی عێراق و هاوبه‌ش و تایبه‌ت به هه‌رێم، دووركه‌وتنه‌وه له هه‌ر هه‌نگاوێكی تاكلایه‌نانه‌ی هەڵکشاوانە كه نیگه‌رانی زیاتر و كه‌مكردنه‌وه‌ی متمانه له‌گه‌ڵ خۆی پەرەپێبدات. - سودوه‌رگرتنی زیاتر له‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی له بواری ئابووری و ژێرخانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌رێم و به‌غدا و تێكه‌ڵبوونی زیاتری ئابووری له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی تری عێراق، كه دواجار لێکتێگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتووری لێده‌كه‌وێته‌وه. - هاوکاریکردنی بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ دروستبوونی هەرێمی دیکەی فیدراڵی، وەک زەمینەیەک بۆ چەسپاندن و پایەداریی سیستەمی فیدراڵی. سێیه‌م: بۆ هەردووک لە ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی و حکومەتى هەرێم لەو ڕوانگەیەوە کە هەردوو لا هاوڕان کەلەسەر ئەوەى کە دەبێت دەستور بنەماى سەرەکى لێکتێگەیشتن و یەکاڵاکردنەوەى کێشەکان بێت، دەشێت بەپێى ئەو ڕاڤە جۆراوجۆرانەى بۆ هەر دوو مادەى (١١١ و ١١٢)ى دەستورى ٢٠٠٥ کراوە، لەژێر ڕۆشنایى ئەزموونى وڵاتانى فیدراڵى لە جیهاندا، کار بۆ چارەسەرکردنى دۆسیەى نەوت و بودجە بکرێت بەپێى یەکێک لەم ئامرازانە: - دابینکردنى زۆربەى خەرجى هەرێم لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە (وەک لە وڵاتانى بەرازیل و فەنزویلا کارى پێدەکرێت)، بەرامبەر قایل بوون بە باڵادەستى حکومەتى فیدراڵی بەسەر زۆربەى سەرچاوە سروشتییەکانى کۆکردنەوەى داهاتى وڵات. - تەرخانکردنى خەرجى هەرێم بەهاوبەشى هەرێم و حکومەتى فیدراڵی (وەک لە وڵاتى نیجیریا کارى پێدەکرێت) لەسایەى زامنکردنى سەرچاوەى پێویست بۆ کۆکردنەوەى داهات بۆ هەردوولا. - دابینکردنى هەموو یان زۆربەى هەرەزۆرى خەرجییەکانى هەرێم لەلایەن هەرێم خۆیەوە (وەک لە وڵاتى ئیمارات کارى پێدەکرێت) بەرامبەر بە بەجێهێشتنى زۆربەى سەرچاوە سروشتییەکانى کۆکردنەوەى داهات لە دەستى هەرێمدا. چواروم: بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی ده‌كرێت هێزه هه‌رێمی و هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رۆڵی ئه‌رێنی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ردولادا ببینن. واقعی ئێستای عێراق و هه‌رێم رۆڵی هێزه هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پێوه دیاره. ده‌كرێت ئه‌م هێزانه به دوورخستنه‌وه‌ی ململانێكانیان له عێراق و هه‌رێم و هاندانی هه‌ردوولا بۆ دانوستاندنی قوڵ و هه‌مه‌لایه‌نانه كه‌شێكی گونجاو بۆ سه‌رخستنی وتووێژه‌كان دروست بكه‌ن، عیراق بکەنە زەمینەیەک بۆ لێکتێگەیشتنییان و ستراتیژی براوە-براوە بگرنەبەر. به پێچه‌وانه بوونی عێراق و كوردستان به گۆڕه‌پانی ململانێ، هه‌ردولا لاواز ده‌كات بوار بۆ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی هێزی توندڕەوی وه‌ك داعش و قاعیده فه‌راهه‌م دەکاتەوە و زیانەکەی تەنها عێراق ناگرێتەوە. لێره‌دا ئێران، ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌توانن رۆڵی سه‌ره‌كی بنوێنن و دەکرێت له‌رێی نه‌ته‌وەیه‌كگرتووه‌كان یان دووقۆڵی ئه‌و رۆڵه بگێڕن له دروستكردنه‌وه‌ی متمانەی نێوان هه‌ردوولا. توێژەرانی رانانی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی: د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، د.هەردی مهدی میکە About the: Centre for Future Studies A Non-Governmental Centre For Academic Research in the Public Interest. Aims and objectives: To promote expertise and support research activities in politics and international relations with a particular focus on the future of strategy and public and foreign policies. To contribute to the development and improvement of the philosophy of scientific research in Iraqi Kurdistan. To offer the governing institutions of the KRG (KRG) professional and expert advice. To offer professional and expert advice to the private sector and non-governmental organizations operating in Iraqi Kurdistan. To contribute to the improvement of the learning program in the field of the center’s expertise. To hold scientific conferences and seminars on current and future domestic and international political and strategic issues. To coordinate with governmental and non-governmental centers for scientific research in and outside Iraqi Kurdistan with the aim of exchanging ideas and expertise. To follow up and measure directions of, and trends in, the public opinion in Iraqi Kurdistan, particularly on those issues that are crucial to the stability and prosperity of the region. To train and prepare researchers in the center’s area of expertise. To address the region’s strategic issues that have not yet been approached from an academic and scientific standpoint. Activities: To carry out and publish scientific research. To hold regular conferences, seminars and talks on current and future domestic, regional, and international political and security issues. In addition to policy papers, analytical reports, and books, the center publishes a scientific journal that mainly deals with the future of domestic, regional, and international strategic and security issues. To conduct interviews and interact with public and private media. To translate and publish books and journal articles from English (and other foreign languages) to Arabic and Kurdish on the topics of the center’s expertise. To carry out opinion polls on various domestic political issues in Iraqi Kurdistan. To gather data and publish analysis on various issues connected with public policy in Iraqi Kurdistan. حول: مركز الدراسات المستقبلية مركز غير حكومي تأسس لإجراء دراسات علمية بغرض تحقيق المصلحة العامة. أهداف المركز: 1. دعم عملية البحث العلمي وتشجيع المختصين والباحثين لأجراء البحوث في المجالات المتعلقة بالدراسات المستقبلية والسياسة العامة والاستراتيجية والشؤون الخارجية. 2. المساهمة في انماء فلسفة البحث العلمي وتطويرها في اقليم كوردستان. 3. تقديم استشارات علمية والخبرة البحثية للمؤسسات الحكومية في اقليم كوردستان. 4. تقديم استشارات علمية والخبرة البحثية للقطاع الخاص والمؤسسات غير الحكومية في اقليم كوردستان. 5. المساهمة في تطوير المناهج الدراسية في المجالات المتعلقة بإختصاصات المركز. 6. تنظيم مؤتمرات وندوات علمية لدعم عملية البحث العلمي وتعزيزها. 7. التنسيق مع المراكز الحكومية وغير الحكومية المعنية بالبحث العلمي داخل اقليم كوردستان وخارجه، بهدف تبادل الخبرات العلمية معها. 8. متابعة إتجاهات الرأي العام وقياسها حول القضايا التي تجذب اهتمام المواطنين وتؤثر في مصالحهم. 9. اعداد الباحثين وتأهيلهم في المجالات التي تختص بها المركز. 10. العمل على دراسة القضايا الاستراتيجية في اقليم كوردستان التي لم تدرس وفق المعايير العلمية. نشاطات المركز: 1. اجراء البحث العلمي و نشره. 2. تنظيم المؤتمرات والندوات العلمية. 3. نشر الكتب و الدراسات العلمية المتعلقة باختصاصات المركز. 4. اصدار مجلة علمية محكمة. 5. التواصل مع قنوات الاعلام المعنية باهتمامات المركز واجراء الاستفتاءات العلمية لقياس اتجاهات الرأي العام. 6. ترجمة الكتب و الدراسات العلمية الاجنبية المتعلقة باختصاص المركز ونشرها. 7. رصد المعلومات والبيانات في جميع مجالات السياسة العامة في اقليم كوردستان وتحليلها ونشرها.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دەیوت فیدڵ کاسترۆ بە ریشەکەی کاریگەری لەسەر گەلی کوبا دروستکردووە، ریشەکەی نێچیرڤان بارزانی چ کاریگەرییەکی دروستکردووە ؟ پەیامی جەستەیی پشت ریشەکە چییە ؟ سەرۆکی هەرێم دەیەوێت چی بڵێت و خەڵک چۆن تێگەیشتوون ؟ سەرۆک بە ریشەوە دەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەنکە ریشێکی سپییەوە، چەند رۆژێکە قسەوباسی جیاوازی دروستکردووە. نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە پیاوێکی رێکپۆشەو بایەخی زۆر بە روخسار‌و جلوبەرگی دەدات، یەکەمینجارە بە ریشی سپییەوە دەردەکەوێت، بەم دەرکەوتنە سەرۆکی هەرێم بەبێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات، بە زمانی جەستە پەیامێکی بەهەموان گەیاند. نێچیرڤان بارزانی دەیەوێ چی بڵێ ؟ ریشی سپی لە زانستی زمانی جەستەدا ئاماژەیە بۆ پیاوی بە ویقارو دانا‌و لەسەرخۆ، لە رویەکی تریشدا نیشاندەری قاڵبوون و ئەزمونە. بەڵام تەنکە ریشە سپییەکەی نێچیرڤان بارزانی زیاتر بەلای مۆدێلێکی دیاریکراوی ریشتاشینی گەنجانەدا دەڕوات، هەندێکی تریش ئاماژەی پیربوونی لێ دەخوێننەوە. ئەمە لێدانەوەکانە بۆ پەیامی پشت ریشە سپییەکەی سەرۆکی هەرێم، بەڵام کەسە نزیکەکانی قسەی تر دەکەن. بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتی و نیگەرانی خۆی لەبارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بە ریشی سپییەوە دەرکەوتووە. هەندێک لە کەسە نزیکەکانی باس لەوە دەکەن، بەمدواییە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ چەند کەسێک لە تیمەکەی قسەی کردووەو پێی وتوون دەیەوێت نیگەرانی خۆی دەربڕێت، ئەوانیش ئەم شێوازەیان بۆ دەستنیشان کردووە. وا دەردەکەوێت لە هەرێمی کوردستان کەس لە دۆخی خۆی رازی نییە، تەنانەت سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش. سەرۆک لە چی نیگەرانە ؟ نێچیرڤان بارزانی کە ماوەی (١٧ ساڵ) سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، دواجار لە ساڵی ٢٠١٩دا لەچوارچێوەی گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەدیاریکراویش (بنەماڵەی بارزانی)دا دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی حکومەت بوو بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای. ئەمە جوڵەی دەسەڵات بوو کە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکەو کۆڵەکەی بنەماڵە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هەرێم بوو. نێچیرڤان بارزانی ماوەی زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، بەڵام وەکو پێویست لە گۆڕەپانە سیاسییەکەدا بەدی ناکرێت، رەنگە بەشێکی ئەمە هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەندێک سەردەمی سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتییەکەی مەسعود بارزانی مامی بەراورد دەکەن، کە ئەوکات سەرۆکی هەرێم لە هەموو بابەتە هەستیارەکاندا قسەی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی دەکرد. ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام مەسعود بارزانی مامی هێشتا هەر دەستبەرداری نازناوی "سەرۆک" نەبووەو لە میدیا فەرمییەکانی پارتیدا ئەم نازناوەی بۆ بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بوەتە مۆتەکەیەک بەسەر سەرۆکایەتییەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە. سەرباری ئەمە، بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو)، لە سایەی ئەو گۆڕانکارییەی دەسەڵات کە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویداوە، ئێستا دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی کۆبونەوەی ژمارەیەکی زۆر لایەنگرانی بێ‌کاری نێچیرڤان بارزانی، کە رۆژگارێک پۆستی باڵایان لەناو حکومەتدا هەبووەو ئێستا‌و لەسەردەمی حوکمڕانی مەسرور بارزانیدا، کۆتایی بەکارکردنیان لەناو حکومەت هێنراوەو بەشێکیان وەکو راوێژکار لە سەرۆکایەتی هەرێم گیرساونەتەوە، ئەمەش سوپایەک لە خەڵکی بێکارە کە رەنگە سەرۆکی بێزار‌و نیگەران کردبێت لە چارەنوسی سیاسی خۆی. لەدوای دەستبەکاربونییەوە نێچیرڤان بارزانی هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات لە سەرۆکایەتی هەرێم و دەیەوێت بەبێدەنگی هەندێک لەو وێنایە لەبارەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە بگۆڕێت کە لەسەردەمی بارزانی مامیدا لەسەر دامەزراوەکە دروستبووە، بەڵام تائێستا هەوڵەکانی بێ‌ئاکام بووە، لەسەردەمی ئەودا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی باڵادەست تادێت خراپتر دەبێت، بەمدواییە هەوڵیدا وەفدێک لە سەرۆکی حزبەکان دروست بکات و بچێتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێم، ئەم هەوڵەش بێ‌ئاکام مایەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، بەمدواییە لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق روبەڕووی هەندێک مشت‌ومڕ بوەتەوە، پەیوەنییەکان لەگەڵ بەغداد بەپێی یاسا دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمە، بەڵام ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئیدارەی ئەم دۆسیەیە دەدات و وەفدی تایبەتی لەناو حکومەت بۆ دروستکردووە. لەپاڵ هەموو ئەمانەدا مانگی ئایاری ئەمساڵ پارتی کۆنگرەی (١٤)ی خۆی گرێدەدات، کۆنگرەیەک کە تاقیکردنەوەیەکی نوێیە بۆ نێچیرڤان بارزانی و دۆست و لایەنگرەکانی لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزب، رەنگە سیناریۆی کۆنگرەکەی یەکێتی دووبارە ببێتەوەو مەکتەب سیاسییەکانی ئێستا کە زۆربەیان لە لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانین، هاوشێوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی، لەچوارچێوەی دامەزراوەیەکدا بەڕێزەوە خانەنشین بکرێن، ئاخر پارتی هێشتاش لەڕووی سیاسییەوە بە شوێن پێی یەکێتیدا هەنگاو دەنێت. رەنگە لەپاڵ دۆخی ناهەمواری دارایی هەرێمدا، هەموو ئەم نیگەرانیانە لە پشت پەیامی ریشە سپییکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بن. ریشی سیاسی ! ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە لە (٥٠) ساڵی رابردوودا لە جیهان و ناوچەکە رویانداوە، جارێکی تر لەناو کایەی سیاسی‌دا رۆڵ و بایەخیان بە "ریش" بەخشییەوە. سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی له ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، ریشی کرد بە ئایکۆنێک بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و دروستبوونی یەکەمین کۆماری ئیسلامی لەمێژووی هاوچەرخدا. ئێستا ئیتر ریش بە هەموو جۆرەکانییەوە (کورت یان درێژ، ئیسلامی یان ئەوروپی یاخود شیوعی) وابەستەکراوە بە روداوێکەوەو هەندێک جۆریشی وەکو سیمبوێلێکی ئاینی لە ئاینە جیاوازەکاندا تەماشا دەکرێت. ئێستا ریش رۆڵی تریشی وەرگرتووە کە زیاتر رۆڵێکی کۆمەڵایەتییەو بۆ جوانکارییە یاخود ئامرازی چەواشەکردنی بەرامبەرو دروستکردنی وێنایەکی جیاواز لای بەرامبەر، هەندێکیش ریش دەهێڵنەوە بۆ شاردنەوەی کەموکورتی یاخود چاڵ و شێواوی و چرچی و پیربوون لەسەر روخساریان. ریشی سیاسی چەندین مانا‌و تێڕوانینی بەدوای خۆیدا دروستکردووە، لە چەند دەیەی رابردوودا کە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەرکەوتن، هێشتنەوە ریشی درێژ لە میدیای خۆرئاوادا لە دیمەنی (ئوسامە بنلادن)ی سەرۆکی پێشووی رێکخراوی (قاعیده) گوزارشتی لێدەکراو ئەم ریشە دەبەسترایەوە بە دەستەواژەی "تیرۆر"ەوە. لای شیوعییەکانیش جۆرێک ریش پیرۆزی خۆی هەیە کە شێوەی رێزی "سەکسوکە"یە، ئەمە شێوازەکەی (ڤلادمیر لینین)ی سەرکردەی بەلشەفییەکانی و ئەندازیاری شۆڕشی ١٩١٧ی بەلشەفییەکانە دژ بە حوکمی قەیسەری روسیا. شیوعییەکان حەزیان بە شێوە ریشەکەی (کارل مارکس)ی فەیلەسوفی ئابوریش هەیە، کە خاوەنی مانیفێستە بەناوبانگەکەی شیوعییەکانە. ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا، شێوەی ریشی (فیدڵ کاسترۆ)ی سەرۆکی پێشووی کوبای بە یەکێک لە هۆکارەکانی کاریگەری کاسترۆ لەسەر گەلەکەی دەستنیشان کردبوو. چێ گیڤارای شۆڕشگێڕیش سەرباری ئەوەی ریشەکەی مامناوەندی بوو، بەڵام کاریگەر بوو، هێشتا تاڵە مووەکانی ریشی ئەو لە مەزادخانەکانی ئەوروپادا دەفرۆشرێن. سەددام حسێن سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراقیش کاتێک دەستگیرکرا بۆ یەکەمجار بە ریشێکی زۆرەوە بینراو هەر بەو ریشەوە دادگایی و دواجاریش لە سێدارە درا. ئیخوانەکانی میسر‌و ئوردن و سوریا‌و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی، ریشێکی کورت بەڵام چڕ دەهێڵنەوە، ئێستا ئەم جۆرە ریشە لەو وڵاتانە ئاماژەیە بۆ نەیارێتی سیاسی لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتداران. لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، میرو شازادەکان زیاتر بایەخ بە شێوەی "سەکسوکە" دەدەن و وەکو خۆیان دەڵێن عەرەبی بیابانەکان ئەم شێوازەیا لا پەسەندبووەو رەسەنایەتی تێدایە. تاڵە ریشی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) خوای لێ بێت یەکێکە لەو تاڵە ریشانەی کە بایەخی زۆری لە رۆحیەتی موسوڵمانان هەیەو لە خانەقای بیارەو لە مزگەوتێکی شاری عەکای فەلەستین ئەم تاڵە ریشانە هەیە، بەڵام لەناو زانایاندا مشتومڕی لەسەر هەیە. دیارترین ریش لە مێژوودا ریشەکەی (گریگۆری راسپۆتین)ە، ئەم پیاوە رۆحانییە کە لەماوەی ساڵانی (١٨٦٩ بۆ ١٩١٦) ژیاوە، کاریگەری گەورەی لەسەر کۆمەڵگای ئۆرستۆکراتی ئەوکاتەی روسیا هەبووە، هەندێک لە سەرچاوەکانیش وەکو کابرایەکی مێبازی زۆرزان ناوی دەهێنن. لە هەرێمی کوردستان سەرکردەی حزبە سیاسییەکان زۆربەیان ریشیان نیە، ئەوانەی ریشیان هەیە بریتین لە هەریەکە لە (عیرفان عەلی عەبدولعەزیر) رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی و (عەلی باپیر) ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و (سەلاحەدین محەمەد بەهادین) ئەمینداری یەکگرتوو، رابەری بزوتنەوەی ریشی لە ئەمیرو ئەمیندار زیاترە، ئەمیر ریشی لە ئەمیندار زیاترە. ریشەکەی نێچیرڤان بارزانی ریشێکی جیاوازە، هاوتای نییە، بەڵام ستایلەکەی هەندێک لە ریشی (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە نزیکە. ریش لە ئەدەبیاتی كوردیدا ریش یەكێكە لەو بەشانەی جەستەی مرۆڤ كە لە ئەدەبیاتی كوردیدا شوێنی تایبەت بەخۆی هەیەو شاعیرانی كورد هەریەكەو لەڕوانگەی خۆی‌و بۆ مەبەستو سەردەمێكی جیاواز، لەبارەی ریشەوە نوسیویانە، لە دیارترین ئەو هۆنراوانەی كە لەبارەی ریشەوە نوسراون: مەحوی دەڵێ: ڕیشێكی پان‌و توكی بناگوێ درێژ‌و لول سۆفی لەدینی لادە بەدیمەن لە جوو دەكا نالی دەڵێ: ڕیشكەی پان‌و درێژە، بۆ ریا خزمەت دەكا زاهیرە هەركەس بەتوولو عەرزی ڕیشیدا ریا قانع دەڵێ: بێ قەزا بێ، مامە سۆفی تابێ ڕێش پان ئەكا قل بە فل حاڵی بووە، چی ئیدیعای ویژدان ئەكا ؟ خەڵكی گەییە جەلبی رووحو ئەو خەریكی شانەیە حەز لەتەزبیحی گڵێنو، خڕنوكو قەزوان ئەكا ئەحمەد موختار جاف دەڵێ: وشكە سۆفی هاتبوو ئەیوت بەهەشـت هەر بۆ منە ڕیشی خۆی جوڵان وەكو سابرێن كە شەو كاوێژ ئەكا كەی خوا تـوجارە؟ خوا گـەورە و غـەفور و عـادلە چۆن لەگەڵ عەبدا حسابی قەرزی ڕۆژو و نوێژ ئەكا حاجی قادری كۆیی دەڵێ: سۆفی بە سەرو ڕیشی، بەم خەرقەیی سەردۆشی چەند چێڵە گەلو بزنە گەلو مێگەلی دۆشی حەریق دەڵێ: بەو ڕیشەوە ئێستا كە ڕەئیسێكە لەلای خۆی تەزكیری كە تەزویرە لەسەدامی خەتایە موفتی پێنجوێنی دەڵێ: مەیكە بە ئەسبابی ژین، جببە و ڕیش و عەبا مەیكە بە دەسمایە تۆ سوننەتی وەختی زوحا نوێژ و عیبادەت ئەگەر كەسبی لەگەڵ تێ نەخەی قەڵبە زەڕ و زیوی تۆ ناچێ لە قاپی خوا فایەق بێكەس دەڵێ: مامە سۆفی وای تەمایە هەر بەڕیشی پانەوە قەسری بۆ حاز كرابێ پڕ بەحۆری جوانەوە ئەو ئەڵێ جەننەت بەڕیشە نەك بەهۆی عیرفانەوە سەد(سەڵاحەدین)و (دارا) قیمەتی یەك ئانەیە
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میكە تەنها لە بیست(٢٠) ڕۆژی رابردوودا، لانیکەم شانزە(١٦) گردبوونەوە، ناەڕەزایی، خۆپیشاندانی توێژی و پیشەوەران و هاووڵاتییان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەدا ڕوویداوە،*(لینکی هەندێک لە ناڕەزایەتییەکان لە کۆتایی بابەتەکەدا دانراوە)، ئەوەی تێبینی دەکرێت: - حەوت(٧)یان لە سلێمانی، چوار(٥)یان لە هەولێر، یەکێک(١)یان لە هەڵەبجە بووە، سیانیان(٣)یان داواکاری سەرجەمی توێژیکی کوردستانی (ژنان و مامۆستایان و هونەرمەندان) بوون. - هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکان و بیانووی کلیلییان بریتی بووە لە: خزمەتگوزاری(کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ و جادە)، بازاڕ و ئابووریی (کرێی دووکان، ڕێنمایی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵ و کافێکان..تاد)، بەڕێوەبردن (مامەڵەی خراپ لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ)، دواکەوتنی مووچە، پەروەردەیی (داواکاریی مامۆستایان ناڕازی، بایکۆتی خوێندکاران دژی خوێندنی ئەلیکترۆنی). - هەندێکیان لە ناوشارەکان و زۆرترینیان لە قەزا و ناحیەکان و گوندێک بوون. - هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نە لە پشتیان بوون و نە تەبەنییان کردووەن، بگرە لە ڕوماڵیشدا میدیای نزیکی دەسەڵاتیش ڕووماڵی کردوون. - گەورەترین کەیسی ناڕەزایی وەک داواکاریی گشتی هاونیشتمانییان، کێشەی کارەبا پاشان مافی مامۆستا و خوێندنی ئەلیکترۆنی بووە، کە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی ناڕەزایی هەبووە، وەک کەیسی ناوچەییش، کەیسی گردبوونەوەی خاوەنزەوییەکانی حەسارۆک بووە لە هەولێر کە ١٦ هەزار پارچە زەوییە و حکومەت چارەی بۆ نەدۆزیوونەتەوە. - بەشێک لەم ناڕەزایەتییانە ڕاستەوخۆ توڕەییە بەرامبەر ئەدای حکومەت کە دوو جۆرن: یەکەم، بەرامبەر سیاسەتی پەروەردەیی، سیاسەتی ئیدارەدانی کۆرۆنا و ناتەبایی لەگەڵ بەرژەوەندیی چەند توێژێک، سیاسەتی ڕێکخستنی خاوەن موڵک و کرێچی. دووەم جۆرییان: کەمی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەک کارەبا و ئاوەڕۆ و جادە و...تاد. - توندترین کەیسیان گرتنی شاڕێی نێوان هەولێر و سلێمانی بووە لە کلکەسماق، بۆ چەند سەعاتێک لە ٤/١/٢٠٢١دا و بەهۆی هاتنەناوەوەی لایەنی پەیوەندیدار و هێزەوە ڕێگاکە کراوەتەوە. - خەمساردترین کەیسیشیان ئەوەبوو کە حکومەت هیچ وەڵامێکی نەبووە، کەیسی گردبوونەوەی گەڕەکی هەواری شاری شاری هەولێرە و ساڵ و نیوێکە کێشەی کارەبایان هەیە و هیچ لایەنێک ئەو ڕۆژە نەچووە بەدەمیانەوە چ بۆ وەڵام و چ بۆ وەرگرتنی خواستەکانیان. - هیچ یەک لەم خۆپیشاندانانە دروشمی برسێتی یان گرانی یان بژێویان بەرزنەکردووەتەوە. - لە ڕووی ڕووماڵکردنەوە، میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات، ئەهلی، نزیکی ئۆپۆزسیۆن و سێبەرەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووماڵیان کردوون. قەترە قەترە دەریا دەسازێت لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتییاندا، بۆ پایەداری متمانە و بەرقەراری مانەوەی یەکەم و پابەندی دووەمەوە، گرێبەستەکە ئاوایە: تا ئەوکاتەی حکومەت وەک خزمەتگوزار گوێی سووکتر بێت، دەستی سەرکوتکردنی کورت و دەستی خزمەتی دریژ دەبێت، بە پێچەوانەوە لەگەڵ هەر گوێ گرانییەکدا لە نەبیستن و فەرامۆشکردنی وردە داواکاریی و گردبوونەوەی ناوچەیی و توێژەکاندا، دۆخەکە هەڵدەگەڕێتەوە. کۆی ئەم وردە نارەزایەتیانە کە لە کورتمەودا و خێرادا دەکرێت چارە یان ڕازی بکرێن، بەڵام بە پێچەوانەوە هێواش هێواش کۆدەبنەوە و نائومێدییەکی تۆڵەسێن بەرهەم دەهێنن. ئەو کات کۆی ناڕەزایەتییەکە گەر سەرانسەری یان نیمچە سەرانسەریش بێت ڕەنگە یەک نمایشی هەبێت بەڵام مەرج نییە یەک داواکاری هەبێت و ڕازیکردنی جەمسەرەکانی ئەستەم و سەخت دەبێت. قسەیەک لە دنیای کەلامی و خواناسییدا هەیە و دەڵیت: ئەوانەی کە توند و ڕاشکاو دەڵین خودا نییە، زیاتر لەسەری گلەیی و نیگەرانییەوە ئەو قسەیە دەکەن و ئومێدێکیان بە خودایە و دەیانەوێت خودا دەستوەربداتە ئەو ژیانە ناخۆشەی هەیە. لە کوردەواریشدا وتراوە "گلەیی لە دۆست دەکرێت". ئەڵبەت بە ڕەچاوی جیاوازیی لە نمونەکاندا و تەنها وەک ڕوونکردنەوە بوون، لە ناڕەزایەتییەکان بڕوانرێت، دەردەکەوێت خەڵک کە گردبوونەوەی ئاشتییانە دەکات گلەیی لە جێگەئومێدێک هەیە و دەیەوێت بە دەمییەوە بچێت، نابێت نائومێدی بکات بە ڕادەیەک ناچاری بکات هەڵێبگێڕێتەوە. بە سەرنجدان لەم وردە ناڕەزایەتیانە و بە ئیزافەکردنی ئەم تێبینیانە: - ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە شەش ساڵە ژیان و بازاڕی خەڵک و ئەدای حکومەتی هەرێمی کوردستانی لاواز کردووە، لە سەروو هەموویانەوە خراپی دابەشکردنی و کەمی و لێبڕین لە دابەشکردنەکەیدا. - ئەو خەمساردییەی کە حزبە بەشدارەکانی حکومەت کە هاوکاریی پرۆسەی چاکسازیی بەڵێندراو ناکەن و نائومێدی درووستکەرن. - ئەو پەیوەندییە ناجۆر و پڕ هەوراز و نشێوەی نێوان یەکێتی و پارتی. - ئەو لاوازی و بێ پرۆژەییەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و نەبوونی پرۆژەیەکی هاوبەش کە بەشداربن لە چارەسازیی یان ئەوەی کە ناتوانن ببنە بەدیلی باشتر و ئومێدبەخش بن، نائومێدی مەترسیداری کۆمەڵایەتی دەسازێنیت. - ئەو بێتواناییەی هەرێم بەرامبەر هاونیشتمانی و کوردستانیانی ناوچە دابڕێنراوەکان و کارنەکردن بۆ لانیکەمی ماف و گێڕانەوەی دەسەڵاتەکانی بۆ ئەو ناوچانە، خەمساردی و نائومێدییەکە کاریگەرتر دەکات. - ئەو بێباکییەی بەغدا و نەناردنی بەشە بودجە و تێهەڵچوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ سنووردارکردنی زیاتری دەسەڵات و مافەکانی هەرێمی کوردستان وەک قەوارە. سەرجەمی ئەمانە لە هەر جێگەیەک ڕووبدەن، ژیان کۆتایی پێناهێنن بەڵام نائومێدی دەچێنن و لە ڕادەی بەرزی نائومێدیشدا ڕاگرتنی دۆخەکە بە سڕکردن، وەڵامنەدانەوە یان وەڵامدانەوەی لاوەکی خواست یان تۆمەتبارکردنیان بە دەستی سیاسیی و دەرەکی داد نادات. بۆیە هیچ شۆکی ناوێت کاتێک ١٥٠ ماڵ کۆدەبنەوە و هیچ بەرپرسێک ناچێت بەدەمییانەوە، کاتێکیش توڕە دەبێت و فەرمانگەیەک دەسووتێنێت دەڵین خۆپیشاندنانی توندوتیژ قەدەغە و نایاساییە! ئەی چی بکەن تا دەنگیان ببیسترێت؟ کاتێک حکومەت بازاڕی خاوەن موڵک و کرێچی، نرخ و کوالیتی، پەروەردەی خەڵک بە جۆرێکی خواستراو و پەسەندکراوی زۆرینە بەڕێوەنەبات، ئەی چاوەڕێ دەکەیت هێشتا گوڵ و گۆرانیت بۆ بڵێت! کێ لە پشتە؟ لە هەموو جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا، چەند ڕەگەزێک بەشداری جوڵاندن، ڕێکخستن و بەئەنجامگەیاندنیدا دەکەن: کێشە و پرسێک، هاوڵاتی، جوڵینەران و ئامادەکارانی چالاکییەکە(لە خۆپیشاندانەوە تا مانگرتن هەر کامیان بێت)، ئەندامان و هەڵسوڕێنەرانی لایەنێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن یان ڕێکخراوە سێبەرەکانی، دەسەڵات و ڕادەی شلکاری یان تووندینواندن بەرامبەر چالاکییەکە و میدیا. هەر یەک لەم ڕەگەزە بەشدارانە بە پێی جۆری ڕێکخستن و بەهێزی ڕەگەزێک بەسەر ئەوی دیکەدا شوێنیان دەگۆڕێت و کاریگەرییان دەبێت، گەر سیستمێک کێشەی خزمەتگوزاری کەم بێت و بەیناوبەین خۆپیشاندان بکات ئەوا ناوچەی هەژموونی ئۆپۆزسیۆن و ڕەگەزەبەشدارەکانی لە چالاکییەکەدا کەمڕەنگ دەىێت، بەڵام گەر کۆی پرۆسەی خزمەتگوزاری و ئەدای حکومەت تا دەگاتە سیستمی سیاسیی کێشەی هەبێت و و لە چەند جێگەوە شایستەی ڕەخنە بێت، رەگەزی هەڵسوڕێنەران و ئەندامانی سیاسیی خۆپیشاندان کاریگەرتر دەبێت ئەوکات بیانوو و هۆکاری ڕۆژانەی باش دەکەوێتە دەستی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخەرە سێبەرەکانی، ئەمانە بە تەبایی و هەماهەنگی لەگەڵ جوڵێنەرانی خاوەن پرس و کێشەی راستەقینە تەبادەبن و ڕادەی توڕەیی و ناڕەزایی بەهێزتر دەبێت. ئەمانە هاوکێشەی باوی هەر ناڕەزایەتییەکی هەر وڵاتێک و کۆمەڵگەیەکن، بەڵام هەمیشە ئەوەی لە پشتی خۆپیشاندەرەوەیە وەک دەستێک، خودی حکومەتە پێش هەر لایەنێکی دیکە، هەرکات لەم جۆرە خۆپیشاندانە ناوچەییانەی بینی (١٦ خۆپیشاندان لە ٢٠ڕۆژدا) و تاک تاک چارەی کردن ئەوا متمانە و ئومێد دەگەڕێتەوە، خۆ گەر وەک ئێستا فەرامۆشی یان سەرکوت یان بەدەمەوەنەچوونی گرتەبەر، ئەوا وێنەیەکی گەورەتری ئەم گردبوونەوە ناوچەیی و توێژیانە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبینین و ئاراستەش دەکرێن. * لینکی هەواڵی هەندێک لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو: - https://xelk.org/273908/ - https://www.kurdiu.org/ku/b/477565 – http://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=98326&Jor=1 - https://www.youtube.com/watch?v=IBukjLgqtPM - https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2712202023 - https://xelk.org/272085/ - https://www.youtube.com/watch?v=Kqv49SzrQJw - https://www.nasnews.com/kurd/view.php?cat=22182 - http://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=98488&Jor=1 - http://bit.ly/3nTw8UW - http://bit.ly/3syYKXk - https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=184301 - https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0901202113
درەو: داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان سێ مانگی ( 1/7 بۆ 30/9/2020) لە كۆی ( ملیارێك و 243 ملیۆن) دۆلار تەنیا ( 553 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمە كە دەكاتە (45%). بە پێی نوێترین راپۆرتی كۆمپانیای ( دیلۆیت) لە (1/7 بۆ 30/9/2020) كۆی داهات و فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بووە: - نەوتی فرۆشراوی (39 ملیۆن و 365 هەزار) بەرمیل نەوت - نرخی بەرمیلێك نەوت : 31.66 دۆلار - كۆی داهاتی نەوتی هەرێم : ( ملیارێك و 243 ملیۆن) دۆلار بووە. داهاتی نەوتی هەرێم بەم شێوەیە دابەش بووە - گۆڕانكاری لە ڕەسیدی حیساباتی كڕیارەكان ( 26 ملیۆن و 255 هەزار) دۆلار بەرێژەی ( 2%) - ڕسووماتی سوود : ( 3 ملیۆن و 299 هەزار) دینار بەرێژەی (0.2%) - پارەدان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت: (421 ملیۆن و 495 هەزار) دۆلار بەرێژەی (34%) - پارەدان لە بەرامبەر تاریفی كۆمپانیای وزەی توركی (TEC): (47 ملیۆن و 715 هەزار) دۆلار بەرێژەی (4%) - بڕی پارەی دراو بۆ كۆمپانیای بۆریی كوردستان (KPC ): ( 191 ملیۆن و 273 هەزار) دۆلار بەرێژەی (15%) - سافی داهاتی وەرگیراو بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان: (553 ملیۆن و 487 هەزار) دۆلار بەرێژەی (45%) واتا لەكۆی ( ملیارێك و 243 ملیۆن) دۆلار بڕی ( 690 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیاكان بەرێژەی (55%) و بڕی ( 553 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەت چووە. 1 2 3
درەو: بە پێی ئەو خشتەیەی كە (دیلۆیت) ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە (15%) داهاتی نەوتی هەرێم بۆ توركیا دەڕوات بە جۆرێك لەكۆی داهاتی نەوتی هەرێم كە لە 1/1/ بۆ 31/3/2020 بڕەكەی ( ملیارێك و 342 ملیۆن) دۆلار بووە لەو بڕە . یەكەم: (136 ملیۆن و 731 هەزار) دۆلار بۆ كرێی بۆری نەوتی توركیا واتا لە 10%ی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بۆری نەوتی توركیا دەچێت و لە (13%)ی بۆ بۆری نەوتی هەرێم دەچێت، واتا 23%ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ كرێی بۆری گواستنەوەی نەوت دەچێت. دووەم: ( 60 ملیۆن) دۆلار بۆ قەرزی كۆمپانیاكانی توركیا ( TEC) و (TPIC) كۆی گشتی دەكاتە ( 196 ملیۆن) دۆلار لە كۆی ( ملیارێك و 342 ملیۆن) دۆلار كە دەكاتە لە (15%) ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو سێ مانگەدا. بەڵام لە دوو راپۆرتی تردا حكومەتی هەرێم پارەی قەرزی كۆمپانیاكانی توركیا نەداوەتەوە واتا لە مانگی سێوە تا ئێستا حكومەتی هەرێم قەرزی كۆمپانیاكانی توركیای نەداوەتەوەو بووەتە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم دەقی راپۆرتەكە
درەو: شرۆڤە: د. عابد خالید- گۆڤاری ئایندەناسی دۆخى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵیى عێراق، هەر لە ڕەوش و کەیسەکانى بەڕێوەچوونیەوە تا ئایندە و وێستەگەکانى بەئاکام گەیشتنى، هەمیشە ڕەنگدانەوەى ئەو بارودۆخ و مەرج و فاکتانەن کە دۆخى ناوخۆیى و دەرەوەى هەریەک لە هەرێم و عێراق دەئاژوێنن. لەسەر ئاستى ناوخۆییى هەردوو لا، بەڵام بە پلەى جیاجیا، گیرۆدەى قەیرانى ئابووریى قوڵ و گرفتى مۆدێلى حوکمڕانیى خراپ و وێڵگەکانى ململانێى حیزبى و بەرژەوەندیى بەرتەسکن، لەسەر ئاستى دەرەکییش هەردوو لا، بەڵام بە ڕۆڵى جیاجیا، گۆڕەپانى ململانێى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى بە وەکالەت و کارتى فشارى هێز و لایەنە دەرەکییەکانى ئەو ململانێیانەن. هەر بۆیە لە بوارى کرداریشدا، سیماکانى ئەم پەیوەندییەى نێوان حکومەتی هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵیى عێراق، چەندێکى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن بووە، دەیان ئەوەندەى یەکدى تۆمەتبارکردن بووە بە پابەندنەبوون بە بەندەکانى ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنانەى نێوانیان و بەیاننامەدەرکردن بووە لە دژى یەکدى، بەڵکوو تۆمەتبارکردنى یەکتر بە پێشێلکردنی دەستوور و جێبەجێنەکردنی ئەحکامەکانی و لەمەش زیاتر پەنابردن بۆ تۆمارکردنى سکاڵا لەسەر یەکترى. لەبەر ئەمەش جێکەوتەى ئەم پەیوەندییە ئاڵۆز و ناجێگیرە لە ناخى زۆربەى هاوڵاتیانى کوردستان و عێراقیشدا چەندێکى بێزارکەر و جێى نیگەرانى بووە، نیو هێندە قایلکەر و ئومێدبەخش نەبووە، گەرچى هەمیشە هاوڵاتیانى ئاسایى هەردوو لا، بەڵام بە ڕێژەى جیاجیا، باجى قورسى قەیران و گرفت و ململانێکانی ناوخۆى هەردوو لا و نێوانیشیان داوە، لە سایەشیاندا تا دێت ژیان و بژێویى خەڵک لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەچێت. هەڵبەت ناتوانین بڵێین خراپیى دۆخى ژیان و بژێویى خەڵک لە هەردوو لا سەرچاوەکەى خراپیى پەیوەندیى نێوان هەولێر و بەغدایە، چونکە لە بنەڕەتدا سەرچاوەکە بریتییە لەو قەیران و گرفتە ناوخۆیى و دەرەکییانەی کە ئەم پەیوەندییەش لە سایەیەیاندا گوزەر دەکات، بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئاکام و چۆنێتیى یەکلاکردنەوەى ئەو پەیوەندییە؛ کاریگەریى گەورەى لەسەر شەقامى جەماوەریى هەردوو لا دەبێت، خۆ ئەگەر لەبەر مەبناى بەرژەوەندیى بەرتەسکى هەڵسوڕێنەرانى سیاسەت و حوکمڕانیى هەردوو لا ئاسۆى بەخراپى مانەوەى ئەم پەیوەندییە تاکوو ماوەى دوور مەوداش بەرەو تەقینەوەى سەربازى لەنێوان هەردوو لا نەچێت، ئەوا ناتوانرێ لە ماوەى نزیک مەودادا ڕێ لە تەقینەوەى ڕقى جەماوەرى پەنگخواردوو لە شەقامى ناوخۆیى هەردوو لادا بگیرێت، بەڵگەش خۆپشاندانەکانى ئەم دواییەى چەند شار و شارۆچکەیەکى هەرێمى کوردستان بوو کە زوو ڕەنگدانەوەى لەسەر هەڵچوونەوەى شەقامى عێراقى هەبووە. کەواتە وەک ناتوانین بەتەواوى گریمانەى ئەوە بکەین کە ئەنجامەکانى ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەى نێوان هەرێم و عێراق بۆ چ کارەساتگەلێک سەر دەکێشێت، هەر واش ناتوانین بەتەواوى کۆى ئەو هۆکارە ناوخۆیى و دەرەکییانە دەستنیشان بکەین کە بەردەوامى بەم بەگرێکوێرەبوونەى پەیوەندیى نێوانیان دەدات، بەڵام لەنێو هەموو ئەم تەمومژەى هۆکار و ئەنجامەکاندا، دەتوانین ڕاشکاوانە ئاماژە بۆ دوو هۆکارى سەرەکیى خراپبوونى ئەو پەیوندییە بکەین لە ئێستادا، یەکەمیان بریتییە لە لاوازیى پێگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەکاندا بەرامبەر حکومەتى عێراق، ئەمەش ئاشکرایە کە بەرئەنجامى دەیان ساڵ حوکمڕانیى خراپى هەرێمە، دووەمیشیان بریتییە لە دڕدۆنگیى متمانەى لایەنە عێراقییەکان بەرامبەر حکومەتى هەرێم و نادیاریی ئەو لایەنەش کە دواجار بڕیار لەسەر پەسەندکردنى ئەنجامى وتوێژ و دانوستانەکان لەگەڵ هەرێم دەدات، ئەمەش بەشێکى دەگەڕێتەوە بۆ قۆستنەوەى ڕەفتارى لاوازى هەرێم و پابەندنەبوونى بە بەڵین و ڕێککەوتنەکانى پێشووەوە بۆ مەبەستى بانگەشەى پێشوەختەى هەڵبژاردن و مەرامى پۆپۆلیستى زۆرێک لە هێز و لایەنە عێراقییەکان. لە سایەى ئەم دوو هۆکارەشدا، دۆخى ئێستاى حکومەتى هەرێم لە گفتوگۆ و دانوستانەکانى ئەم دوو سێ مانگەى دواییدا لە دۆخى ڕمبازێنەکەى دۆن‌کیشۆت دەچێت بەرامبەر ئاشەبا وەهمییە پۆپۆلیستییە زەبەلاحەکانى گۆڕەپانى سیاسیى عێراق. بەهەرحاڵ، ئەوەى گرنگە بپرسین کە: چارەسەر چییە؟ ڕەنگە بۆ وەڵامى ئەم پرسیارەش وەک هەمیشە پەنا بۆ ژماردنەوەى ئەو چارەسەرە ڕۆتینییانە ببەینەوە کە چەندین ساڵە بێ ئاکام دەیانخەینەوە ڕوو، وەک: گەڕانەوە بۆ ئەحکامەکانی دەستوور و دەستگرتن بە بنەماکانى شەراکەتى فیدراڵى لە بەڕێوەبردنى دەسەڵات و داهاتەکاندا، لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەیى هەموو کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، پابەندبوونى جددیى هەردوو لایەن بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکانی نێوانیان، بەدامەزراوەییکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو لا و بەدوورگرتنى لە قۆستنەوەى بۆ مەرامى حیزبى و شەخسى، ئەمە وێراى چەندین چارەسەرى گشتى لەسەر ئاستى دۆخى ناوخۆى هەردوو لا وەک: وەڵامدانەوەی خێراى داخوازییەکانی هاوڵاتیان، ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ و بەهاکانى ژیانى دیموکراسی، چەسپاندنى دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، دەوڵەتی یاسا، ڕێزگرتن لە سەربەخۆیى دەسەڵاتى دادوەری و چەندین چارەسەرى دیکە، بەڵام خستنەڕووى ئەم چارەسەرانە بە تیۆرى چەندە ئاسانە، بە کردارى هەزاران هێندە سەخت و پڕ کێشمەیە. لەگەڵ ئەمەشدا ناکرێت چاو لە گرنگى و هەر چى زووە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو چارەسەرە تایبەت و گشتییانە دابخرێت، ئەگەرنا دەبێت بەوە ڕازی بین کە تونێلى ئاڵۆزیی پەیوندییەکان بۆ نادیار تووڵ بکێشێت، لەوەش خراپتر ناکرێت لێ بگەڕێین تا کۆتایى؛ ژیان و بژێویى ئابڕوومەندانەى خەڵکى هەرێم و عێراق ببێتە قوربانیى بەردەوامبوونى ماشێنى گەندەڵیى چەند لایەن و دەستە و تاقم و کەسێکى کەم. گرنگە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانى چەندین ساڵى ڕابردووى خەڵکى ئەم وڵاتە و بونیادنانەوەى ژیانێکى پڕ شکۆ بۆیان، سڵ لە پەنابردن بۆ هیچ چارەسەرێکى دەستوورى و سیاسیى گونجاو نەکرێتەوە، بەتایبەت کە بزانین ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد و پشتیوانیکردنى یەکدى لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە، چەندین دەرفەتى گەورەى بۆ ئەنجامدانى چاکسازیى ناوخۆیى و ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی سەر قەوارەى هەرێم و سەروەریی عێراقى تێدایە. گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە پێنج (5)ی کانوونی دووەمی2021
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكەوە مامەڵەی كورسی لەگەڵ یەكێتی دەكات‌و لەلایەكی تر دەیەوێت بە دەركردنی پەرلەمانتارانی بەغداد لە ریزەكانی، دڵی پارتی رابگرێت، جڤاتی نیشتمانی كە دەسەڵاتی باڵای بڕیاردانە لەناو گۆڕاندا ئێستا ئیتر بۆچوونی گۆڕاوەو دەڵێ حكومەت چاكسازی پێناكرێت‌و دەیەوێت بڕیار لەسەر كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت بدات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. گۆڕان لە دۆخێكی نوێ‌دا بزوتنەوەی گۆڕان ئەم رۆژانە بە بارودۆخێكی هەستیاردا گوزەر دەكات، لەلایەك یەكێتی پێشنیازی كورسی پەرلەمانی عێراقی بۆ دەكات، لەلایەكی تر پارتی هەڕەشەی لێ دەكات. ئەم دۆخە نوێیە هاوكاتە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای تۆماركردنی ناوی حزب‌و هاوپەیمانێتییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وەكو ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە رۆژی 6ی حوەزیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت‌و ئەگەری دواخستنیشی هێشتا ئەگەرێكی كراوەیە. وەعدەكەی یەكێتی ! رۆژی 10ی ئەم مانگە وەفدێكی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی دور لەچاوی كامێرا‌كان سەردانی گردی "زەرگەتە" مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە شاری سلێمانی. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا وەفدی یەكێتی پێشنیازی هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خستوەتە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان. هەندێك لە بەرپرسانی گۆڕان كە (درەو)، قسەی لەگەڵ كردوون باسلەوە دەكەن، یەكێتی بەڵێنی بە گۆڕان داوە، لەكۆی (18) كورسی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، (5) كورسی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان زامن بكەن، ئەگەر گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانێتی بكات. ئەگەر گۆڕان قایل بێت بەم رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی، وەكو رێككەوتنی پێشوەختەیە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و دەتوانرێت وەكو جۆرێك لە رێككەوتنیش لەسەر ساختەكاریی وێنا بكرێت. سەركردەكانی گۆڕان دەیانەوێت وردەكاری گفتوگۆكانیان لەگەڵ یەكێتی، لە پارتی دیموكراتی كوردستان بشارنەوە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو) گفتوگۆكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی چوەتە ناو هەندێك وردەكاری، تا ئەو رادەیەی بەرپرسانی گۆڕان مەرجیان بۆ یەكێتی داناوە، لە حاڵی هاوپەیمانێتیكردنیاندا، نابێت چیتر یەكێتی مامەڵە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانی بەغدادی بزوتنەوەی گۆڕاندا بكات، كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا لە كێشەدانو لەسەروبەندی جیابونەوەدان، هەروەها یەكێتی بەڵێنی بە گۆڕان داوە هەموو پۆستەكانی لە سنوری ئیدارەی سلێمانی بۆ پڕبكاتەوەو رێككەوتنی "دەباشان"ی نێوان هەردوولاش جێبەجێ بكات. سەرباری ئەم نزیكبونەوەیە لەگەڵ یەكێتی، بەڵام هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵ بۆ هاوپەیمانێتی سێقۆڵی دەدات‌و نایەوێت لە پارتی دوربكەوێتەوە، چونكە هەر جۆرە دوركەوتنەوەیەك لە پارتی كاریگەری لەسەر تیمی گۆڕان دەبێت لەناو حكومەتدا، سەركردەكانی گۆڕان بەدیاریكراویش (مستەفا سەید قادر) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوانەیە كە دەخوازێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، گۆڕان بە هاوپەیمانێتییەكی سێقۆڵی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەكەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە یەكێتی نایەوێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی بكات، ئەمەش گۆڕانی دابەشكردووە بەسەر چەند ئاڕاستەیەكدا. هەڕەشەكەی پارتی ! ئەم رۆژانە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری بزوتنەوەكەیدا لە گفتوگۆدایە لەبارەی بڕیاردان لەسەر دەركردنی (5) پەرلەمانتاری بەغداد لە ریزی بزوتنەوەكەی، رێكخەر دەیەوێت بزانێت ئەگەر بڕیارێكی لەو جۆرە بدات سودو زیان‌و لێكەوتەكانی چی دەبن. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی لەڕێگەی مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پەیامی بۆ رێكخەری گشتی گۆڕان ناردووەو داوای لێدەكات هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان رابگەیەنێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی‌و سەربەخۆكان، هاوپەیمانێتییەكیان لە پەرلەمانی عێراق بەناوی "هاوپەیمانی هیوای كوردستانی" دروستكردووە، ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە كە یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی پێنج پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەوە ناسراون دژی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم‌و بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد قسە دەكەن. وا دەردەكەوێت هاوپەیمانێتی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی هێندە بۆ لێدانی ئەو پەرلەمانتارانەی بزوتنەوەكە بێت كە لە بەغداد دژی سیاسەتەكانی حزبەكەیان قسە دەكەن، هێندە بۆ ئەوە نەبێت پارتی نیگەران بكات، بۆیە سەركردەكانی گۆڕان بە دەركردنی پەرلەمانتارانی بەغداد لە ریزی بزوتنەوەكە لەلایەك دەیانەوێت پارتی قایل بكەن‌و لەلایەكی تریش بە هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی، ئەوسەری بارودۆخەكە لە نوێنەرانی بەغداد دابخەن‌و بەتەنیا بە گۆڕەپانەكەدا بەجێیان بهێڵن. بەڵام ئاڕاستەی روداوەكان بەوشێوەیە ناڕۆن كە رێكخەری گشتی بیری لێدەكاتەوە، چونكە ئەمڕۆ یەكێتی سەرۆكی فراكسیۆنەكەی خۆی گۆڕی‌و (ئاڵا تاڵەبانی) ئێستا سەرۆكایەتی فراكسیۆنی یەكێتی دەكات، ئاڵا تاڵەبانی نزیكە لە پەرلەمانتارانی "گروپی 15" واتە ئەوانەی ئێستا "هاوپەیمانێتی هیوای كوردستانی"یان دروستكردووەو قسەوباس لەبارەی كاری هاوبەش لەنیوان فراكسیۆنی یەكێتی‌و "هاوپەیمانی هیوای كوردستانی" بۆ داهاتوو لە ئارادایە، لەلایەكی تریش بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان فشار دەخاتەسەر گۆڕان بۆ دەركردنی پەرلەمانتارەكانی، بەڵام لە بەغداد وەفدێكی بە سەرۆكایەتی بەشیر حەدادو ڤیان سەبری ناردووە بۆلای "هاوپەیمانی هیوای كوردستانی"و بەفەرمی دانی بە هاوپەیمانێتییەكەدا ناوەو پیرۆزبایی لێكردوون. بڕیاری دەركردنی یاخود دەرنەكردنی پێنج پەرلەمانتارەكەی بەغداد لە ریزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستا لەسەر وادەی بەڕێوەچوون یاخود دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق راوەستاوە. نەخشەی ئێستای گۆڕان ئێستا كە زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا یەكەم رێكخەرو دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕیوە، نەخشەی ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەمشێوەیە: • فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان پێنج كەسە، نزیكەی چوار مانگە بە فەرمی پەیوەندی خۆیان بە سیاسەتی بزوتنەوەكەیانەوە پچڕاندووەو بانگەشە بۆ كشانەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم‌و شكستی حكومەت دەكەن، ئەمانە بریتین لە (یوسف محەمەد، هۆشیار عەبدوڵا، كاوە محەمەد، غالب محەمەد، بەهار مەحمود). • فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەم فراكسیۆنەش كە ژمارەی ئەندامەكانی (12) كەسە، بەهەمان شێوە نزیكەی چوار مانگە دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك پابەندی سیاسەتەكانی رێكخەری گشتی‌و بەرەكەی تر دژن، ئەم دیمەنە بە ئاشكرا لە هەڵسوكەوتی سیاسی هەردوو بەرەكەدا بەدی دەكرێت، ئەو گروپەی كە دژی سیاسەتی رێكخەری گشتین، هەمان تێڕوانیی گروپی پەرلەمانتارانی بەغدادیان هەیەو پەیوەندیش لەنێوانیاندا هەیە. • جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، پێشتر پاڵپشتی بەشداریكردنی گۆڕانیان لە حكومەت دەكردو بەرگرییان لە مانەوەی گۆڕان لە كابینەكە دەكرد، بەڵام ئێستا بۆچونیان گۆڕاوەو باس لە كشانەوەی گۆڕان دەكەن، تا ئەو رادەیەی هەوڵ هەیە لە دانیشتنی داهاتووی جڤاتەكەدا پرسی كشانەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بكرێت‌و رێكخەری گشتیش ناچار بە بڕیاردان لەوبارەیەوە بكرێت، چونكە زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی گەیشتوەنەتە ئەو بڕوایەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەت "چاكسازی" پێ ناكرێت‌و گۆڕان زەرەرمەند دەبێت لەمانەوەی زیاتر لەم كابینەیەدا. • خانەی راپەڕاندن كە بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەكەدا دابەشبووە، ئێستا لە كۆی (7) ئەندامی ئەم خانەیە یەكێكیان كە (جەلال جەوهەر)ە دەستی لە كاركێشاوەتەوەو لە ماڵەوە دانیشتوە، سێ كەسی تری ئەندامی خانەكە كە بریتین لە (عەدنان عوسمان، شەمال عەبدولوەفا، دەرباز محەمەد) رەخنەیان لە ئەدای رێكخەری گشتی‌و سیاسەتی بزوتنەوەكە هەیە. • تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم كە بریتین لە هەر چوار وەزیری (دارایی‌و ئابوری، پیشەسازیو بازرگانی، ئاوەدانكردنەوە، كار‌و كاروباری كۆمەڵایەتی) هەروەها (مستەفا سەید قادر) جێگری سەرۆكی هەرێم‌و بەرپرسانی تری گۆڕان لە پۆستە حكومییەكان، پاڵپشتی مانەوەی گۆڕان لە حكومەت دەكەن‌و چەند جارێك لەسەر بابەتی مانەوە یان كشانەوە كەوتونەتە ناو مشتومڕی توندەوە لەگەڵ نوێنەرانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق. • لەنێوان هەردوو ئاڕاستەی بیركردنەوەكەدا، كوڕانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا پاڵپشتی لە ئاڕاستەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی‌و مستەفای سەید قادر دەكەن. • ماوەی عومەر سەید عەلی لە پۆستی رێكخەری گشتی تەنیا (9) مانگی ماوە، سەید عومەر بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان جارێكی تر مافی خۆكاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی نابێت، چونكە ماوەی دوو خول (هەر خولێك دوو ساڵە) رێكخەر بووە، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم دڵخوازی كوڕەكانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفایەو چانسی گەورەی هەیە پۆستی رێكخەری گشتی وەرگرێت‌و لەلایەن پارتیشەوە پێشوازی لێدەكرێت، دانانی مستەفا سەید قادر لە پۆستی رێكخەری گشتی پێویستی بەوەیە پێشوەختە گۆڕان دەستوری خۆی هەموار بكات، چونكە دەستوری گۆڕان رێگەنادات كەسێك پۆستی حزبی وەرگرێت كە هاوكات پۆستێكی حكومیشی بەدەستەوە بێت. بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوەو ئۆرگانە ناكۆكانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كارێكی ئاسان نییە، هەر جۆرە بڕیاردانێك لەلایەن رێكخەری گشتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی دابەشبونەكە، رەنگە بزوتنەوەكە بخاتەوە بەردەم دابەشبونێكی نوێ‌و كاریگەری گەورەش لەسەر پێگەی بزوتنەوەكە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەجێبهێڵێت.
