دۆسیە یاساییەكەیان لە سلێمانییەوە گوازرایەوە بۆ هەولێر
2022-09-11 12:16:12
(درەو):
دۆسیەی سكاڵا یاساییەكەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانییەوە گوازرایەوە بۆ هەولێر.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دادگای بەرایی سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، لەسەر داوای بریكارەكەی لاهور شێخ جەنگیی، دۆسیەی سكاڵا یاساییەكەی لاهور شێخ جەنگیی لە دادگای سلێمانییەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگای هەولێر.
سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان داوای لە دادگایی بەرایی سلێمانی كردووە، دۆسیە یاساییەكەی (لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی) بگوازرێتەوە بۆ هەولێر بەمەبەستی پێداچوونەوەی دۆسیەكەیان لەسەر داوای بریكاری داواكار (لاهور جەنگی بورهان).
(درەو) زانیویەتی ئەمڕۆ دۆسیەكەی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی گواسترایەوە بۆ هەولێر.
ئەم دۆسیەیە پەیوەندیی بەتەقینەوەی ناكۆكی نێوان هەردوو هاوسەرۆكەكەی یەكێتی (لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی)یەوە هەیە لە رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021وە، كە یەكێك لە هاوسەرۆكەكان ئەوی تری لە حزب دورخستنەوە.
لەم رووداوانەدا بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای تۆمەتبار كرد بەوەی "ژەهرخوارد"ی كردووە، لاهور شێخ جەنگیش ئەوی تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی "كودەتا بەسەر شەرعیەت"ی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا.
ئەم دۆسیەیە هێشتا لەڕووی یاساییەوە یەكلانەكراوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم سكاڵا یاساییە كە لاهور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماریكردووە، دوو تەوەر لەخۆدەگرێت، تەوەری یەكەم پەیوەندیدارە دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكو تەوەری دووەمیش تایبەتە بە راگرتنی خەرجییەكانی هاوسەرۆكێك لەلایەن هاوسەرۆكەكەی ترەوە.
كۆتایی مانگی رابردوو دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر رووداوەكانی 8ی تەموزدا، سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوەو بە زۆرینەی دەنگ سیستەمی هاوسەرۆكایەتی هەڵوەشاندەوەو بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی جێگیركرد.
لاهور شێخ جەنگیی لەبارەی ئەو گۆڕانكارییەو كۆبونەوەكەی سەركردایەتییەوە تائێستا هیچ قسەیەكی نەكردووە.