Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند تا ئێستا لەسەرتاسەری عێراقدا كۆمسیۆن 56%ی كارتی دەنگدەرانی دابەشكردووە. حازم رودێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند ئەو رێژەیە لە كارتی دەنگدان كە دابەشكراوە مایەی رەزامەندی كۆمسیۆن نییە و داواشی لە هاوڵاتیان كرد سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆئەوەی لە مافی دەنگدان بێ‌ بەش نەبن و كارتی دەنگدان وەربگرنەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.  


كاندیدێكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبكات، بە روداوی هاتوچۆ كۆچی دواییكرد. محەمەد جەمیل مەیاحی وتەبێژی لیستی رەوتی حیكمە كە عەممار حەكیم سەرۆكاتی دەكات لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، هادی عەقابی كاندیدی رەوتەكەیان لە واست، بەهۆی روداوێكی هاتوچۆوە لەكاتی رۆیشتنی بۆ بەغداد بەمەبەستی بەشداریكردن لە راگەیاندنی كەمپەینی هەڵبژاردنی لیستەكە، كۆچی دواییكردووە. ئەمڕۆ بەشێوەیەكی فەرمی رەوتی حیكمە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی دەستپێكرد، لیستی حیكمە لە (16) پارێزگای عێراق كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لە شاری سلێمانی لیستەكەی حەكیم (16) كاندیدی هەیە. رەوتی حیكمە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی بە ناونیشانی "شەپۆلی شین" بەڕێوەدەبات و وەكو خۆی دەڵێ شارەكان لە شێواندنی و دانانی هەڕەمەكی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن دەپارێزێت. رەوتی حیكمە كە دوای جیابونەوەی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بڕیاریداوە هیچ پۆستەرێك لەسەر دیوارەكان هەڵنەواسێت، ئەمەش بەڕای هەندێك لە چاودێران سەرچڵییەكی هەڵبژاردنە كە رەنگە بە زیان بۆ لیستەكە كۆتایی بێت.  


وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی لایەنە سوننەكان دەكات بە ناوی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) باسلەوە دەكات هاوپەیمانێتییەكەیان نزیكایەتی هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرهەم ساڵح. هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئوسامە نوجێفی وەكو یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی پێكهاتەی سوننە لە عێراق رەتیدەكاتەوە سوننە ئامادەبێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت ئەگەر ئەو پۆستە دەسەڵاتی نەبێت، هاوكات لەگەڵ رەتكردنەوەی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان، نوجێفی سیاسەتی حكومەتی ناوەندی عێراقیش رەتدەكاتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەكو پارێزگاكان نەك وەكو هەرێمێكی دەستوری. (درەو) ژمارەیەك لەو پرسیار و وەڵامانەی كە بۆ خوێنەری كورد گرنگ وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی و لێرەدا بڵاوی دەكاتەوە. شەرقولئەوسەت: دوێنێ دوای دیدارەكەتان لەگەڵ سەید عەممار حەكیم راتانگەیاند ئێوە دژی زۆرینەی سیاسیین، سروشتی مەترسییەكانی ئێوە چۆنە ؟ ئوسامە نوجێفی: لە وڵاتێكدا كە پێوەرەكانی دیموكراسیەتێكی راستەقینە هەبێت، زۆرینەی سیاسی دەكرێت ناونیشانێكی ئاسایی بێت، لە عێراق مەودایەكی فراوان هەیە لەنێوان ئەوەی كە هەیە و ئەوەی كە پێویستە هەبێت. پاشان ئۆپۆزسیۆن لە عێراقدا پارێزراو نییە، ئەمە وادەكات تێگەیشتنی زۆرینەی سیاسی كە هەندێك لایەن باگەشەی بۆ دەكەن ببێت بە سەرەتایەك بۆ تاكڕەوی، لە واقیعدا بەوتای زۆرینەی شیعە دێت لەگەڵَ پەراوێزێكی سوننە و كورد، ئەمەش بەواتای دیكتاتۆریەتێكی نوێ دێت بەناوی زۆرینەی سیاسییەوە، لە عێراق هێشتا جیاوازیمان هەیە و پێویستمان بە قۆناغی ئایندە هەیە كە تێیدا بارودۆخەكە زیاتر پێبگات، بەجۆرێك حوكمڕانییەكی دیموكراتی دروستبكەین كە پێكبێت لە زۆرینەیەك كە حوكم بكات و كەمینەیەكیش كە ئۆپۆزسیۆن بێت، بەپێی بنەماكانی گەمەی دیموكراتی و دەستور، ئەوەش تائێستا فەراهەم نەبووە. شەرقولئەوسەت: ئێستا باس لە ئەگەری دابەشكردنی پۆستە باڵاكان دەكرێت لەنێوان كورد و عەرەبی سوننە، بەجۆرێك پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ عەرەبێكی سوننە دەبێت و كورد پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەردەگرێت، بەپێچەوانەی ئەوەی ئێستا هەیە، چۆن لەم بابەتە دەڕوانن، بەتایبەتی كە ناوی تۆ دەهێنرێت وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ؟ ئوسامە نوجێفی: سەرەتا دەبێت هەیبەتێك بە سەرۆكایەتی كۆمار بدرێت، لەبەرئەوەی بەداخەوە ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار هەیبەتی نییە، لەگەڵ ئەوەی كە بەپێی دەستور سەرۆكایەتی كۆمار پایەی كۆتایی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ئەوكات دەكرێت بیر لەوە بكرێتەوە ئەو پۆستە پشكی سوننە بێت. راستە سەركردەی سوننە هەیە لە روانگەی بازنە عەرەبییەكەی عێراقەوە داوادەكات ئەو پۆستە پشكی سوننە بێت، بەڵام پۆستێكی بێ دەسەڵات چ سودێكی دەبێت ! لەكاتێكدا دەسەڵاتێكی فراوان لای سەرۆكایەتی كۆمار هەیە بەڵام جێبەجێ ناكرێت، وەكو ئەوەی بویسترێت ئەو پۆستە بەشێوەیەكی رووكەش بمێنێتەوە. ئوسامە نوجێفی: دەبێت هەیبەتێك بە سەرۆكایەتی كۆمار بدرێت، لەبەرئەوەی بەداخەوە ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار هەیبەتی نییە شەرقولئەوسەت: تۆ ئێستا سەرۆكایەتی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) دەكەیت و چونەتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتووەوە، چانستان چۆنە ؟ ئایا كوتلەكەتان هاوئاهەنگە، بەتایبەتی دوای كشانەوەی شێخ خەمیس خەنجەر ؟ ئوسامە نوجێفی: ئێمە وەكو ئەوەی دەیبینین، بەپێی پێشبینییەكانیش، گەورەترین كوتلەی سونین، رۆڵی گرنگمان دەبێت لە دیمەنی سیاسی داهاتووی دوای هەڵبژاردنەكاندا، ئێمە گونجاوین، هەموو ئەوەی بڵاودەكرێتەوە لەبارەی ناكۆكی لەنێوان لایەنەكانی هاوپەیمانێتییەكە راست نین، لایەنە ركابەرەكانی لە پشتە. تەنانەت چونەدەرەوەی شێخ خەمیس خەنجەریش هەرگیز بەهۆی ناكۆكییەوە نەبووە، حزبەكەی (پرۆژەی عەرەبی) لەناو هاوپەیمانێتییەكە بووە. ناكۆكی لەبارەی ژمارەی پلەبەندییەكانەوە هەبوو، بەڵام بەخێرایی ئەو بابەتانە یەكلاكرانەوە، ئەوانە بابەتگەلێكن كە زیان بە بنەمای شەراكەت ناگەیەنن. شەرقولئەوسەت: هەموو سەرەنجەكان لەسەر دوای هەڵبژاردنەكانن، چ ئەو لایەنەی كە قەبارەی كوتلەكان دیاری دەكات یان هەڵبژاردنی حكومەت. چ كوتلەیەك لە ئێوەوە نزیكە بۆ هاوپەیمانێتییەكانی داهاتوو ؟ ئوسامە نوجێفی: هەندێك كوتلە هەن كە لەڕووی رێباز و روانگەوە لە ئێمەوە نزیكن، لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ كورد هەیە بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، هەروەها لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح. لەناو كوتلەكانی شیعەشدا حەكیم و موقتەدا سەدر و عەبادی نزیكن لە ئێمەوە. لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ كورد هەیە بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، هەروەها لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح شەرقولئەوسەت: ئایا پشتیوانی حەیدەر عەبادی دەكەن بۆ ویلایەتی دووەم ؟ ئوسامە نوجێفی: بەڵێ، پشتیوانی دەكەین بۆ ویلایەتی دووەم بەڵام بەمەرج، ئێمە كارنامەیەكی روون و شەراكەتێكی سیاسی راستەقینەمان دەوێت، بەڵام وەكو هاوبەشێكی گریمانەكراو دەمێنێتەوە. هەمان شتیش بۆ كەسایەتییەكانی تری وەكو حەكیم و سەدر، ئێمە وای دەبینین بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كەسایەتی بەڕێز و گرنگیان هەیە. شەرقولئەوسەت: پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر بە گۆڕانكاری زۆردا تێدەپەڕێت، چۆن لە سروشت و ئاستی ئەو پەیوەندییانە دەڕوانن ؟ ئوسامە نوجێفی: كێشەی كورد ئەوەیە ئەوان هەمیشە چاویان لە دەوڵەتی كوردییە، پەلەیان كرد لەو ریفراندۆمەی كە ساڵی رابردوو كردیان، دەستكەوتی زۆریان لەدەستدا كە لە ساڵانی رابردوو بەدەستیان هێنابوو. چوارچێوەی گشتی بۆ پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر بۆ ماوەیەكی زۆر لەدوای ساڵی 2003 وە وەكو لێكتێگەیشتنی نێوان شیعە- كورد مایەوە، ئێمە وەكو سوننە بەشێك نەبوین لێی. ئەوە لەسەر حسابی پرۆسەی سیاسی بوو. هەندێك شت لەنێوانیان هەیە ئێمە ئاگاداری نەبووین، بەڵام هێزی كورد لەبەرامبەر گەشەكردنی هێزی بەغداد لاواز دەبێت، تاوەكو گەیشتە ریفراندۆم، كە بەر لە خەڵكی تر كێشەی بۆ كورد دروستكرد، ئێمە دژی ریفراندۆم بوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی ئێستا تێبینی دەكەین شتێكی ناڕاستە، كوردستان هەرێمێكی دەستورییە، نابێت لەرێگەی مامەڵەكردن لەگەڵ كوردستان وەكو پارێزگاكان، دەستور پێشێلبكرێت.  


ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، كۆمسیۆن هیچ داوایەكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی بۆ كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەدەستنەگەیشتووە. ئەم قسەیەی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان وەڵامدانەوەیە بۆ راگەیەندراوێك كە لەسەر لاپەڕی تایبەتی سەرۆك وەزیران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە" حەیدەر عەبادی داوایەكی رەوانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردووە بۆ كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كە بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە دەستپێبكات، بۆ ئەوەی شەقامەكان پڕ نەكرێن لە لافیتەی بانگەشە و ئەو خەرجیانە كەمبكرێنەوە و بخرێنە شوێنێكی دروستەوە كە خزمەت بە خەڵك بكەن". سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆن لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (غەد پرێس) دەڵێت: ئەو ماوەیەی كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكراوە كاری كۆمسیۆنە و پێشتر كۆمسیۆن نوسراوی دەركردووە و هەڵمەتەكە بەشێوەیەكی فەرمی لە رۆژی 14ی نیسان دەستپێدەكات و 24 كاتژمێر بەر لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن رادەوەستێت". ریاز بەدران رایگەیاند، داواكردنی كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەچێتە خانەی بیروبۆچونی تایبەتیی سەرۆك وەزیرانەوە، كۆمسیۆن یاسا و سیاسەت و ستراتیژی تایبەت بەخۆی هەیە ئەو بڕیار دەدات لەسەر سیستمی هەڵمەتی هەڵبژاردن.  


بەپێی ئەو لیستەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە ( رەوتی حیكمەی نیشتیمانی) كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات لە پارێزگای سلێمانی ( 17 ) كاندیدی هەیە بۆ پەلەرمانی عێراق و هاوپەیمانی نیشتیمانی كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات ( 3 ) كاندیدی هەیە لە پارێزگای سلێمانی، هاوپەیمانێتی ( نەسر) كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات ، لە پارێزگای سلێمانی 11 كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەو پێیەش ئەو سێ لیستە 31 كاندیدیان هەیە لە پارێزگای سلێمان.   


بڕیارە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بە تاتوێكردنی ئەنجامی لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێكی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی و ژمارەیەك لەو پرۆژە یاسایانەی تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە ڕێكبخات. سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە "درەو میدیا" ی ڕاگەیاند: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە دواین دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان لە ڕۆژی سێ‌ شەممەی داهاتو بەڕێوەببات، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان پەرلەمان تۆمەتباركرا بە لەكارخستنی پەرلەمان بەبێ‌ هیچ پاڵپشتێكی یاسایی، لە كاتێكدا ژمارەیەك وەزیری حكومەتی عێراق لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە و لە قۆناغی دەنگدان و یەكلاكردنەوەیاندا ڕاگیراون، وێڕایی كۆمەڵێك پرۆژە یاسا كە دیارترینیان پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی و نەوت و غازە كە پێناچێت لەم خولەدا پەسەندبكرێن، هاوكات پڕۆژە یاساكانی چاودێری تەندروستی و خوێندنی ئیلزامی و كاروباری مەدەنی و توندوتیژی دژی ژنان بە پەسەندنەكراوی ماونەتەوە. سەرچاوەكە وتیشی: بەهۆی سەرقاڵبونی قەوارە سیاسیەكان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كە پێش دانیشتنی پەرلەمان دەستپێدەكات، تەواونەبوونی نیسابی یاسایی و شكستهێنانی ئەو دانیشتنە ئەگەرێكی بەهێزە، وتیشی: ژمارەیەك لە وەزیرانەی كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە خۆیان كاندیدكردوەتەوە و ئەوەش پێشێلكردنی دەستورە و سەرۆك وەزیرەكانی عێراق بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرێت، هاوكات ئەوەشی نەشاردەوە كە بەشێك لە كوتلە سیاسیەكان هەوڵی شكستپێهێنانی دانیشتنەكە بدەن تا وەك بانگەشەی هەڵبژاردن دژی لیستەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەكاریبهێنن.   


بەپێی ئەو لیستەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە هاوپەیمانێتی ( النصر)ی حەیدەر عەبادی، لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كاندیدی هەیە. بەپێی لیستەكە هاوپەیمانێتی نەسر لە پارێزگای هەولێر 9 كاندیدی هەیەو لە پارێزگای سلێمانی 11 كاندید و لە پارێزگای دهۆكیش 6 كاندیدی هەیە. واتا لە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم هاوپەیمانێتیەكەی عەبادی 26 كاندیدی هەیە. كە یەكێك لە كاندیدەكانی رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری گرتویەتیەوە، كە تایبەتە بە ریشەكێشكردنی بەعس.


بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهە لە پارێزگای نەینەوا  رایگەیاند فەرمانێكی نوێی دەستگیركردن بۆ ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەركراوە. بەپێی راگەیەندراوێك كە دەستەی نەزاهە لە ماڵپەڕەكەیدا بڵاویكردوەتەوە دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەسیل نوجێفی لەسەر بنەمای مادەی (340)ی یاسای سزادانی عێراقی دەركردووە، كە تایبەتە بە خەرجكردنی پارە لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزیفی خۆی لەوكاتەدا كە پارێزگار بووە. پێشتریش بەتاوانی قۆستنەوەی پۆستەكەی بۆ كاری نایاسایی، دادگای كەتنی رەسافە لە بەغداد بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر ئەسیل نوجێفیدا سەپاند.


ئیئتیلافی " النصر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەولێر بە لیستێكی نۆ كاندیدی بەشداریدەكات، ئەمەش بەقسەی ئیبراهیم سەمین كاندیدی ئیئتیلافی " النصر" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر. لە لێدوانێكیدا بۆ " غەد پرێس" ئیبراهیم سەمین كاندیدی  ئیئتیلافی " النصر" وتی " لیستەكەیان هەموو پێكهاتەكانی عێراقی لەخۆگرتووە و 80%ی كەسی نوێن و خاوەنی بڕوانامەی بەرزن و گەنجی ئەكادیمین." سەمین كە لە پێكهاتەی توركمانە وتیشی " گەلی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە هیوادارن دۆخەكە لەگەڵ بەغدا ئاسایی ببێتەوە و ئاشتی و ئاشتەوایی  سەقامگیر بێت." دەربارەی كاندیدەكانی لیستەكەی عەبادی لە هەرێمی كوردستان، سەمین رایگەیاند حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا رونیكردوەتەوە كە هەموو كەسێك ئازادە لە خۆپاڵاوتنیدا و نابێت هیچ كەسێك ررووبەڕووی تەنگ پێهەڵچنین ببێتەوە و یاسا مافی ستەملێكراون گەرەنتی دەكات. لیستەكەیان هەموو پێكهاتەكانی عێراقی لەخۆگرتووە و 80%ی كەسی نوێن و خاوەنی بڕوانامەی بەرزن و گەنجی ئەكادیمین."


