حزبەكان باڵی سەربازیشیان هەیە و بەشداری هەڵبژاردنیش دەكەن
.gif)
2018-04-22 12:29:17
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
بە گوێرەی یەكەمین هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 45ی ساڵی 2013 دا، كە رۆژی 22 كانونی دووەمی 2018 دەنگی لەسەردرا، تیایدا لە بڕگەی چوارەمی مادەی چوارەمی یاساكەدا هاتووە" نابێت ئەو حزبانەی كە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن باڵی چەكداریان هەبێت."
بە گوێرەی ئەم بڕگەیە ئەو حزبانەی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا باڵی سەربازییان هەیە فێڵی یاساییان كردووە بۆ شەرعییەتدان بە مانەوەی هێزە چەكدارەكانیان و خۆدەربازكردن لەو بڕگە یاساییە.
هێزە عێراقییەكان ئەوانەی باڵی چەكداریان هەیە لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبی رێكخراونەتەوە و هێزەكانی پارتی و یەكێتیش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هێزەكانیان رێكخراون، هەرچەندە ئەو حێزانە هەژموونی ئەو حزبانەیان بەسەرەوەیە و بە فەرمانی ئەوان كاردەكەن.
سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق بە " درەو میدیا" ی راگەیاند: هێزەكانی حەشدی شەعبی بە گوێرەی یاسا بە دامەزراوەیی كراوە و بوەتە هێزێكی سەربە حكومەتی عێراق و هێزەكانی پارتی و یەكێتیش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكخراون."
ئەگەرچی بە یاسا هێزە چەكدارەكان خراونەتە سەر حكومەت، بەڵام بەردەوام ئەو حزبەكان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەكاریاندەهێنن و فشاریان لێدەكەن كە دەنگ بە لیستەكانیان بدەن.
شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا دەڵێت:" نابێ رێگە بە پارتی و یەكێتی بدرێ بەشداری هەڵبژاردنە گشتییەكان بكەن، بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆیان نیە وەك حیزبی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن. بەپێی مادەی پازدەیەم لە یاسای " حزبەكانی هەرێمی كوردستان" ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ ی پەرلەمانی كوردستان و مادەی هەشت و مادەی 32 لە یاسای "الاحزاب السیاسیە" ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠١٥ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پارتی و یەكێتی سیفەتی حیزبی سیاسییان نیە. چونكە هەردووكیان خاوەن هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیانن. ئاشكرایە كە یەكەكانی 80 و هێزەكانی زێرەڤانی هێزی پارتی دیموكراتی كوردستانن و یەكەكانی 70 و هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن هێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن. ئەگەر ئەو یەكە و هێزانە حەل نەكرێن و بە فیعلی ، نەك بە حیلە شەرعی، هێزەكانی پێشمەرگە نەكرێن بە هێزی نیشتمانیی بێلایەنی سەر بە حكومەتی هەرێم نابێ رێگە بە پارتی و یەكێتی بدرێ بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی كوردستان و عێراقدا بكەن".
- پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین هێزی تایبەت بەخۆی هەیە كە لە چوارچێوەی وەزارەتەكاندا رێكیخستوون، كە بریتین لە:
• هێزەكانی 80 ی پێشمەرگەی كوردستان
• هێزی پشتیوانی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان
• هێزەكانی زێرەڤانی لە وەزارەتی ناوخۆ كە سەربە پارتی دیموكراتی دیموكراتی كوردستانن.
• لە ئەنجومەنی ئاساییش هێزەكانی ئاسایشی پارتی و هێزی دژە تیرۆر
• لیوای نەوت و غازی پارتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان
• هێزە تایبەتیەكانی لیوای سەرۆكایەتی هەرێمی مەسعود بارزانی
- هێزەكانی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
• هێزەكانی 70 ی پێشمەرگەی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان
• هێزی پشتیوانی دووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
• هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن لە وەزارەتی ناوخۆ
• لە ئەنجومەنی ئاساییش هێزەكانی ئاسایشی یەكێتی و هێزی دژە تیرۆری یەكێتی
• لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لیوای نەوت و غازی یەكێتی
• لە هێزە تایبەتیەكان لیوای سكرتاریەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هێزی تایبەت بەخۆی هەیە كە ئەمانەن:
• فەوجەكانی حزبی سۆسیالیست لە لای پارتی
• فەوجەكانی حزبی سۆسیالیست لای یەكێتی
لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكان خاوەنی باڵی سەربازین و لەدوای هاتنی داعشەوە باڵە سەربازییەكانیان خزانە ناو حەشدی شەعبیەوە و حەشدی شەعبیش بە پێی یاسایەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستەیەكی بۆ دروستكراو دواتر لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا، هەربۆیە هێزە چەكداریە حزبیەكانیان بە دامەزراوەیی كردووە، هەرچەندە لەلایەن سەركردە سیاسیەكانیانەوە ئاراستە دەكرێن.
فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و خۆی حزبی عەتای هەیە ئەبومەهدی موهەندیس جێگری دەستەی حەشدی شەعبیە، بەشێك لەو سەركردانەی حەشدی شەعبی دەستیان لەبەرپرسیارێتی حەشدی شەعبی كێشاوەتەوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان، كە ئەمەش جۆرێكە لە فێڵی یاسایی و بۆ خۆدەربازكردن لەو بڕگەیەی یاسای هەڵبژاردن.
دیارترین ئەو حزبە عێراقیانەی باڵی سەربازیان هەیە:-
• رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری كە پێشتر باڵی چەكداری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بووە و ئێستا جیابوەتەوە و رێكخراوی بەدری هەیە و باڵی سیاسی و سەربازیش، هاوكات بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار هادی عامری سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتی ( فەتح ) دەكات كە زۆرینەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت.
• رەوتی سەدری سەربە موقتەدا سەدر ئێستا باڵە سەربازیەكەی بەناوی سەرایە سەلامە
• رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم باڵی سەربازیەكەی بەناوی سەرایەی جیهاد و بینائە
• گروپی خۆراسانی بەسەرۆكایەتی عەلی یاسری حزبی تەلیعەی ئیسلامی
• عەسائیبی ئەهلی حەق كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات
زۆرینەی حەشد و گروپە چەكداریەكان لە هاوپەیمانێتی (فتح)دا بەسەرۆكایەتی هادی عامریدا بەشدارن لە هەڵبژاردن.
ئەم هێزانە كاریگەری راستەوخۆیان هەیە لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا بەوەی:.
- ئەم هێزانە یەكلابونەتەوە بۆ حزبەكانیان، لە كاتێكدا لەسەر بودجەی گشتی و داهاتی گشتی پارە و داهاتیان بۆ خەرج دەكرێت.
- ئەم هێزانە هەموویان لەتەمەنی دەنگداندان و فاشریشیان لێدەكرێت كە دەبێت دەنگ بدەن.
- حەشدی شەعبی كە لە 45 گروپ پێكدێت و ژمارەیان نزیكەی 130 هەزار چەكدار دەبێت.
- لە هەرێمی كوردستان ژمارەی پێشمەرگە و ناوخۆ بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم ( 266 هەزار ) كەسە بەڵام 433 هەزار كەس لەسەر هێزە ئەمنییەكان موچە وەردەگرن.
- لە عێراقدا 250 هەزار كەس لە وەزارەتی بەرگریدان و 450 هەزار كەس لە وەزارەتی ناوخۆدان.
