ئەندامانی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دانرانەوە
2022-04-17 18:22:50
(درەو):
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەندامانی دەستلەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندنی گەڕێندرانەوە بۆسەر پۆستەکانیان، عومەر سەید عەلی رازی نەبوو وەك رێكخەری گشتی دابنرێتەوە.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان توشی شکستێکی گەورە ھات و ھیچ کورسییەکی پەرلەمانی نەبردەوە، دوای ئەم شکستە رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەکە دەستیان لەكاركێشایەوە.
بڕیاربوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەکە شوێنی دەستلەکارکێشاوەکان پڕبکاتەوە، بەڵام ئەم کارەی پێنەکرا.
جڤاتەکە ئەمڕۆ کۆبووەوە، لەدوای رێککەوتنێک لەنێوان جەمسەرە ناکۆکەکانی ناو بزوتنەوەکەدا، ئەندامانی دەستلەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندنی گەڕاندەوە بۆسەر پۆستەکانیان، بەمشێوەیە:
* جەمال محەمەد سەرۆكی جڤاتی گشتی و ئەندامی خانەی راپەڕان
* سەفین مەلا قەرە ئەندامی خانەی راپەڕان
* شێخ كامیل پێنجوێنی ئەندامی خانەی راپەڕان
* ئاسۆ رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕان
بەڵام هەریەك لە (دەرباز محەمەد، برزۆ مەجید) ئامادەنەبوون بگەڕێنەوەو دابنرێنەوە، هاوكات عومەر سەید عەلی رازی نەبوو وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دابنرێتەوە.
سەرچاوەیەك لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانیدا، عومەر سەید عەلی وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دابنرێتەوە.
بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی بەدانانەوەی ئەو ئەندامانەی خانەی راپەڕاندن وەك "كاربەڕێكەر"و سەرپەرشتیاری (7) لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە تا كاتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و كۆنفرانس كە بڕیارە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوو بەرێوەبچێت.