Draw Media

ئۆپراسیۆنی توركیاو روبەروبوونەوەی پەكەكە  

ئۆپراسیۆنی توركیاو روبەروبوونەوەی پەكەكە  

2022-04-20 20:51:10


درەو:
"ئێستا توركیا هەر لە بنكە سەربازییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە سەربازەكانی بە هێلیكۆپتەر دەگوازێتەوە بۆ سەرچیاكان، بریندارو كوژراوی زۆر هەیە، زۆرترینی لە سوپای توركیایە، سێ هێزی پارتی لەناوچەی نزیكی شەڕ جوڵەیان پێدەكرێت (هێزی زێرەڤانی، فەرماندەیی هێزی بارزان، لەشكری رۆژ)، جموجوڵ و ئامادەكاری سوپای توركیا زۆربووە چاوەڕوان دەكرێت لە 24 كاتژمێری داهاتوودا شەڕی سەخت رووبدات" ئەمە وتەی ئەفسەرێكی زێرەڤانیە كە خۆی لەناو رووداوەكاندایە.
ئەو ئەفسەرەی زێرەڤانی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت ووردەكاری جوڵەی هێزەكانی توركیا و هێزەكانی ناوخۆی هەرێمی دژی پەكەكە بۆ (درەو) باسكرد: 
سەرەرتای دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا لە 17ی نیسان تۆپباران و بۆردوومانی سەختی سنوری شیلادزێ و چیای كۆڕەژارۆ كراوەو بەردەوام بووە.  
لە پشتی (چیای گامنیرك) چەند شەڕێكی سەخت روویدا لە نێوان سوپای توركیا و چەكدارانی پەكە هێلی كۆپتەر بەردەوام لە جوڵەدابوو كە لە فڕۆكەخانی سەربازی توركیا لە بامەڕنێ هەڵدەستان و سەربازی توركیایان دەگواستەوە بۆسەر چیای كۆڕەژارۆ و بە پەڕەشووت دایان دەگرتن و لەوێ لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە روبەرووبونەوەی سەخت روویداو پاشەكشەیان بە سەربازانی سوپای توركیا كرد.
ئێستا سوپای توركیا لە سەری (ئۆرەی، سەری مام رەشا، سەری لینك، سەری كۆرەژار) جێگیركراون.

لە سنوری نێوان (سیرێ و شیلادزێ) هێزی زێرەڤانی چەندین خاڵی سەربازیان دانا بوو تەنانەت لەناو شیلادزێ خاڵی سەربازیان داناوە، 
(هێزی ناوخۆی زێرەڤانی، لەشكەری رۆژ، فەرماندەی هێزی بارزان) مەفرەزەكانیان لە گەلی بڵند و پشتی دێرەلوك و گەلی رەشاڤا ژێر چیا بە ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتوچۆ دەكەن و ئەو رێگایانە دەپارێزن.
ئەو هێزانەی پارتی كە لەم شەڕەدا بەشدارن (هێزی ناوخۆی زێرەڤانی، لەشكەری رۆژ، فەرماندەیی هێزی بارزان) تەنانەت لەوێ باس لەوە دەكرا كە سوپای توركیا لە چەند شوێنێك جلی زێرەڤانیان لەبەركردووە، هەرچەند من بە چاوی خۆم نەمبینین.
بەرەبەیانی دوێنێ شەو (38) ئۆتۆمبێلی جۆری (مێك زەمینی) سەربازی هێزەكانی زێرەڤانی بەرەو ئامێدی بەڕێكەوتن دوای چەند كاتژمێرێك (13) میك زەمینی گەڕانەوە بۆ بامەڕنێ كە فڕۆكەخانەی سەربازی توركیای لێیە، بۆ چاوبەست بۆ ئەوەی بڵێن هێزەكە گەڕاونەتەوە، 
(10) هێلی كۆپتەری سەربازی توركیا ئێستا لە فڕۆكەخانەی بامەڕنێی سەربازی جێگیركراون، بۆ گواستنەوەی سەربازانی خۆیان بۆ چەند خاڵێكی سەرچیاكان، واتا ئاڵوگۆڕی هێزەكان لەناو توركیاوە نیە بۆ بەرەی شەڕ بەڵكو لە بنكە سەربازیەكانی توركیایە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان. 
سبەی یان دووسبەی چاوەڕوانی شەڕو  وپێكدادانی سەخت دەكرێت لە هەموو سنورەكانەوە لەبەر ئەوەی توركیا ئامادەكاری زۆری كردووەو جموجوڵەكانی زۆر زیادیكردووە، هەروەها چەكدارانی پەكەكەش ئامادەكاری زۆریان كردووە، 
لە هەردوولا ( توركیا و پەكەكە) كوشتن و بریندار زۆرە، بەڵام لە لایەنی سوپای توركیا كوشتن زۆر زیاترە وەك لە لایەنی پەكەكە.
لەو ئۆپراسیۆنانەدا لەشكری رۆژ بەشداربوون و خەڵكێكی زۆریان بانگ كردووەتەوەو پێش سێ رۆژ هەموویان پەیوەندیان كردووە بە فەوج و لیواكانیانەوەو ئێستا لەشكری رۆژ لە شیلادزێ و دێرەلوك جێگیركراون. 
كاتژمێر (8:30 تا 4:30) خولەكی رۆژی 19/20 – 4/2022 هێزێكی فەوجی یەكی لیوای 12ی پارتی چونەتە گوندی قوپان (موقەدەم مێڤان جێگری فەوجی یەك و رائید سەفوان) لەوێن و چوار بازگەیان داناوە و شۆفڵ و حەفارەیان پێیە بۆ درووستكردنی بازگەو ساتر، لەوێ جگە لە هێزەكانی زێرەڤانی و لەشكری رۆژ هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیشی لێجێگركراوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand