Draw Media

(درەو) دەقی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی بڵاو دەكاتەوە

(درەو) دەقی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی بڵاو دەكاتەوە

2022-09-11 17:47:48


 
درەو:
بە پێی دەقی ئەو سكاڵاو داواكارییانەی كە لاهور شێخ جەنگی  لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماری كردووە و وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە، سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی تایبەتە بە بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی بۆ دوورخستنەوەی لە حزب و خەرجی و پێداویستی تێدانیە، نزیكەكانی دەڵێن پڕوپاگەندەیە.
بەهۆی دەسەڵات و هەیمەنەی بافڵ تاڵەبانیشەوە بەسەر پارێزگای سلێمانی، بریكاری لاهور شێخ جەنگی داوای كردووە كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەكی تری هەرێمی كوردستان. 
بەپێی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لە رۆژی 11/5/2022 لە دادگای كەرخی بەغداد لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماریكردووە هاتووە:
بافڵ تاڵەبانی هەستاوە بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی ئەمەش كارێكی نایاساییە، چونكە كۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتەو لە كۆنگرەدا دەنگی بەدەستهێناوەو متمانەی پێدراوە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی حزبی پێشێلكردووە، هاوكات گۆڕانكارییەكان پێچەوانەی بڕیارەكانی فەرمانگەی رێكخراوو حزبە سیاسیەكانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقە، داواكارن ئەو گۆڕانكارییانەی لە حزبدا كراوە رابگیرێت.
دوای ئەوەی لەسەر داوای بریكاری یاسایی بافڵ تاڵەبانی كەیسەكە گواسترایەوە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی، بریكاری یاسایی لاهور شێخ جەنگیش داوایكردووە كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەكی تری هەرێم.
بە پێی نوسراوی داواكاریی بریكارەكەی لاهور شێخ جەنگی كە دەست (درەو) كەوتووە تیایدا هاتووە: 
بریكارەكەم (لاهور شێخ جەنگی) لە دادگای كەرخی بەغداد سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە لەبەر ئەوەی لە حزب دووریخستووەتەوە، ئەمەش كارێكە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیە.
پارێزەری بافڵ تاڵەبانی داوایكردووە كەیسەكەی لە بەغدادەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوەی سلێمانی ناوچەی ژێر دەسەڵات و هەیمەنەی بافڵ تاڵەبانیە، هێزە حزبیەكانی بافڵ تاڵەبانی دەوری ماڵی لاهور شێخ جەنگیان گرتبوو، بۆیە داواكارین كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ هەر دادگایەك لە پارێزگایەكی تری هەرێمی كوردستان جگە لە سلێمانی. 
لە نوسراوێكی تردا سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەستەی شارستانی داوای لە دادگای بەرایی سلێمانی كردووە دۆسیەكە رەوانەی هەولێر بكەن بەمەبەستی پێداچوونەوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بە (درەو)ی راگەیاند، لە سكاڵاكانی لاهور شێخ جەنگیدا باس لە نایاسایی و ناپەیڕەوی بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی كراوەو بەهیچ شێوەیەك باسی خەرجی و پێداویستی نوسینگەو پاسەوان نەكراوەو بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتە پڕوپاگەندەیەو راست نیە.
ئەمڕۆ خشتەیەك لە سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوەو باس لە داواكارییەكانی (لاهور شێخ جەنگی) دەكات، كە خەرجی رۆژێكی (150) ملیۆن دینارە بەمشێوەیەك:
خەرجی رۆژانەی چێشتخانەكەی (85) ملیۆن دینار 
خەرجی رۆژانەی بەنزین (20) ملیۆن دینار
خەرجی بۆ غەسلی سەیارە (2 ) ملیۆن دینار 
خەرجی چاككردنی سەیارە (5 ) ملیۆن دینار  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand