نوخبەی سیاسی عێراق لە لوتكەی گەندەڵییدا
2018-04-21 14:39:16
حوتەكانی گەندەڵی لە عێراقدا
راپۆرتی محەمەد رەئوف
گەندەڵی لە عێراقدا بە رادەیەك بەربڵاوە كە یەكێك لەو بەرپرسانەی كە خۆی لە گەندەڵی تێوەگلاوە بەنەخۆشی ئیبۆلا وەسفی دەكات و دەڵێت نوخبەی سیاسی عێراق بەتەواوی تێوگلاوە و رژاوەتە ناو جەستەی كۆمەڵگەی عێراقی و لە عێراقدا بوە تە كلتور و ستایلی ژیانی سیاسییەكان.
مشعان جبوری دەڵێت" هەموومان دزین و هەموومان بەرپرسین لە قەیرانی و دزی و گەندەڵی، نوخبەی سیاسی عێراق بەتەواوی رۆچوەتە ناو گەندەڵییەوە، لە عێراقدا كێبەركێ نیە بۆ چاكسازی بەڵكو كێبەركێیە بۆ زۆرترین دزی، و ئێستا عێراق پلەی 169 هەمینی گرتووە لە 180 دەوڵەتی جیهان لە گەندەڵیدا، بەو پێیەی یاسا لە عێراقدا تۆڕێكە و تەنها ماسییە بچوكەكان دەگرێت و حوتەكان دەرباز دەبن لێی."
گەندەڵی لە عێراقدا تەنها دەسەڵاتی جێبەجێكردنی نەگرتوەتەوە لە وەزیر و سەرۆك وەزیران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەڵكو بەشێك لە دەسەڵاتی یاسادانانیشی گرتوتەوە، پەرلەمانتار هەیە لە لیژنەی دارایی بانكی هەیە، زۆرێك لە پەرلەمانتاران سەرقاڵی سەوداو بازرگانین بە چەندین شێوە، پەرلەمانتار هەیە پارە لە بانكی ناوەندی وەردەگرێت بە نرخی بانكی ناوەندی كە 100 دۆلار بە 118 هەزارە و دەیفرۆشێتەوە بە 125 هەزار دینار، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە لیژنە هەیە، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق دەیان كەیسی گەندەڵی داخستووە لەبەرامبەر پارە و لە چەندین دۆسیەدا بەرتیلیان وەرگرتووە، ئێستا پەرلەمانتارەكان سەودا بە پۆستەكانەوە دەكەن و لەبەرامبەر دانان و وەرگرتنی پۆستی پلە تایبەتەكاندا تا 10 دەفتەر دۆلار وەرگیراوە.
سەرەرای پەرلەمانتاران ، حزبەكانیش بەشدارن لە گەندەڵیدا بەتایبەتی كۆنترۆڵكردنی بیرە نەوتەكان بەتایبەتی لە بەسرە و پارێزگاكانی باشووردا سەودا بە نەوتی عێراقەوە دەكەن و تێوەگلاون لە دزینی نەوتدا، شەداد فارس سەرۆكی لیژنەی نەوتی غازی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاندووە، رۆژانە لە بەسرەوە 100 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت دەدزرێت كە بایی 20 ملیۆن دۆلارە و ساڵانە دەكاتە 7 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار ، زۆرێك لە زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003، حزبەكانی عێراق نەوتی باشوری عێراقیان كۆنترۆڵكردووە و بەشێكیان بە بۆری لە رێگەی ئێرانەوە نەوت رەوانە دەكەن و پارەكەشی بۆ خۆیانە.
بەرپرسە سیاسییەكانی عێراق زۆرترین پشكیان هەیە لە گەندەڵیدا بە جۆرێك لەدوای 2003 ەوە زۆرینەی داهاتی عێراق دەبرێتە دەرەوەی وڵات، زۆرترین پشكی گەندەڵی لە كابینەكانی نوری مالیكیدا بووە و پارەیەكی زۆر براوەتەوە دەرەوە و بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و ئابوریی دەڵێن زیاتر لە 312 ملیار براوەتە دەرەوەی وڵات.
بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی سكای نیوز نوری مالیكی چەندین تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە.
- پرسی چەككڕین كە دیارترین ئەو تۆمەتانەیە روبەرووی نوری مالیكی دەكرێتەوە كە بە دەیان ملیار دۆلار بۆ كڕینی چەك و پێداویستی خەرجكراوە بەڵام چەك و پێداویستییە سەربازییەكان دیارنین، سەرەرای ئەوەی نرخی ئەو چەك و پێداویستییە سەربازییانە زۆر خەیاڵی دیاریكراوە.
- تۆمەتی گەندەڵی لە نەخۆشخانەی سەربازی كە 1 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانكراوە و بەڵام وەهمی بووە.
- 5 وەزیر و 53 بەرپرسی حكومی سەردەمی كابینەكەی نوری مالیكی بەتۆمەتی گەندەڵی وڵاتیان جێهێشتووە.
- ئەحمەد نوری مالیكی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری پارەی عێراقی رەوانەی لوبنان كردووە لە كاتی دەسەڵاتی باوكیدا.
- بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دەستپاكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن 312 ملیار دۆلار لە سەردەمی نوری مالیكیدا بەهەدەردراوە.
- ئەحمەدی حاجی رەشید بڕیاردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت لەماوەی 12 ساڵی دەسەڵاتی مالیكیدا 120 ملیار دۆلار بەهەدەردراوە و دەشڵێت لەسەردەمی 8 ساڵی حوكمی نوری مالیكیدا 33 ملیار دۆلار بەهەدەردراوە و 35 ملیار دۆلار زیادەی جەنگ بووە .
- هاوكات لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا یەدەگی نەختینە 81 ملیار دۆلار بووە و 35 ملیار دۆلاری لێكەمكراوەتەوە و ئێستا بووە بە 46 ملیار دۆلار.
لە دوای نوری مالكی زۆرترین تۆمەتی گەندەڵی ئاراستەی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، رۆژنامە فریدریكۆی ئیتاڵی كۆمەڵێك گەندەڵی ئوسامە نوجێفی بڵاوكردوتەوە لەوانە:
-زیاتر لە 2 ملیار و 70 ملیۆن دۆلاری لە چەند ژمارە بانكییەكی سویسرا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و توركیا هەیە.
- لە توركیا 4 هۆتێل و ه لە ئوردنیش دوو باڵەخانەی هەیە.
- زیاتر لە 6 ڤێلای لە توركیا و ئوردن و ئیمارات و قەتەر و كوردستان و نەمسا هەیە.
- هەروەها 13%ی پشكی كۆمپانیای هۆندای بۆ ئۆتۆمبیل و 4%ی كۆمپانیای نەوتی ئەڵمانی – ئینگلیزی و 9% كۆمپانیای دەرمانی هەیە.
- 100%ی كۆمپانیای نۆرترۆم بۆ كەرەستە كیمیاییەكانی ئیالیا و ئاراراس كۆلۆ بۆ ئاسن لە بەرازیل و كۆمپانیای حەدبا بۆ بازرگانی لە كوردستان كۆمپانیای بارونادیا لە روسیا بۆ نەوت هەیە ە بەو پێیەش 23 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار سەرمایەكەیەتی .
ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش تۆمەتی گەندەڵی ئاراستە دەكرێت بە تایبەتی ئەو كاتەی سەرۆكی لیژنەی ئاوارە و كۆچبەران بووە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرچاوەكان ئاماژە بەدزینی 500 ملیۆن دۆلار دەكەن لەلایەن موتڵەگەوە، هەر لە دۆسیەی ئاوارەكاندا 23 ملیار دینار بەهەدەردراوە و دیار نەماوە.
ئەگەرچی حەیدەر عەبادی كە هەڵمەتی روبەروبونەوەی گەندەڵی دەستپێكردووە، بەڵام ئەویش تۆمەتبارە بە بردنی دەیان ملیۆن دۆلار، كازم سەیادی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ئاشكرایدەكات، كە حەیدەر عەبادی 9 ملیۆن دۆلاری بردووە لەسەردەمی كابینەكەی ئەیاد عەلاویدا كە وەزیری پەیوەندییەكان بووە.
زۆرێك لە سەركردە و بەرپرسە حكومییەكانی عێراق تۆمەتبارن بە دزینی سامان و پارەی وڵات، ئەو دەردە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە و بەرپرسانی هەرێمیش تۆمەتبارن بە بردنە دەرەوەی پارە و شاردنەوەی داهاتی نەوت.