Draw Media

گۆرانیبێژێكی بەناوبانگی عێراق كاندیدە

گۆرانیبێژێكی بەناوبانگی عێراق كاندیدە

2018-04-18 07:53:03


فازل عەواد كە گۆرانیبێژێكی بەناوبانگی حەفتاكانی سەدەی رابردووی عێراقە، خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندید كردووە.
فازل عەواد لەسەر لیستی (ئیئتیلافی نیشتیمانی) خۆی كاندید كردووە كە ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە جاری یەكەمە گۆرانیبێژێكی عێراقی خۆی كاندید بكات.
لەبارەی خۆكاندیدكردنی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، فازل عەواد دەڵێ: پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە لە وڵاتدا، دەنگی بیستراوە، دەمەوێت لەڕێگەیەوە بەرگری لە ستەملێكراوان و هونەرمەندان بكەم، ئەوە كاری لە پێشینەی منە.
فازل عەواد یەكێكە لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەكانی حەفتاكانی عێراق و لە ریزی گۆرانیبێژان حسێن نیعمە و یاس خزر و حەمید مەنسور و سەعدون جابردایە، ئەو ساڵی 1942 لە بەغداد لە دایكبووە، نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەهۆی ئەوەی عودەی كوڕی سەددام حسێن تەنگی پێهەڵچنیوە، عێراقی جێهێشتووە و روی لە لیبیا كردووە و لەوێ بووە بە مامۆستای زمانی عەرەبی، دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق گەڕاوەتەوە.
فازل عەواد لە بواری خوێندندا بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەدەبی عەرەبیدا لە زانكۆی موستەنسەریە بەدەستهێناوە.
عەواد خاوەنی ژمارەیەك گۆرانییە كە لای گوێگرانی عەرەب ئاشنیایە و زۆربەی هونەرمەندانی عەرەبی ئەو گۆرانیانەیان وتوەتەوە لەوانە گۆڕانییەكانی (لا خبر- حاسبینك- یالجمالك سومری..).
بەپێی زانیارییەكان جگە لە هونەرمەندان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، تەنیا لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكان لانی كەم (20) رۆژنامەنوسیان كاندید كردووە.

یەكێك لە گۆرانییەكانی فازل عەواد

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand