كابینەی قەیرانەكان .. یەكەم ئەزمونی "برا گەورە"
2022-04-18 14:35:23
راپۆرت: درەو
ماجستێری لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان"دا هەیە، بەڵام لەسەردەمی حوكمدارێتی ئەودا، ناكۆكییەكان قوڵتر دەبنەوەو بەرەو دوو ئیدارەیی سەردەكێشن، ئەو مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە لەگەڵ وەزیرەكانی وەك پادشایەك مامەڵە دەكات، حكومەتەكەی لە دروشمی چاكسازیو سەقامگیرییەوە بەرەو حكومەتی قەیرانە یەك لەدوای یەكەكان دەڕوات، ئێران و توركیا هێرشەكانیان بەرەو چەقی هەرێم ئاراستە دەكەن، كابینەكەی لە (33) مانگی تەمەنیدا (8 ترلیۆن) دیناری موچەخۆرانی نەداوە، نرخی سوتەمەنی لەسەردەمی "براگەورە"دا بەرێژەی (40%) زیادی كردووە، قوڵایی ستراتیژی هەرێم لە بەغداوە بەرەو ئەنقەرەو دوبەی رۆیشت... زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
سەرۆك وەزیرانو بڕوانامەكەی
رۆژی 10ی تەموزی 2019 مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد، لەدوای كاركردن لە دەزگای پاراستنی پارتیو دواتر سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمجار بوو خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقی بكاتەوە.
بەهۆی كاركردنی لە بواری هەواڵگریو ئەمنیدا، هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دەكرا مەسرور بارزانی بەشێوەیەكی پۆلیسی حكومەت بەڕێوەببات، بەڵام ئەو كاتێك سیڤی خۆی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە نوسیبووی: بڕوانامەی ماجستێرم هەیە لە بواری "ئاشتیو چارەسەری ناكۆكییەكان" لەزانكۆی ئەمریكی لە (واشنتۆن دی سی)و شارەزایم هەیە لە "شێوەكارییو ئەسپسواریو مەلەوانی"، بەمە ویستی بەرگە ئەمنییەكە لەخۆی دابماڵێتو بەرگێكی مەدەنی بپۆشێت.
حوكمڕانییەكەی براگەورە
كابینەی نۆیەمی مەسرور بارزانی كە پارتییەكان بە "برا گەورە" ناوی دەبەن، كابینەیەكی سێقۆڵییە، واتە سێ لایەنی سەرەكی پێكیانهێناوە كە بریتین لە (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان).
حكومەتی سێقۆڵی (پارتیو یەكێتیو گۆڕان) لە فەرهەنگی سیاسیدا بە "ترۆیكا" ناودەبرێت واتە گالیسكەیەك كە سێ ئەسپ پێكەوە رایبكێشن، دوای نزیكەی سێ ساڵ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، هێشتا ئەسپەكان لەبارەی راكێشانی گالیسكەكەوە كۆكو تەبا نین، بڕوانامەكەی مەسرور بارزانی لە بواری "چارەسەری ناكۆكییەكان"، سودێكی ئەوتۆی بۆ چارەسەری ناكۆكی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت نەبووە، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا دوو ئیدارەیی تۆختر بووەتەوە، داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بەرێژەی 43% بۆ سنوری یەكێتیو 57% بۆ سنوری پارتی دابەشكراوە كە ئەمە پێوەری سەردەمی دوو ئیدارەیی پارتیو یەكێتییە، سێ حزبە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی ناكۆكن، ئەمە وایكردووە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە خەزێنەداری حكومەتی مەسرور بارزانییە نزیكەی دوو مانگە لەماڵەوە دانیشتووەو ناچێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، سەرباری ئەمە یەكێتی وەكو هێزی دەسەڵاتداری بەشێكی هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاتر پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی ئاڵۆزی تێكەوتووە، بەتایبەتی لەسەر پرسەكانی (هەڵبژاردن)و (پۆستی سەرۆك كۆمار)و (هەناردەكردنی غاز بۆ توركیا)، دۆخەكە بەرەو سەرهەڵدانەوەی دوو ئیدارەیی دەڕوات.
لەو ماوەیەی كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، زیاتر لەوەی وەكو سەرۆك حكومەتێك مامەڵە بكات، مەسرور بارزانی وەكو پادشایەك لەبەردەم وەزیرەكانی كابینەكەیدا دەركەوتووە، خۆی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزیرەكان ناكاتو وەزیرەكانی سپاردوو بە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەناو كۆبونەوەكانی حكومەتیشدا خۆی بابەتە گشتییەكان باسدەكاتو وردەكاریو وەڵامدانەوەی وەزیرەكان بۆ سەرۆكی دیوان بەجێ دەهێڵێت، ئەمەش بۆشاییەكی لەنێوان سەرۆكی حكومەتو وەزیرەكاندا دروستكردووە.
لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە واتە لە ساڵی 2020وە كۆبونەوەكانی حكومەتی لە بارەگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە گواستوەتەوە بۆ هۆڵی (سەعد عەبدوڵا)، تاوەكو ئەمدواییەش، دەبوو وەزیرەكان بەر لە كۆبونەوەو دیداری سەرۆك وەزیران پشكنینی كۆرۆنا بكەن، مەسرور بارزانی عادەتەن دوای وەزیرەكان دەچێتە هۆڵی كۆبونەوە، ئەمە بۆ ئەوەیە وەزیرەكان لەبەری هەستن بۆ پێشوازی.
مەسرور بارزانی نزیكەی ساڵێكە نەچوەتە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران، لە نوسینگەكەی خۆیەوە لە (پیرمام) كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات.
كابینەی قەیرانەكان
كابینەی مەسرور بارزانی كە بە دروشمی "چاكسازی" دەستبەكاربوو، دوای نزیكەی سێ ساڵ لە كاركردنی، دروشمو ناونیشانی گەورەی بووە بە "قەیران".
• كابینەی مەسرور بارزانی لەماوەی سێ ساڵ تەمەنیدا، هیچ یاسایەكی بودجەی نەبووە، واتە لە دەرەوەی چاودێری پەرلەمان خەرجییەكانی دەكات.
• ئەم كابینەیە دوای (8) مانگ لە دەستبەكاربوونی، بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە، دوچاری قەیرانی دارایی بوو، كابینەی مەسرور بارزانی لەماوەی (33) مانگی تەمەنی خۆیدا موچەی (8) مانگی موچەخۆرانی نەداوە، موچەی (7) مانگی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە (6 مانگ بە لێبڕینی 21%و مانگێكیش بە لێبڕینی 18%وە)، مەسرور بارزانی ئەم پارانەی موچەخۆرانی تەنانەت وەكو قەرزیش لەسەر خۆی ئەژمارنەكردووە، دەڵێ ئەو موچانەی نەدراون قەرزن لەسەر حكومەتی عێراق، ئەو موچانەشی كە بە لێبڕینەوە دابەشكراون خۆگونجاندنە لەگەڵ دۆخی داراییو نابێتە قەرز لەسەر شانی حكومەت، كۆی گشتی ئەو پارانەی كە كابینەی مەسرور بارزانی لە تەمەنی خۆیدا بە موچەخۆرانی نەداوە بڕەكەی (7 ترلیۆنو 150 ملیار) دینارە، كۆی گشتی ئەو بڕە پارەی كە بەهۆی لێبڕینەوە كەوتوەتە سەرشانی كابینەی مەسرور بارزانی بە بڕی (ترلیۆنێكو 320 ملیار) دینار ئەژمار دەكرێت، واتە بەگشتی كابینەی مەسرور بارزانی لە تەمەنی خۆیدا (8 ترلیۆنو 500 ملیار) دیناری موچەخۆرانی نەداوە.
• مەسرور بارزانی كە رەخنەی لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی كابینەكانی پێشتری نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای دەگرت، لەماوەی نزیكەی سێ ساڵی تەمەنی خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، قەرزەكانی سەرشانی هەرێمی كوردستانی لە (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلارەوە بۆ (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار بەرزكردەوە، واتە تەنیا لەو ماوەیەی كە مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، قەبارەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بڕی (4 ملیارو 88 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە.
• لەسەردەمی دەسەڵاتی مەسرور بارزانیدا، كۆچی كورد بەرەو تاراوگە زیادی كرد، لەو زەمەنەدا، كۆچبەری كورد رێگایەكی نوێ بۆ رزگاربوون لە نیشتمانەكەی دۆزییەوە، رێگای دەریای (ئیجە)ی یۆنانی گۆڕی بۆ سنورەكانی (بیلاڕوسیا)، دیمەنی كۆچبەری كورد لە سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەندا لە تشرینی دووەمی 2021دا ناوبانگی حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لەبەردەم رایگشتیو میدیاكانی جیهاندا زڕاند.
• بە بەراورد بە كابینەی نێچیرڤان بارزانی، نرخی بەنزین لە كابینەی مەسرور بارزانیدا بەرێژەی 40% زیادی كردووە، نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ لە كابینەی نێچیرڤان بارزانیدا بە (650) دینار بوو، ئێستا نرخەكە بۆ (هەزارو 50 دینار) زیادی كردووە، نرخی بەنزین لەكابینەی نۆدا گیرفانی شۆفێرانی تەكاندووە، لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنێكو 900 هەزار) ئۆتۆمبێل هەیەو رۆژانە پێویستیان بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزین هەیە، واتە رۆژانە شۆفێران زیاتر (5 ملیار) دینارو ساڵانەش زیاتر (2 ترلیۆنێك) دینار لە كڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە شوفێرانی عێراق لیتری بەنزین بە (450) دینار دەكڕن، بەوپێیەش شۆفێرانی هەرێم ساڵانە زیاتر لە (900 ملیار ) دینار زیاتر لە شۆفێرانی عێراق لە كڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، بەرزبونەوەی نرخ لە كابینەی مەسرور بارزانیدا لەكاتێكدایە كۆرۆنا بەرەو كەمبونەوە رۆیشتووەو نرخی نەوتیش بەرزبونەوەی پێوانەیی بەخۆوە بینیوە.
• ئەم كابینەیە لەسەرەتای دەستبەكاربونیەوە بەڵێنی ئەوەیدا بەغداد بكات بە قوڵایی ستراتیژی خۆی، بەڵام مەسرور بارزانی قوڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستانی بەرەو توركیاو ئیماراتی عەرەبی بردووە، لەوكاتەوە پۆستەی وەرگرتووە یەك جاری سەردانی بەغدادی كردووەو زیاتر لە سێجار سەردانی توركیاو ئیماراتی كردووە، حكومەتی مەسرور بارزانی بووە بە بەشێكە لە ململانێ ناوچەییەكانو ئەمەش فشاری خستوەتە سەر هەرێمی كوردستان.
• لەسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانیدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەدژی پرۆسەی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان یەكلاكردەوەو داوای كرد هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای ئەوەهات مەسرور بارزانی بڕیاریدا هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات.
• لەسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانیدا، هێرشی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچە سنورییەكانەوە پەڕییەوە بۆ چەقی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم (هێرشە موشەكییەكەی 13ی ئازاری رابردوو)، بەرەبەیانی ئەمڕۆش دوای رۆژێك لە دیداری مەسرور بارزانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، توركیا هێرشێكی سەربازی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستپێكرد.
• شوباتی 2021 لە پرسی ئازادی رادەربڕیندا، كابینەی مەسرور بارزانی لە كەیسی گیراوانی بادیناندا، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوبانگی زڕا، باڵیۆزی وڵاتان كاردانەوەیان نیشاندا، رۆژنامەی (فاینانشێڵ تایمز)ی بەریتانی نوسی" كوردستان بەرەو ستەمكاری دەڕوات"، مەسرور بارزانی لەناو حكومەتەوە فشار لە وەزیری لایەنە هاوپەیمانەكانی دەكات رەخنەگرتن لە میدیای حزبەكانیانەوە رابگرن، بەڵام میدیا تایبەتەكانی خۆی (كوردستان 24و باسنیوز) لە هێرشی بەردەوامدان بۆسەر حزبەكانو هەموو ئەو دەنگانەی لە دەرەوەی حزبە سیاسییەكان رەخنە لە مەسرور بارزانی دەگرن، بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین لەسەردەمی مەسرور بارزانیدا تەنانەت كەناڵی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانیشی گرتوەتەوە، مەسرور بارزانی لە وەزیرو بەرپرسانی پارتی قەدەغەكردووە قسە بۆ (رووداو) بكەن، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی (رووداو) موراعاتی ئاسایشی نەتەوەیی ناكات.
• مامەڵەی مەسرور بارزانی لەگەڵ پارچەكانی تری كوردستان بەتایبەتی (رۆژئاوای كوردستان) مامەڵەیەكی ئەمنی توندە، كە سەریكێشا بۆ داخستنی سنوری لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان بۆ ماوەی چەند مانگێكو دواتر بەنێوەندگیری ئەمریكییەكان دەروازی پیشخاپوری كردەوە.