بەسرە رادەپەڕێت
2018-07-12 12:51:45
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
سەرچاوەی سەرەكی هەناردەی نەوت و داهاتی گشتی عێراقە، بەڵام خەڵكەكەی بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە دەناڵێنن.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی توند لە سنوری پارێزگای بەسرەی باشوری عێراق دەستیپێكردووە، خەڵك نیگەرانن لە نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی كار و شوێنی نیشتەجێبوون و ئاوی خواردنەوە و كارەبا.
ئەمڕۆ خەڵك جارێكی تر رژانەوە سەرشەقامەكان و رێگەی سەرەكی نێوان عەشار- بەسرە و رێگەی كێڵگەی نەوتی (رومێلە) یان داخست و رێگرییان كرد لە هاتوچۆی ئۆتۆمبیلی كۆمپانیاكان، لە قەزای (شەتولعەرەب) یش لە خۆرهەڵاتی بەسرە خەڵك خۆپیشاندانیان كرد و رێگەی سەرەكی دەروازەی سنوری (شەلامجە)یان لەگەڵ ئێران داخست.
لەناو شاری بەسرەش خۆپیشاندەرەكان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگا كۆبونەوە، بە بەرد رێگەكەیان داخست.
پێشتر بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە خۆپیشاندەرێك لە ناوچەی (باهلە)ی نزیك لە كێڵگەی نەوتی خۆرئاوای قوڕنە كوژرا، ئەمە شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی فراوانتر كرد.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەسرە، بوەتە مەترسی لەسەر كۆمپانیاكانی بواری نەوت، بەتایبەتیش بەهۆی برینداربوونی ژمارەیەك خۆپیشاندەر لە نزیك كێڵگەی نەوتی قوڕنە.
بەپێی هەندێك وێنە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق بڵاوبونەتەوە، كارمەندانی كۆمپانیای (لوك ئۆیل) كەلوپەلیان پێچاوەتەوە و خۆیان ئامادەكردووە بۆ رودانی هەر روداوێك.
كارەبا و ئاو.. كێشە سەرەكییەكە
ئەحمەد سولەیتی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاند، حكومەت گوێ لە داواكاری هاوڵاتیان دەگرێت، بەڵام چارەسەری خێرای لەبەردەستدا نییە.
"كێشەكانی پارێزگای بەسرە لە سێ شتدا كورت دەبنەوە: سوێری ئاوی خواردنەوە و بێ كارەبایی و بێكاری لاوان".
بەوتەی ئەحمەد سولەیتی، چارەسەركردنی كێشەی سوێری ئاوی خواردنەوەی لە توانای حكومەتی خۆجێیدا نییە، چونكە ئەوە پەیوەندیدارە بە دیاردەیەكی سروشتییەوە، كەمی بارانبارین و سەرچاوەی ئاو بووەتەهۆی كشانی خوێ بۆ هەندێك ناوچە كە پێشتر هەرگیز پێی نەگەیشتووە.
لەبارەی كێشەی كارەباوە ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە باسلەوەدەكات، كێشە لەنێوان عێراق و ئێراندا هەیە لەبارەی پارەی ئەو هێڵەی كە كارەبا لە ئێرانەوە دەگوازێتەوە بۆ عێراق، كە داوای زیاتر لە (ملیارێك) دۆلار لە عێراق دەكات، ئەمە سەرباری كێشەی تەكنینكی و پچڕانی هێڵەكە كە بووەتە هۆی كەمبون كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا.
"حكومەتی خۆجێی بەسرە تاوەكو ساڵی 2014 بڕی زیاتر لە ملیارێك و 500 ملیۆن دیناری لە پرۆژەكانی كارەبادا خەرجكردووە، بەوهۆیەوە وزەی كارەبای پارێزگاكەی لە هەزار مێگاواتەوە گەیاندوەتە 2 هەزارو 500 میگاوات، بەڵام بەهۆی سیاسەتی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان و راوەستانی پرۆژەكان، حكومەتی خۆجێی هیچ پێشكەوتنێكی تر لە بواری كارەبادا بەدی بهێنێت".
رۆژی سێ شەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێدوانێكدا وتی: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە لەسەر دابینكردنی دەرماڵە بۆ پاڵپشتیكردنی دۆسیەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای بەسرە.
10 هەزار دەرفەتی كار
وەفدێكی وزاری حكومەتی عێراق كە پێكهاتبوو لە جەبار لعێبی وەزیری نەوت و هەردوو وەزیری كارەبا و نیشتەجیێبوون و ئاوەدانكردنەوە دوێنێ سەردانی بەسرەیان كرد، ئەم وەفدە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێكهێنرا بۆ بەدواداچون بۆ كێشەكانی بەسرە.
لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ پارێزگاری بەسرە، لیژنەكە بەڵێنیان بە بەرپرسانی پارێزگاكەدا 10 هەزار دەرفەتی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە فەراهەم بكەن لەگەڵ دامەزراندنی ژمارەیەك لە دەرچوانی پارێزگاكە.
ئەمە نوێترین هەوڵی دەسەڵاتدارانی بەغداد بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی ناڕەزایەتییەكانی بەسرە.
بەسرەو هەرێمی سەربەخۆ
خەڵكی پارێزگای بەسرە دەمێكە هەست بەوە دەكەن كە حكومەتی ناوەندی عێراق ستەمیان لێدەكات، بەوپێیەی پارێزگاكەی ئەوان پشكی گەورەی هەناردەی نەوت پێكدەهێنێت كە شادەماری ئابوری عێراقە.
ئەم ناڕەزایەتی و هەستكردنە بە ستەم وایكرد چەندجارێك ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە هەوڵی دروستبونی هەرێمێكی سەربەخۆ بدات هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەوڵەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە شكستیان پێهێنرا.
رۆشتنی خۆپیشاندەران بەرو كێڵگەكانی نەوت، ئاماژەكردن بوو بۆ راگرتنی سەرچاوەی سەرەكی داهاتی عێراق ئەكەر بەرپرسان فریای دۆخی خزمەتگوزاری ناوچەكە نەكەون.
لەبارەی پارێزگای بەسرەوە
پارێزگای بەسرە سێیەم گەورە پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق و دەكەوێتەسەر (شەتولعەرەب) كە تاكە دەروازەی ئاوی عێراقە.
بەسرە بە پایتەختی ئابوری عێراق ئەژماردەكرێت، بەپێی ئاماری ساڵی 2014 ژمارەی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە دەگاتە نزیكەی (ملیۆنێك و 500 هەزار) كەس.
لەڕووی كەشوهەواوە بەپێی دواین راپۆرتەكان، ئەمساڵ پارێزگای بەسرە یەكێك لە گەرمترین ناوچەكانە لەسەر ئاستی جیهان، لە ناوچەی حسێن كە سەربەم پارێزگایەیە پلەی گەرمی گەیشتوەتە 52 پلە.
ئەم شارە لەسەردەمی عومەری كوڕی خەتاب لەسەردەستی (عوتبە بن غەوزان) دروستكراوە، ئەم پارێزگایە لەدوای دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە لە ساڵی 1921 هەندێك پێشكەوتنی لەڕووی بیناسازییەوە بەخۆوە بینیوە،
ساڵی 1924 نەخۆشخانەی گشتی تێدا دروستكراوە، ساڵی 1932 بۆیەكەمجار ئاوی خواردنەوەی گونجاو و كارەبا گەیەندراوەتە شارەكە، ساڵی 1936 فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی تێدا بنیادنراوە، تاوەكو ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكە گەیشتوەتە نزیكەی (220 هەزار) كەس.
ساڵی 1964 دوای روخانی رژێمی پادشایەتی و دروستبونی رژێمی كۆماری لە عێراق، زانكۆی بەسرە دروستكراوە.
خەڵكی ئەم پارێزگایە زۆربەی سوننە مەزهەبن، لە شەڕی عێراق- ئێراندا كە هەشتاكانی سەدەی رابردوو رویدا، بەسرە ناوچەی گەرمی شەڕەكە بوو، خەڵكی ئەم پارێزگایە دوای شكاندی سوپای عێراق لە كوەیت لەبەرامبەر هێزی هاوپەیمانان، ساڵی 1991 لەدژی دەسەڵاتی بەعس راپەڕین، بەڵام سەددام حسێن راپەڕینەكەی سەركەوتكرد كە دواتر ناوی لێنرا "راپەڕینی شەعبانیە".
ساڵی 1999 جارێكی تر خەڵكی بەسرە لەدژی رژێمی بەعس راپەڕینیان كرد، ئەوەش دوای تیرۆركردنی محەمەد محەمەد سادق سەدر باوكی موقتەدا سەدر.