راپۆرتی شیكاری تایبەت بە درەو / ئارام مەحمود  بەشی یەكەم   سازان و هاوبەشیی سیاسی (تەوافوق و شەراكەت) لەبنەمادا ئالیەتێكی گرنگ و كاریگەرە بۆ ئیدارەدانی قۆناغی ڕاگوزەر و زەمینەسازی بۆ دۆخێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی سەقامگیرتر، ئەمە وەك پردی پەڕینەوە و تێپەڕاندنی قۆناغێكی مێژویی بۆ ئەو ئەزمونانەی دوچاری قەیرانی سیاسی و ئاڵۆزی ئەمنی و پشێوی كۆمەڵایەتی دەبن لەسنوری جوگرافی نەتەوە و پێكهاتەیەكی دیاریكراودا، بەڵام بۆ جوگرافیایەك كە نەتەوە و ئیتن و ئاینی جیاوازی كۆكردبێتەوە، تەوافوق و شەراكەتی سیاسی دەكرێت ببێتە بنەمایەكی سەرەكی بۆ بەشداری ڕەنگە جیاوازەكان لەناوەندی بڕیاڕی سیاسی و دەستنیشانكردنی شێوازی ئیدارەدان و پێكەوە ژیان و چەسپاندنی بنەماكانی هاوڵاتیبون، عێراقی دوای سەدام یەكێكە لەو ئەزمونە سیاسیانەی لەدیمەنە گشتیەیەكەیدا هەڵگری ئەم چەمكەیە. تەوافوق و شەراكەتی سیاسی لەعێراقی نوێ، لەڕواڵەتدا جۆرێك لەهاوبەشیی سیاسی بۆ پێكهاتەكان مسۆگەركرد (شیعە و كورد و سونە) لەڕەحمی ئەم پرنسیپەوە جەستەیەكی مەعنەوی لەدایكبو بەناوی پرۆسەی سیاسی، بەڵام لەسەر زەمینی واقیع ئەم مۆدیلە لەدیموكراسی و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان لەپێكهاتنێكی حزبی ڕووت بۆ دابەشكردنی پۆست و ئیمتیازات بەناوی بەشداری پێكهاتە جیاوازەكان لەبڕیاڕی سیاسی بەولاوە شتێكی تر نەبو. سیستمی تەوافوقی سیاسی كە ئەمڕۆ ئۆباڵی زۆربەی كێشەكانی دەخرێتە پاڵ و كۆی كارەساتەكانی عێراق بۆ پیادەكردنی ئەم بنەمایە دەگێڕێتەوە، بەر لەوەی شكستی پرۆسەیەك بێت وەك سیستمی ئیدارەدان، شكستی ئەو سیاسیانەیە كە لەبەرگی ڕاستەقینەی خۆی دایانماڵی و پڕاوپڕی بەرگی خۆیان دورییان، لەواقیعدا ناشیرینكردنی ئەم مۆدیلە سیاسیە و لكاندنی ناوی پشكێنەی تائیفی پێوەی، لەسڕینی دەستی چەور و خۆ دزینەوەی نوخبەی فەرمانڕەوا لەبەرپرسیارێتی شتێكی تر نیە، تاكە ڕاستی لەم بابەتەدا ئەوەیە تەنها پۆست و ئیمتیازاتەكان لەژێر ناوی نەتەوەو تائیفەدا وەرگیراون و بەشكراون، دەنا لەسەر زەمینی واقیع تاكە بەهرەمەندی ئەم دەستكەوتانە حزبە هەژموندارەكان بون و لەناو ئەوانیشدا گروپ و دەستەی دیاریكراو پشكی شێریان بردوە، بۆیە دادوەرترین ناو كە شایستەی ئەم شێوازەبێت لەتەوافوق و شەراكەت، تەوافوقی حزبیە نەك پێكهاتنی نەتەوە وتائیفەكان. ئەگەر دۆزی كورد وەك نمونە وەربگرین، بەدرێژایی ململانێكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، كێشەی مافە نەتەوەییەكان و خاك و بەشداری ڕاستەقینەی لەبڕیاڕی سیاسی هەبوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی لەدوای 2003وە، چەندین پۆستی هەستیاری لەدەوڵەتی عێراق گرتۆتەدەست و یەكێك بوە لەیاریزانە سەرەكییەكانی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ، ئەمڕۆ و دوای 15 ساڵ جگە لەچارەسەرنەكردنی ئەوكێشانە دەیان كێشەی كەڵەكەبوی تریش هاتونەتە سەر كێشەكانی، بەجۆرێك لەئێستادا خەون و خەمی گەورەی خەڵكی كوردستان لەنەتەوەو خاك و بەشداریی سیاسیەوە بچوكبۆتەوە بۆ دابینكردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران كە سادەترین مافە لەبەرامبەر ئەركێكدا ئەدائی دەكات، كرێی كارێكە  بێ چەندوچون و زەوتكردن و منەتكاری دەبێت وەریبگرێت. لەواقیعدا شەراكەتی سیاسی لەعێراق نەكرایە پایەی چەسپاندنی  ئینساف و دادگەری و قەرەبوكردنەوەی مەزڵمویەت لەڕێی بەشداری پێكهاتەكان لە دروستكردنی بڕیاڕی سیاسی، بەڵكو بوە ئالیەتی بردنی زۆرترین پشك و ئیمتیازات بۆ هێزە خاوەن هەژمونەكان لەناو هەر یەكێك لە پێكهاتەكانشیدا، ئەمەش دوبارەكردنەوەی هەمان ئەزمونی ڕابردو بو لەپەراوێزخستنی سیاسی و سیاسەتی تەریكخستن لەبەرگێكی تردا و لوشدانی تەواوی پۆست و جومگە هەستیارەكانی دەوڵەت لەلایەن هەندێك هێزی دیاریكراو بەناوی تەوافوق و بەركەوتی نەتەوەیی، یان ئەوەی ناوی لێنراوە پشكێنەی تائیفی.  بەپێی هەندێك ئاماری ناڕەسمی نزیكەی 10 هەزار پۆستی باڵاو پلە تایبەت لەعێراق هەن، لەو ڕێژەیەش سەرو نیوەی پۆستەكان بەتەنها لەدەستی حزبی دەعوەدایە كە یەكێكە لەحزبە هەژموندارەكانی ماڵی شیعی و لە  2006وە لەلوتكەی دەسەڵاتی جێبكردندایە، ئەمەش بەڵگەیەكی ڕونە كەئەو سیستمە سیاسیەی لەعێراق ناوی نرا تەوافوق نەك سازان و شەراكەتی بۆ پێكهاتە جیاوازەكان پێنەبو، بەڵكو لەنێو هێزەكانی پێكهاتەكی دیاریكراویشدا بنەماكانی نەچەسپین.، بۆ كورد و سوننەش بەوشێوەیە بو، كۆی ئەو پۆستانەی وەك ئیستحقاق و بەركەوتی نەتەوەیی و تائیفی وەرگیران، بون بەموڵكی چەند هێزێكی دیاریكراو.   لوتكەی تەوافوق و هاوبەشی سیاسیی لەعێراق بەشێوەیەكی گشتی خۆی لە دابەشكردنی پۆستی سێ سەرۆكایەتیەكەدا دەبینێتەوە، كە ئەوانیش سەرۆكی كۆمار كە سێ خولە پشكی كوردە و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كە بەركەوتی پێكهاتەی شیعەیە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە پشكی سوننەكانە، بەپێی سیستمی تەواوفوق و شەراكەتی سیاسی هەریەك لەم پۆستانە لەڕواڵەتدا ئیستحقاقی پێكهاتەیەكی دیاریكراون، لەسەر زەمینی واقیعیش هەریەك لەم پۆستەتانە جارێكی تر بونەتەوە ئیستحقاق و موڵكی لایەنێكی دیاریكراو، ئەگەر سەرۆكایەتی كۆمار بەنمونە وەربگرین، پۆست و ئیمتیازاتەكان لەم دامەزراوە باڵایەی دەوڵەت بەتەنها تواناكانی لەپێكهاتەكانی تر بێبەشنەكردوە بەڵكو  بۆ خودی كەسێكیش كە لەپێكهاتەی كوردبێت مەحاڵە ئەگەر لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان نەبوبێت نەك بگاتە پۆستی سەرۆك كۆمار بەڵكو بواری ئەوە بڕەخسێنرێت وەك فەرمانبەریش كاری تیادابكات، لەكاتێكدا ئەو پۆستە لەسەر كورد وەك نەتەوە كراوە بەماڵ، وردتر لەمانەش زۆرینەی ئەو پۆستانەی كە وەك بەركەوتی نەتەوەیی بەر حزبەكان كەوتون وەك دەستكەوت و ئیمتیازی حزبی مامەڵە كراون، زۆرجار لەناو حزبیشدا دراون بە كۆمەلێك كەسی دیاریكراو كە پێوەری سەرەكی خزمخزمێنەو و وەلائی حیزبی و  شەخسی بوە نەك  پسپۆڕی و لێهاتوی و ئەزمون، ئەم ستایلە لەئیدارەدان لەحاڵەت دەرچوە و بۆتە دیاردە و بۆ تەواوی پۆست و هێز و لایەنەكانی تریش دروستە. ئەو ڕەدەڵ و بەدەڵە حزبیە لەگەڵ پۆست و تواناكانی دەوڵەت كرا بەناوی تەوافوقەوە، لەواقیعدا دورو نزیك هیچ پەیوەندییەكی بە تەوافوق وەك سیستم و شێوازێك لەپیادەكردنی دیموكراسی نەبوەو تەوافوقی وەك سیستمی بەڕێوەبەردن لەتەواوی مەعناكانی بەتاڵكردۆتەوەو دەوڵەتیشی لەمەفهومە گشتیە مەدەنیەكەی داماڵیوە كە پاراستن و پارێزگاریكردن لەمافی ئەندامەكانی كۆمەڵگا بەدەر لەئینتمای نەتەوەیی و ئاینی و فیكری بەشێكی سەرەكی وەزیفەكەیەتی. لەبنەمادا ئامانج لەخولقاندنی دیموكراسی تەوافوقی، چنین و داڕشتنی جۆرێكە لەپەیوەندیی سیاسی لەناو هێز و لایەنە ناكۆكەكان و بیركردنەوە جیاوازەكان كەلەدەرەنجامدا بێتەمایەی ئیدارەدانی دەوڵەت لەڕێی كۆكردنەوەی زۆرترین ئیجماعی نیشتمانی و سیاسی و كۆمەڵایەتی لەدەوری خۆی، سەركەوتنی شەراكەت و سازانی سیاسی پەیوەستبونێكی گەورەی هەیە بە تەوزیفنەكردنی ئایدۆلۆجیا و زەقنەكردنەوەی ململانێی تایفی و دینی و نەتەوەییەكان، هەروەك كاڵكردنەوەی ترس لەسڕینەوەو پەراوێزخستنی سیاسی ئەو پێكهاتانەی كە لەڕوی نفوزی سیاسی و مرۆییەوە توانای بەرگرییان نیە، لەبری ئەوە دەرفەتی ئامادەبونیان لەدەسەڵات و دروستكردنی بڕیاڕی سیاسی بۆ بڕەحسێت، بەڵام پرسیارەكەدا لێرەدا ئەوەیە، ئەم بنەمایانە تاچەند لەوسیستمە سیاسیەی ناوی تەوافوقە لەعێراق جێكراوەتەوە؟.   ئەو تەوافوقەی لەعێراق پیادەكراوە بەدەر لەڕێكەوتن و پێكهاتنێكی حزبی لەسەر دابەشكردنی ئەوەی پێیدەوترێت كێكی دەسەڵات، نەیتوانی لانی كەمی ئەم بنەمایانە بچەسپێنێت لەوەش كارەساتر شكستیهێنا لەدروستكردنی متمانە لەناو خودی ئەو هێزانە خۆشیان كە عەرابی ئەم پرۆسەیە بون، چی جای دروستكردنی پردی پەیوەندی و شۆڕكردنەوەی بنەماكانی یەكتر قبوڵكردن بۆ چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا. تەوافوق لەعێراق تا ئەو شوێنە چەتربو كۆمەلێك هێزو دونیابینی جیاوازی لەپرۆسەیەكدا كۆكردەوە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، ئامانجی سەرەكی لێی پیشاندانی وێنەیەكی جیاوازبو لەعێراق ڕابردو نەك بەرهەمهێنانی دونیایەكی جیاوازتر، دوای ئەزمونێك لەحوكمڕانی، لەبری قوڵبونەوەو ڕەگ داكوتانی زیاتری بنەماكانی ئەم چەمكە لەدیموكراسی و چەسپاندنی پایەكانی، پەرتبونی زیاتر و تۆخبونەوەی ململانێ و ناكۆكیی سیاسی زیاتر و قوڵتری بەرهەمهێنا، لەنێوان پێكهاتەكان لەلایەك و لایەنەكانی ناو هەر یەكێك لەم پێكهاتانەش لەلاكەی تر، لەوەش زیاتر توندبونەوەی ململانێ لەناوخۆی هێزەكان خولقاند، چونكە لەبنەمادا ئەم هێزانە نەك هەر بڕوایان بەدیموكراسی نەبو بەڵكو كەڵكەڵەی پەراوێزخستن و قۆڵبادانی بەرامبەرشیان تێنەپەڕاندو تائەوشوێنە تەوافوقیشان قبوڵبو كە بۆیان بوە پەیژەی گەیشتن بەدەسەڵات. هاوسەنگی پێكهاتەكان لەناو دامەزراوە جیاكانی دەوڵەتی عێراق كە بنەمایەكی گرنگ بو بۆ جێگیركردنی هاوبەشیی سیاسی، هەر زوو پێشێلكرا و لەبری ئەوە زەوتكردن جێگەی گرتەوە، بۆنمونە كورد وەك پێكهاتەیەكی گرنگی بەشدار لەپرۆسەی سیاسی ڕێژەیی ئامادەگی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەكۆی 328 كورسی، 62 كورسی هەیە  بە 3 كورسی كۆتاكانەوە خاوەنی 65 كورسیە كە دەكاتە 19.5%ە، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا ڕێژەیی ئامادەبونی لەناو دەسەڵاتی تەنفیزی لەنیوەی ئەو ڕێژەیە لاینەداوەو لەئێستادا ڕێژكەش زۆر لەخوار ئەوەوەیە یان لەجومگەیەكی هەستیاری وەك سوپای عێراق كە پێویست بو بكرێتە سوپای هەمو عێراقیەك، لەسەردەمی زێڕینیدا لە 5% تێنەپەڕاندوەو لەئێستاشدا ئەو ڕێژەیە لەخواری 1% یەكەوە. جگە لەوەش لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا زۆربەی ئەو پۆستانەی لەدەستی كوردابون و بەرپرسەكانیان خانەنشین كراون یان دورخراونەتەوە نەدراونەتەوە بەكورد و بەكەسانی غەیرە كورد پڕكراونەتەوە، كورد لەم وێنەیەدا وەك قوربانی دەردەكەوێت، بەردەوام تەوافوق و ئیجماعی سیاسیشی وەك قەڵغانێك بۆ پاراستنی مافەكانی خۆی زانیوە و ئێستاشی لەسەربێت بەتۆخی بەرگری لەبنەمای تەوافوق و سازان دەكات لەعێراق، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە كاتێك خۆی دەبێت بەزۆرینە، بەزەقی ئەم بنەمایە پێشێلدەكات و ئیجماع لەبەرچاوناگرێت.  لەسەروبەندی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا لایەنە كوردییەكان لەكەركوك چی لەمەسەلەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و چی لەبڕیاڕی بەشداریپێكردنی شارەكە لە پرۆسەی ڕیفراندۆم هیچ حسابێكیان بۆ پێكهاتەكانی نەكرد و بڕیارەكانیان بەزۆرینەو كەمینە لەئەنجومەنی پارێزگا و كۆبونەوە حزبیەكان یەكلاكردەوە، بەغداش هەروایكرد، وێڕایی ئەوەی بەهێز كێشەكانی یەكلاكردەوە وپشكۆی ململانێ نەتەوەیی و تائیفیەكانی بۆ ماوەیەكی درێژتر گەشاندەوە، پرسی بودجە و قوتی خەڵكی كوردستانیشی خستە بازاڕی زۆرینەو كەمینەو لەسەر بنەمای دۆڕاو و براوە بڕیاری لەبارەوەدا. هەمو ئەمانە بەڵگەی ڕونن لەسەر ئەوەی بنەمای تەوافوق و شەراكەتی سیاسی لەعێراق بەو شێوازەشی كە پیادەكراوە كۆتایهاتوە و تەنها مەرگی ڕانەگەیەندراوە ئەگینا لەسەر زەمینی واقیع وەلانراوە و كاری پێناكرێت، ئەوە وێڕایی ئەوەی لەحەقیقەتدا ئەم مۆدیلە لەدیموكراسی بەمەعنا ڕاستەقینەكەی بونی نەبوە و هەرچی لەژێر ئەو ناوەشدا كراوە بوهتانێكی سیاسی ڕوت بوە.  


