ئەڵمانیا 10 هەزار پەنابەری هەرێمی كوردستان و عێراق دیپۆرتدەكاتەوە

2018-04-22 13:58:44
حكومەتی عێراق پێش چوار مانگ سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی "داعش" دا راگەیاند، ئێستا ئەڵمانیا هەوڵدەدات ئەو كۆچبەر و پەنابەرانە دیپۆرت بكاتەوە كە مافی پەنابەرێتیان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لەوانە رەتیدەكەنەوە كە بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، كەواتە حكومەتی ئەڵمانیا چۆن هانیان دەدات بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان؟
حكومەتی ئەڵمانیا یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ عێراقدا ئیمزا كردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی پێویستە بگەڕێنەوە، ئەمەش بەوتەی گێرد مۆلەر وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا كە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومەتی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی نیسانی 2018 رایگەیاند.
ئەو وەزیرە ئەڵمانیە راشیگەیاند ئامانجی بەرلین ئەوەیە كە پشتگیری 10 هەزار پەنابەری عێراقی بكات بۆ ئەوەی هەلی ژیانیان لە وڵاتەكەیان بۆ بڕەخسێت، ئەوەش لە رێگەی رەخساندنی كار و شوێنی راهێنان و مەشق لە ناو عێراقدا.
وەزیری گەشەێدانی عێراق راشیگەیاند لەگەڵ حكومەتی عێراقدا رێككەوتووە بۆئەوەی ناوەندێكی راوێژكاری بۆ ئەو پەنابەران دابمەزرێنرێت كە دەگەڕێنەوە.
گێرد مۆلەر جەختیشیكردەوە كە بەرلین خوازیارە ئەو پەنابەران بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە نەك وەك " دۆڕاوێك" و رونیشیكردەوە لەبەر ئەم هۆكارە بە هاوكاری دەسەڵاتدارانی عێراق و ناوەندە ئابورییەكان هەلی راهێنان و دامەزراندنیان لەناوخۆی عێراق بۆ بڕەخسێنرێت.
ئەمڕۆش وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا یەكەمین ناوەندی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كردەوە.
بە گوێرەی داتاكانی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا لە كۆی 240 هەزار پەنابەری عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا نزیكەی 12 هەزاریان پێویستە دیپۆرت بكرێتەوە.
بەشێكی زۆری عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بووە و ئەڵمانیا ئەمساڵ بەڵێنیداوە 350 ملیۆن یۆرۆ وەك هاوكاری بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق پێشكەشبكات.
