Draw Media

عەبادی: پەنا بۆ جیاكردنەوە و ئەژماردنی دەستی دەنگەكان دەبەین

عەبادی: پەنا بۆ جیاكردنەوە و ئەژماردنی دەستی دەنگەكان دەبەین

2018-04-24 19:01:26


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر تانە لە وێستگەیەكی دەنگدان بدرێت یان باس لە دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكرێت، ئەوا پەنا بۆ جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبەن كە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وتی :" ئامێری ئەلكیترۆنییەكانی تایبت بە جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان زۆر پێشكەوتوون، و چاودێریش دەكرێت بۆئەوەی گەرەنتی دەستكاری نەكردنی ئەنجامەكان بكرێت".
وتیشی:" پرۆسەی دەنگدان بە كارتی دەنگدان دەبێت، بەڵام جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی دەبێت و بەو ئامێرانە دەكرێت، بەڵام لە حاڵەتێكدا ئەگەر تانە لە وێستگەیەك بدرێت، یان دەستكاری ئەنجامەكان بكرێت، ئەوا پەنا بۆ جیاكردنەوە و ژماردنی دەستی دەبەین.

كورتەی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی حەیدەر عەبادی/ 24ی نیسانی2018
===================
•    عێراقییەكان بەرەو قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی حكومەتی نوێ‌، ئەركی حكومەتی ئێستایە سەرجەم پێداوێستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنێكی تەواو دابینبكات و و پارێزگاری لە بنكەكانی دەنگدان بكات و كەشێكی ئەمنی باش بڕەخسێنێت.
•    حكومەت هەموو بەرپرسیارێتییەكانی سەرشانی دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردن جێبەجێدەكات، بۆئەوەی هەمووان بەشداری دەنگدان بكەن لەوانەش ئاوارەكان و هێزە ئەمنییەكان.
•    پێویستە هەڵبژاردنەكان لە ژێر رۆشنایی رێوشوێنە دروست و رێنماییە یاساییەكان بەڕێوەبچێت كە كۆمسیۆن ئێستا جێبەجێیان دەكات ئەوەشی كە پەیوەندی بە بانگەشەی كاندیدەكان و بەرنامەكانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
•    پێویستە لەسەر كۆمسیۆن كارەكانی بەوپەڕی بێ لایەنی و سەربەخۆییەوە جێبەجێ بكات و پێویستە روونكردنەوەی پێویست بە هەموو كوتلە سیاسییەكان و هاوڵاتیان و دەنگدەران بدرێت و گەرەنتی سەلامەتی هەڵبژاردنەكان و بەڕێوەچوونی بكرێت.
•    پاراستنی دەستكەوتەكانی هەڵبژاردنەكان زۆر گرنگە، هۆشداریدەدەین لە یاریكردن بە پرۆسەی هەڵبژاردن و هەموو رێوشوێنێكی بەرپەرچدەرەوە و توندترین سزا لەدژی ئەوانە دەگرینەبەر كە دەستكاری هەڵبژاردنەكان دەكەن، هەر كەسێك بێت، هاوڵاتی ئاشایی یان كاندید یان چاودێر.
•    ئەوەی بیر لە دەرچوونی یاسایەكی لێبوردنی گشتی تر دەكاتەوە، ئەوا دەرناچێت، سزای سەرپێچیكاران دەدرێت و گوشاردەكەین بە ئاراستەی سەپاندنی غەرامەی دارایی لەسەر ئەوانەی ساختەكاریان كردووە بۆ هەڵبژاردن.
•    فەرمانێكمان دەركردووە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە چەكدارانی داع لە ناو خاكی سوریا بە گوێرەی زانیاری هەواڵگری و بە هێرشی ئاسمانی ورد و چەند سەركردە و ئەندامێكیانمان برینداركردوووە و بەردەوام دەبین و رێگەیان پێنادەین لەسەر خاكی عێراق هەبن.
•     زۆربەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی دەربارەی داعش بەدەستمان دەگات لە هاوڵاتیانەوەیە، و ئەوەش قەبارەی هاوكاری هاوڵاتیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا نیشاندەدات.
•    بەردەوام دەبین لە پاككردنەوەی هەموو ناوچەكانی شوێنی نیشتجێ بوون لە شانەكانی داعش و هیچ رۆژێك تێ‌ ناپەڕێت كە چەند تیرۆریستێك دەستگیر نەكەین و چەك و تەقەمەنی نەدۆزینەوە.
•    هۆشداری دەدەین لە بڵاوكردنەوەی هەر زانیارییەك كە خزمەت بە داعش بكات و ئەوەی چەند رۆژێك دەربارەی داگیركردنی گوندێك لەلایەن داعشەوە بڵاوكرایەوە دۆر بوو، داعش دزەی كردووەتە ناو هەندێك لە دەزگاو دامەزراوە میدیاییەكان.
•    بەهۆی تای هەڵبژاردنەوە چەند میدیایەك هەواڵ هەڵدەبەستن و بە خێرایی و بێ‌ لێكۆڵینەوە لە دروستی بڵاویدەكەنەوە بۆ ئەوەی تانە لە حكومەت بدەن و ئەوەش بانگەشەیەكی خۆڕاییە بۆ داعش.
•    هۆشداریدەدەم لە یاریكردن بە دۆسیەی ئەمنی و بەرژوەندییەكانی هاوڵاتیان لە رێگەی بڵاوكردنەوەی پروپاگەندەی زۆروە، ئەوە لادانێكی مەترسیدارە و رێگە نادەین هیچ میدیایەك زیان بە بنچینە نیشتمانییەكان بگەیەنێت.
•    هەواڵی راگرتنی دەرماڵی هێزە ئەمنییەكان پروپاگەندەیەكی درۆیە و رانەگیراوە و ئەوە دریە، ئەوەشی ئەو هەواڵی ناڕاستانە بڵاودەكاتەوە وای لێكدەداتەوە كە دەنگی هێزە ئەمنییەكان لە رێگەی ئەو دۆریانەوە بەدەستدەهێنێت ئەوا رێگایەكی شكستخواردووە.
•    بەردەوامین لە دابینكردنی هەموو پێدوایستی هێزە ئەمنییەكان.
•    هێزە ئەمنییەكانمان لە قۆناغی داڕمانەوە لە ساڵی 2014 بوون بە هێزێكی نیشتمانی و خەڵك باسیان دەكەن و شانازیان پێوەدەكەن، سوپای عێراق بووە بە یەكێك لەبەهێزترین سوپاكانی ناوچەكە.
•    بەردەوامین لە سەردانەكانمان بۆ پارێزگاكان بە شێوەیەكی گشتی و دۆخی خزمەتگوزرایی و ئاوەدانكردنەوەمان بینی و سەردانی خێزانی شەهیدەكانمان كرد و بازاڕەكانمان بەسەركردەوە، و بەردەوامین لە هەڵمەتی بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی حزمەتگوزارییەكان و عەیبە نییە كە سەردانی هاوڵاتیان بكەین و ئاگاداری رەوشیی خزمەتگوزاریان بین و هانیان بدەین بۆئەوەی دەنگ بدەن و دەنگیان نەشارنەوە و ئەوەش ئەركی منە وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق.
•    داوامان كردووە كوبوونەوەیەكی بەپەلەی ی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكرێت دەربارەی ئەوەی كە هەندێك لە هاوڵاتیانی فەلوجە و ناحییەكانی تر كارتی دەنگدەریان وەرنەگرتووەتەوە و دابەشكردنی كارتی دەنگدان لە نەینەوا بەرەوپێچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
•    بەردەوامین لە گرتنبەری رێوشوێنی تەواو دژ بە گەندەڵەكان، گەندەڵەكانی ریزی یەكەم ئەگەر گەندەڵیان نەبێت لە ریزی دووەم و سێییەم ناتوانن گەندەڵی بكەن، كاردەكەین بۆئەوەی باڵیان ببڕین لە رێگەی لێكۆڵینەوەی تاوان و بەدواداچوونی پارەكانیان و لابردنیان و گەمارۆدانیان.
•    لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆژەكانی بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوە رێگە بە گەڕانەوەی گەندەڵەكان نادەین.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand