Draw Media

تەندروستی سوڵتان هاشم خراپە

تەندروستی سوڵتان هاشم خراپە

2018-04-23 08:51:30


هێشتا 14 بەرپرسی رژێمی پێشووی عێراق لە زیندانی ناسریەن لە باشووری عێراق، یەكێك لەوانە سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری پێشووە.
سوڵتان هاشم كە ساڵی 2007 سزای لەسێدارەدانی بۆدەرچوو، جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق ئیمزای لەسەر جێبەجێكردنی سزاكە نەكرد، بەوهۆیەوە هێشتا لە زیندانە، بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئێستا دۆخی تەندروستی سوڵتان هاشم ناجێگیرە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد ساڵی 2003 رژێمی سەددامیان روخاند، دوای روخانی رژێم هاوپەیمانی لیستی ناوی (55) داواكراوی بەرپرسانی رژێمی بڵاوكردەوە لە پێش هەمویانەوە سەددام حسێن، لەو ژمارەیە (5) كەسیان كە دەستگیركرابوون سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ كرا، (6) كەسیان كوژران لەناویاندا عودەی و قوسەی دوو كوڕەكەی سەددام، (8) كەسی تریان لەكاتی هەڵمەتی دەستگیركردنیاندا كوژران، (16) كەسی تر لە بەرپرسانی رژێمی پێشوو دوای دەستگیركردنیان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە ئازادكران.
راپۆرتەكە باسیلەوەكردووە، جگە لە سوڵتان هاشم، ئەوانەی هێشتا لە زیندانن كادری ناوەندی حزبی بەعس و سوپا و حكومەتی پێشووی عێراقن، لەناویاندا عەبدولباقی عەبدولكەریم عەبدوڵا هەیە كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی حزبی بەعس و ساڵی 2015 لە كەركوك دەستگیركرا.
بەدیع عارف یەكێكە لەو پارێزەرانەی كە چاودێری دۆسیەی زیندانیكراوەكان دەكات، ئەو پارێزەرە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: هەموو زیندانییەكان لە گرتوخانەی ناسریەن، بارودۆخیان زۆر خراپە، دۆخی تەندروستی سوڵتان هاشم ناجێگیرە.
بەپێی قسەی ئەو پارێزەرە، هەموو دەستگیركراوەكان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە جگە لە جەمال مستەفا عەبدوڵا سوڵتان بەرپرسی پێشووی كاروباری هۆزەكان و هاوسەری حەلا كچی سەددام حسێن كە بەوتەی ئەو لە ساڵی 2003 بەبێ دادگاییكردن لە زینداندایە.
ئەو پارێزەرە باس لەوەشدەكات، 30 داواكاری ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی عێراق كراون بۆ ئازادكردنیان، بەڵام هیچ وەڵامێك نەبووە، بۆیە پێدەچێت تاوەكو مردن لە زینداندا بمێننەوە ئەگەر رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ دەستوەردان نەكەن.
15 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی پێشووی عێراقدا تێپەڕی، هێشتا (5) كەس لە یاریدەدەرەكانی سەددام دەستگیر نەكراون، لە ناویاندا عیزەت دوری جێگری سەرۆكی "ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand