توركیا و كوەیت هۆشداری دەدەن لە دۆخی عێراق
2018-07-15 11:34:48
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
بۆ حەوتەمین رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە شارەكانی عێراق دژی خراپی خزمەتگوزارییەكان و بێكاری بەردوامە.
بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی ناڕازی گەمارۆی بینای پارێزگای بەسرەیان دا، هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنیان تەقەیان كرد، بەهۆیەوە (7) خۆپیشاندەر برینداربوون.
بەسرە سەرچاوەی رێژەی 95%ی هەناردەی نەوتی عێراقە، بەهۆی خۆپیشاندانەوە ئێستا ئەو سەرچاوە گرنگەی داهات كەوتوەتە مەترسییەوە، بەڵام بەپێی قسەی لێپرسراوانی خۆجێیی بەسرە، خۆپیشاندانەكان كاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی نەوت دروستنەكردووە.
بەهۆی راگرتنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوی وردەكاری روداوەكانی ئەمڕۆ نازانرێت، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە پارێزگای موسەننا ئەمڕۆ خۆپیشاندەران بارەگای حزبی دەعوە و فەزیلە و رەوتی حیكمەیان سوتاندووە.
لە پارێزگای دیوانیەش خۆپیشاندەران گەمارۆی بینای پارێزگایان داوە و بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە (10) كەس برینداربوون.
فەرماندەی پۆلیسی نەجەف دورخرایەوە
لە نوێترین پەرەسەندندا، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە دورخستنەوەی فەرماندەی پۆلیسی شاری نەجەف.
بەگوێرەی زانیارییەكان، وەزیری ناوخۆی عێراق لیوا عەلا غەریبی داناوە لە شوێنی فەرماندە لابراوەكە و رایسپاردووە بە وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكە.
عەبادی حەوت بڕیاری دەركرد
لە هەوڵێكی نوێدا بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوەتەواوبونی عێراق حەوت بڕیاری دەركرد بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران.
بەپێی قسەی سەرچاوەكان بڕیارەكانی عەبادی بریتین لە:
1- سێ ترلیۆن و ٥٠٠ملیار دینار بۆ بەسرە تەرخاندەكرێت و پارەكە بۆ باشكردنی كەرتی ئاو و تۆڕی كارەبا و كەرتی تەندروستی خەرج دەكرێت.
2- وەبەرهێنان لەو پارێزگایانە فراوان و خێرا دەكرێن، بەتایبەت لە بواری نیشتەجێبوون و پەروەردە و خزمەتگوزاریەكاندا.
3- بەپێی سیستمێكی دادپەروەرانە و دوور لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت هەلی دامەزراندن بۆ بێكارەكان دەڕەخسێنرێت.
4- ئاوی زیاتر بۆ پارێزگاكانی بەسرە و زی قار و موسەننا و دیوانیە بەردەدرێتەوە.
5- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەی نەجەف.
6- دەبێت كەرتی كارەبا چاك بكرێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێن.
7- كردنەوەی دەرگای دامەزراندنی فەرمانبەران، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بێكاری.
كوەیت هۆشداری دەدات
لەسەر ئاستی دەرەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە، كوەیت حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاند.
عێراق دەكەوێتە باكوری كوەیت و سنوری ئاوی و وشكانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
هاوكات باڵیۆزخانەی كوەیت لە بەغداد رۆژی شەممە داوای لەو هاوڵاتیانەی وڵاتەكەی كرد كە لە عێراق نیشتەجێن خۆیان لە رێگە وشكانییەكان و ئەو شوێنانەی بەدوربگرن كە خەڵك تێیاندا كۆدەبێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق لە دوێنێوە لەهەموو ناوچەكانی باشوری وڵات قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە.
توركیا: خۆتان لە ناڕەزایەتییەكان بەدوربگرن
وەزارەتی دەرەوەی توركیاش بەیاننامەیەكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراق بڵاوكردەوە و تێیدا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی لە عێراق كرد خۆیان لەو ناوچانە بەدوربگرن كە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان تێیدایە.
گەشتە ئاسمانییەكانی نەجەف راگیران
تەلەفزیۆنی ئێران ئاشكرایكرد، ئاڕاستەی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران لە نەجەفەوە دەگوازێتەوە بەرەو بەغدادی پایتەخت.
رەزا جەعفەرزادە وتەبێژی رێكخراوی فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران وتی: بەهۆی كێشەوە لە فڕۆكەخانەی نەجەف، فڕۆكە ئێرانییەكان سەرنشینەكانیان بۆ بەغداد دەگوازنەوە.
ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوەدێت سەدان خۆپیشاندەر لە نەجەف چونە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكەیانەوە وەكو ناڕەزایەتی دژی خراپی گوزەران و خزمەتگوزارییەكان لە شارەكەیاندا.
هاوكات كۆمپانیای (فلای دوبەی) بۆ ماوەی هەفتەیەك گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف راگرت.
كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی شاهانەی ئوردنیش بۆ كاتێكی نادیار گەشتە ئاسمانییەكانی لە عەممانی پایتەختەوە بۆ شاری نەجەف راگرت.