وەزیری نەوتی عێراق لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان تۆماركرد و داوادەكات هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بۆ دەرەوە رابگرێت. ئیاس سامۆك وتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی دادوەر مدحەت مەحمود و ئامادەبونی هەموو ئەندامانی كۆبوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا تەماشای داوایەكی كردووە كە وەزیری نەوتی فیدراڵی لەدژی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان پێشكەشی كردووە. وتەبێژی دادگای فیدراڵ ئاماژە بەوەدەكات، سكاڵاكار كە وەزیری نەوتی عێراقە داوایكردووە حوكمێك دەربچێت بۆ راگرتنی هەناردەی نەوت بەشێوەی راستەخۆ لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوە هەروەها ئەو پارانەی نەوتیش بگەڕێنرێتەوە كە پێشتر هەرێمی كوردستان فرۆشتویەتی، بەڵام دادگا بەمەبەستی پێدانی دەرفەتی یاسایی بە هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی بەڵگەكانیان بخەنەڕوو، بڕیاریداوە دانیشتنەكە بۆ رۆژی شەشی ئایاری داهاتوو دوابخات. پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە بە نەوتی كەركوكەوە (600 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، بەڵام لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئێستا بەپێی خستنە رووی خشتەی مانگانەی كۆمپانیای (سۆمۆ)، لە مانگی سێ واتا ئازاری 2018 دا هەرێم بڕی (10 ملیۆن و 189 هەزارو 950) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە كە رۆژانە دەكاتە ( 328 هەزارو 708). چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت یەكێكە لە بابەتە جێناكۆكەكان لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەماوەی رابردودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، حكومەتی عێراق ئەمە بە پێشێلكردنی دەستور دەزانێ و دەڵێت نەوت سامانێكی نیشتیمانییە و موڵكی هەموو عێراقییەكانە، بەو فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ، حكومەتی بەغداد پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی بڕی. یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم رێككەوتنی بواری نەوت لەنێوان بەغداد و هەرێمی كوردستان نەبوونی یاسای تایبەت بە نەوت و غازە لە عێراق. بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت، حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان چەندجارێك رێككەوتنیان كردووە بەڵام هیچ یەكێك لەو رێككەوتنانە نەچوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.


موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، لە ناوچە جێناكۆكەكان دەبێت كاروبار تەنیا بە دەست سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بێت. ئەم قسەی موقتەدا سەدر وەڵامدانەوە بوو بۆ لێدوانێكی پەرلەمانتارێكی كورد كە ئاماژەی بەوەكرد، نیمچە رێككەوتنێك هەیە بۆ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان كە دوای 16ی ئۆكتۆبەرو ریفراندۆمەوە ئەو ناوچانەیان چۆڵكرد و كشانەوە. سەدر لە نوسراوێكدا كە وەڵامی پرسیارێكی داوەتەوە لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان دەڵێ: ئەوەی كە دەبێت تەنیا كاروبار بەدەست سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بێت بەتەنیا ناوچە جێناكۆكەكان ناگرێتەوە، بەڵكو بۆ هەموو بستێكە لە خاكی عێراق.


سایتە ئەلیكترۆنییەكان سەربە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەی عێراق تۆمارێكی ڤیدیۆیی عیزەت دوری ئەمینداری گشتی حزبی بەعسیان بڵاوكردەوە كە بەبۆنەی 71 ساڵڕۆژی دامەزراندنی بەعسەوە بڵاویكردوەتەوە. لە تۆمارەكەدا عیزەت دوری وەكو ئاماژەیەك بۆ حكومەتی ئێستای عێراق دەڵێ" ئەگەر هەموو عێراقییەكان ئازاد نەكرێن، جەنگ لەدژی حكومەتی سەفەوی و پێگەكانی عێراق بەرپا دەكەین و لە بەرژەوەندی وڵاتانی عەرەب و خۆرئاوا دەدەین كە پشتیوانی حكومەتی سەفەوی دەكەن". عیزەت دوری ئاماژە بەوەدەكات، سەرباری هەموو شتێك پاڵپشتی سعودیە دەكەن، چونكە دەزانن سعودیە روبەروی پیلانگێڕییەكی هاوشێوەی عێراق و لیبیا و یەمەن دەبێتەوە و لەوبارەیەوە دەڵێ: با سعودیە و وڵاتانی كەنداو بزانن لەدەستدانی قەتەر یان پەراوێزخستنی سەرەتا زیانە بۆ وڵاتانی كەنداو پاشان بۆ گەلی عەرەب، با قەتەریش بزانێ ئەو بە لەدەستدانی وڵاتانی كەنداو هیچ شتێك نییە ئەگەر هەموو جیهانیشی لەگەڵ بێت. عیزەت دوری كە لەدوای روخانی رژێمەكەی سەددامەوە بێسەروشوێنە لە بەشێكی تری وتارەكەیدا رایگەیاند" تاوەكو رۆژی قیامەت ترەمپ گورز لە ئێران ناوەشێنێ". لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت، عیزەت دوری دەڵێ: ئەوەی كە لە خولی هەڵبژاردنی داهاتوو دێتە پێشەوە زۆر خراپترە لە خراپەكانی پێشتر. عیزەت دوری كە لەلایەن دادگای عێراقەوە داوا كراوە باسلەوە دەكات" ئەگەر گۆڕانكاری ریشەیی لە عێراق رونەدات و یاساكانی ریشەكێشكردن و قەدەغەكردنی بەعس هەڵنەوەشێنەوە، شەڕدەكەن و سیمبولەكانی پرۆسەی سیاسی و بەكرێگیراوان و ناپاكەكان دەكەنە ئامانج و لە بەرژەوەندی سەربازی و ئابوری وڵاتان دەدەن لەسەر خاكی عێراق و دژی بونی عێراق لەسەر خاكی عێراق شەڕ دەكەن".  حیزبی بەعس ساڵی 1947 لە دیمەشق دامەزراوە، ئەم حزبە ئازاری 1963 وە دەسەڵاتی لە سوریا بەدەستەوەیە، لە عێراقیش لە 17ی تەموزی 1968وە دەسەڵاتی گرتەدەست تاوەكو روخانی رژێمی سەددام لە رۆژی 9ی نیسانی 2003دا.


"رەغدی كچی سەددام حسێن لای ئێمە پەنابەرە، ئەگەر بسەلمێت پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە چاوپۆشی لێناكەین" ئەمە قسەی عاتف تەراونە سەرۆكی پەرلەمانی ئوردنە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (یوم سابع)، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن رایگەیاند، هیچ یەكێك لە سەركردەكانی رژێمی پێشووی عێراق لە ئوردندا نین، تەنیا رەغدی كچی سەددام حسێن لە ئوردنە، ئەویش پەناهەندەیە و لە میوانداریكردنیشیدا یاسای ئوردن پێشێلنەكراوە. سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن وتی: شانشینی ئوردن هەر هاوڵاتییەكی ئوردنی یاخود بیانی دادگایی دەكات كە زیان بە وڵاتانی دراوسێ بگەیەنێت. لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی رەغدی كچی سەددام حسێن پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن ئاماژە بەوەدەكات، دادگا هەیە، ئەگەر ئەو یان هەر كەسێكی تر ئیدانە بكرێت بە تیرۆر، ئوردن چاوپۆشی لێناكات، سەرباری ئەمە چەند پێوەرێك هەن بۆ نیشتەجێبونی لە ئوردن و ئەو میوانە و لە چوارچێوەی رێگەپێدراو دەرنەچووە كە یاسای ئوردنی دیاریكردووە، لەناو خاكی ئوردنەوە هیچ چالاكییەكی سیاسی نەكردووە زیان بە عێراق بگەیەنێت. ئەم قسانەی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن دوای ئەوەدێت رۆژی 5ی شوباتی ئەمساڵ حكومەتی عێراق لیستی ناوەی (60) داواكراوی بڵاوكردەوە كە لەناویاندا یەكێكیان رەغدی كچی سەددام حسێن بوو. لە یەكەم كاردانەوەدا دوای بڵاوبونەوەی ناوەكەی لەو لیستە، رەغد رایگەیاند، ئەو لەدوای مردنی باوكییەوە هیچ لێدوانێكی نەداوە و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی ناوی لەو لیستەدا دانراوە، بۆیە سكاڵای یاسای لەسەر هەموو ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە ناویان زڕاندووە. رەغد سەددام حسێن •    1968 لەدایكبووە •    هاوسەری حسێن كامیلە كە ساڵی 1996 بە فەرمانی سەددام حسێن كوژرا •    پێنج منداڵی هەیە بە ناوەكانی (عەلی- حەریر- وەهج- سەددام- بەنان) •    لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لەگەڵ منداڵەكانیدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەژی و میوانی خێزانی شاهانەی ئوردنە •    زۆر سەرسامە بە كەسایەتی باوكی، سەددام كاتێك لە زیندان بووە چەندینجار نامەی بۆ رەغد ناردووە •    تاكە ئەندامی خێزانی سەددام حسێنە كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە چالاكی سیاسی كردووە


بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لیستی كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیارە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، پەسەندكراوە. بەمەبەستی وردبینیكردن لە ناوی كاندیدەكان، كۆمسیۆن لیستی كاندیدی هەموو لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری و بەڵگەی تاوان و وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی و پەروەردە كرد، پەسەندكردنی لیستی كۆتایی كاندیدەكان دوای گەڕانەوەی ناوی كاندیدەكان هات لەلایەن ئەو دەستە و وەزارەتانەوە. ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە پەسەندكراون گەیشتوەتە (6 هەزارو 986) كاندید، لەم ژمارەیە (4 هەزارو 972) كاندیدیان پیاو و (2014) كاندید ژنن. ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری گرتونیەتەوە گەیشتوەتە (337) كاندید، لەم ژمارەیە لیست و هاوپەیمانێتییەكان ناوی (220) كاندیدیان گۆڕیوە، (21) كاندیدیش تانەیان پێشكەشكردووە و تانەكانیان پەسەندكراوە، بەشێوەیەكی گشتیش (96) كاندید بەهۆی رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەرییەوە دورخراونەتەوە و لەلایەن لیست و هاوپەیمانێتییەكانیانەوە بەر لە دورخستنەوەیان نەگۆڕدراون. ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە كارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بوون و بەوهۆیەوە دورخراونەتەوە (43) كاندید بووە، (2) كاندیدیش لە وەزارەتی بەرگری، (35) كاندیدیش بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی خوێندن دورخراونەتەوە. بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە بەهۆكارە جیاجیاكان دورخراونەتەوە گەیشتوەتە (176) كاندید.  (54) كاندیدیش خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كشاونەتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand