Draw Media

یاسا نهێنییەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئیمتیازی پەرلەمانتاران

یاسا نهێنییەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئیمتیازی پەرلەمانتاران

2018-07-18 20:53:09


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
سەرۆك كۆماری عێراق بە مەرسومێكی سەرۆكایەتی كۆمار، هەر 328 ئەندامەكەی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خانەنشیندەكات و ئەنجومەنی نوێنەرانیش پێش كۆتاییهاتنی وادەی یاسایی خولەكەی بە نهێنی و بێ‌ ئاگاداریی رای گشتی و میدیا و نێوەندە رۆژنامەوانییەكان پرۆژە یاساییەكی تایبەت بە ئیمتیازات و خانەنیشنی ئەندامەكانی پەسەندكردووە.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە چەندین فراكسیۆن و كوتلەی جیاوازی تێدایە كە لەسەر زۆربەی پرۆژە یاسا و كارەكانی ئەنجومەنەكە ناكۆك بوون و ناكۆكی توندیان هەبووە و بەهۆی رێككەنەكەوتنیان چەندین پرۆژە یاسای گرنگ پەسەندنەكراون، بەڵام بەردەوام هەر 328 پەرلەمانتاری هەموو فراكسیۆنەكان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانەی كە تایبەت بوون موچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەكانیان هیچ ناكۆكییەكیان نەبووە و بەبێ‌ كێشە و گرفت ئەو پرۆژە یاسایانەیان تێپەڕاندووە و تەنەتات لە كاتی ئامادەكردن و گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی یاسای ژمارە 13دا هیچ پەرلەمانتارێك زانیاری بە میدیاكان نەداوە و بە نهێنی یاساكە پەسەندكراوە.


مەرسومی ژمارە 49ی سەرۆكایەتی كۆمار
فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی شانزەی تەمموز مەرسومی ژمارە ( 49) ی تایبەت بە خانەنشینی ئەندامانی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەركردووە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
پاڵپشت بە حكومەكانی هەردوو مادەی (73 / حەوتەم)ی دەستور و ( 13/ یەكەم یاسای ژمارە (13) ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی 2018 ئەمەی خواردەوەمان داڕشت:
یەكەم: بەڕێزان ئەندامانی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران كە لە لیستی هاوپێچدا ناویان هاتووە و بە زنجیرەی ( 1- ئیبتیسام هاشم عەبدولحسێن ) دەستپێدەكات و بە زنجیرەی ( 328- ئارێز عەبدوڵا ئەحمەد مەحمود ) كۆتایی دێت خانەنشین دەكرێن.
دووەم: پێویستە لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی ئەم مەرسومە جێبەجێبكەن.
سێیەم: ئەم مەرسومە لە 1/7/2018ەوە جێبەجێدەكرێت و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاودەكرێتەوە.


یاسا نهێنییەكەی پەرلەمان
" یاسایەكی نوێ تایبەت بە ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران چەند مانگێك لەمەوبەر پەسەندكراوە، بەڵام لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوناكرێتەوە تا رۆژی 16ی تەمموزی 2018 واتە دوای چەند مانگێك لە پەسەندكردنی كە پەسەندكردنی لەهیچ میدیایەك و ناوەندێكدا بڵاوناكرێتەوە".
ئەمە وتەی تارق حەرب پارێزەر و شارەزانی یاسایی عێراقە كە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە.
حەرب نوسیوێتی:" رۆژی 16ی تەمموزی 2018 رۆژنامەی رەسمی " وەقائعی عێراقی" ژمارە 4499 یاسای نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارە 13ی ساڵی 2018ی بڵاوكردوەتەوە، كە یاسایەكە نە لە كاتی ئامادەكردنی و نە لەكاتی گفتوگۆكردنی و تێپەڕاندنی و پەسەندكردنی هیچ شتێكی لەبارەیەوە باس نەكراوە، پرۆژەكە هەمووی نهێنی بووە."

حەرب ئاشكراشیكردووە كە ئەنجومەنی نوێنەران پێش كۆتاییهاتنی وادەی یاسایی وادەی دەركردنی یاساكەی لە خشتەی كارەكانانیدا دانەناوە و وادەی دەركردنی بڕیارەكەشی لەو كاتەدا دیارینەكردووە كە ئەنجومەن پێش هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوەی تێدا دەكرد، بەڵكو مێژووی دەركردنی یاسای ژمارە ( 73)ی بە رۆژی 1/7/2018  واتە دوای تەواوبوونی كاری ئەنجومەن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بۆدانەوە و ئەوەش هیچ كاریگەرییی نەكردوەتە پەر پەرلەمانتاراتی خولەكە كە ئەم یاسایە ئیمتیازاتی زۆریان پێدەبەخشێت.
رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی ژمارە  4499 لە سایتی رەسمی وەزارەتی دادی عێراقدا بڵاوكراوەتەوە و ئاماژەبەوەدراوە كەو لە رۆژنامەكەدا یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژنامەكەدا بڵاوكراوەتەوە بەڵام لە نێو سایتەكەدا دەقی پرۆژە یاساكەی تێدا دانەنراوە و ئاماژە بەوەدراوە كە ئەوانەی خوازیارن ئەو رۆژنامەیان دەستبكەوێت، ئەوا پێویستە لە ناوچەی  ساڵحیە/ شەقامی حەیفای بەغدای پایتەخت سەردانی نوسینگەی رۆژنامەكە بكەن و ببنە هاوبەش بۆئەوەی رۆژنامەكەیان دەستبكەوێت.


ئیمتیازەكانی پەرلەمانتاران چین؟
تارق حەرب پسپۆر و شارەزای یاسایی لە نوسینكەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاماژەی بەبەشێك لەوە كردووە و دەڵێت لەمادەی 15ی یاساكەدا بڕیاردراوە كە خزمەتی ئەندامی پەرلەمان بكرێتە 15 ساڵ بەبێ‌ رەچاوكردنی ماوەی خزمەتی، كە بەوتەی حەرب ئەوە پێچەوانەی یاسای خانەنشینییە كە مەرجی دانەوە بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینی دەبێت 15 ساڵی خزمەتی فیعلی هەبێت.
هەروەها ئەم مادەیەی یاساكە پێچەوانەی حكومەكانی یاسای خانەنشیینە كە جەختلەوەدەكاتەوە ئەو كەسەی مافی خانەنشینی  دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ كەمتر نەبێت لەكاتی خانەنشینیدا، لەكاتێكدا یاسا نوێكەی پەرلەمان بڕیاریداوە موچەی خانەنیشنی تەواوەتی بۆ پەرلەمانتار خەرجبكرێت ئەگەر نەشگەشتبێتە تەمەنی 50 ساڵی.
حەرب لە بەشێكی تری نوسینەكەیدا رەخنەی لە مادەیەكی تری یاساكە گرتووە كە مادەی هەشت و تێیدا بڕیاردراوە كە پەرلەمانتار خۆی ئارەزوومەندانە بڕیاردەدات بگەڕێتەوە سەر پیشەكەی پێشووتری، ئەوەش پێچەوانەی بنەمای گشتییەكە كە بۆ گەڕانەوە بۆسەر كاری پێشوو مەرجی بوونی پلەی وەزیفی و تەرخانكردنی پارەی داناوە و پەرلەمانتار، بەم یاسا نوێیە دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر كاری پێشووی، هەتا ئەگەر پلەی وەزیری و پارەی دیاریكراویش نەبێت.
هەروەها بەوتەی ئەو شارەزا یاساییەی عێراق، مادەی 15ی یاسای نوێی ئەنجومەنی نوێنەران پێچەوانەی بنەمای گشتی پەرلەمانەكان، مافی ئەوەی بە پەرلەمانتار داوە نوسراوی رەسمی ئاراستەی هەموو لایەنەكانی دەوڵەت بكات، كە بە گوێرەی بنەماكان ئەو نوسراوانە دەبێت لە رێگەی نوسینگەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بن، نەك هەر پەلەمانتارێك نوسینگەی هەبێت و نوسراو ئاراستە بكات.
حەرب لە كۆتایی نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە پەرلەمانی عێراق بەم هەنگاوەی دەسەڵاتەكانی بەشێوەیەكی زۆر فراوانكردووە و پێویستە لەسەر سەرۆكایەتی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دادگای فیدراڵی سكاڵا بۆ پوچەڵكردنەوەی حوكمە داراییەكانی ئەم یاسایە تۆماربكەن، لەبەرئەوەی بیروڕای حكومەت لەسەر ئەو حوكمانە وەرنەگیراوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش یاساكەی ئامادەنەكردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand