"600 هەزار ناوی دووبارە و مردووان لە لیستی دەنگدەراندا سڕاوەتەوە"

2018-04-23 09:34:36
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە سلێمانی 20 بنكەی بۆ دەنگدانی ئاوارەكان كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق كردوەتەوە، لە هەولێریش 15 بنكە.
رزگار حەمە جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆن و موعتەمید موسەوی بڕیاردەری كۆمسیۆن، لە هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد.
لە كۆنگرەكەدا رزگار حەمە ئاشكرایكرد، لە سلێمانی 20 بنكە و لە هەولێر 15 بنكە بۆ دەنگدانی ئاوارەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق كراونەتەوە.
جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، (600 هەزار) ناوی دووبارە و مردوو لە تۆماری دەنگدەراندا لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە سڕاوەتەوە.
بەپێی قسەی بەرپرسانی كۆمسیۆن لە كۆی (24 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە، تائێستا (9 ملیۆن) كەس كارتی بایۆمەترییان وەگرتوەتەوە.
