Draw Media

كورسی سەرۆك وەزیران لەدەستی حزبی دەعوەدا دەمێنێتەوە ؟

كورسی سەرۆك وەزیران لەدەستی حزبی دەعوەدا دەمێنێتەوە ؟

2018-07-10 11:01:42


 (درەو میدیا):
نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی پارێزگاری بكەن لە هێشتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران لە دەستی حزبی دەعوەدا.
حسێن مالیكی پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە زاوای نوری مالیكییە ئاشكرایكرد" باڵی نوری مالیكی و باڵی حەیدەر عەبادی لەناو حزبی دەعوە رێككەوتون لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
بەپێی قسەی حسێن مالیكی كە لێدوانی بۆ سایتی "مەدا" داوە، ئامانجی ئەم رێككەوتنەی نێوان مالیكی و عەبادی هێشتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقە لە دەستی حزبی دەعوەدا.
ئەم رێككەوتنە دوای ئەوەدێت لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبی دەعوە سەردانی هەردوو باڵی مالیكی و عەبادییان كرد بەمەبەستی لێكنزیكردنەوەی تێڕوانینی هەردوولا لەبارەی پێكهێنانی كوتلەیەكی گەورەی پەرلەمانی یاخود كۆكردنەوەیان لە یەك هاوپەیمانێتیدا.
بەگوێرەی قسەی حسێن مالیكی، لە ئەنجامی ئەو دانوستانانەدا، بەر لە دوو رۆژ لە ماڵی عەبدولحەلیم زوهێری یەكێك لە سەركردەكانی حزبی دەعوە، كۆبونەوەیەكی گرنگ لەنێوان سەركردەكانی هەردوو باڵەكەدا سازدراوە و هەریەكە لە نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی و هادی عامری ئامادەبوون، كۆبونەوەكە بوەتەهۆی كۆتایهێنان بەو دابڕان و ناكۆكییانەی كە لەنێوان باڵەكەی حزبی دەعوە دروستبووە.
"لە كۆبونەوەكەدا مالیكی و عەبادی رێككەوتوون لەسەر میكانیزمی یەكلاكردنەوەی كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەوەش لەرێگەی رێككەوتن یاخود دەنگدان لەسەر كاندیدەكان".
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە سەركردەكانی حزبی دەعوە كۆبونەوەی دووەمیان كردووە لە ماڵی نوری مالیكی و قسەیان كردووە لەبارەی دواین هەنگاوەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەنێوان لیستەكانی (فەتح و نەسر و دەوڵەتی یاسا) و دیاریكردنی وادەی راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكە.
لە ساڵی 2003 و دوای روخانی رژێمی پێشووەوە، پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پێكهاتەی شیعە یەكلابوەتەوە، لەناو لایەنە شیعەكاندا لەدوای روخانی سەددامەوە پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەست حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە بووە.
بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، حزبی دەعوە جارێكی تر درزی تێكەوت، حەیدەر عەبادی بە لیستێكی جیا بەناوی (هاوپەیمانی نەسر- سەركەوتن) بەشداری هەڵبژاردنی كرد، نوری مالیكیش بە لیستی (دەوڵەتی یاسا).
مالیكی لە هەڵبژاردندا 25 كورسی پەرلەمانی نوێی عێراقی بردەوە، حەیدەر عەبادیش 43 كورسی، ئەگەر هەردوو باڵەكە یەكبگرنەوە حزبی دەعوە دەبێت بە خاوەنی 68 كورسی پەرلەمان، ئەمە جگە لە هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات كە 47 كورسی لە پەرلەمانی نوێدا مسۆگەر كردووە.

    
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand