"مشتومڕ لەنێوان وەزیری ئاوەدانكردنەوەو سەرۆكی زانكۆى چەرموو دروستبوو"
2022-09-11 16:05:39
(درەو):
دوێنێ لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، عومەر سەید عەلی رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی گۆڕان لەگەڵ تیمی گۆڕان لە حكومەتی خۆجێی سلێمانی كۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەدوای ئەم كۆبونەوەیە مشتومڕ تا حاڵەتی پێكهەڵپژان لەنێوان دانا عەبدولكەریمی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو سەرۆكی تیمی گۆڕان لە حكومەتو دكتۆر (هەڵەت رەشید) سەرۆكی زانكۆی (چەرموو) لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە.
(درەو) زانیویەتی، ناكۆكییەكە پەیوەندی بە بڕیاری لابردنی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی چەرموو بۆ كاروباری خوێندكارانەوە هەبووە، ئەو كەسەی ئێستا لەم پۆستەدایە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانەو دانا عەبدولكەریم داوای لە سەرۆكی زانكۆكە كردووە كار بكات بۆ ئەوەی ئەو مامۆستایە لە پۆستەكەی لانەبرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەرۆكی زانكۆی چەرموو بە دانا عەبدولكەریمی راگەیاندووە، رێگرتن لە لابردنی ئەو مامۆستایە لە پۆستەكەی لە دەسەڵاتی ئەودا نییە، بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵایە،ئەوە كاری نایاساییەو ئامادە نیە كاری نایاسایی بكات، ئەمە بوەتەهۆی توڕەبوونی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو تۆمەتبارىكردووە بەوەی لەژێر هەژموونی یەكێتیدايە، سەرۆكی زانكۆش وەڵامیداوەتەوەو وتوويەتى من ئەوەم باشە وەك تۆ نەبووم بە پارتی.
ئەم مشتومڕەی سەرۆكی زانكۆی چەرموو وای لە دانا عەبدولكەریم كردووە پاسەوانە تایبەتەكانی بانگ بكات، بەڵام دواجار رێگری لە بەریەككەوتنی نێوانیان كراوە.
رۆژی 5ی ئەیلولی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕكردنەوەی (7)ی پۆستی زانكۆی چەرموو بەشێوەی سیڤی راگەیاند، بەپێی ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاریكردووە، ئەوانەی ئەم پۆستانە پڕدەكەنەوە مەرجە كەسانێك بن كە هەڵگری بڕوانامەی (دكتۆرا)بنو نازناوی زانستییان (پرۆفیسۆری یاریدەدەر) بێتو خزمەتی زانكۆییان لە (10 ساڵ) كەمتر نەبێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەو مامۆستایەی كە بەهۆیەوە مشتومڕ لەنێوان سەرۆكی زانكۆی چەرموو و وەزیری ئاوەدانكردنەوە دروستبووە، دووان لە مەرجە داواكراوەكانی تێدا نییە.