حەكیم و عامری پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند
2018-07-13 19:41:22
(درەو میدیا):
چەند رۆژێكە هاوڵاتیانی شاری بەسرەی باشووری عێراق لەدژی بێكاریی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەبا خۆپیشاندان دەكەن، ئەمڕۆ هەینیش خۆپیشاندان شارەكانی، كەربەلا، نەجەف، زیقار، میسانی لە باشووری عێراق گرتەوە.
خۆپیشاندەران لە پارێزگای میسان هێرشیانكردن سەر فەرمانگە حكومییەكان و بارەگانی چەند حزبێكی سیاسی وەك حزبی دەعوە، رەوتی حیكمە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییان سوتاند.
لە پارێزگاری نەجەفیش خۆپیشاندەران بارەگای حزبی دەعوەیان سوتاند و هێرشیانكردە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف .
فەرمانگەی تەندروستی میسانیش رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكەدا 15 كەس برینداربوون و كەسێكیش كوژراوە و بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیش تا ئێستا لە بەسرە خۆپیشاندەرێك كوژراوە و 13ی كەس برینداربوون.
پۆلیسی زیقاریش رایگەیاند بەهۆی خۆپیشاندانەكەوە 42 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.
" شۆڕشی برسییەكان سەردەكەوێت"
لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائرون لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وتی:" قایل نابین بە دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەرانە ستەملێكراوەكان و هیوادارین خۆپیشاندەران دامودەزگا و كەلوپەلەكانیان بپارێزن چونكە ئەوانە موڵكی گەلن نەك گەندەڵكاران".
سەدر هاشتاگێكیشی راگەیاندووە بەناونیشانی " شۆڕشی برسییەكان سەردەكەوێت".
حەكیم و عامری پشتگیری خۆپیشاندەران دەكەن
هاوكات لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كۆبوونەوە.
نوسینگەی حەكیم لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، حەكیم لە نوسینگەكەی پێشوازی لە هادی عامری كردووە و هەردوولا داوا لە حكومەت دەكەن بەپەلە داواكاری خۆپیشاندەرانی بەسرە و پارێزگاكانی تر جێبەجێ بكات و دۆخی خزمەتگوزارییەكان لەو پارێزگایانە باشتر بكات و كاربكات برۆ نەهێشتنی گەندەڵی.
عەبادی بەسرەی هێورنەكردەوە
لەگەڵ بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەكان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا و كۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گەڕایەوە عێراق و راستەوخۆ چووە بەسرە، بەڵام بە گوێرەی میدیاكانی عێراق عەبادی لە هێوركردنەوەی دۆخی بەسرە سەركەوتوو نەبووە و دوای گەیشتنی خۆپیشاندەران بە هۆتێل " شیراتۆن" عەبادی بەسرەی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بەغدا.