درەو: راپۆرتی: جیهانگیر سدیق گوڵپی - گۆڤاری ئایندەناسی بەرایی پازده ساڵه به‌پێی ده‌ستوورێكی فیدڕالی و له‌ژێر ناوی یه‌كگرتنی ئاره‌زوومه‌ندانه عێراقی نوێ دامه‌زرێنراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تاكوو ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، له ناویشیاندا په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان، ناته‌ندروست و ناسه‌قامگیرن و نه‌گونجاون له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی فیدڕالیه‌تی دارایی. پرسی دابه‌شكردنی داهاته جۆراوجۆره‌كان و چۆنیه‌تیی به‌شداریكردن له پێكهێنانی ئه‌و داهاتانه، یه‌كێكه له كێشه هه‌ره بنه‌ڕە‌تییه‌كان، ئه‌مه‌ش بووه‌ته گرێكوێره‌یه‌كی گه‌وره و ته‌واوی لقوپۆپهكانی كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی لێ بووه‌ته‌وه، كه سه‌ره‌كیترینیان بریتین له: نه‌ناردنی بڕی شایسته له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، ڕادهستنهكردنی نه‌وت و داهاته فیدڕالییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه به‌و جۆره‌ی كه به‌غدا داوایان ده‌كات، سوودمه‌ندنه‌بوونی هه‌رێم له داهاته فیدڕالییه نائاساییه‌كانی قه‌رز و یه‌ده‌گ. ئه‌م پرسانه كه وه‌ك هۆكاری ڕاسته‌خۆی كێشه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، خۆیان زاده‌ی چه‌ند هۆكارێكی ڕیشه‌یین كه بریتین له ناسازیی زه‌مینه‌ی سیاسی و كولتووری و یاسایی و دامه‌زراوه‌یی. به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی هۆكاره ڕاسته‌وخۆ و ڕیشه‌ییه‌كان له یه‌ك كاتدا، نه ده‌توانین له كرۆكی كێشه‌كه بگه‌ین و نه په‌ی به ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ر و سیناریۆكانی ئاینده ببه‌ین. ئه‌م باسه خوێندنه‌وه بۆ هۆكاره ڕیشه‌یی و ڕاسته‌وخۆكانی ئه‌و كێشه‌یه ده‌كات و له‌وێوه سیناریۆ جیاوازه‌كانی ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌خاته ڕوو. هۆكاره‌كانی كێشه و ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هۆكاره ڕیشه‌ییه‌كان ناسازیی زه‌مینه‌ی سیاسی و كولتووری بۆ بنیاتنان و سه‌ركه‌وتنی فیدڕالیه‌ت هه‌رێم و به‌غدا به درێژایی مێژوو له په‌یوه‌ندییه‌كی ناته‌ندروستدا بوون، هیچ كات یه‌كگرتن و پێكه‌وه‌ژیانێكی ئاره‌زوومه‌ندانه بنه‌مای پێكه‌وه‌بوونیان نه‌بووه، له‌پاش ساڵی (2003)یشه‌وه ئه‌وه‌ی كه ناو نراوه یه‌كگرتنی ئاره‌زوومه‌ندانه (الاتحاد الاختیاری)، له ڕاستیدا یه‌كگرتنێكی ناچاری (الاتحاد الاجباري)ی ناكامڵه. داڤید کامیرون (David Cameron) شاره‌زای جیهانیی بواری فیدڕالیه‌ت، له توێژینهوهیەكدا له باره‌ی فیدڕالیه‌تی عێراقه‌وه ده‌ڵێت([1]): به‌پێی تیۆری كلاسیكی و باوی فیدڕالیزم، كۆمه‌ڵگه سیاسییه سه‌ربه‌خۆكان به شێوه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه یه‌ك ده‌گرن بۆ پێكهێنانی سیستمێكی نوێ، كه چاوه‌ڕوانیی لێ ده‌كرێت بۆ هه‌مووان به‌سوود بێت و هه‌مووانیش پێوه‌ی پابه‌ند بن، ده‌ستووره‌كه‌ش ده‌كرێته گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی فیدڕالیزم. به‌ڵام له مۆدێلی بنیاتنانی فیدڕالیزمی عێراقدا چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناكۆك و نه‌گونجاو له لوتكه‌ی كێشمه‌كێش و دژایه‌تیدا بوون، له هه‌مان كاتدا له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسیی دیاریكراودا له بۆته درابوون كه نه‌یانده‌توانی لێی ده‌رباز بن. ئه‌گه‌ر به ویست و ئاره‌زوو بووایه، ئه‌وا بژارده‌ی یه‌كه‌می لایه‌نه‌كان فیدڕالیه‌ت نه‌ده‌بوو، به‌ڵكوو بۆ هه‌ندێكیان سه‌ربه‌خۆبوون و جیابوونه‌وه و بۆ ئه‌وانی تریان ناوه‌ندگه‌رایی و تواندنه‌وه ده‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بژاردانه، ئیدی بۆ هێنانه‌كایه‌ی چاره‌سه‌رێكی هاوسه‌نگ، به‌ناچاری فیدڕالیه‌ت په‌سه‌ند كرا. فیدڕالیه‌ت وه‌ك سیسته‌مێكی سیاسی بۆ پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی پێكهاته و ئاڕاسته جیاوازه‌كان و ڕێكخستنی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری دارایی و ئابووری و كارگێڕی و سیاسی، پێشمه‌رجی سه‌ره‌كیی بریتییه له بوونی ئاستێكی شیاو له دیموكراسیه‌ت و كولتووری یه‌كدی قبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و سه‌روه‌ریی یاسا و سه‌قامگیریی سیاسی([2]). به‌شێكی زۆر له زانایانی سیاسی و لێكۆڵه‌رانی بواری فیدڕالیه‌ت، پێیان وایه كه حكومه‌تی فیدڕالی ته‌نها بۆ ئه‌و سیستمه سیاسییانه گونجاوه كه له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی دامه‌زراون، ئه‌وان فیدڕالیه‌ت به فۆرمێكی كامڵی دیموكراسی ده‌زانن، به‌و پێیه‌ی كه له‌گه‌ڵ هیچ سیستمێكی حوكمی ڕەها وێك نایه‌ته‌وه، جا حوكمی زۆرینه بێت یان كه‌مینه. له‌م باره‌یه‌وه ویلیا‌م لیڤیستۆن ده‌ڵێت: “سه‌رجه‌م ئامرازه‌كانی حكومه‌تی فیدڕالی بریتین له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه ئامانجیان بریتییه له ڕێگریكردن له‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی ڕەها له كۆمه‌ڵگا گه‌وره‌كه‌دا بهرژەوهندییهكانی خۆی به‌سه‌ر بهرژەوهندییهكانی پێكهاته‌كانی تری كۆمه‌ڵگادا بسه‌پێنێ، ده‌وڵه‌تی فیدڕالی به‌پێی پره‌نسیپی زۆرینه كار ناكات، به‌ڵكوو شێوازێكه له پاراستنی كه‌مینه له هه‌رێمێك یان چه‌ند هه‌رێمێكدا، له‌به‌رامبه‌ر زۆرینه‌ی هه‌رێمه‌كانی تر([3]).” به هۆی ناسازیی ئه‌و پێشمه‌رج و زه‌مینانه‌وه له عێراق، هه‌ر له‌پاش قبووڵكردنی فیدڕالیهتهوه، كێشه‌ی هاوبه‌شیكردن (المشاركه) سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و به هۆی نه‌بوونی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕە‌تییه‌وه، پاڵنه‌ره‌كانی بژارده‌ی دڵخوازی یه‌كه‌م و ڕێپێنه‌دراو جڵه‌وی كێشه‌كه ده‌كه‌نه‌وه، كێشه‌كه‌ش له بنهڕەتدا زاده‌ی دوو ئاڕاسته و دوو دیدگای جیاوازه بۆ سیستمی حوكمڕانی: ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌م، ئاڕاسته‌یه‌كی ناوه‌ندخواز و هه‌ژموونگه‌رایه، كه له كولتووری سیاسیی ده‌یان ساڵه‌ی ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندی و فه‌رهه‌نگی پانخوازیی قه‌واره و گرووپه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عێراقى عه‌ره‌بیيه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و بووه‌ته هۆی تێنه‌گه‌یشتن و په‌سه‌ندنه‌كردنی هه‌موو سیستم و ڕێكارێكی جیاواز و كراوه. سه‌ره‌نجامی ئه‌مه له عێراقی نوێشدا به‌غدا له‌به‌رامبه‌ر هه‌رێم له باشترین و نه‌رمترین هه‌ڵوێست و هه‌نگاویدا به فشاری سیاسی و ئابووری، له ڕێگه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و تێپه‌ڕاندنی یاسا بنه‌ڕە‌تییه‌كان و به‌جێنه‌گه‌یاندنی ئه‌رك و پابهندییهكانیهوه، هه‌وڵی سه‌پاندنی ناوه‌ندگه‌رایی ده‌دات و له توندترین هه‌نگاویشدا ڕوو ده‌كاته به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی. ئاڕاسته‌ی دووه‌م، كه هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، به پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌مه‌وه، دیدێكی نه‌رێنیی بۆ هه‌موو جۆرێك له یه‌كگرتوویی هه‌یه و وه‌ك هاوتای ناوه‌ندێتی لێی ده‌ڕوانێت و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ خۆڕاپسكاندن لێی، به جۆرێك كه هه‌موو لێخۆشبوونێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی؛ بۆ حكومه‌تی فیدڕالی و هه‌موو پابه‌ندبوونێكی به‌و یاسا فیدڕالییانهی كه به زۆرینه و به‌بێ هه‌مئاهه‌نگی تێپه‌ڕێنراون، به ملكه‌چبوون و گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوه‌ندێتی ده‌زانێ، ئه‌گه‌ر به‌شێكی ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌ستگرتنی هه‌رێم بێت به مافه دهستوورییهكانیهوه، ئه‌وا به‌شێكی زۆری په‌یوه‌سته به مه‌یلی سه‌ربه‌خۆخوازی و دڕدۆنگیی كورده‌وه له هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی. سه‌ره‌نجام هه‌رێمیش بۆ خۆڕاپسكاندن له ناوه‌ند، له باشترین و نه‌رمترین كاردانه‌وه‌یدا كار له‌سه‌ر پابه‌ندنه‌بوون به بڕیار و سیاسه‌ت و یاسا ناوه‌ندییه‌كانی به‌غدا ده‌كات و له توندترین هه‌ڵوێستیشدا ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی هه‌بێت هه‌نگاو بۆ جیابوونه‌وه له عێراق ده‌نێت. به‌م جۆره له ئه‌نجامی به‌رده‌وامیی ئه‌و جۆره تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه دژیهكانهوه، هیچ كات زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ جێبه‌جێكردنی پره‌نسیپی هاوبه‌شی نهڕەخساوه، ئه‌وه‌ش له داڕشتنی زۆربه‌ی یاسا و ڕێككه‌وتنه‌كانی بواری دارایی و جێبه‌جێكردنیاندا ڕەنگی داوه‌ته‌وه. ناسازیی زه‌مینه یاسایی و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی فیدڕالیه‌تی دارایی له‌پاڵ نه‌بوونی ئاستی شیاوی دیموكراسیه‌ت و كه‌شی سیاسیی گونجاو، نه‌بوونی ئاستی پێویستی بنه‌ما ده‌ستووری و یاسایی و دامه‌زراوه‌ییه‌كان و پێوه‌ر و ڕێسا گونجاوه‌كانی پڕۆسه‌ی به‌شكاریی سامان و داهاته‌كان له عێراق، هۆكارێكی ڕیشه‌یی تری كێشه‌كه‌ن. ده‌وڵه‌تانی فیدڕالی له جیهاندا، جگه له‌وه‌ی كه پشت به بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان ده‌به‌ستن، له هه‌مان كاتدا له ڕێگه‌ی دانانی یاسای تایبه‌ت و ڕێسا و پێوه‌ری ورد و گونجاوه‌وه، كار بۆ دابه‌شكردنی داهات و سامانه‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری ده‌كه‌ن. له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه په‌رله‌مانه‌كانیان له دوو ئه‌نجوومه‌ن پێك هاتوون و یه‌كێكیان تایبه‌ته به نوێنه‌ری هه‌رێمه‌كان كه ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تیی له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه، له هه‌مان كاتدا چه‌ندین دامه‌زراوه و كۆمسیۆنی هاوبه‌ش و پسپۆڕی تایبه‌ت به ڕێكخستن و سه‌رپه‌رشتی و چاودێریی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان هه‌ن و ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن([4]) و كاره‌كان به‌ته‌نها جێ ناهێڵن بۆ ویستی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و میزاجی سیاسیی حكومه‌ته‌كانی ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان و پارته سیاسییه‌كان. به‌ڵام له فیدڕالیزمی عێراقدا، بنه‌ما ده‌ستووری و یاسایی و دامه‌زراوه‌ییه‌كان به جۆرێكی ترن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیشیان جیاوازه، وه‌ك له خواره‌وه چه‌ند سه‌رنجێكی تایبه‌ت ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ندێكیان: ده‌ستوور: ده‌ستووری عێراق یه‌كێكه له‌و ده‌ستووره فیدڕالییانهی كه هه‌م وه‌ك پێویست نه‌چووه‌ته ناو ورده‌كارییه‌كانی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانه‌وه و بابه‌ته‌كانی یه‌كلایی نه‌كردوونه‌ته([5]). هه‌میش چه‌ند گرێوگۆڵێكی له ناواخنی تێكسته‌كانیدا هه‌ڵگرتووه، كه ڕێخۆشكه‌رن بۆ دروستكردنی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م فیدڕالیه‌تی داراییدا: وه‌ك داڤید كامیرۆن ده‌ڵێت ده‌ستووری عێراق بناغه‌كانی فیدڕالیزمی وه‌ك پێویست دانه‌ڕشتووه، له سه‌روبه‌ندی په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووره‌كه‌وه تاكوو ئێستا، زۆرینه‌ی دامه‌زراوه سه‌ره‌كییه‌كانی فیدڕالیزم دروست نه‌كراون، تاكوو ئێستاش یه‌ك هه‌رێم بوونی هه‌یه كه ئه‌ویش به‌ر له په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووره‌كه‌وه هه‌بووه، ده‌ستوور هه‌ریه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی فیدڕالی و دادگای باڵای فیدڕالی و ده‌سته و دامه‌زراوه هاوبه‌شه‌كانی بواری دارایی و ڕێكاری پێكهێنانی هه‌رێمه‌كانی به چه‌ند تێكستێكی ناڕوون به‌جێ هێشتوون بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان تاكوو یاسای تایبه‌تیان بۆ ده‌ربكات([vi]). به‌پێی ڕای شاره‌زایان، ده‌ستووری عێراق له كاتێكدا كه ڕێگه‌ی لامه‌ركه‌زیه‌تی ناچوونیه‌كی (غیرمتماثلة – (asymmetrical گرتووەته به‌ر، به‌و مانایه‌ی كه هه‌ندێك له ئاسته پێكهێنه‌ره‌كان ده‌سه‌ڵات و سه‌ربه‌خۆیی زیاتریان هه‌یه له‌وانی تر، به‌ڵام به‌گشتی تێكسته‌كانی ده‌ستووره‌كه له‌و باره‌یه‌وه هه‌مئاهه‌نگ نین، به‌پێی ماده‌ی (117) و بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووەم و پێنجه‌م له ماده‌ی (121)، هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ده‌ستووری و سیاسیی هه‌یه و ئاستی سه‌ربه‌خۆیی و پێگه و ده‌سه‌ڵاتی له پارێزگاكان زیاتره، به‌پێی ماده‌ی (122) ده‌سه‌ڵاته‌كانی پارێزگاكان له‌سه‌ر ئاستی كارگێڕییه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیاوازییه بنهڕەتییه، كه‌چی له ته‌واوی ماده‌كانی تری دهستووركهدا هیچ جیاوازییه‌ك نه‌كراوه له‌نێوان هه‌رێم و پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه، له بابه‌تی دانانی یاسا بنه‌ڕە‌تییه‌كان و ته‌واوی بابه‌ت و بواره گرنگه‌كاندا وه‌ك یه‌ك ئاماژەیان پێ دراوه و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه([vii])، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماده‌كانی 65 و 105 و 106 و 112 و 115 و… هتد هاتووه([viii])، به‌م جۆره ده‌ستوور ده‌رفه‌تێكی دروست كردووه بۆ داڕشتنی یاسا بنه‌ڕە‌تییه‌كان و دامه‌زراندنی ده‌سته و دامه‌زراوه هاوبه‌شه‌كان و زۆر بواری تر له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه و مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی فیدڕالی له‌گه‌ڵ هه‌ریم وه‌ك پارێزگایه‌ك. هه‌ر چه‌نده له ماده‌ی (112)دا به چه‌ند ئاماژەیه‌ك هێڵه گشتییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز و دابه‌شكردنی داهاته‌كانیان دیاری كراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ماده‌ی (111)دا هاتووه (نه‌وت و گاز موڵكی گشت گه‌لی عێراقه له هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكاندا) ناڕوون و مایه‌ی لێكدانه‌وه‌ی جیاوازه. شاره‌زایانی یاسا پێیان وایه كه گه‌لی عێراق كه‌سێتیی مه‌عنه‌ویی نییه و موڵكیهتیش مافێكی عه‌ینییه، بۆیه هه‌ر ده‌بێت ئه‌و مافه بۆ ده‌وڵه‌ت بێت به‌و پێیه‌ی كه كه‌سێتییه‌كی یاسایی مه‌عنه‌ویی هه‌یه([ix])، دیاره كه ده‌وڵه‌تیش لێره‌دا گوزارشته له دامه‌زراوه ده‌ستووری و فه‌رمییه‌كان له ئاسته جیاوازه‌كاندا، به‌ڵام به‌غدا هه‌میشه حكومه‌تی فیدڕالی به تاكه نوێنه‌ری گه‌لی عێراق ده‌زانێت له هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكان، كه ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ پره‌نسیپی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌كان له ده‌وڵه‌تی فیدڕالی ناگونجێت. یاسا و دامه‌زراوه‌كانی بواری فیدڕالیه‌تی دارایی كه‌لێنه‌كانی بواری یاسا و دامه‌زراوه‌كانی فیدڕالیه‌تی دارایی له عێراق دوو جۆرن: یه‌كه‌میان ده‌رنه‌چوونی چه‌ند یاسایه‌كی بنهڕەتییه تاكوو ئێستا، وه‌ك یاسای ئه‌نجوومه‌نی فیدڕالی و یاسای نه‌وت و گازی فیدڕالی، دووه‌میش ده‌رچوونی به‌شێك له یاسا بنهڕەتییهكانه به شێوه‌ی ناوهندگهریانه و دوور له ڕێسا و پره‌نسیپه‌كانی فیدڕالیه‌تی دارایی وه‌ك: یاسای ده‌سته‌ی گشتیی ته‌رخانكردنی داهاته ئیتیحادییه‌كان (2017)، یاسای ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هه‌رێم و پارێزگاكان (2016)، یاسای كارگێڕیی دارایی ئیتیحادی (2019)، یاسای ده‌روازه سنوورییه‌كان (2016)، یاسای كۆمپانیای نیشتمانیی نه‌وتی عێراق (2018). یاسا و دامه‌زراوه و ده‌سته هاوبه‌شه‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدڕالیدا ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان و دابه‌شكردنی سامان و داهات له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن و ڕێسا و ڕاسپارده‌كانیان له‌و باره‌یه‌وه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام له عێراق به هۆی ئه‌و كه‌لێنه‌وه پرسی په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان و دابه‌شكردنی سامان و داهات به‌ته‌نیا به‌جێ هێڵراوه بۆ میزاجی سیاسیی حكومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان و فیدراسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كان و به‌رده‌وام له بازاڕی ڕێككه‌وتنه كاتییه‌كان و یاساكانی بودجه‌ی ساڵانه‌دا مه‌مه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت([x]). هۆكاره ڕاسته‌وخۆكان پرسی ڕادهستنهكردنی نه‌وت و داهاته فیدڕالییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه. هه‌ر له‌پاش ساڵی 2013، پاساوی به‌غدا بۆ نه‌ناردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم بریتییه له ڕادهستنهكردنی نه‌وت و داهاته فیدڕالییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه. سه‌باره‌ت به پرسی نه‌وت، هه‌رێم به مافی خۆی ده‌زانێت به پشتبه‌ستن به مادەی (112)ی ده‌ستوور و یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێم؛ پڕۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌ڕێوه ببات، به‌ڵام به‌غدا تێڕوانینێكی تری هه‌یه و پێی وایه كه به‌پێی ماده‌ی (111)ی به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت؛ له گشت عێراق بۆ حكومه‌تی فیدڕالییه. به هۆی نه‌بوونی یاسای نه‌وت و گازی فیدڕالییه‌وه، تاكوو ئێستا ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه و ڕێسایه‌كی ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش نییه بۆ چۆنیه‌تیی به‌شداریكردنی هه‌رێم به داهاته‌كانی نه‌وت له پێكهێنانی داهاته فیدڕالییه‌كان. نه‌یاری و ته‌نگپێهه‌ڵچنینی پڕۆسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غدا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له‌پاڵ نه‌بوونی توانای دارایی هه‌رێم بۆ دابینكردنی تێچووی گه‌ڕان و پشكنین و وه‌به‌رهێنان، وایان كرد كه هه‌رێم بۆ ڕاكێشانی كۆمپانیا جیهانییه‌كان پشت به گرێبه‌ستی هاوبه‌شی به‌رهه‌م ببه‌ستێت، كه بۆ كۆمپانیاكان له یه‌ك كاتدا ڕیسك و قازانجی زیاتر و بۆ هه‌رێم ڕیسك و قازانجی كه‌متری هه‌یه له‌چاو گرێبه‌ستی جۆری خزمه‌تگوزاری كه له عێراق پشتی پێ ده‌به‌سترێت([xi]). جگه له‌وه‌ش هه‌ڵوێستی نه‌یارانه‌ی به‌غدا هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌رێم بۆ ساغكردنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی له بازاڕ، ناچار بێت به كه‌متر له نرخی خۆی بیفرۆشێت. له هه‌رێم تێچووی پڕۆسه‌كانی بواری خزمه‌تگوزارییه‌كان و پاراستن و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت تا ڕاده‌یه‌ك به‌رزه و ڕاسته‌وخۆ له داهاتی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو ده‌درێت. هه‌موو ئه‌مانه وایان كردووه كه تێچووی پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌رز بێت و پوخته‌ی داهاته‌كه‌شی كه‌متر، ئه‌مه‌ش له‌پاڵ داننه‌نانی به‌غدا به مافی هه‌رێم بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت، هه‌میشه به‌ربه‌ستێكی تر بووه له‌به‌رده‌م ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا. سه‌باره‌ت به داهاته فیدڕالییه به‌ده‌ستهاتووه‌كان له هه‌رێم، باج و ڕسومات و گومرگه‌كان، تاكوو ساڵی 2013 بارته‌قای ئه‌و داهاتانه له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم به شێوه‌ی داشكاندن (المقاصة) له‌لایه‌ن به‌غداوه ده‌بڕدرا، ماده‌ی 29-ی یاسای كارگێڕیی دارایی 2019 بناغه‌یه‌كی بۆ دابه‌شكردنی ئه‌و داهاتانه داناوه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی له‌م ڕووه‌وه چ بۆ ئه‌و داهاتانه و چ بۆ ڕاده‌ستكردنی داهاته‌كانی نه‌وتیش بریتییه له ڕێكاری جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی، چونكه سه‌ره‌ڕای به‌شداریكردنی هه‌رێم به‌و داهاتانه له ڕێگه‌ی شێوازی له‌بریی داشكاندن تاوەكوو 2013 بۆ باج و گومرگه‌كان و له 2019 و 2020 بۆ ئه‌و داهاتانه و داهاتی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه، به‌ڵام هه‌میشه وا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت كه هه‌رێم به هیچ جۆرێك به‌شداریی نه‌كردووه له پێكهێنانی داهاته‌كانی عێراق، ئه‌مه‌ش كراوه‌ته پاساو بۆ نه‌ناردنی بڕی شایسته له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم، هه‌ر چه‌نده له ڕاستیدا ئه‌و شێوازه‌ش هه‌ر جۆرێكه له به‌شداریكردن له پێكهێنانی داهاته گشتییه‌كان([xii]). ڕاسته به‌شداریكردنی هه‌رێمه‌كان له پێكهێنانی داهاته فیدڕالییه‌كان به شێواز و بڕ و ڕێژەی جۆراوجۆر، یه‌كێكه له بنه‌ماكانی فیدڕالیه‌تی دارایی، به‌ڵام له ده‌وڵه‌تانی فیدڕالیدا مۆدێلێكی هاوبه‌ش نییه بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شێوازی به‌شداریكردنه‌كه و پرسی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن و دابه‌شكردنی سامان و داهاته‌كان به‌گشتی. ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی فیدڕالی له‌سه‌ری كۆكن و پره‌نسیپێكی گرنگی فیدڕالیه‌تی داراییه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه له‌لای هیچ یه‌ك له حكومه‌تی فیدڕالی یان حكومه‌تی هه‌رێمه‌كان قۆرغ ناكرێن و كۆی داهاته‌كانیش ته‌نها ناچنه ناو گه‌نجینه‌ی لایه‌نێكیان. به‌غدا به‌ر له‌وه‌ی پرسی نه‌وتیش وه‌ك كێشه‌یه‌ك له‌و نێوه‌نده‌دا سه‌ر هه‌ڵبدات، هه‌میشه پێی وا بووه كه پێویسته هه‌موو داهاته‌كانی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ یان به خه‌مڵاندن و چاودێریی خۆی بخرێنه‌وه سه‌ر گه‌نجینه‌ی ناوه‌ندی، هه‌ر له ساڵی 2006-ەوه له هه‌موو یاساكانی بودجه‌ی عێراقدا بڕگه‌یه‌ك هه‌یه كه تێیدا هاتووه پێویسته پاكتاوی شایسته‌ی نێوان هه‌ردوولا له 2004-ەوه بكرێت([xiii]). سه‌باره‌ت به نه‌وتیش، ئه‌و ساڵانه‌ی كه به‌پێی ڕێككه‌وتن یان تاك لایه‌نه له یاسای بودجه‌ی عێراقدا بڕێك نه‌وت دیاری كراوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم پابه‌ند بێت به ڕاده‌ستكردنی، هه‌ر له هه‌مان یاسادا به بڕگه‌یه‌كی تر جه‌خت له‌وه كراوه‌ته‌وه كه هه‌ر زیاده‌یه‌كی به‌رهه‌می نه‌وت له‌و بڕە دیاریكراوه، پێویسته داهاته‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی فیدڕالی([xiv]). به‌و جۆره به‌غدا هه‌میشه پێی وا بووه كه هه‌ر كات بۆی لوا، پێویسته گشت سامان و داهاته‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه به‌غدا و له‌وێوه مه‌ركه‌زیانه به‌سه‌ر گشت پارێزگاكاندا دابه‌ش بكرێن، ئێستاش هه‌مان ویستی هه‌یه([xv])، ئه‌م جۆره ویست و مامه‌ڵانه‌ش له‌گه‌ڵ فیدڕالیه‌تی داراییدا وێك نایه‌نه‌وه. پرسی نه‌ناردنی بڕی شایسته له پشكی بودجه‌ی هه‌رێم ڕێژەی پشكی هه‌رێم و پرسی خه‌رجییه سیادییه‌كان و حاكیمه و بودجه‌ی پێشمه‌رگه له‌و پرسانه‌ن كه هه‌ر له (2007)ەوه بابه‌تی ناڕەزایی و ناكۆكین، میدیا و لایه‌نه سیاسییه‌كان له به‌غدا به‌رده‌وام ده‌نگیان لێ به‌رز بووه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه ڕێژەی 17% بۆ هه‌رێم زۆره و هه‌رێم به‌شداری له داهاته‌كان ناكات، هه‌رێمیش هه‌میشه گازنده‌ی ئه‌وه‌ی كردووه كه پشكی فیعلیی ته‌رخانكراو بۆ هه‌رێم نزیكه‌ی 11%([xvi]) بووه نه‌ك 17%، چونكه به‌شێكی زۆر له بودجه‌كه به ڕێژەی زیاتر له 35%-ی بۆ خه‌رجییه سیادییه‌كان ته‌رخان كراوه كه هه‌رێمی كوردستان لێی بێبه‌ش كراوه، به‌شێكی تریشی به ڕیژەی زیاتر له 10% بۆ خه‌رجییه‌كانی حاكیمه ته‌رخان كراوه كه بڕی شایسته‌ی هه‌رێم له‌ویش وه‌ك پێویست خه‌رج نه‌كراوه، وه‌ك پاره‌ی جووتیاران و ده‌رمان و… هتد. جگه له‌وه‌ش هه‌ر له 2007-ەوه تاكوو ئێستا، له یاسای بودجه‌ی زۆربه‌ی ساڵانی عێراقدا ماده‌یه‌ك هه‌بووه بۆ خه‌رجكردنی مووچه و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و مه‌شقی پێشمه‌رگه، به‌ڵام هیچ كات ئه‌و ماده‌یه جێبه‌جێ نه‌كراوه و هیچ بڕە پاره‌یه‌ك بۆ پێشمه‌رگه له بودجه‌ی عێراق خه‌رج نه‌كراوه([xvii]). پاش سه‌رهه‌ڵدانی پرسی نه‌وت له ساڵانی (2010-2013)، چه‌ند ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌و باره‌یه‌وه كرا، هه‌ر چه‌نده ڕاسپارده‌ی ڕێكکه‌وتنه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه په‌سه‌ند كران، به‌ڵام وه‌كوو خۆیان نه‌خرانه ناو تێكسته‌كانی بودجه‌ی ساڵانه‌وه و جێبه‌جێ نه‌كران([xviii]). ڕەوشهكه به‌و جۆره به‌رده‌وام بوو تاكوو سه‌ره‌تای 2014 كه پشكی هه‌رێم به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن به‌غداوه بڕا، به پاساوی ڕادهستنهكردنی نه‌وت و داهاته ئیتیحادییه‌كان، له كاتێكدا تاكوو ئه‌و ده‌مه هه‌رێم به‌فه‌رمی نه‌وتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه نه‌كردبوو، چه‌ند مانگێك پاش ئه‌وه هه‌رێمیش ده‌ستی كرد به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له ڕێگه‌ی بۆرییه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزیی زیاتر چوو، پاشتریش له یاساكانی بودجه‌ی عێراق به بڕیاری تاك لایه‌نه و به‌بێ پشتبه‌ستن به سه‌رژمێریی دانیشتووان و هیچ پێوه‌رێكی بابه‌تیی تر له ساڵی 2018-ەوه پشكی هه‌رێم دابه‌زێنرا بۆ 12.67%، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كار به یاساكانی بودجه‌ش نه‌ده‌كرا. له كۆتایی 2018، پاش ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بووه سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هه‌ردوو لا ڕێك كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌رێم ڕۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل ڕاده‌ست بكات به‌رامبه‌ر به خه‌رجكردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق، یان له‌بریی ئه‌و بڕە نه‌وته و داهاته فیدڕالییهكانی هه‌رێم له پشكی بودجه‌كه‌ی ببڕێت و به‌شه‌كه‌ی تری بۆ خه‌رج بكرێت، بڕێكی دیاریكراویش بۆ پێشمه‌رگه ته‌رخان بكرێت له خه‌رجییه سیادییه‌كان، ئه‌وەش له یاسای بودجه‌ی 2019 جێگیر كرا، بڕگه‌ی تایبه‌ت به پێشمه‌رگه جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌شه‌كه‌ی تری ڕێككه‌وتنه‌كه له 2019 جێبه‌جێ كرا، له ساڵی 2020 یاسای بودجه‌ی عێراق په‌سه‌ند نه‌كرا، بۆیه پێویست بوو به‌پێی یاسای كارگێڕیی دارایی به هه‌مان شێوه‌ی ساڵی ڕابردوو؛ كار له‌سه‌ر به‌شكاریی ته‌رخانكراوه‌كان بكرێت، به‌ڵام هه‌ر له مانگه‌كانی سه‌ره‌تاوه عێراق خۆی له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی لا دا، به‌تایبه‌تییش كه دۆخی داراییه‌كه‌ی به‌ره‌و خراپییه‌كی زۆر ڕۆیشت. هه‌موو ئه‌وانه گوزارشت له‌وه ده‌كه‌ن كه پشكی بودجه‌ی هه‌رێم له عێراق له سه‌ره‌تاوه تاكوو ئێستا ماوه‌یه‌ك له‌ژێر ڕەحمهتی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان و ماوه‌یه‌كیش له سایه‌ی میزاجی سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی فیدڕالی و پارت و قه‌واره سیاسییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقدا بووه، ئه‌مه‌ش ڕەچاونهكردنی بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان و باوه‌ڕنه‌بوون به فیدڕالیزم دووپات ده‌كاته‌وه. پرسی سوودمه‌ندنه‌بوونی هه‌رێم له قه‌رزه گشتییه‌كان و یه‌ده‌گی نه‌ختی قه‌رز ساڵانه به‌شێكی زۆر له داهات و خه‌رجییه‌كانی عێراق پێك ده‌هێنێت، واته عێراق هه‌موو ساڵێك بڕێكی زۆر قه‌رز ده‌كات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌كه‌ی و بڕێكی زۆریش ته‌رخان ده‌كات بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رز و سووی سه‌ر قه‌رزه‌كان، ئه‌م پرسه چه‌ند ساڵێكه به‌شێكه له بابه‌تی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌رێم پێی وایه كه له هه‌موو بارێكدا مافی سوودمه‌ندبوونی له قه‌رزه‌كان هه‌یه و له دانه‌وه‌یاندا به‌شداره، به‌ڵام به‌غدا له سووده‌كه‌یان بێبه‌شی ده‌كات، به‌غداش هه‌موو شتێك ده‌به‌ستێته‌وه به‌وه‌ی كه هه‌رێم نه‌وت و داهاته‌كانی تری ڕاده‌ستی به‌غدا ناكات. ته‌نها له 2014-ەوه قه‌باره‌ی قه‌رزه ناوخۆییه‌كانی عێراق زیاتر له 65 ترلیۆن دینار و قه‌رزه ده‌ره‌كییه‌كانیش به نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلار زیادیان كردووه، یه‌ده‌گی نهختییش زیاتر له 35 ملیار دۆلار كه‌می كردووه([xix])، ئه‌مه‌ش له پێناوی دابینكردنی پاره‌ی پێویست بۆ مووچه و خه‌رجییه‌كان بووه، كه هه‌رێمی كوردستانیان لێ بێبه‌ش كراوه. ئه‌و قه‌رزانه‌ی ساڵانه له عێراقدا ده‌كرێن؛ زۆربه‌یان ناوخۆیین، یان له ڕێگه‌ی قه‌واڵه و حه‌واڵه‌ی جۆراوجۆره‌وه‌ن، یان قه‌رزی ڕاسته‌وخۆی بانكه بازرگانییه‌كان و بانكه تایبه‌تمه‌نده‌كانن كه به ده‌ستپێشكه‌ری و ئاسانكارییه‌كانی بانكی ناوه‌ندی ئه‌نجام ده‌درێن، زۆرینه‌ی قه‌واڵه و حهواڵهكانیش هه‌ر له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیه ده‌كڕدرێنه‌وه، واته بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزه ناوخۆییه‌كان به ناڕاسته‌وخۆ سوود له نه‌ختینه‌ی دیناری بانكی ناوه‌ندی وه‌رده‌گیرێت و بۆ ڕاگرتنی نرخی دیناری خراوهڕووش ڕاسته‌وخۆ سوود له یه‌ده‌گی نه‌ختی بیانی وه‌رده‌گیرێت([xx]). پاشتر قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق له ته‌رخانكراوه‌كانی خه‌رجییه سیادییه‌كان ده‌درێنه‌وه، كه به‌ده‌رن له هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی بودجه‌ی هه‌رێم، واته له‌سه‌ر حسیابی هه‌موو بودجه‌كه و پێش هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم بڕێك ته‌رخان ده‌كرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، به‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ و پێش پڕۆسه‌ی دابه‌شكاری له پشكی هه‌رێمیش ده‌بڕدرێت بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، واته هه‌رێم له ڕێگەی ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی سیادییه‌وه به‌شداره له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان. سه‌رچاوه‌ی پاره‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیش له فرۆشتنی نه‌وتی باشوور و داهاته ئاساییه‌كانی تره‌وه نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه گوزارشتی لێ ده‌كرێت، چونكه قه‌رزكردن له عێراق پڕۆسه‌یه‌كی ساڵانه‌ی به‌رده‌وامه، واته هه‌ر له ڕێگه‌ی قه‌رزكردنه‌وه به‌شی زۆری پشك و سووی سه‌ر قه‌رزه‌كان ده‌درێنه‌وه، هه‌ر بۆیه سووڕی قه‌رزاری له عێراق به‌رده‌وامه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كان كه له داهاتوودا ده‌بێت له‌سه‌ر حیسابی هه‌موو عێراق، به هه‌رێمیشه‌وه، بدرێنه‌وه. سه‌باره‌ت به یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ش، ده‌بێ ئه‌وه بزانرێت كه سه‌رچاوه‌ی یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی عێراق ڕاسته‌وخۆ و ته‌نها له داهاتی نه‌وت و داهاته‌كانی تری باشووری عێراقه‌وه كه‌ڵه‌كه نابێت، به‌ڵكوو بوونی دراو و سیاسه‌تی نه‌ختی و بازرگانیی ده‌ره‌كی ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌ده‌نه ده‌وڵه‌تان كه به بڕی جیاواز و له كاتی جیاوازدا خاوه‌نی یه‌ده‌گی نه‌ختی بن. ڕاسته له عێراقدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی قه‌رزی گشتی و سیاسه‌تی نه‌ختی و به‌كارهێنانی یه‌ده‌گ له ده‌سه‌ڵاته فیدڕالییهكانن، به‌ڵام یه‌كێك له پره‌نسیپه‌كانی فیدڕالیه‌ت و پێكهاتنی ئاسته جیاوازه‌كانی حوكم و یه‌كه پێكهینه‌ره‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدڕالیدا ئه‌وه‌یه كه كاتێك هه‌رێمه‌كان ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌كانی قه‌رز و دراو و سیاسه‌تی نه‌ختی ده‌بن بۆ حكومه‌تی فیدڕالی، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه حكومه‌تی فیدڕالی حكومه‌تی تاكه هه‌رێمێك نییه و هیی هه‌مووانه و پێویسته ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازاتانه به‌هاوسه‌نگی بۆ بهرژەوهندیی هه‌مووان به‌كار بهێنێت. كه‌چی به‌غدا به‌م جۆره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی قه‌رز و یه‌ده‌گی نه‌ختی ناكات. سیناریۆ ئایندەییەکانی پەیوەندییەکان له سۆنگه‌ی ئه‌و هۆكاره ڕاسته‌وخۆ و ڕیشه‌ییانه‌ی له سه‌ره‌وه باس كران، سیناریۆكانی ئاینده و چاره‌سه‌ری په‌یوه‌ندییه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو: سیناریۆی یه‌كه‌م: بنیاتنان و كاركردن به سیستمی فیدڕالیه‌تی دارایی واته به‌رقه‌راركردنی هاوبه‌شی و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كگرتوویی وه‌ك سێ بناغه‌ی سیستمی فیدڕالیه‌ت، به جۆرێك كه هه‌رێمه‌كان سه‌ربه‌خۆیی داراییان هه‌بێت، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری و یاسایی و بابه‌تی به‌شدار بن له پێكهێنانی داهاته فیدڕالییه‌كان، سوودمه‌ند بن له بودجه‌ی گشتی و قه‌رزه گشتییه‌كان و سوودوه‌رگرتن له یه‌ده‌گی نه‌ختی و سیاسه‌ته دارایی و نه‌ختی و بازرگانییه‌كانی حكومه‌تی فیدڕالی و پابه‌ند بن به به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیان. ئه‌مه پێویستی به گۆڕان و چاره‌سه‌ری هۆكاره ڕیشهییهكانه، پێگه‌یشتنی كولتووری دیموكراسی و بڕواهێنان به فیدڕالیه‌ت و په‌سه‌ندكردنی سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كگرتوویی و هاوبه‌شی له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا، پێداچوونه‌وه و گۆڕانكاری له بنه‌ما ده‌ستووری و یاساییه‌كان و بره‌وسه‌ندنی كولتووری دامه‌زراوه‌سازی و كارپێكردنی؛ مه‌رج و پێویستی سه‌ره‌كیی ئه‌و گۆڕانه‌ن، ئه‌مه‌ش له مه‌ودای نزیك و مامناوه‌ندیدا بۆ عێراق ئه‌سته‌مه، واته ئه‌م سیناریۆیه ئه‌گه‌ری جێبه‌جێبوونی له مه‌ودای نزیك و مامناوه‌ندیدا زۆر لاوازه. سیناریۆی دووه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ سیستمی ناوه‌ندی و حوكمی ڕەها ئه‌مه ویستی به‌غدا و به‌شی زۆری هێزه عیراقییه‌كانه، به‌ڵام ته‌نیا به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه ده‌زانن كه گه‌ڕانه‌وه‌ی حوكمی ڕەها و ناوه‌ندگه‌رایی توند بۆ دۆخی ئێستای عێراق ده‌ست نادات و عێراق ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندووه، ئه‌م بژارده‌یه له‌لایه‌ن هێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشه‌وه په‌سه‌ند كرا‌و نییه، سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستانیش نه‌ك هه‌ر قبووڵنه‌كراوه، به‌ڵكوو ته‌نها له ڕێگه‌ی ڕوودانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌وه ئه‌گه‌ری هاتنه‌دیی هه‌یه، كه ئه‌ویش ده‌بێته‌وه به سه‌رچاوه‌ی ئاژاوه و كاره‌ساتی به‌رده‌وام، واته چانسی ئه‌م سیناریۆیه‌ش ته‌واو لاواز و دووره. سیناریۆی سێیه‌م: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم كاتێك ئه‌گه‌ری به‌رقه‌راربونی فیدڕالیزمی ڕاسته‌قینه زۆر لاواز بێت و چانسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوهندگهراییش به‌و شێوه‌یه بێت، ئیدی ته‌نها دوو ڕێگه ده‌مێنن، ئه‌وانیش یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم، یان پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنی كاتی تا ماوه‌یه‌كی تر. سه‌ره‌ڕای شكستخواردوویی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی فیدڕالی له عێراق له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، به‌ڵام هه‌روه‌ك سه‌روبه‌ندی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و دامه‌زراندنی عێراقی نوێ، چ لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، چ هێز و لایه‌نه عێراقییه‌كان، به‌تایبه‌تییش لایه‌نی عه‌ره‌بی، له‌گه‌ڵ بژارده‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا نین و پرسی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمیش په‌سه‌ندكراو نییه و زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان له دژی ئه‌و بژارده‌یه‌ن، به‌پێی زۆرینه‌ی پێدراوه‌كان ئه‌م ڕەوشه تاكوو ئێستا به‌و جۆره‌یه و مه‌گه‌ر به هۆی گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی چاوهڕواننهكراوەوە گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت. به واتا چانسی به‌دیهاتنی ئه‌م سیناریۆیه‌ش له مه‌ودای نزیكدا، چانسێكی زۆر لاوازه. سیناریۆی چواره‌م: به‌رده‌وامیدا به پێكه‌وه هه‌ڵكردن له سۆنگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی چانسی ئه‌و سیناریۆیانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌توانین بڵێین له مه‌ودای نزیكدا جارێكی تر سیناریۆی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن تا ماوه‌یه‌كی تر له هه‌موو سیناریۆكانی تر؛ چانسی به‌هێزتری هه‌یه. تا ئەو كاتەی هه‌رێمی كوردستان به‌شێك بێت له عێراق، پێویسته په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان به‌شێكی بنهڕەتی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێك بهێنن، له ڕووی ئابوورییه‌وه قسه‌كردن له بابه‌تی پشتبه‌خۆبه‌ستنی ته‌واو و ده‌ستبه‌ردان یان بێباكبوونی هه‌رێمێك له حكومه‌تی فیدڕالی؛ قسه‌كردنێكی بابه‌تی و ورد نییه، ئه‌مه‌ش لانی كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاته‌كانی دراو و یه‌ده‌گ و سیاسه‌تی نه‌ختی و قه‌رزوقۆڵه و به‌شێكی زۆری ئامرازه‌كانی سیاسه‌تی دارایی و بانكداری و بازرگانیی ده‌ره‌كی “كه گرنگترین ئامرازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و شاده‌ماری بزاوتی ئابوورین”، قۆرغی ده‌سه‌ڵاته تایبه‌ته‌كانی حكومه‌تی فیدڕالین. هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تانی ئه‌ورووپا و ده‌یان ده‌وڵه‌تی تریش، له ناویاندا ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی فیدڕالی، له كاتی قه‌یرانه‌كاندا هه‌ر لە ڕێگه‌ی قه‌رزی گشتی و پشتبه‌ستن به یه‌ده‌گی نهختییهوه، كورتهێنانه گه‌وره‌كانیان پڕ ده‌كه‌نه‌وه و كاشی پێویست بۆ حكومه‌ت و بازاڕ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، هیچ یه‌ك له حكومه‌تی هه‌رێمه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش به‌بێ سوودمه‌ندبوون له قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی و سیاسه‌ته نه‌ختی و داراییه‌كانی ناوه‌ند ناتوانن كاروباره داراییه‌كانیان وه‌ك پێویست به‌ڕێوه ببه‌ن. یه‌كێك له كێشه تایبه‌ته‌كانی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه ڕاده‌ی پشتبه‌ستنی به به‌غدا له ڕووی داراییه‌وه زۆره و هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌ی به‌غدایش به‌و شێوه‌یه‌یه كه له سه‌ره‌وه باس كرا، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به دوو هه‌نگاوی هاوته‌ریب كار بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه بكات، هه‌نگاوێك به ئاڕاسته‌ی چاكسازی له داهات و خه‌رجییه‌كان و هه‌ر ڕێگه‌یه‌كی شیاوی تر كه ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕاده‌ی پشتبه‌ستن به به‌غدا، هه‌نگاوێكیش به ئاڕاسته‌ی توندوتۆڵكردنی به‌ره‌ی ناوخۆیی و یه‌كخستنی گوتاری سیاسی به‌رامبه‌ر به‌غدا و به‌ده‌ستهێنانی شایسته داراییه‌كان و سوودمه‌ندبوون له سیاسه‌ته نه‌ختی و دارایی و بازرگانییه‌كانی حكومه‌تی فیدڕالی له به‌غدا. چانسی سه‌رخستنی ئه‌م بژارده‌یه و پێكهوهههڵكردنێكی ئارامتر و سوودلێوه‌رگرتنی، په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوه‌وه كه پێویسته له‌سه‌ر هه‌رێم كاریان بۆ بكات و عێراق تێگه‌یشتن و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی بۆیان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها گه‌ڕانه‌وه نه‌بێت بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م، له‌وانه: ئه‌نجامدانی ڕێككه‌وتنێكی ڕوون له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك، تاكوو بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بتوانرێت له سایه‌یاندا په‌یوه‌ندییه داراییه‌كان سه‌قامگیرییه‌كی ڕێژەیی به‌خۆوه ببینن، بۆ ئه‌مه‌ش زۆر پێویسته ئه‌م ڕێككه‌وتنه سه‌ره‌ڕای حكومه‌تی هه‌ردوو لا، ڕای زۆرینه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی هه‌ردوو لای له‌سه‌ر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له یاساكانی بودجه‌دا جێگیر بكرێت و له په‌رله‌مانی عێراق كێشه‌ی بۆ دروست نه‌كرێت، وه پێویستیشه كه لایه‌نی سێیه‌م له ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی یان ده‌وڵه‌تانی كاریگه‌ر له ناوچه‌كه وه‌ك چاو‌دێر له ڕێككه‌وتنه‌كه بونیان هه‌بێت یان ئاگادار بن. پێویسته هه‌رێم واز له پهیڕەوكردنی شێوازی (مقاصه) له به‌شدرایكردن له پێكهێنانی داهاته‌كانی عێراق بهێنێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به هه‌ر جۆرێك بێت بڕێك له نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات بۆ هه‌نارده‌كردنی له ڕێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه، باشتره ئه‌و بڕە به ڕێژەیهك له نه‌وتی هه‌رێم دیاری بكرێت، بۆ نموونه 50% یان 60%-ی بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، یان داهاته‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی بانكه‌وه بخرێته سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی یان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، خه‌رجییه‌كانی بواری ته‌شغیلیی ئه‌و بڕە نه‌وته له‌ناو خه‌رجییه سیادییه‌كان خه‌رج بكرێت، وه‌ك ته‌واوی خه‌رجییه‌كانی نه‌وتی عێراق. سه‌باره‌ت به داهاته‌كانی تری باج و گومرگه‌كانیش، به هه‌مان شێوه واز له له‌بریی داشكاندن بهێنرێت و ئه‌و بڕە داهاته‌ی له سه‌ریه‌تی، مانگانه یان له كاتی پێویست بگوازێته‌وه سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق. ئه‌مه به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق و پره‌نسیپه فیدڕالییهكاندا ده‌گونجێت و كۆتایی به‌وه ده‌هێنێت كه ده‌وترێت هه‌رێم به هیچ بڕ و به هیچ جۆرێك به‌شداری له پێكهێنانی داهاته‌كانی عێراق ناكات، به‌ڵام ڕاده‌ستكردنی دۆسیه‌ی نه‌وت و گشت داهاته‌كان بۆ به‌غدا و له‌وێوه دابه‌شكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای پارێزگاكان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یه‌وێت، واته سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ حوكمی ناوه‌ندگه‌رایی. پێویسته به‌جددی كار له‌سه‌ر ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپه، یان ئه‌و تێگه‌یشتنه بكرێت كه قه‌رزی گشتی و سوودوه‌رگرتن له یه‌ده‌گی نه‌ختی بابه‌تێكی تایبه‌ته و جیاوازه له داهاتی ئاسایی، پێویسته له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كانی تایبه‌ت به نه‌وت و داهاته ئاساییه‌كان بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هۆكاره ڕاستهوخۆكاندا ڕوونمان كرده‌وه. هه‌رێمیش سوود له قه‌رزه گشتییه‌كان وه‌ربگرێت، وه‌ك ته‌واوی هه‌رێمه‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدڕالیی دنیا. هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێژەی دانیشتووان، له بودجه‌ی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و ته‌رخانكراوه‌كانی خه‌رجیی حاكیمه. سه‌باره‌ت به خه‌رجییه سیادییه‌كانیش، پێویسته به سێ ڕێگه كار بۆ سوودمه‌ندبوونی هه‌رێم بكرێت: یه‌كه‌میان كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه سیادییه‌كان، به جۆرێك ته‌نها ئه‌و بابه‌ته سیادییانه بگرێته‌وه كه په‌یوه‌ندیداره به‌ته‌واوی عێراقه‌وه، دووه‌میش هه‌ژماركردنی بودجه‌ی پێشمه‌رگه و تێچووی پڕۆسه‌كانی نه‌وتی هه‌رێم به‌و بڕانه‌ی له‌سه‌ری ڕێك ده‌كه‌ون له‌سه‌ر خه‌رجییه سیادییه‌كان، سێیه‌میش هه‌وڵدان بۆ سوودمه‌ندبوونی هه‌رێم له‌و كار و چالاكی و پڕۆژانه‌ی كه دامه‌زراوه فیدڕالییه‌كان به خه‌رجیی سیادی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە. * ماستەر لە زانستی ئابووری/پسپۆڕی دارایی گشتی - ژمارە (٥)ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی گۆڤاری ئایندەناسی ________________________________________________________ سه‌رچاوه‌كان: [1] – داڤید كامیرون، “انجاح الفدرالیه فی العراق”، http://www.forumfed.org/pubs/iraqfed-dc-ara.pdf [2] – بۆ زیاتر له‌و باره‌یه‌وه، بڕوانه: فوزیه خداكرم عزیز، الفدرالیه فی العراق بین اسس الدستوریه والواقع السیاسی الاقتصادی، مجله الباحث الاعلامی العدد 9-10، حزیران-ایلول 2010. هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی ژماره (3)ی خواره‌وه. [3] – چواس حسن(13/2/2019)، “په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له دووڕیانی یه‌كیه‌تیی فیدڕالی و كۆنفیدڕالیدا”، ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕووداو، 19، http://rudawrc.net/?p=351. [4] – بڕوانە: جۆرج اندرسون(2009)، الفیدرالیه المالیه مقدمه مقارنه، ترجمه مها تكلا، منتدی اتحادات الفدرالیه، ص69-74. [5] – وه‌ك ده‌ستووری ئه‌ڵمانیا، بڕوانه: كونستانت بروجیكت(2020)، https://www.constituteproject.org/constitution/German_Federal_Republic_2014?lang=ar [vi] – اللجنه الاقتصادیه والاجتماعیه لغربی اسیا(الاسكوا)(2017)، اللامركزیه فی العراق نظرة اخری، الامم المتحده، بیروت، [vii] – المصدر نفسه. [viii] – بڕوانه: د‌ستور جمهوریه العراق، قاعده التشریعات العراقیه، http://iraqld.hjc.iq/LoadLawBook.aspx?page=1&SC=290320063592085 [ix] -د. هادی علی الشكراوی و اخرون(2013)، التنظیم القانونی للامركزیه المالیه فی الدول الفدرالیه(دراسه مقارنه مع قانون العراقی)، مجله المحقق الحلي للعلوم القانونية والسياسية, المجلد 5, العدد 2, ص213. [x] – بڕوانه ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ی خواره‌وه: – جیهانگیر سدیق گوڵپی(19/7/2017)، “شكستی فیدڕالیه‌تی دارایی له عێراق”، http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/458-2018-09-02-18-56-38?fbclid=IwAR0VJo-k8JsNh-5eGWndQV32EElz3c9RJ-tGOP0WwStnHG7ESjB3PTAEsms ؛ جیهانگیری سدیق گوڵپی(16/5/2020)، “كاروانی ڕێكنه‌كه‌وتن، چیرۆكی ڕێككەوتنەكانی نەوت و بودجە لەنێوان هەرێم و بەغدا”، https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/0a65bad7-6b20-4020-95db-88b23585351b. [xi] – بۆ زانیاریی زیاتر له باره‌ی جۆری گرێبه‌سته نهوتییهكانهوه، بڕوانه: طارق كاكهڕەش محی ا‌لدین(2014)، العقود النفطية وخلافات الحكومة الاتحادية واقميم كردستان حولها، جامعه التنمیه البشریة، https://www.researchgate.net/publication/326096927_alnft_wanwa_alqwd_alnftyt. [xii] – بڕوانه: جیهانگیر سدیق گوڵپی(21/9/2020)، پرسی مووچه له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/35d903b9-045d-4c52-9bcf-67cc2f552eb8. [xiii] – بڕوانه یاساكانی بودجه‌ی گشتیی عێراق، ساڵانی 2006-2019. [xiv] – بڕوانه یاساكانی بودجه‌ی گشتیی عێراق، ساڵانی 2015-2019. [xv] – به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه میدیاكان له باره‌ی گفتوگۆكانی كانوونی یه‌كه‌می 2020 له‌نێوان وه‌فدی هه‌رێم و به‌غدا له باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای كورتهێنانی دارایی عیراق بڵاویان كردووه‌ته‌وه، به‌غدا هه‌مان ویستی به‌ڕاشكاوی ده‌ربڕیوه. [xvi] – بڕوانه: جیهانگیر سدیق گوڵپی(2020)، گرفته‌كانی داهاتی گشتی له هه‌رێمی كوردستان و ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ركردنیان، گۆڤاری ئاینده‌ناسی، ژماره 2، https://www.centerfs.org/725000-public-revenue-problems-in-the-kurdistan-region-and-ways-to-solve-them/?fbclid=IwAR2o7Qhs8lhGXHPuqU0TGi_30ePHB4W86AA4JhA7NO1XyVYHhZKlrvbF4nI. [xvii] – ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بۆ پڕۆژە یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان عێراق ساڵی 2013، هه‌ولێر، كانوونی یه‌كه‌م، 2012. [xviii] – حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عیراق، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی له حكومه‌تی ناوه‌ندی، هه‌ولێر، كانوونی یه‌كه‌م، 2012. [xix] – بڕوانه ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ی خواره‌وه: The irrefutable logic of numbers and the inevitability of reform in Iraq , Ahmed Tabaqchali https://www.atlanticcouncil.org/blogs/menasource/the-irrefutable-logic-of-numbers-and-the-inevitability-of-reform-in-iraq/ ؛ جیهانگیر سدیق گوڵپی(1/9/2020)، “عێراق؛ گه‌مه‌ی قه‌رز و خه‌رج و یه‌ده‌گ”، https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/b68e05cb-2e96-4202-9f85-389ffee53cfd. [xx] – بڕوانه: جیهانگیر سدیق گوڵپی(18/6/2020)، به‌غدا چۆن مووچه دابین ده‌كات، https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/8e1e758c-63f5-4208-9a0a-044f0df52c5e.
درەو: عەمار عه‌زیز - كەركوك ناو هەر كە كارەبا بڕا، تاریكی باڵی بەسەر خێمەكەدا كێشا، ئەحلام خێرۆ كە تەمەنی تەنیا (15ساڵ) بوو، چووە حەمامی ماڵەكەیان و دەرگای لەخۆی داخست، ئیتر ئەو بەهیچ شێوەیەك بەپێی خۆی نەگەڕایەوە و چووە پاڵ ئەو چیرۆكە تراژیدیانەی كە شەش ساڵە لەناو خێوەتی ئاوارەكاندا دوبارە و دوبارە دەبنەوە. ئه‌حلام خێرۆ لە 4ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، لەناو حەمامێكی بچوكی ماڵەكەیاندا لە كۆمەڵگەی شاریا لە دهۆك كە تایبەتە بە ئاوارە ئێزیدییەكان بە هەڵواسراوی تەرمەكەی دەرهێنرایە دەرەوە، ئەوەش بووە چوارەم ژن و كچی ئێزیدی لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا گیانیانلەدەستداوە بە هۆكاری "كوشتن و خۆخنكاندن بە پەت". سادق خێرۆ، براى ئه‌حلام كە هەمان ئێوارە پێكەوە نانیان خواردووە و وەك خۆی دەڵێت "هەمووان لە ماڵەوە دڵخۆشبوین"، وتی "خوشكەكەم هیچ نیشانه‌یه‌کی خه‌مۆكی نەبوو، دوای نانخواردنی ئێوارە كارەبا بڕا و لە ماوەی چارەكە سەعاتێكدا چووە حەمام و نەگەڕایەوە". "یەكەم كەس كە بانگی ئەحلامی كرد دایكم بوو، هەر ئەویش دەرگای حەمامی كردەوە و بینی ئەحلام پەتێك بە ملیەوەیە و خنكاوە"، سادق وتیشی "هه‌مومان توشی شۆک بوین، ئێستاش باوه‌ڕناکه‌م ئه‌حلام چۆن خۆی خنكاندووە!". ئه‌سمه‌هان (20 ساڵ) لای راستی وێنەكە، لەگەڵ ئەحلام خێرۆ (15ساڵ) لای چەپ، هەردوكیان لە هەفتەی یەكەمی ئەمساڵ لەناو كەمپی ئاوارەكاندا بە پەت خنكان. پۆلیسی دهۆك مۆبایلی ئەحلامی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ لێكۆڵینەوە و هێشتا هیچ رونكردنەوەیەكی نەبووە لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان. بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی شنگال – لە پارێزگای دهۆك جێگیربون- لە دوای هێرشی داعش بۆ شنگال لە 3ی ئابی 2014ەوە 250 ئێزیدی لەناو كەمپەكانی ئاوارەییدا بە فیشەك و بە پەت گیانیانلەدەستداوە كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بون. بەڵام ئامارەكانی سەرەتای ئەمساڵ مەترسیدارتر دەردەكەون، بەهۆی ئەوەی تەنیا لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێ‌دا، پێنج كەس بە فیشەك و خنكان بە پەت مردون، كە چواریان لە رەگەزی مێ بون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی رێكخراوی داک بۆ گه‌شه‌پێدان كە لەناو كەمپەكاندا كاردەكەن. سادق خێرۆ لەبارەی ئەو روداوەی بەسەر ئەواندا هاتووە، وتی "له‌وانه‌یه زۆر که‌س بڵێن که‌سوکاری زانیاریی دەشارنەوە، سوێند بەخوا هیچ شتێك نازانین و لەناو كۆمەڵگەش هەست بە شەرمەزاریی دەكەین". سوێند بەخوا هیچ شتێك نازانین و لەناو كۆمەڵگەش هەست بە شەرمەزاریی دەكەین بەڵام وتی "مانگێک پێش ئێستا ئه‌حلام فهیسبوکەكەی داخست، بەڵام هیچی بە ئێمە نەوتووە لەسەر داخستنی فەیسبوكەكەیی و مۆبایلەكەی ئێستا لای پۆلیسە... ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی پۆلیسی دهۆكین". بورهان حه‌جی عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری کارگێڕی له قایمقامیه‌تی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "بارودۆخی ئاواره‌کان له هه‌موو رویه‌که‌وه به‌ره‌و خراپبون ده‌ڕوات و ئامارەكانی كوشتن و خۆكوشتن زۆرن لەناو كەمپەكاندا، بۆیە پێویسته به زوترین کات رێکخراوه‌کان و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سەر بکه‌ن". "بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م بابه‌ته پێویسته هه‌لی کار بۆ ئاواره‌کان دابینبکرێت و هه‌ندێک سه‌نته‌ری ده‌رونی له‌ناو که‌مپه‌کاندا بکرێنه‌وه تا به‌رده‌وام چاره‌سه‌ری ئه‌و که‌سانه بکه‌ن که نه‌خۆشی ده‌رونییان هه‌یه، یان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌به‌ر هەر هۆکارێک پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن"، بورهان حەجی عەلی وایوت. دهۆك/ كەمپی ئاوارەكانی كەبەرتوو كە زۆرینەیان ئێزیدین فۆتۆ: عەمار عەزیز هێشتا زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی ئێزیدی كە زۆرینەیان لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆكن نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بە هۆكاری جیاجیا لە نێویاندا هۆكاری ئەمنی، دوو ئیدارەیی و نەبونی خزمەتگوزاریی. سوزان سه‌فه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری رێکخراوی داک بۆ گه‌شه‌پێدان به (که‌رکوک ناو)ی وت "سوشیاڵ میدیا و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کانی رۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕن لە زیادبونی حاڵەتەكان، هه‌ر حاڵه‌تێک روبدات به وێنه و زانیاریی بڵاویده‌که‌نه‌وه، ئه‌مه دەبێتە هاندەر بۆ ئەوانەی نیازی خۆ خنکاندنیان هه‌یه، هه‌رکاتێک حاڵه‌تێک دروستبێت ئێمه ده‌زانین دوای ئه‌وه چه‌ند که‌سێکی دیكە خۆیان ده‌خنکێنن". حكومەتی عیراق لە كۆتایی 2020 زۆرینەی كەمپەكانی داخست، تەنیا ئەوانەی هەرێمی كوردستان نەبێت كە بەپێی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەمێننەوە تا ئاوارەكان خۆیان بڕیاردەدەن. سوزان پێیوایە بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ داخستنی كەمپەكان "هەنگاوێكی خراپ" بووە و كاریگەری لەسەر "زیادبونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن" هەبووە لەناو كەمپەكاندا. "بەهۆی ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراقەوە، زۆرینه‌ی رێکخراوە نیودهوڵهتییەكان له که‌مپه‌کانی پارێزگای دهۆک كشانەوە و هاوكارییەكانیان راگرت، حكومەتیش كەمپەكانی زۆر پشتگوێخستووە و سه‌نته‌ره‌کانی ده‌رونی له زۆربه‌ی که‌مپه‌کان نه‌ماون، لەكاتێكدا پێشتر له‌یه‌ک که‌مپ سێ تا چوار سه‌نته‌ری ده‌رونی هه‌بون"، سوزان سه‌فه‌ر وای وت. بەهۆی ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراقەوە، زۆرینه‌ی رێکخراوە نیودهوڵهتییەكان له که‌مپه‌کانی پارێزگای دهۆک كشانەوە هەروەها وتی "ده‌یانجار هاوارمان کردووه دۆخی شنگال جیاوازه له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی تر و ئاواره ئێزیدییەكان ناتوانن بگەڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌کانی خۆیان... پێویسته به‌رده‌وام خزمه‌تگوزاری بۆ ئاواره‌کان دابینبکرێن و بیر لە فەراهەمكردنی دەرفەتی كار بكرێتەوە".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت محەمەد رەئوف پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان یاداشتیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ناردووەو داوا دەكەن لەسەر بودجەی پەرلەمان پارەی قیستی ئۆتۆمبیل‌و خزمەتگوزاری شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ خەرج بكرێت، پەرلەمانتاران كە چاودێرن لەسەر دارایی حكومەت، كەچی ئاگاداری دۆخی دارایی خۆیان نەبوونو پێشبینی ئەوەیان نەكردووە جارێكی تر كێشەی موچە سەرهەڵدەداتەوە، زۆربەیان ئۆتۆمبیلیان بە قیست راكێشاوەو ئێستا بوون بە ژێر قەرزی قیستی مانگانەوە، دەیانەوێت پەرلەمان قەرزەكەیان بۆ ببژێرێت، لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بخوێنەرەوە. پەرلەمانتار لە قەیراندا ! سەرباری ئەوەی موچەی پلەباڵاكان وەردەگرن، بەڵام بەشێكی زۆری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، قەرزاربوونو دەیانەوێت پەرلەمان قەرزەكانیان بۆ بداتەوە. پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسا پلەی وەزیری هەیە، واتا لەكاتێكدا لەكاردایەو هێشتا خانەنشین نەبووە، هەمان ئەو موچەیە وەردەگرێت كە وەزیرێك وەریدەگرێت. موچەی پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان مانگانە (8 ملیۆن‌و 84 هەزار) دینارە، بەڵام بەگوێرەی بڕیارێكی حكومەتو بەهۆی قەیرانی داراییەوە، موچەی پلەباڵاكان چەند مانگێكە 50%ی بڕدراوە، پەرلەمانتار پلەباڵایە، بۆیە بڕیارەكە دەیگرێتەوە. مانگی تەموزی ساڵی رابردوو، حكومەتی هەرێم موچەی مانگی شوباتی دابەشكرد، لەم مانگەوە ئیتر موچەی پەرلەمانتاران بەگوێرەی بڕیارەكەی حكومەت بۆ نیوە كەمكرایەوە، لەوكاتەوە تائێستا پەرلەمانتاران وەكو موچەی مانگانەیان هەریەكەیان لەبری (8 ملیۆن‌و 84 هەزار) دینار، بڕی (4 ملیۆن‌و 42 هەزار) دینار وەردەگرن. ئەم دۆخە داراییە نوێیە، واتە كەمكردنەوەی موچەی پەرلەمانتاران بۆ نیوە، هەروەها پێنەدانی موچەی پێنج مانگی ساڵی 2020 لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی ئاسایی، پەرلەمانتارانیشی قەرزار كردووەو ئێستا ئەوان لەبری ئەوەی سەرقاڵی چارەسەركردنی قەیرانەكانی خەڵك بن، سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرن بۆ ئەو قەرزانەی كە كەوتوەتەسەر شانی خۆیان. قەرزی شوقە ؟ لەگەڵ دەستبەكاربوونی هەر خولێكی نوێی پەرلەماندا، پەرلەمان شوێنی نیشتەجێبوون بۆ (111) پەرلەمانتار لە هەولێر دابین دەكات، پەرلەمان موڵكی خۆی هەیە، موڵكەكانی پەرلەمان بریتین لە ژمارەیەك شوقە لە پرۆژەی (ناز سیتی) هەروەها ژمارەیەك خانوو لە پرۆژەی (گوندی ئیتاڵی). زۆربەی پەرلەمانتاران لە پرۆژەی (ناز سیتی) شوقەیان پێدەدرێت كە لەناو خەڵكدا بە "شوقەكانی زەكەریا" ناسراوە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و هەندێكیش لە پەرلەمانتاران لە گوندی ئیتاڵی خانویان پێدەدرێت. خان‌و و شوقەكان ساڵانە بەگوێرەی پێوەرێكو لەسەر بنەمای ژمارەی فراكسیۆنەكان دابەشدەكرێن بەسەر ئەندامانی پەرلەماندا. پەرلەمانتار بۆ ماوەی چوار ساڵ بەخۆڕایی دەتوانێت ئەم شوێنانە وەكو شوێنی نیشتەجێبوون بەكاربهێنێت، بەڵام دەبێت پارەی خزمەتگوزاریی بدات. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پەرلەمان دەستی كەوتووە، (61) پەرلەمانتار لە پرۆژەی (ناز سیتی) شوقەیان هەیە، ئەم پەرلەمانتارانە، ساڵی رابردوو پارەی پێنج مانگی خزمەتگوزاری شوقەكانیان نەداوە، ئەمە بەهۆی ئەوەی لەو ساڵەدا حكومەت پێنج موچەی نەداوەو پەرلەمانیش بەوهۆیەوە نەیتوانیوە پارەی خزمەتگوزاری ئەو مانگانە لە موچەی پەرلەمانتاران ببڕێت. كرێی خزمەتگوزاری شوقەی پەرلەمانتاران لە پرۆژەی (ناز سیتی) مانگانە (390 هەزار) دینارە، واتا بە تێكڕا هەر پەرلەمانتارێك بڕی (ملیۆنێك‌و 950 هەزار) دینار قەرزی كرێی خزمەتگوزاری پێنج مانگی ساڵی رابردووی كەوتوەتە سەرشان، خاوەن پرۆژەی خزمەتگوزارییەكان بە نامەی پەرلەمانتارانی ئاگاداركردووە دەبێت ئەو پارانەی بگەڕێننەوە، پەرلەمانتارانیش گلەییان هەیەو دەڵێن بەپێی بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان دەبێت كڕێی خزمەتگوزاری پرۆژەكانی نیشتەجێبوون كەمبكرێتەوە. بەگشتی ئێستا (113 ملیۆن) دینار قەرزی كرێی خزمەتگوزاری شوقەی پەرلەمانتاران كەوتوەتە سەر شانی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەیەوێت خۆی ئەم قەرزە بۆ پەرلەمانتاران بداتەوە، بەڵام سەرباری ئەمە هەندێك پەرلەمانتار گومانیان هەیەو دەڵێن سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆیە دەیەوێت پارەی كۆمپانیای خزمەتگوزار بداتەوە، چونكە كۆمپانیاكە موڵكی بەرپرسێكی دیاری پارتییە. ئەمە لەكاتێكدایە، فەرمانبەری ئاسایی كە هاوشێوەی پەرلەمانتاران موچەی پێنج مانگی ساڵی 2020ی وەرنەگرتووە، لەلایەن حكومەتەوە هیچ بڕەپارەیەكی بۆ ناگەڕێتەوە كە بتوانێت لانی كەم ئەو لاسەنگییە دارایی‌و قەرزانەی پێی پڕبكاتەوە كە بەهۆی نەهاتنی موچەوە لەو پێنج مانگەدا كەوتوەتە سەر شانی. قیستی ئۆتۆمبیل پەرلەمانتاران كە چاودێرن بەسەر حكومەتەوە، لەم خولەی پەرلەماندا تەنانەت نەیانتوانی چاودێری داراییەكانی خۆشیان بكەن‌و پێشبینی ئەوەیان نەكرد حكومەت جارێكی تر دوچاری قەیرانی دارایی ببێتەوە، بەشێكی زۆری پەرلەمانتارانی ئەم خولە، هەرزوو ئۆتۆمبیلی گرانبەهایان بە قیستی زۆری مانگانە راكێشا، ئەم قیساتانە بوون بە قەرزێكی زۆر لەسەر شانی پەرلەمانتاران، بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو حكومەت پێنج موچەی دابەش نەكرد. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەكۆی (111) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، (72) پەرلەمانتار ئۆتۆمبیلی گرانبەهایان بەقیس وەرگرتووە، زۆرێك لەوانەی ئۆتۆمبیلەكانیان فرۆشتوەتەوەو بەشێكیان بەو پارەیە زەوی‌و خانویان كڕیوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لەكۆی (72) پەرلەمانتارەی كە ئۆتۆمبیلی قیستیان راكێشاوە، (58) كەسیان قەرزی مانگانەی قیستەكان لەسەر شانیان كەڵەكەبووە. قیستەكان بەپێی جۆری ئۆتۆمبیلەكان دەگۆڕێن، بەڵام قیستی مانگانەی ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان دەگاتە (2 ملیۆن‌و 160 هەزار) دینار، كە ئەم پارانەش مانگانە هاوشێوەی خزمەتكوزاری شوقەو خانوەكان، لە موچەی پەرلەمانتاران دەبڕدرێت. ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئۆتۆمبیلیان بە قیست وەرگرتووە، بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو موچەی پێنج مانگ فەوتاوە، بۆ ئەو مانگانە قەرزاری قیستی كۆمپانیاكە بوون‌و كۆمپانیای فروشیار داوای پارەكانیان لێ دەكاتەوە، ئەگەر بڕی (2 ملیۆن‌و 160 هەزار) دینار وەكو قیسی مانگانەی راكێشانی ئۆتۆمبیل ئەژماربكرێت، ئەوا هەر پەرلەمانتارێك بڕی (10 ملیۆن‌و 800 هەزار) دینار پارەی قیستی پێنج مانگی وەكو قەرز كەوتوەتە سەرشان. موچەی پەرلەمانتار دوای لێدەركردنی قەرزەكان ئێستا‌و دوای بڕینی 50%ی موچەی پلەباڵاكان، ئەندامانی پەرلەمان مانگانە بڕی (4 ملیۆن‌و 42 هەزار) دینار وەردەگرن، ئەم پارەیە مانگانە بەمشوەیە دابەش دەبێت: • مانگانە بڕی (390 هەزار) دینار لە موچەكەیان دەبڕێت بۆ خزمەتگوزاری شوقەو شوێنی نیشتەجێبوون. • بڕی (2 ملیۆن‌و 160 هەزار) دینار لە موچەی ئەو پەرلەمانتارانە دەبڕدرێت كە ئۆتۆمبیلیان بەقیست وەرگرتووە (بەپێی زانیارییەكانی درەو، زۆربەی ئۆتۆمبیلەكان نرخیان نزیكەی 85 هەزار دۆلارە). • واتە ئەو پەرلەمانتارانەی كە هەم كرێی خزمەتكوزاری شوێنی نیشتەجێبوون‌و هەم قیسی ئۆتۆمبیل دەدەن، مانگانە (2 ملیۆن‌و 550 هەزار) دینار لە موچەكانیان دەبڕدرێت‌و ئەوەی بۆیان دەمێنێتەوە تەنیا (ملیۆنێك‌و 492 هەزار) دینارە. • ئەمە لەكاتێكدایە، ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئۆتۆمبیلیان بەقیست وەرنەگرتووە، مانگانە لە كۆی (4 ملیۆن‌و 42 هەزار) دیناری موچەكانیان، تەنیا (390 هەزار) دیناری خزمەتگوزاری شوێنی نیشتەجێبونیان لێ دەبڕێت‌و بڕی (3 ملیۆن‌و 652 هەزار) دیناریان بۆ دەمێنێتەوە. • پەرلەمانتارانی خانەنشینی خولەكانی پێشووی پەرلەمانیش بەهەمان شێوەی دۆخیان لەوانە باشترە كە لە خولی ئێستادا ئۆتۆمبیلی قیستیان راكێشاوە، پەرلەمانتارانی خانەنشین رێژەی 50%ی موچەكەیان لێبڕدراوە لە (6 ملیۆن‌و 560 هەزار) دینارەوە موچەكانیان بووە بە (3 ملیۆن‌و 250 هەزار) دینار، هیچ لێبڕینێك ئەم پارەیە ناگرێتەوە. پەرلەمان چی بۆ قەرزارەكان دەكات ؟ بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، زۆربەی پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان، بەرێگەی جیاواز فشاریان خستوەتەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و داوا دەكەن پەرلەمان بەشێك لەو قەرزانەیان بۆ بداتەوە كە بەهۆی نەهاتنی پێنج موچەی ساڵی رابردوو كەوتوەتە سەر شانیان. سەرۆكایەتی پەرلەمانیش داوای كردووە پەرلەمانتاران لەرێگەی سەرۆكی فراكسیۆنەكانەوە یاداشت پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن‌و داوای بڕە پارەیەك بكەن، بەشی زۆری فراكسیۆنەكان یاداشتیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، سەرۆكایەتی پەرلەمان بەنیازە، لەسەر دارایی پەرلەمانی، كرێی خزمەتگوزاری پێنج مانگی ساڵی رابردووی شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتاران خەرج بكات كە بەتێكڕا دەگاتە نزیكەی (113 ملیۆن) دینار. بۆ قیستی ئۆتۆمبیلەكانیش، سەرۆكایەتی پەرلەمان دەیەوێت بۆ هەر كەسێك لەوانەی ئۆتۆمبیلیان وەرگرتووە، بڕی (2 ملیۆن) دینار خەرج بكات، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی كە ئۆتۆمبیلیان وەرنەگرتووە باسلەوە دەكەن، پێشتریش سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبڕی جیاواز پارەی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە خەرجكردووە كە ئۆتۆمبیلیان بە قیست راكێشاوە. ئێستا ئیتر بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دروست نەبێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریداوە، بۆ ئەوانەی ئۆتۆمبیلی قیستیان راكێشاوەو ئەوانەشی رایان نەكێشاوە، بەتێكڕا بڕی (2 ملیۆن) دینار وەكو هاوكاری خەرج بكات. پەرلەمانتار پلەی وەزیری هەیە، پەرلەمانتاران دەڵێن حكومەت بۆ هەر وەزیرێك دوو خانوو و دوو ئۆتۆمبیلی دابین كردووە، ناكرێت ئەوان قەرزار بن.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) کاتێک لایەنگرانی دۆناڵد ترامپ پەلاماری پەرلەمانی ئەمریکایان دا و کۆتای‌یان بە کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران ھێنا بۆ پەسەندکردنی جۆ بایدن وەک 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی تر مەسەلەی باشیی و خراپیی دیموکراسییەت و سیستەمی نوێنەرایەتییکردن ھاتەوە بەر باس و خواس. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە: ئایا ئەو خەڵکە ناڕازیی و توندوتیژە لەناو سیستەمی دیموکراسییدا لە کوێوە دێن؟ لە سادەترین پێناسدا دیموکراسیی بە مانای سەروەریی یان حوکمڕانیی گەل دێت. تاوەکو سەدەی هەژدە کاتێک ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنرا مەبەست لێی دیموکراسیی راستەوخۆ بوو، واتە ئەو تێگەیشتنە بوو بۆ دیموکراسیی کە لە سەردەمی یۆنانییەکاندا و لە شارەکانیاندا بەکاردەهێنرا. مەبەستیش لەو فۆرمە لە دیموکراسیی، حوکمڕانیی هەموان بەسەر هەمواندا بوو. ئەم مۆدێلە دواتر و لە ڕووی پراکتیکییەوە بەر سنوور و تەگەرەی پیادەکردنی جۆراوجۆر ھات. لەسەردەمی مۆدێرندا کە ژمارەی دانیشتوان زۆر زیاد دەکات و چیتر وەک ژمارەی دانیشتوانی شارە یۆنانییەکان كەم و سنووردار نابێت، مۆدێلێک لە دیموکراسیی زاڵدەبێت کە دیموکراسییەتی راستەخۆ نییە، بەڵکو دیموکراسییەتی ناراستەوخۆیە. ئەو مۆدێلەی دیموکراسیی لە ئێستادا سەروەرە دەڕبڕی ئەو دیموکراسییە ناڕاستەوخۆیەیە کە ناوی دیموکراسییەتی نوێنەرایەتیی پەرلەمانیی لێنراوە. لەم مۆدێلەدا خەڵک ڕاستەوخۆ حوکم ناکات، بەڵکو لەڕێگای نوێنەرانی خۆیانەوە کە لەڕێگای دەنگدانەوە هەڵدەبژێردرێن و لەپەرلەماندا ئەو نوێنەرایەتییە جێگیردەکرێت. ئەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتیی لەم سەردەمەدا پێیدەگوترێت دەسەڵاتدارێتی دەوڵەتی یاسا. واتە دەوڵەتێک بەپێی دەستوورێکی دیموکراسیی بەڕێوەدەبرێت کە زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگا بڕوایان پێیەتی و کردویانە بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی بۆ خۆبەڕێوەبردن. بەپێی ئەم دەستوورەش ئازادیی هەموو تاکەکان پارێزراوە، مافەکان و بەرپرسیارێتیان دەستنیشانکراوە، دەسەڵاتەکان بەسەر سێ کۆڵەکەی سەربەخۆدا دابەشکراون، کە پەرلەمان و حکومەت و دادگان. هەر چوار بۆ پێنج ساڵ جارێکیش هەڵبژاردن سازدەکرێت کە دەشێت حکومەتەکەی پێشوو لە کار بخات و دەستاودەستکردنی دەسەڵات تیایدا ڕووبدات. بەهەمان شێوە پەرلەمان دەتوانێت حکومەت لەکاربخات کاتێک متمانەی لێیبسەنرێتەوە، ئەوسا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامدەدرێت. ئەم سیستەمی نوێنەرایەتییە زیاد لە چەند سەدەیەکە کاردەکات. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین دروستبوونی “قەیرانی نوێنەرایەتییکردن“ە لەم سیستەمەدا، قەیرانێک کە دیموکراسییەتی لەناوەوە تووشی شڵەژانێکی گەورە و ھەمەلایەن کردوە. لەناو زۆرێک لە کۆمەڵگا خۆرئاواییەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک، بەشێک لە کۆمەڵگا، بە تایبەتی بەشێک لە چینەکانی خوارەوە و لە چینی ناوەڕاست، ھەستدەکەن کە نوێنەرایەتی ناکرێن و خۆیان لەناو ئەو سیستەمە سیاسییە نوێنەرایەتییەدا نادۆزنەوە کە ئامادەیە. بە مانایەکی دیکە ئەمانە پێیانوایە ھەڵبژاردنی ئازاد، وەک میکانیزمی سەرەکیی نوێنەرایەتییکردن، ناتوانێت دەنگی ئەمان بباتە ناو بەشداریی و بڕیاردانی سیاسییەوە. ھەڵبژاردن چیتر ئامرازێک نییە بتوانێت سیستەمێکی سیاسیی گونجاو بۆ نوێنەرایەتیکردن دروستبکات.ئەمە جگە لەوەی کە ھەڵبژاردن چەندساڵ جارێک ڕوودەدات و لە دونیای ئەمڕۆدا خەڵک پێوستی بە شێوازی خێراتر ھەیە، بۆئەوەی بتوانن ببیسترێن و لە پەیوەندیدابن بە کایەی سیاسییەوە و چالاکبن لەناویدا. لە شیکردنەوەی ئەم قەیرانی نوێنەرایەتییکردنەدا شارەزایانی ئەم بوارە باس لەوەدەکەن لە سی بۆ چل ساڵی ڕابردودا دۆخێک دروستبووە وایکردوە زۆرێک لە ھاوڵاتیان ھەستبکەن جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان پارتە سیاسییەکاندا نەماوە. شتێک بەناوی ململانێی ئایدیۆلۆژیی، سنووری نێوان ڕاستڕەو و چەپڕەو، بەریەککەوتن و ململانێی بەرنامەی سیاسیی ناکۆک و جیاواز، بوونی نەماوە. ھێز و پارتە سیاسییە جیاوازەکان لەیەکتر نزیکبوونەتەوە و زۆربەیان لە سێنتەری کایەی سیاسیی‌دا جێگیرن، نەک لە چەپ و ڕاستی کایەکەدا. ئەم دۆخەش نوخبەیەکی سیاسیی دروستکردوە کە لێکچو و ھاوشێوەیە، نوخبەیەکی ھۆمۆجینە، زۆربەیان پرنسیپ و گریمانەکانی سیستمی نیولیبرالیزمیان قبووڵکردوە و ھەموویان بە ھەمان ڕێگا و ڕوو لەھەمان ئاسۆ دەڕۆن. بۆیە گرنگ نییە دەنگ بە کام ھێز و چ بەرنامەیەکی سیاسیی دەبەخشیت. ئەم دۆخەش وایکردوە زۆرێک لە ھاوڵاتیان ھەست بەوە بکەن شتێک نەماوە ھەڵیببژێرن، کاتێک ھەموو ھێزە سیاسییەکان لەیەکبچن و ئەو سنوورانەی لەیەکتریان جیادەکاتەوە تەواو کاڵبووبنەوە. نە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیی و نە جیاوازیی لە ئاستی ھێڵە گشتییەکانی کارکردن و نە جیاوازیی گەورە لە پرۆگرامە سیاسییەکانیاندا نەماوە. ھەم پارتە حوکمڕانەکان و ھەم پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان لێکچونێکی گەورەیان لەنێواندا دروستبووە. ھاوکات دۆخێک دروستبووە دنگدەر بە ئاسانی لەمپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاست بگوازێتەوە، بەبێ ئەوەی ھەست بە ناکۆکیی و کێشەیەک بکات. کێشەکە تەنھا لە هاوشێوەبوون و لێکچوونی پارتە سیاسییەکاندا کورتنابێتەوە. ئەوەی گرفتی نوێنەرایەتییکردنی قووڵترکردۆتەوە نەمان یان لاوازبوونی گەورەی سەندیکاکانیشە، بە تایبەتی سەندیکا کرێکارییەکان، کە ھەندێکجار ملیۆنەھا ئەندامیان ھەبووە و توانیویانە کاریگەریی لەسەر بڕیارە سیاسییەکان و لەسەر کار و بەرنامەکانی دەوڵەت و لەسەر کۆمپانیاکانیش دابنێن. ڕێک لەوکاتەدا کە پارتە سیاسییەکان لەیەکدەچن و شتێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە کە چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان ھەڵیبژێرن، سەندیکاکانیش لاواز و پەراوێزدەبن و ئەندام و ھەوادارەکانیان بە ڕادەیەکی گەورە کەمدەکات. بەمەش ئەو دەزگایانەی تر کە لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکاندا، نوێنەرایەتی کرێکاران و چینەکانی خوارەوەیان لەناو دەزگا سیاسیی و ئیدارەییەکاندا دەکرد، ئەوانیش بەرەو پووکانەوە دەڕۆن، یان تەواو لاواز و پەراوێزدەکەون. بەم جۆرە لەوکاتەدا کە ھەڵبژاردن ناتوانێت ئەگەری ڕاستەقینەی ھەڵبژاردنی ھێزی سیاسیی جیاواز بخاتە بەردەمی کۆمەڵگا، لاوازبوونی سەندیکاکانیش دۆخەکە خراپتر و قەیرانی نوێنەرایەتی قووڵتر دەکاتەوە. ئەمەش وادەکات خەڵکانێکی زۆر دروستببن کە ھەستنەکەن نوێنەرایەتی بکرێن و نوێنەریان لەناو کایەی سیاسیی‌دا ھەبێت. تەنانەت ھەستناکەن بەشێکن لە وڵاتەکە و لە کۆمەڵگاکە، بەپێچەوانەوە ھەستدەکەن مرۆڤی زیادەن و خواست و گرفت و خەون و کێشەکانیان لای خۆیان ماوەتەوە و گوێیەک نییە بیانبیستێت و ئامراز و ناوەندێکیش نیە، دەنگیان بگەیەنێتە ناو ڕووبەری گشتیی و کایەی سیاسیی. ھەموو ئەمانە وادەکەن بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا پشتبکاتە سیاسەت و متمانەی بە سیاسییەکان نەمێنێت و تەنانەت بەشداری ھەڵبژاردنەکانیش نەکات. لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەم بەشدارینەکردنە یەکێک بووە لە کێشە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمی نوێنەرایەتییکردنە کە دیموکراسییەت دروستیکردوە. دۆخی بایکۆتکردنی دەنگدان هێندە مەترسییداربوو کە وای لە هەندێ پارتە سیاسییەکانی ئەوروپا کرد، بیر لە بە یاساییکردنی ئیلزامیی هەڵبژاردن بکەنەوە. بزوتنەوە پۆپۆلیستییەکانی دونیای ئەمڕۆ کار لەسەر ئەو دەنگە ناڕازیی و ئەو ھاوڵاتییانە دەکەن کە ھەستدەکەن بێشوناسن و تەنھاکەوتون، بێنوێنەرن و کەس نییە دەنگیان ببیستێت . پۆپۆلیستییەکان خۆیان وەک نوێنەری ئەو کەسە بێنوێنەرانە نیشاندەدەن، ئەو کەسە بێنوێنەرانەش بە خەڵک و میللەت، یان بە گەل و نەتەوە ناودەبەن و یەکساندەکەن. پۆپۆلیستەکان واینیشاندەدەن ئەوان دێن بۆئەوەی ئەو دابڕان و بۆشاییەی لەنێوان سیستەمە سیاسییەکە و کۆمەڵگاکەدا دروستبووە چارەسەربکەن و ئەو کەلێنەی لەنێوان حوکمڕانیی و میللەت و نەتەوەشدا دروستبووە، پڕبکەنەوە. ئەوان دێن بۆئەوەی سیاسەت و وڵات و کۆمەڵگاکە بە گەل ببەخشەوە. دێن بۆ ئەوەی شوناسی راستەقینە بە خەڵکە رەسەنەکەی وڵاتەکەیان ببەخشنەوە و قەیرانی نوێنەرایەتییکردن و مەسەلەی سەروەریی و شکۆی نەتەوەیی چارەسەربکەن. ئەمریکا بدەنەوە بە ئەمریکییەکان و بریتانیا بە بریتانییەکان. بێگانەکان دەربکەن و کارەکان بە خەڵکی وڵاتەکە بدەنەوە. کەسانێکی وەک ترامپ و لۆپین و ئوربان و کاچینسکی و زۆرانێکی تر بە زمانی نوێنەرایەتییکردنی خەڵکانێک دەدوێن کە ھەستدەکەن لەبیرکراون و نوێنەرایەتی ناکرێن. خەڵکانێک گوایە نوخبە سیاسییە باڵادەستەکە نایانبینێت و لەبیریکردون. ھێزە پۆپۆلیستەکان ھەم مژدەی ئەم نوێنەرایەتییکردنە بە تاک و گروپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا دەدەن، ھەم ئەو نوخبە سیاسییەی کە ئەوانی لەبیرکردوە، وەک نوخبەیەکی سیاسیی گەندەڵ و دابڕاو لە کۆمەڵگا، نمایشدەکەن. خاڵێکی بنەڕەتی تر کە ”قەیرانی نوێنەرایەتییکردن“ی لە دونیای ئەمڕۆدا گەورەتر و قووڵتر کردۆتەوە، دروستبوونی میدیای دیگیتاڵییە، بەتایبەتی دروستبوونی سۆشیال میدیایە. میدیای مۆدێرن دەسکارییەکی گەورەی چەمکی نوێنەرایەتیکردنی کردوە. بەر لەم میدیایە تاکەکەس تەنھا لەڕێگای گروپە ڕێکخراوەکانەوە، لە ڕێگای پارتە سیاسییەکانەوە، لەڕێگای سەندیکاکانەوە، لە ڕێگای کەنیسە و ئۆرگانەکانی ترەوە، نوێنەرایەتی کراوە. ئەو ئۆرگانانەش بەناوی ئەندامەکانیانەوە قسەیانکردوە و وێنە و شوناسێکیان بە ئەندام و ھەوادارەکانیان بەخشیوە. بەڵام لە سەردەمی دروستبوونی میدیای دیگیتاڵییدا پێداویستیی بەو ئۆرگانە دەستەجەمعییانە بۆ نوێنەرایەتیکردن تەواو لاوازبووە و لەزۆر کات و حاڵەتدا نەماوە. ئێستا تاکەکەسەکان خۆیان ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن و کەسانی تریش لەناو ھەمان ڕووبەری دیگیتاڵدا دەبینن کە نوێنەرایەتیی خۆیان دەکەن. لەسەدەمی ئێستاماندا کۆمەڵگایەک دروستبووە کە بەردەوام لەڕێگای میدیای دیگیتاڵییەوە خەریکی نوێنەرایەتییکردنی خۆیەتی، بەبێئەوەی کەسێک یان لایەنێک ھەبێت، ئەرکی ئەم نوێنەرایەتییکردنە لە ئاستێکی کۆیی و دەستەجەمعییدا، بگرێتە ئەستۆ. ئەم نوێنەرایەتییە تاکەکەسییە دۆخێکی دروستکردوە ھەر کەسێک خواستی ئەوەی لادروستببێت وەک تاکەکەس لەناو سیستەمە سیاسییەکەدا نوێنەرایەتییبکرێت، نەک وەک ئەندامی ئەم یان چینی کۆمەڵایەتیی و ئەم یان ئەو گروپی تایبەت. تاکەکەسەکان خۆیان وەک یەکەیەکی سیاسیی سەربەخۆ دەبینن و نمایشدەکەن. داوای حیسابکردنی تایبەت بۆ خواست و کێشەی تایبەتییەکانیان دەکەن. داوای ئەوەدەکەن، یان لانیکەم چاوەڕوانی ئەوەن، ئەم خواست و چاوەڕوانییە تاکەکەسیانە، کە کەسەکە خۆی نوێنەرایەتییان دەکات، ببن بە بەشێک لە گوتاری سیاسیی و لە بڕیاردانی سیاسیی‌دا ڕەنگبدەنەوە. بەم جۆرە دۆخێک دروستدەبێت تەواو جیاواز لە دۆخی بەر لەدروستبوونی میدیای دیگیتاڵی کە تیایدا پرۆسەی نوێنەرایەتییکردن پابەست بوو بە ئەندامبوون لەم یان لەو ئۆرگانی دەستەجەمعییدا. ئەم دۆخە تازەیە پرسی نوێنەرایەتییکردن نەک تەنھا زەحمەت دەکات، بەڵکو لە مەحاڵ نزیکدەکاتەوە. ئەم دۆخە تازەی نوێنەرایەتییکردن ھەستی نوێنەرایەتیینەکردن لای ئەو تاکانە گەورەتر دەکات، ھێزە پۆپۆلیستەکان لێرەشدا ئەم دۆخە بۆ بەھێزکردنی خۆیان بەکاریدەھێنن. ھەندێک تیۆریستی زانستە سیاسییەکان لە ئێستادا باس لە کۆتایی ”دیموکراسییەتی حیزب“ party democracy” و جێگرتنەوەی بە ”دیموکراسییەتی تەماشاکەران“ “audience democracy" دەکەن. لەیەکەمیاندا گەیشتن بە دەسەڵات لەڕێگای ململانێی نێوان بەرنامە و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانەوە دروستدەبێت، بەڵام لە دووھەمیاندا کەسایەتیی و ئوسلوب و شێوازی قسەکردن و جوڵاندنەوەی کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەو زمان و ریتۆریکەی قسەی پێدەکەن، گرنگ و کاریگەرە. تویتەکانی دۆڵاند ترامپ، یان ئەو کورتە فیلم و نامە و کۆمێنتانەی کە سیاسییەکان لەڕێگای واتسئەپ و فەیسبوک و توڕە کۆمەڵایەتییەکانی ترەوە دەیاننێرن و وەریاندەگرن، دەبنە نموونەی ئەو جۆرە پەیوەندییەی کە دیموکراسییەتی تەماشاکەران دروستیدەکات. ھەموو ئەمانەش دۆخێکی نوێیان ھێناوەتەکایەوە کە تیایدا مەسەلەی نوێنەرایەتییکردن گۆڕانی گەورەی بەسەرداھاتووە. لە ڕاستیدا پۆپۆلیزم یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئەم قەیرانی نوێنەرایەتییکردن و ئەو گۆڕانکارییانەی لە سەرەتای ھەشتاکانەوە ھاتونەتەکایەوە. پۆپۆلیزم وەک کاردانەوەیەکی پاسۆلۆژیی و بیمارانە بەڕووی ئەو گۆڕانکارییانەدا سەرهەڵدەدات. بێگومان ھەندێک لەو کێشانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە باڵادەستیی سیاسەتەکانی نیولیبرالیزمەوە ھەیە، کە پێدەچێت لەگەڵ ھاتنی کۆرۆنا و دەستخستنی چالاکانەی دەوڵەت بۆ ناو بازاڕ و ئابوریی وڵاتەکان، و تیژبوونەوەی زیاتری ململانێی ئایدیۆلۆژیی و حیزبیی و دروستبوونی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ، ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە بووبێتەوە. واتە دەشێت لە دەیەی داھاتودا شتێک لە بوژانەوە لە ژیانی حیزبایەتیی و سەندیکایی و دروستبوونی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ و فۆرمی نوێی بەشداری سیاسیی‌دا ببینین، کە وابەکەن ھەندێک دەرکەوتی قەیرانی نوێنەرایەتیکردن چارەسەرببێت. بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیی بە گۆڕانی کۆمەڵگاکان و بە پرۆسەی بەمیدیاییکردنی پەیوەندییەکان و گوتارەکانەوە ھەیە، ئەوەی لەگەڵ دیاردەی نوێنەرایەتی تاکەکەس بۆ خۆی و بە گشتیکردنی دۆخی شەخسییەوە، ھاتۆتەکایەوە، پێویستی بە چارەسەرکردنی داھێنەرانە و فۆرمی نوێی بەشداریی مەدەنیی ھاوڵاتیان لە سیاسەت و حوکمڕانییدا، دەبێت. ئێستا خەڵک لە جیھانێکدا دەژین کە جگە لە ڕێگای دەنگدان و ئەندامبوون لە پارتی سیاسیی و سەندیکادا، چەندان ڕێگای تری بەشداریی و دەرکەوتن و قسەکردنی لەبەردەمدایە و ڕێگای تری بۆ نیشاندانی ناڕەزاییەتییەکان و توڕەبوونەکانی ھەیە. تەحەدای سەرەکیی دیموکراسییەت لەمڕۆدا، لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە گەورەیەی نوێنەرایەتییکردنەدایە. پۆپۆلیزم وەڵامە ھەڵە و ترسناکەکەیە بۆ هەموو کێشە و تەحەدا نوێکانی سەدەی بیستویەکەم، دۆناڵد ترامپ و ھاوشێوەکانی دواھەمین کەسێکن بتوانن ئەم گرفتانە چارەسەربکەن. بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
درەو: وەرگێڕان: گ.ق خۆكوشتن لەناو ژنان و كچانی ئێزدی زیادیكردووە جیاواز لە روداوەكانی پێشوو لە ئێستادا چەند حاڵەتێكیان بەهۆی (گێچەڵی ئەلكترۆنی)یەوەو لە ترسی ئابڕوچون خۆیان دەكوژن، لە چەند رۆژی رابردوودا دوو حاڵەتی هاوشێوە لەناو كچانی ئیزدیدا رووییانداوە. رێکخراوێکی تایبەتمەند بە دۆکیومێنتکردنی بارودۆخی ئێزدیەکان رایدەگەیەنێت کە حاڵەتەکانی خۆکوشتن کە بەم دواییانە لە کەمپەکانی ئێزدیەکان لە عێراق رویدا "حاڵەتی جیان وپەیوەندار نین بەیەکەوە"، هەرچەندە کاتی رودانیان نزیکن و لە سێ حاڵەتیشیاندا قوربانیەکان ژنی گەنجن. سێ کچی گەنج گیانیان لەدەستدا، دوانیان لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، گەنجێکی ئێزدیش بە خۆکوشتن – وەک راگەیەنرا- لە ماوەی دوو رۆژدا، رێکخراوەکەش دەڵێت کە دوانیان دوچاری "گێچەڵی ئەلکترۆنی" بوونەتەوە. هەر سێ کچەکەش لە کەمپەکانی شاریا وئیسیان وبیرسفی بوون لە پارێزگای دهۆک. بەڕێوەبەری لقی شەنگالی "رێکخراوی ئێزدی بۆ دۆکیومێنتاری"، خەیرە عەلی ئیبراهیم، لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی "ئەلحوڕڕە"ی رایگەیاند کە دوو کچی گەنجی ١٥ ساڵان دوچاری گێچەڵی ئەلکترۆنی بونەتەوە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کە وای لێکردون خۆیان بکوژن "لە ترسی ئابڕووچوون". ئیبراهیم ووتیشی کە کچی سێیەمیان بەهۆی کێشەی خێزانی وهاوسەرگیری وئاڵۆزی لەگەڵ خێزانەکەیدا خۆی کوشتووە. بەپێی سەرچاوەیەک لەناو کەمپی شاریا "کچان لەناو کەمپەکەدا هەندێك جار لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشووەوە ئیستیغلال دەکرێن(هەڵدەخەڵەتێنرێن)". پەیڕەوکارانی ئایینی ئێزدی کە لە کەمپەکاندا جێگیر بوون رزگاریان بوو لەو کوشتارە بە کۆمەڵەی چەکدارانی داعش بەرانبەر هەزاران رۆڵەی ئێزدی لە شەنگال ئەنجامیاندا، وبەگوێرەی سەرژمێریە جیاوازەکان زیاد لە ٥٠٠٠ ژنی ئێزدی ڕفێندران، کە تەنها ژمارەیەکی کەمیان لێ ئازادکرا. سامان داود کە رۆژنامەنوسێکی ئێزدیە بە سایتی "ئەلحوڕڕە"ی ڕاگەیاند کە حاڵەتەکانی خۆکوشتن زۆرن، لەدوای ساڵی ٢٠١٤، و ئەو پاکتاوەی کە دوچاری ئێزدیەکان بوەوە لەکاتی داگیرکادنی ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە، پاڵەتێکی دەروونی خراپی لەلای هەموویان دروست کردووە بەبێ جیاوازی. بەڵام ئیبراهیم دەڵێت زانیاریەکانی کە لەلای ئەون ئاماژە بەوە دەدەن کە "ئەو سێ کچە گەنجە لەبەر هۆکارێکی پەیوەست بەو جینۆسایدە خۆیان نەکوشتووە، چونکە لەو کاتەدا ئەوان مناڵ بوون لە تەمەندا". لەگەڵ ئەمەشدا ئیبراهیم دان بەوەشدا دەنێت کە "لێکەوتەی ئاوارە بوون وژیان گوزەراندن لە کەمپەکاندا هۆکار بوون بۆ دروست بوونی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی کە پێشتر ئێزدیەکان پێی ئاشنا نەبوون، لەوانەش بەکارهێنانی بێ ئاگاییانەی ئەنتەر نێت". نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە راپۆرتێکیاندا لە مانگی پێشوودا، هۆشداریان داوە دەربارەی زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەم ساڵانەی پێشوودا. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ٥٩٠ کەس لە عێراقدا مردوون بەهۆی خۆکوشتنەوە، و ١.١١٢ کەسی دیکەش هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، کە رێژەی (٨٠٪)یان لە ژنان بوون. بە درێژایی ساڵانێکی زۆر، چەندین خێزانی عێراقی ناڵاندویانە بەدەست کێشەی تەندروستی عەقڵیەوە کە هۆکارەکەی ململانێکانی رابردوو وبارودۆخە ئابووریەکە بوون. داودی رۆژنامەوان دەڵێت "لێکەوتەکانی ئاوارەبوون وجینۆساید بەردەوام دەبن چونکە بارودۆخی ئێزدیەکان هێشتا خراپە چ لەناو کەمپەکان یا لە ناوچەکانی خۆیان، بەهۆی خراپی رەوشی گوزەران ونەبوونی هیچ هەلێکی کار، وبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش هێندەی دیکە نەهامەتیەکانی زیادکردن کە لە دوای ئاوارەبوونیانەوە ماوەی شەش ساڵە بەردەوامە". رێژەیەکی زۆر لە ئاوارە ئێزدیەکان هێشتا لە خێمە(چادر)دان کە دەبوو ئەم دۆخە کاتی بێت وپاشان بگوێزرێنەوە بۆ ناو "کابینە" یان بینای بەردی وکۆنکرێتی. هەمان سەرچاوە لەناو کەمپی شاریاوە ووتی "بارودۆخەکە زۆر خراپە لە کەمپەکەدا، وباری دەروونی وکۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی زۆر خراپ داڕماوە" و"رودانی کارەساتی زیاتر"یشی بەدوور نەزانی.